وتارێکی لینین لە یەکەمین کۆنگرەی نەتەوەیی ژنانی کرێکار

0

(لینین بە جۆش و خرۆشەوە لەلایەن نوێنەرانەوە پێشوازی لێکرا.)

هەڤاڵان، بە مانایەکی دیاریکراو کۆنگرەی ژنانی سوپای کرێکاران بایەخێکی تایبەتی هەیە، چونکە یەکێک لە کارە قورسەکانی خەباتکردن لە هەر وڵاتێکدا کۆکردنەوەی ژنان بووە. شۆڕشێکی سۆسیالیستی ناتوانێ ڕووبدات، تا ژنان ڕۆڵێکی گەورەی تێدا نەگێڕن.

لە هەموو وڵاتە شارستانییەکان، تەنانەت پێشکەوتووترین وڵاتیش، لە ڕاستیدا ژن لە کۆیلەی ماڵەوە زیاتر نییە.  ژنان لە هیچ دەوڵەتێکی سەرمایەداریدا، تەنانەت لە ئازادترین کۆمارەکانیشدا، لە یەکسانییەکی تەواو بەهرەمەند نین.

یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی کۆماری سۆڤیەت، هەڵوەشاندنەوەی هەموو سنووردارکردنەکانی مافی ژنانە. حکومەتی سۆڤیەت هەموو ئەو یاسایانەی بەتەواوی هەڵوەشاندوتەوە کە ڕێگرن لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی تەڵاق، کە سەرچاوەی سەرکوتکردن و زەلیلکردنی ژنانە.

بەم زووانە ساڵێک بەسەر دەرچوونی یاسای ئازادی رەهای جیابوونەوە تێدەپەڕێت. هەروەها فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی هەموو جیاکارییەکانی نێوان منداڵی شەرعی و ناشەرعی و لابردنی سنووردارکردنی سیاسیشمان پەسەند کردووە. لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان یەکسانی و ئازادی ژنانی کرێکار بە تەواوی جێگیر نەبووە.

ئێمە دەزانین کە ئەوە ژنانی چینی کرێکارە کە دەبێت تەواوی قورسایی یاسا کۆنەکان لە ئەستۆ بگرێت.

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا یاساکانمان هەموو ئەو شتانەی لابردووە کە مافی ژنانیان پێشێل کردووە. بەڵام بابەتی گرنگ یاسا نییە. لە شار و ناوچە پیشەسازییەکان یاسای ئازادی هاوسەرگیری بە باشی کاردەکات، بەڵام لە گوندەکاندا لە زۆر حاڵەتدا بێکاریگەرە. هێشتا هاوسەرگیری ئایینی لەوێدا زاڵە. ئەمەش بەهۆی کاریگەریی قەشەکان و پیاوانی ئایینییەوەیە، خراپەیەک کە بەرەنگاربوونەوەی قورسترە لە یاسای کۆن.

دەبێت زۆر وریا بین لە بەرەنگاربوونەوەی ئایینییەکان؛ هەندێک کەس بە وروژاندنی هەستی ئایینی زیانێکی زۆر بەم خەباتە دەگەیەنێت. پێویستە لە ڕیکلام و پەروەردە کەڵک وەربگرین. وروژاندنی هەستی ئایینی مەیلی دابەشکردنی خەڵک لەسەر بنەمای ئایین بەردەوام دەکات، لە کاتێکدا هێزی ئێمە لە یەکگرتووییدایە. قووڵترین سەرچاوەی ئایینی هەژاری و نەزانییە؛ وە ئەوەش ئەو دوانەیەیە کە دەبێت دژی بجەنگین.

