دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ  

0

بەشی دوانزەهەم

ئینته‌رناسیۆناڵ: یەکێک لە ڕیشەکانى بە خۆداچوونەوە لەناو سۆسیالیستەکاندا لە ڕووخانى بلۆکى ڕۆژهەڵاتەوە، ڕەخنەیە لەوەى کە پێى دەووترێ کەم ڕەنگ بوونی ئایدیاڵى دیموکراسى لە کۆمۆنیزم و سۆسیالیزمى تا ئێستادا و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەى هێنانەناوەوە و تێکردنى سۆسیالیزم بە چه‌مکی دیموکراسى ئەم بەناو کەموکووڕییە پڕ بکرێتەوە. هەروەها چەندین مەیلى جیاجیا وای لێک ئه‌ده‌نه‌وه‌، کە نەبوونى دیموکراسى لە سۆڤێت و وڵاتانى بلۆکى ڕۆژهەڵات، هۆکارێکى سەرەکیی تێکشکانى ئەم نیزامانە بووه‌. ڕاى ئێوە سەبارەت بەم جۆرە ڕەخنە دیموکراتیکانە چییە، چ لە مارکسیزم و چ لە ڕەوتى پەرەسەندن و پێکهاتن و سەرەنجام ڕووخانى سۆڤیەت وه‌کوو بلۆکێک کە لافى سۆسیالیزمى لێ دەدا؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: بە بڕواى من، ئەم جۆرە ڕەخنەگرانە دوو دەستەن، یەکێکیان مەبەستى لە دیموکراسى هەمان مانا موشەخەسە بۆرژوا-لیبراڵییەکەیەتى و باسە واقیعییەکەشیان ئەمەیە کە نەک تەنها تیۆریى سیاسیی مارکسیزم، به‌ڵکوو بنەما ئابوورییەکانیشى دەبێت پێداچوونەوەى تێدا بکرێت و دەبێ هەم بازاڕ و هەم دیموکراسی بە ماناى پراکتیکە پەرلەمانى و ڕۆژئاوایییەکەى بۆ ئەم تێڕوانینە زیاد بکرێت و لەگەڵیدا ئاوێزان بێت. پووچى و بۆرژواییبوونى ئەم جۆرە هەوڵانە لە ڕوانگەى کۆمۆنیستییەوە کە لە بنەڕەتدا ڕەخنەگرى ئابووریى بۆرژوایی و سەرخانى سیاسیی کۆمەڵگەى بۆرژوایییە و مارکسیزمى لەم بار و دۆخەدا ناسیووە و قه‌بووڵى کردووە، پێویستى بە ڕوونکردنەوە نییە. ناتوانرێ به‌ر بە کەسێک بگیرێ، کە دەیەوێ بە تێکەڵکردنى مارکسیزم و بازاڕ و مارکسیزم و لیبراڵیزم مەکتەبێکى سێیەم دروست بکات. بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەم جۆرە مەکتەبە تێکەڵ و پێکەڵە، نە پەیوەندییەکى بە ڕزگاریی لە سەرمایەدارى دەبێت و نە بە ئازادیى مرۆڤەوە و لە کۆتاییشدا نە لە لایەن بزووتنەوەى سۆسیالیستیى کرێکارییەوە بەدەستەوە دەگیرێت. بەڵام قسەوباسى ئەوانەى کە پێیان وایە ده‌سته‌واژه‌ى تاک و ئازادیى تاکه‌که‌سی بە مانایەکى گشتیتر لە کۆمۆنیزم و مارکسیزمدا که‌مڕەنگ بووە، دەبێ بە شێوەیەکى کۆنکرێتتر وەڵام وەربگرێتەوە. دیارە لێرەدا بواری باسى دوورودرێژ لەم بارەیەوە نییه‌. من تەنها بە باسکردنى ئەم خاڵە ئیکتیفا دەکەم، کە بیانەوێ و نەیانەوێ ئەم ڕەخنانە لەژێر کاریگەرى پراکتیکى جه‌مسه‌ری فه‌رمیی کۆمۆنیزم لە سۆڤێت و چین و پەیڕەوانیاندان و بیانەوێ و نەیانەوێ ئەم پراکتیکە بە گشتى، یان بەشێکى لەسەر مارکسیزم دەنووسن. جگه‌ لەم حاڵەتە بە بڕواى من ئەوە زۆر سادەیە کە مرۆڤ بە گەڕانەوە بۆ ئامانجەکان و لێکدانەوە مارکسیستییەکان، بە گەڕانەوە بۆ مێژووی کۆمۆنیزم پێش ئه‌وه‌ی خەتى سۆڤێت ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێت، ئەوە نیشان بدات کە چۆن مارکسیزم نەک تەنها هیچ پێویستییەکى بە ڕێفۆرمی ئازادیخوازانە نییە، به‌ڵکوو چ لەڕووى شیکاری و چ لە مێژووى واقیعیی جیهاندا، به‌ هۆى ئازادیخوازیی لەڕادەبەدەر و پێداگرتنى شێلگیرانە لەسەرى، هەمیشە ئەم ڕەوتە کەوتۆتە بەر هێرشى بیریاران و سیاسەتمەدارانى بۆرژوایی. ئەگەر ته‌فسیری کۆمەڵگە لە ده‌سته‌واژه‌ى ئازادى و نرخ و حورمەتى مرۆڤ بەدرێژایی دوو سەدەى دوایی قووڵتر بووبێتەوە، ئەوە لە بنەڕەتدا قەرزارى مارکسیزم و کۆمۆنیزم بووە. مارکسیزم تەفسیرێکى ئەوەندە ماکزیمالیستی لە ئازادیی مرۆڤ هەیە و ڕواڵەتەکانى زنجیری دیلێتى مرۆڤەکان ئەوەندە هۆشیارانە نیشان دەدات، کە بە بڕواى من مایەى گاڵتەجارییە ئەگەر کەسێک بە ئیلهام وەرگرتن لە ئه‌زموونی دیموکراسیى ڕۆژئاوا، بیەوێ ئازادئەندێشانەترى بکات. کەسێک کە مرۆڤەکان هەر تەنها بە وابەستەنەبوونیان بە زەوییەوە و بوونى مافى مامەڵەکردن بە پارەوە لە بازاڕدا و خاوەن دەنگبوونیان لە هەڵبژاردنەکانى ئەنجوومەندا بە ئازاد لەقەڵەم بدات، زەحمەتە بتوانێ شتێکى بەکەڵک بۆ ئەو تێڕوانینە زیاد بکات کە تەنانەت لە ئازادترین دیموکراسییەکاندا زەبوونى ئینسانەکان لەبەرامبەر دەسەڵاتى هەمەلایەنەى سەرمایەدا دەخاتە ڕوو. هەر چۆنێک بێت بە بڕواى من گومانی تێدا نییە، کە تەفسیرى مارکسیستییانەى ئازادى، مەیدانێکە کە دەبێ بەجیاواز بچینە سەرى، ئەگەر بە ڕاستى ئێمە دەمانەوێ لە بەرامبەر فریوکارییە دژى سۆسیالیستییەکانى ئێستادا ڕابوەستین.

