سەرمایەداری، شۆڕش و سۆشیالیزم نووسینی: توانا محمد نوری
سەرمایەداری، شۆڕش و سۆشیالیزم
نووسینی: توانا محمد نوری
سەرمایەداری چییە؟
سەرمایەداری ئەو سیستمە ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیەیە کە ئێستا لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هەیە. لە ئێستادا سەرمایەداری هەموو شوێنێکی گرتۆتەوە. لە ژێر ئەم سیستمەدا ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و دابەشکردن (زەوی، کارگە، تەکنەلۆژیا، سیستەمی گواستنەوە و هتد) لەلایەن کەمینەیەکەوە خاوەندارێتی دەکرێت. ئەم کۆمەڵە مرۆڤە بە چینی سەرمایەداری ناو دەبرێن. زۆرینەی خەڵک دەبێت هێزی کاری خۆیان بفرۆشن لە بەرامبەر حەقدەستێک یان مووچەیەک، ئەمانەش بە چینی کرێکار ناو دەبرێن.
کەواتە لە کۆمەڵگەی سەردەمدا دوو چین هەیە. ئەم دابەشبوونە چینایەتییە ناوەرۆکی سەرمایەدارییە. دیارە قسەش لەسەر ‘چینی’ جۆراوجۆری دیکە هەیە وەک ‘چینی ناوەڕاست’، بەڵام ئەو دوو چینەی لێرەدا باسکراون کلیلی تێگەیشتنە لە سەرمایەداری.
چینی کرێکار مووچەیان (هەقدەست) پێدەدرێت بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری کە دواتر دەفرۆشرێن بۆ قازانج. بە فرۆشتنی ئەوەی کرێکار بەرهەمی هێناوە پاaرەی زیاتر بەدەستدەهێنن لەو پارەیەی دراوە بۆ کڕینی هێزی کاری کرێکار لە بازاڕی کاردا. بەم مانایە چینی کرێکار لەلایەن چینی سەرمایەدارەوە دەچەوسێنرێتەوە. سەرمایەداران بۆ قازانج دەژین کە لە ئیستغلالکردنی چینی کرێکارەوە بەدەستی دەهێنن لە هەمان کاتدا بەشێک لە قازانجەکانیان بۆ کەڵەکەکردنی زیاتری سەرمایە بەکاردەهێننەوە.
بەدڵنیاییەوە ئەندامانی چینی سەرمایەداری خۆیان دەزانن کێن هەروەها زۆربەی ئەندامانی چینی کرێکار دەزانن کە پێویستیان بە هەقدەست یان مووچە هەیە بۆ ئەوەی بژێوی ژیانیان دابین بکەن (یان وابەستەی کەسێکن کە کار دەکات، یان پشت بە یارمەتییەکانی دەوڵەت دەبەستن.
پاڵنەر بۆ قازانج
پاڵنەری سەرەکی بۆ بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزاری لە سەرمایەداریدا قازانج و کەڵەکەکردنی سەرمایەیە، نەک تێرکردنی پێداویستییەکانی خەڵک. بێگومان سەرمایەدار دەبێت کڕیارێک بۆ بەرهەمەکانی بدۆزێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی ئامانجی سەرەکی قازانجکردنە، لە کۆتاییدا دەبیت پارەیەکی زیاتر بگەڕێتەوە لەوەی کە لە سەرەتادا بەکارهێنراوە. ئەمە تیۆری نییە بەڵکو ڕاستییە و دەتوانیت بە ئاسانی پشتڕاست بکرێتەوە. بەرهەمهێنان بەوە دەست پێناکات کە بەکاربەران ئامادەن پارەی بۆ بدەن بۆ تێرکردنی پێداویستییەکانیان، بەڵکو بەوەی کە سەرمایەدارەکان حیسابی دەکەن دەتوانرێت بە قازانج بفرۆشرێت. لەوانەیە ئەو کاڵایانە پێداویستییەکانی مرۆڤ دابین بکەن، بەڵام ئەو پێداویستیانە دابین ناکرێت ئەگەر خەڵک پارەی پێویستیان نەبێت.
قازانج نەک تەماح پاڵنەری تاکی سەرمایەدارە. ئەوان بژاردەیەکی تریان لەو بارەیەوە نییە. پێویستی قازانج بەسەر سەرمایەدارەکاندا دەسەپێندرێت وەک مەرجێک بۆ ئەوەی وەبەرهێنانەکانیان و پێگەی سەرمایەداریان لەدەست نەدەن. کێبڕکێ لەگەڵ سەرمایەدارەکانی تر ناچاریان دەکات کە تا توانایان هەیە قازانجەکانیان وەبەربێننەوە بۆ ئەوەی ئامراز و شێوازەکانی بەرهەمهێنانیان بهێڵنەوە.
