بەرگری لە بێمافی و توندوتیژی بەناوی “شیرازەی خێزان” ەوە لە پەراوێزی قسەکانی عەلی حەمەساڵح لە پەرلەمان… نووسینی: بنار مستەفا

0

بەرگری لە بێمافی و توندوتیژی بەناوی “شیرازەی خێزان” ەوە
لە پەراوێزی قسەکانی عەلی حەمەساڵح لە پەرلەمان

بنار مستەفا

لە دوو نۆرەی قسەکردنی دانیشتنی پەرلەمانی ٢١ی ئەیلولدا، عەلی حەمەساڵح دژایەتی توندی نواند بەرانبەر پڕۆژەیاسای هەمواری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان. سەرجەمی ئەو بڕگانەی باسی کردن دوورن لە بنەمای جیهانی شارستانی و بەرگری سەرسەختانە بوو لە هەڵاواردن، توندوتیژی، دەستدرێژی و بێ مافی. دژایەتی ئەو بۆ ئەم پڕٶژەیاسایە بە تێکدانی “شیرازەی خێزان” پێناسە کرد، هەڵبەت بێ ڕوونکردنەوە. هەندێک نمونەی هێنایەوە، بەڕاستی سەمەرە بوون.

ئەو پڕۆژە یاسایە بە هەموو کوم‌وکورتیەکیەوە ئەرێنییە، کە سوودی لەو بنەما و پێوەرە نێونەتەوەییانە وەرگرتووە، کە لە ئەنجامی پڕۆسەیەکی درێژ لە ئەزموون و لێکۆڵینەوەی زانستی دانراون و سەرچاوەیان گرتووە. عەلی حەمەساڵح بێ ئاگابوون یان گرنگیدان بەم پێوەرە گرنگانە و بی شارەزایی، تەنها لە ڕوانگەیەکی ئایدۆلۆجیاوە قسەیان لەسەر دەکات. بۆیە دەکەوێتە بەرەنگاربوونەوەیەکی توندەوە لەگەڵ ناوەڕٶکی پڕٶژەیاساکە. لێرەدا وەڵام بە هەندێک لە قسەکانی دەدەینەوە. (دەقی قسەکانی عەلی حەمەساڵح وەک خۆی لە نێو هێمای “” دانراوە)

هەڕەشە و لێدان لە منداڵ

پاراستنی منداڵ لەهەر چەشنە هەڕەشە و لێدانێک،لە ئاستێکی زۆر فراواندا لە جیهان جێگیر بووە. بەو پێیەی منداڵ لە ڕووی فیزیکی و دەروونییەوە لە گەورەساڵان لاوازترە و توانای بەرگری و لە خۆی نییە و ڕەنگە بە تەواوی مافەکانی ئاشنا نەبێت، یاسا لە هەر جۆرە توندوتیژییەک دەیپارێزێت. لێدان و هەڕەشە لە منداڵ بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هیچ کات و بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت.

بەڵام عەلی حەمەساڵح ڕاشکاوانە بەرگری لە هەڕەشە و لێدانی منداڵان دەکات و لە هۆڵی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت (قسەکانی وەک خۆی گوێزراوەتەوە و نووسراوە) “لە حاڵەتی ١٥ ساڵیا بە کوڕەکەم ئەڵێم نابێ فڵان ڕەفتار بکەیت! ئەیکا. ئەڵێم نابێ بیکەیت، ئەیکا. لە حاڵەتی سێهەم ئەڵێم “ئەگەر بیکەیت”… هەڕەشەی لێ دەکەم.”

لە بەشێکی تری قسەکانیدا دڵنیایی دەدات بەوەی بەرگریکاری هەڕەشەیە، نەک تەنها لە منداڵان، بەڵکو لە گەورەساڵان و دەڵێت “گەنجێکی ١٨ ساڵە ئەڵێی مەڕٶ بۆ کافتریا، نێرگەلە، ئەترسم ون بیت… چوار جار، پێنجەم جار هەڕەشەی لێ ئەکەیت.” درێژە بە قسەکانی دەدات و دەگاتە بەرگریکردن لە لێدان و دەڵێت “ئەکرێت باوک هەیە لە حاڵەتێکدا ئینفیعال دەکات، زللەیەک. یەعنی ئەمە بووە. ئیتر ئەبێت خێزان جیاکەینەوە؟”

