لە پەراوێزی دواین ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕۆژی بەرەنگاری توندوتیژیدا

0

لە پەراوێزی دواین ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان لە ڕۆژی بەرەنگاری توندوتیژیدا

نووسینی: لاوژە جەواد

نزیکەی دوو دەیەیە نەتەوە یەکگرتوەکان 25ی نۆڤێمبەری وەک ڕۆژی بەرەنگاری توندوتیژی بەرانبەر ژنان ڕاگەیاندوەو ساڵانە  ئامارو ڕێژەی توندوتیژیە تۆمارکراوەکان بڵاودەکاتەوە لە ئاستی جیهاندا وە هەروەها پارەی زەبەلاح سەرف دەکرێت و کەمپینی بۆ ڕادەگەیەندرێت و ماوەی دوو هەفتە لەشێوەی جۆراوجۆر گفتوگۆو کارو چالاکی بۆ ساز دەدرێت.

نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئاماری ئەمساڵی” 2017″ ڕایگەیاند کە لەهەر سێ ژن یەکێکیان لە جیهاندا توندوتیژی بەرامبەر ئەنجامدەدرێت.

ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستۆتە ڕوو کە ئێستا لە جیهاندا ٧٥٠ هەزار ژن بوونیان هەیە کە پێش تەمەنی ١٨ ساڵی هاوسەرگیرییان پێکراوە. ئەوەش مەترسی لەسەر تەندروستی و داهاتووی ئەو ژنانە دروست دەکات. ئاماژە بەوەشکراوە، لە ٣٠ وڵاتی جیهاندا ژنان خەتەنە دەکرێن و ئێستاش زیاتر لە 250 ملیۆن ژن ئەم کارەیان بەرامبەر ئەنجامدراوە. هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی نەتەوە یەکگرتوەکان، ڕێژەی ٧١%ی ئەو مرۆڤانەی کە بازرگانیان پێوە دەکرێت ژنن.

هەروەها ٤٥% بۆ ٥٥%ی ژنانیش لە یەکێتیی ئەوروپا لە تەمەنی ١٥ ساڵییەوەی توندوتیژییان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت.

دیارە بەپێی ئەم خاڵبەندیانەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ توندوتیژی کردویەتی خاڵی یەکجار زۆرن و لە ئەشکەنجەی دەرونی و فیزیکی، دەستدریژی سێکسی، کرین و فرۆشتن، مەحرومبون لە خویندن و کارکردن، خەتەنەکردن…تاد لەخۆدەگرێت. دیارە خاڵێکی زۆر گرنگ و جەوهەری کە ستەمی سیستەمی سەرمایەداریە بەرامبەر ڕەگەزی مێ هیچ ئیشارەتێکی پینەداوەو من بە وردتر دێمە سەری و دەیخەمە ڕوو، بەڵام دەمەوێت سەرەتا ڕای خۆم بەرامبەر ئەو توندوتیژیانە بڵێم کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە رەسمیان ناسیوە، بەتایبەتی ئەم خاڵانەی لە ئاماری ئەمساڵ هاتون.

بەپێی ئاماری ئەمساڵ یەک لەسەر سێی ژنانی جیهان ڕوبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە، دیارە ئەوە تەنها ئەم ئامارانەن کە تۆمارکراون، هەر ئینساندۆستێک گوێی لەم ئامارە بێت لەجێگای خۆی ڕادەچڵەکێت و هەڵوێستەیەک دەکات.

ئەم ئامارە 750 هەزار کچی تۆمارکردوە کە بەر لە تەمەنی 18 ساڵیدا هاوسەرگیریان پیکراوە! وە هەر خۆشی باس لەوە دەکات کە زیانی بۆ تەندروستیان هەبووە!

