دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕزگار عومەر سەبارەت بە ٢٨ هەمین ساڵیادی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان و هۆکارەکانی…
دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ نووسەر و ڕۆژنامەنووس ڕزگار عومەر سەبارەت بە ٢٨ هەمین ساڵیادی ئاوارەیی خەڵکی کوردستان و هۆکارەکانی…
ڕزگار عومەر: ناسیۆنالیزمی کورد تا چەند ساڵێکیش لەمەوبەر ئاوارەبوونی وەکو داستانێکی ناسیۆنالسیتی لە خشت دەداو گووتاری ناسیۆنالیستی پێ ڕەنگ دەکرد، ئێستا ئەم ناسیۆنالیزمە بەشێکە لە هەندەسەی ئیمپریالی لە ناوچەکەو زۆر پێویستی بە داستان نەماوەو زیاتر بە کۆدی “هێز و کۆنتڕۆڵ کردنی ئابوری” دەدوێت و شان بادەدا.
بۆپێشەوە: دوای ٢٨ ساڵ بەسەر ئاوارەیی خەڵکی کوردستاندا، تا چەند لاتان وایە، زەمینە و هەرەشەی دوبارە ئاوارەبوونەوەی خەڵکی کوردستان لە ئارادایە؟
رزگار عومەر: بەر لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ؛ بە پێویستی دەزانم بە کورتی ئاماژە بە خولەکانی ئاوارە بوون بکەم، چونکە وەڵامەکەی من پشتی بەم مێژووە بەستووە. لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو؛ ڕێبەرایەتی بزوتنەوەی چەکداری ناسیۆنالیزمی کورد لە کوردستانی عێراق یان بە تێرمەکەیتر کوردستانی باشوور لە شۆکی ڕێکەوتنامەی جەزائیری نێوان عێراق- ئێران بڕیاری ئاشبەتاڵی دا بەرامبەر بە ڕژێمی ئەوسای عێراق، دەیان هەزار چەکدار تەسلیم بوونەوە، بە سەدان هەزار خەڵك ئاوارەی تورکیاو ئێران بوون.
چوارساڵ دوای ئەوە لە ١٩٧٩ شۆڕش لە ئێران دەستی پێکرد دژ بە ڕژێمی شاە، کوردستانی ڕۆژهەڵات ئازاد کرا، کە رژێمی ئیسلامی خۆی لە جێی شاه جێگیرکرد هێرش بۆسەر کوردستانی دەستی پێکرد، لە دوای بەرگریەکی خوێناوی دیسان هەزاران خەڵك ئاوارەی عێراق بوون. نۆ ساڵ دوای ئەو رووداوە لە ١٩٨٨ لە کوردستانی باشور هەڵمەتەکانی جینۆسایدو ئەنفال و کیمیاباران دەستی پێکرد، دیسان بێجگە لە کۆچی زۆرە ملێ ی سیستیماتیك بۆ ئۆردوگاکان بە هەزاران خەڵك ئاوارەی ئێران بوون، سێ ساڵ دوای ئەوە لە ١٩٩١ دوای شەڕی کوێت ڕاپەڕین لە کوردستان دەستی پێکرد، لە هێرشی پێچەوانەی سوپای ڕژێمی بەعس چەند ملیۆن خەڵك ئاوارەی ئێران و تورکیا دۆڵ و شاخی سەرسنوورەکان بوون.
لە ساڵی ٢٠١١ بەولاوە سەدان هەزار خەڵکی کوردستانی ڕۆژئاوا ئاوارەی هەرێم و عێراق تورکیا بوون. دواتر لەگەڵ پەیدابوونی داعش گرتنی “شەنگال” دەستی پێکرد هەزاران هاوڵاتی سیڤیلی ئێزیدی کوژران و کەنیزەك کران و هەزارانیش ئاوارەی شارەکانی عێراق و هەرێم بوون. دواتر ئاوارەبوونی شارۆچکەی مەخمورو دێهاتەکانی قەراج بۆ ناو هەولێر ڕوویدا، دوا ئاوارەبونیش لە ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ ڕوویدا کاتێك هەزاران خەڵکی سیڤیلی توزخورماتوو و کەرکوك لە ترسی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ماڵەکانی خۆیان جێهێشت و ڕوویان لە سلێمانی وهەولێر کرد، دواتر سوپای تورکیا پەلاماری عەفرینی داو هەزاران هاوڵاتی ئاوارەبوون، ئەمە دوا ئاوارەبوونی هاوڵاتیانی کورد بوو لەم سێ وڵاتە.
