دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت… چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ 

0

 بەشی سیانزەهەم

ئینته‌رناسیۆناڵ: یەکێک لەو قسەوباسە گرنگانەى کە لە کاتى شۆڕشى ١٩٧٩ لەنێو چەپى ئێراندا لە ئارادا بوو، چۆنێتى و پێداویستییەکانى دامەزراندنى دیموکراتى بوو لە ئێراندا. لەو سەردەمەدا ئێوە و یەکێتیی تێکۆشەرانى کۆمۆنیست لە کۆمەڵە نووسینێکدا وەک ” ئەفسانەى بۆرژوازیی میللى و پێشکەوتنخواز” و باقى ئەو نووسینانەدا کە دواتر بنەماى بەرنامەى حیزبى کۆمۆنیستى ئێرانیان پێک هێنا، بە تەواوەتى زەمینەى بابەتیی دامەزراندنى دیموکراسیى لیبراڵیتان لە ئێراندا، بە لێکدانەوەى تایبەتمەندییە ئابوورى-سیاسییەکانى وڵاتێکى لەم چەشنە بردە ژێر پرسیارەوە. ئەمڕۆ لەبەر ڕۆشنایی ئاڵوگۆڕە جیهانییە گرنگەکانى ئەم ساڵانەى دوایی و هەروەها ئەو کۆمەڵە باسانەدا کە سەبارەت بە دیموکراتى لە دنیاى ئەمڕۆدا خستتانە ڕوو، لەبەرامبەر ئەم مەسەلەیەدا دەڵێن چى؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: باسەکەى ئێمە لە شۆڕشى ٧٩دا و لەوانەش لەو نووسینانەدا کە باستان کرد، چوارچێوەیەکى ڕۆشن و سادەى هەبوو. خەڵک دژى ڕژێمى ئیستیبدادیى پاشایەتى شۆڕشیان کرد و ئازادییان دەویست و بەشى زۆرى چەپ بەکردەوە، بە تەئکیدکردنى حیزبە سەرەکییە بۆرژوایی و وردەبۆرژوایییەکان، ئەو خۆشخەیاڵییەى خەڵکیان پەرەپێ دەدا کە پێى وابوو، گوایە هاتنەسەرکارى ڕژێمێکى سیاسی غەیرە سەرکوتگەر، وە بە واتایەکى گشتیى دیموکراتیانە، بەبێ دەستکۆتاکردنى یەکجاریی بۆرژوازى، بەبێ هەڵکەندنى ڕەگ و ڕیشەى سەرمایەدارى لە ئێران مومکینە. لە کاتێکدا یەکێکیان حوکوومه‌تی دیموکراسى بە حوکوومه‌تی کۆمەڵە مەخلوقاتێکى ئەفسانەیی وەک بۆرژوازیى میللی، وە یان وردەبۆرژوازیى دژى ئیمپرپالیست دادەنا و یەکێکى تر خۆى، وه‌ یان چینى کرێکارى بە هۆکارى جێبەجێکردنى ئەم ئاڵوگۆڕە دیموکراتییە دەزانی. یەکێکیان ڕەنگە مۆدێلەکەى خۆى لە ئه‌ورووپا و ڕۆژئاواوە وەرگرتبێت و ئەوەى تر لە شۆڕشە گه‌لیییەکانى جیهانى سێیەمەوە. یەکێکیان لیبراڵ بوو و ئەوى تر دەوڵەتگەرا و خه‌ڵکی. بەشێک لەم ڕەوتانە بێ ئەملا و ئەولا نکۆڵیی له‌ دەسەڵاتى سەرمایەداری