پێداچوونەوەیەک بە کتێبی “دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا – ١٨٤٥” نووسینی: توانا حەمەنوری

0

پێداچوونەوەیەک بە کتێبی دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا١٨٤٥

نووسینی: توانا حەمەنوری

“دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا” یەکەم کتێبی بیرمەند و کۆمۆنیستی بەناوبانگ فریدریک ئەنگلس (١٨٢٠-١٨٩٥) بوو. ئەنگلس ئەم کتێبە  ٣٠٤ لاپەڕەیەی لە ساڵی ١٨٤٥ لە ئەنجامی توێژینەوەی مەیدانی لە ئینگلتەرای سەردەمی ڤیکتۆریا بە ئەڵمانی نووسیوە و لەساڵی ١٨٨٥ بە زمانی ئینگلیزی بڵاویکردۆتەوە. کتێبەکە لە ماوەی ١٨٤٢-١٨٤٤ لە شاری مانچستەر لە دڵی شۆڕشی پیشەسازیدا نووسراوە.

بە یەکێک لە شاکارە کلاسیکیەکانی مارکسیزم دادەنرێت، تیایدا باسی کاریگەریەکانی سەرمایەداری لەسەر ژیانی کرێکاراندا دەکات.  ئەنگلس وەک نوێنەری کارخانەی چنینی باوکی لە مانچستەر نیشتەجێ بوو، سەرەتا شاهیدی ئەوە بوو کە چۆن شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری دەبێتە هۆی چەوساندنەوەی سیستماتیکی کرێکاران لەلایەن چینی بۆرجوازییەوە. کتێبەکە بۆ خوێنەری ئەڵمانی نوسراوە. باسی دۆخی چینی کرێکاری پیشەسازی ئەو کاتە دەکات. ئەنگلس لە تەمەنی گەنجیدا بەشداری لە ڕۆژنامەیەکی ڕادیکاڵدا دەکرد. باوکی ناردی بۆ ئینگلتەرا، ئەو شتەی لەوێ بینی ئەوی زیاتر ڕادیکاڵتر کرد. ئەنگلس دەڵێ “تەنانەت لە ئینگلتەراشدا تا ئێستا یەک پارچە نووسین بوونی نییە کە وەک نووسینەکەی من هەموو کرێکاران بگرێتەوە”. کۆمەڵێک سەرچاوەی جیاوازیشی بۆ کتێبەکەی بەکارهێناوە.

فریدریک ئەنگلس ئیدانەی شێوازی پرۆسەی پیشەسازیکردنی کۆمەڵگە دەکات وە ناوەرۆکی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی دەردەخات کە چۆن کاریگەری لەسەر چینی تازەپێگەیشتووی کرێکار دادەنێت. باس لەوە دەکات کە چینی کرێکار لە ئینگلتەرا لەدوای دەستپێکردنی پرۆسەی پیشەسازی زەحمەت و ئازارێکی زۆری کێشاوە و قوربانی زۆری داوە. هەروەها تێبینی ئەوە دەکات کە چۆن بارودۆخی ئەو کەسانەی لە شارە گەورەکاندا دەژیان زۆر خراپتر بووە لەو کەسانەی لە لادێ نیشتەجێ بوون و ڕێژەی مردنیش لە شارەکان زۆر زیاتر بووە. ئەنگلس سەرنج دەخاتە سەر بارودۆخی ژیانی چینی کرێکار، ئاماژە بەوە دەکات کە بە تەواوی بێ هەیبەت و شکۆن. قسەوباسەکەی ئەوە بوو کە چینی کرێکار لە هەژارییەکی زۆر گەورەتردا دەژین زیاتر لە هاوتا مێژووییەکانیان. ئەنگلس یەکێک بوو لەوانەی هەر زوو ڕەخنەی لە پرۆسەی پیشەسازیی کردنی کۆمەڵگە گرت. کتێبەکە باسی کاریگەرییەکانی شارنشینی لەسەر کرێکاران، خێزانەکانیان، کۆمەڵگەکان و هەموو شارەکان دەکات.

