دیموکراسی: لێکدانه‌وه‌کان و واقعیه‌ت… چاوپێکه‌وتنی مەنسور حیکمەت له‌گه‌ڵ ئینته‌رناسیۆناڵ

0

ئینته‌رناسیۆناڵ: بە کۆتاییهاتنى جەنگى سارد و هەرەسهێنانى بلۆکى ڕۆژهەڵات، لە هەموو شوێنێک باس باسى سەرکەوتنى دیموکراسییە. دەڵێن بۆ یەکەمین جار لە مێژوودا دیموکراسى لە ١٧٠ وڵاتدا بەرقەرار بووە. تێکڕووخانى یەک لەدواى یەکى دیکتاتۆرییە سه‌ربازییەکان لە وڵاتانى ئه‌مه‌ریکاى لاتین لەم چەند ساڵەى دواییدا، هاتنەسەرکارى هەندێ دەوڵەتى تازە لە ئەنجامى هەڵبژاردنى گشتى لە هەندێ لە وڵاتانى ئه‌ورووپاى ڕۆژهەڵاتدا، وە یان لەم دوایییە لە ئەفریقادا، دەکەنە بەڵگەى ئەم مەسەلەیە. ئێوە ئەم ڕووداوە چۆن لێک دەدەنەوە؟ ئایا ئەوەى ڕووى داوە بە ڕاستى کۆتاییهاتنى دیکتاتۆرییە سه‌ربازییەکان و حوکوومه‌تە سەرکوتگەر و تۆتالیتارەکانە؟

 مه‌نسوور حیکمه‌ت: وا پێ دەچێ باسى سەرکەوتنى دیموکراسى لەم دوایییەدا خامۆش بووبێتەوه‌. لە دوو سێ ساڵى ڕابردوودا و لە گەرمەى ئەم باسەدا لێکدانەوەى خۆم خستە ڕوو. سەردەمى هەرەسهێنانى دیکتاتۆرییەکان (هەر ئەو کاتەش ده‌سته‌واژه‌یه‌کى خۆشباوەڕانە بوو کە بووبوە وێردى سەر زمانى سیاسەتمەداره‌ لیبراڵى و ڕۆشنبیرە ناڕازییەکانى وڵاتانى دواکەوتوو و بلۆکى ڕۆژهەڵات. ئەمە نیشانەى شادمانى ئەوان بوو لەوەى کە بە بۆنەى سەرکەوتنى بلۆکى ڕۆژئاوا بەسەر بلۆکى ڕۆژهەڵاتدا پاداشتێک وەردەگرن. زۆر زوو ئاشکرا بوو کە شتى لەم بابەتە لە ئارادا نییە. ئەگەر لە بیرتان بێت بۆ نموونە کۆماریخوازە ئێرانییەکان، تەنانەت خۆیان ئامادە کردبوو کە بەرەو تاران بڕۆن و جەژنى دەستپێکردنى ئەم سەردەمە لە هاوشانى پرێزیدێنت ڕەفسەنجانیدا بگێڕن. ئەمڕۆ خەریکن زەرەر و زیانیان دەژمێرن. بە هەر حاڵ بەم ده‌سته‌واژه‌یە ئەم توێژە کۆمەڵایەتییە و بە دواى ئەوانیشدا بەشێک لە خەڵکى بێبەش چ لە ڕۆژئاوا و چ لە ڕۆژهەڵات و چ وەک پێى دەڵێن لە باشووردا، کەوتنە دواى ئەڵتەرناتیڤەکانی ڕاستڕەوی نوێ و چاویان بڕییە ئاسۆى سیسته‌می نوێى جیهانى ئه‌مه‌ریکا و ڕۆژئاوا. ئەم خۆشباوەڕییانە ئەمڕۆ زۆر لاواز بووە. ئاشکرابوو کە کۆتاییهاتنى جەنگى سارد بە ماناى پەرەسەندنى ئازادى و مافە مرۆیییەکان، وە یان ئاشتى و خۆشى کۆمەڵایەتى نییە. بە پێچەوانەوە هەموو دنیا باس لە ڕووداوە دڵتەزێنەکانى ئەم سێ ساڵەى دوایى و نائارامى سیاسى وکۆمەڵایەتى لە ئاستى دنیادا دەکات.

