هەر رٶژە هەڵسوڕاوێکی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی بۆ بۆپێشەوە دەدوێن… بەیان عەزیزی:  دکتۆرای مافی نێودەوڵەتی

0

هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨؛  هەموارکردنەوەی پێشێلکاریی دژ بە مافی ژنانە. ماوەیەک دەبێت کە زۆرێک لە دادپەروەران وچالاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی وبە تایبەت ئەو خانمانانە کە هەوڵی زۆر و هەزینەی مرۆییان بۆ مافی ژنان داوە، دژ بەم پرۆژەی هەموارکردنەوەیە ڕاوەستاون. هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ۱۸۸ لە عێراقدا، و پاشان سەپاندنی لە ناو کوردستاندا هەموو هەوڵەکان دەباتەوە ناو گەڕیانێکی نگەتیڤ و دەستکەوتەکانی یەکسانخوازیی تووشی هەڕەشە دەکات. بۆ وێنە بە پێی یاسای ١٩٥٩ له‌كاتی ناكۆكی له‌نێوان هاوسه‌راندا په‌نا بۆ رای یاسایی و دادگاكان ده‌بردرێت، به‌ڵام له‌ هه‌مواره‌كه‌دا ده‌سه‌ڵاتی ته‌واو به‌ مه‌زهه‌ب دراوه‌ نه‌وه‌ك دادوه‌ره‌كان! و توانا و ئیختیار لە دەڤەری مافخوازیی دەگوازێتەوە بۆ دەسەڵاتی مەزهەب. ھەروەھا ده‌بێ كچ و كوڕ پێش زەماوەند یه‌كێك له‌ مه‌زهه‌به‌كانی شیعه‌ یان سوننه‌ هه‌ڵبژێرن؟ لە حاڵێکدا کە ئەم باسەش دەبێت (تفتیش عقاید (inquisition) . پرۆسەیەک کە لەسەدەکانی ناوەڕاستدا لە لایەن کلێساوە هەڕەشەی لە گیان و سەر و ماڵی شارۆمەندان دەکرد.  بە پێی یاساكه‌ی پێشوو, ته‌مه‌نی ١٨ ساڵی بۆ زەماوەند( هاوسەرگیری) دیاری كراوه‌، ڕێگه‌ش نادات له‌ ده‌ره‌وه‌ی دادگاكان پرۆسه‌ی زەواج بکرێت، و ڕێگه‌ش به‌ هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ نادات. به‌ڵام له‌م هه‌مواره‌دا پشت به‌ ته‌مه‌ن نابه‌ستێت، و ڕێگه‌خۆشكه‌ره‌ بۆ زەماوەندی پێشوه‌خته‌. کارکردن وڕێگەپیدان تەنها بە ئەم چەند خاڵە کارەساتی لێدەکەوێتەوە. لە دوای ئەم هەموارکردنەش سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژییەکان دژی ژنان و منداڵان ڕێگەی پێدەدرێت. بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و چارەسەری کێشەکان پێویستە بەرنامەی یاسایی دابڕێژین و مکانیزم گەلێک چالاک بکەین کە بتوانێت بە تەواوەتی پاڵپشتی مافی ژنان ومنداڵان بێت.  هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراق، لەم سات و شوێنەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا , بە تایبەت لە دوای شۆڕشی ژن,ژیان ئازادی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کە جیهانی هەژاند, بە ڕاستی چ مانایەکی هەیە بێ ڕێزی کردن بە ماف و کەرامەتی ژنان نەبێت؟ عێراق وەک زۆرێک لە دەوڵەتانی جیهان پەیماننامەی مافی منداڵانی پەسەندکردوە و ئەو پەیماننامەیە وەک یاسا بەرپرسیاریەتی بەدواوەیە، کەواتە ڕێك وەک هەر یاسایەکی دیکە، ئەرك دەخاتە ئەستۆی دەوڵەتان، وەزارتخانەکان, سیستمی داد و مەحکەمە, سیستمی پەروەردە, شارەوانییەکان، کاربەدەستان و تەنانەت دایک‌وباوکی منداڵان و گەورەساڵەکانی تریش. هەروەها کۆنوانسیۆنی CEDAW کە ئەویش بەرپرسایەتی زۆر دەخاتە سەر شانی وڵاتان و عێراقیش بۆ پاراستنی ماف و ژیانی ژنان. هەموارکردنەوەی یاسای ۱۸۸ پشتکردنە لە هەوڵە نەتەوەییەکان و سڕینەوەی پرەنسیپە جیهانییەکانە کە بە هیچ شوێنێکمان ناگەیێنێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.