لە ئێراندا کرد و لەو بڕوایەدا بوو کە ئەرکى شۆڕش تازەبەتازە بەدیهێنانى دەسەڵاتى سەرمایەدارییە، بێگومان لە جۆرە “خۆیی و چاک و سەربەخۆ”کەى، ئەویش لەبەرامبەر فیۆدالیزمێکى کۆڵۆنیالیدا، کە بەقسەى ئەوان بەسەر وڵاتدا زاڵ بوو، وه‌ سەرچاوەى ئیستیبدادى سیاسی پێک دەهێنا. هەر چۆنێک بێت، ڕووى هاوبەشى هەموویان، ئەوە بوو کە سەرمایەدارى غەیرە سەرکوتگەرانەیان نەک هەر بە ئه‌گه‌رێکی واقیعی دادەنا، به‌ڵکوو وەک ئامانجى خەباتى شۆڕشگێڕانەى ڕۆژیشیان لەقەڵەم دەدا. هەر یەکەیان بە شێوەیەک ئیستیبدادیان لە دەسەڵاتى سەرمایە لە ئێران جیا دەکردەوە و سەرچاوەکەیان بۆ شتێک لەدەرەوەى ئەو ئەگەڕانەوە. بۆ یەکێکیان سەرچاوەى ئیستیبداد فیۆدالیزم و کۆڵۆنیالیزم بوو، بۆ یەکێکى تریان ئیمپریالیزم و “وابەستەیی” و بۆ یەکێکى تریان ناپیشه‌سازیبوون و ناکامیبوونى گەشەى سەرمایەدارى لە ئێران، یان گەشەنەکردنى فەرهەنگى پێشکەوتووى بۆرژوایی. لەبەرامبەر ئەمانەدا ئێمە ڕامان گەیاند، کە بێمافى سیاسیی خەڵک و دڕندەیی دەوڵەت و سەرکوت لە ئێرانى هاوچەرخدا، نە لەخۆوەیە و نە پیلانگێڕى بێگانەیە و نە ئاکامى دواکەوتوویی فەرهەنگ و ڕۆشنبیرى خەڵک و نە بەهۆى کەمى کارگە و سەرمایەداریى خۆوڵاتییەوەیە. ڕەگ و ڕیشەى ئەم سەرکوتە لە ئێران لە پێداویستییەکانى گشت سەرمایەداریدایه‌. ئێمە ڕامان گەیاند کە هەبوونى ئەو ئازادییە مەدەنییانەى کە بە دیموکراتى ناو دەبرێن، وەک ئازادیی ڕادەربرین، ڕێکخراوبوون و مانگرتن تەنانەت بە شێوە ڕۆژئاوایییەکەیشى، لەگەڵ کارى هەرزان و کرێکارى خامۆش کە پێداویستییەکى بنەڕەتیى سەرمایەیە لە ئێران (وەک توێژێکى فراوانی وڵاتانى جیهان) ناکۆکى هەیە. سەرکوت لە ئێراندا نە ئامرازێکە بۆ داپڵۆسینى بۆرژواکان لە لایەن دەرەبەگەکانەوە و نە لێدانى بۆرژوا “نیشتمانى”یەکان لەلایەن بۆرژوا “وابەستە” کانەوە. ئەمە ڕژێمێکە کە گشت بۆرژوازى لەبەرامبەر چینى کرێکارى ئێراندا ڕاى گرتووە و لە سایەیدا سەرمایە کەڵەکە دەکات. هەر کەسێک و بە هەر نیازێکەوە و بە هەر ڕەنگى ئاڵایەکەوە و بە هەر مۆدێلێکى ئابوورییەوە بیەوێت لە دنیاى ئەمڕۆدا سەرمایەداریى ئێران بەڕێوە بەرێت، بە ناچارى پێش هەموو شتێک بنەماکانى ئەم سەرکوتە قایم دەکات.