هەر ئەم قسانەی خۆی نیشانی دەدات، کە ئەو نەک هەڕەشەکردن بە ئاسایی دەبینێت، بەڵکو وەک ماف و تەنانەت پێداویستیش تەماشای دەکات. واتە ئاساییە باوک هەڕەشە لە منداڵەکەی بکات و تەنانەت لێشی بدات. بە پێی تێڕوانینی ئەو، گەر باوک هەڕەشەی لە منداڵ کرد، ئەوا نابێت هیچ یاسایەک هەبێت ڕێگری لێ بکات یان مافی بەرگری لە منداڵەکە بکات، بەڵکو ئاسایی تێپەڕێت. ئەمە پێچەوانەی هەموو ئەو زانست و تێڕوانینەیە، کە جیهانی شارستانی پێی گەشتووە و لەسەری کۆکن.

بۆیە نمونەکانی ئەو بۆ پاساو لە هەڕەشە و لێدانی منداڵ کۆمیدیایەکی تاریکە. “شیرازەی خێزان” یش بیانووە، چونکە دەکرێت منداڵ لە سایەی هەڕەشە و لێدان لە ماڵ و خێزانەکەی هەڵبێت یان تەنانەت پەنا بۆ حاڵەتی نەخوازراوی وەک خودکوژیش بەرێت. واتە هەڕەشە و لێدان دەکرێت بە کردەوە ببنە مایەی تێکدانی پێکوەژیانی خێزان، نەک ڕێگەگرتن لێی.

لێدانی زللەیەک لە منداڵ لای عەلی حەمەساڵح ڕەوایە و تەنانەت پاساویشی بۆ دێنێتەوە. ئەم دەربڕێنە هەرچۆنێک تەفسیر بکرێت، بەمانای بەرگری لە توندوتیژی دێت. هەر چۆنێک تەماشای بکات، “زللەیەک” بە توندوتیژی و تاوان هەژمار دەکرێت. لە یەک ڕستەدا ڕێگەنەدان بە لێدان و هەڕەشە لە منداڵ بۆ پاراستنی منداڵەکەیە. لە ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی منداڵان لە ساڵی ١٩٨٩ەوە پەسەند کراوە. جێگەی شەرمەزارییە خواست و جیهانبینیەک لە ئارادا بێت، کە ناکۆکی لەگەڵ ئەم مافە سەرەتایانەدا هەبێت.

لە جێیەکی تردا عەلی حەمەساڵح دەڵیت “وەک ئەوروپا منداڵەکان هان دەدەن شتێک بوو تەلەفون بکە بۆ پۆلیس.” ئەمەش ڕەت دەکاتەوە لەبەر ئەوەی “واقعیەتی کۆمەڵگەی ئێمە بەرگەی ئەمە ناگرێت.”

بڕیا باسی بکردایە ئەم واقعی کۆمەڵگایە چییە، کە بە لێدان و هەڕەشەی منداڵ بەرگە دەگرێت؟ بوونی ئەو یاسایە و ئەو دەرفەتە بۆ پاراستنی منداڵە، کە ڕووبەڕووی مەترسی هیچ جۆرە توندوتیژیەک و بێ مافیەک نەبێتەوە. کۆمەڵگەیەک لەسەر بنەمای هەڕەشە و لێدانی منداڵ بەرگە بگرێت، ئاخۆ ئەو بەرگەگرتنە چەندە مایەی دەست پێوەگرتنە؟

توندوتیژی دارایی

عەلی حەمەساڵح دەپرسێت “توندوتیژی دارایی یانی چی؟ توندوتیژی دارایی یانی چی؟ مەسەلەن من نەبووم، ژنەکەم داوای شتێکم لێ دەکات، یان کەسێک نەبووە، ژنەکەی داوای شتێکی لێ دەکات… یەعنی ئەمە من ئەزانم…” (ڕستەکە تەواو نابێت و ناوەڕۆکی نمونە و بۆچوونەکەی ناگەیەنێت و بابەتەکە دەگۆڕێت)

سەیر دەبێت، گەر بەڕاستی ئەم پەرلەمانتارەی بە حاسبە ناسراوە و بە وردی تەماشای ژمارە و بڕە پارە و بودجە و هتد. دەکات، بەڵام تەواو بێ ئاگابێت لە دەستەواژەی “توندوتیژی دارایی” و ماناکەی. ویڕای گومانم لە نەزانینی ئەو، با بە ڕەش لەسەر سپی ماناکەی بۆ شی بکەینەوە.

