نەجمەدین فارس : ئەوەی بەسەر ڕۆڵی ئێراندا هاتووە، گۆڕینی پێگەی سیاسی و سەربازی هێزەکانە بەسوودی پێگەی ئابووری و سەربازی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەری مارکسیست نەجمەدین فارس حەسەن سەبارەت بە ”دۆخی سیاسی عێراق و کوردستان لە ژێر کاریگەری روداوەکانی ناوچەکە، پرسی کورد و پەکەکەو موچە و رۆڵی چەپ و کۆمۆنیستەکان“
بۆپێشەوە: ئاڵوگۆڕەکانی ئەم ماوانەی دوایی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست… لەوانە لاواز بوونی پیگەی ئیران و هیزە نیابەتیەکانی، بەهێزبوونی پیگەی تورکیا، روخاندی رژێمی بەشار ئەسەد، بەرجەستەبوونەوەی پرسی کورد و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا…تاد، چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی عێراق و کوردستان هەیەو دەبێت؟
نەجمەدین فارس: ئەوەی هەتا ئێستا لەم ناوچەیەدا هەبووەو گوزەراوەو دەگوزەرێت، پەیوەندی بە دابەشکاری کارەکتەرە زلهێزە نێودەوڵەتییەکانەوە هەبووەو هەیە. هۆکاری ئەمەش کێشەو ململانێ ئابووریەکانی نێوان ئەم هێزە نێودەوڵەتیانەیە، کە لەڕووی ئابووری و تەکنۆلۆجی سەربازییەوە تواناو هێزگەلێکیان هەیە، پێویستی بە خوڵقاندنی جەنگ و کێشەی ناوچەیی دوور لەخۆیان هەیە. هەمیشە جەنگەکان درێژە پێدەری سیاسەتە ئابووریە لیبراڵی و ئەجندا سیاسیەکەیان بووە. جەنگەکان بەشێکی گەورەی بازرگانی و فرۆشتنی چەک پێکدەهێنن، پێکیانهێناوە. لەبەرئەوە جەنگەکان خەسڵەتی سیاسی سەرمایەداری لیبراڵییە، لە مێژووی درووست بوونی سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی، جەنگ پێناسی درێژەپێدەری سیستەمەکەی بووە، هەرئەوەشە کە زۆرترین جەنگ و خوێناویترینیان، پڕکوشتارترین جەنگەکان، هەر لە مێژووی سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی روویانداوە. نموونەکانیش زۆرن، وەکو هەردوو جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیە و جەنگەکانی پاش و پێشی ئەودوو جەنگەش و درێژبوونەوەی تا ئێستای بەجۆر و شێوازی جیاوازجیاوازن. تیرۆر و دروستکردنی گروپی جیاواز جیاوازی تیرۆریستی، بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵە، هەم وەکو تیرۆری ڕێکخراوی دەوڵەت و لەلایەکی تریش تیرۆری گروپە جیهانی و ناوچەییەکانە، خۆیان خوڵقێنەریین و بەڕێوەبەریشین. لەبەرئەوەی پێویستیە بۆ کرداری دادۆشین و هەڵوشینی سەروەت و سامانی ماددی و مرۆیی ئەم ناوچانە. دانان و مانەوەی درێژخایەنی هێزەسەربازییەکانییان و بنکەکانییان لەم ناوچانە، بەردەوام هۆکاری هێڵی گەرمی جەنگە ناوخۆییەکان وناوچەییەکان بووە. ئەمەش بۆ دوو هۆکار دەگەڕێتەوە، یەکەمییان ڕێگری کردن لە سەرهەڵدانی بزووتنەوەو خەباتی شۆڕشگێڕانەی پرۆلیتاریا لە ناوچەکەو جیهان، تێکدانی ڕەوتی خەباتی گۆڕانکاری و شێواندنی ژینگە و کاولکاری و وێرانکاری بووە بە درووستکردنی و برەوپێدانیان بە هێزەتیرۆریستە ئیسلامییەکان و گرووپە تیرۆریستیە جیاوازەکانی تر. دووهەمیان، لەپێناوی هێشتنەوە، یان گۆڕانی ئەو دەسەڵاتانەی خۆیان دایان مەزراندوون و دایاندەمەزرێنن بەبەرژەوەندی خۆیان. هەروەکو چۆن لە ڕابردوودا ئەندامانی دەسەڵاتی ئێستا لە سوریادا، تیرۆریست بوون، ئێستا ڕیشدارە تیرۆریستەکانی دەسەڵاتی سوریا، پیاوی بەڕێوەبردنی ئەو دەوڵەتەن کە خۆیان دەیانەوێت، ئاسانکاری زۆریان بۆدەکەن تا دەسەڵاتی ڕیشدارەکان درێژەی هەبێت، بە بەرژەوەندی ئابووری هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان پشتیوانییان لێدەکەن. ئەمەش سەلمێنەری ئەوەیە کە هێزی تیرۆری ڕێکخراوی دەوڵەت و هێزە تیرۆریستە لۆکاڵی و ناوچەیی و جیهانییەکان، ئەندامەکانی یەک خێزانن لە سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵ.
لەمەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە ئەوەی بەسەر ڕۆڵی ئێراندا هاتووە، گۆڕینی پێگەی سیاسی و سەربازی هێزەکانە بەسوودی پێگەی ئابووری و سەربازی زلهێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان. لەڕابردوودا پێ لێڕاکێشانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا، دروستکردنی هیلالی شیعی بەمەبستی دوورکەوتنەوەی جەنگ لەخۆی و کردنی جەنگی بە بریکاری لەلایەن گرووپ و دەوڵەتەکانی کە ئەجێندای شیعەگەرایی دەیبردن بەڕێوە. کاریگەری نەرێنی دادەنا لەسەر ئەم ناوچەیەی کە لەڕووی پێگەی وزەی جیهانییەوە ڕێژەی زیاتر لە سەدا چلی وزەی جیهانی لە خۆگرتووە، دروستکردنی کێشە بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی وزە، کاریگەری لەسەر پرۆسەی بەرهەمهێنانی وڵاتە بەرهەمهێنە گەورەکانی جیهان دەکات.
