لە ڕۆژی جیهانی ژنان… لینین – ٤ی مارت ١٩٢٠

0

سەرمایەداری یەکسانی فەرمی لەگەڵ نایەکسانی ئابووری و لە ئەنجامدا کۆمەڵایەتی تێکەڵ دەکات. ئەمە یەکێکە لە تایبەتمەندییە سەرەکییە جیاکەرەوەکانی سەرمایەداری؛ یەکێکە لەو تایبەتمەندیانەی کە بە شێوەیەکی درۆینە لەلایەن لایەنگرانی بۆرژوازی و لیبراڵەکانەوە دەشاردرێتەوە و دیموکراتە بۆرژوا بچووکەکانیش تێی ناگەن. لە ئەنجامی ئەم تایبەتمەندییە جیاوازەی سەرمایەداریدا، ئەو پێویستییە دێتە پێشێ بە ئاشکرا دان بە نایەکسانی سەرمایەداریدا بنرێت لە کاتێکدا بە توندی خەبات بۆ یەکسانی ئابووری بکرێت لە ژێر هەلومەرجی دیاریکراودا، تەنانەت ئەم دانپێدانانە بە نایەکسانی وەک بنەمایەک بۆ ڕێکخستنی دەوڵەتی پرۆلیتاریا (دەستووری سۆڤیەت) لەخۆ بگرێت.

بەڵام سەرمایەداری تەنانەت لەسەر یەکسانی فەرمی (یەکسانی لەبەردەم یاسا، یەکسانی لە نێوان تێر و برسی، لە نێوان خاوەن موڵک و بێ موڵکدا) یەکگرتوو نییە. وە یەکێک لە دەرکەوتە هەرە ئاشکراکانی ئەم نایەکسانییە پێگەی ژنە بە بەراورد لەگەڵ پیاو. یەک دەوڵەتی بۆرژوازی و تەنانەت پێشکەوتنخوازترین و دیموکراتیکترین کۆمار یەکسانییەکی تەواوی مافەکانی نەهێناوەتە ئاراوە.

بەڵام کۆماری سۆڤیەتی ڕووسیا هەر زوو، بەبێ هیچ جیاوازییەک، هەموو شوێنەواری نایەکسانی لە پێگەی یاسایی ژناندا سڕییەوە و یەکسانییەکی تەواوەتی لە یاساکانیدا مسۆگەر کرد.

دەوترێت ئاستی ڕۆشنبیری بە پێگەی یاسایی ژن دەناسرێتەوە. لەم وتەیەدا ڕاستییەکی قووڵ هەیە. لەم ڕوانگەیەوە تەنیا دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، تەنیا دەوڵەتی سۆشیالیستی، دەیتوانی ئاستێکی بەرز لە کولتوور بەدەستبهێنێت و بەدەستی هێنا. بۆیە بناغە (و چەسپاندنی) یەکەمین کۆماری سۆڤیەت – و هاوشان و لە پێوەندی لەگەڵ ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیست – بە ناچاری پاڵنەرێکی نوێ و بێهاوتا و بەهێز بە بزووتنەوەی ژنانی کرێکار دەدات.

بۆ ئەوانەی کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە تەواوی یان بەشێوەیەکی ناتەواو لەژێر سەرمایەداریدا دەچەوسێنرێنەوە، ئەوە تەنها سیستەمی سۆڤیەتە کە دیموکراسی مسۆگەر دەکات. چینی کرێکار و جوتیارەو هەژارەکان بە ئاشکرا ئەمە نیشان دەدەن. هەڵوێستی ژنان بە ڕوونی ئەمە ڕوون دەکاتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، سیستەمی سۆڤیەت کۆتا شەڕی گرنگە بۆ لەناوبردنی چینایەتی، هەروەها یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی. بۆ ئێمە دیموکراسی، تەنانەت دیموکراسی بۆ ئەوانەی لەلایەن سەرمایەدارییەوە چەوسێنراونەتەوە، تەنانەت دیموکراسی بۆ ڕەگەزی ستەملێکراو، بەس نییە.

بزووتنەوەی ژنانی کرێکار تێدەکۆشی بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان، نەک تەنها یەکسانی فەرمی. ئامانجی سەرەکی بزوتنەوەکە ڕاکێشانی ژنانە بۆ کاری بەرهەمهێنەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوەی ئازادیان بکات لە “کۆیلایەتی ماڵەوە” و ئازادیان بکات لە زیندانی خنکێنەر و شەرمەزارکەری چێشتخانە و بەخێوکردنی منداڵ.

ئەمە خەباتێکی درێژخایەنە و پێویستی بە گۆڕانکاری ڕیشەیی هەیە لە هەردوو کرداری کۆمەڵایەتی و نۆرمەکان. دیارە ئەم تێکۆشانە بە سەرکەوتنی تەواوی کۆمۆنیزم کۆتایی دێت.

 

لە ئینگلیزییەوە کراوەتە کوردی

 

توانا محەمەد نوری

Leave A Reply

Your email address will not be published.