سێ تایبەتمەندی و کاتەگۆری چەپ بوون نادر عبدالحمید
سێ تایبەتمەندی و کاتەگۆری چەپ بوون
نادر عبدالحمید

لەگەڵ بوونی خواستی موچە دواکەوتووەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، بەڵام تایبەتمەندیەتی هەرە جەوهەری ئەم خۆپێشاندانەی ١٨-١٢-٢٠١٧ ڕۆیشتنی دەسەڵات، هەڵپێچان و ڕوخاندنی بووە. هاوکات ڕەوتە سیاسیە نەیارەکانی هەردوو حزبی دەسەڵات، واتا نیوە ئۆپۆزیسیۆنی قەومی-ئیسلامی (گۆڕان و کۆمەڵ)، وە کەسایەتی و کۆڕوکۆمەڵە لیبڕاڵ-ناسیونالیستەکانی کوردستان و ڕەوتی تازە شکڵگرتووی (نەوەی نوێ)، لە ئێستادا پلاتفۆڕمی سیاسیان دەست لە کار کێشانەوەی حکومەت و پێکهێنانی حکومەتی ڕزگاری نیشتمانی، حکومەتی کاتی وەیا تەکنۆکراتە.
بە پێچەوانەوە، شەپۆلە جیاجیاکانی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان لە ساڵانی ڕابردوودا لەگەڵ بوونی ڕەوت و لایەنی سیاسی چەپ و کۆمۆنیست تیایدا کە بە ئاسۆی بەرزکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە ڕووەو هەڵپێچان و ڕوخاندنی دەسەڵات چالاکیان دەنواند و کەمتاکورتێکیش کاریگەریان بەجێهێشتبوو، بەڵام تایبەتمەندی سەرەکیان دابینکردنی موچە دواکەوتووەکان و خزمەتگوزاریەکان بوو. ئەوەش بێنینەوە یاد بەپێچەوانەی ئێستاوە ئۆپۆزیسیۆنی قەومی-ئیسلامی و کۆڕوکۆمەڵە لیبڕاڵ-ناسیونالیستەکان ئەوسا پلاتفۆڕمی سیاسیان فشارهێنان بوو بۆ دەسەڵات تا ملبدات بە خواستە ئابووری و خزمەتگوزاریەکان و بێتەپای سازشێکی سیاسی کەدواتر خۆی لە حکومەتی بنکە فراواندا بیندەوە.
لێرەوە پێبەپێی قەیرانی ئابوری و فشاری بێکاری و دەستەنگی و برسیەتی، هەروەها پێبەپێی کورتهێنانی تواناییەکانی دەسەڵات بۆ ئەنجامدانی ڕیفۆڕم و سازش لەگەڵ ناڕەزایەتیەکان، ئەم دەسەڵاتە ناچار بووە وێڕای چاوبەستەگی و هەڵفریواندن هەرچی زیاتر پەنا بەرێتەبەر سەرکوت، بۆیە ناڕەزایەتیەکان هەرچی زیاتر ڕووەو ڕادیکاڵ بوونەوە ڕۆیشتن. ئەمە جگە لەوەی ڕێگای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و حکومەتی بنکەفراوان کە ئۆپۆزیسیۆنی قەومی-ئیسلامی لەدوای ساڵی 2009 وە لەڕێگەیەوە توانیان سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان ببن، لە ئۆگۆستی 2015 دا ئەم ڕێگەیە بەبنبەست گەیشت بۆ هێنانەدی ئاڵوگۆڕی سیاسی لە دەسەڵاتدا. سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانیان نێردرانە ماڵەوە. بەم شێوەیە کاتێک ڕێگەی سازان و “یەکخستنی ناوماڵی کورد” کۆتایی هات، وە ئۆپۆزیسیۆن ڕیسوا بوو، لەڕووی بابەتیەوە ئاسۆی دەربازبوون لەم قەیرانە سیاسی-ئابوریە تەنها ڕێگەی ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی دەخاتە بەردەم کۆمەڵگە ئەویش بەدوو ئاقاردا.
