دیدگایەکی رەخنەگرانە لە بزووتنەوەی فیمینیزم… نووسینی: ئاڵا فەرەج

0

بەشی یەکەم

پێش ئەوەی لە ناساندنی بزووتنەوەی فیمینیزمەوە دەست پێ بکەم، ئەمەوێت ئاماژە بەوە بکەم لە لایەن پروفیسورە سوسیۆلۆجیەکان و لێکۆلەرەوەکانی بواری زانستی کۆمەڵناسیدا وهەزارەها باس و لێکۆلینەوەی جۆراوجۆر بۆ ناساندن و گەشەدان بۆ ئەم بزووتنەوەیە کردوە، من نە وەک توێژەرەوەیەکی کۆمەلایەتی یان وەک کۆمەلناسێکی ئەکادیمی ئەم باسە ناکەم، بەلکووەک کەسێکی کۆمۆنیست لە ئەزموونی کاری زیاتر لە ٣٠ سال لە ناو بزووتنەوەی ژناندا ئەم باسە ئەکەم.

مەبەستی سەرەکیم لە بلاوکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ ئەوەیە بتوانین پیکەوە لە دیدگاوتیروانینی کۆمۆنیستییەوە رەخنەکانمان سەبارەت بە فیمینیزم ورێکخراوە فیمینیستیەکاندا بخەینە روو و زۆر خۆشحال ئەبم لە دەخالەتی جدی و کۆمینت و دەولەمەندکردنی باسەکە لە لایەن هاورێێان و ئاشنایان و هەر کەسێکەوە بێت کە ناوەرۆکی باسەکە بە بابەتی خۆی ئەزانێت.

مەسەلەی سەرەکی ئیمەی کۆمۆنیستەکان چییە و ئایا تەنها کارکردنە بە دژی کوشتنی ناموسی ودژی کلتووریی کوردەواری و ئیسلام   یان  وەلامدانەوەمانە بە نیازەکانی ژنانی کرێکار و بە دیهینانی یاسای یەکسانی ژن و پیاو؟ کۆمۆنیستەکان لە کویی ئەم هاوکیشە کۆمەلایەتیانەدا ئەبینرێن و رۆلمان چییە؟ و رێگرە جدیەکانی بەردەم گەشەی کۆمەلایەتی ئەم بزووتنەوەیە چین ؟جیاوازی تێروانینی مارکسیزم چییە لەم بارەیەوە؟ ئایا توانیومانە لە قالبی کاری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بیینە دەرەوە و دەستنیشانی هۆکارو سەرچاوە سەرەکیەکانی کێشەی ژنانمان کردوە و چارەسەری بنەرەتیمان بۆ کێشەکانی ژنان خستۆتە روو؟

 بزووتنەوەی فیمینیزم وەک کؤنسێپت زۆر پێناسەی جیاوازی بۆ کراوە و لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا بە گوێرەی پیداویستی و زەرورەت و نیازەکانی سیستەمی سەرمایەداری ئاڵوگۆری بەسەردا هاتوە، هەلسەنگاندنی جیاوازی بە گوێرەی پێوەری جیاوازبۆ کراوە، کە زۆربەیان کؤکن لەسەر ئەو بۆچوونەی کە فێمینیزم وەک بەشێک لە خەباتی بەردەوامی ژنان بۆ بەدەستهێنانی ماف و پێگەی زیاتر و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم وچەوسانەوە لەسەریان ئەناسێنێت.

ئەگەر لێرەداهەلوێستەیەک سەبارەت بە مێژووی بزووتنەوەی فیمینیستی بکەین، جۆرە جیاوازەکانی لە قۆناغە مێژووییە جیاوازەکاندا بناسینەوەو وە کاتێک وەلامی دروستمان دەست ئەکەوێت لەم بارەیەوە کە بە فاکت و دۆکمێنت بیسەلمێنین کە بۆچی بزووتنەوەی فیمینیزم نەیتوانیوە وناتوانێت یەکسانی تەواو بۆ ژنان دەستەبەر بکات.

