دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ  

0

بەشی یازدەهەم

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم شێوەیە ئایا بە بڕواى ئێوە وشه‌ و چه‌مکی دیموکراسى، ناکرێ لە لایەن چینى کرێکار و بزووتنەوەى کۆمۆنیستیى کرێکارییەوە سوودى لێ وەربگیرێت؟ با پرسیارەکە ئاوا بخەمە ڕوو: بۆچى ناتوانرێ لەبەرامبەر گوزارشتی بۆرژوایی بۆ دیموکراسى، گوزارشتێکى پرۆلیتارى و سۆشیالیستانە بۆ دیموکراسى هەبێت، هەر بەو جۆرەى کە لە ئەدەبیاتى کۆمۆنیستى و لەوانەش لە بیرى خودى لێنیندا هه‌بووه‌ و لەناو کۆمۆنیستەکاندا ده‌سته‌واژه‌یه‌کی کۆن و مەقبووڵ بووە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت:  من دژایه‌تییه‌کی فۆنەتیکیم لەگەڵ بەکارهێنانى وشه‌ى دیموکراسیدا نییە. لە زۆر باردا خەڵک لەجیاتى چه‌مکی ئازادى، بەرقەراریى مافە مەدەنییە ناسراوەکان، وە یان تەنانەت لەجیاتى بوونى تەحەمولى سیاسی و کۆمەڵایەتى لە بەرامبەر بیروڕا و عاده‌ت و نه‌ریته‌ جۆراوجۆرەکان و شتى لەم بابەتانەدا، لەم ده‌سته‌واژه‌یە کەڵک وەردەگرن. ئەوەى کە من دەمەوێ بیڵێم ئەوەیە، ئەم چه‌مکه‌ لەو جێگایەدا کە وه‌کوو ئایدیاڵێکى سیاسی بەکار دەبرێت و بەتایبەتى لەو جێگایەدا کە چەپ دەچێتە سەر ناساندن و پیاهەڵدانى، چه‌مکێکی گومڕاکه‌ره‌ و لەڕووى سیاسییەوە زیان لە خەبات بۆ ئازادیى واقیعی دەدات. باسەکەى من ئەوەیە کە دیموکراسى هاوتاى ئازادى نییە. دیموکراسى شێوازێکی حوکوومەتى و زنجیرە ئایدیا و پراکتیکێکى سیاسییە لەگەڵ بوونی کۆمەڵایەتى سەرمایە و ئەو بێمافییە سیاسییانەدا دەگونجێت کە لێوەى سەرچاوە دەگرن، بە تایبەتى لە سەردەمى ئێمەدا هیچ پەیوەندییەکى بە بەرینبوونەوەى مافەکانى جەماوەرى خەڵکەوە نەماوە. دیموکراسى ناوێکى سیاسی و ئارمێکە بۆ بار و دۆخێکى سیاسی و ئابووریى کۆنەپەرستانە کە تیایدا پیرۆزیی بازاڕ ته‌وه‌ر‌ی بنچینه‌یییه‌تی.