ئاقاری یەکەم بورژوا-ناسیونالیستی دەسەڵاتدار بەتایبەت حزبی پاوەنکاری دەسەڵات و سەروەت (پارتی) و بەرجەستە لە شەخسی (بارزانی)دا، بۆ داپۆشینی تەواوی ئەو ناکۆکیە کوشندانەی ناو هەناوی کۆمەڵگەی کوردستان، نەک هەر هێشتنەوەی خۆی لە دەسەڵاتدا، بەڵکو خۆنمایش کردنیش وەک پاڵەوانی مەیدان و سەروەری نەتەوە، پەنا بەرێتە بەر ڕیسکی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی کوردستان. ئەگەر ئەم قومارە سەری بگرتایە و براوەبوایە بەدڵنیاییەوە کۆمەڵگەی کوردستان دەستخۆشی ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی دەهات. ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکان، پەیوەندی چینەکان و حزبە سیاسیەکان بە دەوڵەتی تازە شکڵگرتوو و دەسەڵاتەوە، تەواو ئاڵوگۆڕی بەسەردا دەهات و کوردستان دەچووە ناو مێژوویەکی تازەوە.
بەڵام حزبی دەسەڵات و بەگشتی بورژوازی کوردستان نەک هەر بەختەوەر نەبوون و ئەم لۆتۆ (بیتاقەی یانسیب)ەیان بۆ دەرنەچوو، بەڵكو بە دۆڕاوی و ئیفلاسیەکی ئابڕووچوانەوە لەو سەرەوە هاتنەدەروە، کە هێندەی تر قەیرانەکانی قوڵکردەوە، زیاتر (ناوماڵی بورژوازی کورد)ی تێکدا و بە لەدەستدانی بەشێک لە چاڵە نەوتەکان و گومرگی خاڵە سنوریەکان و … ئاسۆی بەردەوامی دان بە نیوە موچەی هەر سێ مانگ جارێکیش تارک بوو.
خاڵێک کە لە لێرەدا پێویستە ئاماژەی پێبدەم، ئەوەیە کە تێکشکانی دەسەڵاتی بورژوازی فەرەنسا لەشەڕیا لەبەرامبەر ئەڵمانیا لە ساڵی ١٨٧٠، تێکشاندنی دەسەڵاتی قەیسەر لەبەرامبەر ژاپۆن لە ساڵی ١٩٠٤ و لەم حاڵەتەی کوردستانی عێڕاقیشدا تێکشکان و چۆکدادانی دەسەڵات لەبەرامبەر حکومەت و دەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندیدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە لە شکاندی سام و هەیبەتی دەسەڵات و پەیاکردنی جورئەت لەلایەن جەماوەرەوە بۆ ڕاپەڕین و ڕاماڵینی دەسەڵات.
ڕەوتی قەیران و ناڕەزایەتیەکان کە خۆی بەرەو ڕادیکاڵبوونەوە دەڕۆیشت بە دژی دەسەڵات، تێکشکانی پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی و داخرانی ئاسۆی دابینکردنی موچە و خزمەتگوزاریەکان لە دۆخێکی وەستاوی پڕۆژە ئابوریەکان و بێکاریەکی بەربڵاو و برسیەتیدا، “ئەو تاڵە مووە بوو کە پشتی حوشترەکەی شکاند”. کاتێک جەماوەر دەگاتە ئەو قەناعەتەی کە دەسەڵات هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەمدا نەماوە کە بتوانێت چارەسەری ئەم بێموچەیی و برسیەتی و بێکاریەی پێبکات لەو چرکە ساتەدا چاوەڕوانی مانایەکی نامێنێت و خەڵکی دەجوڵێن و دەتەقنەوە بەڕوی دەسەڵات و ئەم بارودۆخەدا.