بزووتنەوەی فیمینیزم لە باری مێژووییەکەیەوە بە دوو شەپۆل قۆناغ بەندی بۆ کراوە فێمینیزمی شەپۆلی یەکەمی سەدەی نۆزدەهەم و سەرەتای سەدەی بیستەم، سەرنجی لەسەر مافە یاساییەکانی ژنان بوو، بە تایبەت بە مافی دەنگدانی ژنان بە بزووتنەوەی مافەکانی ژنان دەناسرێتەوە، شەپۆلی دووەمیش بە بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی هەمەچەشن پێناسە ئە کرێت و، شەپۆلی دووەم کە لە ساڵانی شەست و حەفتاکاندا بەدوای ماف و دەرفەتی یەکسان و ئازادی کەسی زیاتر بۆ ژنان دەگەڕان. دەناسرێتەوە. لە کاتێکدا، شەپۆلی دووەم فێمینیزمی شەپۆلی دووەمی بزووتنەوەی مافەکانی ژنان دەستی خستە سەر هەموو بوارەکانی ئەزموونی ژنان- لەوانەش سیاسەت، کار، خێزان و سێکس. چالاکیی ڕێکخراو لەلایەن ژنانەوە و بەناوی ژنانەوە لە ڕێگەی شەپۆلی سێیەم و چوارەمی فێمینیزمەوە لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکان و سەرەتای ساڵانی ٢٠١٠  بەردەوام بوو. بۆ باسی زیاتر لەسەر فێمینیستە مێژوویی و هاوچەرخەکان و ئەو بزووتنەوەی ژنانەی کە گەشەی داوە بە خؤی، هەزارەها کتیب و بلاوکراوە و توێژینەوە لەسەر فیمینیزم بەرهەم هاتوە.

هەرچەندە بزوتنەوەی ژنان لە شۆڕشەکانی ئەمریکا 1776 و فەڕەنسا 1789 وە هێواش هێواش تا ساڵەکانی  1800 دەرکەوتوە و دەستی پێکردووە، بەڵام وەک بزووتنەوەیەکی ڕێکخراو لە ساڵی 1850وە هاتوەتە مەیدان. لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا لێکۆڵینەوە و قوڵبونەوە لە بابەتی ڕەگەز، جێندەر و یەکسانی جێندەری زۆر کۆن نییە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی نەوەدەکان، بەتایبەت لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا هەرزۆر نوێیە.