ئێمە کاتێک ئەم قسانەمان دەکرد کە نەک هەر هێرشەکانى ٣٠ خورداد (مەبەستى لە هێرشی دڕندانه‌ی ڕژێمى ئیسلامییە بۆسه‌ر هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان و بزووتنەوەى کرێکارى و چه‌پ و کۆمۆنیستى لە مانگی حوزه‌یرانی ١٩٨٠دا/ و.) ڕوویان نەدابوو، به‌ڵکه‌ هێشتا ئیسلامییەکان نەهاتبوونە سەرکاریش. سەردەمێک کە تیایدا لانیکەمى چاوەڕوانیی چەپى ڕادیکاڵى باو لە بۆرژوا و وردەبۆرژوا “پێشکەوتنخواز و دژەئیمپریالیستییەکان”یان، کە خەریک بوو دەگەیشتن به‌ دەسەڵات، ئەوە بوو کە ئازادى و دیموکراتى بێننەگۆڕ. ١٥ ساڵ و دەیان هەزار قوربانى بەسەر ئەو سەردەمەدا تێدەپەڕێت. پێم وایە ڕاستى و دروستى ئەو باس و وریاکردنەوانەى ئێمە بۆ هەر کەسێک کە ئازادیى سیاسی، تەنانەت بە بۆچونێکى لیبراڵى و دیموکراتییانەش خەمێکى ڕاستەقینەى بێت، شتێکى بەرچاو و ئاشکرایە. ئەگەر ئێستاش لەوە ئەچێ پاشماوەکانى چەپى ڕادیکاڵ دیسانەوە خەریکن جارێکى تر، ئەمجارە تەنانەت بە شێوەیەکى ساویلکانەتریش، په‌یمانی ئێرانێکى بۆرژوا-دیموکراتیک بە خەڵک دەدەن، لەوێوەیە کە تەنانەت دیموکراسى خەمى واقیعییان نییە، به‌ڵکوو ناسیۆنالیزم و ئامانجى گەشەى پیشه‌سازی پێکهێنەرى سەرەکییە لە پێناسەى ناسنامه‌ی سیاسییاندا. دیموکراسى لاى ئەمان ماناى “دەوڵەتێکە کە دەکرێت تەحەمولى بکەیت” و دامەزراندنیشى بە قسەى زۆربەیان، لە هەندێک باڵى حوکوومه‌تی ئێستا، وە یان لە چەند لایەنێکى ئۆیۆزیسیۆنى بۆرژوایی دەوەشێتەوە. بە بۆچوونى من ئاڵوگۆڕە سیاسییەکان لە جیهاندا، چ وەک گەشەى تاتشەریزم لە هەشتاکاندا و چ ئەو گۆڕانکارییە مێژوویی و چەند قات گرنگترانەى ساڵەکانى دوایی واتە، داڕمانى بلۆکى ڕۆژهەڵات و کۆتاییهاتنى شەڕى سارد و ئاکامە فراوانەکانى، ڕاستى و دروستى تێڕوانینى ئێمە سەبارەت بە پەیوەندى ڕاستەوخۆى دیموکراسى بە جێگاوڕێگاى ئابووریی بۆرژوازییەوە لەبەرامبەر چینى کرێکاردا سەلماند. بەریتانیا لانکى لیبراڵیزم و دیموکراسى بووە، بەڵام کاتێ چینى بۆرژوا مەیدانى ئابوورى لە خۆى بەرتەسک دەبینێ و گوشارى بۆ دێت، تاتشەریزم دەکاتە ئایدیۆلۆژیی فه‌رمى خۆى و سەرەتاییترین مافە سەندیکایییەکانى کرێکاران و مافە مەدەنییەکانى جەماوەرى خەڵک پێشێل دەکات. لە ڕەوتى گۆڕانکارییەکانى بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا، نەک هەر ڕۆشن بووەوە کە دیموکراسى نازناوى بازاڕ و ململانێ و فره‌سەرمایەکانه‌، به‌ڵکوو ئەوەش کەوتە ڕوو کە گەشەی سەرمایەداریى تایبەتى و کەڵەکەى سەرمایە لەو وڵاتانەدا کە بنەمایەکى تەکنه‌لۆژیى لاوازیان هەیە، تەنها لە ڕێگەی هێنانەخوارەوەى ئاستى ژیانى کرێکاران و بەشى ئەوان لە بەرهەمى کۆمەڵایەتیدا دێتە دى و