لینین ژیا، لینین دەژی، لینین بۆ هەتا هەتایە دەژی!

0

لینین (٢٢/٤/١٨٧٠- ٢١/١/١٩٢٤) لەلایەن جۆن ڕید – نووسەری کتێبی دە ڕۆژ کە جیهانی هەژاند، شایەتحاڵی شۆڕشی ڕووسیا – وەک خۆشەویستترین و ڕق لێبووترین کەس لە ژیاندا وەسف کراوە. تەنانەت سەدەیەک دوای مردنیشی بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

لینین لەلایەن سەدان ملیۆن کەسەوە خۆشەویست بوو کە دەیانویست کۆمەڵگە بگۆڕن. بەڵام لەلایەن چینی دەسەڵاتدار و خزمەتکارانیانەوە ڕقیان لێیبوو.

هۆکاری ئەم ڕق و کینەیە بۆ ئەوەیە لینین ڕابەرێکی سەرکەوتوو بوو. لە ئۆکتۆبەری ١٩١٧ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا چینی کرێکاری ڕووسیا دەسەڵاتی گرتە دەست و لە دەستی خۆشیا هێشتییەوە. ئەوان نیشانیان دا کە دەتوانن بەبێ یارمەتی خاوەنکار و بانکەکان کۆمەڵگە بەڕێوەببەن.

ئەمەش لەبەر ئەوە بوو چینی کرێکار سەرکردایەتییەکی هەبوو لە پارتی بۆڵشەفیک کە توانی شۆڕش بەرەو سەرکەوتن ڕابەرایەتی بکات.

لینین جارێک وتی سەرمایەداری کوشتن و بڕینی بێ کۆتاییە. سەرمایەداری ئەمڕۆ جگە لە هەژاری و ئازار و شەڕ هیچی ترمان پێشکەش ناکات. هەر بەو هۆیەشەوە هەڵمەتی بوختان لە دژی لینین بەردەوامە. ناتوانن ڕێگە بە کرێکاران بدەن بیر لەوە بکاتەوە کە ژیانێکی باشتر مومکینە. و بۆیە ناوی لینین و بەلشەفییەکان دەبێت بە هەموو جۆرە درۆیەکەوە بلکێنن.

ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەم ڕاستییە بەئەنقەست شێوێنراوە دووبارە ڕاست بکرێتەوە. بیرۆکەکانی لینین، نە کۆن بوون و نە دووریشن لەم سەردەمەوە، لە هەموو کاتێک زیاتر پەیوەندییان بەئێستاوە هەیە. ئامرازێکی بێ نرخ لە دەستی شۆڕشگێڕانی ئەمڕۆدا دابین دەکات.

هەروەک لینین جارێک وتی: “بەبێ تیۆری شۆڕشگێڕانە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕانە بوونی نییە”. لێکۆڵینەوە لە بەرهەمەکانی لینین و دروستکردنی پارتێکی کۆمۆنیستی کرێکاری لەسەر هێڵی بەلشەفییەکان، بۆ ئەوەی خەباتێکی سەرکەوتوو بۆ سۆشیالیزم بهێنێتە ئاراوە، پێویستە بۆ کۆمۆنیستەکان و شۆڕشگێڕانی ئەمڕۆ.

ڕەنگە لینین ١٠٠ ساڵ لەمەوبەر مردبێت، بەڵام بیرۆکەکانی تا ئێستاش زیندووە. بە وتەی شاعیری ڕووسی ڤلادیمێر مایاکۆڤسکی: “لینین ژیا، لینین دەژی، لینین بۆ هەتا هەتایە دەژی!”

 

توانا محەمەد نوری

 

بە دەستکارییەوە لە ئینگلیزیەوە کراوەتە کوردی.

Leave A Reply

Your email address will not be published.