هاورەگەزخوازی چییە و بۆچی هەندێک کەس هاوڕەگەزخوازن؟ نووسینی: ماریا کارگەر

0

هاورەگەزخوازی چییە و بۆچی هەندێک کەس هاوڕەگەزخوازن؟

نووسینی: ماریا کارگەر

بە پێچەوانەی ئەو نۆرمە پیاوسالارانەی کە ئێمە لە بنەماڵە و لە قوتابخانە و نێوکۆمەڵگە ئەیناسین و لە سەری پەروەردە کراوین کە تەنیا ڕەگەزی ژن و پیاو بوونیان هەیە و تەنیا گرایشی هیترۆسێکسوالیتی (خوازیاری سێکس لەگەڵ رەگەزی بەرامبەر. ژن لەگەڵ پیاو و پیاو لەگەڵ ژن، کە ئەبێتە هۆی دروست کردنی خێزان و وەچەخستنەوە) هەیە و شتێکی باش و تەندروست و سروشتیە. ئەمە هەڵەیە. ئەورۆ بۆمان دەرئەکەوێت کە ئەفسانەی ئادەم و حەوا و دوو رەگەزی ژن و پیاو تەنیا ئەفسانەکان و داستانەکانی پیاوسالارین. بە هەزاران مرۆڤ ئەورۆ خۆیان لە شوناسی رەگەزی نێر و مێدا نابیننەوە. ئەمە بابەتێکی تازە نییە و بە درێژایی مێژوو مرۆڤگەلێک بوون کە نە ژن بوون نە پیاو و لە کۆمەڵگەی کوردی “نێرەمۆکیان” پێ وتوون، واتە ترانس جێندەرەکان. زۆر کەسی تر هەن کە بە پێناسەی جیاواز ناو لە خۆیان ئەنێن، وەک جێندەر فڵەوێد، بۆ ئەوان رەگەز بەردەوام ئەگۆرێت، هەندێک جار پیاون و هەندێک جار ژن. هەروەها بێجێندەرەکان، رەگەز لای ئەوان ئەگۆردرێت و ئەتوانن لەیەککاتدا هەم ژن بن هەم پیاو. هەروەها دێمی گێرڵ و دێمی بۆیەکان، دێمی لە زمانی فەرەنسیدا بە واتای نیوە دێت. کەواتە ئەوان نیوەیان پیاوە و ئەو نیوەکەیتر ژنە. هەروەها ئەیجێندەرەکان، ئەمانە خۆیان لە شوناسی هیچ رەگەزێکا نادۆزنەوە و رەگەز بەلایەنەوە شتێکی رێلێڤانت نییە. هەروەها نیوترۆیزەکان، ئەوان هەڵسوکەوتی نۆیتراڵیان بۆ پێناسە رەگەزی هەیە.

کەواتە هەرکام لەم مرۆڤانە، گرایشی سێکسی تایبەتیان هەیە. گرایشە جنسیەکان کامانەن. ١. هیترۆسێکسوالیتی کە پەیوەندی سێکس ژن و پیاو لەگەل رەگەزی بەرامبەری خۆیان. ژن لەگەڵ پیاو و بە پێچەوانە. ئەم نەوعە پەیوەندییە بە درێژایی مێژووی پیاوسالاری وەک نۆرم بۆ پەیوەندی سێکسیەکان ناسراوە.

دەرەوی هیترۆسێکسوالیتی چەندین گرایش و خوازیاری سێکسی وەک هۆمۆسێکشوالیتی و ترانس سێکشوالیتیمان هەیە کە کورت کراونەتەوە بۆ وشەی ئێڵ جی بی تی پلوس. واتە لێزبیەنەکان، گەیەکان، بایۆسێکشواڵەکان، ترانسەکان و ئنتەرسێکشواڵەکان. ئەمە بۆ ئەوەیە کە ئەم رەگەزانە دەرەی هیتۆنۆرماڵیتی شوناسی رەگەزی خۆیان هەبێت.

