پێشڕەو محەمەد: ئەم خرۆشانە جەماوەرییە بە ڕووخسار و ڕەهەند و لایەنی جیاوازەوە ناکرێت ناوی شۆڕشی ئێرانی لێبنرێت. ڕاپەڕینێکە داوای گۆڕینی ڕژێم دەکات… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕی پێشرەو محەمەد نووسەر و توێژەری فەلسەفەو بیری سیاسیی  سەبارەت بە هەستان و راپەرینی خەڵکی ئێران و ئایندەکەی…

0

بۆپێشەوە: با بەو پرسیارە دەست پێ بکەین، ئەوەی لە ئێران روودەدات چییە؟ شۆرشە، ڕاپەرینە، هەڵچوونە؟… تۆ چ ناوێک لەم بزوتنەوەیە دەنێیت کە چەند مانگە درێژەی هەیە؟

پێشڕەو محمەد: وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە وردبوونەوەی زۆر هەیە. بێگومان بەگوێرەی دابەشبوونی پێکهاتەی چینایەتیی و نەتەوەیی و جوگرافیی ئێران، ڕووخساری بزووتنەوەکەش دەگۆڕێت. لە ڕاستیدا ناتوانین چەمکی «شۆڕشی ئێران» بەکاربهێنین و بەکارهێنانی ئەم دەستەواژەیە دەمانخاتە بەردەم هەڵەیەکی زەقی تیۆریی و لۆژیکییەوە، چونکە ئەوانەی لەو ڕووداوەدا بەشدارن، جۆراوجۆرن. چینی ناوەڕاستی تارانیی هەمان ئەو خواستانەی نییە کە چینی کرێکاری تاران هەیەتی، خواستی ژنانی تاران لەگەڵ خواستی ژنانی پەراوێز جیاوازە، خواستی هەموو ئەوانە لەگەڵ خواستی کورد جیاوازترە. هەر لەبەرئەوەشە دەبینین ڕووداوەکان لە کوردستان ڕەهەندی ڕادیکاڵتری شۆڕشگێڕیی وەردەگرن تا لە تاران و شارە فارسنیشینەکان. هەر لەبەرئەوەشە حکومەت شارەکانی کوردستان زیاتر میلیتاریزە دەکات و ڕێژەی کوشتنیش بەشێوەی ڕەها لەنێو کورد و بەلووچ و ئەهوازییەکان دایە تا لەنێو فارسەکاندا. لەبەرئەوە، ئەم خرۆشانە جەماوەرییە بە ڕووخسار و ڕەهەند و لایەنی جیاوازەوە ناکرێت ناوی شۆڕشی ئێرانی لێبنرێت. ڕاپەڕینێکە داوای گۆڕینی ڕژێم دەکات، بەڵام وەک باسمکرد ناوچە و هەرێم و جوگرافیا دەگۆڕێت و خواستەکانیش بەگوێرەی ناوچەکان دەگۆڕێن. گۆڕینی ڕژێمیش بۆ هەر پێکهاتە و گروپ و نەتەوەیەک مانای جیاوازی هەیە. بۆ کورد مانایەکی دیکەی جیاوازتری هەیە وەک لەلای دانیشتوانی تاران و ئەسفەهان و شیراز.

بۆپێشەوە: کۆمەڵگەی ئیران کۆمەڵگەیەکی موزائیکییە، کیشەی نەتەوەیی واقعێەتیکی ناو ئەو کۆمەڵگەیەیە، پرسی نەتەوەیی چ جێگایەکی لە بزوتنەوەی شورشگێرانەی ئیستای ئیراندا هەیە…؟