هیچى تر. ئەم مەسەلەیە دەستبەجێ دەربڕینى گونجاوى خۆى لە ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراتى هێنایە گۆڕ. دەربڕینێک کە ده‌زگاکانی ڕاگه‌یاندن و ژۆڕنالیزمه‌‌ بێشەرمەکانى دەیەى نەوەته‌کان ڕۆژانە دەرخواردى خەڵکى دەدەن. لێرەدا دیموکراسى ئیتر تەنانەت لە ئاستێکى ڕوواڵه‌تیشدا مانایەکى پێچەوانە بەدەستەوە دەدات. لێرەدا “دیموکرات” بەو هێزە جێمتمانانەى ڕۆژئاوا دەڵێن کە ئامادەن نرخەکان بەرەڵا بکەن و ئاستى گوزەرانى خەڵک بە تەواوەتى بێننە خوارەوە و لەبەرامبەر شەپۆلى ناڕه‌زایه‌تیى خەڵکدا، بار و دۆخى نائاسایی ڕابگەیەنن، مافە مەدەنییەکان بخه‌نه‌ ژێرپێوه‌ و ئیستیبدادى تاکەکەسى دامەزرێنن و مانگرتن و حیزبایەتى قەدەغە بکەن. دیموکراتى نازناوى دۆستە ڕاستڕەو و دیکتاتۆرڕەفتارەکانى بانکى جیهانییە لەم وڵاتانەدا. به‌ هه‌ر حاڵ، ڕۆشن بووەوە کە ئەو نیزامە پەرلەمانییەى بۆرژوازیى ڕۆژئاوا که‌ لە جامخانەدا هەڵیواسیبوو، لەگەڵ جێگەوڕێگەى ئابووریى بۆرژوازیى وڵاتانى ڕۆژهەڵات و لەگەڵ پێویستییەکانى ئەم چینە لە سەرکوتکردنى بێڕەحمانەى هەر جووڵە و وەگەڕکەوتنێکى کرێکار لەم وڵاتانەدا نایەته‌وە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم جۆرە بە ڕاى ئێوە دامەزراندنى دیموکراتیى لیبراڵى لە ئێران و هاتنەسەرکارى کۆمارێکی پەرلەمانى کەم تا زۆر و بە هەمان پلە ئازادیی فەردى و مەدەنییەوە کە ئەمڕۆ لە وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژئاوادا دەیبینین، لە توانادا نییە؟ بەڕاى ئێوە تا چ ڕادەیەک ئاسۆیەکى لەم چەشنە، کە بە تایبەتى جێى سەرنجى ئۆپۆزیسیۆنى لیبراڵ و توێژاڵێکى فراوان لە ڕێکخراوە چەپەکانى دەورەى پێشووە، دەکرێ بەدى بێت؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: مەسەلە لەسەر ئیمکانبوون و نەبوونى “هاتنه‌کایه‌وه‌”ى دۆخێکی لەم چەشنە نییە، به‌ڵکوو لەسەر ئیمکانى دووبارە بەرهەمهاتنەوەیەتى وەک سەرخانێکى سیاسی لە کۆمەڵگادا. دیموکراتیى لیبراڵى لە ئێراندا لە حوکوومه‌تی مەلاکان دوورتر و نامومکین تر نییە. ئەو پرسیارەى کە بە هەمان شێوە لە بارەى خودى ڕژێمى ئیسلامیشەوە دێتەگۆڕ، ئەوەیە کە تا چ ڕادەیەک ڕژێمێکى سیاسی ئاوا دەتوانێت سەرخانێکى دووبارە بەرهەمهاتووی کۆمەڵگا و هەلومەرج و بنەمایەکى پایەداری هەڵچوون و داچوونە سیاسییەکانى وڵات بێت. ڕژێمى ئیسلامى لە فرسەتێکدا بەپێى هەلومەرجێکى سیاسیی دیاریکراو و لە وەڵام بە کۆمەڵە زەروورەتێکى مێژوویی دیاریکراو پەیدا بووە. بەڵام هەرگیز، تەنانەت دواى نزیک بە دەیە و نیوێک هێشتا نەبۆتە بنەمایەکى سیاسیی مه‌قبووڵ و ئاسایی سەرمایەدارى لە ئێراندا. کۆماری ئیسلامى بۆ درێژەدان بە هەر ڕۆژێکى