یه‌کێتیی کۆمۆنیستی ئه‌ناتۆمى لیبراڵیزمى چه‌پ مارکسیزم و پراکتیکى شۆڕشگێڕانه: ده‌رباره‌ى میتۆدۆلۆژیی لێنین{١}… بەشی حەوتەم و کۆتایی…
با کورتى بکه‌ینه‌وه.
یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له خستنه‌ڕووى میتۆدۆلۆژیى لێنیندا، گشتیترین و بنه‌ڕه‌تیترین پایه‌کانى ئه‌م میتۆدۆلۆژییه‌ى ئاوه‌ژوو کردۆته‌وه:
١) خاڵى لێوهههستانى لێنین، که هه‌مان خاڵى بهفهرزگرتنى هه‌بوونى بابه‌تییانه و گرنگى مێژوویى پرۆلیتاریا، وه‌ک ڕابه‌رى شۆڕشه‌کانى سه‌رده‌م، ژێرپێ ده‌نێ. ئه‌م فه‌رزه لێنینیزمییهش له ده‌زگاى فیکریى یه‌کێتیی کۆمۆنیستیدا گۆڕدراوه بۆ “پاشکۆ” و “ئه‌نجام”ێک که ده‌بێ له شیکردنه‌وه‌ى بار و دۆخى ئابوورییه‌وه دهربکێشرێتهوه.
به‌م شێوه‌یه یه‌کێتیی کۆمۆنیستى لایه‌نگرى چینایه‌تى خستۆته شوێنى شیکردنه‌وه‌ی سهروچینایهتى و بابه‌تییه‌وه. لێکۆڵه‌ر دیسانه‌وه له سه‌نگه‌رى موفه‌سیر و دادوه‌رێکى بێلایه‌نه‌وه بڕیاری “گرنگیى مێژوویى چینه‌کان” ده‌دا و خۆى له مه‌قامى که‌سێک که له پێکهێنانى ئاڵوگۆڕى دیاریکراو و له‌پێشه‌وه پێناسه‌کراودا و له‌سه‌نگه‌رى چینێکى دیاریکراوه‌وه، که به‌رژه‌وه‌ندیداره، نابینێ و ته‌نها له حوکمى “زانست” و به‌رئه‌نجامه “زانستییه‌کان” که دراون، په‌یڕه‌وى ده‌کات.
٢) له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه دیترمینستى ئابوورى ده‌برێته جێگاى ماتهریالیزمى پراتیک و ده‌ست و پێى توخمى چالاک ده‌به‌ستێ و ڕۆڵى له به‌ره‌و پێشهوهبردنى مێژووی واقیعیدا ده‌خاته ژێر تیشکى موقهدهراتێکى حه‌تمییه‌وه، که به‌رئه‌نجامى بار و دۆخى ئابوورییه.
٣) ئه‌م دیترمینیزمه ئابوورییه، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى له چوارچێوه‌ى وڵاتى و نیشتمانیدا قه‌تیس ده‌مێنیته‌وه (ئه‌نجامگیریى ستراتیژیى شۆڕش له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ده‌رککردنى له مه‌وداى ڕووتى نیشتمانییه‌که‌یدا) دیسانه‌وه مه‌یدانى کار له‌به‌رده‌م پرۆلیتاریا‌دا ته‌نگ ده‌کاته‌وه. له ڕوانگه‌ى پراکتیکییه‌وه له وڵاتێکى دواکه‌وتوودا (له چه‌شنى ڕووسیاى ٩٠٥) ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه ده‌بێته مایه‌ى دواخستنى شۆڕش و کارى شۆڕشگێڕانه تا سه‌ر ئاستى له دواوه ڕۆیشتن و ڕه‌دووکه‌وتنی ڕێفۆرمیزم و لیبراڵیزمى بۆرژوازى.
