لە ئاگری جەنگەوە بەرەو ژیانی ئیشق نووسینی: جەمال نوری… ڕۆمانی ( تفەنگە ژەنگاوییەکان) لەنوسینی عبدالقادر سعید
لەم ڕۆژانەدا کەوتە بەردیدەی خوێنەران..
“تفەنگە ژەنگاوییەکان” تازەترین ڕۆمانی ڕۆماننوس عبدالقادر سەعیدە، لەڕاستیدا کاتێک بەر ئەم ڕۆمانە دەکەوی، لەڕێگای ناوو تایتڵی ڕۆمانەکەوە، ئەوە لای موتەلەقی دروست دەکات، کە ئەم ڕۆمانە یەکپارچە باس لە جەنگ و کاولکاری و داگیرکاری بکات، بەڵام کاتێک دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانە دەکەی، دەستپێکەکەی بە جەنگ و دیمەنی تراژیدی و خوێن و مەرگ و دابڕان و لەناوچون دەست پێدەکات، بەشێوەیەک وێنای ئەو حاڵەتە دەرونیەی سەربازەکان دەکات، لێرەوە هەست بە لێدانی ترپەی دڵیان بکەی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەکاربردنی زمانی نوسەرلە گێڕانەوەی چیرۆکی کاراکتەرەکانی ناو ڕۆمانەکەی، پاشان وێناو ئیشکردنی وردی نوسەر لەفەزای خەیاڵ و وابەستەکردنەوەی بەو واقیعە تاڵەی ناو جەنگی هەشت ساڵەی عێراق، ئێران و لێکەوتەکانی جەنگ و خوێنڕشتن چ کاریگەریەکی سەلبی لەسەر دەرونی مرۆڤەکان بەجێ دەهێڵێ زۆر بەوردی نوسەر کاری تێدا کردوە بەتایبەت لەڕوە سایکولوژیەکەیەوە.
عبدالقادر سەعید، لەڕۆمانی تفەنگە ژەنگاویەکاندا دەست دەخاتە سەر ئەو برینانەی مرۆڤی کورد کە تاکو ئێستاشی لەگەڵدا بێ هەتوانی زامەکانی نەکراوە، ئیدی بەهۆی جەنگی عێراق ئێرانەوە بووبێ کە سەرباز بووە یان جەنگی داگیرکردنی کوێت، لەپاڵ ئەمەشدا نوسەر بەئاگاییەکی تەواوەوە واقیعی ئەو ڕۆژگارەی وەکو خۆی خوێندۆتەوە و نەیهێشتوە عاتیفە زاڵبێ بەسەر هەستە باڵاکانی و هزری دا، هەربۆیە دێت چیرۆکی ئەو قوربانیانەشمان بۆ دەگێڕێتەوە کە بەتفەنگی دەستی پێشمەرگەوە دەیان کەسیان کردۆتە قوربانی و چەندین ئاشق و مەئشوقیان لەیەک کردوە، کردیانن بە قوربانی دووفیشەک بەو شێوەیەش چیرۆکی ئیشقەکانیان زیندە بەچاڵکردوە، واتە نوسەر لەم ڕۆمانەیدا ئازایانە پەنجەی خستۆتە سەر هەموو ئەو پێشێلکاریانەی بەهۆی شەڕو شۆڕو کاولکاریەوە پێشێلی مافەکانی مرۆڤ کردوەو فەزایەکی مەرگ دۆستی لەشوێنی ژیاندۆستیدا دروستکردوە .
خاڵی پۆزەتیڤی ڕۆمانی تفەنگە ژەنگاویەکان…
گرنگی ڕۆمانی تفەنگە ژەنگاویەکان خۆی لەوەدا دەبینێتەوە نوسەر توانیویەتی لەڕێگای زمان و وێناو خەیاڵ و ئاوێتە بوونی لەگەڵ دنیای واقیع، فەزای گشتی ڕۆمانەکەی لەدۆزەخی جەنگەوە بگۆڕیت بە ئەشق و ئەوینداری، لە فەلسەفەی مەرگ دۆستیەوە بگۆڕێ بۆ فەلسەفەی مرۆڤدۆستی.
كاری ئەم ڕۆمانە لێرەوە دێتە بەرباس، کە جەنگ وەرگێڕی ئەو وێنە ناشیرین و شێواو و پڕ لە زوڵمانەیە لەدواجاردا جەلادێ بەرهەم دەهێنێ بۆیە دەبێت بگۆڕدرێن بە هاتنە دەنگی خاوەن قوربانیەکان، دەق ئەگەر حوكمی ئاوای نەبوو ئەوا بۆ سەرەنوێلک باشە فڕێ بدرێ.
