دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ 

0

 بەشی نۆهەم

ئینته‌رناسیۆنال: لە ڕوانگەى خواستى پەیگیرانەترى دیموکراسییەوە، چەندین ڕەخنەى جۆراوجۆر لە مۆدێلى پەرلەمانى دەگیرێت وه‌کوو، ئەوەى کە ناتوانرێت نوێنەرەکانى لە لایەن ئەوانەوە کە هەڵیان بژاردبوون لاببرێن، مۆنۆپۆڵکردنی دەزگاکانى ڕاگەیاندن لە لایەن بۆرژوازییەوە، پڕخه‌رجیبوونى مەسەلەى بەشداریکردن لە هەڵبژاردندا وه‌کوو، کاندید و تا ڕادەیەکیش وه‌کوو دەنگدەر، هەڵبژاردنى کۆمەڵە دەوڵەتێک کە بەکردەوە بەشێکى کەمى خەڵک دەنگى داونەتێ، چ بە هۆى کەمى ڕادەى بەشداربووان لە هەڵبژاردنەکان و چ بە هۆى شێوەى دیاریکراوی ده‌سنیشانکردنی کورسییەکانى پەرلەمانەوە لەسەر بنچینەى دەنگى حیزبەکان و شتى لەم بابەتە. ئەم جۆرە ڕەخنانە لە دیموکراسى لە باسەکەى ئێوەدا چ جۆرە جێگاوڕێگا و بایەخێکى هەیە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: ئەمانە ڕەخنەگه‌لێکى بنەڕەتى نین لەم سیسته‌مە. بەشێکیان وه‌کوو ناڕەزایەتى لەو سیستەمانەى لە چەشنى بەریتانیا کە کورسییەکانى پەرلەمان بەپێى ڕێژەى سەدى ڕاستەوخۆى دەنگەکان دابەش ناکرێن، لە بنەڕەتەوە تەنانەت وه‌کوو ڕەخنەش ناژمێردرێن. هەر چۆنێک بێت، لە پێش هەموو کەسێکه‌وه‌، خودى بیرمه‌ندانی بۆرژوایی بە ڕوونى و ڕاشکاویی تەواوەوە ئەم کەموکووڕییانە باس دەکەن و بە گەڕانەوە بۆ پرانسیپه‌کانی دیموکراسى و لیبراڵیزم، باش و خراپیى ئەم خاڵانە بۆ هەموومان لێک دەدەنەوە. لاوازیی بنەڕەتى، خاڵێک کە بە بڕواى من کرۆکى ڕەخنەى مارکسیستییە لەم نیزامە، ئەوەیە کە مەسەلەى دەوڵەت و دەسەڵاتى سیاسی به‌ بەشێکى جیا لە ئابووریى سیاسی و خەباتى چینایەتی لە کۆمەڵگەدا دەژمێردرێت و ڕاڤه‌یه‌کی حوقووقی و ئیداریى ڕووت بۆ دەوڵەتى بۆرژوایی دەخرێتە ڕوو. ئەو وێنایه‌ی کە لاى وایە ئەوە خەڵکن کە تا ئێستا لە پرۆسەیەکى کەم و زۆر ئازاد و دادپەروەرانەدا، بە دەنگى خۆیان دەوڵەت هەڵدەبژێرن، وێنایه‌کی ئاوه‌ژووه‌، لەسەر بنەماى دابەشکردنى دەسەڵاتى ئابوورى، لەسەر بنەماى دەسەڵاتى سەرمایە بەسەر ژیانى بەرهەمهێنان و کۆمەڵایەتیدا، لەسەر بنەماى هاوسەنگیى ئایدیۆلۆژیکى کۆمەڵگە و خۆ هۆشیاریی خەڵک، خاوەنى چینایەتیى دەوڵەت پێشتر دیارى کراوە. بەر لە هەڵبژاردن و پەرلەمان، هێزى چەکدارى سەرکوتگەرى بۆرژوایی بۆ پارێزگارى به‌تۆپزی لەم دەسەڵات و دەوڵەتە هەیە و ڕێکخراوە. یاسا