ئه‌م میتۆدۆلۆژییه له ئاکامى مه‌نتیقى خۆیدا، ئه‌نجامگیرى ڕۆشنى مهنشهڤیکییانهى به‌دواوه ده‌بێ. میتۆدۆلۆژیى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى به شێوه‌یه‌کى په‌یگیرانه له لایه‌ن مه‌نشه‌ڤیکه‌کانه‌وه به‌کار هێنراوه. خودى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بۆ ئه‌وه‌ى خۆى نه‌خاته به‌رامبه‌ر لێنینه‌وه، هه‌روه‌ها بۆئه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى لێنین به‌ده‌ر له ”ڕێ و ڕه‌وشته‌کان” له شۆڕشى دیموکراتى و ڕابه‌ریى پرۆلیتاریا له بزووتنه‌وه ناسۆسیالیستییهکاندا، له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێسته‌کانى خۆیدا سازگار نیشان بدات، ناچار بووه به‌وه‌ى که له سنوورى هه‌مان میتۆدۆلۆژیدا ئه‌وه‌ى بابه‌تییه ده‌ستکارى بکات و ئابوورییه‌ک دابتاشێ که هه‌ڵوێسته‌کانى لێنین “ده‌یخوازێ”. ئابوورییه‌ک دابتاشێ که له یه‌ک کاتدا ده‌ره‌به‌گایه‌تییه و له یه‌ک کاتى تردا سه‌رمایه‌دارییه. شۆڕشێک دابتاشێ که له یه‌ک کاتدا دیموکراتییه و له یه‌ک کاتى تردا سۆسیالیستییه. لێنینێک بخاته به‌رچاو که له یه‌ک کاتدا مارکسیستێکى عهلهنییه و له کاتێکى تردا هه‌وادارى فۆرموولبهندییهکانى ترۆتسکییه!
به‌ڵام به هه‌مان شێوه که له‌و گوته‌یه‌دا، که له وتارى “به‌رنامه‌که‌مان”، هێنامانه‌وه، بینیمان ڕه‌خنه‌ى خودى لێنین له میتۆدۆلۆژى پاسیڤیستانهى مه‌نشه‌ڤیکه‌کان و ئیکۆنۆمیسته‌کان و هه‌ڵوێستى له‌مانه زۆر ڕۆشنتره. له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییهکاندا، ئه‌وه پرۆلیتاریاى ڕووسیایه وه‌ک به‌شێک له له‌شکرى جیهانیی چینى کرێکار، له وڵاتى ڕووسیادا، له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک کۆسپ به‌ره‌و ڕووه، که ههنگاوههڵهێنانهوهى خێرا به‌ره‌و سۆسیالیزم بۆى بۆته کارێکى مه‌حاڵ. به‌ڵام شۆڕشێکى تر، یانى شۆڕشى دیموکراسى و هه‌مه خه‌ڵکى که به‌پێى خاسییهتهکانى خۆى ئه‌و کۆسپانه‌ى کردۆته ئامانجى خۆى، به‌م هۆیه‌شه‌وه نه‌ک هه‌ر شۆڕشێکى لهتوانابوودایه، به‌ڵکوو له سه‌ره‌تاى سه‌ده‌دا ڕووداوێکه خه‌ریکه ڕوو ده‌دات، پرۆلیتاریا نه‌ک هه‌ر نابێ به‌هۆى نا سۆسیالیستیبوونى ئه‌م شۆڕشه‌وه خۆى بکێشیته که‌ناره‌وه، ته‌نانه‌ت نه‌ک هه‌ر نابێ به حوکمى خشته تیۆرییه مهنشهڤیکییهکان، ڕابهرییهکهى به بۆرژوازى بسپێرێ، به‌ڵکوو ده‌بێ وه‌ک ڕابه‌رێک له‌م شۆڕشه‌دا به‌شدارى بکات. چونکه ئه‌وه ته‌نها خودى پرۆلیتاریایه که ده‌توانێ خه‌سڵه‌تێکى به‌هادار به‌م شۆڕشه ببه‌خشێ، که له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییهکاندا بۆى په‌یدا بووه. یانى گۆڕینى ئه‌م شۆڕشه به پێشینه و زه‌مینه‌کانى شۆڕشى سۆسیالیستى، شۆڕشێک که تایبه‌ته به چینى کرێکار. به پێچه‌وانه‌ى ئه‌مه‌وه، ئه‌وه شۆڕشى ٩٠٥ ده‌گۆڕێ بۆ یه‌ک ڕێفۆرمى ناته‌واو که له‌چاو مێژوودا له‌دواوه‌یه و لانی زۆر ده‌یکاته کاریکاتۆرێک له ”شۆڕشه گه‌وره‌کان”ى بۆرژوا- دیموکراتیکى سهدهکهنى ڕابردوو. ئه‌گه‌ر پرۆلیتاریا وه‌ک ڕابه‌رێک له‌م شۆڕشه‌دا به‌شدارى بکات، ئه‌وا ده‌بێ وه‌ک ڕابه‌رى حوکوومه‌تێک که له‌م شۆڕشه‌وه په‌یدا ده‌بێ، به‌شدارى بکات. چونکه شۆڕش بۆ ده‌سه‌ڵاتى سیاسییه و ده‌سه‌ڵاتى سیاسیش ئامرازى تێکوپێکشکاندنى “له‌سه‌ره‌وه”ى به‌رگریى دژه شۆڕشه.
ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه‌یه که یه‌ک ڕابه‌رى ئینتهرناسیۆنالیستیى چینى کرێکار لێیه‌وه بۆ به‌ره‌ى شۆڕش له ڕووسیادا ده‌ڕوانێ، ئه‌مه ئه‌و لایه‌نه‌یه که خودى ئه‌و ڕابه‌ره بۆچوونه‌کانى خۆى له‌سه‌ر شی کردۆته‌وه. ئه‌مه هه‌مان ئه‌و ده‌رکه ڕۆشنه‌یه که بڕیاره لێره و له‌وێى ڕسته دروستکراوه بێ ناوه‌ڕۆکه‌کانى وه‌ک “هاوسێی و نا هاوسێى”، په‌یوه‌ندیی “ئابوورى و سیاسه‌ت” و نموونه‌کانى تر‌ى وه‌ک ئه‌مانه گرد و کۆ بکرێته‌وه، تا لیبراڵ چه‌په‌کانى ئه‌مڕۆ، دواى تێپه‌ڕبوونى ٨٠ ساڵ بتوانن ئه‌نجامه مهنتیقییهکانى مه‌نشه‌ڤیزم ئاوێزانى خۆیان بکه‌ن و به‌ناوى کۆمۆنیزم و لێنینه‌وه بهێڵنه‌وه.
٭ ٭ ٭
ئه‌م به‌شه لێره‌دا ته‌واو ده‌که‌ین. به‌ڵام بۆ ته‌واوکردنى باسه‌که، پاشکۆیه‌کى سه‌ربه‌خۆمان ده‌رباره‌ى بۆچوونه ئابوورییه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له کۆتایى هه‌ر ئه‌م به‌شه‌دا هێناوه‌ته‌وه. هه‌ر وه‌کوو پێشووتریش گرێ جه‌وهه‌رییه‌کانى “تیۆرى ئاماده‌سازیی شۆڕش” و مه‌سه‌له‌ى هه‌ڵوێست له ده‌سه‌ڵاتى سیاسیمان له په‌یوه‌ند به‌و شۆڕشانه‌وه که هه‌لومه‌رج بۆ دامه‌زراندنى دیکتاتۆریى پرۆلیتاریا تیایاندا ئاماده نییه، ڕۆشن کرده‌وه. له به‌شه‌کانى دواتردا باس له مه‌سه‌له‌ى “ده‌سه‌ڵاتى سیاسى” ده‌که‌ین و به شێوه‌یه‌کى دیاریکراو له باره‌ى ئه‌م خاڵانه‌وه ده‌دوێین:
١) ده‌رکى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بۆ په‌یوه‌ندیى نێوان دیموکراتى و سۆسیالیزم. ئه‌مه‌ش مه‌سه‌له‌یه‌که له بۆچوونى لێنیندا به‌تایبه‌ت له داڕشتنى ستراتیژیى عه‌مه‌لیى شۆڕشى پرۆلیتاریا‌دا ڕۆڵى بڕیارده‌رى هه‌یه. هه‌ر به‌و جۆره‌ى که بینیمان یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له شیکردنه‌وه‌ی خودى لێنیندا، ئه‌م مه‌سه‌له‌یه به شێوه‌یه‌کى ڕه‌ها له قه‌ڵه‌مه‌وه دێنێته خواره‌وه و له ”تیۆرى ئاماده‌سازى”دا خودى په‌یوه‌ندیى نێوان دیموکراسى و سۆسیالیزم ئاوه‌ژوو ده‌کاته‌وه. به هه‌رحاڵ چاوپۆشى له هه‌ر ئاماژهدانێکى تیۆرى، یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له شۆڕشى ١٩٧٩دا خۆى به خه‌باتێکه‌وه که ڕووى له دیموکراسى و به‌ده‌ستهێنانى مافه دیموکراتیکییهکانه په‌یوه‌ست کردووه. به‌ڵام له به‌شى داهاتوودا ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ین، که چۆن له‌م چوارچێوه دیاریکراوه‌شدا، تیۆری “ئاماده‌سازیی شۆڕش” به‌کرده‌وه ده‌گۆڕدرێ بۆ کۆمه‌ڵه خواستێکى نیوه‌ناچڵى لیبراڵى.