سەبارەت بە سۆڤێت دیارە کە باسەکە شتێکى ترە. دیارە کە لە سۆڤێتدا دیموکراسیى لیبراڵى حاکم نەبوو. ئەمە هەرگیز مەرج نییە بەو مانایە بێت کە هاوڵاتیى یەکێتیى سۆڤێت تەنانەت لە مەیدانى سیاسیدا بە ناچارى مافێکى کەمترى لە هاوڵاتییەکى وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان هەبووبێ. لە زۆر باردا، بۆ نموونە لە مەیدانى ئەو یاسایانەى پەیوەندییان بە یەکسانى ژن و پیاو، مافى هاووڵاتى، یان لە مەیدانى خوێندن و تەندروستیدا، مافى بەشداریکردن لە بڕیارەکان و پێوانەکانى شوێنى کار و ژیانەوە هەبووە، ئەوە بلۆکى ڕۆژهەڵات بوو کە بە ئازادییەکى زیاتر بۆ فەرد قایل بوو. بەڵام جیاوازی نێوانیان سەرەنجام بریتى بوو لە میکانیزمەکانى بێمافکردنى عەمەلیی خەڵک لە هەردوو جه‌مسه‌ره‌کەدا. ئەم مەسەلەیە لە نیزامى پەرلەمانیدا بە نەرم و ناسکییەکى زیاتر و بە شێوەیەکى ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت. بەڵام بە هەر جۆرێک بێت ڕووخانى بلۆکى ڕۆژهەڵات بە هۆى نەبوونى دیموکراسیى لیبراڵییەوە نەبوو. هەر وه‌کوو پێشتر باسمان کرد، بنچینه‌ی مەسەلەکە لە مایه‌پووچیی ئابووریی مۆدێلى سۆڤێت و بێتوانایییەکه‌ی لە بوارى بەدیهێنانى گۆڕانکارییە تەکنیکییەکانى دوو دەیەى دوایی و وەڵامدانەوە بە پێداویستییەکانى کۆمەڵگەیەکى پیشه‌سازیی پێشکەوتوودا بوو. لە کۆتایی دەیەى پەنجاکاندا سۆڤێت بە هەمان ئەندازە غەیرە لیبراڵى بوو. لە هەمان کاتیشدا گەشەیەکى ئابووریى بەرزى هەبوو، وە نیشانەیەکیش لە داچوون و ئاوابوونى لە ئارادا نەبوو. لە چینى ئەمڕۆدا ئیستیبداد حاکمە، کەچى ئاستى گەشەى، مایەى سەرسووڕمانى ڕۆژئاوایە. ئەگەر بکرێ شتێک سەبارەت بە پەیوەندیى دیموکراسى لەگەڵ پاشەکشەى سۆڤێتدا بووترێ ئەوەیە، کە نەخوازەڵلا بەو جۆرەى کە کادرى کۆنى حیزبى کۆمۆنیستى سۆڤێتى پێشوو، ئێستا پێى وایە، ئەگەر تەسلیمبوون بە بازاڕ بەبێ هەڵکردنى چراى سەوز بۆ مافە لیبراڵییەکان ئەنجام بدرایە (کارێک کە چین خەریکە دەی کات)، واتە “پێرێسترۆیکاى بێ گلاسنۆست”، ئەوا پاشەکشە و ئاوابوونى سۆڤێت ئا بەم شێوە کامڵ و دراماتیکییە ڕووى نەدەدا.

