کامەران ئەحمەد :  ئێستا ئاڵوگۆڕی سیاسی و سەرنگونکردنی ڕژێمی مەلاکان بووەتە خواستی سەرەکی لە گشت ناڕەزایەتییەکان دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ کامەران ئەحمەد، رەخنەگر و چالاکوانی سیاسی  سەبارەت بە” راپەرێنی خەڵکی ئێران و ئایندەی ئەم خرۆشان و ڕاپەرینە”…

0

بۆپێشەوە: زیاتر لەچەند هەفتەیە، جەماوەری ئازادیخواز لە کوردستان و ئیران، دەستیان داوەتە ڕاپەڕین و خرۆشانێکی جەماوەری بەدژی دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی، هۆکار و ریشەی ئەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە جەماوەرییە لە چیدایە؟

کامەران ئەحمەد: بە درێژایی زیاد لە ٤٣ ساڵ لە حوکمی مەلاکان، خەڵکی ئەو وڵاتە دووچاری ئەوپەڕی سەرکوتی سیاسی، بارودۆخی ئابوری نەخوازراو، و قەیران دوای قەیران بوونەتەوە. ڕەوت و کوتلە جیاوازەکانی باڵی بۆرژوازی دەسەڵاتدار بە توندڕەوو خۆ بەڕیفۆرمخۆاز دێن و ئەچن، و بەڵینە ڕەنگاوڕەنگەکان سەبارەت بە چاکسازیی و دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بە هاوڵاتیان هەر بە درۆ دەرئەچنەوە. لە کرداردا، هەڵاوسانی ئاسمانی و پەرەسەندنی هەژاری لە نێو چینی کرێکار و گەنجان، چاندنی دابەشبوونی کۆنەپەرستانە لەسەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و چەوساندنەوەی ژنان، جیاوازی نێوان بەڵێنەکانی هەڵبژاردن و کردار، مەیل و ڕەوتێکی گشتی بێزاری و توڕەیی لە کۆمەڵگە بەرامبەر بە حکومەت، دەسەڵات و دەزگاو دامەزراوەکانی دروست کردووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، هەڵئاوسان لە مانگی مەی لە ڕیژەی ٣٩%ەوە بۆ ٥٤%  لە نۆڤەمبەر ڕووی لە هەڵکشان کردووە، هەر لەدوای دەستبەکاربوونی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران لە مانگی ئابی ساڵی ڕابردووەوە، نرخەکانی خۆراک زیاتر لە سەدا سەد بەرزبوونەتەوە. لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا حکومەتەکەی دەستیکرد بە بڕینی یارمەتییەکان بە بەهای تا ١٥ ملیار دۆلار لەسەر هاوردەکردنی خۆراکی سەرەتایی و دەرمان و خۆراکی ئاژەڵان. ڕەئیسی لە پاساوهێنانەوەی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی کالاکان داوای لە خەڵک کرد کە خۆڕاگر بن و نەترس بن!

لە پاشخانی دانوستانەکانی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، و کردنەوەی دەروازەیەک لە فرۆشتنی نەوتی خاو بە وڵاتی چین، هێشتا نەیتوانیوە ڕێ لە داکەوتنی ڕوو لە لێژیی بەهای دراوی ئێرانی بگرێت و هەر لە مانگی جوونی ئەمساڵەوە بەهای تمەن بۆ ئەوپەڕی ئاستەکانی خۆی دابەزیوە.

گەنجان دوو لەسەر سێی ٨٥ ملیۆن دانیشتوانی ئێران، کە تەمەنیان لە خوار ٣٠ ساڵییەوەیە پێک ئەهێنن و تا ئێستا زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە. نزیکەی ٢٧%یان بێکارن و لە ناوچە کەمینە نەتەوەییەکانی وەک کوردستان یان، سیستان-بەلووچستان ئامارەکان زۆر لەوانە هەڵکشاوانەترو تۆقێنەرترن.

ئەگەرچی حکومەت لە شاردنەوەی ڕێژەی هەژاری پێداگریی کردووە، بەڵام ئامارەکان باس لە تراژیدیای ژیانکردنی زیاد لە ٦٠%ی هاوڵاتیانی ئێرانی لە خوار هێڵی هەژارییەوە ئەکەن.  و بوونی سێ تا حەوت میلیۆن منداڵی کرێکار لە ئێراندا پشتڕاست ئەکەنەوە. کاری منداڵان بە تایبەت بە دوای پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، تا کۆمەک و هاوکاری بە خێزانەکانیان بکەن ڕووی لە هەڵکشان کردووە. منداڵانی گوڵفرۆش، دەستەسڕو بنێشت فرۆشەکان و …هتد، شەقامەکانیان تەنیوە، جگە لەو منداڵە کرێکارانەی کە لە وەرشەی بچووک و بازرگانی نێو ماڵەکان و بیناسازیدا کارئەکەن. نزیکەی ٢٠٠ هەزاریان لە نێو شەقامەکاندا شەوو ڕۆژ ئەکەنەوە، و شوێنی پشوو و نوستنی منداڵانی بێسەرپەنا، بارهەڵگرەکان، پارک و خانووە چۆڵکراوەکانن.