نوسەری ئەم ڕۆمانە ژیرانە وێنەكانی ناو جەنگی هەشت ساڵەی عێراق – ئێرانی لەڕێگای چیرۆکی جودا جودای سەربازەکانەوە دەگێڕتەوە، بەشێوەیەک کاری لەناو ڕۆمانەکە کردوە لەڕێگای وێنەی زمانەوە. واتە وێنە دینامیکیەکانی وەها وێناکردوە خوێنەر لەکاتی خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا هەست بەجورێک لەدڵەڕاوکێ و چاوەڕوانی ببێ، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە دابڕانی دوو کەسی خۆشەویست و هاوسەری یەکدی بەهۆی جەنگەوە.
چ کارەساتێکی تراژیدی لەگەڵ خوێدا بەجێ دەهێڵێ، کە لەپشت هەر چیرۆکێکیەوە، چەندین وێنەی جوان و، سەبرو پشو درێژی و بەرپرسیارێتی، پیشان دەدا، کە زۆر جیاواز لە بیری جەنگ و کاولکاری دورت دەخاتەوە و شتێكی جیاواز دەخوڵقێنێت كە دەتكاتە مرۆڤێكی تر و لە كەوڵی بێئاگایی و نەزانی دوورت دەخاتەوە، دەتكاتە مرۆڤێكی ئازاد و بە خۆ و بیركەرەوە.
چیرۆکی ئیشقی (عومەر وساراو )جەنگ و دابڕانی ئەبەدی.!
لەمیانەی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێراندا بەهەزارەها سەربازی کورد بەناچاری بەشداری شەڕەکانی دەکرد لەپێشەوەی جەنگەکەدا و لە هێرش و پەلاماری نێوان سوپای ئێران و عێراق دا، بە هەزارەها سەرباز لەمەیدان شەڕدا دەکوژرا یان بێ سەرو شوێن دەبوون یان دەکەوتنە دەست هێزەکانی ئێران و بەدیلی دەگیران، کە تا تەواوبونی شەڕ، دیلەکانی عێراق لەلای ئێران دەست بەسەر بوون و دیلی ئێرانیەکانی لای عێراقیەکان بەهەمان شێوە دەست بەسەر دەمانەوە.
(عومەر) یەکێک بوو لەو سەربازە کوردانەی کە لەیەکێک لە شەڕەکانی جەنگی عێراق -ئێران کەوتبوە دەست ئێرانیەکان و بەدیلی دەگیرێ.
عومەر یەکێکە لەو کارەکتەرە سەرەکیەی ناو ڕۆمانی تفەنگە ژەنگاویەکان، بەڕێگای خۆشەویستیەوە توانیبووی ژیانی هاوسەری دروست بکات لەگەڵ خاتونێک بەناوی (سارا)، کە مامۆستایە لە خوێندگەی میلۆدی سلێمانی، ئەم دوو هاوسەرە بێئەندازە یەکتریان خۆش دەوێ، بەجورێک ئاشقی یەکدی بوون مەگەر مەرگ لەیەکیان داببڕێ، وەلێ ئەفسوس جەنگ زۆر بەسانایی ئەم دوو ئاشق و مەئشوقە لەیەک دادەبڕێ، کە ساڵەهای ساڵ سارا هاوژینی عومەر دەبێ لەچاوەڕوانی مێردەکەیدا بێت کە هیچ هەواڵێکی نابیسترێ ولەشەڕەکەدا بەبێ سەرو شوێن ناوزەد کراوە، ساڵ دێت و دەڕوا سارا لەچاوەڕوانیەکی نادیاردا دەمێنێتەوە، بەهۆی داب و نەریتی کۆمەڵگەو خزم و کەس و کارو بنەماڵەی ساراوە، زۆر بۆ سارا دەهێنن و پێی دەڵێن ئەو چاوەڕوانیەت بێ سودە، ئەوە چەند ساڵێکە هیچ سۆڕاغێکی عومەر دەرنەکەوتوە، بۆیە کاتی ئەوە هاتوە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ کەسێکی تردا دروست بکەی و بتوانیت ژیانێکی ئاسودە بژی لەگەڵ کەسێکی تردا، ئەگەرچی بۆ سارا سەخت بوو وەها بڕیارێک بدا، بەڵام زەرورەتی ژیانیش وەهای لێدەکا بەناچاری جارێکی تر بچێتەوە ناو ژیانی هاوسەرێتیەوە. لەکاتێکدا عومەری هاوسەری یەکەمی بەدیلی گیراوە لەئێران و زیندانیە و ناوی بەبێ سەروشوێن ڕۆیشتوە.