کاتێک ئەم خالەم بینی لەجێگای خۆم ڕاچڵەکیم و کەوتمە بیری هەوڵی گۆڕینی یاسای ئەحوالی مەدەنی شەخسی عیراقی ساڵی 1959 کە هەوڵدەدات بڕگەکانی گۆڕانکاری پیبکات، لەژێر ناوی ئەوەی کە لە بڕگەی دوو دەستوری عیراقی هاتوە کە نابێت هیچ یاسایەک لەدژی شەریعەت و سەوابتی ئیسلامی بیت لەجێگای ئەوەدا یاسای کۆنەپەرستانەی جەعفەری بخاتە جێگای. لەم یاسایە پێشنیارکراوە ژنان لەچەندین مافی میرات بێبەری بکات، ژینگەی فرەژنی ئاوەڵەتر بکات، ژنان بکاتە کۆیلەی سێکسی و بە ماڵەوە بیانبەستێتەوە، وە گرنگترین و مەترسیدارترین خاڵی شەرعیکردن  بەشودانی کچانی منداڵی نۆ ساڵەیە!

جێگای داخ و نیگەرانیە، فرقەیەکی فەنتامەنتالیستی مەزهەبی یاسای کۆنەپەرەستانەی فیرقەکەی خۆی دەپەسپێنێتە ناو دەستوری بنەرەتی عێراق، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکیان نەبووە، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتوەکان بێلایەنی و بێدەنگی هەڵبژاردووە.

عیراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لایەحەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتوەکانی ساڵی 1948ی ئیمزا کردوە، وە وڵاتانی ڕۆژئاواو نەتەوەیەکگرتوەکان پاڵپشتی سیستەمی نوێی عیراقن و بە سەرەتای سەرهەڵدانی دیموکراسی ناوی دەبەن، بەڵام لەبەرچاویانەوە پەرلەمانە دواکەوتو و ئیسلامیەکەی خەریکن کۆنەپەرستانەترین پێشنیار دەکەنە یاسا و دەستدرێژیکردنە سەر منداڵان یاسایی دەکەنەوە، ئەوانیش بونەتە تەماشاچیەکی باش و تەنها ژمارە بە ئامارەکانیان ئیزافە دەکەن. بۆ خەتەنەکردنیش هەر بەهەمان شێوەیە زۆربەی ئەم وڵاتانەی ئەم کردەوە قێزەونەی تێدا ئەنجامدەدرێت وڵاتانی ئیسلامزەدەن، ئەم وڵاتانەن کە بە سیستەم و یاسا بەرەسمی شەرعیەت دەدرێت بە توندوتیژی بەرامبەر ژنان. زۆربەی ئەم وڵاتانەن کە دەستدرێژی کەر بە تاوانبار ناناسرێت بەمەرجێک ڕازیبێت هاوسەرگیری لەگەڵ قوربانیەکە بکات، هاوپەیمانەکانیان کە زلهێزی پشتی نەتەوە یەکگرتوەکانن و لایەنگرانی “مافی مرۆڤ و دیموکراسین” بەچاوی خۆیان تاوانەکان دەبینن و لە لیستەکانیان تۆماریدەکەن، بەڵام لەبەرامبەر بەرژەوەندی پاوانخوازیان چاویان نوقاندوەو نوقەیان لێوە نایەت.

هەر لە ئامارەکەیان هاتووە کە لە سەدا حەفتای ئەوانەی بازرگانیان پیوەدەکرێت ژنانن!

ڕیژەی ئاماری کۆیلەکان بەرەسمی چەندن کە کرین و فرۆشتنیان پیدەکرێت؟

ڕادیۆی رەسمی دانیمارک، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ لە ڕاپۆرتێکیدا ڕایگەیاند، زیاتر لە 60 ملیۆن کۆیلەی رەسمی هەیە، وە لە ڕاپۆرتێکی ساڵی 2014ی نەتەوە یەکگرتوەکان باس لە 30 ملیۆن دەکات.