هەموو ئەمانە لە کاتێکدان سەرباری سزای ئابووری ئەمریکا و کاریگەرییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە قوڵترکردنەوەی قەیرانی ئابووری جیهان، بەڵام ژمارەی ملیۆنێرەکان بێئەندازە لە ئێران زیادیان کردووە. بەپێی ئامارەکانی پێگەی فۆربیس و  کاپجیمینی، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ژمارەی سامانی پوختی تاکەکەسی ئەوانەی لە ملیۆنێک دۆلار زیاتریان هەیە، بە ڕێژەی ٢١.٦% زیادیان کردووە، کە زۆر زیاتر بووە لە تێکڕای ڕێژەی جیهانیی کە ٦.٣% بووە. بەر لە دووساڵ ڕاپۆرتەکان باس لە بوونی ٢٥٠ هەزار ملیۆنێر ئەکەن کە زۆربەیان لە تارانی پایتەخت ژیان ئەکەن، بە پلەی یەکەم لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، و پلەی ١٧ لە ئاستی جیهان، واتە لە پێش سعودیەوە دێن، ئەم هەڵپەیەی مەلاکان پێئەچێت نیشاندەری ئەو ڕاستییە بن کە زۆر پەلەیانەو ناتوانن چیتر چاوەڕوانی نیعمتەکانی ژیانی زیندووبوونەوەی داهاتوو نێو بەهەشت بکەن و ئەیانەوێ لەسەر ڕەنج و ماندووبوونی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش لەزەتەکان لەسەر زەوی چێژ بکەن.

ڕژێمی سەرکوتگەری ئیسلامی لە ئێران لەڕووی سیاسییەوە، یەکێکە لە دەستخوێناویترین ڕژێمە دیکتاتۆریەکانی جیهان، نەبوونی ماف و ئازادی سیاسی، ڕادەربڕین، ڕۆژنامەگەریی، ڕێکخراوبوون، گردبوونەوە و خۆپیشاندان، پەلامارو هێرش بۆسەر مافی کەمە نەتەوەکانی نێو ئێران …هتد، لەسەر ئاستی جیهان سیمای ناسێنەرەوەی دەسەڵاتدارێتی بۆرژوازییە لە ئێران. تەواوی کایەکانی ژیان، بە ماف و ئازادییە تاکە کەسییەکانەوە لە ژێر چنگ و کەڵبەی خوێناویترین ڕژێمدایە، سەرانسەری چوارچێوەی دەسەڵاتی سیاسی بۆرژوازی، بەتەواوی دامودەزگاکانییەوە تا سەر ئێسک گەندەڵن، و خاوەنی زۆرترین ژمارەی ئیعدام و لە سێدارەدانە لە دوای وڵاتی چین ، کە پێش هەریەکە لە وڵاتەکانی وەک میسر، عێراق، سعودیە، سۆماڵ و یەمەن ئەکەوێت.

هەورەها لە پاڵ گەنجان، ژنان توێژێکی بەرین لە قوربانیانی چینی دەسەڵاتداری بۆرژوازی لە ئێرانن، هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی حکومەتی مەلاکان لەوپەڕی کۆیلایەتی، بێمافی و ئازادییە تاکە کەسییەکانی خۆیاندا بە سەرکوت، زیندانیکردن، و لەسێدارەدان وەڵام ئەدرێنەوە.  جیاکاری ڕەگەزی لە خوێندنگەو شوێنە گشتییەکان و تەواوی دامەزراوەکان، حجابی ئیجباری، نایاساییبوونی لەباربردنی منداڵ، نەبوونی مافی جیابوونەوەو سەفەرکردن بێ هاوەڵی پیاو و … چەندانی تر بەشی ژنان بوون لە سایەی دەسەلاتی بۆرژوازیدا. جمهوری ئیسلامی نمونەی حکومەتێکی دڕندەی بێوێنەیە لە مێژووی ناوچەکەدا و کەم نین ژمارەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە لاقەکردنی ژنانی نێو زیندانەکان تەنانەت پێش لە سێدارەدانیان ئەکەن.