توندوتیژی دارایی دەکرێت بەچەند شێوەی جیاواز دەرکەوێت لە پەیوەندی خێزانیدا. بۆ نمونە کەسێک چاودێری بەکارهێنانی پارەی هاوژینەکەی دەکات یان بە تەنها بڕیار لەسەر بەکارهێنانی پارەکانیان دەدات. یان ئەو زانیاریانەی خۆی یان هاوژینی لێ دەشارێتەوە لە پەیوەند بە بابەتی داراییەوە، کە هاوژینی مافیەتی ئاگادار بێت لێی. کۆنتڕۆڵکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی بڕە پارەی هاوژین، ئاستەنگی دروستکردن لە بەردەم کارکردنی هاوژین و زۆر بابەتی تر، کە ئازادی لە هاوژین دەسەنێتەوە بۆ دارایی سەربەخۆ، هەموو ئەمانە بە توندوتیژی دارایی هەژمار دەکرێن. هەموو جۆرەکانی بە مانای کۆنتڕۆڵکردنی کەسی بەرانبەر دێت، کە ئەنجام و کاریگەری زۆر نەرێنی دەبێت لەسەر خودی کەسەکە و ڕەنگە کەسانی دەوروبەریشی، بۆ نمونە منداڵەکان. هەروەها کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر تەندروستی کەسەکە.

پێ دەچێت جیهانبینی و تێڕوانینی عەلی حەمەساڵح لەگەڵ ئەم بنەمایانەدا کۆک بێت، کە بە توندوتیژی دارایی پێناسە دەکرێت. ئەو بە فەرز وەریدەگرێت، کە تەنها پیاو بڕیاردەرە و ژن گوێڕایەڵە. نمونە سەمەرەکەی باسی کرد “گەر کەسێک نەبوو بێت و ژنەکەی داوای شتێکی لێ بکات…” هەڵقوڵاوی ئەو بیروباوەڕەیە، کە نابێت ژن خاوەنی پارەی خۆی بێت و شت بکرێت، بەڵکو دەبێت هەمیشە پارە لای پیاو بێت و بۆ بەکارهێنانی بڕە پارەیەک یان خواستێکی ژنەکە، داوا لە پیاوەکەی بکات.

پاساوی عەلی حەمەساڵح بۆ بەرگری لە توندوتیژی دارایی پارێزگارییە لە شیرازەی خێزان. هەرچەندە ئەو شیرازەی خێزانە جێگەی نەفرەتە، گەر بە توندوتیژی دارایی پارێزگاری لێ بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم بەهانەیە تەحەمولی پێداچوونەوە ناکات. بەو دەلیلە سادەیەی کەسێک توندوتیژی دارایی قەبوڵ نەکرد، ڕەنگە ڕێگەی تر لە مانەوەی خێزاندا بگرێتە بەر. واتە توندوتیژی دارایی دەکرێت لە ئەنجامدا ببێتە هۆی تێکدانی پێکەوەژیان، نەک ئازادی و سەربەخۆبوونی دارایی.

کوشتاری ژنان

“ڕاستە چەند ئافرەتێک دەکوژرێت هەموومان لە دژین، وەک چۆن پیاویش دەکوژرێت دژین. زەقکردنەوەی ئەمەی کۆمەڵگە ڕوخا، ژن کوژرا، ئەمە باش نییە.” لە قسەکانی عەلی حەمەساڵح بوو لە پەرلەمان.

ئەوەی لە سێ دەیەی ڕابردوو و لە سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا دەیان هەزار ژن بوونەتە قوربانی و کوشتاری ژنان لە کوردستان، یەکێکە لە دیاردە هەرە قێزەوەن و دڵتەزێنەکان و نیگەرانی قوڵ دەخاتە ناخی هەر ویژدانێکی زیندووەوە، لە پەرلەمانی کوردستان و لە زاری عەلی حەمەساڵحەوە زۆر بە کەم تەماشای ئەم تاوانە کرا. دەیان هەزار قوربانی دیاردەیەکی زۆر گەورە و مەترسیدارە، تا ئەو ئاستەی ئاماری قوربانیەکان هێندە زۆرە، کە لە نێو هەزاراندا دەسوڕێتەوە. کوشتاری ژنان لە ئاستێکدایە، کە گۆڕستانی بێ ناونیشان بوونی هەیە. واتە “چەند دانەیەک” نییە و بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ چەند دانە لە تاوانی تر بەراورد ناکرێت. بە کەم تەماشاکردنی ئەم دیاردە تراژیدیا و مەترسیدارە بە مانای بە ئاساییکردنەوەی دێت. کەم کەس هەبووە جورئەتی هەبێت بە ئاشکرا بە کەم تەماشای ئەم دیاردەیە بکات، بەداخەوە عەلی حەمەساڵح ڕاشکاوانە و بێ دوودڵی لە پەرلەمان کردی.