هۆمۆسێکشوالیتی یان هاورەگەزخوازی و ترانس سێکشواڵیتی کە لە سەدەکانی پێشودا وەک نەخۆشی دەرونی یان ئینحرافی جنسی پێناسە ئەکران، لەبەر ئەوەی زانستیش وەک هەر بەشێکیتر لە کۆمەڵگە لە ژێر کاریگەری ئایدۆلۆژیای پیاوسالاریە، لە سەرەتا ئەم بابەتەیان وەک نەخۆشی ناساند. لە سەدەکانی ١٧، ١٨، ١٩، بە هەزاران هاورەگەزخواز وەک حەیوان، بۆ تاقیکردنەوە زانستیەکان بەکار هێنراون و زۆریان لە ژێر ئەو تاقیکردنەوانەدا مردوون. بەڵام لە ساڵی ١٩٧٣ لە ئەمریکا، ١٩٩٢ لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ١٩٩٤ لە رێکخراوی تەندروستی بریتانیا، ١٩٩٩ لە رێکخراوی تەندروستی روسیا و ٢٠٠١ لە ئەنجومەنی دەروونناسانی چین، هاورەگەزخوازی لە لیستی نەخۆشیە دەرونییەکان دەرخراون و وە بە هەڵسوکەوتێکی تەواو نۆرماڵی سێکسوالیتی و عاتفی پێناسە کراوە.

لە پەنجا ساڵی رابردووەوە هەتا ئێستا زۆر لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر ئەم بابەتە کراوە کە هۆکاری زۆری ژینگەیی و ژێنێتیکی و هۆرمۆنی هەن کە هۆکارن بۆ ئەوەی مرۆڤێک گرایش و خواستەی سێکسی جیاواز و جۆراوجۆری هەبێت. واتە هاورەگەزخوازی لایڤ ستایل نییە، کەس بە مەیلی خۆی نابێت بە هاورەگەزخواز. هاورەگەزخوازان بە هاورەگەزخوازی لە دایک ئەبن.

بۆیە تکایە لەمە تێبگەن، کە هاورەگەزخوازی شتێکی تەواو بێئیرادەی ئەو کەسانەیە، وەک ئێمە کە هیترۆین و ناتوانین هاورەگەزخواز بین. تکایە بخوێننەوە. تکایە بەدواداچون بکەن. ئێمە میللەتێکی نەزان و نەخوێندەوارین. ئێمەی کورد میلەتێکی دژە هۆشیاری و دژە زانستین. چون نەزانی و گەمژەیی ئاسانە و ئێمەش میللەتێکی تەمەڵین. هۆشیاری و زانایی پێوستی بە ماندووبوون هەیە، پێویستی بە خوێندنەوە و سەرئێشان هەیە. تکایە تۆزێک سەری خۆتان بێشێنن بۆئەوەی لە بابەتەکان تێبگەن و نەکەونە شوێن دەنگۆ و قسەی بێ بنەمای ئەم و ئەو.

هاورەگەزخوازی لە ناو سروشتا

زۆرجار ئارگۆمێنتی زۆر کەس کە هۆمۆفۆبن ئەوەیە کە ئەڵێن، هاورەگەزخوازی سروشتی نییە و لەگەڵ تەبیعەتی ئینسان جۆر نابێت. ئەبێت لە وەڵامی ئەم کەسانە بڵێێن کە زهنیەتی ئێوە ناسروشتیە. زهنیەتی ئێوە نەخۆشە، چوون هەڵۆگیرن” ئاڵودە”ن بە ڤایرۆسی کوشندەی پیاوسالاری/ باوکسالاری. ڤایرۆسی ژەهراوی پیاویەتی.

ئێوە هیچ ئەزانن زیاتر لە ١٥٠٠ نەوعی حەیوان لەماسی و باڵندە و حەیواناتی شیرخۆر گرایشی هاورەگەزخوازیان هەیە. حەیواناتێک لەگەی و لێزبیەن و بایۆسێکشواڵن. کاتێک کە رەگەزی بەرامبەر دەست ناکەوێت لە نێو حەیواناتدا حەیوانەکانی نێر و مێ، لەگەڵ هاورەگەزی خۆیان جووت ئەبن. هەندێک جار تەنیا لەبەر ئەوەی کە چێژی لێ ئەبەن. یان ئەیانەوەێ لەو رێگەوە پێش بەشەڕ بگرن یان پێوەندیەکانیان بەرفراوان بکەن. کەواتە هاوڕەگەزخوازی شتێکی زۆر نۆرماڵە لە سروشتدا. تەنانەت لە نێو ئاژەڵاندا زۆریان خۆیان خۆیان رەحەت ئەکەن (ماستەربەیشن).