لە جەرگەی بارودۆخێکی ئابووری تێکشکاو هەلومەرجێکی سیاسی خنکێنەر، چینە هەژارەکان زیاتر هەژارتر بوون، دەستێوەردان لە بچوکترین مافەکانی تاک تا ڕاددەی هەستان و دانیشتەکانی ژنان لە نێو ماڵەکان شۆڕ بوونەتەوە، هەربۆیە ناڕەزایەتی و توڕەیی دژ بە بارودۆخی موجود لە بیرکردنەوەو دڵیاندا قوڵپ ئەدات، و جەماوەری خەڵک بە دوای هەر دەریچەو دەروازەیەکدا ئەگەڕێن تا بێزاری و ناڕەزایەتییەکانیان دژ بە بارودۆخی بەرگەنەگیراوی ژیان و کارکردنیان بخەنە ڕوو.

ڕیشەکانی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان کۆی ئەو بارودۆخە ئابووری و سیاسییە خنکێنەرەدایە کە یەخەی بە زۆربەی هاوڵاتیانی هەژارنشینی ئێرانی گرتووە، و بنبەستی ڕژێمی جمهوری ئیسلامی و تەواوی چینی سەرمایەداری لە دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ کۆمەڵگە ئەخاتە ڕوو. مەهسای گەنج و دڵ پڕ لەهیوا کە لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی جمهوری ئیسلامیەوە بە تاوانی باش نەپۆشینی حیجاب دەستبەسەکرا و لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا پزیسکی کڵپەسەندنی کۆی ئەو ناڕەزایەتییانەیە دژ بە بێمافییەکانی ژنان، حجابی زۆرە ملێ، دژ بە بێکاری بەلێشاوی گەنجان، دژ بە بارودۆخی سەختی کارکردن و کەمی مووچە، و گوێنەدانی حکومەت بە ژیانی هاوڵاتیان.

بۆپێشەوە: ئایندەی ئەم ڕاپەرینەی ئێستا چۆن دەبینن؟ لاتان وایە رژێمی ئیران دەتوانێت پاشەکشەی پێ بکات، یان بەرەو روخاندنی رژێم دەڕوات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەهێنێت؟

کامەران ئەحمەد: ڕژێمی بۆرژوازی ئێران کاردانەوەی هیستریایانەی سەرکوتکردنی خوێناوی دژی خۆپیشاندانەکان بە ئامانجی چەقاندنی ناڕەزایەتییەکان لە جێگای خۆیان دەستپێکردووە، و سەرچاوە نافەرمییەکان ژمارەی کوژراوانیان بە نزیک لە ٥٠٠ کەس ڕاگەیاندووە، کە چەندین منداڵیان لە نێودایە. هێزە ئەمنییەکان بە فیشەک هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەرانی بێ چەک و گازی فرمێسکڕێژ و قومبەلەی دەنگییان لە پرسە و شەقام و زانکۆ و قوتابخانە ئامادەییەکاندا بەکارهێناوە.

سەرباری هەوڵە شکستخواردووەکانی دەسەڵاتی بۆرژوازی بۆ دابەشکردنی ڕیزی خۆپیشاندەران، مۆرکردنی بە جووداخوازیی، و دەستی دەرەکی، بەڵام شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان لەسەر کوشتنی دڕندانەی مەهسا زیاد لە هەشتا شارو شارۆچکەی تێپەڕاندووە، بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی هەرزەکاری پانزە سالانە لەلایەن ئەفسەرێکی پۆلیسەوە خۆپیشاندان لە پارێزگای سیستان-بەلوچستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان و پاکستان ڕوویداوە و، دووچاری سەرکوت کردنێکی بێوێنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بوونەتەوە و دەیان خۆپیشاندەر کوژراون.

بەڵام سەرباری ترس و تۆقاندن، سەرکوت و زیندانیکردن، بزووتنەوەکە تا ئێستا زیاد لە دوو مانگ و نیوە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش خۆڕاگری خۆی سەلماندووە، لە ڕاستیدا بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی تا ڕاددەیەک ڕێکخستنێکی هاوئاهەنگانەی مانگرتنەکان، و ڕابەرایەتی ڕێکخراوەیی، کەم ئەزموونی گەنجان و ئامرازێکی کارامەی پەیوەندگرتنی بەردەوام بە جیهانی دەرەوە، بەردەوامی خۆپیشاندانەکان و تەنینەوەی زیاتریان بۆ هەموو کونجێکی وڵاتەکە، بەڵگەیە لەسەر بەهێزیی بزووتنەوەکە. هیچ گومانی تێدا نییە کە لەگەڵ پەلهاویشتنی بۆ نێو کرێکارانی پیشەسازیی لە توانایدایە ئالنگارییەکانی ژێرەوژوورکردنی حوکمی مەلاکان سەرخاتە قۆناغێکی تر. سیمایەکی جیاکەرەوەی ئەم خرۆشانەی جەماوەری خەڵک هاتنە مەیدانی چین و توێژە هەرە مەحرومەکانی کۆمەڵگای ئێرانە، و هیچ پەیوەندییەکی بە کێشمەکێشی باڵ و کوتلە جیاوازەکانی نێو دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامییەوە نییە.