لە کۆتایی قسەکانیدا دەڵێت “کێشەی ئێمە ژنکوژیە بە دەرەجەی یەکەم. هیچ فەراغێکی قانوونیمان هەیە؟ نەخێر. ئەوە خەڵکن داڵدەی ژنکوژەکان دەدەن.” ئەم قسەیە ناکۆکە لەگەڵ قسەکانی چەند خولەک پێشتری، کە باس لە کوشتنی چەند ژنێک دەکات. هەروەها خۆی دان دەنێت بەوەی بە دەرەجەی یەکەم کێشەی ئێمە ژنکوژیە. واتە درک بە بوونی ئەم کێشە سەرەکییە دەکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا نییە زەق بکرێتەوە. ئەمە بە مانای گوێنەدان و بە کەم تەماشاکردنە. دیاریکردنی سەرەکیترین کێشە و بە کەم تەماشاکردنی مانای ئەوەیە، کە عەلی حەمەساڵح نەک نایەوێت ڕۆڵێکی هەبێت لە کۆتایی هێنان بەم تاوانە فراوانە، بەڵکو بانگەواز دەکات، کە “زەقکردنەوەی باش نییە”. ڕۆشنە ئەم تیڕوانینەش لە بەرژەوەندی چیەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لانی کەم ژنان و ئازادی نییە. تاوانبارکردنی خەڵکیش یەکێکە لە بەهانەکانی دەسەڵات بۆ شانخاڵیکردنەوە لەم تراژیدیایە و عەلی حەمەساڵحیش دەچێتە پاڵی.

بە کەم تیڕوانین و تەفسیر

زۆرێک لە دژایەتییەکانی بۆ بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە، عەلی حەمەساڵح بە ئەگەری تەفسیری جیاواز لە قەلەمی دا. بۆ نمونە لە پەیوەند بە مەسەلەی بە کەم تیڕوانین گوتی “بە کەم تیڕوانین تەفسیرێکی یەکجار زۆر هەڵدەگرێت. بۆ نمونە لە مەحکەمە ژنێک یان پیاوێک دەڵێت مێردەکەم بە سووک سەیری کردووم. ئەمە زۆر هەڵدەگرێت.”

سەیرە. سەربەخۆ لەوەی ئاخۆ بەڕاستی “یەکجار زۆر هەڵدەگرێت” یان نا، عەلی حەمەساڵح وەک پەرلەمانتار، کە ئەرکیان داڕشتنی یاسایە، ئامادە نییە خۆی لە بڕگە و ماددەیەک بدات، ئەگەر زۆر هەڵگرێت یان تەفسیری جیاوازی بۆ بکرێت. واتە ئەو تەنها یاسای پوخت و ئاسان و بێ تەفسیری دەوێت. ئای لە چارەنووسی ئەو کۆمەڵگەیەی گەر هەموو پیشەوەرێکی وەک ئەو کاریان بکردایە و تەنها ئامادەییان لە بەرانبەر کاری ئاسان و پوخت نیشان بدایە. پێویست ناکات عەلی حەمەساڵح نیگەرانی تەفسیری جیاواز و زۆر هەڵگرتن بێت و لێگەڕێت بۆ دامودەزگاکانی تایبەت بە خۆیان. بەڵام بۆ ئەوەی ئەم خاڵەش بە ناڕۆشنی نەمێنێتەوە، با بۆ جەنابی پەرلەمانتار مانای بەکەم تیڕوانین شی بکەینەوە:

بەکەم تێڕوانین ڕەنگە وەک شتێکی بچوک یان لە شتێکی بچوکدا دەرکەویت، بەڵام لەم بابەتەدا بە کردەوە مانای دەسەڵات و کۆنتڕۆڵی کەسێکە بەسەر هاوژینەکەیدا. دەکرێت کەسێک پێناسە بۆ ئەزموون، سەختی و دژواری، ئاستەنگی و توانای کەسی بەرانبەر بکات بێ گوێدانە پێناسەی خودی کەسەکە خۆی. دەکرێت بەسەر ئەودا بازهەڵدات و مافی دەربڕێن و هەستی خۆی لێ بسەنیتەوە. دەکرێت بە چەندین شێوەی جیاوار دەرکەوێت، وەک پەراوێزخستن، تێپەڕاندن، بێ ڕێزیکردن، هەڵسوکەوتی ئاگرەسیڤانە، پەیوەندی نادروست و هتد. لە ئەنجامی کۆتاییدا بە مانای کۆنتڕۆلکردن و خۆسەپاندن دێت بەسەر کەسی بەرانبەردا. ئەمەش مەترسی هەیە لە دیاردەیەکی بێ مۆڕاڵییەوە تا ئاستی تاوان درێژە بکێشێت. بە کەم تێڕوانین کاریگەری نەرێنی زۆر دەبێت، و مەترسی هەیە زیان بە تەندروستیش بگەیەنێت.

لەو باوەڕەدا نیم عەلی حەمەساڵح نەزانێت بە کەم تێڕوانین چییە، بەڵکو دەزانێت لەگەڵ جیهانبینی ئەو دەکەوێتە ناکۆکییەوە، چونکە کۆنتڕۆڵ لە دەستی پیاو دەسەنێت و ژن دێنێتە ئاستێکی یەکسانەوە. ئەمەش لەگەڵ ئەو بیروبڕوایەدا ناگونجێت، کە پیاو سەردار و بڕیاردەری تەنها و ڕەهایە. سەربەخۆ لەمەش، ئاخۆ ڕێگەنەدان بە کەم تێڕوانین مەترسی تێکدانی پێکەوەژیان زیاد بکات، یان ڕێگەخۆشکردن بۆی، وەک ئەو پەنای بۆ دەبات.

گوشاری دەروونی

لە نۆرەی قسەکانیدا بەردەوامە لە خوێندنەوەی بڕگەکانی پڕۆژەیاساکە و دەڵێت “ئازاردان لە ئەنجامی گوشاری دەروونی. گوشاری دەروونیش وشەیەکی یەکجار مەتاتییە. یانی تۆ چۆن گوشاری دەروونی دەکەیت؟”

ئەم جارەیان عەلی حەمەساڵح ئامادەیی نیشان دەدات لە ئەگەری وشەیەکی مەتاتیدا، تەنانەت ڕێگە بۆ گوشاری دەروونیش خۆش بکات. مایەی نیگەرانییە بە ڕستەیەکی لاوەکیش ئاماژەی بەوە نەدا، کە ئەو بۆ نمونە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گوشاری دەروونیدا نییە. بۆیە زێدەڕۆیی نییە، گەر ئەو لەو سەنگەرەدا هەژمار بکەین، کە گوشاری دەروونی بە ئاسایی دەبینێت. ئەمەش چاوەڕوان نەکراو نییە، چونکە لە جیهانبینی ئەودا گوشاری دەروونی جێگەیەکی بۆ نەکراوەتەوە و لە شوێنیدا گوێڕایەڵی دانراوە.

ئەگەر بەڕاستی عەلی حەمەساڵح کێشەی لە پێناسەی ئەو وشە و دەستەواژانەدا هەیە، دەیتوانی لە کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بپرسێت و ڕێنمایی وەرگرێت، نەک ڕاستەوخۆ بکەوێتە دژایەتی سەرسەختانە لە بەرانبەری. با گوشاری دەروونیش بۆ جەنابی پەرلەمانتار شی بکەینەوە:

گوشاری دەروونی یەکێکە لە توندوتیژییە هەرە باوەکان، کە تێیدا بکەر هەوڵی بەدەستهێنانی باڵادەستی و کۆنتڕۆڵکردنی هەڵسوکەوت و قسەکردن و تەنانەت بیرکردنەوەی کەسی بەرانبەر دەدات. ئامانجی سەرەکی ئەوەیە، کە کەسی بەرانبەر باوەڕی بە خۆی نەمێنێت و لە بیرکردنەوە و هەڵسوکەوت و توانای لێکدانەوەی خۆی و تەنانەت دەستنیشانکردنی ڕاست و هەڵە دوودڵ بێت. ئەمەش زیان و ئازاردانێکە، کە لە ئەنجامی گوشاری دەروونیدا بۆی دروست دەبێت.