لێرەدا پیویستە لە ئەسلی بابەتەکە ورد بینەوە و هۆکاری وجودی بزووتنەوەکە تەشخیس بدەین. زیاتر لە دووسەدە و نیوێکە دەسەلاتی سەرمایەداری بەردەوامە لەوەی کە چۆن بەردەوام بێت لە گەشەدان بە بزووتنەوە فیمینیستیەکان و هەموو کات هەولی داوە  قڵشتێکی گەورە دروست بکات لە نیوان ژن و پیاودا، جیاوازی بایولۆژی فیزیکی کردۆتە هۆکارێکی زۆر بەهێز بۆ سەپاندنی کلتورە هەرە دواکەوتوەکانی ناو کۆمەلگە و سەرئەنجام راگرتنی مانەوەی سیستەمی چەوسێنەرانەی خۆی پێ مسوگەر کردوە. لەگەل سەرهەلدانی سیستمی سەرمایەداری دا زەرورەتی ئەوەی هێنانی ژنان بۆ بەشداری کردنیان لە ژیانی کار و بەرهەمهینانی کۆمەلایەتی پێویستی حەیاتی بوو بۆ گەشە کردنی سیستەمی ئابووری سەرمایە، و هاوکات بزوتنەوە فیمینیستیەکانی ژنان وەک تەواوکەری سیاسەتەکانی نیزامی چەوسێنەرەی سەرمایەداری ئەو سەردەمە و وەستانەوە دژی پاشماوەی دەرەبەگایەتی و زەبرو زەنگی پیاوانی کلێساکان بە بەرگی بزووتنەوەی فیمینیزم خەباتی راستەقینەی چینی کریکاریان داپۆشی. میژووی سەرهەلدانی ئەم بزوتنەوەیە وەک پێداویستیەکی ئەو سەردەمەو بە تایبەتی سەرەتای سەدەی نۆزدەیەم بزووتنەوەکانی ژنان لە ئەوروپای رۆژئاوادا بۆ داواکردنی مافەکانیان کە خاوەنی داواکاری دیاریکراوی خۆیان بوون، وە بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان بوو لە بوارە ئابووری و سیاسی و یاسایی و کۆمەلایەتییەکاندا، لەگەل سەرهەلدانی نیزامی سەرمایەداری دا فیمینیزم وەک بەشیک لە ئایدۆلۆژیای دەولەتی بۆرژوازی وبۆ شەق کردنی بزووتنەوەی کریکاری ئەم بزووتنەوەیە زەروورەتی حەیاتی بۆ راگرتنی خودی سیستەمی سەرمایەداری پەیدا کرد. هەلبەت سەرەتا ئەوەیان دا بەرووی کۆمەلگەدا کە گوایا هۆکاری نایەکسانی سەرچاوەکەی پیاوانن و پاشان فیمئنئستی لیبرالی و وجودی و فیمینیسمی و رادیکالی و سۆسیالیستی ورۆشنگەری و پاشان چەندین بالی تر دروست بوو تەنانەت فیمینیزمی مارکسی و سۆسیالیستیشیان دروست کرد، سەرەرای ئەوەی بەشیک لە رێکخراوە فیمینیستیەکان نکولی لەوە ئەکەن کە کار و چالاکی ئەوان دژبە پیاوان نییە، بەلکو کار کردنیانە بۆ بەدەستهینانی مافە رەواکانی ژنان و یەکسان کردنیان لەگەل پیاواندا، دۆزینەوەی(خود)ە وەک ژن و بەرقەرارکردنی ئازادی ژنان و ئازادی سێکسی ژنان وزۆر وشە و تێرمی تر، بەم تیروانینە نەک لە ناو کۆمەلگەیەکدا کە هەرچەندە فیمینیزم باس و بابەتی رۆژ نییە، بەڵکو لە ولاتانی پێشکەوتووی ئەمریکا و ئەوروپاشدا وەک قەوان لێ ئەدرێتەوە لەکۆمەلگەدا بە گشتی و لە  ناوەندی کاری رێکخراوەکانی ژناندا بە تایبەتی. هەروەها بۆ ناسینەوەی بزووتنەوەکە کە پێویستە جۆرەکانی فیمینیزم بناسینەوە کە من هەوڵ ئەدەم لە داهاتودا لەسەر جؤرەکانی بزووتنەوەی فیمینیزم بنووسم..

  ئەوەندەی ئەگەرێتەوە بە بوونی بزووتنەوەی فیمینیستیەوە لەعێراقدا لە دوای هاتنە سە رحوکمی دەسەلاتی رژێمی بەعسەوە، لە  دەیەی سالانی حەفتا و هەشتاکاندا شاهیدی بوونی رێکخراوە حکومیەکانی ژنان بووین، رێکخراوەکانیان وەک واقیعێکی سیاسی  و کۆمەلایەتی لە بەرژەوەندی حکوومەتی بەعس لە عێراقدا هەبوون و بۆ بەرگری لە سیستەمەکە دروست کرابوون وگەورەترین رێگربوون لەبەردەم خەباتی ژناندا بۆ بەدەستهینانی مافەکانیان، هەتا روخاندنی رژیم ئەوان رێکخراوەکەیان لە ژێر ناوی ئیتیحادی ژنانی عیراق کاری خۆیان ئەکرد. 

ئەوەندەی ئەگەرێتەوە بە کوردستان و لە دەیەی نەوەدەکاندا دوای رووخانی رژیمی بەعس، ئەوەبوو هیرش بۆ سەر مافەکانی ژنان زیاتر بۆوە، ئەم هیرشە لە دەسەلاتی بەعسەوە گویزرایەوە بۆ کۆمەلیک دەسەلاتی خێلەکی و لە شاخا پێگەیشتوو، یەکەم هێرش لە کوشتنی نامووسی یەوە لە شارەکانەوە دەستی پێکرد کە پێشتر ئەو کوشتنە  هێجگار کەم بوو، بەلام بە گرتنە دەسەلاتی یەکێتی و پارتی کوشتنی ژنان لە ژێر ناوی جیاوازدا بووە دیاردەیەکی هەموو رۆژە.  ئەمە سەرەرای ئەوەی هەموو حیزبە دەسەلاتدارەکان لە هەولی گەرانەوەی ژناندا بوون بەرەو کاری بێ کریی ناومال و دەستی پیاوانیشی ئاوەلا کرد کە ئازاد بن لە بە دیل کردن و ئیهانە و بی ئیرادەکرنی کچان و ژناندا.