چەند وڵاتێکی ئەفریقیای لێ دەربچێ لە هیچ شوێنێکی جیهان، ئاوارەبوون لە جوگرافیایەکی دیاریکراو لە سەقفی زەمەنی چل ساڵدا ئەوەندە بە خەستی دووبارە نەبۆتەوە. جوگرافیای ئەو ناوچەیەی جیهان کە هاوڵاتیانی کوردی لێ جێگیرە، ناوچەیەکە هەموو نەتەوەکان و پێکهاتەکان تێیدا دووچاری کۆچ و لە ناوبردن و کوشت و کوشتارو ئاوارەبوون بوونەتەوە، کە ڕەنگە دیارترینیان شانبەشانی هاوڵاتیانی کورد ئەرمەنەکان وکریستیانەکان بووبوون.
کێشەکە بەر لەوەی بوونی هاوڵاتیانی “کورد” بێت، بریتیە لە بوونی ئەو “هۆکارانە”ی کەوا دەخوازێ ئاشتی وسەقامگیری هەرگیز لەم جوگرافیایە جێگیر نەبێ! کێشە تەنیا خوێنڕیژی سیستەمەکانی حوکم نییە لە ناوچەکە یان بازرگانی ناسیۆنالیزم بەم سەرکوت و خوێنڕێژیە، بەڵکو بریتیە لەوەی کە ئەم ناوچەیە چەشنی چەند ناوچەیەکی تری جیهان هەمیشە جێگای خاڵیکردنەوەو مەیدانی ساغ کردنەوەی کێبڕكێی زلهێزەکان بووە، جێگای شەڕە بە وەکالەتەکان بووە چەشنی جەنگی هەشت ساڵەی ئێران-عێراق، جێگای تەڵەی کوێت بوو بۆ سەدامێکی خوێنڕێژو مەغرورو بێ سەواد، جێگای پەیداکردنی ئەژدیهای کاتیی و وەرزیی بوونە چەشنی قاعیدە و داعش بۆ ئەوەی شەرعیەت بدرێتە میلتاریزەکردنی ناوچەکەو لەشکرکێشی بەردەوام.
لەم روانگەی باسم کرد ئاوارە بوون دیاردەیەك نییە بتوانی لە دەرەوەی ئەو هاوکێشەو ئەو مێژووە باس بکرێ، ئاوارەبوون بۆ مرۆڤەکان لە دەستدانی ئاشتی و ژیانە، بەڵام بۆ ماستەرمایندەکانی دیزاینی شەڕو ئاوارە بریتیە لە کەرستەیەکی ئیعلامی و بیانوویەکی فریودەری بە هانا هاتنی “دیموکراسی” و “مرۆڤایەتی” فرۆشتنی چەکی زیاترو هێنانی سوپای زیاتر، بە دڵنیایش هاوپێچەکەی یان دوا فارگۆنە دووبارەکەشی بزنسی “تراژیدیایی مرۆیی” بۆ ڕێکخراوە مرۆییە جیهانیەکان کە هەمیشە ئەرکی کردنەوەی دوا پەردەی شەرەکان لە ئەستۆ دەگرن!
هەست کردن بە بارودۆخی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کورت نابێتەوە تەنیا لە چاوەڕاونی کردنی ڕوخانی ڕژێمێكی دیاریکراو، کە ڕووداوێکە ئێستا وەکو کێکێکی گەرمی لێهاتووە هەموو چاوەڕوانن بێتە سەر سفرەو دەستی لێبوەشێنن، بەڵکو ئێمە هەموو وا پێ ی دەنێینە قۆناغێک کە جەنگ لە تارمایی دەردەچێت و دەبێتە پێکهاتەیەکی سەرەکی بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست .
ئاڵۆزیەکانی ئەو جەنگانەی وا گەرمن و ئەوانەشی وەکو جەنگی موحتەملی ئایندە بەڕێوەن لەوە کورت نابێتەوە کە بەرژەوەندیەکانی بەرە جیاوازەکان بە ئەوپەڕی توندی بەر یەکتر دەکەون، بەڵکو لەوەدایە میلتاریزم وەکو ئەمری واقیع خۆی وەکو تاقە ڕێگای سیاسەت سەپاندووە. ئامارەکانی خۆ پڕچەك کردن لە ئەمڕۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕیکۆردەکانی هەموو مێژووی سیاسی و سەربازی ئەم ناوچەیەی بڕیوە. ئابوریش بە بێ ناولێنان بووە بە ئابوری جەنگ، بە مانایەك پارەو بودجە تەنیا بۆ سوپا بە بێ ڕۆتین و دەردەسەری تێدەپەڕێ.