کین ئەوانەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن؟ ئایا لەلای نەتەوە یەکگرتوەکان، دەوڵەتە زەبەلاحەکان و بازرگانەکان پشت بازاڕی کۆیلایەتی نادیارن؟ ئایا هەر ئەم سەرمایەدارە گەورانە نین کە ئەمڕۆ لەژێر ناوی ئابوری لیبرالیزمی نوێ هەموو جیهانیان کردۆتە یەک بازاری بێ سنور بۆخۆیان؟ ئینسان وەک کاڵایەکی مەرغوبی بازاڕی بەرهەمهێنان دەبینێت و لەناویاندا ژنان بەهۆی رەگەزیانەوە سەرنجڕاکێشترن و پارەی زیاتریان پی قازانج دەکەن، بە بەردەوامی سنورەکانیان پیدەبردرێت و ئاڵوگۆڕیان پیدەکەن و دەنێردرێن بۆ بازاری لەشفرۆشی؟ هەر لەم ڕۆژانە شاهیدی ئەو ڕاپۆرتانەین کە گوزارش لە بازاڕی کڕین و فرۆشتن کۆیلە دەکەن، کە بە ئاشکرا لە وڵاتی لیبیا بەڕێوە دەچێت.

بەشێک لەو توندوتیژیانە کە ژنان بە دەستیەوە دەناڵێنن، توندوتیژی یاسایین کە کەمتر نەتەوە یەگرتوەکان دەچێتە سەری، بە هۆی سازشکاری لە گەڵ مەزهەبەکان و داب و نەریت و شەریعەت جیاوازەکان چاوپۆشی لێدەکات..

لە وڵاتانێک کە سەرکوت و خەفەقانی سیاسی تیدا بەڕێوەدەچێت ڕێژەی ئەو ژنانە چەندن کە دەبنە قوربانی ژن بونیان؟ ژنانی بەندکراوی بەشی سیاسی لە زیندانەکان دەستدرێژی سێکسیان دەکرێتە سەرو ئەشکەنجە دەدرێن، ئەوەش دەبێتە هۆکاری ئەوەی بەتایبەتی لە وڵاتانەی کە دەست بە کەلتورو فەرهەنگی کۆن گیراوەو یاسای ئیسلام بەسەریدا زاڵە و شەرەف لە ژندا دەبیندرێت کە ژنان لە سیاسەت دورکەونەوە لەپێناوی ئەوەی دەستدرێژی نەکرێتە سەریان. ئێمە لە ئێرانی ژێر دەستی جمهوری ئیسلامی شاهیدی ئەم دەستدرێژەین کە بە فەرمی دەکرێتە سەر کچانی زیندانی کاتێک مەحکوم بە مەرگ دەکرێن، پێش ئێعدام کردن دەستدرێژیان دەکەنە سەر لەبەرئەوەی لە ئیسلامدا گوناحە بە کچی بمریت. یاخود لە عیراقی ژێردەستی حکومەتی فاشیستی بەعسدا شاهید یان گوێبیستی چەندین داستانی دەستدرێژیکردنە سەر کچانی زیندان بوین. جۆرێکی تر لە توندوتیژی سیاسی بەرامبەر ژنان، بەکەم زانین و ئیعتماد نەکردنە سەریانە بەهۆی ڕەگەزیانەوە. تەنانەت ئەمە لەناو لایەن و ڕێکخراوە زۆر پێشکەوتوخوازەکانیش بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەبیندرێت، کەمتر حسابت لەسەر دەکرێت چونکە ژنی. وە بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش تەنها بۆت هەیە لەسەر پرسی ژن قسەبکەیت.

توندوتیژی یاسایی

توندوتیژی یاسایی یەکێکی تر لەو توندوتیژیانەی کە کەمترین جێگای بۆ داندراوە. دیارە ئاین یەکێکی تر لە وەسیلەکانی دەستی سیستەمی سەرمایەداری، ئێمە دەیبینین کە لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا یاساکانی ئیسلام بەڕێوەدەچێت، بەپێی ئەم یاسایانە ژنان زەعیف و کەم عەقڵن، تەنها وەسیلەیەکن بۆ سێکس وە ئەوان کێڵگەی پیاوانن و پیاوان بۆیان هەیە بیانکێڵن.

هەروەک لەسەرەو ەئیشارەتم پیداوە لەهیچ شوێن و خاڵبەندیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان فشاری سەر ژنانی کرێکارو هەقدەستی کەم و کرێی کەم بەرامبەر کاری هاوکێشی وڵاتانی سەرمایەداری نەخستۆتە ناو لیستی خاڵبەندی توندوتیژی سیستەم.

