یه‌کێتیی کۆمۆنیستی ئه‌ناتۆمى لیبراڵیزمى چه‌پ مارکسیزم و پراکتیکى شۆڕشگێڕانه: ده‌رباره‌ى میتۆدۆلۆژیی لێنین{١} بەشی سێهەم
ئه‌م میتۆدۆلۆژییه، پاسیڤیستییه که به‌دواى “چینى له بارى مێژویییه‌وه گرنگ”ه‌وه‌یه و “ڕابه‌رى” له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانه‌وه ده‌رده‌کێشێ، ئاراسته‌ى قووڵى خۆى له‌و میتۆدۆلۆژییه جیا ده‌کاته‌وه که پێویستیى پراتیکى شۆڕشگێڕانه‌ى چینى کرێکار وه‌کوو ڕابه‌رى هه‌ر ئاڵۆگۆڕێکى شۆڕشگێڕانه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى به‌فه‌رز وه‌رگرتووه. ئه‌مه‌ش یه‌که‌مین سیماى جیاوازى نێوان میتۆدۆلۆژیی بۆڵشه‌ڤیزم و مه‌نشه‌ڤیزمه، نێوان لیبراڵیزمى چه‌پ و مارکسیزمى شۆڕشگێڕه. تێگه‌یشتنى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى بۆ شێوازى هه‌ڵوێستگرتنى لێنین له شۆڕشى ١٩٠٥، ماته‌ریالیزمى مێژوویى پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه. ئه‌وه دروست و مارکسیستانه‌یه که ئه‌گه‌ر بڵێین به‌درێژایى سه‌ده‌کا‌ن به‌پێی ڕه‌وتى په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵگا، چه‌ندین چینى جۆراوجۆر هه‌بوون، که به حوکمى هه‌لومه‌رجى بابه‌تى و ئابوورى هاتوونه‌ته پێشه‌وه و بوونه‌ته توخمى ئاڵوگۆڕى فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان. به‌ڵام ئه‌وه به ته‌واوى نادروست و لاده‌رانه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌نها هه‌ر ئه‌وه له ماته‌ریالیزمى مێژوویى تێبگه‌ین که به یه‌ک کۆبه‌ندى کورته‌وه و له گشت ڕه‌وتى مێژووى مرۆڤایه‌تى و گرنگى “ژێرخانى ئابوورى”یه‌وه، بچینه سۆراغى کۆمه‌ڵگاى سه‌رمایه‌داریی هاوچه‌رخه‌وه، هاوکات بمانه‌وێت له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییه‌کاندا و له هه‌ر ئاڵوگۆڕێکى شۆڕشگێڕانه‌دا، له یه‌ک وڵاتى دیاریکراودا، دووباره له “ئابوورى”دا به‌دواى چینى پێشڕه‌و و گرنگ و “ڕابه‌رى شۆڕش”دا بگه‌ڕێین. ئه‌مه ئیتر ماته‌ریالیزمى مێژوویى نییه. چونکه ئه‌مه به ده‌قیقى له مێژووى واقیعیی ئێستادا، یانى له ده‌ورانى مێژوویى و له سه‌رده‌مى شۆڕشه پرۆلیتێرییه‌کان دابڕاوه. ئه‌گه‌ر ده‌سته‌واژه و چه‌مکى پراتیکى شۆڕشگێڕانه له مارکسیزم ده‌رکێشین، ئه‌گه‌ر لایه‌نگریی چینایه‌تى له مارکسیزم واز لێ بهێنین، ئه‌گه‌ر ده‌رکى زیندووى مارکس له په‌یوه‌ندیی نێوان بار و دۆخى بابه‌تیی کۆمه‌ڵایه‌تى و توخمى چالاکى مرۆیى بخه‌ینه لاوه، ئه‌و کاته ئه‌وه‌ى لێى ده‌مێنێته‌وه ڕه‌نگه شتێکى هاوشێوه‌ی که‌مکردنه‌وه‌گه‌رایى ئابوورى و مێژووگه‌رایى و ئۆلۆسیۆنیزمێکى له ئاو ده‌رهاتوو بێت که یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له برى مارکسیزم پێشکه‌شى ده‌کات. هه‌مان ئه‌و مێژووگه‌رایى و دیترمینیزمه ئابوورییه‌یه که فۆرمووله‌کانى وه‌ک “له شۆڕشى سیاسی‌دا، به‌ڵام به‌و جۆره نییه”، “کام چینه ئه‌توانێ باشتر کۆمه‌ڵگا پیشه‌سازى بکات”، “کام چینه له بارى مێژووییه‌وه گرنگیى زیاترى هه‌یه” و هی تر‌ى لێ ده‌رده‌کێشرێت. ئه‌مه‌ش هه‌ر ئه‌و مارکسیزمه شێواو و “بێلایه‌ن”کراوه‌یه که