ئایا شەڕە بازرگانییەکان ئاماژەن بۆ کۆتایی هاتنی سەردەمی نیولیبرالیزم؟… وەرگێرانی لە ئینگلیزییەوە: توانا محمەد نوری
مەبەست لە نیولیبرالیزم، هەرچەندە مشتومڕێکی زۆر لەسەر ماناکەی هەیە، زنجیرەیەک لە سیاسەت و ستراتیج بوون کە لەلایەن بەشێک لە چینی دەسەڵاتدارەوە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا پەسەندکران. لەوانە سیاسەتەکانی وەکو بەتایبەتیکردنی کەرت و خزمەتگوزارییە گشتیەکان.
دوای ئەو تێگەیشتنە سەرەتاییە، ئەو بیرۆکەیە لە ساڵانی نەوەدەکاندا چووە قۆناغێکی ترەوە کە دەکرێ پێی بوترێ “ئیمپریالیزمی نیولیبراڵ”. بەشێک لە چینی دەسەڵاتدار، بە تایبەتیش لەسەردەمی بیل کلینتۆن سەرۆکی ئەمریکا و تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، هەوڵی درێژکردنەوەی سوودە گوماناوییەکانی نیولیبرالیزمیان لە دەرەوەی وڵات دا.
ئەوان دەیانویست ئابوورییەکی جیهانی بنیات بنێن کە هێزەکانی بازاڕ هێزێکی زۆریان هەبێت و کۆمپانیاکان بتوانن بە ئازادی لەودیو سنوورەکانەوە بازرگانی و سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان بکەن. بۆ ئەو مەبەستە باجی بازرگانی ساڵ لە دوای ساڵ زیاتر دادەبەزی. پێدەچێت ئەم ڕەوتە بەرەو وەستان بڕوات.
نیولیبرالیزم تا چەند ژیانی خەڵکی لە ژێر سەرمایەداریدا خراپتر کردوە؟
هەندێ ڕەوتی چەپ و شرۆڤەکارانی چەپ دەڵێن دوژمن نیولیبرالیزمە، لە کاتێکدا لە بنەڕەتتردا دوژمن سیستمی سەرمایەدارییە کە لەسەر قازانج و چەوساندنەوە و قۆرخکاری بنیات نراوە.
“کۆدەنگی کینز”، ئەو سیاسەتانەی کە زۆربەی چینی دەسەڵاتداری سەرمایەداری ڕۆژئاوا لە قۆناغی دوای جەنگی دووەمی جیهانیدا بەڕێوەی دەبرد، ڕێککەوتنێکی بەرفراوان بوو لە نێوان داڕێژەرانی سیاسەت و ئابووریناساندا کە دەستێوەردانی دەوڵەت، بەتایبەتیش لە ڕێگەی سیاسەتی دارایی و دراوییەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر داواکاری (طلب) کۆی گشتی بەڕێوەببات و سەقامگیری تەواوی دامەزراندن و نرخەکان بەدەستبهێنێت. بەڵام ئەم سیاسەتە لە نێوان قەیرانی ساڵانی حەفتاکاندا تێکچوو.
تیۆری کینزی، قوتابخانەیەکی بیرکردنەوەیە کە لەلایەن جۆن ماینارد کینزەوە دامەزرا، جەخت لەسەر دەستێوەردانی حکومەت دەکات لە سەقامگیرکردنی ئابووری لە ڕێگەی سیاسەتەکانی وەک زیادکردنی خەرجییەکان و کەمکردنەوەی باج بۆ هاندانی خواست و ڕووبەڕووبوونەوەی بێکاری.
لەم قۆناغەدا دوو شت ڕوویدا:
یەکەم: زیادبوونی جوڵەی سەرمایە بۆ ئەودیو سنوورەکان، چونکە کۆمپانیا گەورە و بەهێزەکان هەستیان دەکرد ئابوورییە نیشتمانییەکان زۆر سنووردارە و هەوڵیان دەدا چالاکییەکانیان فراوانتر بکەن.
دووەم: ئابووری جیهانی چووە ناو زنجیرەیەک قەیرانەوە کە سیاسەتە کۆنەکانی کینیز بۆ دەستێوەردانی دەوڵەت نەیاندەتوانی چارەسەری بکەن.
هاوتەریب لەگەڵ ئەمەشدا، لە کۆتاییەکانی شەستەکانەوە و تا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، شەپۆلێکی گەورەی خەباتی کرێکاران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕوویدا.
چینی دەسەڵاتدار بەدوای پشتیوانی ئایدیۆلۆژیدا دەگەڕا بۆ ئەوەی سیاسەت و پراکتیکەکان یەکگرتوویی زیاتریان بەدەستبهێنن. ئەمەش بریتی بوو لە زیندووکردنەوەی ئایدۆلۆژیاکان کە سەنتەری میکانیزمەکانی بازاڕی ئازاد بوون کە بۆ یەکەمجار لە ساڵانی ١٩٣٠ و ١٩٤٠دا سەریان هەڵدا.