ئەوە ڕاستە کە ژمارەیەک لە ڕژێمە سه‌ربازییەکان، بە شێوەیەکى گشتى لە ئه‌مه‌ریکاى لاتین لەناوچوون و لە جێگەیاندا دەوڵەتى مەدەنى دامەزراوە. بەڵام ئەمە خۆى لە خۆیدا هێشتا شتێکى ئەوتۆ سەبارەت بە تووندوتیژى یان سستى سەرکوت و سته‌م لەم وڵاتانەدا دەرناخات. ڕژێمە سه‌ربازییەکان تەنها شێوە، یان تەنانەت باوترین شێوەى سەرکوتى سیاسى نەبوون. لە زۆربەى حاڵەتەکاندا جێگرتنەوەى حوکوومه‌تە سه‌ربازییەکان بە حوکوومه‌تە ناسه‌ربازییەکان ئاڵوگۆڕێکى بەرچاوى لە هەڵسوکەوتى دەوڵەت و تەنانەت لە پەیکەرى دەوڵەتدا پێک نەهێناوە. تا ئەو شوێنەى کە دەگەڕێتەوه‌ بۆ تۆتالیتاریزم، واتە چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنى هەموو جم و جووڵە سیاسى و ڕۆشنبیرییەکان لە لایەن دەزگا دەوڵەتییەکانەوە. بە سەرهەڵدانى حوکوومه‌تە ئیسلامییەکان و هەروەها بە پەرەسەندنى دەسەڵاتى فه‌رمیی کڵێساکان لە وڵاتە جیاجیاکاندا، ئەم لایەنە تەنانەت لە هەندێ لە ڕژێمەکاندا بە هێز بووە. ئەوەى کە لە هەندێ لە وڵاتە هەژارەکاندا حوکوومه‌تە ناسه‌ربازییەکان جێگاى حوکوومه‌تە سه‌ربازییەکانی گرتۆته‌وه‌، پێش ئەوەى لە ئەنجامى هێرشى ئازادیخوازیدا بێ، لە ئەنجامى کۆمەڵێک فاکتەرى ئابوورى بوو لەم وڵاتانەدا و هەروەها لە ئەنجامى بەرەو لەناوچوونی کارکردنى کۆمەڵایەتى ڕژێمە سه‌ربازییەکان بووە لەم وڵاتانەدا. گیروگرفتى لەمێژینەى ئەم وڵاتانە بە شێوەیەکى سەرەکى، گەشەى ئابوورییە. لایەنى ئیجابى ڕژێمە سه‌ربازییەکان بۆ بۆرژوازى ئەم وڵاتانە بڕیار بوو، بریتى بێت لەمانە، لە نێوبردنى پەرشوبڵاوى سیاسی لە ناوخۆی چینى دەسەڵاتداردا، بەرقەرارکردنى سته‌م و سەرکوتى توندوتیژى چینى کرێکار و سەرەنجام پێکهێنانى زەمینەى سیاسی و کۆمەڵایەتى بۆ زیادکردنى سوودى سەرمایە و تێکڕاى گەشەى ئابووری. ئەمڕۆ بە شێوەیەکى گشتى ستراتیژییەکانى گەشەى ئابوورى لەم وڵاتانەدا بە بنبەست گەیشتووە. ئێستا لە هەموو لایەک چاویان بڕیوەتە میکانیزمى بازاڕ و بێگومان ئازادیى کاری سەرمایەى تایبەتى. حوکوومه‌تى سه‌ربازى بووەتە مایەى ناڕەزایەتیى گشتى و نائارامى سیاسی، بێ ئەوەى بتوانێ بۆ ماوەیەکى کەمیش بێت ئیتر هیچ دەردێکى بۆرژوازى ئەم وڵاتانە دەرمان بکات. بە هەر حاڵ دیموکراسى، بەو مانایەى کە دەڵێن ئەمڕۆ سەرکەوتووە، دژایەتى لەگەڵ تێزى زوڵم و سەرکوت نییە، به‌ڵکوو تەنها بە ماناى بوونى جۆرێک لە ئەنجوومەنى سەرتاسەرى نوێنەرانە لەسەر بنچینەى هەڵبژاردنێکى گشتى (مەرجیش نییە هەڵبژاردنێکى ئازاد بێت). ئەمە بێگومان لە حوکوومه‌تى ئاشکراى سوپا و پۆلیس باشترە، چونکە بانگه‌شه‌ی بۆرژوازى بە ئازادبوونى کۆمەڵ چ لەڕووى سیاسی و چ لەڕووى فیکرییەوە تا ڕادەیەک ئازادى بۆ چینى کرێکار و توێژە ستەمدیدەکان و لایەنگرانى ئازادى فەراهەم دەکات. بەڵام ئەمە تا ئەو ڕادەیە نییە کە شایانى سەما و هەڵپەڕکێ بێت. تایبەتمەندییە سەرەکییەکانى حوکوومه‌تە بۆرژوازیییەکان لە وڵاتانى ئاسیا، ئەفریقیا و ئه‌مه‌ریکاى لاتیندا کە کۆڵەکە سەرەکییەکانى بریتییە لە قەدەغەکردن، وە یان تەنگەبەرکردنى جیددیى بزووتنەوە و ڕێکخراوە کرێکارى و سۆسیالیستییەکان، تەنگەبەرکردنى ئازادیى ڕادەربڕین، هه‌ڵسووڕانى سیاسی، ڕێکخرابوون و ناڕەزایەتیى دەربڕین، بوونى دەزگا سه‌ربازى و پۆلیسییە دەسەڵاتدار و سەرکوتگەر و سەروو قانوونییەکان، بوونى وەزارەتێکى دادى گوێ لە مشتى دەوڵەت، زامننەبوونى مافە سیاسی و مەدەنییەکان بۆ هاوڵاتیان، ئاساییبوونى ئەشکەنجە، بوونى حوکمى ئیعدام، وە لە یەک قسەدا بێمافى و ده‌ست به‌ستراویی هاوڵاتى لە بەرامبەر دەسەڵاتى دەوڵەتیدا، لە بنچینه‌دا لە جێگاى خۆى ماوەتەوە. دەتوانین هەر لە ئۆقیانووس و ئاسیای باشووری ڕۆژهەڵاتەوە تا باکوورى ئەفریقا و ئه‌مه‌ریکاى باشوور، یەکیەک وڵاتەکان بژمێرین و حوکم بدەین.