ئه‌کادیمیسته بۆرژوازیییه‌کان له مه‌یدانى مێژووى بیری ئابووریدا ده‌یڵێنه‌وه. هه‌مان ئه‌و مارکسیزمه “ناپرۆلیتارى”کراوه‌یه که بڕیاره له وڵاتانى ژێرده‌سته‌ى ئیمپریالیزمدا ببێت به تیۆرى شۆڕشى “خه‌ڵک له دژى ئیمپریالیزم”. هه‌مان ئه‌و مارکسیزمه ناسککراوه‌یه که ڕۆشنبیرانێکى بۆرژوا- لیبراڵ و ئه‌و ورده‌بۆرژوا- ئیسلامییانه‌ى که له ماوه‌ى دووده‌یه‌ى پێشووى ئێران‌دا به نهێنى ده‌یخوێننه‌وه و له‌و کاتانه‌شدا که له ڕێکخراوى “ته‌وحیدى” و مه‌حفه‌لیی به‌ره‌ى نه‌ته‌وه‌یى ماندوو ده‌بن و خوازیارى “ڕادیکاڵیزم”ى زیاترن ده‌ستیان بۆ بردووه. له هه‌مان کاتدا ئه‌مه ئه‌و مارکسیزمه ئاوه‌ژووکراوه‌یه که ئینسان تیایدا گۆڕدراوه به بووه‌نه‌وه‌رێکى پاشکۆ و بێ ئیراده له ”په‌ره‌سه‌ندنى کۆمه‌ڵایه‌تی”دا. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و به‌ناو “مارکسیزم”ه‌یه که به بیانووى په‌ره‌سه‌ندن و پێشکه‌وتنى مێژووى کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، بانگه‌وازى پرۆلیتاریا ده‌کات بۆ ده‌ستکێشانه‌وه له به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌تییه‌کانى خۆی و بوونى به پاشکۆى “بۆرژوازیى نیشتمانى و ورده‌بۆرژوازی دژى ئیمپریالیست”. ئه‌مه ”مارکسیزم”ى حیزبى تووده و ڕێگاى کرێکار و ڕه‌نجبه‌رانه(چه‌ند ڕێکخراوى چه‌پى ئێرانه- وه‌رگێڕ) که یه‌کێتیی کۆمۆنیستى گه‌ره‌کێتى له‌ژێر ناوى “میتۆدۆلۆژیی لێنین”دا پێشکه‌شی بکات. له‌م دیدگایه‌دا ئینسان ده‌بێ شانسى هه‌بێ که به ڕێکه‌وت له یه‌کێک له‌و ده‌ورانانه‌دا ژیان بکات که تێیدا پرۆلیتاریا “له بارى میژووییه‌وه گرنگى زیاترى هه‌یه” و بۆ ده‌ستنیشانکردنى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش تازه ده‌بێ به‌پێى پێوانه‌یه‌کى کافى “له دنیاى گه‌وره”ى سه‌رمایه‌داریی ئێران بزانێ، ئه‌گه‌ر نا ئه‌وا به هه‌مان شێوه‌ى باوى حیزبى توده، سه‌ر له که‌پر و چادرى ئه‌و چینانه‌وه ده‌ردێنێ که “له بارى مێژووییه‌وه” گرنگن.
به داخه‌وه ئه‌م لێکدانه‌وه دیترمینیستییانه له مارکس و مارکسیزم له مێژوودا، له ده‌رکى دروستى ماته‌ریالیزمى پراتیکى و دیالێکتیکى مارکس بره‌ویان زۆرتره. بۆچوونه‌کانى یه‌کێتیی کۆمۆنیستى هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ى ئاماژه‌مان پێی دا، له بنه‌ڕه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ باوه‌ڕه‌کانى ڕیڤیژینیزمى هاوچه‌رخدا جیاوازییان نییه. ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کى نوێ و تازه‌په‌یدابوو نییه. ئه‌وه بۆ یه‌کێتیی کۆمۆنیستى ئه‌زمونێک ده‌بێ، ئه‌گه‌ر بێت و به‌وه بزانێت که ”جیاوازى نێوان بۆلشه‌ڤیزم و مه‌نشه‌ڤیزم” له ساڵى ١٩٠٥دا به ده‌قیقى هه‌مان جیاوازى نێوان ماته‌ریالیزمى پراتیک و ده‌خاڵه‌تگه‌رییه له‌گه‌ڵ ماته‌ریالیزمى سکۆلاستیکى و پاسیڤیستیدا. به داخه‌وه یه‌کێتیى کۆمۆنیستى نه ته‌نها له تێگه‌یشتنى بۆ میتۆدۆلۆژیى لێنین سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه، به‌ڵکوو خودى ئه‌و و هاونموونه‌کانى وه‌ک ئه‌و بابه‌تى ڕه‌خنه‌گرتنیان هه‌ر ئه‌م میتۆدۆلۆژییه بووه.