هاورەگەزخوازی لە مێژووی ئیسلامدا

زۆرترین سەرکوتکردن و کوشتن و زیندانیکردن و لە سێدارەدانی هاورەگەزخوازان بە تایبەت پیاوانی هاورەگەزخواز لەسەردەمی ئەورۆ، لە وڵاتە ئیسلامیەکان رووئەدات. ئیسلام و وڵاتانی ئیسلامی ئێستا گەورەترین ناوەندی هۆمۆفۆبین. هەر لەبەر ئەمەشە کە زۆرترین کەسانی هاورەگەزخواز یان باشتر بڵێین خێزانی ئێڵ جی بی تی ئیسلامۆفۆبن. زۆرینەی موسڵمانان چ ژن و چ پیاو بەتوندی بەرەنگاری هاورەگەزخوازی ئەبنەوە و ئەم بابەتە وەک لادانی ئەخلاقی ئەبینن. چونکە پێیان وایە کە دینەکەیان بە توندی دژی هاورەگەزخوازیە، لەبەرئەوەی کە ئیسلامی سیاسی وەهابیەت و شیعیەت لە جیانی ئیسلامیدا لە هەواداری بونیادگەرایی ئیسلامین و دژە هەر چەشنە رێفۆرمێکن لە ئیسلامدا، لە وڵاتەکانیاندا و یاسا بنەرەتیەکانیاندا بە توندی سزای هاورەگەزخوازی ئەدەن.

بەڵام لە راستیدا وێنەی مێژووی ئیسلام و هاورەگەزخوازی زۆر جیاوازە لە ئیسلام و ئێستای. تەنانەت زۆر جیاواز بووە لە کۆمەڵگەی مەسیحی و ئایینی مەسیحی کە پێشتر بە توندی دژی هاورەگەزخوازی بوون و لە کتێبی پیرۆزیش!! بەتوندی سزای بەر سەردا سەپێنراوە. راستیەکە ئەوەیە کە جیهانی ئیسلامی هەتا سەدەکانی ١٧ و ١٨ش یانی تا کۆتایی ئیمپەراتۆری عوسمانی، زۆر نەرم و تۆلێرانس بووە بەرامبەر بە بابەتی هاورەگەزخوازی وە مەیلە هاورەگەزخوازی لە نێوان ژنان و پیاوانی موسڵمان زۆر ئاسایی بووە و بەشێک لە هەڵسوکەوت و کەلتووری کۆمەڵایەتی بووە. تەنانەت لە ساڵی ١٨٥٨ عوسمانیەکان هاورەگەزخوازیان لە غەرامە و سزا پاککردوە. تەنانەت لە وشەی “سیحاق” بۆ پەیوەندی سێکسی نێوان ژنان بە کارهاتووە و وەک دەرمانی لابردنی خورین لە کۆئەندامی جنسی ژنان لە لایەن حەکیمە پزشکیەکانی عوسمانیەکان، پێناسە کراوە.

ئەگەر خوێندنەوە بۆ ئەدەبیات و نوسین و دەقە ئیسلامیەکان لە مێژووی کۆن و ناوەراستی ئیسلام بکەین بە سەدان وێنە و شیعر و دەقمان بەردەست ئەکەوێت کە بە ئاشکرا و بێ هیچ شەرمێک باسی خۆشەویستی و تەنانەت هاوخەوی پیاو بۆ پیاو کراوە. لە دەقی نووسراوە مێژووییەکانی ئیسلامدا زۆرجار باس لە پەیوەندی خۆشەسیستی و جنسی پاشا و خەلیفە ئیسلامیەکان و بگرە دادوەرەکانیش. شەمس الدین زهبی(ز١٢٧٤) لە کتێبەکەیدا کە لەسەر مێژووی ئیسلامە بە ناوی”تاریخ الاسلام” باسی لە هاورەگەزخوازی وەلید بن یەزید (٧٤٤ز) ی کردووە کە خەلیفەی یانزەهەمی ئەمەویەکان بووە. هەر تەبەری(٩٢٣ز) باسی هەمان بابەت دەکات کە ئەمین (٨١٣ز) خەلیفەی عەباسیەکان پەیوەندی خۆشەویستی و جنسی لەگەڵ پیاوان بووە. تەبەری ئاماژە بەوە ئەکات خواستی هاورەگەزخوازی خەلیفە ئەمین ئەونە بەهێز بووە کە لە هەر کوێ بووە و بۆ هەر کوێ چووە پیاوانی گەنجی لەگەڵدا بووە و پەرێزی لە خەوتن لەگەڵ ژنان کردووە. وە زۆر نمونەی دیکەی وا. هاورەگەزخوازی بەو شێوە پەسەند و باو بووە لە نێو کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەو کاتەدا کە ئەوترێت، ژنان لەو سەردەمەدا زۆر غیرەییان لە پیاوان کردوە و هەوڵیانداوە وەک پیاو جل لەبەر بکەن و وەک پیاو هەڵسوکەوت بکەن، بۆ ئەوە سەرنج راکێش بن بۆ پیاوان.