لە بەرامبەر ئەو هەموو کێشانەدا کۆمەلیک لە ژنان و پیاوانی چالاکی هینایە مەیدان مێژویەک بوو کە رێکخراوی جیاوازی هێزو حیزبە جیاوازەکانی بە وجود هێنا.هەر ئەو کات لە رێگای چالاکیەکانەوە کاری رێکخراوەکانی ژنان لە کوردستان دا ئەوە ئەبینرا کە بە تەواوی ئاراستەی کارکردن و ستراتیژی و بەرنامەی جیاواز لەو مێژووی کارو ئەجێندای رێکخراوەکاندا هەیە. هەندیک لە رێکخراوەکانی ژنان سەرەرای ئەوەی لە سالانی نەوەدەکانەوە ئیدعای دژی ئەتک و کوشت و بری ژنانیان ئەکرد بەلام لە بەرژەوەندی حیزبە دەسەلاتدارەکان دروست کرابوون، کەم نەبوون ئەو ژنانەی کە بە سولحی عەشایری تەسلیمی لایەنیک ئەکرانەوە کە خۆیان بکەری کارەکە یان لە پشتی ئەنجامدانی کارەکەوە بوون، بە رەسمی کردنەوەی یاسای شەریعەی دژ بەژنان زۆر باسی لی کراوە بۆیە نامەویت لیرەدا باسی بکەم.

لە بەرامبەرهەموو ئەم بی مافیانەدا ریکخراوی سەربەخۆ ئافرەتان لەلایەن کۆمەلێک ژنان و پیاوانی کۆمۆنیست و هەلسوراوانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی دژ بە هەموو بی مافیەکانی ژنان لە سالانی نەوەدەکاندا دروست بوو وە چالاکی ئەسلی دژی کوشتنی نامووسی و بەدیهاتنی مافە رەواو سەرەتاییەکانیان بوووە رەخنەی سەرەکی لە یاساکانی شەریعەتی ئیسلام و دەسەلاتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان بوو.