دابڕانی هەمیشەیی نێوان عومەرو سارا.
دوای بەدیلگرتنی عومەر لە بەرەکانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە، دۆخی عومەر بەیەکجاری تێک دەشکێ لەلایەک عومەر کەسێکی سونە مەزهەبەو کوردەو ناوەکەشی بۆ مەزهەبی شیعە گومناوترین ناوە، کەهیچ خۆشیەکیان پێ نایەت، حاڵەتی سایکۆلۆجی عومەر تا دێت بەرەو خراپی دەچێ.
نوسەر بەشێوەیەک وێنای ئەو حاڵەتە دەرونیەی عومەرمان بۆ دەکات کە خوێنەر لەڕێگای زمانی وێنەوە لە دۆخی عومەر تێ بگات، کەلەپشتی ئیڤایەکی سەربازیەوە شەکەت و ماندوو بەسەرسەریەوە سەربازی ئێرانی بەسەرێوەیەتی و چاوی بڕیوەتە ئەو ئەڵقەیەی کە لەپەنجەی عومەردایەو دیاری ڕۆژی هاوسەرگیریەکەیەتی، عومەر بەوردبونەوەی دەچێتە ناو قوڵایی ڕۆژە خۆشەکانی لەگەڵ ساراداو سەربازی ئێرانیش لەتۆڵەی ئەوەی ناوی عومەرەو سەر بە مەزهەبی سونەیە دەیەوێ ئەو ئەڵقەیە کە ئاڵتونە لەپەنجەی دابکەنێ و بۆ خۆیی ببات وەک دەسکەوتی جەنگ، لەکاتێکدا سەربازەکە دەیەوێ بە قەمەی تفەنگەی ئەڵقەکە لەپەنجەی عومەر دەربکات، لەبەرامبەریشدا عومەر بە وردبونەوەی سەربازەکە لە پەنجەی لای وایە ئەویش وەک ئەم خاوەنی خۆشەویستی خۆیەتی و لەئێستادا بەهۆی ئەو ئەڵقەیەوە بیری خۆشەویستەکەی دەکات، بەپێچەوانەشەوە تەماشکردنی سەربازەکە بۆ ئەڵقەی پەنجەی عومەر بەشێوەیەک دڕاندەیە بیرلەوە دەکاتەوە گەر لەپەنجەی دەرنەهات ئەوا بە قەمەی چەکەکەی پەنجەی لێبکاتەوەو ئەلقە ئاڵتونەکە بەرێ، دواجار هەر واش دەکات و پەنجەی عومەر لەبنا دەبڕێ و ئەڵقەکە دەردەهێنێ، بە بڕینی پەنجەی عومەر بردنی ئەڵقەکە، عومەر هەست بە دزینی ئەو ئیشقە پاکەی دەکات کە بەدیل و زەلیلی ناهێڵن خەونی ئیشقەکەی بەردەوام بێ.
هەیاس ئەو باخەوانەی ئیشقەکەی عومەری موتوربە کرد
ئیڤا سەربازیەکە ئەو وەجبە سەربازە عێراقیەی گواستەوە بۆ زیندانی کەرەج، لەوێڕا عومەر، لەناو سەربازە دیلکراوە عێراقیەکانەوە هەیاس دەناسێ و لەنزیکەوە دەبن بە هاوەڵی نزیکی یەکتر چون هەردووکیان کورد زمانن،
عومەر دابڕانی لەسارای خۆشەویستی وەهای لێ دەکات ڕۆژ لەدوای ڕۆژ هەرچی وزەو توانایەکی هەیە لەدەستی بدات، بەچەشنێک شێت و شەیدای سارایە مەگەر وەلی دێوانە بۆ شەم وەها بوبێ. چیرۆکی ئشقەکەی عومەر بۆ سارا، ڕۆژانە لەزاری عومەرەوە وەک ئەوەی خۆشیەک بەڕۆحیدا بێت بۆ هایەسی هاوڕێی دەگێڕێتەوە بە جورێک کاریگەرێتی لەسەر هایاس بەجێ دەهێڵێ، لەدوای مەرگی عومەریشەوە کە بەو ئازارەوە لەزینداندا سەردەنێتەوە ، هەیاس ببێتە جێگرەوەی عومەر و بەردەوام لەڕێگای خاچی سورەوە نامە بنێرێ بۆ سارا بەناوی عومەرەوە ، لەکاتێکدا عومەر لەژیاندا نەماوەو ساراش شوی کردۆتەوە.