من پێموایە سیستەم و نیزامی سەرمایەداری لە بنەرەتەوە سیستەمێکی توندوتیژەو بنەماکانی بریتیە لە چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان و فەرزکردنیان بەسەر یەکتریدا، بنەمای ئەم سیستەمە نا یەکسانیەو ئەمەش بەڕای من گەورەترین توندوتیژی کەمینە بەرامبەر زۆرینەیە.

جیاکاری نێوان ئینسانەکان بەشێکی جەوهەریە لە وجود و کۆڵەکەی بەردەوامی ئەم سیستەمە، ئەم جیاکاریانە ئۆکسیجنی میتابولیسمی ئەم نیزامەن، سیستەمی چینایەتی لە بنەرەتەوە هەوڵیداوە جیاکاریەکان مۆئەسەساتی کاتەوە و یەکێک بکات بە کۆیلە و ئەویتر بە خاوەن، یەکێک موڵکدار و ئەویتر ڕەعیەت، یەکێک ڕەنجدەر و یەکێ ڕەنجبەر.

جا ئەم هەڵاواردن و جیاکاریانە ڕەگەزی، جنسی، ئاینی یان هەر شتێکی تریان بێت. یەکێک لەو کۆڵەکانەی ئەم سیستەمە پشتی پێبەستوە جیاکاری نێوان ژن و پیاو و باڵادەستکردنی رەگەزێکیان بەسەر ئەوەی تریانە. دیارە ڕیشەی ئەم جیاکاریە زۆر لەوە کۆنترە، بەڵام سەرمایەداری لەپێناوی قازانجی هەڵپەرستانەی خۆی دەستی پیوەگرتوە.

هەر ئیستا لە وڵاتانی هەرە پێشکەوتوی سەرمایەداریدا ڕشتە و بواری پیشەی ژنان و پیاوان زۆر سیستەماتیکی جیاکراوەتەوەو هەر لە منداڵیەوە نەوەکان وا پەروەردە دەکرێن کە ئەم دوانە جیاوازن، لە بازاری فرۆشی ڕەنگ و شێوەی جلوبەرگ بیگرە تا دەگاتە یاریەکانیان جیاوازن، لە داینگەو باخچەی ساوایەکان شوێن و یاریەکان جیاوازن، وە هاندانیشیان بۆ کاری دوارۆژ جیاوازە. ژنان هاندەدرێن مورەبی باخچەی ساوایان و دایانگاکان، پەرستار، سەرپەرشتیاری سۆسیال، مامۆستاو….بن. وەکاری پیاوانیش جیاکراوەتەوە. بۆنمونە خوێندنی مورەبیەک یان مامۆستایەک لەگەڵ پۆلیس کە زۆرترین ژمارەی پیاوان لەخوێدەگرێت هاوکێشن و هەمان مەرجی وەرگرتینیان هەیە، بەڵام موچەی پۆلیسێک تا لە سەدا 15 زیاترە لە هی مورەبیەک.

لە ئێستادا کە سەرمایەداری جیهانی خەریکی بەڕێوەبردنی ئابوری لیبرالیزمی نوێیەو دەیەوێت هەموو دامودەزگا حکومی و خزمەتگوزاریەکان تایبەتبکاتەوە، خەریکی لێگرتنەوەو تەقەشوفە، بەپێی ئەوەی زۆربەی ڕشتە خزمەتگوزاریەکان بە کاری ژنان ناسراون و زۆربەی ئەوانن کە لە خەستەخانەو، خوێندنگا، دایەنگا، ئیدارەی کۆمۆنەکان، مەڵبەندی بەساڵاداچوان کاردەکەن، ژنانی خستۆتە ژێر فشارێکی یەکجار زۆر، کرێکارانی ئەم ڕشتەیە دەبێت زۆر زیاتر لە تواناو کاتی خۆیان کاربکەن بەهۆی حەساری سیستەم بۆ ناوەندە خزمەتگوزاریەکان. هەر ئەوەش وایکردوە کە ڕێژەی ئەم ژنە کرێکارو کارمەندانە بکەونە ژێر فشاری دەرونی و توشی کەئابە ببن و هەندێک جار چەندین مانگ لەماڵەوە بمێننەوەو چارەسەری دەرونی وەربگرن. بەپیی چەند ئامارێکی نا فەرمی دانیمارک ڕێژەی ئەو کرێکارە ژنانەی بەهۆی فشاری دەرونیەوە ساڵانە وەک نەخۆش تۆماردەکرێن لە سەدا دەی تێپەڕاندوە. من پێموایە ئەمە یەکێکی ترە لە گەورەترین توندوتیژیەکانی سیستەم بەرامبەر ژنان، کە لەهیچ لایەنێکی فەرمی ئیشارەتی پینادرێت و نەخراوەتە چوارچێوەی توندوتیژی سیستەم.