لەڕووی بابەتیەوە چینی بورژوازی لە کوردستاندا لە پڕۆسەیەکی دیاریکراوی مێژووییدا ئاڵتەرناتیڤە جۆراوجۆرەکانی چ لەدەسەڵات و چ لە ئۆپۆزیسیۆندا بە بنبەست دەگات. مێژووی کوردستان لە ئێستادا وەک حاڵەتێکی بابەتی چینی کرێکار بانگەواز دەکات تا لە ڕوانگەی بەرژەوەندیە کۆتاییەکانی خۆیەوە ئاڵتەرناتیڤ بۆ کۆمەڵگە بخاتەڕوو، ئەمەش ئەرکێکە لەسەرشانی بزوتنەوەی سۆشیالیستی کرێکاری، چونکە بورژوازی وەک چینێک هیچ چارەسەرێکی جدی پێنەماوە جگە لەڕاگرتنی وەزعەکە و بارودۆخێک کە لەتوانای خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشدا نەماوە، ئەویش بە سەرکوت و ئیستیبداد.
لێرەوە دێینەسەر تایبەتمەندی دووەم کە ئەویش بۆ یەکەمجارە هێزی پێشمەرگە (جگە لەبەرپرسانی باڵا) وەک توێژێکی کۆمەڵایەتی دەستەنگ و کەمدەرامەت و موچە لێبڕاو دەبنە بەشێک لە ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیەکانی کوردستان و هەتا لە خۆپێشاندانەکانیشدا (گەرچی بە شێوازی فەردی) ئامادەییان هەیە. ئەمەش بەو مانایە کە دەسەڵات هەرچی زیاتر تەریک کەوتۆتەوە و بووە بە گروپێکی مافیایی و بە دامودەزگایەکی تەواو جیا لە خەڵکی و دژ بە بەرژەوەندیەکانیان و پشتبەستوو بە هێزە داپڵۆسێنەر و سەرکوتگەرە تایبەتیەکانی خۆی لە چەشنی “دەزگای ئاسایش”، “دەزگای زانیاری”، “دەزگای دژە ترۆر”، “هێزی تایبەت”، “دەزگای پاراستن”، و “هێزی زێرەڤانی”.
ئەوەی دەسەڵات لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا بەدوای خۆپێشاندانەکان ڕۆژ بەڕۆژ هەڵمەتی ڕاوەدوونان و گرتن بەرفراوانتر دەکات و بە بەردەوامی و بەبێ پسانەوە خەریکی ئەم سەرکوتگەریەیە، گوزارش لە حاڵەتێک دەکات کە مەسەلەکە هەر ئەوە نیە وەکو ساڵانی ڕابردوو خەڵک ناڕەزایەتی دەردەبڕێت و خۆپێشاندان دەکات و دەسەڵات دەکەوێتە ڕاوەدوونان و گرتنی چالاکوانان و دوایش بارودۆخەکە دێتەوە شوێنی خۆی، بەڵکو ئەمجارەیان لە ئێستاوە ئەم دەسەڵاتە شەری سەروماڵ، شەڕی مانونەمانی خۆی دەکات. دەزانێ ئاڵوگۆڕێکی جۆرایەتی (نەوعی) لە ئاگاهی خەڵکدا ڕویداوە و ئەم خەڵکە هەر فرسەتێکیان بۆ بخڕەسێ دێنە مەیدان و هەڵی دەپێچن و دەیخەنە زبڵدانی مێژووەوە.