پاڵنەری قازانجی سەرمایەداری هۆکارێکی سەرەکی ئەو کێشانەیە کە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: نایەکسانی کە هەمیشە لە زیادبووندایە، هەژاری، نامۆبوون، تاوان، لانەوازەیی، تێکچوونی ژینگە – لیستەکە دریژە. چینی کرێکار لە ئەنجامی سیستەمی قازانجدا ئازار دەچێژێت. تا کرێکار بۆ بەدیلێک خەبات نەکات، سیستەمی قازانج لەسەر ڕێڕەوی کوێر و نەگۆڕی خۆی بەردەوام دەبێت.
دابەشکردنی چینایەتی و قازانجی سەرمایەداری ڕیشەی زۆربەی کێشەکانی ئەمڕۆی جیهانە، لە برسێتیەوە تا شەڕ، تا نامۆیی و تاوان. هەموو لایەنێکی ژیانمان ملکەچی خراپترین زیادەڕەوییەکانی پاڵنەر بۆ قازانجکردنە. لە کۆمەڵگای سەرمایەداریدا، پێداویستییە ڕاستەقینەکانمان لە دوای پێداویستییەکانی قازانج دێن.
سەرمایەداری = بازاڕی ئازاد؟
بە شێوەیەکی فراوان وا بڵاوە کە سەرمایەداری بە واتای ئابووری بازاڕی ئازاد دێت. بەڵام دەکرێت سەرمایەداری بەبێ بازاڕی ئازادیش ببێت. ئەو سیستمانەی کە لە شورەوەی هەبوون و لە چین و کوبا هەن، ئەمە نیشان دەدەن. ئەم کۆمەڵگە چینایەتیانە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان دەوترێت ‘سۆشیالیست’. چاوخشاندنێک بەو کۆمەڵگەیانە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەم وڵاتانە تەنیا ‘سەرمایەداری دەوڵەت’ بوون. بۆ نموونە لە ڕووسیای گوایە ‘سۆشیالیستی’دا، هێشتا کاری کرێگرتە، بەرهەمهێنانی کاڵا، کڕین، فرۆشتن و ئاڵوگۆڕکردن هەبوو. ڕووسیای ‘سۆشیالیست’ بەردەوام بوو لە بازرگانیکردن وەک هەموو دەوڵەتێکی سەرمایەداری دیکە، ئامادەبوو بچێتە شەڕەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی. ڕۆڵی دەوڵەتی سۆڤیەت بۆ هێشتنەوە و ئیستغلالکردنی کاری کرێگرتە، دانانی ئامانج بۆ بەرهەمهێنان و تا ڕادەیەکی زۆر کۆنتڕۆڵی ئەوەی کە دەتوانرێت یان ناتوانرێت بەرهەم بهێنرێت. بۆیە ئەم جۆرە وڵاتانە هیچ پەیوەندییەکیان بە سۆشیالیزمەوە نەبووە.
شۆڕش یان چاکسازی؟
بە لەبەرچاوگرتنی هەموو ئەو شتانەی کە تا ئێستا سەبارەت بە سەرمایەداری وتوومانە، دیارە دەبێت شتێک بکرێت. بەڵام چی؟ ئایا دەتوانرێت وا لە سەرمایەداری بکرێت بە شێوەیەکی جیاواز کار بکات؟ یان دەبێت شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی ڕووبدات بۆ ئەوەی سەرمایەداری بگۆڕێت بە کۆمەڵگەی تر؟ ئەمە مشتومڕێکە زیاتر لە سەدەیەک دەبێت بەردەوامە.
