خاڵی چوونە ژوورەوەی کۆمۆنیستەکان بۆ دنیای ئەمڕۆ…عامر سابیر
خاوەندارێتی تایبەتی و بازار (بازاڕی ئازاد)، سیفاتی جیاکەرەوەی سیستەمی سەرمایەداری نییە لە سیستەمەکانی پێشوتری خۆی. بۆیە ناکرێ خاڵی سەرەکی چوونەژوورەوەی کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ بێت بۆ دنیا. هەرچەندە لە کۆمەڵگەیەکی سۆشیالیستیدا خاوەندارێتی سۆشیالیستی جێگەی خاوەندارێتی تایبەتی ئەگرێتەوە، بەڵام خاوەندارێتی تایبەتی و بازار، ناکرێ خاڵی سەرەکی ڕەخنەی کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆ بێت لە سیستەمی سەرمایەداری.
خاڵی سەرەکی چونەژوورەوەی مارکس بۆ دنیای سەرمایەداری، یان ڕەخنەی سەرەکی کرێکارانی سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان لە سیستەمی سەرمایەداری، ڕەخنەیە لە پەیوەندی نێوان کرێکار و خاوەنکار لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. واتە هەڵوەشاندنەوەی ئەوەی کە کرێکار هێزی بازوو یان بیری مێشکی وەک کاڵایەک بفرۆشێ بە خاوەنکار.
ئەم پەیوەندییەی بەینی خاوەنکار و کرێکار کە ئێستا لە سیستەمی سەرمایەداریدا لەهەر شوێنێکی کاردا هەیە، لە هەر کارگە و کۆگا و ئۆفیسێکدا هەیە، ئەم ڕێکخستنی پەیوەندییەی بەینی خاوەنکار و کرێکار کە لە پرۆسەی بەرهەمهێنان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکاندا پەیڕەو ئەکرێ، خەسڵەتێکی تایبەتە بە سیستەمی سەرمایەداری. ئەم ڕێکخستنی پەیوەندییەی ئێستا لە سەرمایەداریدا لە نێوان کرێکار و خاوەنکاردا هەیە، لە سیستەمەکانی پێش سەرمایەداریدا نەبووە، وە لە سیستەمی دوای سەرمایەداریشدا، واتە لە کۆمۆنیزمیشدا نامێنێ.
لە سیستەمی کۆیلایەتیدا، کۆیلە بە هەموو بوونیییەوە موڵکی خاوەن کۆیلە بووە، جا خاوەن کۆیلەکە (سەردار) ێک بووبێت یان دەوڵەت بووبێت. کۆیلە هێزی کاری نەدەفرۆشت و سەرداریش کرێی بە کۆیلە نەدەدا.
لە سیستەمی دەرەبەگایەتیشدا ڕێکخستنی پەیوەندی بەینی ڕەنجبەر و ڕەنجدەر بە شێوازێکی تر بوو. ڕەنجبەر (لۆرد، ئاغا، خاوەن زەوی) سەپاندبووی بەسەر جوتیاراندا (ڕەنجدەر) کە سێ ڕۆژی هەفتە ئیش بۆ ئەو بکرێ و سێ ڕۆژی تری هەفتەش ئیش بۆ خۆی بکات. وە ڕۆژانی یەکشەم یان هەینی، ڕۆژی پشووی بێت و بچێت بۆ کڵێسا و پەرستگا، تا لە خودا بپاڕێتەوە بۆی و تاعەتی بکات.
مێژووی بازاڕیش (بازاڕی ئازاد) هەزاران ساڵە و زۆر لە پێش سەرمایەدارییدا هەبووە و هەیە. کۆیلە لە بازاڕدا کڕین و فرۆشتنی پێوە ئەکرا. بازاڕی قەراغ گوند و حەوشەی کڵێسا، بازاڕی ناوەند و سەرای شار، شوێنی ئاڵوگۆڕ و فرۆشتنی پێداویستییەکان بووە، کە بۆ نموونە تیایدا هێلکە بە کراس گۆڕاوەتەوە، پەتاتە بە پێڵاو و ترێ بە گەنم و ….هتد.
لە ئەزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەردا، لینین لە 1923 دا، کە تا ئەوکاتەی توانای نووسینی هەبوو، نەی وت سۆشیالیزممان دامەزراندووە، بەڵکو بە سەرمایەداری دەوڵەتی وەسفی کرد بوو، لینین بەرچاوی ڕوون بوو، ئەیزانی کاری گەورەیان ماوە کە بیکەن، بەڵام ستالین لە 1928دا ڕایگەیاند کە سۆشیالیزم دامەزراوە و ئەوسەرمایەداریە دەوڵەتییەی دامەزرا بوو بە سۆشیالیزم وەسف کرد. ئەوان خاوەندارێتی تایبەتیان بە خاوەندارێتی دەوڵەت جێگرتەوە، وە بازاڕیان بە پلاندانان جێگرتەوە، بەبێ ئەوەی پەیوەندی کرێکار و خاوەنکار لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بگۆڕن. ئەوان لە مایکرۆ ئیکۆنۆمیکدا هیچیان بۆ نەکرا و نەیانتوانی پەیوەندییەکانی بەینی کرێکار و خاوەنکار لە شوێنی کاردا بگۆڕن. ئەوان تەنها ماکرۆ ئیکۆنۆمیان جێبەجێ کرد و پلانیان دانا و دەوڵەتیان کرد بە خاوەنکارێکی گەورە و چەوسانەوەی کرێکار و کڕینی هێزی بازوو و بیری مێشکی وەک کاڵایەک هەر لە جێی خۆیدا مایەوە.
هەروەک چۆن لە سیستەمی کۆیلایەتدا هەندێ کۆیلە، سەردارەکان خاوەنیان بوون، وە هەندێکی تر دەوڵەت خاوەنیان بوو، بۆ کەسی کۆیلە هیچ جیاوازی نەبوو کە ئەوەی وەک کۆیلە ڕای گرتووە کەسێکی سەردارە یان دەوڵەتە. لە ئەزموونی شۆڕشی ئۆکتۆبەریشدا بەوەی خاوەندارێتی تایبەتیان بە خاوەندارێتی دەوڵەت جێگرتەوە، هیچ گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی لە ژیانی کرێکاراندا ڕووینەدا.
گەرچی چینی کرێکاری ڕوسیا لە شۆڕشی ئۆکتۆبەردا لە لایەنی سیاسییەوە سەرکەوتوو بوو، وە دەسەڵاتی سیاسی گرتە دەست، بەڵام لە لایەنی ئابورییەوە شکستی خوارد و نەیتوانی پەیوەندییەکانی شوێنی کار لە نێوان کرێکار و خاوەنکاردا هەڵوەشێنێتەوە و ئەمەش بووە هۆی سەرەکی شکستی ئەو شۆڕشە مەزنە.
مەنسور حیکمەت لە باسی سۆشیالیزم لە یەک وڵاتدا ئەڵی “بەڕای من بناغەی سەرەکی شۆڕشی سۆشیالیستی، شۆڕشی ئابوورییە”. لێرەدا مەبەستی حیکمەت لە شۆڕشی ئابووری، واتە هەڵوەشانەوەی پەیوەندی کرێکار و خاوەنکار لە شوێنی کار و لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا. کە بەداخەوە ئەم شۆڕشە ئابوورییە لە ئەزموونی سۆڤییەتدا جێبەجێ نەکرا و ئەمەش شکێنەری بڕبڕەی پشتی ئەو شۆڕشە مەزنە و ئەو ئەزموونەی چینی کرێکار بوو لە ڕوسیادا.