پێشڕەو محەمەد: دەتوانم بڵێم پرسی نەتەوەیی سەرەکییترین ڕووخساری ناو ئەم ڕووداوانەی ئێستای ئێرانە. هەر لەوەدا کە تەقینەوە جەماوەرییەکە لە کوردستان دەستیپێکرد و ژینا ئەمینی وەک ژنێکی لاوی کورد لە تاران بەدەستی پۆلیسی ئەخلاق تیرۆر دەکرێت و هەر ئەو شەوە کورد لەبەردەم نەخۆشخانەی تاران ناڕەزایەتیی دەردەبڕن و پاشان لەگەڵ هێنانەوەی بۆ شاری سەقز یەکەم کڵپەی تەقینەوەی جەماوەریی لە کوردستانەوە دەستپێدەکات، دەریدەخات ڕەهەندی پرسی نەتەوەیی کاریگەرییەکی ئێجگار گەورەی هەیە. ئێران هاوشێوەی ڕووسیای سەردەمی قەیسەریی، ئێستا بووە بە زیندانی گەورەی نەتەوەکان. ڕووسیا وەک دەوڵەتێکی ستەمکار لەسەردەمی قەیسەرییدا هەرگیز نەیدەتوانی بگات بە دیموکراسیی ئەگەر لەسەردەمی بەلشەڤییەکاندا پرسی نەتەوەیی چارەسەر نەکرابایە. لینین بەپێچەوانەی ترۆتسکی و ستالینەوە لەوە تێگەیشتبوو پرسی نەتەوەیی پرسێکی دیموکراسیی سیاسییە نەک پرسێکی کولتووریی. هەروەها لەوەش تێگەیشتبوو کە مارکس دەیگوت «هیچ نەتەوەیەک ئازاد نابێت ئەگەر ستەم لە نەتەوەیەکی دیکە بکات». چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کلیلی سەرکەوتنی شۆڕشی بەلشەڤیی بوو. بەڵام بۆ لە ئێران هیچ کات شۆڕشی سۆسیالیستیی ڕوونادات، یاخود دیموکراسیی بەرهەم نایەت؟ چونکە لە بنەڕەتدا لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەت-نەتەوەی نوێی ئێراندا، هەرگیز دانی بەوەدا نەناوە کە کێشەی نەتەوەیی لەناو ئەو جوگرافیا دروستکراوەدا هەیە و دەبێت چارەسەر بکرێت. هۆکاری ئەوەی ڕووداو دوای ڕووداو لە ئێراندا ستەمکاریی بە فۆرمی جیاواز، لە قاجارەوە، بۆ مەشروتە، لە مەشروتەوە بۆ پاشایەتیی، لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی و ئێستاش لەنەبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینەدا بۆ گەڕانەوەی پاشایەتیی، هەمیشە ستەمکاریی بەرهەم دەهێنێتەوە، لەبەر دوو هۆ: ئێران تا ئەو ڕۆژەی دیموکراتییانە پرسی نەتەوەیی چارەسەر نەکات و تاکی ئێرانیی دان بە کورددا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ نەنێت، مەحکومە بەوەی دووبارە ستەمکاریی بەرهەم بهێنێتەوە و دووەم، مرۆڤی ئێرانیی تا ئێستاش لە وەهمی نۆستالژیای ڕابردوویەکی «شکۆمەندی شاهانە»دا دەژیت و ناتوانێت ڕوو لە داهاتوو و لە ئاسۆ بکات، هەمیشە ڕوو دەکاتە ڕابردوو. ئێستای ئێران زۆر لە دەیەی ١٩٢٠ی کۆماری ڤایمار دەچێت، لیبراڵەکان و کۆمۆنیستەکان (بەتایبەت کۆمۆنیستەکان) هیچ باوەڕێکیان بە ڕۆژانی شکۆمەندی ڕابردوو نەبوو، پێیانوابوو ڕابردوو جگە لە سەرکوتکردن و ستەمکردن لە چینە ستەملێکراوەکان شتێکی دیکە، بۆیە ڕوویان لە داهاتوو دەکرد بۆ داهێنانی فۆرمی نوێتری سیاسیی و ئابووریی، بەڵام ڕاستڕەوەکان ڕوویان لە ڕابردوو بوو، باوەڕیان بە دەستەواژەیەک هەبوو کە قووڵ لە زمانی ئەڵمانییدا ڕیشەی داکوتاوە: «دووبارەکردنەوەی ئەو بوونەی پێشتر هەبوو» (Die Wiederholung des da-gewesen Daseins). بۆیە هیتلەر نەیدەشاردەوە کە دەیەوێت ڕابردوو ڕزگار بکات و دایبمەزرێنێتەوە. بەپێچەوانەوە بەلشەڤییەکانیش لە ڕووسیا هیچ وەهمێکیان بە ڕابردوو نەبوو. ئێستا لە ئێراندا شتێکی وەها ڕوودەدات، زۆرینەی تاکی ئێرانیی (فارسەکان) بڕوایان وایە ڕابردوویان شکۆمەندتر بووە لە ئێستا، بەڵام مرۆڤ بە سەیرکردنی ڕابردوو، دەزانێت ئەوەی پێیدەڵێن شکۆمەندیی، جگە لە سەرکوتکاریی و ستەمکاریی شتێکی دیکە نەبووە. کەواتە نۆستالژیبوونی ئێرانییەکان و داننەنانی سەرەڕۆیانە بە پرسی نەتەوەیی کورددا، مرۆڤی ئێرانیی مەحکوم دەکات بەوەی نەتوانێت تامی ئازادیی بکات. گرەوی ئێرانێکی دیموکراتیی، چارەسەری پرسی نەتەوەیی و خۆدابڕینە لە ڕابردووی ستەمکاریی.