٢) مه‌سه‌له‌ى حوکوومهتى کاتیى شۆڕشگێڕ. ئایا حوکوومهتى کاتیى شۆڕشگێڕ خه‌یاڵێکه؟ له به‌شى دواتردا ده‌بینین که چۆن خه‌باتى شۆڕشگێڕانه له پێناو دیموکراسیدا، به‌پێى قسه‌ى خودى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى که نابێ ڕوو له خواستى حوکوومه‌تێکى دیموکراتیى شۆڕشگێڕ، وه‌ک ئامانجێکى تاکتیکى بنێ و له‌م په‌یوه‌نده‌شدا پێناسه‌ى بۆ ناوه‌ڕۆکى سه‌رکه‌وتنى “شۆڕشى سیاسى” وردتر هه‌ڵده‌سه‌نگێنین. (له وتارى “ده‌وڵه‌ت له ده‌وره شۆڕشگێڕانهکاندا”، که له‌م ژماره‌یه‌ى “به‌ره‌و سۆسیالیزم”دا هاتووه، ئاماژه‌مان به هه‌ندێ خاڵ له‌م باره‌یه‌وه کردووه)، هه‌روه‌ها له باره‌ى بهڵگههێنانهوهیهکى کۆنى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى که له‌دژى حوکوومهتى دیموکراتیی شۆڕشگێڕ، دهیهنێتهوه، ده‌دوێین. که پێشتر به هه‌مان شێوه له لایه‌ن (پارۆوس) فۆرمووله کراوه و له لایه‌ن لێنینه‌وه وه‌ڵامى وه‌رگرتۆته‌وه. پرسیارێک که ده‌بێ وه‌ڵامی پێ بده‌ینه‌وه ئه‌وه‌یه “ئه‌گه‌ر چینى کرێکار له‌سه‌ر سه‌رى شۆڕشێکى دیموکراسى ڕاوه‌ستا بێت و له حوکوومه‌تێکى شۆڕشگێڕانه‌دا باڵاده‌ست بێت، بۆچى ئه‌مه به ماناى شۆڕشى سۆسیالیستى نییه”، وه یان به به‌یانێکى تیۆرى تر، “ئه‌گه‌ر پرۆلیتاریا هێزى بزوێنه‌ر و توخمى چالاکى شۆڕشى دیموکراتى و سۆسیالیستى و هه‌ردووکیان بێت، ئه‌و کاته چۆن ده‌کرێ هه‌لومه‌رجى خۆیى بۆ یه‌کێکیان ئاماده بێ و بۆ ئه‌وى تریان ئاماده نه‌بێ”. زهینیگهرایى و ئاکادیمیزمى زاتى ئه‌م “ناڕۆشنییه” ئهخهیهنه ڕوو.
٣) به هه‌مان شێوه تاکتیکى بوون به “ئۆپۆزیسیۆنى ڕێکخراوى دواى شۆڕش”، دیسانه‌وه فۆرموولبهندییهکى نوێ نییه. ئه‌مه هه‌مان تێزى کۆنى مهنشهڤیکهکانه و ئێمه به به‌شى خۆمان ئاماژه‌مان به خه‌سڵه‌ته بۆرژوا- لیبراڵییهکهى ئه‌م سیاسه‌ته دا.