خاوەنداریەتی وەک ئەساسی ترین کۆڵەکەی ئەم نیزامە پێویستی بە فەرماندەر و فەرمانبەر، وەزیر و سەرباز  و  باڵادەست و بندەستکردن هەیە، کەواتە ئەم سیستەمە بە بێ توندوتیژی دوکان و بازاڕی کەساسە.

پەروەردەو فێرکردنی ئەم نیزامە بە پێی بەرژەوەندی پێداویستیەکانی خۆی جۆرێک پلانی داڕشتووە، هەر لە منداڵیەوە تاکی نێرینە و مێنە بە دوو ئاراستەی جیاوازدا پەروەردە دەکەن، ڕەوڵی هەرکامەیان بە سیستەم و یاسا و کەلتور دیاری کراوە و ڕێچکەی تایبەتی هەیە، بەپێی کاری هاوکێش لە چۆنیەتی و چەندایەتی و پسپۆڕی بەهای پیشەی پیاوان بایەخی زیاترە و پارەی زیاتر وەردەگرێت. بەڕای من نایەکسانی کرێ یەکێکە لە گەورەترین ستەمو توندوتیژیانەیە کە بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدرێت و دامو دەزگا بەناو رەسمی و مرۆڤدۆستەکان چونکە فەلسەفەی بوونی ئەوانیش بەندە بە هێشتنەوەی ئەم سیستەم و نیزامەوە، بە ئاشکرا چاوپۆشی لێدەکەن وبەرجەستە ناکرێتەوە.

توندوتیژی لە ڕیشەوە بنەمایەکی چینایەتی هەیە، تا جەنگی چینەکان بەردەوام بێت تا چەوسانەوەی ئینسان لەلایەن ئینسان بنەبڕ نەکرێت ناتواندرێت ئەم دیاریدەیە ڕیشەکەن بکرێت.

ئەمە بەم مانایە نییە کە ئێمە واز لە خەباتمان بهێنین لە بەرامبەر توندوتیژی، ئەم ئامارانە زۆر ترسناک و مەترسیدارن ساڵ بەساڵ لیستی ئامارو جۆری توندوتیژیەکان مەترسیدارتر خۆیان دەنوینن.

جەنگ و بەرژەوەندیخوازی دەولەتانی زلهێز زیاترو زیاتر ئینسانەکان دەکاتە قوربانی و لەنێو ئەم قوربانی توندوتیژیانەدا ژنان پشکی شێریان بەردەکەوێت و جاریکی تریش بەهۆ ڕەگەزیانەوە قوربانی دەدەن.

بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی پیویستمان بە هێزێکی ڕێکخراوو سەرتاسەری هەیە، دەبێت هەر ئێستاو لە زوترین کاتدا فشار بهێندرێت بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان و وڵاتانی زلهێز کە لەم وڵاتانەی بە یاسا توندوتیژی بەرامبەر ژنان دەکرێت و ڕێگا پیدراوە بوەستێندرێن بەتایبەتی لە عیراق کە هەر ئێستا لە سەروبەندی گۆڕینی یاسای باری کەسیەتین بە یاسایەکی 1500 ساڵ پیش ئیستا.

وە بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانی بە ئینسان و توندوتیژی سیستەم بەرامبەر ژنان پیویستمان بە بەهێزکردنی کەمپی چەپو کۆمۆنیستی هەیە لە جیهاندا.

Leave A Reply

Your email address will not be published.