ململانێی نێوان ئێران و زلهێزەکان وە بەتایبەتیتر ئەمریکا، دەوڵەتی ئێران بۆ ئەمریکا و بۆ زلهێزەکان دوو ڕووی هەبووە وە هەیە، ڕوویەکیان هۆکاری بازاڕکردنە بۆ چەکی سەربازی، کە توانیویەتی لە نێوان ساڵەکانی 2005 تا ٢٠١٠ بایی ٦٠ شەست ملیار دۆلار چەک تەنها بە سعودیە بفرۆشن. ئۆبامای سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا وتی بەهۆی فرۆشتنی ئەو بەهایە لەچەک لە ماوەی چوار ساڵدا ٥٧٠٠٠ پەنجاوحەوت هەزار هەلی کاری رەخساندووە. نوێترین بازاڕی چەک ئەو بڕە لە چەک فرۆشتنەی ئەمریکا بوو بەسعودییە، کە بەهاکەی ١٤٨ملیار دۆلار بوو لەساڵی ٢٠٢٥دا. ئێران و باڵەکانی لە ڕابردوودا، هۆکاری چەک فرۆشتنی ئەمریکاو وڵاتانی بەرهەمهێنی چەک بوون بە وڵاتانی کەنداو و دەورووبەریان. ئێران لە سیاسەتی ناوچەکەدا، لەم ڕووەیانەوە وەکو گورگەکەی بزنەکەی هەیاس پیشاندراوە، ئێستاش لەڕێگەی پەلوپۆکردنیەوە کراوە بە بزنەکە. نە دەیەڵن قەڵەوبێت و نەوای لێدەکەن بمرێت. لەبەرئەوەی لەم ڕووەیانەوە ئێران جیۆسیاسیەکەی وای کردووە کە ڕێگربێت لەبەردەم دەوڵەتی ڕوسیادا هەتا بگات بە ئاوی گەرمی خلیج. لە پێویستی قۆناغی ئێستای ڕووسیا و ئێران، وادەردەکەوێت هاوپەیمانێکی گەورەی یەکترین، لەپێناوی هاوسەنگی ڕاگرتنی هێزەکانیان لە ناوچەکانیان و لەسەر ئاستی جیهانیش، هەریەکەیان لەو ڕووەوە، دەوڵەتی ڕوسیا و ئێران سوود لەیەکتری وەردەگرن، بەڵام هاوپەیمانییەکی ڕکابەریشن.
لاوازبوونی ئێران، واتای لاوازبوونی هێزە ملیشاییەکەی شیعە لە عێراقدا، هەروەها لاواز بوون و هەڵوەشانەوەی ئەجێنداو پرۆژەکانی شیعەگەرایی و دەسەڵاتەکەیان، لەگەڵ دەرەوەی مەزهەب و نەتەوەکەی خۆیان لەگەڵ پێکهاتەو ئیتنیە جیاوازەکانی ناو عێراق، هەڵوەشانەوەی پرۆژەی فراوانخوازی ئێران لەناوچەکەدا. لەم ڕووەوە ئەگەری بەهێزبوونی پێگەی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی کورد هەیە بەرامبەر بە حکومەتی ئۆلیگارشی فیدراڵی عێراق. هەروەها عێراق، ناتوانێت ببێتەوە بەدەوڵەتێک کە هەژموونی خۆی بسەپێنێ بەسەر دەوڵەتانی ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوودا، کەوەکو لە ساڵەکانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەیبوو. بەڵام هەموو ئەمانە خێری بۆ دانیشتوانی عێراق و هەرێم تێدا نییە. هاتا دێت کۆمەڵگەی عێراق و هەرێم مل بەهەژاری و نەداری زیاترەوە دەنێت.
بەڵام لەلایەکی ترەوە ئەگەر پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا بەڕووی ئەرێنیدا بڕوات و مافی سیاسی بۆ کورد فەراهەم بکرێت، ئەوا پێگەی دەسەڵات و سیستەمی سیاسی مۆدێڵی فیدراڵی لە عێراقدا سەقامگیرتر دەبێت. ئەگەری ئەوەش لە ئارادا دەبێت کە ئێرانیش گۆڕانکاری لە شێوەو ناوی دەوڵەتەکەیدا ڕووبدات بەئاڕاستەی فیدراڵی ئێتنیە جیاوازەکانی ئەو ووڵاتە.