ئەوە ڕاستە، کە تا ئێستا وشه‌ى دیموکراسى بە گشتى لە ئەدەبیاتى کۆمۆنیستیدا لایەنێکى پۆزه‌تیڤی هەبووە و وه‌کوو وشه‌یەکى بنچینەیی لە خەباتى سیاسیدا و لە مەسەلەى تاکتیکدا حیساب کراوە، بەڵام ئەمە ئیتر بە بڕواى من دەبێ ئاڵوگۆڕى بەسەردا بێت، چونکە بار و دۆخى بابه‌تی و ماناى عەمەلیى دیموکراسى و هەروەها تێڕوانینى کۆمەڵگەى ئەمڕۆ بۆ دیموکراسى ئاڵوگۆڕى بەسەردا هاتووە. ئەوەش بڵێم کە خودى مامەڵەى بیریارانی کۆمۆنیست لەگەڵ ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسیدا هەر لە نووسینە سەرەتایییەکانى مارکس و ئه‌نگڵس (١٨٤٣-١٨٤٧) سەبارەت بە ڕەوەندە فیکرییەکان و ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانى ئه‌وروپاوە، تا دەگاتە شێوە مامەڵەى لێنین لەجەرگەى شۆڕشى ڕووسیا، لەگەڵ بزووتنەوە جەماوەرییەکانى سەرەتای ساڵانى بیستەکانی ئەم سەدەیەدا، ئاڵوگۆڕێکى واى بەسەردا هاتووە، کە خۆى لە لایەکەوە پێشاندەرى پلەیەک لە لێوردبوونەوەى تیۆرییە و لەوەش گرنگتر پێکهاتى کۆنکرێتى دیموکراسى و دیموکراتیزمە لە دنیاى واقیعیدا. لە نووسراوە مارکسیستییە کۆنەکاندا لە نێوان پرانسیپی دیموکراسى بە ماناى حوکوومه‌تی خەڵک، یان حوکوومه‌تی خەڵکى لەگەڵ لیبراڵیزم و پەرلەمانتاریزم وه‌کوو ناوەڕۆکى عەمەلیى دیموکراتیزمى بۆرژوایی، لێک جیاکردنەوەیەکى بەرجەستەتر له‌ ئارادایه‌ لەچاو ئەوەى ئەمڕۆ من دەیڵێم. لە کاتێکدا لیبراڵیزم و دیموکراسیی بۆرژوایی بە ڕۆشنى بە خاوەندارێتى تایبەتى و بازاڕ و سەرمایەوە گرێ دەدرێنەوە، دیموکراسى بە مانا گشتییەکەى بە ناونیشانى “کۆماریخوازى” و کۆتایی پاشایەتییە ڕه‌هاکان، بە ناونیشانى خواستى بوونى خەڵک بە سەرچاوەى دەسەڵات و دامەزراندى کۆمەڵگەیەکى شارستانى پشتبەستوو بە یاسا و دڵسۆز بۆ ئاسودەیی و بەختەوەریی هاووڵاتیان و شتى لەم چەشنە تەماشا دەکرێت. لەم بارەدا دیموکراسى وشه‌ى ڕۆژە. لە مێشکى خەڵکدا هاوتاى هۆشیاربوونەوەى خەڵکە بە مافەکانیان و ویست و ئارەزوویانە بۆ بەدەستەوەگرتنى کاروبارى خۆیان. لەسەر ئەم بنەمایەوەیه‌ کە مارکس و ئه‌نگڵس چەندین جار لە “دیموکراسیى کۆمۆنیستى” لە “ئێمە دیموکراتەکان”، لە “دیموکراسیى واقیعی”، بۆ جیاکردنەوەى دیموکراسیى کرێکاران لە دیموکراسیى بۆرژواکان و خانه‌دانەکان و هەروەها لە ئاسوودەیى و خۆشگوزەرانى مرۆڤ وه‌کوو ئامانجى دیموکراسى و ئەم جۆرە شتانە دەدوێن. بە بڕواى من ئەمە ئاسایییە، چونکە جەنگى کۆمەڵایەتى بۆ مانادان بە وشه‌ى دیموکراسى لە ئارادایە و ئەم جۆرە فۆرموولبەندییانە خۆیان بەشێک لە تەقەلاى کۆمۆنیستەکان و کرێکارانى سۆسیالیستن بۆ دانانى سۆسیالیزم لە دەستوورى کارى کۆمەڵگەیەکدا کە لەبەرامبەر ئیستیبداددا پێشکەوتنى کۆمەڵایەتى بە “دیموکراسى” ناو دەبات. دواتر بێگومان لە نووسراوەکانى مارکس و ئه‌نگڵسدا لێک جیاکردنەوەیەکى یەکجار ڕۆشنتر لە نێوان کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان لەگەڵ دیموکراتەکان و دیموکراسیدا دەکرێت و دیموکراسى دەبێتە وشه‌یەک کە زۆرتر لەجەرگەى قسەکردن سەبارەت بە ڕادیکاڵیزمى بۆرژوایی و جم و جووڵى وردەبۆرژوازى دێتە ئاراوە. هەر چۆنێک بێت لە سەره‌تاى کاردا، مارکس و ئه‌نگڵس تا ڕادەیەک سۆشیالیزمیان تەنانەت وه‌کوو ئامانج و ناوەڕۆکى عەمەلیی سەرکەوتنى دیموکراسى، وه‌کوو بەدیهاتنى دیموکراسیى واقیعی باس کردووە. سەردەمى لێنین سەردەمێکى جیاوازە. دیموکراسى بەکردەوە بە لێکدانه‌وه‌ی بۆرژوا-لیبراڵییانەى خۆیەوە جێ کەوتووە و کەمتر ئەو مانا گشتى و بێ شکڵە “کۆماریخوازى”یه‌ی کۆنى هەیە. لێنین تەنانەت هەوڵى داوە، بنەماکانى مانەوەى ڕادەیەک لە تەحەمولى سیاسی و ئازادییە مەدەنییەکان لە وڵاتانى سەرمایەدارى پێشکەوتوودا، لەسەر بنەماى بوونى نیزامێکى جیهانى و ئیمپریالیستى و دابەشکردنێکى نێونەتەوەیی ئازادى و داپلۆسین ڕۆشن بکاتەوە. لێنین زۆر زیاتر لە ڕابەرانى پێشووى کۆمۆنیزم خۆى بە بەرپرسیار دەزانێت کە لەگەڵ ئەو دیموکراسییەى لە واقیعدا هەیە، لەگەڵ لیبراڵیزم و نیزامى پەرلەمانى و هەڵبژاردنەکەیدا، ڕووبەڕوو بێتەوە و وێنایه‌کى کۆنکرێتتر لە دیموکراسیى کرێکاریی پشتبەستوو بە دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا و شووراکان بەدەستەوە بدات. بەڵام دەرکەوتنى سیماى حوکوومه‌تی کرێکارى وه‌کوو “دیموکراسى”ی کرێکارى بۆ لێنین، زیاتر لایەنێکى دیفاعى هەیە و لە بنەڕەتدا لە پلمیک لەگەڵ که‌سانێکدا دەهاتە ئاراوە، کە لە هەڵوێستى پێشداوەرییە لیبراڵییەکان و نیزامى پەرلەمانییەوە ئازادییه‌ سیاسییەکان لەژێر سایەى حوکوومه‌تی کرێکاریدا دەخستە ژێر پرسیارەوە. خودى چه‌مکى دیموکراسى بۆ لێنین ئیتر زیاتر لە جاران لەجەرگەى پراتیکى سیاسیی بۆرژوازیدا جێگا داگیر دەکات، “دیموکراسى شۆڕشگێر” ده‌سته‌واژه‌یه‌ک کە لێنین پێى باش بوو سەبارەت بە ڕادیکاڵیزمی دەستەنگانى غەیرە پرۆلیتێرى بەکارى بەرێت، لە نووسراوەکانى ئەودا لە سەروبەندى شۆڕشى ئۆکتۆبەر و بەتایبەتی له‌ دواى شۆڕشدا، ئیتر بە تەواوى وه‌کوو تەمایولات و بزووتنەوەیەکى ناپرۆلیتارى و جیاواز لە سۆسیالیزمى کرێکارى بەکار دەبرێت. ڕادیکاڵیزم و ئازادییخوازیی کرێکارى بە سۆسیالیزم و ڕادیکاڵیزمى ناکرێکارى بە “دیموکراسیى شۆڕشگێڕ” وەسف دەکرێن.

