سەبارەت بە مانگرتن…. نووسینی: توانا حەمە نوری
لە ساڵی ١٨٩٩ لینین بابەتێکی لەسەر مانگرتن نووسی؛ هەرچەندە زیاتر لە سەدەیەک بەسەر ئەو نووسینە تێپەڕیوە بەڵام تا ئێستاش زیندووە و پەیوەندی بە خەباتی چینایەتی ئەمڕۆوە هەیە. ئەو مانگرتنی نەک وەک ئامرازێک بۆ بەرگریکردن لە بارودۆخی کرێکاران، بەڵکو وەک ئامرازێک بۆ تەحەدای سیستمی سەرمایەداری دەبینی. مانگرتن کرێکاران فێری یەکڕیزی و متمانە بەخۆبوون و هۆشیاری چینایەتی دەکات و ڕێگا بۆ خەباتی گەورەتر خۆش دەکات.
شکستی شۆڕشی جیهانی ١٩١٧-١٩٢٣ و دواتر دژە شۆڕش، یادەوەری مێژوویی کرێکارانی لاواز کرد، بەڵام شەپۆلێکی نوێی خەبات، بەتایبەتی لە دوای ساڵی ١٩٦٨ و لەم دواییانەدا لە بەریتانیا (٢٠٢٢)، گەڕانەوەی دینامیکی چینایەتییە. ئەمڕۆ لە بەرامبەر قەیرانی سەختی سەرمایەداریدا، خەباتی کرێکاران دەبێ بگاتە ئاستێکی بەرزتر. لینین جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەورەترین دەستکەوتی خەبات خودی خەباتە، چونکە تەنها لەو ڕێگەیەوە هۆشیاری شۆڕشگێڕانە گەشە دەکات و ڕێگا بۆ ڕووخانی بۆرژوازی و دەوڵەتەکەی خۆش دەکات.
لە خوارەوە بەشێک لە بابەتەکە لە ئینگلیزییەوە دەکەمە کوردی و لینکی بابەتەکەش دادەنێم.
بە هەرحاڵ، مانگرتن، کە لە سروشتی کۆمەڵگەی سەرمایەدارییەوە سەرهەڵدەدات، سەرەتای خەباتی چینی کرێکارە دژی سیستمی سەرمایەداری. کاتێک کرێکارانی بێ موڵک و ماڵ بە تاکەکەسی ڕووبەڕووی سەرمایەدارە دەوڵەمەندەکان دەبنەوە ئەمە نیشانەی ژێردەستەیی تەواوەتی کرێکارانە. بەڵام کاتێک کرێکاران یەکدەگرن، شتەکان دەگۆڕدرێن. سەروەت و سامان هیچ سوودێکی بۆ سەرمایەدار نییە ئەگەر نەتوانێت کرێکارێک بدۆزێتەوە کە ئامادەبێت هێزی کاری خۆی لەسەر ئەو ئامراز و کەرەستانەی کە هی خۆیەتی خەرج بکەن و سامانی نوێ بەرهەم بهێنن. تا کرێکاران ناچاربن بە تاک مامەڵە لەگەڵ سەرمایەدارەکاندا بکەن، ئەوان وەک کۆیلەی ڕاستەقینە دەمێننەوە کە دەبێت بەردەوام لە پێناو بەرژەوەندی کەسانی دیکەدا کار بکەن بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان پەیدا بکەن.
گۆرانییەکی کرێکارانی ئەڵمانی سەبارەت بە چینی کرێکار دەڵێت: “ئەگەر قۆڵی بەهێزت بیەوێت، هەموو چەرخەکان دەوەستێن”. لە دونیای واقیعیشدا هەمان شتە؛ کارگەکان، کێڵگەکان، ئامێرەکان، هێڵی ئاسنین و هتد هەموویان وەک چەرخی ئامێرێکی زەبەلاح وان – ئامێرێک کە کەرەستەی جۆراوجۆر دەربهێنێت و دەیخاتە بواری بەرهەمهێنانەوە و پرۆسێسیان دەکات و دەیانگەیەنێتە شوێنی مەبەست. تەواوی ئامێرەکە لەلایەن کرێکارەوە لێدەخوڕێت.
جگە لەوەش مانگرتن چاو و گوێی کرێکاران نەک هەر بەڕووی سروشتی سەرمایەدارەکان، بەڵکو بەڕووی سروشتی حکومەت و یاساکانیشدا دەکاتەوە. هەروەک چۆن خاوەن کارگەکان هەوڵدەدەن نمایشی خێرخوازی بکەن، بەرپرسانی حکومەت و خزمەتکارەکانیان هەوڵدەدەن کرێکاران دڵنیا بکەنەوە کە تزار و حکومەتی تزاری، بەپێی یاسا، بە یەکسانی گرنگی بە خاوەنکار و کرێکار دەدەن. ئەو کرێکارە هیچ لەبارەی یاساکانەوە نازانێت، هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتدا نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە پۆستە باڵاکاندان؛ لە ئەنجامدا زۆرجار باوەڕ بە هەموو ئەم شتانە دەکات. کاتێک مانگرتنیش ڕووددەادت داواکاری گشتی و پشکنەری کارگە و پۆلیس و زۆرجاریش هێزە ئەمنییەکان لە کارگەکەدا دەردەکەون. قەناعەت بە کرێکاران دەکەن کە ئەوە ئەوانن یاسایان شکاندووە: خاوەنکارەکان بە شێوەیەکی یاسایی ڕێگەیان پێدراوە کۆببنەوە و بە ئاشکرا باس لە ڕێگاکانی کەمکردنەوەی کرێی کرێکاران بکەن، بەڵام ئەگەر کرێکاران بگەنە ڕێککەوتنێکی هاوبەش، ئەوا بە تاوانبار هەژمار دەکرێن.
کاتێک هەموو کرێکارە هۆشیارەکان دەبنە سۆشیالیست، واتە کاتێک هەوڵ دەدەن بۆ ڕزگاری و یەکگرتن لە سەرانسەری وڵاتدا بە مەبەستی بانگەشەکردن و بڵاوکردنەوەی سۆشیالیزم لە نێو کرێکاران و فێرکردنی هەموو ڕێگاکانی بەرەنگاربوونەوەی دوژمنان، کاتێک حیزبێکی کرێکاری سۆشیالیستی بنیات دەنێن بۆ بەرەو پێشبردنی خەبات بۆ ڕزگارکردنی تەواوی گەل لە چەوساندنەوەی دەوڵەت و ڕزگارکردنی هەموو کرێکاران لە چەوساندنەوەی سەرمایە، دەبنە بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی گەورەی کرێکاری، کە لە کرێکارانی هەموو وڵاتان پێکهاتووە؛ بزووتنەوەیەک کە هەموو کرێکاران لە ژێر ئاڵایەکدا یەکدەخات کە لەسەری نووسراوە: کرێکارانی جیهان، یەکبگرن!
https://www.marxists.org/archive/lenin/works/1899/dec/strikes.htm