بۆپێشەوە: لەگەڵ ئەوەدا پایەی بنەرەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی ئیران، چینایەتییە و بەڵام رۆڵی چەپ و کۆمۆنیزم وەکو پیویست نییە، هۆکاری ئەوە بۆچی دەگەڕیتەوە و چەپ و کۆمۆنیستەکان لە ئیراندا و لەهەلومەرجی ئیستادا چ ئەرکێکی لەسەر شانە؟

پێشرەو محەمەد: لە ڕاستییدا دووبارەی دەکەمەوە هەڵەیە پێمانوابێت ئەمەی ئێستا لە ئێراندا ڕوودەدات شۆڕشێکی یەکدەستە چ بگات بەوەی بڵێین شۆڕشێکی سۆسیالیستیی یاخود خەباتی چینایەتییە. ئێمە دەبێت خواست و سروشتی پێکهاتە جیاوازەکان بزانین. بێگومان لە ئێران و سەنتەرە پیشەسازییەکان ڕووداوەکە دەیتوانی ڕەهەندی چینایەتیی و خەباتی چینایەتیی وەربگرێت ئەگەر لەیەکەم ساتەوە کرێکاران چینی ناوەڕاستیان بەتەنها جێ نەهێشتاوە و دەستیان بە مانگرتن و ڕاپەڕین و خۆپیشاندان بکردایە. بەڵام لە کوردستان ڕۆڵی ڕووداوەکان لەگەڵ ئەوەی زۆر ڕادیکاڵترە، بەڵام بەتەنها چینایەتیی نییە. هەڵەیە داوا لە کورد بکرێت خەباتی چینایەتیی ڕووت و ئابوورییانە بکەن، لە کاتێکدا ئابووریی لە کوردستاندا ئیش ناکات. با سەیر کەین ئێران بە سیستەماتیک لەسەد ساڵی ڕابردوودا کوردستانی لەگەشەسەندن خستووە و هیچ دەرفەتێکی کارکردنی ئابووریی نەهێشتووەتەوە، هێزی کاری کوردی ناچار بە سێ فۆرمی کارکردن کردووە: ١) کۆچ بۆ سەنتەرە پیشەسازییەکان (کە مارکس بەمجۆرە کۆچکردنە دەڵێت: کۆچپێکردنی زۆرەملێ ‘Zwangseinwanderung’)، ٢) بوون بە کارمەندی دەوڵەتیی و مادام کوردستان ستەمی نەتەوەیی لەسەرە و دەوڵەتەکەش دەوڵەتێکی ستەمکارە، کەواتە کارمەندبوونی دەوڵەتیی دەبێت بە دوو پرۆسەدا بڕوات، یان ئەوەی ببیتە سیخوڕ و جاشی دەوڵەتیی یاخود لە ژیانی سیاسیی دووربکەویتەوە و ببیتە بوونەوەرێکی ناسیاسیی بێدەنگ و گوێڕایەڵ، وەک فرانتز فانۆن-یش باسی دەکات، لەسیاسەت داماڵین بڕبڕەی پشتی کۆی سیستەمە کۆڵۆنییەکانە کە لەسەر بنەمای ڕاسیزم ئیشدەکات، ٣) کۆڵبەرنشینبوون کە دیاردەیەکی تەواو کوردستانییە و لە هیچ سیستەمێکی دیکەدا بوونی نییە. لە ڕاستییدا ناچارکردنی دۆزەخییانە بە کۆڵبەریی، و لەهەمانکاتدا هەر سەربازێکی ئێرانیی فەرمانی کوشتنی کۆڵبەری پێیە، دەریدەخات بوونی مرۆڤی کورد کورتکراوەتەوە بۆ بێبەهاتر لە زیندەوەری چکۆلە کە هیچ بەهای ژیانی نییە.