و حوقووقه‌ جەزایییەکان، بە نووسراو و نەنووسراوەوە، بۆ پارێزگارى لە دەسەڵاتى بۆرژوازى و پیرۆزڕاگرتنى وێنای بۆرژوا لە کۆمەڵگەدا، هەروەها دادگا و زیندانەکانیش بۆ دەستەبەرکردنى جێبەجێبوونیان لە ئارادان. هەڵبژاردن ئەوە دیارى دەکات، کە کام ڕه‌وت و پارت و کۆمەڵە ئەفراد، بە کام بەرچاوڕۆشنى بەرنامەیی و شێوەکانییەوە، بەڕێوەبردنى ئەم سیستەمە و دیاریکردنى کاره‌ له‌پێشینه‌ ته‌نفیزییەکانى بۆ دەوره‌یەک لە ئەستۆ دەگرێت. کۆمەڵە ڕەخنەیەکى لەو بابەتە، کە هەر چۆنێک بێت لەڕووى دڵسۆزییەوە بۆ حاڵى چەپ دەخرێتە ڕوو، هۆى بنەڕەتیى ئاکامى چەپى ڕادیکاڵ لە نیزامە پەرلەمانییەکاندا پەردەپۆش دەکات و مۆرى ڕاست و دروستى لە خۆشخه‌یاڵیی پەرلەمانیی چەپ بە تایبەتى لە وڵاتانى ئه‌ورووپاییدا دەدات. بە پێچەوانەى وێنای ڕەخنەگرانى دیموکرات لە دیموکراسیى پەرلەمانى، هۆى بنچینەیی ئەوەى کە چەپى ڕادیکاڵ لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر بە کەمى شتێک بەشتێک دەکات ئەوە نییە کە پارەیان نییە تەبلیغات بەڕێ بخەن، پرۆسەى هەڵبژاردن دیموکراتیک نییە، یان فۆرموولی ماتماتیکی دیاریکردنى کورسییەکان لە پەیوەند بە ژمارەى دەنگەکانەوە بە قازانجى حیزبە گەورەکان کار دەکات و شتى لەم بابەتانە. هۆیەکە ئەمەیە کە دەنگدەر و بەر لە هەموومان جەماوەرى فراوانى خودى چینى کرێکار، وێنایه‌کی واقیعیتر و خۆشخه‌یاڵی که‌متری سەبارەت بە جێگاوڕێگاى هەڵبژاردن و پەرلەمان لە ژیانى خۆیاندا هەیە. دەزانن کە هەڵبژاردن ئامرازی ئاڵوگۆڕى ڕیشەیی لە کۆمەڵگەدا نییە. دەزانن کە خاوەنى چینایەتیى دەسەڵاتى سیاسی لە ڕێگەى هەڵبژاردنى پەرلەمانییەوە دیارى ناکرێت. دەزانن کە لانی زۆرى چاوەڕوانى لە پەرلەمان بریتییە لە کۆمەککردن بە مەسەلەى کۆمەڵە ڕێفۆرمێکى دیاریکراو. دەزانن کە هەڵبژاردن بۆ بوون و نەبوونى سەرمایە و سەرمایەدارى نییە، به‌ڵکوو بۆ ئەوەیە کە بەشى ئەوان لە ئیمکاناتى کۆمەڵگاى ئێستا لە ده‌ورەى داهاتوودا هەندێ کەم و زیاد بکات، دەزانن کە ئاکامى هەڵبژاردنى پەرلەمان تەنها ڕەنگدانەوەیەکى کەم تا زۆر وەفادارانەى هێزهاوسەنگییەک دەبێ کە ئێستا لەدەرەوەى پەرلەمان و دیموکراسیدا، لەناو چینەکاندا بەرقەرارە. ڕەنگە کرێکار هۆشیارانە دوژمنى سەرمایەدارى بێت، بەڵام لە هەڵبژاردنى پەرلەمانیدا بەگشتى، نەک دەنگ بەو حیزبانە دەدات کە خوازیارى شۆڕش لە دژى سەرمایە، به‌ڵکوو