رەفاعە رافع طهطاوی، زانای میسری و یەکێکە لە زاناکانی جیهانی ئیسلام، کە لە سەدەی نۆزدەدا ژیاوە، لە سەفەرێکی خۆیدا بۆ پاریس و مانەوەی لەوێ بۆ ماوەی چەند ساڵێک، لە وتار و نوسینەکانی سەبارەت بەو سەفەرە باس لە کەلتووری خواردن و هەڵسوکەوتی فەرەنسیەکان ئەکات. بەڵام بە شێوەیەکی سەیریش سورپرایز ئەبێت وئەڵێت: “زۆر سەیر بوو، پیاوانی فەرەنسی تەنیا حەزیان لە ژنانە، و مەیلیان بۆ پیاوانی لاو نییە و ستایشی جوانیان ناکەن و زۆریش دژین و شەرمی لێئەکەن. هەروەها ئەدەبیاتی فەرەنسی ئەوەنە دەوڵەمان نییە بۆ وەسف کردن و باس کردنی خۆشەویستی پیاو بۆ پیاو”.

هەروەها لە قورئاندا بێجگە لە چیروکی پەیامبەر “لوت” و قەومەکەی باسی نەهی سێکسی پیاو لەگەڵ پیاوی نەکردووە. چیرۆکی لوتیش وەک بابەتێکی تایبەت کە سورەتێکی بۆدانرێت گرنگی پێنەدراوە، بەڵکو بە شێوازێکی بڵاو لە چەندین سورەت وەک (ئەعراف، هود، حەجەر ئەنبیا، نەمەل، عەنکەبوت، سافات، زاریات و قەمەر) ئاماژەی پێکراوە. لە هیچ کوێی قورئان باسی رەتکردنەوەی هاورەگەزخوازی وسزادانی نەکراوە وە لە هیچ کوێی قورئاندا باس نەکراوە کە حۆریەکانی بەهەشت ژنن. بەڵکو بە پێچەوانەش، وەعد بە موسڵمانان دراوە لە بەهەشت بێجگە لە حۆری غەڵمانیان پێ ئەدرێت، کە لە بەهەشت چاوەروانی موسڵمانان ئەکەن و کاتێک ئەیانبینی وا ئەزانیت مروارین و بەو ناوەدا بڵاوبوونەتەوە.

هاوکات لەگەڵ ئەوەی کە یۆنانی کۆندا هاورەگەزخوازی نۆرمێکی کەلتووری و کۆمەڵایەتی بووە لە جیهانی ئیسلامیشدا بە هەموو جەمسەرەکانیەوە بە شیعە و سوننەوە وەک (عوسمانیەکان، سەفەویەکان، قاجاریەکان و مەغولەکان) ئەوکارە و ئەو پەیوەندیە رۆمانیک و ئێرۆتیک و سێکسیە لەگەڵ هاورەگەزی خۆت، ئاسایی و دانپێدانراو بووە. زۆر لە مێژوونوسان لەو باوەڕەدان ئەوکات جیهانی ئیسلام لە چاولێکەری یۆنانەکان خواستی هاورەگەزخوایان تیا بووە بە نۆرم. کە دەکرێت بە پێچەوانەشەوە بێت. چون هاورەگەزخوازی چ لە نێوان ژنان و چ لە نێوان پیاوان ریشەی زۆر کۆنتری لە کۆمەڵگەکانی رۆژهەڵاتی ناوین هەیە. وەک چون یۆنانیەکان پردی گواستنەوەی شارستانیەت و زانست بوون لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای بەربەر و وەحشی، وەک گواستنەوەی زانستی پزیشکی، هونەر، مێعماری، ئەستێرەناسی، ماتماتیک وهتد دەکرێت کە یۆنانیەکان کەلتووری هاورەگەزخوازیشیان لە کۆمەڵگە ئیسلامیەکان فێر ببوون.