لەگەڵ توندبوونەوەی سەرکوتگەرییەکانی چینی دەسەڵاتدار، لەسەرەتادا کەسایەتییە پێشەنگەکانیان داوای دادگاییکردنی بەکۆمەڵ و سزای توندیان بەسەر خۆپیشاندەران لەنێویاندا سەپاندنی سزای لەسێدارەدان کردووە. بەڵام لەگەڵیدا کاردانەوەی جەماوەری چەوساوەو داخوازییەکانیان بۆ ئاستێکی باڵاتر هەنگاویان ناوە، هەرئێستا ئاڵوگۆڕی سیاسی و سەرنگونکردنی ڕژێمی مەلاکان بووەتە خواستی سەرەکی لە گشت ناڕەزایەتییەکان. خۆپیشاندەران داوای ڕووخانی دامەزراوەی دەسەڵاتدارێتی و هەڵپێچانی حوکمی مەلاکان ئەکەن. سەرکوتکردنی بێبەزەییانەی دەوڵەت لە ناڕەزایەتییەکان مەحکومە بە شکست، زۆر لەمەوبەر ترۆتسکی ڕوونی کردووەتەوە کە تەنیا بە سەرکوتکردن ئەستەمە جەماوەر لە ژێردەستەییدا بهێڵیتەوە. پۆلیس و سوپا کۆڵەکەیەکی داچەماوانە و لاوازن بۆ ئەوەی ملیۆنەها خەڵک بۆ مێژوویەکی درێژ لە کۆیلایەتیدا ڕابگرن. ئەزموونی  ڕژێمە دیکتاتۆرییەکانی وەک حوسنی موبارەک، زین بن عابدین، قەزافی لەم ڕووەوە وانەیەکی زۆر زیندوومان بیر دێننەوە.

لە پەنا دروشمەکانی “ژن، ژیان، ئازادی”، ” “زیندان جێگای خوێندکاران نییە” لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە  دروشمی “مەرگ بۆ دیکتاتۆر” لە گشت ناڕەزایەتییەکاندا دلێرانە ئەوترێنەوە، شەو نییە بنکەو بارەگایەکی هێزەکانی سوپای پاسداران، بەسیج، و پۆلیس نەکەوتە بەر گڕی توڕەیی جەماوەر و نەسوتێنرێن.

باڵەکانی ناو ڕژێم تادێت زیاتر نیگەرانتر ئەبن بەرامبەر بەرفراوانبوونەوەی مەودای بزووتنەوەی ناڕەزایەتی و سیمای بەردەوامی ڕق و توڕەیی بزووتنەوەکە. بە وتەی پەرلەمانتارێکی ئێران، سوپای توندڕەوی دەوڵەتیی بەسیج کە ڕۆڵی پێشەنگ لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکاندا ئەگێڕێت، پێی وایە وڵات لە مەترسیدایە!، دانی بەوەدا ناوە کە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بۆ هاوکاریکردنیان لەسەرکوتکردنەکاندا دامەزرێنراون. لە ژێر فشاری بەردەوامیی بزووتنەوەکەدا ژمارەیەکیان داوای گوێگرتنیان لە خواستەکانی خەڵک کردووە.

بزووتنەوەکە سەرباری ئەوەی لە هاوسۆزییەکی بەربڵاوی جیهانیی، و هاوپشتییەکی نێونەتەوەیی جێ دڵخۆش بەهرەمەندە، بەڵام جگە لە مانگرتنێکی کورتی مامۆستایان و کرێکارانی نەوت و شەکر، ئوتومبیل لە کەرەج و قەزوین، کرێکارانی میتاڵ لە ئەسفەهان، بۆ داخوازییەکانی باشترکردنی هەلومەرجی کارکردنیان و پشتیوانی لە دەستهەڵگرتنی سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، لەچەند هەفتەی رابروودا نەبێت، هێشتا پشتیوانییەکی کەمی چالاکانەی بەربڵاویی کرێکاران لە کەرتە جیاوازەکان بۆ خۆی ڕاکێشاوە، هەر ئەمەشە وایکردووە لە پاڵ نەبوونی ڕێکخستن و ئەجێندای سیاسی ڕۆشن ڕووبەڕووی سەرکوتی خوێناوییانە ببنەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێم وایە ئەم ناڕەزایەتیانە بەبێ گوێدانە دەرئەنجامە دەستبەجێکانی، لاپەڕەیەکی نوێی خەباتی چینایەتییان لە ئێران و کاریگەرێتییان لە ئاستی ناوچەییدا کردووەتەوە.