ڕاستییەکەى من ئامادەم ئەوە قه‌بووڵ بکەم که‌ دیموکراسى هەر ئێستا لەسەد و حەفتا وڵاتدا سەرکەوتووە، واتە لە هەموو ئەو وڵاتانەدا کە کەسانێک وه‌کوو نوێنەرى ئەنجوومەن، لە کیسەى خەڵکى مانگانە وەردەگرن بەرقەرارە. هەڵبەتە ئەمە لیتوانیا و ئیستوانیا کە نزیکەى نیوەى ژمارەى دانیشتووان بە تاوانى ئەوەى کە بە زمانى ڕووسی لایلایە بۆ منداڵەکانیان دەکەن، مافى دەنگەکانیان نییە، میسر، ئەردەن، ئێران کۆریاى باشوور، لەم دوایییانەدا کوێت، کینیا و وڵاتانى ترى لەم بابەتە دەگرێتەوە. کاسە لە چێشت گەرمتر نابێت. ئەگەر لە ڕوانگەى دیموکراتەکانەوە ئەو هەلومەرجەى کە لە دنیادا بەرقەرارە ناوى دیموکراسى بێت زۆر باشە، کەوایە ئاشکرایە کە کێشەى خەڵکى لەسەر ئەم دیموکراسییە نەبووە، به‌ڵکوو لەسەر ئازادى و به‌رابه‌ری بووە. ئامارى سەرکوتکردنە سیاسییەکان، ئیعدامەکان، ئه‌شکەنجەکان، ئەو یاسا و ڕێنوێنییانه‌ی کە مافى بەشە جیاجیاکانى خەڵک تەنگەبەر دەکەنەوە، یان هەر لێیان دەستێننەوە، تا بگات بە هەژارى و بێ خانە و لانەیی و ئاوارەیی و مەرگ و لەناوچوون لەبەر بێ خۆراکى و به‌دخۆراکى هەر لەم چەند ساڵەى سەرکەوتنى دیموکراسیدا، ئەمانە حوکمێکى ئیجابى لەبارەى دنیای ژێردەسەڵاتى دیموکراسییەوە نادەن بەدەستەوە.