کافکاو هەیاس لەدوالیزمی پشتی دەقدا
كافكا نووسهری چیكی له باخچهیهك له بهرلینی پایتهختی ئهڵمانیا پیاسهی دهكرد، بهڕێكهوت كیژۆڵهیهكی بینی دهگریا، لێی چووه پێش و له كیژۆڵهكهی پرسی: بۆ دهگریت؟
كۆڵیژۆڵهكه وتی: ئاخر بووكهڵهكهم ون كردووه.
كافكا لهگهڵ كیژۆڵهكه تاوێك به باخچهكهدا به دوای بووكهڵهكهدا گهڕان و نهیاندۆزییهوه، بۆیه كافكا به كیژۆڵهكهی وت: خهمت نهبێت بهیانی دیسان وهرهوه بۆ ئهم باخچهیه و لهم كاتهدا منیش دێم و دهتبینم و دووباره و به دوایدا دهگهڕێین.
بهڵام كافكا دهیزانی كه بهیانیش بووكهڵهكه نادۆزنهوه، بۆیه ههر شهوێ نامهیهكی نووسی و خستییه گیرفانی پاڵتۆكهیهوه!
بۆ بهیانی كه یهكیان بینیهوه دیسان گهڕان و نهیاندۆزییهوه، كافكا نامهكهی دا بهكیژۆڵهكه وتی: هانێ ئهمه بووكهڵهكهت بۆی ناردوویت.
كیژۆڵهكه نامهكهی كردهوه تیایدا نووسرابوو: نیگهران مهبه هاوڕێ جوانهكهم، تكایه مهگری من چووم بۆ سهفهر بۆ ئهوهی دنیا ببینم و باسی ئهو شتانهت بۆ بكهم كه دهیانبینم.
ئیدی بهم جۆره چاوپێكهوتنی كافكا و كیژۆڵهكه تا نزیكهی كۆتایی ژیانی كافكا بهردهوام بوو.
ههموو جارێك كافكا نامهیهكی بووكهڵهكهی بۆ كیژۆڵهكه دهخوێندهوه و تیایدا باسی چیرۆك و سهركێشییهكانی بووكهڵهكهی بۆ دهكرد كێژۆڵهكهش چیرۆكهكانی زۆر بهلاوه خۆشبوو.
دواجار كافكا بووكهڵهیهكی نوێی كڕی و دای به كیژۆڵهكه و پێیوت: ئهوهتا بووكهڵهكهت گهڕاوهتهوه له سهفهر!.
كیژۆڵهكه وتی: بهڵام ئهمهیان هیچ لهوهی خۆم ناچێت!.
كافكا نامهیهكی تری دایه و بۆی خوێندهوه تیایدا نووسیبووی: نیگهران مهبه هاوڕێ جوانهكهم ئهوه منم، بههۆی سهفهرهكهوه شێوهم گۆڕاوه!
كیژۆڵهكه زۆر دڵ خۆشبوو باوهشی به بووكهڵهكهدا كرد و رۆیشتهوه بۆ ماڵهوه.
دوای ساڵێك لهم بهسهرهاته كافكا كۆچی دوایی كرد.
بهڵام دوای چهند ساڵێكی تر كیژۆڵهكه گهورهبوو جارێك بهڕێكهوت نامهیهكی بچووك له ناو سكی بووكهڵهكهدا دۆزێیهوه و تیایدا كافكا نووسیویهتی: «دهشێت ههموو ئهو شتانهی كه خۆشمان دهوێن له دهستیان بدهین، بهڵام ههمیشه خۆشهویستی بهههر رێگایهك بێت دێتهوه بۆ لامان.»*١
(هەیاس) یش چەشنی کافکا دەیەوێ دڵی سارا ڕاگرێت کە عومەری هاوژین و خۆشەویستی دابڕاوەو ونکردوە بۆیە لەڕێگای نامەکانیەوە بەناوی عومەرەوە دەیەوێ ئەو حەقیقەتە تاڵە لای سارا ئاشکرا بکات کە ئەگەرچی عومەر خۆشەویست و مەئشوقت بووە، بەڵام لەئێستادا لەڕووی جەستەییەوە ونە وەلێ هەموو ساتێک لەگەڵماندایەو دەژی. هەست بە بوونی ڕۆحی ئەو دەکەین.
١ -له كتێبی/ گهمژهییهكانی بڕۆكلین نوسینی پۆل ئۆستهر
وەرگێڕدراوە..
٢ -ڕۆمانی تفەنگە ژەنگاویەکان عبدالقادر سەعید