بۆپێشەوە: بە پشت بەستن بەپەیام و بریاری ئۆجەلان پەکەکە بڕیاری چەک دانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆیدا، چۆن دەروانە ئەم هەنگاو و بڕیارەی پەکەکە… ئەمە شکستێکی تری بزوتنەوەی کوردایەتییە یان وەرچەرخانێک و گۆڕینی شیوازی خەباتی پەکەکەیە؟
نەجمەدین فارس: لە بەشی کۆتایی پرسیارەکەوە، دەست بەوەڵام دانەوەی دەکەم. چونکە گرنگە پێشتر بزانیین ئەم هێزە چەکدارە، هێزگەلێکی نەتەوایەتییە، یان بزووتنەوەیەکی چەکداری ڕووتی گەریلاییە؟ بێگوومان ئەو بزووتنەوە چەکدارییانەی کە لە مێژووی کوردا هەبووە، ناتوانییت پێیان بووترێت، بزووتنەوەی ڕزگاری نەتەوەیی، یان نیشتمانی کورد. لەبەرئەوەی هیچ کاتێک ئەو بزووتنەوە چەکدارییانە، هەڵگری پەیامی نەتەوایەتی نەبوون، لەناو بازنەی بەرژەوەندی دەرەبەگایەتی یان ناوچەگەرێتی، یان بەرژەوەندیخوازی شێخانە و خێڵەکییانەی تەسک و کەسێتی تاکی سەرکردەی هێزە چەکدارییەکەدابووە. ئەوانەی کە بەشدار بووبن لە بزوتنەوانەیەدا و خوێندەوارییەکیان و ڕۆڵێکییان هەبووبێت، لە حوجرەو ناوەند و دامەزراوە ئایینیەکانی سەردەمی خۆیان خوێندەواری فێربوون، بارگاوی بوونییان بە فێربوونە ئایینیەکان، نەیهێشتووە سەروسامان بدات بە دروست بوونی بیرێکی نەتەوایەتییانەی کوردییانە. وە هۆکارێکی تری گرنگی نەبوونی بیری نەتەوایەتی، پێگەی کۆمەڵایەتی و گەشەنەکردنی ئابووری و دروست نەبوونی ئابووری سەرمایەداریە لە جوگرافییای نیشتەجێبوونی کورد. لەبەرئەوەی بیری نەتەوایەتی لە گۆڕانی کۆمەڵی دەرەبەگایەتییەوە بۆ سەرمایەداری هاتووەتە دروست بوون، سەرمایەداری سەرەتاو دەست پێکردنی شکڵ و شێوەدانە بەبیری نەتەوایەتی لە ئەوروپادا. کورد قۆناغی خێڵەکی و شوانکارەیی لە پێشتردا تێ نەپەڕاندبوو، وەهەروەها تا ئێستاش بیری خێڵەکی و شوانکارەیی درێژەی هەیە و هەتا ئەم سەردەمەی ئێستامان لە ناو زۆرێکی زۆری حیزبەکان، و بەناو ڕۆشنبیرەکانیش. لەبەرئەوە گومانم هەیە کە بیری نەتەوەیی لە ناوکورددا گەشەی کردبێت و شکڵی گرتبێت یان هەر هەبێت. دوای ئەوە بیری نەتەوایەتی لە ئەوروپا و جیهاندا، چی خێرێکی بۆ مرۆڤایەتی هەبووە؟! بێجگە لە دروستبوونی فاشیزم و نازیزم و ئاپارتایت، کە هۆکاری کوشت بڕو هەتککردنی جنسی مرۆڤایەتیە لەسەر ڕووی زەویی.
لێرەوە، بگەڕێینەوە سەرباسی بیری نەتەوایەتی لەلای ئۆجالان، بۆ دەڵێم ئۆجالان لەبەرئەوەی ئەوەی لە پەکەکەدا دەگووزەرێت، دامەزراوەیەکی فکری کە چەند کەسێک تییایدا بنووسن و بیربکەنەوە بوونی نییە. تەنها ئۆجالانە بیرییان بۆ دەکاتەوەو بڕیار دەدات. بەشێکی زۆری ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە ڕەگوڕیشەی لەناو میندنتالێتی خێڵەکی تاکڕەوانەی بڕیاردانی سەرۆک خێڵێکدا هەیە و بەرجەستە دەبێت. ئۆجالان بەچەند ویستگەیەکدا تێپەڕیکردووە تا گەیشتووە بە بەم جۆرەبیرکردنەوەیەی کە لەژێر چەتری کۆنفیدراڵی دێموکراتیی بەیانی دەکات، بەخش دەکرێت بەسەر ئەندامانی پەکەکەدا. چۆن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، پەکەکە و بەتایبەتتر ئۆجالان ئەیانووت پێش ئەوەی هەرشتێک بیت، کوردبە، ڕەگوڕیشەی ئەم بۆچوونە هی ئازاد مستەفای پارتی پاسۆک بوو، ئاواش سەرچاوەی بیری ئێستای ئۆجالان تێروانین و بیری مۆرەی پۆکجینە. بەڵگەی ئەمەش ئەو نامە گۆڕینانەوانەی نێوان کۆتاییەکانی ژیانی مۆرا و ئۆجالانەوە بوو لەڕێگەی چەند ڕۆژنامەوانێکی ئەوروپییەوە. بناغەی ئەو فکرەیەش دەچێتەوە سەر لیبرتارییەکان، ئەمانیش دوو باڵی تا ئاستێک جیاواز لەیەکتریان هەیە. باڵێکییان بڕوایان بەوە هەیە کە بۆ جێکەوتەکردنی دادپەروەری لە بازاڕو لە نێوان مرۆڤەکاندا ئەڵێن پێویستە دەوڵەت بەشێوەیەکی بەشەکی دەستی هەبێت لەو پرۆسەیەدا، ئەمانە باڵی مینارکییان پێ دەوترێت. باڵی ئانارکییەکەشی، بڕوایان بەهیچ بەشدارییەکی دەوڵەت نییە بۆ هیچ کارو فەرمانێک. ئەمان پێیان دەوترێت لیبرتارییە ئانارکییەکان مۆرەی پۆکجین یەکێک لەوانەیە. کۆنفیدراڵی دێموکراتی، بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە و پێکەوەگرێدانی پشتی بە دامەزراندن و پێکهێنانی پەیوەندی کۆنفیدراڵییانەی نێوان کۆمۆنی بچوکی گەڕەک و ئەنجومەنە جیاوازەکانی پێکهاتە جیاوازەکانی شارەوانی شارو لادێکان دەبەستێت. کۆمۆنالیزمی دێموکراتی ئێستای بیری ئۆجالان، پشت بە خواست و بیری نەتەوایەتی نابەستێت، ئەمەش وای کردووە کە ئەم جۆرە هەڵوێستەی لەبەرامبەر دەوڵەتی تورکیا، و پرسی نەتەوەی کوردا هەبێت. کۆنفیدراڵی دێموکراتی، پرۆسێسکردنی دێموکراسی ڕاستەوخۆیە، وەکو ئەوەی کە لە یۆنانی پێش زایندا بەیان دەکرا. پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەمە لەسەردەمی بوونی دەوڵەت و دەوڵەت نەتەوەدا ئیمکانی جێبەجێکردنی هەیە؟! بێگوومان نەخێر، لەبەرئەوەی بوونی دەوڵەت، هۆکارە بۆ هەڵوەشانەوەی دێموکراسی ڕاستەوخۆ لەلایەک و ئەو جۆرە سۆشیالیزمەی کە ئەم ڕێبازە ئانارکییە گرتوویەتەبەر. خەیاڵپڵاوی ئەوەیە کە پێت وابێت سۆشیالیزم بە هەموو باڵەکانییەوە، لەچوارچێوەی دەوڵەتدا جێبەجێ دەبێت وەکو ئەوەی کە ئێستا ئۆجالان بەیانی دەکات. دەوڵەت نەتەوە هەرچەندە قێزەون و بەدڕەفتارە، بەڵام هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ئەم هۆکارانە وادەکات، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا سیاسەت و جیاکاری شۆفێنییانەو ئاپارتایدی ڕەگەزی نەگۆڕێت، ئەوا چونەپێشەوەی چارەسەری پرسی نەتەوایەتی مەحاڵە. هەروەها گۆڕینی دەستووری تورکیا و هەڵوەشانەوەی دەوڵەت لەئێستادا مەحاڵەو ئیمکانی نییە. هەروەها سیاسەت و میتۆدی دەوڵەتی تورکیا، ناتوانێت کۆنفیدراڵی دێموکراسی پەیڕەوبکات. لەبەرئەوە بۆ ئەم قۆناغە پرسی نەتەوایەتی کۆتایی پێ نایەت. پەیامەکەی ئۆجالان، ناتوانێت چارەسەری پرسی نەتەوایەتی کورد بکات. لەبەرئەوە ئەم مۆدیلەی خەباتی پەکەکە لەچارەسەری کێشەکاندا ڕوو لەشکستە، ئەگەر گۆڕینی شێوازی خەباتیش بێت، لەبەرئەوەی دامەزراندنی کۆنفیدراڵی دێموکراسی و بەرجەستەکردنی دادپەروەری و یەکسانی پێویستی بە نەمانی دەوڵەت و سیستەمی دەوڵەتداری هەیە لەهەموو جیهاندا.