بەڵام بۆ لە رۆژی ئەمرۆ، زۆرترین تاوانی هۆمۆفۆبی لە وڵاتانی ئیسلامی ئەکرێت، چی بوو کە جیهانی ئیسلامی ئاوا گۆرا و هاورەگەزخوازی بوو بە تاوان و تفی لێکرا. زۆر لە مێژونوسان و زانایانی رۆژهەڵاتی لەو باوەڕەدان کە هۆمۆفۆبی لەگەڵ مێژووی کۆلۆمیالیزمەوە لە وڵاتانی عەرەبی دەستی پێکردووە. هاوکات لە گەڵ کۆلۆنی کردنی هیند و میسر. ئەوروپاییەکان لەگەڵ داگیرکردنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و داسەپاندنی کەلتووری خۆیان بەسەر کەلتووری وڵاتانی کۆلۆنیزەکراو، بوونە هۆی دروست بوونی ناسیۆنالیزم و ئیسلامی بوونیادگەرا. یەکێک لەو کەسانە کە ئەم بیرۆکەیە هەیە و بە توندی ئایدیاکەی ئەپارێزێت، ” جۆزێف مەسعەد”ە کە لەزانکۆی کۆلۆمبیا وەک پرۆفیسۆر لە بواری سیاسەتی هاوچەرخی عەرەبی وانە ئەڵێتەوە. مەسعەد پێی وایە داگیرکەری کەلتووی رۆژئاواییەکان بوونەتە هۆی توندوتیژی لە وڵاتانی ئیسلامی بە تایبەت ئەو رێکخراوە جیهانیەکانی هاورەگەزخوازان وەک” گەی ئینتەرناشناڵ” هۆکاری رقی کۆمەڵگەی ئیسلامی لە هاورەگەزخوازین. چون پێی وایە ئەوان ئەیانەوێت پێناسەی خۆیان بەسەر کەسایەتی و هەڵسوکەوتی پیاوان لە وڵاتانی عەرەب داسەپێنن.

لودڤیک محەمەد زاهید، ئیمانی موسڵمانی فەرەنسا لە مارسەی، سەبارەت بەم مژارە ئەڵێ: “لەگەڵ هاتنی داگیرکەری رۆژئاوایی، ئەوان وایان ئەزانی کە ئێمە تەمەڵ و پاسیف و لاوازین. وەک پیاوی عەرەب ئەبێت بە هێز و زیرەک و پیاوانە بین. مێژووی ئەڵمانیا ئەوەمان پێئەڵێت کە چۆن دوای شکستی ئەڵمانەکان لە شەڕی جیهانی یەکەم نەتەوەگەریی زۆر بوو. ئەم بابەتە وەک عەشیرەگەریە و بەس. ئەمە واتە کوشتنی هەر کەسێک کە دژی عەشیرەکەی من بێت. هەر کەس کە داب و نەریتی عەشیرەکەی من بە هەند وەرنەگرێت و قەبوڵی نەکات ئەیکوژم”.

ئەوروپاییە کۆلۆنیالیستەکان کە پەیڕەوی هیترۆپیاوسالاری و هیترۆنۆرمالیتی بوون، پیاوانی موسڵمانیان وەک پیاوی بەهێز کە پیاوانەیە و بکەرە، گاڵتەیان پێ ئەکردن. لەو بارەیەوە لودڤیک محەمەد زاهید، ئەڵێ: “لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، عەرەبەکان لە مێژووی کۆنی خۆیان شەرمەزار بوون. ئەوان دەستیان کرد بە سانسور و پاککردنەوە لە هاورەگەزخوازی، بۆئەوەی مێژویی خۆیان پیاوانەتر نیشان بدەن. هیچ نیشانەیەک نابێت لە ژنانە بوون و هاورەگەخوازی پیاوی عەرەب بمێنێتەوە. بەم شێوە بوو کە ئێمە گەیشتینە ئەم شوێنەی کە ئێستا تێیداین”.

بە وتەی ئەم کەسانە، کۆلۆنیالیزمی رۆژئاوایی لەگەڵ خۆی کەلتوور و مۆدێلی هیتۆپیاوسالاری هێناوە.

ماویەتی…

Leave A Reply

Your email address will not be published.