کەواتە لەم دۆخەدا ڕیتۆریک و ڕەوانبێژییانە بانگەشەکردن بۆ خەباتی چینایەتیی لە ژینگەیەدا کە ڕۆڵی ئابووریی بوونی نییە و چینەکانیش بە ڕاشکاویی دیارنین، ڕۆڵێکی دژە-شۆڕشگێڕانەی دەبێت. هەر لەبەرئەوە مارکس عاقڵانە دەرکی بەوە کردبوو کاتێک داوای لە پرۆلیتاریای بریتانیی دەکرد هاوپەیمان و هاوخەباتی نەتەوەی ئیرلەندیی بێت و هەرگیز نەیدەگوت پرۆلیتاریای ئیرلەندیی، چونکە ئیرلەندا لەژێر حوکمی بریتانیادا کورتکرابووەوە بۆ کاری کۆیلە و سەرجەمی نەتەوەکە بەکۆیلەکرابوو. لە کوردستان خەبات سێ فۆرمی «١) ئابووریی، واتا چینایەتیی، ٢) نەتەوەیی، واتا پرسی خاک و ٣) پرسی ڕزگاریی ژن» لەخۆدەگرێت و خەبات لە کوردستان بەم سێ فۆرمە دەچێتە پێشەوە، بەڵام ئێرانییەکی تارانیی و ئەسفەهانیی و شیرازیی بێگومان کێشەی نەتەوەیی نییە و چینە ناوەڕاستەکەی کەمتر کێشەی ئابووریی هەیە و ژنانی بۆرژوا و وردەبۆرژوازییش خواستەکانیان ڕیفۆرمیستییە نەک شۆڕشگێڕیی.

ئەرکی چەپ و کۆمۆنیستەکان ئەوەیە ئەم پێکهاتانە بناسنەوە. هۆکاری ئەوەی چەپ و سۆسیالیستەکان بۆ هێندە لاوازن لەکاتێکدا ڕووداوەکانی ناو جوگرافیای ئێستای ئێران دەبوو باشترین دەرفەت بێت بۆ بەهێزبوونەوەی چەپەکان و سۆسیالیستەکان، بۆ بێ ئاگایی لەم وردەکارییانە، زیندانییبوون لەنێو کڵێشە و بۆچوونە بەسەرچوو و کۆنەکاندا و سەرەڕۆییکردن لە داننەنان بە پرسی نەتەوەییدا دەگەڕێتەوە. جوگرافیای ئێران ناوچەیەکی گرنگە بۆ خەباتی چەپ و سۆسیالیستەکان، بەڵام نەک سۆسیالیزم و چەپ بەم پێکهاتە و ئایدیایانەی ئێستای، کە هیچ پەیوەندییەکی بە کۆمەڵگەی واقیعییەوە نەماوە و زۆر دوور لەنێو ڕابردووی خۆیدا دەژیت. هەرکاتێک چەپ توانی ئەو وردەکارییانە باشتر دەرک بکات و بەخۆیدا بچێتەوە و خۆی تازەبکاتەوە، دەتوانێت لە ئێراندا بەخێرایی گەشە بکات و هیوایەکیش بێت بۆ چەپ لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بۆپێشەوە: سەرجەم بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئیران، لەوانە ژنان، لاوان و خوێندکاران، کرێکاران… بەشدارن لەم خۆپیشاندان و بزوتنەوە جەماوەریەدا، بەڵام رۆڵی چینی کریکار و بەشدارییەکەی بەرجەستە نییە، هێشتا وەکو پیویست ئامادەیەکی نابینرێت، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