مانای قسەکانی عەلی حەمەساڵح بە ئاسایی کردنەوەی ئەم دیاردانەیە. بەڵام پێویستە یاسا هەموو ڕێگەیەک بگرێتە بەر، تا هیچ دەرفەتێک بۆ ئەم دیاردانە نەهێڵێتەوە. لانی کەم یاسا ڕێگەی بە گوشاری دەروونی نەدات و لە پشتی ئەو کەسانە بن، کە دەبنە قوربانی ئەم دیاردەیە،چەندە ئەم وشەیە لای کەسانێک مەتاتیش بێت. نەبوونی هیچ بڕگەیەک بۆ ڕێگەگرتن لەم دیاردانە، بێگومان قوربانی زیاتر و زیاتری لێ دەکەوێتەوە و جارێکی تر مەترسی پێکەوەژیان زیاد دەکات.

دەستدرێژی و بەزۆر سەرجێیی کردن

لە هەمووی مەترسیدارتر دژایەتی ئەو بوو لەگەڵ بڕگەی “بەزۆر سەرجێی کردن” و گوتی “خاڵی ١٣، یەعنی من لە یەک شت تێناگەم. هەموو مەحاکمی کوردستان بگەڕێ، دەعوایەکی تێدا نییە لەسەر بەزۆر سەرجێی کردن. یەعنی بۆ زەقی ئەکەیتەوە، وەک وایە کێشەی ئەم کۆمەڵگەیە هەمووی ئەمە بێت و خەڵک ئەبێت دیراسەی لەسەر بکات. دووهەم ناسەلمێنری. لە ڕووی قانوونیەوە دوو سێ شت هەیە تاوانێک بسەلمێت: بەڵگە، ئیعتراف هەیە، شاهید هەیە. هیچ شێک نییە بۆ ئەمە. بۆیە… ” (قسەکان دەچێتە سەر بابەتێکی تر).

واتە ئەو دەیەوێت یاسایەک نەبێت، گەر بە زۆر سێکس کرا (کە لە ڕاستیدا بە دەستدرێژی لە قەڵەم دەدرێت)، بەرگری لە قوربانیەکە بکات و تاوانبار بەسزا بگەیەنێت. ئەوەی لە مەحکەمەکاندا حاڵەتێکی وەها نییە، ڕۆشنە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە تا ئێستا بڕگەیەکی یاسایی نییە بەرگری لە قوربانییەکی لەم چەشنە بکات. بەڵگەنەویستە کاتێک لە یاسادا بابەتێك نەبوو، دۆسیەشی لەسەر نابێت، چەندە دادگاکان بگەڕێیت. بەڵام کاتێک لە یاسادا جێگیر کرا، لە دادگاکانیشدا دۆسیەی بۆ دێتە پێشەوە. مەرج نییە کێشەی کۆمەڵگە هەمووی ئەوە بێت ئەوجا بکرێتە یاسا، بەڵکو یاسا بۆ پاراستنی ئازادی مرۆڤەکانە، کێشەی “هەموو کۆمەڵگە” بێت یان نا. لە یەک ڕستەدا سێکسکردن بە زۆر بە مانای دەستدرێژی سێکسی دێت، کە تاوانە!

لەبەرئەوەی بنەمای ئەو جیهانبینیەی پەنای بۆ بردووە بابەتی وەها لە خۆ ناگرێت، عەلی حەمەساڵح کەوتۆتە هۆنینەوەی بەهانەی سەیر و سەمەرە، وەک باس کردن لە نەبوونی شایەت. بەڕاستی بێ بنەما و ناوەڕۆک و مایەی شەرمەزارییە ئەم جۆرە بەهانانە! ئەدی بۆ هەموو بڕگە یاسایەکی تر هەمان ئەگەر بوونی نییە، کە “ڕەنگە شایەت نەبێت”؟ مەگەر بۆ دادگا ڕێگەی تر نییە بگیرێتە بەر؟ نابێت لە هەموو حاڵەتێکدا یاسایەک هەبێت بۆ بەرگرتن بە تاوان؟ لە زۆر وڵاتی جیهان دەیان ساڵە ئەم جۆرە یاسایە بوونی هەیە و تاوانبار بە ماددەی “دەستدرێژی سێکسی” سزا دراوە. ئەم جۆرە لە تاوان، کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پێکەوەژیان و پەیوەندییەکی تەندروست و ئەوەی عەلی حەمەساڵح بە تێکدانی شیرازەی خێزان ناوی دەبات، دەکاتە مەترسییەکی جددی و واقعی.