تا ئه‌و شوێنه‌ى کار به پێداهه‌ڵدان به سنوورکێشانى لێنین له‌گه‌ڵ مارکسیزمى عه‌له‌نی ده‌گات، بینیمان یه‌کێتیی کۆمۆنیستى چۆن له بوارى ڕۆشنکردنه‌وه‌ى “میتۆدۆلۆژیی لێنین”دا به‌کرده‌وه به بنبه‌ست گه‌یشتووه. به‌تایبه‌ت که لێنین له شیکردنه‌وه‌یه‌کى هاوشێوه‌وه بۆ فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانى ڕووسیا به ”ئه‌نجامێکى سیاسى” ته‌واو جیاواز گه‌یشتووه. له ڕوواڵه‌تدا وا ده‌رده‌که‌وێ که ئه‌وه چه‌ند فاکتۆر و هۆکارێکى “پێشبینى نه‌کراو” و نه‌زانراوى له‌پڕدایه که لێنین و میتۆدۆلۆژییه‌که‌ى له په‌یوه‌ند به (ده‌رکێشانى ستراتیژیی شۆڕش له فۆرمیلاسیۆنه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا) به لاڕێدا بردووه و ئه‌وى به ده‌ربڕینێکى “لاسارانه”وه به‌ستۆته‌وه که داکۆکی له‌سه‌ر پێویستیی سه‌ربه‌خۆیى ڕابه‌ریی پرۆلیتاریا له شۆڕشدا ده‌کات. یه‌کێتیی کۆمۆنیستى له ڕۆشنکردنه‌وه‌ى ئه‌م شێوه‌یه له هه‌ڵوێستگرتن، له بردنه‌پێشه‌وه‌ى باسه‌کانى خۆیدا، بێ توانا ماوه‌ته و سه‌یر له‌وه‌شدایه به‌م بێ توانایییه‌وه، ڕاده‌گه‌یه‌نێ که هه‌مان ئه‌و جیاوازییانه” له باسه‌کانى لێنیندا له‌دژى مه‌نشه‌ڤیزم به‌وپه‌ڕى خۆى گه‌یشتووه”.
ڕاستییه‌که‌ى ئه‌وه‌یه “جیاوازییه‌ک” که له باسه‌کانى نێوان لێنین و مه‌نشه‌ڤیکه‌کاندا به‌وپه‌ڕى خۆى گه‌یشتووه، هه‌مان ئه‌و جیاوازییانه‌یه که له نێوان مارکسیزم و ماته‌ریالیزمى پراتیک و ده‌خاڵه‌تگه‌ر له لایه‌ک و لێکدانه‌وه‌ى ئاکادیمیستى و پاسڤیستیى باو له مارکسیزمدا، له لایه‌کی تره‌وه. ئه‌م جیاوازییه‌ش نه‌ک ته‌نها له مشتومڕى نێوان لێنین و مارکسیزمى عه‌له‌نیدا بووه، به‌ڵکوو به شێوه‌یه‌کى ده‌رکه‌وتووتر له خه‌باتى لێنین له‌دژىئیکۆنۆمیسته‌کان خۆی نیشان داوه. دواتریش هه‌ر ئه‌م جیاوازییانه بوون، که له خه‌باتى لێنیندا له‌دژى مه‌نشه‌ڤیزم، به‌ڕۆشنترین شێوه، له جیاوازییه‌کى بنه‌ڕه‌تی و له شێوه‌ى دوو میتۆدۆلۆژیدا فۆرمووله بوونه‌ته‌وه. لێنین ئیکۆنۆمیزم و مارکسیزمى عه‌له‌نى و مه‌نشه‌ڤیزم به‌دیاریکراوى له‌و ڕووه‌وه که هه‌رسێکیان له یه‌ک میتۆدۆلۆژى پاسیڤیستیدا هاوبه‌شن ده‌سته‌به‌ندى ده‌کات، کاتێک که مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خه‌باتى چینایه‌تیدا ده‌که‌ن، هه‌رسێ لایان له یه‌ک جه‌مسه‌ردا به‌رامبه‌ر به بۆڵشه‌ڤیزم و مارکسیزمى ده‌خاڵه‌تگه‌ر و چالاک، ده‌سته‌به‌ندى ده‌کات.
درێژەی هەیە