پێشرەو محەمەد: پێموایە کەمێک وەڵامی ئەم پرسیارەم داوەتەوە، بەڵام بڕێک زیاتر لەسەری دەوەستم. باسم لەوە کرد کە سۆسیالیستەکان و چەپەکان لە ئێراندا شکستیان هێناوە و هیچ پەیوەندییەکیان بە ژیانی واقیعی مرۆڤەوە نەماوە. چینی کرێکار و چەپ وەک دوو جیهانی جیاواز و دوور لەیەک وەستاون. وشیاریی مرۆڤەکانیش لە کۆمەڵگەدا بەشێوەی تەریب و هاوسەنگ گەشە ناکات. شکستە یەک لە دوای یەکەکانی چینی کرێکاریش، تەواو ڕەشبین و بێ هیوای کردووە و تووشی دۆخی غەمگینیی و ماتەمینیی هاتووە. لە ژینگەی ڕەشبینیشدا، هەمیشە دەرفەت بۆ گەشەی هێزە کۆنەپارێز و ڕاستڕەوەکان و کۆنزەرڤاتیڤەکان بەهێز دەبێت. بێگومان گرەوی بردنەوەی دۆخەکە و گۆڕینی ڕووداوەکان بۆ شۆڕشی سەرتاسەریی و ئێرانێکی دیموکرات لەوەدایە چینی کرێکاری ئێرانیی بەبێ ئەوەی مەرج بۆ بزووتنەوە کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکانی دیکەدا بنێت، دان بە سەربەخۆیی ئایدیا و خواستەکانیاندا بنێت و سەنتەرە پیشەسازییەکان بکاتە مەیدانی خەبات. هەر ئەوەی سەرمایەی ئێرانیی بەدەستی چینی کرێکار کۆنتڕۆڵ کرا، ڕووخانی ئەو ڕژێمە زۆر خێراتر دەبێت. بەڵام وەک باسمکرد بەتێپەڕینی ڕۆژگار چینی کرێکار بەردەوام وشیاریی ڕیفۆرمیستیی بۆ دروستبووە و ئێستا وا دەردەکەوێت ئەو چینەی کە شۆڕشگێڕترین چین بوو لە مێژوودا، شوێنی بۆ توێژەکانی دیکە چۆڵ کردبێت و ئێستا ڕۆڵێکی ناچالاک بگێڕێت. ئەرکی بزووتنەوەی چەپ، ئەوەیە چۆن دان بە پێکهاتە جیاوازەکاندا بنێت و بە فۆرمی زۆر تازەتر و پێشکەوتووخوازتر ئایدیای شۆڕش لەنێو چینی کرێکار و گروپە ژێردەستەکانی دیکەدا زیندوو بکاتەوە. ئایا چەپ توانای ئەم کارەی هەیە؟ پرسیارێکە لێرەدا ناتوانم وەڵامی بدەمەوە و هیچ ڕەچەتەیەکیشم بۆ ئەمە پێ نییە.

بۆپێشەوە: لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندان و جوڵانەوەی شۆڕشگێرانەی ئیراندا، هەوڵەکانی بۆرژوازی لەوانە شاهەنشایی و سیلیبریتییەکان، دەستی پێکردووە، دیارە لە پشتیوانی ئەمریکاو غەربیش بەهرەمەندن، رۆڵی ئەوان چۆن دەبینن و چەپ و کۆمۆنیستەکان، دەبێ لەبەرامبەر بەهەوڵ و نەخشەکانیان، چ هەنگاوێک بگرنە بەر؟