دەنگ بە باڵى چەپى بۆرژوازى خۆى دەدات. دەنگ بە حیزبێک دەدات کە بە حیسابى خۆى دەتوانێ جێگاوڕێگاى لە پەیوەند به‌و سه‌رمایه‌یه‌ی کە له‌کاردایه‌ چاک بکات. ئەگەر ئاڵوگۆڕى ڕیشەیی وەک شتێکى عەمەلى نەیاتە بەرچاو (کە خودى بەڕێوەچوونى هەڵبژاردن و ڕه‌سه‌نایه‌تیی پەرلەمان و له‌ئارادابوونی بار و دۆخى ناشۆڕشگێڕانە ئەمە لە خەڵک دەگەیەنێت)، ئەوا ئەو کاتە زۆر ئاسایییە کە توێژە بێبەشەکان کە ئیتر دەبێ بە ڕێفۆرم ڕازى بن، بەو که‌سایه‌تی و حیزبە ڕێفۆرمخوازانەى چینى دەسەڵاتدار دەنگ بدەن کە بەحیسابى خۆیان تواناى ماددیى عەمەلیکردنى ئەم ڕێفۆرمانه‌یان هەیە. گیروگرفتى چەپ ئەمە نییە کە بۆچى دیاریکردنى کورسییەکان بە ڕێژەى ڕاستەوخۆى دەنگەکان نییه‌ و بۆچى حیزبێکى ترۆتسکیستى لاکۆڵان لە تواناى ڕاگەیاندنى تەلەفیزیۆنیی یەکسان بەهرەمەند نییە، تا به‌ڵکوو لەناو ٤٠٠ نەفەردا ئەویش بۆ خۆى نوێنەرێکى هەبێت. گرفتەکە لە وێدایە کە لە بار و دۆخى ئاساییدا، کرێکار بەگشتى، ئەو کەسە بە نوێنەرێکى باش بۆ که‌وتنه‌دوای بەرژەوەندییە ڕۆژانەکانى خۆی لەم ڕێرەوە تایبەتەدا نازانێ، کە لە هەڵوێستى شۆڕش له‌ دژى سەرمایەوە دەیەوێ بۆ ماوەى چوار ساڵ ببێتە نوێنەرى ئەنجوومەن. خەڵک تەنها لە دەورانى قه‌یرانی شۆڕشگێڕانەدا نەبێت (کە لەو بارەدا ئیتر پەرلەمانیش وه‌کوو جاران لە کۆمەڵگەیەکدا کە ئارامیی تێدا نییە، ناوەندى یاسادانان نییە، به‌ڵکوو بڵندگۆیەکە بۆ ئاژیتاسیۆن و مانۆرى سیاسی)، ئیتر به‌ تەواوى شارەزای بڕیاربازى پەرلەمانییەکانن و چاودێری دەکەن. یەکێک لە گرنگترین ئەو بڕیارانه‌ ئەوەیە، کە براوەى چینایەتیى یارییەکە لەپێشەوە دیارە، ئه‌گه‌ر نا، هەموو ئەم بار و بنەیە دەپێچرێتەوە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: بەم پێیە بە بڕواى ئێوە، بەدیهێنانى ئەم جۆرە چاکسازییانه‌ لە نیزامى پەرلەمانیدا، ئەم نیزامە لە ته‌سویری مارکسیستى بۆ ئازادى نزیکتر ناکاتەوە؟

مه‌نسوور حیکمه‌ت: باسی ئازادى لە ڕوانگەى مارکسیستییەوە بە تەواوى لە لاپەڕەیەکى ترەوە دەستپێ دەکات. بابەتى دیموکراسى “دەوڵەتى شەرعى”یە. بەڵام ئازادى ده‌سته‌واژه‌یه‌ک نییە پەیوەندى بە شێوەى حوکوومەت و پەیوەندیى نێوان تاک و دەوڵەتەوە هەبێت، به‌ڵکوو پەیوەندی بە خودى حوکوومەت و بوون و نەبوونى دەوڵەتەوەیە. چه‌مکی بنەڕەتى لە باسى ئازادیدا، چین، وه‌به‌رهێنان و سەرکوتى چینایەتییە. ئەمە