دوایی لەسالانی ٢٠٠٠دا پاش ئەوەی چالاکییە مەدەنی و کۆمەلایەتیەکانی بەرتەسک بونەوەوهاواری بەشداری ژنان لە بەرهەمهینانی کۆمەلایەتی و بە کێشکردنی ژنان بۆ کردنە کالای خۆیان یان فرۆشتنی جەستەیان بە کۆمەلیک مەسئولین و مافیا و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان، هێنانی کچانی گەنج لە ولاتانی ئاسیا و رۆژهەلاتی ناوەراستەوە و گەرمکردنی بازاری سەرمایە کەیان، پاشان سەرانی بۆرژوازی کورد کەوتنە هات و هاوارکردن و هاوکات ئەیانووت ژنان برۆن خۆتان فریای خۆتان بکەون، رۆشنگەر بن بە تیۆرە فیمینیستییەکەی پلاتفۆرمی دابران، دیموکراسی گەشە پێبدەن! بەمەش وردە وردە و بە هەول و یارمەتی لە روانگەی دیموکراسی و سەربەستی سەردەمەکەوە دەگەنە یەکسانی راستەقینە!!!!!  ئەوکات جگە لەوەی باوکسالاری لە دەسەڵاتی ئێستای هەموو حیزبە ناسیۆنالیستەکان دەرکردوە، رۆشنگەرانی ژن بەکار دێنێت بۆ کەم کردنەوەی دەسەڵاتی ئیسڵامییەکان لە حکومەتە کارتۆنیەکەی پەرلەمانی کوردستاندا و زالکردنی زیاتری دەسەڵاتی رەشی ناسیۆنالیزمی کوردی، کەسەرجەم هەمووئەم حیزبانەی ئیستای ناو دەسەڵات دوو رووی پارەیەکن!!! ئەوەندەی نوێنەران و سەرانی حیزبە کوردیەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بەرگری لە سەوابتە دینیەکان و پیرۆزیەکانی خەلک ئەکەن کە رەوتە ئیسلامییەکانیش هەرئەوەندە خەمی بزووتنەوەکەی خۆیان دەخۆن. کەواتە دەیەی سالانی دوو هەزارسیستەمی سەرمایەداری لە کوردستان  دەورەی پەلەقاژە کرنی ئابووری و هەولی داکوتان بووبە مەبەستی قایم کردنی پایەکەی، لێرەوە هاوکات کەوتە پەلەقاژە بە دوای شەپۆلی گلۆبالیزم و بازاری ئازاددا، کەم نەبوون ئەو گەنجانەی دوای تەواوکردنی خویندنیان پەلکێش کران بۆ بازاری لەشفرۆشی و کچانی مودیل و ریکلامکردن بۆ جەستەی ناسکیان وە فرۆشتنی سیکس و بازرگانی کردن بە مادەهۆشبەرەکانەوە. هەموو ئەمانە ئەنجام ئەدران لە ژێر ناوی  گەشەی دیموکراسی لە کۆمەلگەی کوردستاندا، هاوکات دانی فرسەتی زیاتر بە کچانی گەنج بۆ نمایشی بازاریان تا کورانی گەنج، ئەم کەلینی نێوان کچ و کور پیویستی بە هێنان و دروستکردنی ریکخراوی فیمینیستی تازە بوو بۆ ئەوەی بەرژەوەندی کۆمپانیا زل و زەبەلاحەکانیان نەکەوێتە مەترسیەوە. لە کۆمەلگەیەکی وا کە هەم لە ریگای گلۆبالیزمەوە سسیستەمی بازاری ئازادی زال کرد بەسەر ژیانی خەلکیدا هەم پرسی ژنانیش بەتەواوی کردنە کالای لیهات و هەم بیرۆکە و کۆنسێپتی جۆراوجۆریش بۆ بزووتنەوەکانی ژنان تەسدیر کرا کە فیمینیزم وجیندەر لەو بابەتانە بوون، بەلام کۆمەلگەی کوردستان بە حوکمی مێژووی دەسەلاتداران خۆی سەرچاوەکەی خیلەکی و دواکەوتووییە، بەکالا کرنی جەستەی ژنان لەم سستەمە تازە تەسدیرکراوەدا هاوکات جۆری تازەی توندو تیژی ژنانی هینا و بە ئاراستەیەکی زۆر خراپتر، لەوانە توندو تیژی دیجیتالی بۆ نموونە، زیاد بوونی رێژەی لەشفرۆشی لە هۆکارە سەرەکیەکانی زیاد بوونی رێژەی کوشتنی نامووسیبوو!

پاشان لە کاتێکدا رۆژانە تا ئێستاش هەوالی کوشت و بری ژنان هەوالی سەرەکی سۆشیال میدیا و پەیجەکان و رۆژنامەکانە، ئەمان نەک تەنها کپکردنی دەنگە ئازادەکان پیشەیانە و بەس؛ بەلکو ئازادی تەواو دراوە بە پیاوانی سەر بە حیزبە کۆنەپەرستەکانی خۆیان بە مەبەستی درێژخایاندنی تەمەنی دەسەلاتی رەشیان!  کوشتنی ژنان و کچانی مودیل ئەنجامی هینان و مسادەرە کردنی ئەو دیموکراتی ونیولیبرالیزمە ژنانی بە رێژەیەکی گەورە کێش کرد بەرەو بازاری ئازاد.

پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە، ئەی خەباتی ئیمەی کۆمۆنیستەکان و رابەرانی بزووتنەوەی یەکسانیخوازی ژنانی دەیەی نەوەدەکان لە کویی ئەم کیشمەکێش و ململانێەدا چەقی بەستوە بۆ بەدەستهینانی جیهانێک کە ئیتر جیگای هیچ نایەکسانیەکی تیادا نەبیتەوە؟ ئایا چۆن خۆمان لە رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مە دەنی جیا بکەینەوە و چۆن بتوانین هەلسوراوە کۆمۆنیستەکانی ناو رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی بە ئاراستەی خەباتی کریکار بەرین و بە دیاریکراویش کار و خەباتی ژنانی کرێکار؟ نەک بە پێچەوانەوە وەک ئەوەی کە ئیستا هەیە، کە رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی ئەو دەنگەی کۆمۆنیستیەی کە هەیە (جا لە هەر ئاستیکدا بێت ئە و دەنگە)، هەولی بردنی ئەو دەنگەیە بە لای ریکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و ئەوەی پیی ئەوترێت مافی مرۆڤ لەریگای کاری ریکخراوەکەیەوە فیمینیزم گەشە پێبدات.