بەڵام فەرمانڕەواکانیش بە شێوەیەکی پراگماتیک وەڵامی قەیرانەکەیان دایەوە. کەواتە، تیۆری نیولیبراڵ دەیگوت دەوڵەت لە ئابووری بکشێتەوە. بەڵام ئەوە ڕووی نەدا. لە ئابوورییە سەرمایەدارییە گەورەکاندا، خەرجییەکانی دەوڵەت هێشتا نزیکەی لەسەدا ٤٠ی بەرهەمی ناوخۆیی پێکدەهێنن. کەواتە، ئەوە ڕاست نییە کە دەوڵەت لەم گۆڕانکارییە نیولیبراڵەدا نامێنێت. بەڵام گۆڕانکاری لە سیاسەتەکانی حکومەتدا بەدەست دێت وەکو هێرشی توند بۆ سەر چینی کرێکار.
چ شتێک کۆتایی بە قۆناغی نیولیبراڵی هێناوە؟
چینی دەسەڵاتدار بەردەوام بووە لەسەر دەوڵەمەندکردنی خۆیان، بەڵام نیولیبرالیزم نەیتوانی گەشەی ئابووری فراوان بەدیبهێنێت. دیارە گەشەی ناوبەناو هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، ئاستی فراوانبوونی بەردەوام هاوشێوەی ئەو ئاستانەی کە لە دەیان ساڵی دوای جەنگدا بینراون نەگەڕایەوە .
قەیرانی حەفتاکان ڕەگ و ڕیشەی لە دابەزینێکی درێژخایەنی قازانجدا بوو، شتێک کە کارل مارکس سەدەیەک پێشتر باسی دەکرد. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە لەبەر ئەوەیە کە وەبەرهێنانی زیاتر لە سەرانسەری سیستەمەکەدا کۆدەبێتەوە بە بەراورد بەو بڕە قازانجەی کە دەتوانێت لە کرێکاران دەربهێنێت.
کەواتە مارکس دەڵێت بۆ گەڕاندنەوەی قازانج، سەرمایەداری پێویستی بە قەیرانێکی ورد هەیە کە بتوانێت بەشێکی گەورەی ئەو وەبەرهێنانە لەناو ببات یان بەهای کەم بکاتەوە و ڕێگە بۆ بووژانەوەیەکی نوێ خۆش بکات.
ئەوە لە سەردەمی نیولیبرالیزمدا ڕووی نەدا. یەکەکانی سەرمایە ئەوەندە گەورە بوون، ئەوەندە لەگەڵ دەوڵەتدا تێکەڵ بوون، ڕێگەدان بە کۆمپانیا زەبەلاحەکان بۆ ئەوەی بڕوخێن، مەترسی دابەزینی فراوانتری لەسەر بوو.
بەڵکو دەستێوەردانی دەوڵەتمان هەبوو بۆ ڕزگارکردنی بانکەکان و بەشە گەورەکانی سەرمایە، و بۆ وەستاندنی قەیرانەکە کە بە تەواوی دەستی پێکرد. دەرئەنجامی ئەوەش ئەوەیە کە ڕێژەی قازانج بە نزمیی دەمێنێتەوە.
ئایا ئەوە زیاد لە پێویست پشتبەستن بوو بە بازاڕە داراییەکان کە نیولیبرالیزمی شکاند؟
پێدانی قەرز و گەشەی بانکداری بەشێکی سەرەکی نیۆلیبرالیزم بوون بۆ پێشخستنی ئابووری و پێدانی کاریگەری دینامیزم. بەڵام لە قەیرانی دارایی ساڵی ٢٠٠٨-٢٠٠٩ دەستمان کرد بە بینینی سنووری ئەم گەشەکردنە کە بەهۆی قەرزەوە دروست بووە.
دوو شتی دیکەش ڕوویدا:
یەکەم: سەرهەڵدانی وڵاتی چین، کە هاوڕێی دابەزینی درێژخایەنی باڵادەستی ئابووری ئەمریکا بوو. لە ساڵی ١٩٦٠ ئەمریکا لە سەدا ٤٠ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی کۆنترۆڵ کرد. ئەمڕۆ، بۆ لەسەدا ٢٥ دابەزیوە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەردەمی لوتکەی نیولیبرالیزم – بۆ ساڵی ٢٠٠١ کە چین پەیوەندی بە ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە کرد – تێڕوانینێک هەبوو کە چین زیاتر لە ئەمریکا دەچێت. شرۆڤەکاران پێشبینیان دەکرد لەگەڵ پەیوەستبوونی چین بە بازاڕە جیهانییەکان، ئازادکردنی سیاسی ڕووبدات و دواتر پێشوازی لێبکرێت بۆ ناو ئۆردوگای ڕۆژئاوا.