ڕێگای هەوڵدان بۆ گۆڕینی هەنگاو بە هەنگاوی سەرمایەداری، یان ‘چاکسازی’، ئەو ڕێگایەیە کە زۆربەی ئەو کەسانەی کە ویستوویانە کۆمەڵگا باشتر بکەن، گرتویانەتەبەر. نکۆڵی لەوە ناکرێ کە خەباتی چینی کرێکار بۆ چاکسازی هەندێ دەستکەوتی بەدەستهێناوە و یارمەتیدەر بووە بۆ باشترکردنی بارودۆخی گشتی ژیان و کارکردنیان. هەندێک چاکسازی بەڕاستی جیاوازی لە ژیانی ملیۆنان کەسدا دروست دەکەن و دەتوانرێت وەک ‘سەرکەوتوو’ سەیر بکرێن. نموونەی ئەمە لە بوارەکانی وەک پەروەردە، خانووبەرە، منداڵان، بارودۆخی کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتیدا هەیە. بەڵام لەم ڕووەوە ئەم جۆرە ‘سەرکەوتنانە’ لە واقیعدا کرێکارانی لە کاری کرێگرتە ڕزگار نەکردووە، بەڵکو لە دۆخی کارکردنی کاردا هێشتونیەتەوە.
سۆشیالیزم چییە؟
سۆشیالیزم یانی خاوەندارێتی گشتی. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئامرازەکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوە بە هاوبەشی لەلایەن کرێکار و زەحمەتکیشەوە بەڕێوەدەبرێت.
.
کۆنترۆڵی دیموکراسیش بۆ سۆشیالیزم جەوهەرییە. سۆشیالیزم کۆمەڵگایەک دەبێت کە هەموو کەسێک مافی بەشداریکردنی دەبێت لەو بڕیارە کۆمەڵایەتیانەی کە کاریگەرییان لەسەرە. ئەم بڕیارانە دەتوانن لەسەر کۆمەڵێک پرسی بەرفراوان بن – یەکێک لە گرنگترین جۆرەکانی بڕیار، بۆ نموونە، چۆنیەتی ڕێکخستنی بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان دەبێت.
بەرهەمهێنان لە ژێر سۆشیالیزمدا ڕاستەوخۆ و تەنیا بۆ بەکارهێنان دەبێ. بەو پێیەی سەرچاوە سروشتی و تەکنیکییەکان بە هاوبەشی ڕابگیرێن و بە شێوەیەکی دیموکراسی کۆنترۆڵ دەکرێن، تاکە ئامانجی بەرهەمهێنان، دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ دەبێت. ئەمەش دەبێتە هۆی کۆتاییهێنان بە کاری کرێگرتە، کڕین و فرۆشتن و پارە. دروشمی “لە هەریەکەیان بەپێی توانا، بۆ هەریەکەیان بەپێی پێویستی” جێبەجێ دەبێ.
کەواتە چۆن بڕیار لەسەر پێداویستییەکانی مرۆڤ دەدەین؟ ئەم پرسیارە دەمانباتەوە بۆ چەمکی دیموکراسی، چونکە هەڵبژاردەکانی کۆمەڵگە ڕەنگدانەوەی پێداویستییەکانیان دەبێت. بێگومان ئەم پێداویستیانە لە نێوان کولتوورە جیاوازەکاندا و بە ئارەزووی تاکەکان دەگۆڕدرێن- بەڵام دەتوانرێت بە ئاسانی سیستەمی دیموکراسی دابڕێژرێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان.
بێگومان ناتوانین پێشبینییەکی وردی فۆرمی دیموکراسی داهاتوو بکەین، بەڵام دەکرێ بووترێ و ئەگەری ئەوەش هەیە بڕیارەکان پێویستیان بە بڕیاردان لە کۆمەڵێک ئاستی جیاوازدا هەبێت. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێکخستنی بەشداریکردنی دیموکراسی هەموو تاکێک بەرەو ئەو پرسانەی کە پەیوەندییان بەوەوە هەیە.
لە سۆشیالیزمدا هەموو کەسێک بە ئازادی دەستی دەگات بەو کاڵا و خزمەتگوزارییانەی کە بۆ دابینکردنی ڕاستەوخۆی پێداویستییەکانیان داڕێژراون و پێویست ناکات هیچ سیستەمێکی پارەدان بۆ ئەو کارانە هەبێت. هەموو کارەکان لەسەر بنەمای خۆبەخشانە دەبێ. بەرهەمهێنان بۆ پێداویستییەکان بەو مانایەیە کە خەڵک خەریکی کارێک دەبن کە سوودێکی ڕاستەوخۆی هەبێت. ئەو ڕەزامەندییەی کە ئەمە دەیبەخشێت، لەگەڵ زیادبوونی دەرفەت بۆ داڕشتنی شێواز و بارودۆخی کارکردن، هەڵوێست و بواری نوێ بۆ کارکردن دەهێنێتە ئاراوە.
کۆتایی ئەیلولی ٢٠٢٢