سەبارەت بە کتێبی ‘دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا’ – ساڵی ١٨٤٥ نووسینی: توانا محمد نوری
سەبارەت بە کتێبی ‘دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا’ – ساڵی ١٨٤٥
نووسینی: توانا محمد نوری
١٧٧ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڵاوکردنەوەی كتێبی ‘دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا’ لەلایەن فریدریک ئەنگڵس لە ساڵی ١٨٤٥. ئەنگڵس بە وردی باسی ئەو ژیانە بەدبەختە دەکات كە كرێكاران ناچار بوون لەو سەردەمەدا تیایدا بژین، هەروەها کۆششی دەکرد بۆ كۆتاییهێنان بە سیستمی سەرمایەداری و جێگرتنەوەی بە سۆشیالیزم. هیواکانی بەدی نەهاتن و ئەمڕۆش ڕەنگە دوو پرسیار بێتە پێشەوە: (١) لە دوای نووسینی ئەو کتێبە بارودۆخی چینی کرێکار بە چ شێوەیەک و تا چەند گۆڕاوە؟ وە (٢) ئایا خەبات بۆ ڕووخاندنی سیستەمی سەرمایەداری و جێگرتنەوەی بە سۆشیالیزم لە ئەمڕۆشدا وەک ئەو کاتە بایەخی هەیە؟
لە ساڵی ١٨٤٥دا شۆڕشی پیشەسازی گەیشتبوە لوتکە. ئەنگڵس بە زیندوویی بارودۆخە خراپ و پیسەکانی ناوچە کرێکارەکانی شارە گەورەکانی دەبینی وە یاخود دەیبیست؛ کاریگەری کێبڕکێی نێوان ئەو کرێکارانەی لە ئێرلەندەوە کۆچیان دەکرد وە ئامادەبوون تەنانەت کرێیەکی کەمتر لە چینی کرێکاری هەژاری ئینگلیزی وەربگرن؛ خراپی تەندروستی و تەمەن کورتی کرێکاران، سەرخۆشی و کاریگەری وەزعی خراپ لەسەر گوزەرانی کرێکاران؛ کاری درێژخایان لە بارودۆخێکی پیس و زۆرجار مەترسیدار، بە شەو و ڕۆژ، ژن و منداڵان و هەروەها پیاوان.
گومانی تێدا نییە ١٧٧ساڵ دوای ئەو کتێبە دۆخی کارکردن و ژیانی چینی کرێکاری بەریتانیا باشتر بووە. شوێنی کارکردن پاکتر و سەلامەتترە، کاتژمێرەکانی کارکردن بەگشتی کورتترە، خانوبەرە باشتر دروستکراون، تەندروستی باشتر بووە و تەمەنیش درێژتر بووە. بەڵام لە هەندێک ڕووەوە دۆخەکە ئەوەندە نەگۆڕاوە.
زۆربەی کرێکارانی ئەمڕۆ ئەوەندەیان نییە کە بتوانن لەسەری بژین چونکە نرخی وزە و سوتەمەنی و کاڵاکان زیادی کردووە و کرێی کاری کرێکارانیش زیادبوونێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینیوە، هەروەها دابەشبوونی نێوان دەوڵەمەند و هەژار تا دێت فراوانتر دەبێت. سیستم هانمان دەدات بەدوای بەرژەوەندی تاکەکەسی خۆماندا بگەڕێین، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆشەگیری و بێباکی دڕندانە، کە تەنها بە هەوڵە کۆمەڵایەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی و نادادپەروەرییەکان کەم دەبێتەوە.
حەقیقەتە دڕندەکانی سەرمایەداری لە جێگەی خۆیەتی. خاوەنکارێک کاتێک کار بە کرێکارێک دەدات کە هەست بە سوودێکی دارایی بکات لە دامەزراندنی ئەو کرێکارەدا؛ ئەگەرنا، کاری پێنادات. سیستەمەکە پێشکەوتووترە لە پێشوو. ئەو بەڕێوەبەرانەی کە مووچەی تاڕادەیەک بەرز وەردەگرن کاری پیس و چەپەڵی چینی سەرمایەداری بە دامەزراندن و دەرکردنی کرێکاران و شکاندنی مانگرتنەکان ئەنجام دەدەن.
پرسیاری دووەم ئەوەیە کە ئایا خەبات بۆ سۆشیالیزم هێندەی سەردەمی ئەنگلس لەمڕۆدا گرنگە؟ دیارە ئەوانەی بەرگری لە سەرمایەداری دەکەن ئاماژە بە باشتربوونی بارودۆخی ژیان لە ماوەی سەدەی پێشوو یان زیاتردا بۆ زۆرینەی خەڵک دەکەن. بە دڵنیاییەوە زۆربەی کرێکاران لە پێشووتر خانوو و خۆراک و جل و بەرگیان باشترە. ڕوون نییە کە چەندی ئەمانە دەگەڕێتەوە بۆ بەخشندەیی چینی دەسەڵاتدار و چەندی دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی کرێکاران بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانیان. بەڵام هێشتا ژیانی چینی کرێکار کەموکورتی زۆرە، خەبات بۆ ئەوەی بەرهەم بۆ قازانج بگۆڕدرێت بۆ بەرهەم بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان لەهەموو کاتێکی تر گرنگترە.
لە ساڵی ١٨٤٥دا ڕەنگە هەندێک بیانووی ئەوەی هەبووبێ و وتبێتی کۆتاییهێنانی دەستبەجێ بەو سیستەمە لەو رۆژگارەدا نەدەکرا یاخود ئەو سامانەی کە کرێکارانی ئەوسا بەرهەمیان دەهێنا زۆر کەمتر بوو. بەڵام ئەمڕۆ هیچ بیانوویەک نەماوە. ئێمە ئامرازەکانمان هەیە – زانیاری، سەرمایەی کەڵەکەبوو، تەکنەلۆژیا و کرێکارانی ئامادە – بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییە گونجاوەکانی هەموو دانیشتوانی جیهان. ئەوەی لە ڕێگادا وەستاوە ئەو پشتگیرییەیە کە دەدرێت بە سیستەمی دروستکردنی قازانج.
ئەنگڵس گەشبین بوو وە باشیش لە سروشتی سۆشیالیزم تێدەگەیشت. ئەو لەبارەی “ئەو ساتەوەختەی کە کرێکاران چیتر هێزی کاری خۆیان بۆ قازانج نەفرۆشن” و لەبارەی “هەڵوەشاندنەوەی چینەکان” زۆری نووسیوە. ڕەنگە زەمانەکە گۆڕا بێت، بەڵام بیرکردنەوەکە بۆ ئەمڕۆش دروستە. سۆشیالیزم بەسەرنەچووە. لە جاران زیاتر پێویستە و بە شێوەیەکی کرداریی ئیمکانی دامەزراندنی زیاترە.