گێچەڵی سێکسی لە نێو خێزاندا

لە کۆتایی قسەکانیدا عەلی حەمەساڵح دەڵێت “تەحەڕوش لە چوارچێوەی خیزان یەعنی چی؟ یەعنی با بۆمان تەفسیر بکەن. لە چوارچێوەی خێزانێکدا تەحەڕوش پێکردن یانی چی؟”

دووبارەکردنەوە و جەختکردن لە “تەحەڕوش لە نێو خێزاندا” بەو مانایە دێت، کە ئەو لە مانای تەحەڕوش تێدەگات، بەڵام تێگەشتنی بۆ “لە چوارچێوەی خێزاندا” نییە. واتە لە جیهانبینی ئەودا گێچەڵ لە ناو خێزاندا یان بوونی نییە، یان دەبێت وەک بابەتێکی ئاسایی تەماشا بکرێت، نەک تاوان.

لە یەک ڕستەدا گێچەڵکردن بە مانای هەموو ئەو حاڵەتانە دێت، کە کەسەکە هەست دەکات ئازادی سەربەخۆبوون و بڕیاردانی تایبەت بە جەستەو و دەروونی خۆی لێ سەندراوەتەوە. ئەمە لە ناو خێزاندا بێت یان دەرەوەی خێزان هەر تاوانە، وەک هەر تاوانێکی تر. نابێت یاسا هیچ جۆرە درزێک بهێڵێتەوە، کە دەرفەت بە تەحەڕوش بدات.

دژایەتی عەلی حەمەساڵح جارێکی تر هەڵقوڵاوی ئەو جیهانبینیەیەتی، کە پێی وایە پیاو خاوەنی ژنە و ئازادە لە چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵی و ژن مافی نییە پەنا بۆ یارمەتی دەرەوە بدات. گەر هاتوو ژنەکە هەستی بە ناڕەحەتی یان پێشێلکردنی ئازادییەکانی کرد، ئەوا دەبێت بێدەنگی هەڵبژێرێت و قەبوڵی بکات. لە ئەنجامدا ڕێگەخۆشکردن بۆ ئەم تاوانە زیاتر نزیکایەتی لەگەڵ تێکدانی پێکەوەژیان هەیە تا هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی.

دواوشە

ئەمانە و زۆر بابەتی تر لە قسەکانیدا، وەک پێکەوەژیان، پچڕاندنی سلسیلەی ڕەحم و پێداویستی یاسای لەم چەشنە و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی کوردستان و هتد، نیشانی دەدا، کە عەلی حەمەساڵح بەجیا لەوەی دژی یاسای پێشکەوتووی هاوچەرخە، هاوکات سەرسەختانە بەرانبەر ژنان و منداڵان دەوەستێتەوە و بەرگری لە هەڵاواردن و بێ مافی دەکات. گەر بەرژەوەندی کۆمەڵگە ئامانجی بووایە، دەیتوانی ناوەڕۆکی بڕگە یاساییەکان و ئەگەری کاریگەرییەکانی بە کەسانی شارەزا بسپاردایە، نەک بکەوێتە دژایەتی سەرسەختی.

بەهانەی بەرگریکردن لە یاسای هەڵاواردن و جیاکاری، کە هەندێکیان ڕاستەوخۆ تاوانن، وەک سێکس بە زۆر و توندوتیژی دارایی، عەلی حەمەساڵح بە بەرگری لە “شیرازەی خێزان” پێناسەی کرد. واتە ئاساییە تەنانەت تاوانیش ئەنجام بدرێت، بەڵام شیرازەی خێزان تێک نەچێت. بە کردەوە ئەو تاوان و بێ مافییانە بەجیا لە دیاردەی نامرۆییان، زیاتر دەبنە مایەی تێکدانی پێکەوە ژیانێکی تەندروست. نابێت ڕێگا بدەین بەم بەهانە سەیر و سەمەرانەوە بەرگری لە بێ مافی و تاوان بکرێت و لە یاسادا بچەسپن. کۆمەڵگەی کوردستان پێویستی بە یاسای مۆدێرن و هاوچەرخە، کە مافی هەمووانی تێدا پارێزراو بێت.

Leave A Reply

Your email address will not be published.