٤) وه له کۆتاییدا پێویسته بۆ خودى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى وه‌ک بابه‌تێک که ”له ده‌ره‌وه‌ى هۆش”دایه و وه‌ک هۆشیارییه‌کى “ماتهریالیزهبوو” سه‌رنجێک بده‌ین. له به‌شى داهاتوودا به پشتبه‌ستن به به‌یاننامه و وتاره تاکتیکییهکانى ئه‌م ڕه‌وته، جێگا واقعییهکهى له‌نێو هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کانى کۆمارى ئیسلامی‌دا نیشان ده‌ده‌ین. لێره‌شدا زۆرتر له‌گه‌ڵ ئاکامه سیاسییه ڕاستڕه‌وییه‌کان و فۆرمووله تیۆرییه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى ئاشنا ده‌بین.
ڕوونکردنه‌وه‌کان:
{١} ئه‌م بابه‌ته به‌شێکه له وتارێکى مه‌نسوور حیکمه‌ت به‌ناوى “یه‌کێتیی کۆمۆنیستی ئه‌ناتۆمى لیبراڵیزمى چه‌پ”، که به دوو به‌ش له گۆڤارى تیۆریک سیاسیى حیزبى کۆمۆنیستى ئێران، “به‌ره‌و سۆسیالیزم”، ساڵى ١٩٨٩ بڵاو کراوه‌ته‌وه.
{٢} له‌م باره‌یه‌وه بگه‌ڕێره‌وه بۆ تێزه‌کانى مارکس سه‌باره‌ت به فۆیه‌رباخ. له باره‌ى ده‌سته‌واژه‌ى “ماتهریالیزمى پراتیک”ه‌وه بگه‌ڕێره‌وه بۆ “ئایدیۆلۆژیاى ئه‌ڵمانى، فۆیه‌رباخ، بهرابهرکێى تێڕوانینى ماتهریالیستى و ئایدیالیستى”. (هه‌ڵبژارده‌ى سێ به‌رگى/ دانراوه‌کانى مارکس و ئه‌نگڵس به زمانى ئینگلیزى، لاپه‌ڕه ٢٧). “له ڕاستیدا بۆ ئێمه ماتهریالیستى پراتیک، یانى کۆمۆنیست، به ماناى به شۆڕشداکێشانى جیهانى مه‌وجوده، یانى مه‌سه‌له‌مان په‌لاماردان و ئالۆگۆڕپێدانى هه‌موو ئه‌و دیاردانه‌یه که هه‌ن” (هێڵه‌کانى جه‌خت هى ئێمه‌ن).
{٣} نموونه‌ى هه‌ڵوێستگرتنى یه‌کێتیى کۆمۆنیستى له کوردستان، ئه‌م دیدگا ناسیۆنال- پیشه‌سازییه، ڕیسوا ده‌کات. ئه‌نجامگیرى جه‌نابان له ”فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان” له کوردستان، ئه‌وانى به ههڵوێستگرتنێکى سه‌رسووڕهێنه‌ر سه‌باره‌ت به خه‌باتى کۆمۆنیستى و شۆڕشگێڕانه له‌م سه‌رزه‌وییه گه‌یاندووه. له ڕووکه‌شدا کوردستان ئه‌و شوێنه‌یه که نه‌ک چینى کرێکار، به‌ڵکوو حیزبى دیموکرات “له بارى میژویییهوه گرنگ” هه‌ڵسه‌نگێندراوه! له‌م باره‌یه‌وه وه‌ڵامى ئێمه، به ده‌ربڕینه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى سه‌باره‌ت به هه‌بوون و نه‌بوونى پرۆلیتاریا له کوردستان، بگه‌ڕێره‌وه بۆ وتاره‌کانى شوعه‌یبی زهکهریایى و مه‌نسوور حیکمه‌ت که به‌دواى یه‌کدا، له پاشکۆى بڵاوکراوه‌ى “پێشڕه‌و”ی ژماره‌٩ و “کۆمۆنیست”ی ژماره ٢٢دا بڵاو کراونه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه: در نقد وحدت کمونيستى، بخش دوم – مارکسيسم و پراتيک انقلابى: در باره متدولوژى لنين – بسوی سوسیالیسم، دوره دوم – شماره ٢، آذر ١٣٦٤
وه‌رگێڕانی: خه‌سره‌و سایه