پێشڕەو محەمەد: پێشتر باسم لەوە کرد کە ئێران لە نەبوونێکی قووڵی بزووتنەوەیەکی سیاسیی و ئۆپۆزیسیۆنی پێشکەوتووخوازدا دەژیت، ئەمەش بەشێکی لەوەوە دێت کە نیگای بۆ داهاتوو نییە و ڕووی لە ڕابردووە. ئەو ڕابردووەی پێیدەڵێت «ڕۆژگاری شکۆمەند» ئێستا خۆی لە کارەکتەرێکی دۆڕاوی ستەمکارترین ڕژێمدا دەبینێتەوە کە کوڕەکەی محەمەد ڕەزا شایە و دروستبوونی ئەو هەموو سیلیبریتییەش لە دەوری، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ بەتاڵانبردنی سامانی نەتەوەکانی ناو جوگرافیای ئێران و بەکارهێنانی لە میدیای زەبەلاحدا. بەڵام هاوکات ئەم دیاردەیە زیاتر دیاردەیەکی مەجازیی و هاوکات تاراوگەییە. ئێران و جوگرافیاکەی جۆراوجۆرە، هیچ گەرەنتییەک نییە کورد و بەلووچ و عەرەب و لووڕ و بەشێکی زۆری چینی کرێکار و چینەکانی دیکەی ناو ئێران کوڕەکەی شا قبووڵ بکەن. ڕاگەیاندنی حکومەتی کاتیی بەو خێراییە، هەم زیانی بە بزووتنەوە ناوخۆییەکە گەیاند و هەم ترسیشی دروستکردووە. کەواتە ئەرکی چەپەکان چییە؟ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی پێشکەوتووخواز بەو مەرجەی خۆیان تازە بکەنەوە و واز لە ئایدیا کۆنەکانیان و فڕقەچێتیی و گروپچێتییەکانیان بهێنن و هاوکات دان بە سروشت و ڕەهەند و ڕووخسارە جیاوازەکانی بزووتنەوە و نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکاندا بنێن. بۆ نموونە بەرەیەکی یەکگرتووی چەپ دەتوانێت بزووتنەوەی کوردستان و بەلووچستان و ئەهواز و ئازەرییەکان بۆ خۆی کێشبکات بە مەرجی ئەوەی لە سەرەتاوە هەوڵ نەدات بیانخاتە ژێر ڕکێفی ئایدیای ڕووتی خەباتی ئابوورییەوە، بەڵکو خواستە جۆراوجۆرەکانیان بناسێت و دانی پێدابنێت و گرنگترین شتیش ئەوەیە چەپ بە ڕەسمیی ئایدیای فاشیستیی «یەکپارچەیی خاکی ئێران» (کە پێیدەڵێن تەمامیەتی ئەرزی) ڕەتبکاتەوە و دان بە مافی چارەی خۆنووسینی نەتەوەکاندا بنێت. ئەوسا دەتوانێت ببێتە بەلشەڤییەکی نوێ لە ناوچەکە. ئایا دەتوانن ئەم کارە بکەن یان دەیانەوێت؟ دیسان وەڵامی ئەمەم پێ نییە.

بۆپێشەوە: ئاییندەی ئەم بزوتنەوەیەی لە ئیراندا دریژەی هەیە، چۆن دەبینن، ئایا پاشەکشەی پێدەکریت، یان دەتوانێت دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ئیران بروخێنێت؟

پێشڕەو محەمەد: بە وردبوونەوە لە وەڵامەکانی سەرەوە، بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم بزووتنەوەیە پاشەکشێ دەکات، بەڵام بە مانای کۆتاییهاتن و مردنی بزووتنەوەکە نایەت. کۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا لاواز بووە و زەبر و زیانی گەورەی ڕەوایەتیی سیاسیی بەرکەوتووە و هەروەها ترسیش لە چاوی خەڵکانی ناوخۆ ڕەویوەتەوە. کۆماری ئیسلامیی بەرگەی لێدانێکی دیکەی وەها ناگرێت. پێموایە ئەوەی ئێستا ڕوودەدات پرۆڤەیەکی باشە هێزە پێشکەوتووخوازەکان خۆیان بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە بکەن. چەپەکان و سۆسیالیستەکانیش پڕۆژەی بەرەیەکی یەکگرتوو، بە ئایدیای نوێ و بە دیدگا و ستراتیژی تازەوە بێنە ناوەوە. بەکورتیی: بڕوام وایە ئەم بزووتنەوەیە لە ئێستادا قۆناغی گرنگی بەرەو سەرکەوتن بڕیوە، بەڵام لەم قۆناغەدا ناتوانێت کۆماری ئیسلامیی بڕووخێنێت. بەڵام بێگومان قۆناغی داهاتوو بەهێزتر دەبێت و ئیتر کۆماری ئیسلامیی تەواو لەق دەبێت. چی جێگەی دەگرێتەوە؟ بە وانە وەرگرتن لەوانەی باسمانکردن، بزووتنەوەیەکی پێشکەوتووخواز دەتوانێت نەخشەی سیاسیی داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگۆڕێت. ….

Leave A Reply

Your email address will not be published.