سەرچاوەى دەوڵەتە. مەرجى ئازادیی واقیعى مرۆڤ، سڕینەوەى دابەشبوونى چینایەتى، کۆتاییهاتنى وه‌به‌رهێنانی بەشێکى کۆمەڵگە لە لایەن بەشێکى ترەوه‌، لەنێوچوونى بنەماى سەرکوت و زەوتکردنى ئازادى و لە ئاکامدا ئاوابوون و نەمانى دەوڵەتە وه‌کوو ئامرازی داسەپاندنى بەرژەوەندییە چینایەتییەکان و پاڕاستنى باڵادەستیی چینایەتییه‌. نیزامى پەرلەمانى نەک هەر به‌ ئه‌ندازه‌ی نووکە دەرزییەک لەم چه‌مکانه‌ نزیک نابێتەوە، به‌ڵکوو خۆى یەکێکە لەو ڕێگرى و کۆسپانەى کە کۆمەڵگاى مرۆیى لە ڕێرەوى ئازادیی کامڵ و واقیعیدا دەبێ لەسەر ڕێگاى لابەرێت. چه‌مکی ئازادى لە مارکسیزمدا بۆ مەیدانى سیاسەت و ئابوورى، وە یان بۆ کۆمەڵگە و فیکر بەشبەش ناکرێت. ڕزگارى، ڕزگارییه‌کی تەواو کەماڵە. ناوخۆیی و دەرەکى. هەر ئەو پرۆسەیە ئەو ڕێگرییە ناوخۆیییانە لەناو دەبات کە ڕێگا لە ئیرادەى ئازادیى مرۆڤەکان دەگرێت، لەخۆ نامۆبوونى مرۆڤەکان و هەموو ئەو بەرژەوەندییە ماددی و‌ مەعنەوییە لنگەوقوچانەى کە مرۆڤەکان بۆ قه‌بووڵکردنى ئەخلاقییانەى نایەکسانى و کۆیلەیەتى و قه‌بووڵکردنى دەورى سەرکوتگەر و سەرکوتکردن و پاڵپێوە دەنێت، لەنێو دەبات. یاساکان و پێویستیی یاساکان هەردووکیان پێکەوە لەنێو دەچن. هەر ئەو پرۆسەیەى کە یەکسانى دێنێ، لەگەڵ خۆیدا مرۆڤدۆستى و ڕێزگرتنى قووڵ لە ئاسودەیی و ئازادیی یەکتریش دێنێ. ناکرێ لە لایەکەوە کەسێک هەبێ، کرێ بدات و به‌شوێن قازانجەوە بێت، لەولاشەوە کەسێک کرێ وەربگرێت و ناچار بە کارکردن بکرێت و کەچى لە مەیدانى سیاسیشدا ئازاد بێت. ناکرێ چینە باڵادەستەکان و چینە چەوساوەکان هەبن و دەمارگیرى و دواکەوتوویی و زوڵم و زۆردارى و تاوان لە ئارادا نەبن. ئازادیی واقیعى، تەنها بەرهەمى ئاڵوگۆڕى سۆسیالیستییانەى کۆمەڵگە و دەرچوونى مرۆڤە لە دەورانى وەحشیگەرییە چینایەتییەکەى. ئازادیی واقیعى، چه‌مکێکى کۆمەڵایەتى و هەمەلایەنەیە، نەک تەنها چه‌مکێکى حوقووقی و کارگێڕی. بەم پێیە ئازادیی واقیعى بابه‌تێکی دیموکراسى نییە، چونکە دیموکراسى و لیبراڵیزم دواى بەفەرزوەرگرتنى بنه‌مای کۆمەڵایەتى و ئابووریى بۆرژوایی و دواى بەفەرزوەرگرتنى بوونی سەرمایە و قازانج و کرێ و بازاڕ و خاوەندارێتیى تایبەتى، دەچێتە سەر تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی سەرخانى سیاسى و کارگێڕیی کۆمەڵگە…

دریژەی هەیە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.