بۆپێشەوە: ڕۆڵی چینی کرێکار لەم راپەرینەدا چۆن دەبینن و چ ئەرکێک لەسەر شانی چینی کرێکارە؟

کامەران ئەحمەد: ئەوەی بۆ کرێکارانی ئێران پێویست و گرنگە یەکخستنی ڕیزی خەباتیانە لە پێناو باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان، بەگەڕخستنی مانگرتنی گشتی و سەرتاسەریی، کۆتاییهێنان بە ناڕێکخراوەیی و پەرتەوازەیی، هەنگاونان بەرەو لێکهەڵپێکرانی ناڕەزایەتییەکان لە ئاستی سەرتاسەریدا بەرامبەر بە قووڵبوونەوەی قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی. هاتنە ناوەوەی چینی کرێکار بۆ نێو گۆڕەپانەکە، بە مانگرتنە گشتییەکانەوە، هەموو شتێک ئەگۆڕی و دەسەڵات ئەهێنێتە سەر چۆک.

جگە لەوەش بزووتنەوەکە پێویستی بە بەرنامەیەکی ڕوون و ئاشکرا هەیە کە داواکارییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان بەیان بکات سەرنجی هەموو چینە چەوساوەکان بەرەو خۆی کێش بکات. دژایەتی دەستێوەردانی هێزە ئیمپریالیزمیستەکان بکات و ئاماژە بە ڕێگایەکی ڕوونی دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و پێکەوە ژیانی دیموکراسییانەی گەلانی ئێران بکات.

لەم نێوەدا ئەرکی بەپەلە خەباتکردنە بۆ سەربەخۆیی سیاسی چینی کرێکار لە هەموو کوتلەو باڵەکانی بۆرژوازی، و هێزە قەومییەکان، و باڵی ئەڵتەرناتیڤی پادشایەتی پەهلەوی کە لە لایەن ڕۆژئاواو هێزە ئیمپریالیستەکان، و ولاتی سعودیەوە دەهۆڵی بۆ ئەکوترێ.

زلهێزە ئیمپریالیستەکان، واوەتر لە فشارێکی کورتماوە بۆسەر چینی دەسەڵاتدار لە ئێران تا ئەجێندای خۆیان بسەپێنن، هیچ خۆشییەکیان بە ڕاپەڕین و خرۆشانی جەماوەری خەڵک و چینی کرێکار نایەت، بەرژەوەندییان گرێدراوی بەرژەوەندی ئەو سەرمایەدارانەیە کە نوێنەرایەتییان ئەکەن، و ئەوەی مەبەستیانە تەنها ئاڵوگۆڕێکی شکڵی لە نوخبەی چینی دەسەڵاتداردایە، ماوەیەکی زۆرە لە ڕیزەکانی کوتلەکانی دەسەڵاتدا بە دوای ئەڵتەرناتیڤی خۆیان و چاندنی گەراکانی دژە شۆڕشن لەنێو هێزەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆندا. بایدن لە میتینگێکدا لە کالیفۆرنیا بەڵێنیدا “ئێران ئازاد بکات”. ئەبێت هەر جۆرە متمانەیەک لە بانگەوازکردنی نوێنەرانی سیاسی و دامەزراوەکانیی هێزە ئیمپریالیستییەکان لە پێناو پاراستنی “دیموکراسی” و “مافی مرۆڤ” بەدرۆ بخرێنەوە، ئێران لەهەر جۆرە دەستتێوەردانێکی هێزە ئیمپریالیستییەکان بەدوور بخرێت، چارەنووسی ئەو کۆمەڵگەیانەی کە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا چۆن بە بیانووی جۆراوجۆرەوە بوونەتە قوربانی شەڕە ئیمپریالیستییەکان لای هەمووان ڕوونە. هەر ڕژێمێک بە هاوکاری و پشتگیری ئیمپریالیزم بێتە سەر دەسەڵات بە مانای چارەسەکردنی کێشە کۆمەلایەتی‌ و ئابوری‌یەکانی خەڵک و چینی کرێکار ناگەیەنێت، بەڵکو زیاتر قوڵکردنەوەیانن، کوردستان و عێراق نمونەیەکی بەرجەستەی ئەم ڕاستییەن.

پێویستە جەماوەری خەڵک لە ئەجێندای هێزە قەومییەکان وریا و ئاگادار بکرێنەوە، ئەو هێزانەی کە لە باشترین حاڵەتەکانی خۆیاندا گاڵتەجاڕیی سندوقەکانی هەڵبژاردن و دیموکراسی پەرلەمانیی و گۆڕینی دەموچاوەکان هەر ماوە جارێک بە دیاری بۆ خەڵک دێنن.

