سەبارەت بە هەژدەی برومێری لویس بۆناپارت… نووسینی: میرۆ عبدالکریم

0

لە ژمارەی پێشووی “بۆ پێشەوە” دا نوسینێکی هاوڕێ توانا حەمەنوری لەسەر کتێبی هەژدەی برومێری لویس بۆناپارت بڵاوکرایەوە. لێرەدا بە چاکی دەزانم، بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی نەریتی مارکسی و بەرچاوڕونی خوێنەران، چەند سەرنجێک بە گشتی و یەک دوو ڕەخنەش لەسەر نووسینەکە بخەمەڕو. ئەوەش بڵێم کە ئەم نووسینەی من چەند سەرنجێکی ڕاگوزەرە و حەقی تەواو بەم شاکارەی مارکس نادات. هیوادارم لە داهاتودا بابەت و شیکاریی بەپێز لەسەر ئەم کتێبە بنوسرێت و زیاتر ئاوڕی لێ بدرێتەوە.

 ١- ناونیشانی کتێبەکە بیکەی بە کوردی دەبێت بە هەژدەی برومێر، نەک هەژدەمین برومێر. برومێر مانگێکە لە ڕۆژمێری شۆڕشی فەڕەسی بە واتای مانگی تەم، لە ٢٣ ی ئۆکتۆبەر دەستپێدەکات تا ٢١ ی نۆڤەمبەر. چۆن لە کوردیدا بۆ نمونە ناوترێت حەڤدەهەمینی شوبات بەڵکو ١٧ ی شوبات، بۆ هەژدەی برومێریش بە هەمان شێوە. لویس بۆناپارتیش کوڕەزای ناپلیۆن بۆناپارت نییە، بەڵکو برازایەتی. هەڵبژاردنی هەژدەی برومێر وەک ناونیشانی کتێبەکە لەلایەن مارکسەوە درکە و ئاماژەیە بۆ دەسەڵات گرتنە دەستی ناپلیۆنی یەکەم لە ١٨ ی برومێری ساڵی هەشتەمی شۆڕش (کە دەکاتە ٩ ی نۆڤەمبەری ١٧٩٩)، بەکارهێنانی ئەم ڕێکەوتە بە مەبەستی گاڵتەپێکردن و سیخورمە وەشاندنە لە لویس بۆناپارت، کە دەیویست لاسایی ناپلیۆنی مامی بکاتەوە و دەوڵەتی- قەیسەری و ئیمپراتۆری بنیاتبنێتەوە. وەگەرنا لە مێژووی لویس بۆناپارتدا هەژدەی برومێر ڕێکەوتێکی گرنگ نییە و خودی ڕۆژمێری شۆڕشیش لەسەردەمی لویس بۆناپارتدا چیدی بەکارنایەت.