ژیانى پێویستە سەرلەنوێ خوێن بڕێژێ، سەرکوت بکات و بەرنامە داڕێژێ. پەرلەمان و ده‌ستوورى لیبراڵییانەش لەوانەیە لە سایەى هەلومەرجێکى مێژوویی دیکەدا وەک ڕووداوێک و وەک ڕێکەوتێکى سیاسی لە ئێران خۆى نیشان بدات. لەوانەیە زەخت و زۆرى نەوەیەکى دیاریکراو لە پەرلەمانتاریستەکان، بێ ئاڵتێرناتیڤی ئۆپۆزیسیۆنەکان و ده‌خاڵه‌تی سەربازیى لایەنگرە جیهانییەکانى دەسەڵاتدارانى ئەو کاتە و دەیان فاکتەرى پێشبینی نەکراوى دیکە تەنانەت ڕێگە خۆش کەن کە ئەم پەرلەمان و پێودانگە لیبراڵییانه‌ چەند ڕۆژێکش بمێننەوە. بەڵام ڕاستییەک کە لەم نێوەدا نابێت لەبیر بکرێت ئەوەیە، ئەم ڕژێمە پەرلەمانییە ڕیشەی لە ئابووریى سیاسی کۆمەڵگە و بە دیاریکراوى لە شێوازى دەرکەوتنى سیاسیی بۆرژوازى ئێران و جۆرى ڕووبەڕووبوونەوەى سیاسیی چینى دەسەڵاتدار لەبەرامبەر کرێکاردا بەوه‌ پایەدار نییە که‌ جارێکى دیکه‌ لێیەوە سەر دەرناهێنێتەوە و دروست نابێتەوە. ئەم پەرلەمانەش پێویستە لە لایەن کۆمەڵە کەسێکەوە بە زەبروزەنگ و بە پێچەوانەى مەیلى بەشى سەرەکیى چینى بۆرژواوە، کە لە مەیدانى ئابووریدا چالاکە لەسەر پێ ڕاگیرێت، ئەگینا باڵى چەپ، یان ڕاست شتێکى دیکە دەخەنە جێگاى.

بەڵام گیروگرفتێکی تر هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هەر خودى دروستبوونى نیزامێکى پەرلەمانى و لیبراڵى، تەنانەت ئەگەر وەک یەک ڕێکەوتى مێژووییش بێت، هەر چۆنێک بێت پێویستى بە هەبوونى پارتگه‌لی لیبراڵى و نه‌ریتى خەباتى لیبراڵى هەیە، کە ئەمەش لە کۆمەڵگاى ئێراندا نییە. نیزامى لیبراڵى هەر چۆنێک بێت، پێویستى بە چەند کەسێکى لیبراڵ هەیە! کەسانێک کە ئەمڕۆ بە هەڵە لە ئۆپۆزیسیۆندا بە لیبراڵ ناو دەبرێن، لە ڕاستیدا بریتین لە کەسانێکى کۆماریخواز و ناسیۆنالیست کە تەنها مێزه‌ریان لەسەر نییە (تەنانەت مەرج نییە عه‌لمانی و غەیرە دینیش بن)، کە تا ئەمڕۆ بچووکترین پابەندبوونى خۆیان بە پێودانگ و بنەماکانى لیبراڵیزمەوە، جا ئەم لیبراڵیزمە هەر چى نرخێکى هەبێت نیشان نەداوە. ئەمانە کاتێک باس لە پەرلەمان و پلۆرالیزم دەکەن، مەبەستیان لە شتێکى وەک کۆریاى باشوور، یان تورکیایە. بەم پێیە پوختەى قسەکانى من لە وەڵامى ئەم پرسیارەدا ئەوەیە کە دیموکراتى و سیسته‌مى پەرلەمانى لیبراڵ، نە لەگەڵ پێویستییە ئابوورییەکانى سەرمایە و بۆرژوازیى ئێراندا دێتەوە و نە هەرگیز بە شێوەیەکى جیددى لە لایەن بەشێکى ئەم چینەوە داوا دەکرێت. هەموو ئەمانە ئەوە دەگەیەنن کە ئه‌گه‌ری دروستبوونى کەمە و ئه‌گه‌ری مانەوەشى وەکوو واقیعەتێکى ڕاوەستاو و دووبارە بەرهەمهاتوو لە ژیانى سیاسیی کۆمەڵگادا سفرە.

درێژەی دەبێت…

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.