ئینته‌رناسیۆناڵ: تێگەیشتن و لێکدانەوەى جۆراوجۆر لەسەر دیموکراسى هەیە، لە ڕوانگەى ئێوەوە دیموکراسى چییە؟

 

مه‌نسوور حیکمه‌ت: پێم وانییە مەبەستتان ئەوە بێت کە من لێکدانەوەیەک لەسەر دیموکراسى “واقیعى” و “ڕەسەن” بەدەستەوە بدەم. دیموکراسی لە سیسته‌مى فیکرى مندا وەک کەسێکى سۆسیالیست و مارکسیست، ده‌سته‌واژەیەکى بناغەیی نییە. ئێمە قسە لە ئازادى دەکەین. بۆ ئێمە ئەمە ده‌سته‌واژەیەکى بنەڕەتییە، وه‌لێ دیموکراسى، هەر وەک پێشووتریش باسم کردووە، لێکدانەوەیەکى چینایەتى تایبەت و تێگەیشتنێکى مێژوویی دیاریکراوە لە چه‌مکى فراوانترى ئازادى. دیموکراسى ده‌سته‌واژەیه‌کە کە بەشێکى دیاریکراوى کۆمەڵگاى مرۆڤایه‌تى لە سەردەمێکى دیاریکراوى مێژووییدا لە ڕێگاى ئەم دیموکراسییەوە چه‌مکى فراوانترى ئازادى لەقاڵب داوە. کەواتە تێگەیشتنى من لە دیموکراسى تەنها دەتوانێ تێگەیشتنێکى بابه‌تی و مێژوویی بێت. کەسێکى لیبراڵ یان دیموکرات، کەسێک کە دیموکراسى یەکێکە لە ئاوات و ئامانجەکانى، دەتوانێ لێکدانەوەیەکى “داخیلى” و زاتى لە بارەى ئەم ده‌سته‌واژەیه‌وە بە دەستەوە بدات، دەتوانێ ئەوە ڕوون بکاتەوە کە لە ڕوانگەى ئەوەوە دیموکراسى واقیعى چییە و چی نییە. بەڵام بە ڕاى من کەسێکى مارکسیست دەبێ ماناى مێژوویی و پراکتیکی دیموکراسى و کارکردە کۆمەڵایەتییەکەى باس بکات. دیموکراسى، نەک وه‌کوو زاراوه‌یه‌ک لەم یان لەو کتێبى کۆندا، بەڵکه‌ وه‌کوو ڕاستییەک کە خەڵکى کۆمەڵگاى هاوچەرخ لەگەڵیدا ڕووبەڕوو بوونەوە، بەرئەنجامى سەرهەڵدانى سەرمایەدارییە. دیموکراسى تێڕوانینى بۆرژوازییە بۆ مەسەلەى ئازادى. بە هیچ جۆرێک مەبەستم ئەوە نییە کە تەنها یەک جۆرە تێگەیشتن لە دیموکراسى هەیە و لەڕووى مێژوویییەوە تەنها بۆرژوازى خوازیارى دیموکراسى بووە، وە یان لێکى داوەتەوە. بە پێچەوانەوە، بە تایبەت بە درێژایی ژیانى دوو نەوەى ڕابردوو، دیموکراسى لە زۆر حاڵەتدا خواستى چین و توێژە ژێردەستەکان بووە و لە لایەن بیریاران و بزاڤەکانى ئەم چین و توێژانەوە بە شێوەى جۆراوجۆر لێک دراوەتەوە و ڕوون کراوەتەوە. بەڵام ئەمە ئەوە دەرناخات کە ئەم چه‌مکە بۆرژوایی نییە، به‌ڵکوو بە پێچەوانەوە دەسەڵاتدارێتى ئایدیۆلۆژی و ترمینۆلۆژیی بۆرژوایی بەسەر خەبات لە پێناوى ئازادى و ڕزگاریدا نیشان دەدات. کۆمەڵگاى بۆرژوایی توانیویه‌تى چه‌مکى دیموکراسى بخاتە جێگاى ئازادى و ئازادیخوازى و بەم جۆرە سنوورى کۆتایى هێرشى ئازادیخوازانەى چینە ژێردەستەکان و شێوەى کۆتایی سەرکەوتنى ئەوان لە پێشدا دیارى بکات. ئێوە بۆ ئازادى دەجەنگن و دواى “سەرکەوتن” پەرلەمان و “پلۆرالیزم” بەدەست دێنن.