بە گویرەی ئەزموونی کاری سیاسی و ریکخراوەییم زۆر جار لە کاتی ئەنجامدانی کار و چالاکیەکەکانی پەیوەند بە کیشەکانی ژنانەوە چەند تیروانینی جیاواز لەسەرکارەکانمان کراوە و لە دەورانێکدا هەندێک رابەرانی بزووتنەوەی یەکسانیخواز لە کوردستاندا شەوو رۆژمان خستبوە سەریەک بۆ بەدەستهینانی مافەکانی ژنان و دوای ئەوەی لە دەرەوەی کوردستانیش هەموو کات رووی رەشی سستەم وحیزبە دەسەلاتدارەکان و یاسای شەریعەتمان ریسوا کردوە، پێمان وتراوە کاری ئێمە لە چوارچێوەی  جۆری کاری رێکخراوە فیمینیستیەکاندا جیاوازی نییە و نزیکایەتیان زۆرە و بە تایبەتی چەشنی کارێك کە ئێمە ی پێ ناسراوینەتەوە بە کاریک لە چوارچێوە ی کارەکانی رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی و لەچوارچیوەی کاری فیمینیزم لە قەلەم داوە. لیرەدا پێویست ئەکات بە چاویکی رەخنەگرانەوە بروانینە هەموو ئە و کارانەی کردومانە لە ماوەی ٣٠سالی رابردودا لە پەیوەند بە پرسی ژنانەوە، ئەوە نکولی لی ناکرێت کە کاری ئێمە زیاتر لە چوارچیوەی هوشیارکردنەوەی کۆمەلگە و فشارخستنە سەر دەسەلات و یاسا گۆرێن و دژی  کوشتنی ژنان و ناموسپەرستی و داواکاریەکانی دیکە کاری جدی و تاقەت پروکێنمان کردوە و بەردەوام بووین، ئەم کارانەمان سەرەرای ئەوەی کە بەرز نرخێندراون و لەوانەیە ژیانی چەند ژنی رزگار کردبیت لە دەورانێکدا، لەوانەیە تیروانینی چەندەها پیاویشی گۆریبێت لە ژیانی کۆمەلایەتی و خێزانیدا، بەلام پرسیار ئەوەیە ئایا کاری هەر کەسێک کە ئیدعای کۆمۆنیست بوونی خۆی ئەکات و جا سەر بە حیزبیکی کۆمۆنیستی بیت یان نا، ئایا کارمان بەوە تەواو ئەبیت کە دەسەلاتیکی سکولارلە کوردستان دامەزرا رەشەکوژی کۆتایی پێ هات لە یاسادا ئیترپلە دوویی ژنانیش کۆتایی پێ دێت؟ لێرەدا کارمان تەواو؟ ئەگەر وا تەماشای بکەین هیچ جیاوازیمان نییە لەگەل فیمینیزم و رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنیدا، زۆربەی زۆری رێکخراوە فیمینیستەکانیش هەمان ئیدیعا ئەکەن و شیعاری یەکسانییش بەرز ئەکەنەوە، هەر بۆیە کاتێک مەودایەکی زۆر گەورە هەیە لە نیوان ئیمە و ئەواندا ئەویش ئەوەیە ئەگەر فۆکسی کارمان لەسەر داوا و مەتالیبەکانی کریکاران بێت و لە شوینی کار و ژیانی ئەوانەوە خەبات بکەین دژی هەموو کێشەکانی ژنان، چونکە مەسەلەی رزگاری تەواوی ژنان لە کۆت و بەندی یاسای کاری سەرمایە تەنها بە  شورشی چینی کریکار دەکریت، بؤیە لێرەدا ئیتر باسی رەگەز و جێندەرو فیمینیزم مانایەکی نامێنێت. 