لەو کتێبەدا، ئەنگلس باس لەوە دەکات لە ئەنجامی شۆڕشی پیشەسازی وەزعی کرێکاران خراپتر بووە. نیشانی دەدات لە شارە پیشەسازییە گەورەکان وەکو مانچستەر و لیڤەرپوڵ نەخۆشی چوار هێندە زیادیکردووە بە بەراورد بە تێکڕای هەموو وڵات. ڕێژەی مردن لە مانچستەر و لیڤەرپوڵ بە شێوەیەکی بەرچاو بە بەراورد بە تێکڕای نەتەوەیی بەرزتر بۆتەوە. بۆ نموونە لە شارۆچکەی پیشەسازی کارلایل (شارێکە لە باکووری ئینگلتەرا) پێش هاتنەکایەی کارگەکان ٤٤٠٨ منداڵ لە کۆی ١٠٠٠٠ منداڵ پێش گەیشتن بە تەمەنی پێنج ساڵی گیانیان لەدەستداوە. ١٠٠٦ لە ١٠٠٠٠ کەسی پێگەیشتوو پێش گەیشتن بە تەمەنی ٣٩ ساڵ گیانیان لە دەستداوە و دوایتر ڕێژەی مردن بەرزبۆتەوە بۆ ١٢٦١ لە ١٠٠٠٠.

ئەنگلس باسی چەندین چیرۆکی ڕاستەقینە دەکات بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتە ناوخۆییەکان و بابەتەکانی ڕۆژنامەکان بۆ وەسفکردنی بارودۆخی ترسناکی ناوچە هەژارەکانی لەندەن. بۆ نموونە لە ناوچەی سپیتالفیڵدزی ناو لەندەن بێوەژنێک و نۆ منداڵەکەی لە ژوورێکی بچووکی پشتەوە دەژین کە هیچ مۆبیلیاتێکی تێدا نییە. هەموویان کەڵەکەیەک پەڕۆ لە یەکێک لە گۆشەکانی ژوورەکەدا وەک جێگا بەکاردەهێنن. هیچ جێگەی نوستنیان نییە و یەک جل و بەرگیشیان بۆ نوستن و دەرەوە هەیە. لە ناوچەیەکی دیکەدا خێزانێک لە ژوورێکی بچووکدا دەژین بەبێ هیچ مۆبیلیاتێک. ئەمانە و چیرۆکە بێشومارەکانی هاوشێوە، ڕادەی ئەو هەژارییە نیشان دەدات کە تایبەتمەندی گوزەرانی زۆرینەی کرێکارانی ئینگلتەرایە کە زۆربەیان لە دۆخێکی تەواو ترسناکدا دەژین، چونکە بە هیچ شێوەیەک هیچ ئاسایشێکی ژیانیان بۆ دابین نەکراوە. ئەنگلس تیشک دەخاتە سەر هەردوو کرێی کرێکاران و گوزەرانیان. ئەیوت داهاتی کرێکارە پێشەسازییەکان کەمترە لە داهاتی هەمان کرێکار پێش پیشەسازی بوون. ئەمە سەرباری ئەوەی کرێکارانی پیشەسازی لە ژینگەیەکی ناتەندروستتر و ناخۆشتردا ئەژین. بارودۆخی ژیان و گوزەرانی کرێکاران لە ئینگلتەرا خراپ بوو، پیس بوو. خەڵک لە دۆخێکی ناخۆش و قێزەوندا دەژیان.

ئەنگڵس لە کتێبەکەیدا بڕێکی زۆر سەرچاوەی بەکارهێناوە. زیاتر لە ٣٠ ڕاپۆرت و وتار و بابەتی بەکارهێناوە. زیاتر لە ٢٥ بەڵگەنامەی فەرمی، لەنێویاندا ئەوانەی کۆمیسیۆنە جیاوازەکان. نزیکەی ٦٠ وتاری ڕۆژنامەکان، ٣٠ بابەتی ڕۆژنامەی چارتیستەکان هەروەها ١٠ بابەتی ڕۆژنامەی مانچستەر گاردیان و ٨ بابەتی ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنی بەکارهێناوە.

ئەنگلس ئەڵێ “ژیان و گوزەرانی چینی کرێکار بنەما و خاڵی ڕاستەقینەی دەرچوونی هەموو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی ئێستایە، چونکە بەرزترین و نادڵنیاییترین لوتکەی ئەو نەهامەتییە کۆمەڵایەتیەیە کە لە ڕۆژگاری ئێمەدا هەیە. کۆمۆنیزمی چینی کرێکاری فەڕەنسی و ئەڵمانی بەرهەمی ڕاستەوخۆیەتی و سۆشیالیزمی ئینگلیزی و هەروەها کۆمۆنیزمی بۆرژوازی ڕۆشنبیرە ئەڵمانییەکان بەرهەمی ناراستەوخۆی ئەو بزوتنەوەیەیە. زانیاری لەسەر ژیان و گوزەرانی کرێکاران بە تەواوی پێویستە بۆ ئەوەی بتوانین زەمینەیەکی پتەو بۆ تیۆرییە سۆشیالیستیەکان لە لایەک و بۆ بڕیاردان لەسەر مافی بوونیان لە لایەکی ترەوە دابین بکەن، وە کۆتایی بە هەموو خەون و خەیاڵە سۆزدارەکان بهێنرێ”.