پێگەی ژن بەراورد کراوە بە پێگەی کۆیلە؛ ژن بە ماڵەوە بەستراوەتەوە و تەنها سۆسیالیزم دەتوانێت لەو دۆخە ڕزگاریان بکات. ئەوان تەنیا کاتێک بە تەواوی ئازاد دەبن کە کشتوکاڵی تاکەکەسی بچووک بگۆڕین بۆ کشتوکاڵی بەکۆمەڵ و کاری بەکۆمەڵ لەسەر زەوی. وە ئەمەش ئەرکێکی قورسە. بەڵام ئێستا کە “کۆمیتەی جووتیارانی هەژار” پێکهێنراون، کاتی چەسپاندن و بەهێزکردنی شۆڕشی سۆسیالیستییە.

هەژارترین توێژی دانیشتوانی گوندەکان تازە دەستیان بە ڕێکخستن کردووە و سۆسیالیزمیش خەریکە پێگەیەکی بەهێز لەم ڕێکخستنانەی جووتیارانی هەژاردا بەدەست دەهێنێت.

لە ڕابردوودا زۆرجار شارەکان سەرەتا بوون بە شۆڕشگێڕ، دواتر گوندەکان. بەڵام شۆڕشی ئێستا پشت بە گوندەکان دەبەستێت. ئەزموونی هەموو بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان دەریخستووە کە سەرکەوتنی شۆڕشێک پەیوەستە بە بەشداری ژنان تێیدا. حکومەتی سۆڤیەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ بەهێزکردنی ژنان بۆ ئەنجامدانی کاری سۆسیالیستی پرۆلیتاری سەربەخۆ.

حکومەتی سۆڤیەت لە دۆخێکی سەختدایە، چونکە ئیمپریالیستەکانی هەموو وڵاتان ڕقیان لە ڕووسیای سۆڤیەتە و خۆیان بۆ شەڕ لەگەڵیدا ئامادە دەکەن، چونکە شۆڕشی ئێمە ئاگری شۆڕشی لە ژمارەیەک وڵاتدا هەڵگیرساندووە و هەنگاوی یەکلاکەرەوەی بەرەو سۆسیالیزم ناوە.

ئەوان هەوڵی لەناوبردنی ڕووسیای شۆڕشگێڕ دەدەن، چونکە زەوی ژێر پێیان ئاگری گرتووە. دەزانن بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لە ئەڵمانیا تەشەنە دەکات. لە دانیمارک کرێکاران شەڕی حکومەتەکەیان دەکەن. لە سویسرا و هۆڵەندا بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە تا دێت بەهێزتر دەبێت. بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی لەم وڵاتە بچووکانەدا بۆ خۆی هیچ بایەخێکی نییە، بەڵام گرنگییەکی تایبەتی هەیە، چونکە لەو وڵاتانەدا شەڕ نەبووە و “مەرجدارترین” سیستمی دیموکراسییان هەیە. ئەگەر وڵاتانی وەک ئەمانەش سەرهەڵبدەن، دڵنیاییمان پێدەبەخشێت کە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە لە سەرانسەری جیهاندا بەهێزتر دەبێت.

تا ئێستا هیچ کۆمارێکی تر نەیتوانیوە ژن ئازاد بکات. حکومەتی سۆڤیەت یارمەتیان دەدات. ئامانجی ئێمە پاشەکشە قبوڵ ناکات، چونکە چینی کرێکار پاشەکشە قبوڵ ناکات. بزووتنەوەکەی ئێوە فراوانبوون و بەرەوپێشچوونی ئەم شۆڕشە سۆسیالیستییە نەپساوە نیشان دەدات.

(چەپڵەی درێژ. هەمووان سروودی نێودەوڵەتییان دەوتەوە).

١٩ی نۆڤەمبەری ١٩١٨

ئەم وتارە لە ٢٠ی تشرینی دووەمی ١٩١٨ لە ژمارە ٢٥٣ی “ئیزۆستیا”دا بڵاوکراوەتەوە.

لە ئینگلیزییەوە تەرجومەی کوردی کراوە

توانا محمد نوری

  ١٥ی شوباتی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.