بۆپێشەوە: چەکدانانی پەکەکەو خۆهەڵوەشاندنەوەی چ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەری پرسی کورد دەبێت لە تورکیا؟
نەجمەدین فارس: تا ئاستێکی باش لە وەڵامی پرسیارەکەی پێشترتاندا وەڵامیم داوەتەوە. بەڵام ئەوەی لەم پرسیارەدا بۆ من گرنگە ئەوەیە کە ئایا خەباتی گەریلایی و چەکداری ئەتوانێت پرسەکانی وەکو پرسی نەتەوایەتی یەکلا بکاتەوە؟! بۆ ئەم حاڵەتی چەکدارییە دوو لایەنی هەیە، یەکەم: هێز نواندنی چەکدارییە لە بەرامبەر دەوڵەتدا، لەئێستادا ناوزەند دەکرێت بەکاری تیرۆریستی، دەوڵەت ئەتوانێت ڕووی ڕاستەقینەی خەبات ئەگەر هەبوو بە ئاڕاستەی کاری تیرۆریستی ناوزەند بکات و ڕووی ڕاستەقینەی ماف و داخوازییەکان بگۆڕێت بەوەی هێزێکی تیرۆریستی دژە سیستەم و مافی مرۆڤەکانی جاڕنامەی گەردوونییە (لەسیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی شتێک نییە ناوی مافی مرۆڤ بێت). دووەم: هێزی چەکداری زۆرجار لە پرۆسەی ئەنجامدانی کارەکانیدا، هەلومەرجی نەخوازراوی لێ دەکەوێتەوەو ئاڕاستەی ماف و داخوازییەکان بەئاقارێکی تردا دەبات. هۆکاری دوورکەوتنەوەی خەباتی ئامانجدارە بەئاڕاستەی گۆڕانی بنەڕەتی، بۆ ئاڕاستەیەکی شێواوی ناجۆرو بازرگانیکردن بە چەک و گیان و جەستەی مرۆڤ و کوشت و بڕی ناڕەوای ناشیرین و بێ ئامانج، هەروەکو ئەوەی لە ڕابردوودا ڕوویانداوە. بەشێکی درێژەپێدانی جەنگی چەکداری لە نێوان کورد و دەوڵەتی توورکیادا، هۆکارەکەی بازرگانییەکی قازانجهێن بووە بۆ پلەدارانی باڵای سەربازی تورکیا بە گیان و چەک و کەلوپەلی سەربازییەوە.
هەندێک حاڵەت لە ڕابردووی سەدەی پێشودا نەبێت، هێزی چەکداری نەیتوانیوە چارەسەری ڕزگاری گەلان و کێشە ئیتنیەکان بکات. گەشەی ئابووری سەرمایەداری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیای سەربازی و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بەرهەمهێنانی چەکدا، باری هێزەکانی بەلای هەردوولای بەهێز و بێهێزدا گۆڕییوە هەتا ئاستێک هێزی بچووک و گەورەی نەهێشتووە. کێ خاوەنی زیرەکی دەستکردە، خاوەنی هێزە. لەبەرئەوە چەکدانان یان چەکدار بوون لەئێستادا، ناتوانێت چارەنوسی پرسەکان بەتاییبەتتر پرسی نەتەوایەتی یەکلایی بکاتەوە. چارەسەری پرسی کورد، لەڕێگەی بڕوابوونی هێزە کاریگەرەکان و ئەندامانی کۆمەڵگە و کارەکتەرەسیاسیەکانە کە کاریگەریان هەیە لە ئێستای دەوڵەتەکاندا، چارەسەری پرسەکە بەوە دەکرێت کە بڕوایان بەوە هەبێت کە هەموو هێزو ئیتنیە جیاوازەکان یەکسان و هاوتان لە ئەرک و مافدا. سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری دادپەروەرانەو یەکسان بۆ هەمووان فەراهەم بکەن و بکرێت. پێم وانییە سیستەمی ئێستای دەوڵەتەکان، بتوانن یان بییانەوێت ئەوە بەئەنجام بگەیەنن. لەبەرئەوەی بوونی کێشەی بەردەوام، چ ئابووری بێت یان ئیتنی بێت، هۆکاری درێژەدان دەبێت بە مانەوەی سیستەمی ئێستای سەرمایەداری لیبراڵی. لەبەرئەوە وای بۆ دەچم کە چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی بەئەنجامی ئەرێنی وەکو ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە تورکیا خواستیەتی نەگات.