 ٢- مارکس لە کتێبەکەدا چەمکی بۆناپارتیزم بەکارناهێنێت، چەمکەکە دواتر بڵاودەبێتەوە و دەوڵەتەکانی هاوشێوەی کۆماری دوەم لە لایەن هەندێ مێژونوسی مارکسییەوە ناودەنرێن دەوڵەتی بۆناپارتیستی. مارکس تەنها شیکاری بۆ دەوڵەتی بۆناپارتیستی کردوە بەبێ بەکارهێنانی چەمکەکە. دەوڵەتی بۆناپارتیستیش ئاراوتە نییە لە تێگەیشتنی مارکسی بۆ دەوڵەت لە سیستەمی سەرمایەدارید١؛ لە هەمو شێوازەکانی حوکمڕانی لە سیستەمی سەرمایەداریدا دەوڵەت نیمچە سەربەخۆیە و دەکەوێتە سەروی بەرژەوەندی ئەم یان ئەو جۆری سەرمایەوە، بەڵام لە کۆتایدا بەرژەوەندی چینی سەرمایەدار بە هەموو بەشەکانیەوە دەخاتە پێش بەرژەوەندیی چینەکانی دیکە. مارکس لەم کتێبەدا دژی ئەو بۆچونەی بۆرجوازییە کە پێی وایە هاتنە سەرکاری لویس بۆناپارتی عەسکەرتار لەناکاو و چاوەڕواننەکراوبوو، بەڵکو بە دەرەنجامی خودی سیاسەتی بۆرژوازی دەزانێت: کە بۆ قایمکردنی پێگەی خۆی لەبەرامبەر هەڕەشەی شۆڕشی کرێکاریدا ئامادەیە دەست بەرداری ئەو شێوازە سیاسەتکردنە بێت کە پێی ناسراوە و هەڵدەستێت بە خۆکوژی سیاسی و بەزمانی حاڵ مایەپوچیی سیاسی خۆی ڕادەگەێنێت؛ بۆ مسۆگەرکردنی بەرژەوەندی ئابوری لەبەرامبەر “دێوەزمەی سور” و پاراستنی نەزم و یاسادا دا ناچار بواری سیاسەت قۆناغ بە قۆناغ دەسپێرێت بە لویس بۆناپارتی عەسکەرتار و سەرکوتگەر، کاتێکیش بە هۆش خۆی دێتەوە دەستی لە بنی هەمانەکەوە دەرچوە. بۆرجوازی لە پاش سەرکوتی کرێکاران و سۆسیالیستەکان هێندە لە شۆڕش و گۆڕانکاری دەتۆقێت، کە ناوێرێت بچوکترین ڕیفۆرم بکات یان فۆرماڵترین مافی سیاسی و یاسایی دەستەبەر بکات، نەوەکو مۆری سۆشیالیزم و پاشاگەردانیخوازی لەناوچاوی بدەن. دۆشدامانی سیاسیی بۆرجوازی و هیچ لەبارنەبوییان لەلایەک و دژە شۆڕشبونیان لە لایەکی دیکەوە دەبێتە هۆی هەڵکشانی ئەستێرەی بەختی سیاسیەکی سەرەڕۆی وەک لویس بۆناپارت. بۆرجوازی کە بەناوی پاراستنی ئاین، نەزم، خێزان و خاوەندارێتی و ئاسایش و ئارامی گشتیەوە لە ١٨٤٨ دا سۆسیالیزمی سەرکوت دەکرد، دواتر هەر بەو ناوانەش خودی خۆی سەرکوت کرا. بەناوی پاراستنی نەزم و نەریت و یاساوە بازنەی ئازادییەکان هێندە بەرتەسک دەکرێتەوە تا هەمو دەسەڵات لە دەستی لویس بۆناپارتدا کۆدەبێتەوە. فاشیزمیش لە سەدەی بیستدا بە جۆرێک لە جۆرەکان درێژکراوەیەکی بۆناپارتیزمە و شێوازێکی حوکمڕانی سەرمایەدارییە، کاتێک شۆڕشی کرێکاری دەبێتە هەڕەشە لەسەر سیستەمی سەرمایەداری و نەزم و نەریتی سیاسی لیبراڵی ناتوانێت جڵەوی ئەم هەڕەشەیە بگرێت، ئەوا فاشیزم دێتە گۆڕێ، یان سیاسەتی خودی بۆرجوازی لە هەوڵیدا بۆ سەرکوتکردنی هەڕەشەی شۆڕشی کرێکاری لە لیبرالیزمەوە دەگۆڕێت بۆ فاشیزم.

 ٣- ئەم کتێبەی مارکس هەرچەند کتێبێکی بچوکە، بەڵام یەکێکە لە گرنگترین کتێبەکانی ئەدەبیاتی مارکسی، گرنگیەکەی تەنها لە بوارەکانی تیۆریای شۆڕش، دژە شۆڕش، سیاسەت و دەوڵەتدا نییە، بەڵکو توانای ئەدەبیی مارکسیش دەردەخات کە چۆن شیکاریەکی سیاسیی بابەتیانە بە ڕەوانبێژیەکی پاراو و تێراو لە وێنەی ئەدەبی و تەژی لە زمانی خوازە، لێکچواندن، درکە و ئاماژە دەخاتە بەردەم خوێنەر. مارکس لەم کتێبەدا زبرترین زمانی داشۆرین تێکەڵ دەکات بە جدیتیرین خوێندنەوەی مێژوویی. خوێنەر لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا مێژووی وەک تەختەیەکی شانۆ دێتە پشچاو و ڕوداوەکانیشی لێ دەبێت بە درامایەک، لەم درامایەدا مارکس مەرگی تراجیدیانەی کرێکارانی سەرکوتکراو لە یاخیبونی حوزەیرانی ١٨٤٨ دا بەرز ڕادەگرێت (کە بە قارەمانی ڕاستەقینەی دراماکەیان دەزانێت)، لەوسەریشەوە باڵە جیاوازەکانی بۆرجوازی، لە کۆماریخوازی دەستورخوازەوە بگرە تا دەگات بە پاشایخوازان، بەر سیخورمە و تەوس و پلار دەدات، کە نەک پاڵەوان و شۆڕشگێڕ نەبون، بەڵکو میراتی شۆڕشگێڕانەی بۆرجوازیی ١٧٨٩ یشیان کرد بە گاڵتەجار….

Leave A Reply

Your email address will not be published.