دوو خاڵ لە تێڕوانینى لێنیندا بۆ دیموکراسى، شایانى سەرنجدانە: یەکەم، دیموکراسى زیاتر لە جاران لە یەک ئایدیاڵى گشتى، لە یەک هاوتاى سیاسییەوە بۆ چه‌مکی ئازادى، دەبێتە بار و دۆخێکى سیاسیی موشەخەس و ته‌نانەت ڕاگوزەر کە بە وێستگەى سەر دووڕێیانێک و بە بەردەبازێک بۆ شۆڕشی سۆسیالیستى لە قەڵەم دەدرێت. ئەوە ڕادەگەیەنرێ کە سۆسیالیزم واتە زیاتر ڕۆیشتن لە دیموکراسى، واتە گەیشتن بە ئازادیی واقیعی. دووەم، بار و دۆخی دیموکراتیکى جێ مەبەستى کرێکاران، وه‌کوو دەوره‌یەکى ڕاگوزەر، زیاتر لە جاران لەگەڵ شکڵ و چوارچێوەیەکى غەیرە لیبراڵى و شووراییدا وەسف دەکرێت. پراکتیکى ڕاستەوخۆ و لەخوارەوەى کرێکاران و توێژە ژێردەستەکان و هەروەها ئۆرگانە جەماوەرییەکانى ئەم پراکتیکە ڕاستەوخۆیە بەرجەستە دەبێتەوە. بە واتایەکى تر، دیموکراسى لە شێوە مامەڵەى لێنیندا ڕەسەنایەتى و حەقانییەتى خۆى لەو توێژە کۆمەڵایەتییانەوە بەدەست دێنێ، کە لە هەر دەوره‌یەکدا پایە و بناغەکەى پێک دەهێنن و ئەو بار و دۆخەش بە دیموکراتیک دەژمێردرێ کە ڕێگرییەکانى بەڕێوەچوونى ئیرادەى سیاسیی توێژە دەستتەنگەکان تیایدا لەنێو چووبێت. بۆ لێنین بوون و مانەوەى ئازادییە سیاسی و مەدەنى (تەنانەت بۆرژوایی)یەکان کە بە بڕواى ئەو بۆ پێشڕەوى چینى کرێکار حەیاتییە، خۆى بە بەڕێوەچوونى ئیرادەى ئەو چینانەوە کە بە پێچەوانەى بۆرژوازییەوە لەم مافانە کەڵک وەردەگرن به‌نده‌.