خەسڵەتی سێهەمی ئەم شەپۆلە لە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان، گوزارش لەوە دەکات کە لەڕووی مێژووییەوە زەمینەی مادی نەک بۆ خستنەڕووی ئاڵتەرناتیڤی سۆشیالیستی بەڵکو بۆ بە عەمەلی دەرهێنانی هاتۆتە ئاراوە. ئەمە بە چ مانایەک؟
بەو مانایەی کە دەسەڵاتی بورژوازی، وە ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی بەوانەشەوە کە لە ئۆپۆزیسیۆن بوون پێشتر و ئێستا نیوە ئۆپۆزیسیۆنن لە ئیعتیبار کەوتوون، دامەزراوەی پەرلەمانی وەک خودی دەسەڵات بە ئەزمونێکی زیندوو ئیعتیباری لەدەستداوە. ستڕاتیژی ئابووری دەسەڵات کە بازاڕی ئازادە بەهەمانشێوە خەڵکی بە ئەزمونی خۆیان بۆیان دەرکەوتووە کە سەرپۆشێکە بۆ تاڵانی و دزی سەروەت و سامان و برسی کردنی کۆمەڵانی خەڵک.
ئەوەی لەو نێوەدا غائبە هێزی ڕێکخراوی سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی سەر بە ئاسۆ و بەرژەوەندیە کۆتاییەکانی چینی کرێکارە کە ئاڵتەرناتیڤێکی سیاسی سۆشیالیستی بخاتەڕوو.
هەر حزب و گروپ و مەحفەلێکی کۆمۆنیست و کرێکاری ئەگەر دەسەڵات وەک پاکێجێکی سێ لایەنەی حکومەت و دامەزراوەی پەرلەمان و بازاڕی ئازاد لە ئێستادا ڕەت نەکاتەوە، وە ئەوە مەبنای کار و هەڵسوڕانی نەبێت، ناتوانرێت لەناو کاتەگۆری چەپ و سۆشیالیزمدا جێگەی ببێتەوە، بەڵکو لەباری سیاسیەوە دەچێتە ناو کاتەگۆری بەرەی بورژوازی و لەباشترین حاڵەتیدا کاتەگۆری ڕیفۆڕمیستیەوە.
ڕەوتە جۆراوجۆرەکانی ناسیونالیزم و لیبرال-ناسیونالیست و ئیسلامیەکان، خوازیاری تەنها گۆڕینی حکومەتن بەبێ وەلانانی دامەزراوەی پەرلەمان نەک هەر ئەوەش دەیانەوێت لەڕێگەی پەرلەمانەوە جارێکی تر دەسەڵاتی بورژوازی ڕێکخراو بکەنەوە بەسەر سەری کرێکار و زەحمەتکێشی کوردستانەوە، وە دەیانەوێت پشت بە هەمان بازاڕی ئازاد وەک ستڕاتیژ و بنەمای ئابوری حکومەتی ئایندەیان ببەستن.
ستڕاتیژێکی سۆشیالیستی لە ئێستادا دەتوانێت گوزارش بێت لە دوائامانج و بەرژەوەندیەکانی چینی کرێکار و لەو ڕێگەشیەوە ڕزگاری تەواوی کۆمەڵگە و چین و توێژە زەحمەتکێشەکان کە بتوانێت ئاڕاستەی هەڵپێجانی دەسەڵات بێت لە کوردستاندا نەک هەر بەمانای وەلانانی حکومەت بەڵكو وەلانانی وەک پاکێجێک بە خۆی و دامەزراوەی پەرلەمانی و بازاڕی ئازادیەوە. وە کوردستان بکات بە پایەگای ئاڵوگۆڕێکی شۆڕشگێڕانەی کۆمۆنیستی لەسەراسەری عێڕاقدا بۆ تێکشکاندنی دەسەڵاتی بورژوازی لەبەغدا و چارەسەری مەسەلەی نەتەوەیی لەو ڕەوەندەدا. ستڕاتیژی سەربەخۆیی کوردستان ناتوانێت گوزارش بێت لەو زەروتە مێژووییەی کە هاتۆتە ئاراوە لەمڕۆی کوردستاندا، بۆیە لەڕووی سیاسیەوە ئەو بەشە لە بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیست دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ کە بەدوای (بەعەمەلی دەرهێنانی سەربەخۆیی کوردستان)ەوەیە لەڕووی سیاسیەوە دەچنەدەرەوەی بەعەمەلی دەرهێنانی سۆشیالیزم.