وە سەرەنجام بە بڕواى من ڕەخنە لە نەبوونى ئازادیی سۆسیالیستى لە کۆمەڵگەى سۆڤێتى پێشوودا ئەم لاوازییەى هەیە کە بەفه‌رمى، یان بە ناڕاستەوخۆ مۆرى ته‌ئید لە ئابووریى سۆڤێت و بلۆکى ڕۆژهەڵات دەدات. ئازادیی سۆسیالیستى تەنها دەتوانێ لەسەر بنەماى گۆڕانکارییەک لە بنچینەی ئابووریی کۆمەڵگەدا، لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێناندا شکڵ بگرێت. ئازادییەکى لەم جۆرە لە سۆڤێتدا وجوودى نەبوو، چونکە هەرگیز ئاڵوگۆڕێکى لەم چەشنە لە بنچینەى ئابووریى کۆمەڵگەدا ڕووى نەدا. چاوەڕوانکردنى ئازادییەکى لەو بابەتە لە بلۆکى ڕۆژهەڵات مانایەکى ترى نییە جگە لەوەى کە وێنای خودى ڕەخنەگر لە پەیوەندییەکانى بەرهەمهێنانى سۆسیالیستى، جیاوازییەکى ئەوتۆى لەگەڵ هەمان نیزامى دەسەڵاتدار لەم بلۆکەدا نییە. ئەمە هەڵوێستى ڕەوتە ترۆتسکییە ڕەسەنەکان و زۆربه‌ی چەپى نوێ بووه‌ و بە بڕواى من سەراپا پڕە لە ناڕۆشنى و ناڕۆشنیش پەرە پێ دەدات. تەنانەت نەبوونى ئازادى بە ده‌ربڕینه‌ کرێکارى و مارکسیستییەکەیشی لە هه‌نگاوه‌کانی یه‌که‌مدا، هۆى ئاوابوون و پاشەکشەى بلۆکى ڕۆژهەڵات نەبوو. بە بڕواى من دەبێ ماناى کۆمەڵایەتى و مێژوویی پشت ئەم مەیلە، واتە شەیدابوون و سەرقاڵبوون بە دیموکراتیزەکردنى سۆسیالیزم لەم سەردەمەدا تێبگەین. بۆچوونى مارکسیزم سەبارەت بە ئازادى و جێگاوڕێگاى ده‌سته‌واژه‌ی ئازادى لە بزووتنەوەى کۆمۆنیستیدا لە ماوەى سەدە و نیوێکدا لەوە ناسراوتر بووە کە کەسێک بێ ئاگا ئەمڕۆ بیەوێ لە بۆتەى تاقیکردنەوە و ڕاستکردنەوەى بدات. ئەوەى کە ئەم جۆرە سەرقاڵییە دەکاتە مۆدێلى ئێستا، باڵادەستیى فیکریی و هاتوهاوارى تەبلیغاتی باڵى ڕاست سەبارەت بە دیموکراسییه‌. بەشێکى چەپ لە ڕەوتى پاشەکشەکردندا خەریکه‌ فەرمانى داگیرکەران جێبەجێ دەکات. خەریکه‌ مێژووى تا ئێستاى سۆسیالیزم و بناغەکانى بیروباوەڕى سۆسیالیستى بەپێى ڕیوایەتى ڕه‌وتی سەرکەوتوو دەنووسێتەوە و دووبارە بیرى لێ دەکاته‌وە. ئەمە کڕنۆشبردنێکى سیاسییە، نەک چاوکرانەوە له‌به‌رامبه‌ر ڕاستییە زانستییە نوێکان. بەم پێیە تەواوى ئەم کێشە و سەرقاڵییانە بە بڕواى من بێ بەهان. بێ به‌هان بەڵام بێ بایەخ نین. لەبەر ئەوەى بزووتنەوەى سۆسیالیستیى چینى کرێکار لە مەنگەنە دەدەن و دەیخەنە کەنارەوە. دەبێ له‌بەرامبەریدا بوەستییەوە، بەڵام نەک بەجیددیگرتنى حاڵەته‌ زانستییەکەى، به‌ڵکوو بە ئاشکراکردنى حەقیقەتە سیاسییەکەى.

درێژەی دەبێت…

Leave A Reply

Your email address will not be published.