ته‌داعیبوونى دیموکراسیش لە پلەى یەکەمدا لەگەڵ بەرێوەچوونى ئیرادەى ڕاستەوخۆ و لە خوارەوەى جەماوەر و ئۆرگانە ڕاستەوخۆ و ناوچه‌یییەکانى ئەم حەرەکەتە، نەک بەوەى کە کۆمەڵێکى زانراو لە ماف و ئازادییە مەدەنییەکان و ئۆرگانە یاسادانەرە هەڵبژێردراوەکانى وەک پەرلەمان، بە نۆرەى خۆى بەڕەچاوکردنى هەلومەرجەکانى ئەو دەوره‌یە قابیلى دەرککردنە. لەو دەورەیەدا لە لایەکەوە لە ئه‌ورووپا دیموکراسیى پەرلەمانى بووه‌ به‌ شتێکى جێکەوتوو،‌ وه‌ پەیوەندیى لیبراڵیزم و پارلەمانتاریزمى بۆرژوایی لەگەڵ کۆنەپەرستیی کاپیتالیستى و ئیمپریالیستیدا دەتوانرێت زیاتر ڕۆشنتر ببینرێت. لە لایەکى ترەوە بەکردەوە خەریکە هەڵسانە سۆسیالیستییەکان لەپێناو بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتى سیاسیدا لە دەستوورى بزووتنەوەى چینى کرێکاردا جێ دەکەوێت. توانایییەکانى بزووتنەوەى چینى کرێکار بە شێوەیەکى بابه‌تى لە ڕێفۆرمی پەرلەمانى زیاتر تێپەڕى کردووە.

لە ڕێچکەى شێواندنی مارکسیزم لە سۆڤێت لە سەردەمى ستالیندا و دواتریش لە ئه‌زموونی چین و پەرەسەندنى ماویزمدا، پەیوەندیى ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسى لەگەڵ ماف و ئازادییە مەدەنییەکان لە لایەکەوە و لەگەڵ بە عەمەلیبوونى ئیرادەى لەخوارەوەى توێژە دەستەنگەکان لە لایەکى دیکەوە بەتەواوى وەلا دەنرێت. لە لایەکەوە دیموکراسی دەبێتە ناوى خوازراوى چەند توێژێکى کۆمەڵایەتیى تایبەتى کە سەربەخۆ لە سیاسەت و ئامانجە کۆمەڵایەتى و سیاسییەکانیان تەنها بە ئیعتیباری جێگاى ئابوورییان بە “دیموکرات” لەقەڵەم دەدرێن، لەلایەکى دیکەشەوە خودى ئەم توێژانە چ لە تێڕوانینى سیاسیدا و چ لە دنیاى واقیعدا، بەو هێزە سیاسییانه‌ و بەو دەوڵەتانە جێگایان دەگیرێتەوە کە “نوێنەرى” چینایەتى ئەوانن. زۆر بە سادەیی، بار و دۆخێکى دیموکراتیک کە لەم مەکتەبانەدا بە دیموکراسیى خەڵکى، یان جەماوەرى ناو دەبرێن، بار و دۆخێکە کە حیزبە “خەڵکى”یەکان تیایدا دەسەڵاتیان لەدەستدایە. لەم جۆرە دیموکراسییانەدا کە فۆرمی بنه‌ڕه‌تیی حوکوومه‌تکردن لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانى بلۆکى سۆڤێت و چین و پەیڕەوە سیاسییە دوور و نزیکەکانیاندا بوو، ئەوەى کە پاکانەى دیموکرات لەقەڵەمدانى ڕژێم دەکات، خەڵکیبوونى دەوڵەت، نەک له‌ئارادا‌بوونی ئازادییە فەردى و سیاسی و مەدەنییەکان، وە یان ئۆرگانە ناوچه‌یییەکانى بڕیاردانى جەماوەرى و شتى لەم چەشنە.