خالێکی ترکە ئەیسەلمێنێت بۆچی رێکخراوی فیمینیسی وەلام ناداتەوە بە کێشەکانی ژنان ئەوەیە کە فیمینیزم کە وەک لە سەرەتادا باسم کرد لە ئەوروپا ئەم بزووتنەوەیە زیاتر لە دوو سەدەونیوە هەولی ئەوە ئەدات کە بە ژنانی جیهان بلیت ئیتر ژنان لەمە زیاتر ریگای تریان نییە بۆ کۆتاییهینان بە کێشەکانیان، لە خۆرایی نییە کە سالانە ملیاردەها ئیورۆ لە بودجەی ولاتان ئەخاتە بەردەمی رێکخراوەکانی ژنان و رابەرە فیمینست و لێکۆلەرەوەکانیان کە خۆی کاریک کە ئەرکی دەولەتە بیکات، تەسلیمی رێکخراوە فیمینیستیەکانی ئەکات! تەنانەت لە ئەمریکا و ئەوروپا سالانە ملیارەها دولار سەرف ئەکرێت لە زانکو و پەیمانگاکان کە بۆ خویندن و گەشەدان بە باسەکانی فیمینیزم و جۆرەکانی!

هەر بۆیە پرسیار ئەوەیە ئەگەر لە ئەوروپا سالانیکی دوورو درێژە رێکخراوەکانی ژنان کار ئەکەن بە ناوی پاراستنی مافەکانەوە، و هێشتاش سەرکەوتوو نەبوون و کاریان لە چوارچێوەی دەولەتەکانیان ناچیتە دەرەوە، کەواتە رێکخراوە فیمینیستیە ئەزموون کورتەکانی کوردستان هەر زۆر دوورن لە چارەسەرکردنی کێشەی ژنانەوە، هە ر بۆیە لیرەدا ئەو راستیە ئەسەلمێت کە کار و خەباتی ژنان لە هەر جێگایەکدا بێت، خەباتیکی دانەبراوە لە خەبات و ئەرکی چینی کریکار و زەحمەتکێش. ئەگەر هەر کەسێک دڵی بە رێکخراوی فیمنیستی خۆشە و بە هۆکاری سەرەکی و کارای رزگارکردنی ژنانی ئەبینێت، ئەوا ئەبیت پێش هەموو شتیک بپرسێت بۆچی لە ولاتانی پێشکەوتوودا هەزارەها رێکخرای فیمینیستی هەیە کەچی سەرمایەداری کرێی یەکسان ناداتە هەمان کاری ژن و پیاو، لە ولاتانی ئەسکەندنافیا سالانە ژنان ئەم داوایە ئەکەن، بەڵام بۆیان جی بەجیی ناکەن، چونکە ئەگەر ئەو داواکاریە جێبە جێ بکەن واتا لەق بوونی سیستەمی سەرمایەداری کە یەکێک لە کۆلەکە هەرە پتەوەکانی سیستەمی سەرمایەداری ئەم جیاکارییەی نێوان ژن و پیاوانە کە بەم جیاکاریە واتە بەوەی کرێی نایەکسان دەداتە هەمان کاری ژن و پیاو، هەم ئاستی کریی نزمی هەردوولا رائەگرێت و لەلایەکی تریشەوە کەلەکەی سەرمایەکەی پێ مسۆگەر ئەکات.

بۆ ئەوەی سنووری کاری کۆمۆنیستەکان و بزووتنەوەکانی تر بە شەفافی ببینرێت پێویستە لە کارماندا ئەوە ببینرێت کەلە ناو هەموو ئەو رێکخراوانەش کە ئەجیندای کاریان بە هەموو بەش و بالە جیاوازەکانیەوە لەسەربنەمای فیمینیزم دامەزراون هەر لە فیمینیزمی ئیسلامی و لیبرال وبە فیمینیستی مارکسیەکەشی!!، مەبەست و ئەجیندای کاری هیچ کامێکیان بۆ بەرەو پێش بردنی خەباتی چینی کریکار و پرۆلیتاریا نییە، بەلکولە باشترین و سەرکەوتووترین حالەتدا ئەگەری بەدەستهینانی هەندێک داواکاری ژنانە کە لە کاتی ئەزمەی سەرمایەداریدا کە قابیلی لیسەندنەوەیانە هەروەک لە ئیستادا لەم دەورەی شکستی دیموکراتییەی ئەمەریکا و ئەوروپادا ئەیبینین….

 

  دریژەی هەیە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.