ئەوەی لەسەرووی هەموو شتێکەوە پێویستە، کرێکاران لەسەر بنەمای دێدگای شۆڕشی سۆسیالیستیی خەباتی خۆیان بەڕێ بخەن و درێژە پێبدەن. تەنیا لە ڕێگەی خەبات بۆ دەسەڵاتی کرێکاران و سۆسیالیزمەوە ئایندەی کێشە ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، ڕزگاری و ئازادبوونی یەکجاریی ژنان، و چارەسەری مەسەلەی میللی نەتەوە ژێردەستەکانی ئێران، وەڵامی  شایستەو شیاوی خۆیان وەرئەگرنەوە.

بۆپێشەوە: سەرەکیترین ئەو ئاستەنگانە کامانەن لە بەردەم ڕاپەرینی خەڵکی ئێراندا؟

کامەران ئەحمەد: تا ٢٥ ی نۆڤەمبەر ئامارەکان باس لە دەستگیرکردنی زیاد لە ١٨ هەزار خۆپیشاندەر کە لە نێویاندا ٥٦٥ خوێندکار هەن ئەکەن، لەگەڵ کوژرانی نزیک بە ٥٠٠ کەس لە خۆپیشاندەران. لە بەرامبەر خرۆشان و ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک، تابلۆیەکی ترسناکمان لە بێوێنەیی توندوتیژییەکانی دەزگا پۆلیسییەکانی دەوڵەت چاو لێیە. یەکێکە لە توندوتیژترین سەرکوتکردنەکانی ڕژیم لە دوای خۆپیشاندانەکانی ٢٠١٩ەوە. ژمارەیەکی زۆر لە توخمە چالاکەکان دەستبەسەر و دەستگیرکراون، ئەم ترسەی سەرکوتی دڕندانەی خەڵک ئاستەنگی زۆری دروستکردووە. بەشێکی بەرچاو لە ناڕەزایەتییەکان لە ئێوارانێکی درەنگ یان شەوان بەڕێوە ئەچن.

ڕژێمی تاران هاوشێوەی بەهانەی لێدان لە ناڕەزایەتییەکانی پێشتر، چەندین جار ئەمریکا و ئیسرائیلی بە ڕێکخستنیان تۆمەتبار کردووە و دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕۆژئاوای بە هاندانی توندوتیژی و پەرەپێدانی گرژییە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان، و هاوکاریکردنی هێزو حزبە کوردییەکان تۆمەتبار کردووە. چەند هەفتەی لەمەوبەر، هەردوو ژنە ڕۆژنامەنووسی ئێرانی کە مەرگی مەهسایان بڵاوکردەوە، بەوە تۆمەتبار کران کە سیخوڕی بیانین لەلایەن ئەمریکاوە ڕاهێنراون بۆ دروستکردنی ئاژاوەگێڕی. هەروەها ئێران سعوودیەی تۆمەتبار کردووە بەوەی کە لە ڕێگەی پشتگیریی دارایی تۆڕی هەواڵنێریی زمان فارسی خۆی- ئێران ئینتەرناشناڵ، پەرە بە ئاژاوەگێڕی و نائارامییەکانی نێو ئێران ئەدات.

ئەمانە مەترسییەکانی هێزەکانی دژە شۆڕشن کە هەر لە ئێستاوە هەڵپەی زامنکردنی بەرژەوەندییە سیاسی و ئابورییەکانیان لە ئایندەی گۆڕانکارییەکانی ئێراندا ئەکەن، و لە غیابی سیاسییانەی چینی کرێکار و سۆسیالیستەکاندا زیاتر ئەتروکێن.

ئەم تۆمەتبارکردنانەی ناڕەزایەتییەکان، قەتیسمانەوەی بزووتنەوەکە تەنها لەنێو گەنجان، هاوشان لەگەڵ سەرتاسەری نەبوونەوەی هاوئاهەنگانەوەی خۆپیشاندانەکان، و ڕانەگەیاندنی بەرنامەی ڕۆشنی بزووتنەوەکە کە چینی کرێکار لە دەوری داخوازی و داواکارییە دەستبەجێ و سەرەکییەکان، و شێوازەکانی خەبات یەکگرتوو بکات، دەرفەتی خێرا سەرکوتکردنیان لە لایەن ڕژێمەوە زۆرتر ئەکەن. لە ئەزموونی ناڕەزایەتییەکانی پێشتر کە لە ساڵانی ڕابردوودا ڕوویان داوە ئەمەمان چاو لێیە. گەنجان بە شۆڕوشەوق، و بە گوڕوتینەوە لە مەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی ڕژێم ئامادەییان هەیە، بەلام شۆڕنەبوونەوەی بەرفراوانی بزووتنەوەکە بۆ نێو ڕیزەکانی چینی کرێکارو چینە هەژارەکان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکتردا ڕائەگرێ، و دەرگیری ماندووبوون، و بەوپێیەش بێهوایی و ساردبوونەوە و دامرکاندنەوەی ئەکات. کەلێنی نێوان گەنجانی شۆڕشگێڕ و جەماوەری کرێکارو توێژە هەژارەکان ئەبێت بە بەرنامەیەکی ڕوون و شۆڕشگێڕانە پڕ بکرێتەوە، و داخوازییە کۆنکرێتییە ئابوورییەکان بە داخوازییە دیموکراتیکییەکان و بانگەوازی ڕووخاندنی ڕژێمی ئیسلامییەوە گرێ بدرێن.