چارەسەری کێشەی نەتەوایەتی بەبڕوای مارکسیستەکان و کۆمۆنیستە زانستیەکان لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی سۆسیالیستی بی چین و توێژ و بێ دەوڵەتدا بە ئەنجامی بنجبڕی خۆی دەگات.
بۆپێشەوە: ململانێی نێوان دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد، لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی لە عێراقدا، ریشەی لە چیدایە؟ ئایا ئەمە ئاکامی فیدرالیزمی قەومییە یان وەکو بەشێک لە سەرانی حزبەکانی دەسەڵات دەڵێن، پاشگەزبوونەوەی بەغدایە لە دەستور و فیدرالیزم؟
نەجمەدین فارس: ململانێی نێوان ئۆلیگارشی کورد و ئۆلیگارشییەکانی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، بۆ خۆڵکردنە چاوی کرێکاران و چەوساوەکان و توێژەکانی تری سەرتاسەری کۆمەڵگەی عێراقە، لە پێناوی درێژەدان بەدەسەڵاتی چەوسێنەری توێژێکی جەردەو ڕاووڕوتکەری هەردوولا. ئەم جۆرە ململانێیانەی نێوانیان، پیشاندانی ڕووی بەناو نەتەوەیی و نیشتمانییانە بۆدەنگدەر و هاووڵاتیان و موچەخۆرانیان گوایە ئاوا داکۆکی لە مافەکانیان دەکەن. گەرمکردن و پەمدانی گڕی بەناو ناسیونالستیانەیانە لەبەرامبەر یەکتردا. بەخاتری خۆڵکردنە چاوی کرێکاران و زەحمەتکێشان و توێژەکانی تری کۆمەڵگەیە، بۆ خستنە سەرڕێگای دژایەتی کردنی یەکتری نێوان چینە چەوساوەکانی سەرتاسەری عێراقە، لادانییان لەڕەوتی خەباتی یەکگرتوویی چینایەتی دژی دەسەڵاتی ئۆلیگارشیەکانی هەرێم و بەناو حکومەتی عێراق. هاڕینی خواست و خەباتی چینایەتییەو هەژارکردنی زیاتریانە بە قازانجی سەرمایەداران و مانەوەی خۆیانە لە دەسەڵاتدا.
کێشەکە لەبوونی فیدرالیزمی نەتەوەیی یان نا نەتەوەیدا نییە، بەڵکو کێشە لە خودی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەو سیستەمی کاری بەکرێیە. سیستەمی سەرمایەداری لیبراڵی و کاری بەکرێکەی، ناوەڕۆکی پەیوەندیەکانی لەسەر بناغەی ململانێ بەندە، بەشێکی گرنگی ململانێیەکی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەکەی. هۆکارە بۆ درێژکردنەوەی بەرەنگاری سەرمایەداری لیبراڵی دژی دژبەرەکەی لەڕێگەی ئەوجۆرە ململانێیە درۆزنانەیەی ئۆلیگارشی کوردو عەرەب لە عێراقدا. هەروەها هاڕینی خواستی و ویستی مێژوویانەی چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگەیە لە نێوان هەردوو بەرداشی ئۆلیگارشی ڕاووڕوتکەری کوردو عەرەب.
بمانەوێت و نەمانەوێ، لەناو لایەنە شیعە مەزهەبەکان و نەتەوەپەرستەکانی عەرەبدا، لەهەردوو ڕووی ئاینی و مەزهەبی و نەتەوەییەوە، بڕوابوون بە مەرکەزیەت زیاترە، وەکو لەوەی بڕوایان بە بەوەبێت کە ئەوانی تر وەکو خۆیان سەیربکەن و چاولێ بکەن. ئەو مافەی کە بۆ بوونی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان دەبینن، بۆ ئەوانی تریشی ببینن و پێ بزانن. ئەمەش ڕیشەو سەرچاوەکەی بۆ ئەو ماکە دەگەڕێتەوە کە بیری ئایینی و مەزهەبی و نەتەوایەتی هەڵیگرتووە. درووستکردنی هەموو ئەو ململانێیانەیە.
پەیوەند بە گۆڕینی شێوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، بەڵام ئەگەر ئەوانیش بڕوایان بەفیدراڵی نەمابێ، بەپێی دەستوور ئاسان نییە، لەبەرئەوەی دەستووری عێراق لەڕووی شێوەی هەموارکردنەوە، دەستوورێکی جامدە، ناتوانرێت لەڕێگەی ئەو جێبەجێکردنانەوە ئەنجام بدرێت کە دەستوورێکی ئاسایی و مەرن لە ڕووی هەموارکردنەوە هەیەتی. لەبەرئەوەی هەر هەموارکردنێک لە دەستووری عێراقی ٢٠٠٥ دا، بەپێی بڕگەی (٤) چوار لە ماددەی ١٤٢ ئەگەر دوو لەسەر سێی دانیشتوانی سێ پارێزگا لە ڕاپرسی گشتیدا دەنگیان بە نەخێر دا، ئەوا هەموارکردنەکە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئێستا هەرێم بووە بە چوار پارێزگا، لەبەرئەوە زۆر قورسە بەڕێگایەکی ئاسایی گۆڕینی شێوەی بەڕێوەبردنی فیدراڵیانەی دەوڵەت لە عێراقدا. بێجگە لەوکاتانەی کە کودەتای سەربازی یان شۆڕشی کۆمەڵایەتی ڕووبدات. هەموو ئەو قسانەی کە سەرانی ئۆلیگارشی هەرێم و ئۆلیگارشییانی دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ دەیکەن، شێوازێکی تری بەکارهێنانە بۆ هاڕینی پەیوەندی چینایەتی چینی کرێکارو زەحمەتکێشان لەسەرتاسەری عێراقدا، لەپێناوی درێژەدان بەم جۆرە دەسەڵاتەی هەرێم و حکومەتی فیدراڵە. ئۆلیگارشی دەسەڵاتداری هەرێم کارێکی کردووە بەبرسیکردنی مووچەخۆران و چین و توێژەکانی خوارەوە، دانیشتوانی هەرێم بڕوایان بەدەسەڵات و هەرێمایەتی هەرێم نەمێنێت. واتە شێوازی فیدراڵیەت یان دەوڵەت نەتەوە ناتوانێت تۆزێک لە ئازاری ماندووبوون و چەوسانەوەی ماددی و کاری بەکرێ کرێکاران و زەحمەتکێشان کەم بکاتەوە.
