ئایا گەشەکردنی ڕاستڕەوە توندڕەوەکانیئەوروپا بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی دەجوڵێنێ؟

0

 

هەڵبژاردنەکانی یەکێتی ئەوروپا تەحەددایەکی گەورە و جیددی بۆ بزووتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی و خەڵکی مرۆڤدۆست دروست دەکات. بەرەوپێشچوونی ڕاستڕەوی توندڕەو، هاوسەنگی سیاسی لە سێیەم گەورەترین بلۆکی ئابووری جیهاندا دەگۆڕی.

سۆشیال دیموکراتەکان و چەپی تەقلیدی ئەوروپا چەقیون و بەرەو پێش ناچن. ئێستا چینی دەسەڵاتدار لە هەوڵدایە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بەشێک لە باڵی ڕاستڕەوی توندڕەو.

پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە چۆن سەرهەڵدانی پارتە پۆپۆلیستەکان، کە تا ڕادەیەکی زۆر دژە کۆچبەرانن، بخوێنینەوە. ئایا ئەمە دووبارەبوونەوەی ساڵانی ١٩٣٠؟

پرسیاری دووەم ئایا ئەمە دەبێ پاڵ بە بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی لە ئەروپادا بنێت بۆ یەکڕیزی و هاوپەیمانی فراوانتر کە هەموو بەرگریکارانی مافی مرۆڤ و ئینساندۆستی و ئازادیخوازان لەخۆبگرێت – یان نا؟

لەسەر پرسیاری یەکەم وەڵامەکە بەگشتی پێدەچێت نەخێر بێت، ساڵانی سیەکانی سەدەی پیشوو فاشیستەکان دەسەڵاتی سیاسییان لە ئیتالیا و ئەڵمانیا گرت لە بەرامبەر چینێکی کرێکاری سۆشیالیستی کۆکراوە. ڕاستڕەوی توندڕەو لەلایەن کۆمپانیا گەورەکانەوە پشتگیری و دارایی دەکرا. ئێستا وا نییە. قەیران و گێژاوی ئابووری و سیاسی دەتوانێت بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات بەڵام هیشتا بەوێ نەگەیشتوین.

بەڵام ئەگەر واشبێت، پێویستە لەوە تێبگەین کە سەرهەڵدانی ئێستای ڕاستڕەوی توندڕەو نوێنەرایەتی چی دەکات؟ بەڕاستی دیاردەیەکی مەترسیدارە. بەڵام سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی سیاسی شکستخواردوودا کە هێدی هێدی خەڵکی کرێکاری لە سەرانسەری ئەوروپادا بێ میرات کردووە کە لە سەدەیەک خەباتدا بەدەست هێنابوو.

پشکی چینی کرێکار لە داهاتی ساڵی ١٩٧٥دا لەسەدا ٧٠ی بەرهەمی ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا بووە، لە ساڵی ٢٠٠٣دا لەسەدا ٥٨ و ساڵی ڕابردوو لەسەدا ٤٧ بووە – و لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا بەرهەمی ناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا بە شێوەیەکی بنەڕەتی وەستاوە. ئەمریکا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی لەسەدا ٨.٧ گەشەی کردووە. چین دوو هێندە زیادی کردووە. بەڵام یەکێتی ئەوروپا تەنها لەسەدا ٣.٤ بوو.

لەوەش خراپتر، گەشەی ئەمریکا بەشێکی ڕاستەوخۆی لەسەر حیسابی یەکێتی ئەوروپا و بەتایبەت ئەڵمانیا بووە ئەوەش پاش نەمانی وزەی ڕووسیا و ناچارکردنی کڕینی نەوتی گرانبەهای ئەمریکا، بە هێنانەکایەی یارمەتییە گەورەکان بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی نوێ لە ئەوروپا و ڕێگریکردن لە هەنگاوەکانی ئاشتی ساڵی ٢٠٢٢ لە ئۆکرانیا.

بەڵام یەکێتی ئەوروپا خۆی ئیفلیج بووە بەهۆی سیاسەتە نیولیبراڵەکانی خۆیەوە؛ بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتی دەوڵەمەند لە ئابوورییەکی دەوڵەمەندا دەکات دەوڵەمەندتر بن. لە ساڵی ۱۹۹۲، یەکێتی ئەوروپا ۲۷٪ی بەرهەمی جیهانی بەرهەم دەهێنا. ئەمڕۆ لە سەدا ۱۷یە. لایەنە ڕاستڕەوەکان کە ڕەخنە لە یەکێتی ئەوروپا دەگرن بنەمایەکی مادیشی هەیە.

بەڵام مەترسییەکی درێژخایەنیش هەیە، مەترسییەک کە لە بەریتانیاش ڕووبەڕووی چینی کرێکار دەبێتەوە. سیاسەتی ڕاستڕەوی توندڕەو لە دژی چینی کرێکار و خەڵکی ئینساندۆست و ئازادیخواز بە شێوەیەکی ڕێکخراو مانۆڕ دەکات.

 

 

توانا محەمەد نوری

٩ی حوزەیران ٢٠٢٤

Leave A Reply

Your email address will not be published.