بوونى تێڕوانینى جیاجیا بۆ دیموکراسى، تەنانەت تێڕوانینى چینایەتى جیاجیا، ئەم چه‌مکه‌ى کردۆتە یەکێک لە ئاڵۆزترین و ناڕۆشنترین چه‌مکه‌کان لە فەرهەنگى زاراوە سیاسییەکاندا. بزووتنەوە و سیاسەتمەدارە جیاجیاکان، بە ئامانج و بەرژەوەندیى جیاواز و جاروبار دژ بەیەکیشەوە قسەیان لە دیموکراسى کردووە و دەکەن و بێگومان مەبەستیشیان یەک شت نییە. هەلومەرجى سیاسیی جیاجیا لە لایەن ڕەوتە جیاجیاکانەوە به‌ دیموکراسى ناوبراوە. هەر لە ده‌ربڕینه‌ دژى کۆمۆنیستى و جەنگى ساردییەکانەوە، تا دەگات بە لێکدانەوە مرۆڤدۆستانه‌ و حەقخوازانەکان، وجوودیان بووە و هەیە. لە پشتى ئەم هەموو لێکدانەوانەوە دەکرێ ناوەڕۆکى هاوبەش و بابه‌تیى دیموکراسى و دیموکراسیخوازى کە ئەو بە هەموو شێوەکانییەوە، بۆ نموونە لە سۆسیالیزم و ئازادیخوازى سۆسیالیستى جیا دەکاتەوە، بناسین و پێناسە بکەین. بەڵام لە مەیدانى سیاسیدا خودى چه‌مکی دیموکراسى، هەر بەم شێوە گشتییەى، شتێکى ئەوتۆ ڕوون ناکاته‌وه‌ و هیچ کۆمەکێک بە جیاکردنەوەى بزووتنەوە و ڕەوتە کۆمەڵایەتییەکان ناکات. لەبەر ئەوه‌ پاش ئەوه‌ی ئه‌و سیفەت و پاشگر و پێشگرانەى کە دەخرێنە پاڵ دیموکراسى، ئینجاکە ئەم وشەیە مانایەکى ڕۆشنتر پەیدا ئه‌کات. وەک دیموکراسى لیبراڵى، دیموکراسى خەڵک، دیموکراسى پەرلەمانى یان نوێنەرایەتى (representative)، دیموکراسى ڕاستەوخۆ، دیموکراسى ڕۆژئاوا و شتى تر. ئەم زاراوانە لەڕووى سیاسییەوە بە تەواوى زانراوه‌ و دەکرێ پێناسە بکرێن و جیاوازییەکانیان و لە زۆر حاڵەتدا دژایەتییەکانیان ڕوون بکرێنەوە. هەروەها ئەو بزووتنەوە و هێزانەش کە لایەنگرى هەر یەکێک لەمانەن دەکرێ دیارى بکرێن و لە زۆربەى حاڵەتەکاندا بە تەواوى دەکرێ لێک جیابکرێنەوە.

 

درێژەی دەبێت

Leave A Reply

Your email address will not be published.