بۆپێشەوە: فەرمانبەرانی کوردستان، لە ململانێی نیوان بەغدا و هەرێمدا، قوربانی سەرەکین، هۆکاری درێژەکیشانی گرفی موچە چییە و کێ بەرپرسیارە، دەسەڵاتی بەغدا یان دەسەڵاتی هەرێم یان هەردووکیان؟
نەجمەدین فارس: درووستکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەپێناوی برسیکردن و داخزانی ئەو توێژەی کۆمەڵگەیە بۆ چینە هەژارەکەی کۆمەڵگەی هەرێم. هەر وەکو ئەفلاتون دەڵێت: لەسیستەمی ئۆلیگارشیدا، یاسایەک دادەنرێت مەرج بوونی ئیمتیازی ئۆلیگارشی بوونە، ئاستێک لەسەروەت و سامان دیاری دەکەن، تیایدا چەند زیاتر بوو ئۆلیگارشیەت بەهێزتر دەبێت، وەئەگەر ئاستێکی لە خوارتری هەبوو ئەوا ئۆلیگارشیەت بێهێز دەبێت. وە هەموو ئەوانە بێ بەش دەکەن لە بەڕیوەبردنی ئەرک و ئامانجی گشتی کە سەروەتەکەیان ڕیگەیان پێ نادات بگەنە ئەو ئاستە لە ئۆلیگارشی. هەموو ئەمانەش بەهێزی چەکدار جیبەجێ دەکەن، هەتا ئەگەر دەستوورەکەشیان ڕێگەشیان پێ نەدات، ئەو جۆرە لە تیرۆر بکەن. دەسەڵات و دەوڵەتی ئۆلیگارشیەکان لەبنەڕەتدا دەبێت بە دوو دەوڵەت لەسەر یەک زەوی، یەکێکیان هی دەوڵەمەندەکانە و ئەویتریان هی هەژارەکان. بەبەردەوامی ئۆلیگارشیەکان فێڵ و پیلان لەدژی ئەوانی تر دەگێڕن. وا لە مرۆڤەکان دەکات هەموو شتێکیان بفرۆشن و ئەوانی تر بەدەستیان بهێنن و ئەمەش سیفاتی بەهەژاری بوونی تەواوەتی بۆ ئەو بەشەی کۆمەڵگە بەدەست دەهێنێت. ئێستا ئۆلیگارشیەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ لە سەردەمی لیبراڵیزمدا ئەوە جێبەجێ دەکەن. سیستەمی لیبراڵیزم دەست لە هەموو خزمەتگوزاریەک دەکێشێتەوە و خۆی وەکو پاسەوان ئەسەپێنێ، بەڵام پاسەوانێکی ڕەوشت دز، هەر خەریکی ڕاووڕووت و دزینی بەرهەم و توانای هاووڵاتیەکانییەتی. حکومەتی فیدراڵ مووچەی موچەخۆران وەکو سیاسەت بەکاردەهێنێت بۆ چاوبەستکردنی هاووڵاتیەکانی و لە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەکاری دەهێنێت، بەدڵسۆزی سەروەت وسامانی عێراق خۆی پێ دەنوێنێت، خولێکی تر درێژە بە ژیانی دەسەڵاتی دەدات. ئۆلیگارشیانی دەسەڵاتی هەرێمیش، وەکو مەوقفی نەتەوەیی پیشانی دەدەن گوایە دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵ قوتی مووچەخۆران دەبڕێت، ئەم بابەتەش دەکات بە هۆیەک بۆ ئەوەی بتوانێت جارێکی تر ئەو هەوادارییەی کە بۆ مانەوەی هەرێم بۆ حیزبە بۆگەن کردووەکانیان کەمی کردووە بیگێڕنەوە شوێنی خۆی و کۆیلایەتی و بازرگانیەکەیان لە هەرێمدا بەردەوامی و درێژە پێ بدەن. لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕوونکردنەوەیەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە، هەردوولای هەرێم و حکومەتی فیدراڵ دووڕووی یەک دراون، لەپێناوی هەژارکردنی چین و توێژەکانی دەرەوەی ئۆلیگارشییەکانی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ.
بۆپێشەوە: ڕێگاچارەی پرسی موچە چییەو فەرمانبەران چ رۆلێکیان دەکەوێتە سەرشان بۆ کۆتاییهێنان بەم گرفتە؟
نەجمەدین فارس: لە سایەی ئەم جۆرە دەسەڵاتانەی کە لێرە هەیە، مووچەخۆران بەبەردەوامی ژیان و مووچەکانیان لەبەردەم هەڕەشەدایە. هەر وەکو لە وەڵامی پرسیاری پێشودا بەیانم کرد. کۆتاییهێنان بەو کێشەیە پێویستی بەگۆڕانی سیستەمی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەوە هەیە. سیستەمی کاری بەکری و سەرمایە، لەسیستەمی سەرمایەداری لیبراڵیدا، بگۆڕێت بە سیستەمێکی ئابووری کۆمەڵایەتی بێ چین و توێژەکۆمەڵایەتیەکان، کە تییایدا مرۆڤەکان هەرکەسە بەپێی تواناکانی ئیش بکات، هەرکەسەش بەپێی پێویستی بەدەستهاتووەکانی سەردەمەکەی دەستبکەوێت. بەبڕوای من بێجگە لەمە هیچ چارەیەکی تر، ناتوانێت ئەوکێشەیەو کێشەکانی تریش چارەسەری بنجبڕیان بۆبکرێت. چونکە لەوکاتەدا هیچ کەس ناتوانێت یاری بە ژیان و قوتی مرۆڤەکان بکات، هەمووان بەهاوبەشی کارو ژیانیان بەڕێوەدەبەن. ئەگەر چارەسەری کاتی بێت و هێزێکی ڕێكخراوی شۆڕشگێر لە ئێستادا بوونی نییە، خۆپیشاندانی بەردەوام و ڕێکخراوی هەموو چین و توێژەکانی دەرەوەی دەسەڵات و بەناو حیزب و هێزە ئۆپۆزسێۆنەکانی عەقڵیەت دۆنکیشێۆت ئاسا خۆیان کردووە بەپاڵەوان، ڕێکخراو بکات. لەسەرتاسەری هەرێم ئەوە دەخوازێت، داخوازی و سەپاندنی گەڕانەوەی سەروەت و سامانی سەرزەوی و ژێر زەوی دزراو، لەلایەن دەسەڵاتی ئۆلیگارشی هەرێمەوە، ئەگینا هیچ چارەیەکی تر نییە، لەبەرئەوەی درێژە بەم هەلوومەرجە دەدەن لە ئەنجامی بێدەنگی مووچەخۆران. بەبڕوای من خۆپیشاندانەکان دەبێت ئامانجی سەرتاسەری ڕوون و دروستی شیاوی ژیانێکی سەردەمییانەی بۆیان هەبێت.