ئەم لێکدانه‌وه‌ دەوڵەتى-خەڵکییە بنچینەی ده‌رکیی چەپى دژى ئیمپریالیستیی جیهانیی سێیەمی لە دیموکراسى بوو. ڕەنگە لەبیرتان بێت، کاتێک لە سەرەتاى شۆڕشى ساڵى ٧٩دا، ئێمە قسەمان لە ئازادییە بێ قەید و شەرتە سیاسییەکان دەکرد لە بابەتى ئازادیى بڵاوکردنەوە و چاپەمەنى و شتى لەم بابەتە، تەنانەت ڕادیکاڵترین بەشى چەپی ئەوسا، خەتى٣ و دەوروبەرەکانى، تەزوو بە لەشیاندا دەهات. بەوەیان تاوانبار دەکردین کە دەمانەوێ بڵاوکراوەى میزان بپارێزین! لە مەکتەبى ئەواندا، یان هەر چۆنێک بێت لە ده‌ربڕینه‌ شێوە سۆشیالیستییەکانیاندا کە بیانەوێ و نەیانەوێ لە ستالین و ماوتسیتۆنگەوە بە میرات بۆیان بەجێ مابوو، دیموکراسیى خەڵکی بە ماناى بەدەسەڵات گەیشتنى بەرەیەکى یەکگرتووى حیزبە خەڵکییەکان بوو. ئەمەى کە مافەکانى تاک لەم نیزامەدا چییە، ئازادیى بڵاوکردنەوە و مانگرتنى خەڵک لە ڕوانگەى ئەوانەوە چى بەسەر دێ، ئیتر ڕاستەوخۆ پەیوەندى بە مەیدانى لیبراڵیزمەوە هەبوو.

ئەم تێڕوانینە دەوڵەتگەرایی و خەڵکییانەش بۆ دیموکراسى، زەمینەى کۆمەڵایەتیى خۆى هەبوو. ئەمە شتێک نەبوو بێجگە لە ناسیۆناڵ ڕێفۆرمیزمى ئیمپریالیستیى وردەبۆرژوازى و ڕۆشنبیرانى ناڕازى لە دواکەوتوویى ئابوورى لەم جۆرە وڵاتانەدا. بڕیار بوو دیموکراسى خەڵک، ڕژێمێکى سیاسی بۆ گەشەى ئابوورى و پیشه‌سازی و کۆتاییهێنان بە وابەستەیی بە ڕۆژئاواوه‌ بێت و ڕژێمێکى سیاسی بۆ بەدەستهێنانى “سەربەخۆیی” ئابوورى و بەرزکردنەوەى ئیعتیبارى سیاسیی وڵات بێت. چونکە پەرەسەندنى ئابوورى و سەربەخۆیی سیاسی ئەو تەمایولاتانە بوون کە خەڵک و توێژە خەڵکییەکانى دیارى دەکرد. لەبەرامبەردا، ئازادیی فەردى، بەرینبوونەوەى ڕۆشنبیرى، جۆراوجۆربوون و بەرەوسەرچوونى ئاستى بەکاربردن (استهلاک)، هەموو وه‌کوو تەمایولاتى بۆرژوایی و ناتەبا لەگەڵ بەرژەوەندییەکانى خەڵکدا حیساب دەکران. لەپشتى هەموو ئەمانەوە، دەتوانرا هەوڵ و تەقەلاى بەشێک لە بۆرژوازیی جیهانیی سێیەم و وڵاتانى دواکەوتوو ببینرایە کە دەیویست بە ڕێکخستنى دەوڵەتێکى بەتوانا و نەتەوەیی، لەسەر بنەماى هەڵخڕاندنى ئایدیۆلۆژیکى جەماوەرى کرێکار و زەحمەتکێشى کۆمەڵ، بۆ ڕازیبوون بە هەلومەرجى سەختى ئابوورى و تەنگەبەریی سیاسی، قۆڵى پەرەپێدان و پیشه‌سازیکردنى ئابووریى نیشتمانیی لێ هەڵماڵێت. دیموکراسى و دیموکراسیى خەڵک، هۆی سیاسی و ئایدیۆلۆژیکى دەوڵەتێکى بۆرژوایی لەو چەشنە بوو. بە بڕواى من لەگەڵ پەیدابوون و دواتر بەسەرچوونى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسیى خەڵکیدا، ئیتر دەورانى شانبەشان ڕۆیشتنى کرێکار و سۆسیالیزم لەگەڵ ده‌سته‌واژه‌ی دیموکراسیدا بەفه‌رمى تەواو دەبێ، چونکە لە دیموکراسیى خەڵکیدا، ڕێک وه‌کوو دیموکراسیى لیبراڵى، ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسى جارێکى دیکە دەبێت بە ئامرازی شەرعییەتپێدانى دەوڵەتى چینایەتى-بۆرژوازیى دەسەڵاتدار.