بۆپێشەوە: ئەم راپەڕین و خرۆشانە جەماوەرییەی ئیران، چ کاریگەرییەکی لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و بزوتنەوە سیاسیەکان دەبێت؟

کامەران ئەحمەد: یەک ڕژێمی بۆرژوازی سەقامگیر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بوونی نییە، هەر هەموویان لەسەر کۆڵەکەی سەرکوت و تۆقاندن پایەکانی نایەکسانی ئابووری و دەسەلاتی بۆرژوازییان ڕاگرتووە. ئێران پێگەیەکی ستراتیژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی داگیر کردووە، بۆیە هەر دەرئەنجامێکی شۆڕشگێڕانە لە شۆڕشی ئێران ئەبێتە هۆکاری دروستبوونی شەپۆلێک لە راپەڕین و خرۆشان لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وردە وردە ئەو بزووتنەوەو هێزە سیاسییانەی کە بەناوکی جمهوری ئیسلامییەوە گرێدراون، و بە پشتگیریی دارایی ئەو ساڵانێکە ناوچەکەیان کردووەتە دۆزەخ، و نوقمی گێژاوی سیاسی، ئاژاوە، تیرۆر و شەڕ کردووە، توشی پەرتەوازەیی، لەبەریەکهەڵوەشان، کەرناکەوتن و سەرئەنجام لەناوچوون ئەبنەوە. کاریگەرییەکانی ئەم ڕاپەڕینە هەر بە ئێرانەوە ناگیرسێتەوە و پەل ئەهاوێ بۆ لەقکردنی دەسەڵاتی ڕژێمە تۆتالیتارییەکانی ناوچەکە، و دەروازەیەک بۆ مافی دیموکراتییانەی خەڵک لە جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت ئەکاتەوە.

بۆپێشەوە: بە چ جۆریک دەبێت خەڵکی ئازادیخوازی ناوچەکە پشتیوانی لە خەڵکی ڕاپەڕیووی ئیران بکەن؟

کامەران ئەحمەد: بۆ زۆرینەی ڕەهای خەڵک لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست، زۆر بارودۆخ هەن کە هاوکاری و هاوپشتی لەگەڵ ئەوانی تر ئەبنە شتێکی دانەبڕاو لە گرنگیی و بنەڕەتیی خەبات و تێکۆشان. دەسەڵات تادێت لە دەستی مشتیكی زۆر بچووکی لە خەڵکانی دەوڵەمەند کە بە تۆڕێک لە بەرژەوەندی سەرمایەو پاراستنی کۆمپانیا و بزنسەکانیان لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بەستراونەتەوە، چڕ ئەبێتەوە، حکومەتەکان بە دەیان ڕایەڵەی سیاسی، ئابوری، ئەمنی، عەسکەریی، سیخوڕیی…هتد کلکیان پێکەوە گرێداوە.

بۆ خەڵکانێکی ئاسایی وەک ئێمە ناتوانین بە شێوەیەکی کاریگەر بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆمان بکەین گەر هاوپشتی لە هاوچینەکانمان نەکەین. نموونەیەکی زۆر ئاشکرای بەهای سەنگبوون یەکێتی و هاوپشتی خەڵک بۆ یەکتر لە بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیانە لە ناوەندەکانی کار و پێکهێنانی یەکێتی کرێکاریی و ڕێکخراوە کرێکارییەکان. هەربۆیە ئەم بیرۆکەیە بۆ ئاستی ناوچەیی و جیهانیش لە پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی  چینی کرێکارو هەژارانی ناوچەکە گرنگی خۆی هەیە.

ئەحمەدی نەژاد و ڕوحانی و ڕەئیسی دۆستەکانی قوباد و مەسرور و سودانین، کە هەریەکەیان بە شانازییەوە باس لە هەڵکشانی قەبارەی بازرگانییکردنەکانیانی نێوانیان ئەکەن، لە کاتێکدا کە جەماوەری خەڵک لەوپەڕی بارودۆخی ئابووری سەخت، بێکاری و هەژاری و برسیەتیدا ژیان ئەکەن. ناکرێت لە بەرامبەر کوشتنی دەست ئەنقەستانەی خەڵک، و بێمافییەکانیان بێدەنگی هەڵبژێرین. هاوپشتی لە بزووتنەوەو ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران ئەرکێکی دەستبەجێیەولەسەر بنەمای بەرژوەندییە هاوبەشەکانمان بڕەوی پێئەدەین. هەڵبەت هاوسەنگی و ئاستی هۆشیاریی سەبارەت بە گرنگی هاوپشتی چینایەتی بڕیار لەسەر فۆرمەکانی هاوپشتی لەهەر جێیەک ئەدەن.

بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە بریاری جمهوری ئیسلامی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی “پۆلیسی مۆراڵ”، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان دەکاتە لابردنی حجابی زۆرە ملێ؟

کامەران ئەحمەد: داواکاری گشتی ئێران، محەمەد جەعفەر مونتەزری شەوی شەممە لە کۆنفرانسێکدا لە قوم ڕایگەیاند کە: ‘پۆلیسی ئەخلاقی’ ئێران “هیچ پەیوەندییەکیان بە وەزارەتی دادەوە نییە” و “لەلایەن ئەو کەسانەی کە دروستکراون، ئەبێت دابخرێن”. هەر بەدوایدا ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، بناغەی کۆماری و ئیسلامییەکانی ئێران لە ڕووی دەستوورییەوە چەسپاون “بەڵام شێوازگەلێک هەن بۆ جێبەجێکردنی دەستوور کە ئەتوانرێت نەرم و نیانتر بن”

ماوەیەکە ژمارەیەکیان (وەک دەرخەری ناکۆکییەکانی نێو خێزانی بۆرژوازیی دەسەڵاتدار) ڕایانگەیاندووە کە “هەڵەیەکی ستراتیژییان کردووە، و ناکرێت بە بەکارهێنانی ڕێکاری ئەمنی و پۆلیسی مامەڵە لەگەڵ پرسە ئایینی و کولتوورییەکان بکرێت ” هەروەها هەندێک لە سیاسەتمەدارە کۆنەپەرستەکانیان ڕەخنەیان لە کردەوەکانی پۆلیسی ئەخلاق گرتووە، گوایە ئەوەی وەک خۆیان ئەیڵێن” ژنانیان لە ئایین دوورخستۆتەوە”.

هاتنەپێشەوەکانی ڕژێم لەهەر ئاستێکی ناڕەزایەتییەکاندا پەیوەندی بە ئامانجی دامرکانەوەی بێزاری و ڕق و تورەیی خەڵکەوە لە لایەن ڕژێمەوە هەیە، نەک دەستەبەکردنی مافەکان ژنان، یان ماف و ئازادییەکانی تر. هەرجۆرە ماکیاجکردنێکی دەسەڵات ناتوانێت ڕێ لە بێزاری خەڵک لە دەسەلاتی مەلاکان بگرێت، دواتر ڕەئیسی بە ئاشکرا ڕایگەیاندووە کە بناغەکۆماری و ئیسلامییەکانی ئێران لە ڕووی دەستوورییەوە چەسپاون!

هەر لە هەفتەی یەکەمدا پێیان وابوو بە بەڵێنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی کوشتنی مەهسا ئەتوانن ناڕەزایەتییەکان لە جێگای خۆیدا ڕابگرن، بەڵام بزووتنەوەکە بەردەوامی بەخۆی داو، دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکەش ئەوەندەی تر توڕەیی خەڵکی زیاترکرد.

ناکرێت متمانە بە هیچ یەکێک لە بەڵێن و دامەزراوەکانی دەوڵەت بکرێت. ئەوان سیستمێکیان بنیاد ناوە کە لەسەر بنەمای ئسوڵگەرایی ئیسلامیی، ژنکوژی، و ئایدیۆلۆژیای کۆنەپەرستانە پارێزگاری لە مانەوە و بەرژەوەندی چینی سەرمایەداران و خاوەن کۆمپانیاکان ئەکات. بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە فۆرمی توندوتیژی دەوڵەتیی دژی ژنان و زەوتکردنی مافەکانیان، ئەبێت تەواوی سیستەمی ستەمکاری ژنان، کاری بەکرێ، و خاوەندارێتی تایبەتیی تێکەوەپێچرێت، ژنان تەنها کێشەی جلوبەرگیان نییە، بەڵکو  ئەبێت مافی یەکسانیان لە هەموو کایەکانی ژیان، دادوەریی، میرات…هتد هەبێت، و لە ئازادی بە مانای فراوانی وشەکە بەهرەمەند بن، کە ئەمەش تەنها یەک وەڵام هەڵئەگرێت کە تێکپێچانەوەو فڕێدانی ڕژێمی ئیسلامییە بۆ زبڵدانی مێژوو.

******

Leave A Reply

Your email address will not be published.