بۆپێشەوە: لەناو جەرگەی ئەو ئاڵوگۆڕانەی لە ئاستی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا دەگوزەرێت، چۆن دەڕوانە ئاییندەی سیاسی کوردستان؟
نەجمەدین فارس: لەئێستادا بە هۆکاری ئەوەی کە هێزێکی شۆڕشگێڕی کۆمۆنیستی زانستی بوونی نییە، دەسەڵاتی ئۆلیگارشی هەرێم، درێژکراوەی سیستەمی ئۆلیگارشی سەرمایەداری لیبراڵی جیهانییە، ئایندەی سیاسیەکەی، پەیوەستە بە سیاسەت و ئامانجی زلهێزەکانی جیهانەوە. هەر گۆڕانکارییەک بێتە پێشەوە، لەوە دەچێت هەرێمی کوردستان بەشێکی بێت لەو گۆڕانکاریانە. لەبەرئەوەی هەر گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە و دەوروبەردا ڕووبدات، ناکرێت هەرێم وەکو خۆی بمێنێتەوە، گۆڕان لە جیۆسیاسی ناوچەکە، ئەگەری فراوانکردنی جوگرافیای هەرێم زیاترە، لەبەرئەوەی کورد بەسەر چوار وڵاتدا دابەش بووە، کە گۆڕانکاری ڕووبدات لە ناوچەکەدا ئەو چوار وڵاتە دەگرێتەوە، چونکە ئەو جوگرافیایەی کە کوردی تیادا دەژی، سنوورەکانی بەیەکەوەیەو ئەو جوگرافیایەش دەتوانێت گۆڕانی جیۆپۆلەتیکی ناوچەکە بگۆڕێت. لەلایەکی تر ئەو جوگرافیایەی کورد کە تیایدا دەژی، سەرچاوەیەکی زۆروو زەبەندی وزەی تێدایە لە نەوت و گازی سروشتی و هەروەها میتاڵی زۆری جۆراوجۆری قازانج گەیەنەر بە سیستەمی دەوڵەتە زلهێزەکانی سەرمایەداری لیبراڵی جیهانی. گۆڕانکارییەکان لەڕووی خزمەتکردنی مرۆڤایەتیەوە ڕوونادەن، ئەوەی چاوی لێدەکرێت گەیاندنی قازانجە بە سەرمایەی جیهانی. لەبەرئەوە بە بڕوای من هەرێمی کوردستان ئەگەر فراوان نەکرێت، ئەوا لە ناویش نابرێت، ئەبێتە ناوەندی چەوسانەوەی هاووڵاتیەکانی و هەژار کردنیان، سوودو قازانج بۆ ئۆلیگارشی سەرانی هەرێم و جیهان دەبێت، بەشمەینەتیش بۆ چین و توێژەکانی خوارەوە. لەبەرئەوەی هێزێکی شۆڕشگێڕی ڕیکخراوی گۆڕانکار لە ناوچەکە و هەرێمدا بوونیان نییە، هەر گۆڕانکارییەک ببێت بە سوودی کرێکاران و زەحمەتکێشانی ناوچەکەو هەرێم نابێت.
بۆپێشەوە: چ ئەرکێک دەکەوێتە سەر چەپ و کۆمۆنیستەکان، لە دۆخی ئیستادا و دەبێ هەڵگری چ پلاتفۆرم و نەخشە رێگایەک بن، بۆ ئەوەی ببن بە بکەری کارا لەم هەلومەرجەدا؟
نەجمەدین فارس: کۆمۆنیستە زانستیەکان، بڕوادارن بە زانست و بیروبڕوای مارکسیزم، هەوڵدەدەن لەگەڵ کۆمەڵگەدا، شکۆو مافی زەوتکراویان،بەدەست بهێنینەوە،کەس ئاغاوکوێخاو دەوڵەمەندوو سیاسی ودەسەڵاتدار نەبێت بەسەر هیچ کەسێکی ترەوە. ئێمەی کۆمۆنیستە زانستیەکان تواناو هەوڵ و دەستمان دەخەینە ناو دەستی چینی کرێکارو توێژەکانی تری ناڕازی کۆمەڵگەو هەموو مرۆڤێکی خوازیاری دادپەروەری و یەکسانی،لەپێناوی کۆتاییهێنان بەم جیاوازی کۆمەڵایەتی و ئابووریەی ئێستا لەکۆمەڵگەکاندا بوونیان هەیە.
بۆبەدەستهێنانی داخوازی و مافەکانمان،لە کڵپەکردنی ناڕەزایەتیەکانی چینی کرێکارو توێژەکانی تری ناڕازی کۆمەڵگەو ویستیان بۆ بەدەستهێنانی خواستەکانیان،بەخۆپیشاندان وناڕەزایەتیەکان و ڕاپەڕینەکانیان، پێوویستمان بەخۆڕێکخستن و ئامانجدارکردنیانە.