زەمینەی پشت ئەم شیکردنەوە مێژووییەی ئەنگلس، کۆچکردنی بەکۆمەڵ لە ناوچە لادێ دوورەکانی بەریتانیا بۆ ناوەندە پیشەزسازی و شارستانییەکان بوو. ئەو کۆچکردنە لە ئەنجامی شۆڕشێکی فراوان لە پێکهاتەی ئابووری وڵات ئەمیش لە ئەنجامی هاتنەکایەی هێزی هەڵم بوو. گوزەرانی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا دەریخست کە کاریگەرییەکانی شۆڕشی پیشەسازی تەنیا بۆ جیهانی بازرگانی سنووردار نەبووە، بەڵکو بۆ هەتاهەتایە بارودۆخی ناوخۆی دانیشتوانەکەی گۆڕیوە.

مێژوونووسی بەناوبانگی بەریتانی ئێریک هۆبسباوم (١٩١٧-٢٠١٢) لە کتێبی Labouring Men )١٩٦٤) بە توندی بەرگری لە کتێبەکەی ئەنگلس دەکات و پێیوایە زۆربەی خوێنەرەکانی تۆژینەوەکەی ئەنگڵزیان وەک ستاندارد قبوڵ کردوە تەنانەت ئەگەر لەگەڵ شیکاری و دەرەنجامەکانیدا ناکۆکیش بن، بەڵام بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن مێژوونووسانی غەیرە مارکسیستەوە وەک کتێبێکی جێ متمانە سەیرکراوە.

دەرئەنجام

ئەنگلس مەبەستی ئەوەبوو خوێنەرانی هانبدات بەرەو گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی بچن هەروەها هانی کرێکاران بدات بۆ ئەوەی چارەنووسی خۆیان بخەنە دەستی خۆیان و شۆڕشێکی نوێ بەرپابکەن. دوای ئەوە باس لەوە دەکات کە چۆن ئەم دۆخە ناتەندروست و نامرۆڤانەیە، چینی کرێکار بەرەو ڕێکخستن و یەکگرتن و یاخیبوون دەبات و چۆن بۆرژوازی لە وەڵامدا بەرەنگاری ناڕەزایەتی کرێکاران دەبێتەوە بەدەرکردنی یاسای نوێ.
ئەنگلس نایەوێت خوێنەرانی بترسێنێت یان بێزار بکات، بەڵکو بە ژمارە و ئامار ڕاستییەکانی وەزعی نالەباری کرێکاران دەخاتە ڕوو، ئەزموونی ژیانی خۆی لە مانچستەر بەکارهێناوە، کاتێک دەڵێت “بەدەگمەن ئێوارەیەکی شەممە لە مانچستەر چوومەتە دەرەوە دیمەنی کەسانی نەخۆش و پەککەوتوو لە سەر شەقامەکان و لەنێو قوڕو چڵپاودا نەبینم”.

ئەنگلس دەڵێ بۆرژوازی وەک چینێکی دەسەڵاتدار بەرپرسیارە لە مردنی کرێکاران. دەسەڵاتی حاکمی کۆمەڵگە هی ئەو چینەیە کە کۆنترۆڵی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ئەستۆدایە و هەربۆیە بەرپرسیارێتی هەلومەرجی کرێکارانی لە ئەستۆدایە. لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم  کتێبی “دۆخی چینی کرێکار لە ئینگلتەرا” بەرهەمێکی پێشوەختەی سەرسوڕهێنەرە. باسێکی قوڵ و هەمەلایەنەیە سەبارەت بەو زیانانەی بەهۆی سەرهەڵدانی سەرمایەداری پیشەسازییەوە بەر کرێکاران و خێزانەکانیان دەکەوێت. کتێبێکە هەوڵی بۆرژوازی بۆ کۆیلەکردن و چەوساندنەوەی دڕندانەی کرێکاران ئیدانە دەکات.

سەرچاوەکان:

The Condition of the Working Class in England: Engels, Friedrich, 1820-1895

Labouring Men: Studies in the History of Labour – Eric Hobsbawm (1964)

Leave A Reply

Your email address will not be published.