بەڵکو چین بە جێگیرکردنی دەوڵەت بە شێوەیەکی ئەوپەڕی بەهێز بۆ ئاراستەکردنی سەرمایە، ڕۆژئاوای ناچار کرد بیر لەوە بکاتەوە کە چۆن دەوڵەتەکانی ڕۆژئاوا خۆیان بۆ ڕکابەریکردن جێگیر بکەن.
دووەم: ئەو قەیرانە هەمەجۆرانەی سیستمی سەرمایەداری ڕۆژئاوای هەژاند و ڕقێکی گەورەی بەرامبەر نیۆلیبرالیزم دروستکرد لەلایەن سیاسەتمەدارانی هەردوو چەپ و ڕاستی سەرمایەداری کە پێشتر لە دەوری سیاسەتی نیولیبرالیزم کۆببوونەتەوە. بەڵام ئێستا سیاسەتمەدارەکانی وەک دۆناڵد ترەمپ سوودیان لەو ڕقلێبوونەوەیە وەرگرت.
پەتای کۆرۆنا گەڕانەوەی دەوڵەتی وەک یاریزانێکی ئابووری لە ڕۆژئاوا بەخۆیەوە بینی. ئایا ئەوە شتێکە کە پێویستە سۆشیالیستەکان پێشوازی لێبکەن؟
ئێمە دەچینە قۆناغێکی نوێوە، کە نەک تەنها پێکهاتەکانی سەردەمی پێشوو لەخۆ دەگرێت، بەڵکو جیاوازی گەورەش لەخۆ دەگرێت.
دەوڵەت وەک دەوڵەتێکی سەرمایەداری دەمێنێتەوە. چونکە لە ماوەیەکی درێژدا پەرەی سەندووە بۆ یارمەتیدان لە بەڕێوەبردن و پاراستنی کەڵەکەبوونی سەرمایەداری. تەنانەت لە توندترین حاڵەتەکانی دەوڵەتسازیدا، ئەگەر هێشتا ئابوورییەک بێت کە کێبڕکێ لەگەڵ یەکەکانی تری سەرمایە دەکات لەسەر ئاستی جیهان.
هەر بۆیەشە کۆمۆنیستەکان هەمیشە ئەو بیرۆکەیەی ڕەتدەکردەوە کە یەکێتی شورەوەی کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستی بووبێت, بەڵکو دەیانگوت ئەوە جۆرێکە لە سەرمایەداری دەوڵەتی.
گەڕانەوەی دەوڵەت بۆ ناوەندی ژیانی ئابووری، گۆڕانێکە لەناو سەرمایەداریدا، گۆڕانکارییەک کە دەتوانرێت پەیوەست بکرێت بە قووڵبوونەوەی تاکڕەوی و پاوانخوازی.
هەروەها دەبێ لەوە تێبگەین کە ئەو سیاسەتانەی ترەمپ پەیڕەوی دەکات، هەرچەندە لە هەندێک ڕووەوە جیاوازن لە نیولیبرالیزم، بەڵام بە شێوەیەکی زۆر لایەنگری بازاڕ و ڕێکخستنەوە و کەمکردنەوەی باج دووبارە دەکاتەوە.
ئەگەر نیولیبرالیزم کۆتایی هات، چ سیاسەتێک جێگای دەگرێتەوە؟
لە بەریتانیا، وەزیری دارایی بەریتانیا باس لە ئاسایشی ئابووری securonomics دەکات. ئەمە تێگەیشتنی ئەو بوو لە ئابووری بایدن – سیاسەتەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا. تیایدا دەوڵەت بەکاربهێنرێت بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان، چونکە چین ئەوە دەکات و بەریتانیاش کێبڕکێ لەگەڵ چین دەکات.
ئەوە تیورییەکەیە؛ بەڵام لەواقیعدا بەهۆی دوو خاڵەوە سنووردارە.
یەکەم، لەبەر ئەوەی سەرمایەداری بەریتانیا لە قەیرانێکی درێژخایاندایە و خاوەنی بودجەیەکی تەسکتر و کەمترە.
دووەم، کێشەکە بەهۆی جیهانگیری سەرمایە قورستر دەبێت. بازاڕی جیهان فشار دەخەنە سەر پارتی کرێکاران بۆ سنووردارکردنی خەرجیەکان.
ئەمەش مەترسییەکانی تاکڕەوی و ڕەگەزپەرستی لە بەریتانیا زیاد دەکات.
لێرەوە کرێکاران و سۆشیالیستەکان ڕووبەڕووی زۆر پرسیار دەبنەوە.
لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی
سەرچاوە:
socialistworker.co.uk/in-depth/is-this-the-end-of-the-neoliberal-order