ئەم واقیعییەتەى کە دەورەی نوێى خۆشەویستبوونى دیموکراسى کە لەم ساڵانەدا بینیومانە بە فه‌رمى لەجەرگەى بەپیرۆزدانانى بازاڕ و بە نەمر ناساندنى کاپیتاڵیزمدا شکڵ دەگرێت، خۆى شایەدى ئەوەیە کە ئیتر دەورانى ڕادیکاڵیزەکردن و “به‌ڕەسەن”کردن و کرێکاریکردنى ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسى لە لایەن سۆسیالیستەکانەوە بەسەر چووە. دیموکراسى لە هەر دەورەیەکدا بەرهەمێکى دیاریکراوى مێژوویییە و ناگاتە هەر شوێنێک کە لێکۆڵه‌رەوەکانى دەیانەوێ. ئێمە ئیتر نە لە سەردەمى مارکس و چاوکرانەوەى کرێکار سەبارەت بە مافە سیاسی و مەدەنییەکانداین و نە لە سەردەمى لێنین و یەکەمین شۆڕشە کرێکارییەکان بۆ بەدەستەوەگرتنى دەسەڵاتداین. ئەمە سەردەمێکى تازەیە. بۆگەنیى کردەوەکانى سەرمایەدارى و ئابوورى و سیاسەتەکەى بڵاو بۆتەوە. هەر کەس سەرپشکە لەوەى هەر وشه‌یەک بەکار بێنێ کە مەبەستەکەى ڕوون دەکاتەوە. بەڵام بە بڕواى من، چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ى دیموکراسى بۆ کۆمۆنیزمى کرێکارى هیچ ڕێگایەک ڕۆشن ناکاتەوە. زیاتر لەوەى ببێتە مایەى هۆشیارى، ناڕۆشنى دروست دەکات، زیاتر لەوەى ڕیزى ئازادیخوازیى دنیاى ئەمڕۆ پێناسە بکات، بە خێڵێکى گەورە لە خراپترین دوژمنانى ئازادیى مرۆڤ لە کەدارى دەکات، زیاتر لەوەى نیزامى کۆمەڵایەتیى شایستەى ژیانى مرۆڤ پێناسە بکات، مۆرى پشتیوانی لە نیزامە گەندەڵ و سەرکوتگەرەکانى ئێستا دەدات. بە بڕواى من دەبێ ئەم وشه‌یە وەلا بنێین و هەر چەنده‌ نابەدڵیش بێت، لەم شانۆگەرییە منداڵانەیەى دوا دوایی سەدەى بیستەمدا بەشدارى نەکەین. ئێمە دیموکرات نین، ئێمە ئازادیخوازین، سۆسیالیستین بەرگرى لە مرۆڤ و حورمەت و مافە فەردى و گشتییەکانى لەبەرامبەر نیزامى چینایەتیى حاکمدا دەکەین. ئامانجى مێژوویی ئێمە دیموکراتیزەکردنى دەوڵەت نییە، به‌ڵکوو لەنێوبردنى کۆڵەکەکانى وجودیەتى. ئێمە لێبڕاوانە داکۆکی لە ئازادییە فەردى و مەدەنییەکانى مرۆڤەکان دەکەین لەبەرامبەر دەستدرێژییەکانى دەوڵەت و حیزبەکاندا بە دیموکراتیک و نادیموکراتیکەوە، بە پەرلەمانى و ناپەرلەمانییەوە، وە پێمان وایە کە تەنها شۆڕشى سۆسیالیستیی کرێکار و ئەو مرۆڤانەى کە بەدەورى ئاڵاى ئەم شۆڕشەدا گرد و کۆ دەبنەوە، دەتوانن کۆمەلگەیەکى ئازاد بە ماناى واقیعی وشه‌کە دابمەزرێنن.

 

درێژەی دەبێت…

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.