لەبەرئەوە بەپێویستی دەزانم ئەم پلاتفۆڕمە بخەینە بەردەستی چینی کرێکارو توێژە ناڕازیەکانی کۆمەڵگەو هەموو مرۆفێکی یەکسانیخواز،تابتوانیین بەهەموومان ژیانێکی شایستەی سەردەمییانە بۆهەمووان فەراهەم بێت، هیچ کەس پلەی باڵاو جیاوازی نەبێت، بەئامانجی بەدەستهێنانیان پێوویستە.
ئەرکی کۆمۆنیستەزانستیەکانە ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بکەنە کردارو ئەرکی هەنووکەییان:
١-پێویستە کۆمۆنیستەکان، دەست بخەنەناو دەستی یەک و هەماهەنگی نێوانیان و لەگەڵ هاوچینەکانمان یەکدەست و بەجیاواز لەسەرانی پارت و رێکخراوەکانی ئەم ناوچەیە ئامانجەکانمان یەکبخەین و بەئەنجامی بگەیەنین.
٢- کۆبونەوەمان لە دەووری ئامانجی پێکهێنانی کۆمەڵگەیەکی بێ چین و توێژەکانی،لەسەر بناغەی یەکسانی و دادوەری بێت.
٣- دەستبردن بۆ پێکهێنانی (شورا، ئەنجومەن، کۆمیتە شۆڕشگێڕەکان،…) یان هەرناوێک کە گونجاوبێت بۆ ئەو ناوەندەی کە تیایدا پێکدێت.
٤- هوشیارکردنەوەی هاوچینەکانمان و توێژە ناڕازییەکانی کۆمەڵگە بە بیری سۆشیالیستی زانستی مارکس و ئەنگلز.
٥- لەسەر ئاستی کۆمەڵگە کۆکردنەوەو هاوخەباتی کۆمۆنیستەکان لە دەوری ئامانج و ئاسۆی خەباتێکی شۆڕشگێڕانە.
٦- پەیوەندیکردن و هەمەئاهەنگی لەگەڵ هەموو ئەو کەس و ناوەندانەی ئامانجی شۆڕشگێڕانەیان هەیە، بۆئاڵوگۆڕی هەلومەرجی داسەپاوی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئێستای سەرمایەداری لیبراڵی و ئۆلیگارشی بۆ پەیوەندیەکی کۆمەڵایەتی– ئابووری دادپەروەرانە.
٧- پێکهێنانی ناوەندێک کە پێکهاتبێت لە ئەندامانی هەڵبژێردراوی هەموو شار و ناوەندەکانی تری شارەکانی هەرێم و عێراق و ناوچەکە.
٨- دەستبردن و کارکردن بە ئاسۆی ڕێکخستنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی و هەر ڕاپەڕینێک و ئامانجدارکردنیان لەناو کۆمەڵگەدا، بە ئامانجی گۆڕینی سیستەمی چینایەتی بە سیستەمێک کە هیچ چینێک بوونی نەبێت.
هەروەها بەبڕوای من پێویستە بۆ ئامانجەکانمان، ئەم چەند خاڵەی خوارەوە لەبەر چاوبگیرێت:
١-کارکردن لەپێناوی گۆڕینی هەلوومەرجی کۆمەڵگەو سیستمی سەرمایەداری، بەکۆمەڵگایەکی بێ چین و چەوساندنەوە .
٢- ڕێکخستنی سیاسیانەی چینی کرێکار و توێژەکانی کۆمەڵگەیە، لە چوارچێوەیەکدا،ئامانجی گۆڕانی شۆڕشگێڕانەی هەلومەرجی سیستمی ئۆلیگارشی سیاسی و ئابووری و سەربازی داسەپاویان هەبێت.
٣- چەسپاندنی مافەکانی هێزی کاری بیرو بازووی چینی کرێکار و تووێژە کەم دەستەکانی کۆمەڵگە لەشوێن و ناوەندەکانی کارکردندا.
٤- وەستانەوە بەڕووی هەموو ئەو سیاسەت و ئامانجانەی کۆمپانیا گەورەو فرەڕەگەزانەی جیهان و ناوچەکە و بانکی نێودەوڵەتی و هاوشێوەکانی،کە سیاسەتی برسیکردن ودادۆشینی ئابووری کۆمەڵگەکان پەیڕەودەکەن،لەپێناوی قازانجی زیاترو کەڵەکەی سەرمایەدا.
٥- ئامانجمان ڕاوەستانەوە و دژایەتیکردنی هەموو ئەو سیاسەتانە بێت، دەسەڵاتداران و سەرمایەداران لەناوچەکەدا پەیڕەوی دەکەن دژی مافەکانی تاک بەتاکی کۆمەڵ.
٦- ئامانجمان ڕاوەستانەوەو دژایەتیکردنی هەموو ئەو جەنگە ناوخۆیی و دەرەکیانەی دەسەڵاتداران و سەرمایەداران بێت لەناوچەکەدا دروستی دەکەن و هەڵیدەگیرسێنن بە قازانجی خۆیان، هەروەها بەزیان و لەناوبردنی گیانی مرۆڤەکان.
٧- ئامانجمان جێخستنی بەشداری و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی چینی کرێکار و توێژەکان بێت بەسەر ناوەندو داموودەزگاکانی کارکردن و بەرهەمهێنان،بەبێ جیاوازی و پلەبەندی کردن.
٨- ئامانجی بنەڕەتیمان گۆڕینی سیستمی دابەشکردن و پەیوەندی کاروسەرمایە بێت، بەسیستمی ئابووری کۆمەڵایەتی (هەرکەس بەپێی تواناکەی،هەرکەس بەپێی پێویستیەکانی ژیانی سەردەمەکەی).
ئەمانە ئەو ئەرک و ئامانجانەن، کە بەپێویستی دەزانم، لە دەستووری کاری کۆمۆنیزمی زانستی مارکسیستەکاندا ڕەنگ بداتەوەو بەرجەستە بێت لە ئێستاو ئایندەی خەبات و تێکۆشاندا.
********