نەمانی بزوتنەوەی دژە شەڕ، خەفە بوونی تاقە دەنگی عەقلانی نێو سیاسەتی دونیا بوو لە ئاستە بەرینەکەی خۆی، ئیمڕۆ دونیا لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە سەرهەڵدانەوەی ئەم جۆرە لە بزوتنەوە هەیە، نەك وەکو ناسنامەیەك بۆ خێروبێری لیبرالیزم و ئازادی خۆپیشاندان، بەڵکو وەکو ڕێگای چارەی جەماوەر بە مانا هەرە نێونەتەوەییەکەی بۆ بەشداری وبەرگری لەبەردەم بەربەریەتێکی تیژڕەو کە وا دونیا پڕ دەکا لە شەڕو پڕۆژەی جەنگ .
هنری کێسنجەر لە بەشێکی میدیای عەرەبی و لە هەندێك میدیای کوردیش وەکو سیاسەتمەدارێك و ئەکادیمیستێکی ستراتیژ ناس مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ، بە پێچەوانەی ئەمەش لە ڤێتنام و ئەندونوسیاو زۆربەی وڵاتەکانی ئەمریکای لاتین شان بە شانی جەلادەکانی سەدەی بیست لە بابەتی بینۆتشەو سۆهارتۆ دەیان داوای یاسایی وتۆمەتی ” تاوانباری جەنگ و کۆمەڵکوژی ” لەسەرە، وەکو ئەندازیارێکی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە چەند دەورانێکی خوێناوی سەدەی بیست. ئەو هەمیشە دەنگی زەبروزەنگ و هێز و شەڕ بووە، لە ساڵی ٢٠١٢چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سازکرا بۆ شیکردنەوەی بارودۆخی سیاسی جیهان، چاوپێکەوتنەکە بە نێوی “ئەگەر گوێت لە تەپڵی جەنگ نییە دیارە تۆ کەڕییت” لەوێ لە بەشێکی قسەکانی دەڵێت:-
(( ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕوسیاو چین دەتوقێنێ، دوایین بزماری تابوتەکەشیان ئێران دەبێت کە ئەویش ئامانجی سەرەکی ئیسرائیلە. ئێمە خۆمان ڕێگەمان دا چین پەرە بە هێزە چەکدارەکانی بدات و روسیاش لە قەیرانی سۆڤیەت ڕزگاری بێت، ئەمەش بۆ ئەوەی هەستێکی چەواشەکارانەی دوور لە ڕاستیان لەلادروست بیت سەبارەت بە هێز و توانایان، دیارە ئەم هەستەش رایاندەکێشێتە ناو پرۆسەکەو لە ناوچونیان خێراتر دەکات. بۆ بەرامبەرەکەمان بوار دەڕەخسێنین دەست بداتە چەك، بەڵام ئێمە وەك شەڕکەرێکی وریاو لێزان، زووتر دێینە دەست ))
ئەمە قسەی شەڕەکانی سەدەی بیست نییە، ئەوە قسەی هێنری کێسنجەرە، کێشە ئەمە نییە کە ئەم زاتە هیچ پۆستێکی حکومی و سیاسی نییە لەبەر ئەوەی خانەنشینە، کێشە ئەوەیە کە لە دونیای راستیدا خۆی یان کەسانی وەکو ئەو بەشێك لەو حەقیقەتە تاڵ چاوەڕنکراوەمان پێ دەڵێن، ئەم جۆرە لە کەسایەتی پێمان دەڵێن چی چاوەڕوانمانە!
تەپڵی جەنگ لە زۆر شوێن دەنگی دێ، سەرکەوتوو دۆراو قەت ناتوانێ چواچێوەیەك بێ هاوتەریب بێ لە گەڵ ویستی مرۆڤی دووربین بۆ مامەڵە لەگەڵ جەنگ. ئایا مرۆڤایەتی بای ئەوەندە بەهاو بەرگری دژ بە بەربەریەتی تیا ماوە یان بای ئەوەندە حەوسەلەی سیاسەت کردنی تیا ماوە بە ئاراستەی دروستکردنەوەی بەهاکانی ” ئاشتی ” و ” مرۆڤایەتی “؟
کاتێ من یان هەر کەسێکیتری چەپ لە ٢٠١٩ دا بە شوێن وەلامی ئەو پرسیارەی ئێوەیە، دەبێ پێشوەختە تێگەیشتنێکمان هەبێت لە دۆخی ئێستاو ئیحتیمالەکانی بزنسی شەڕو ساغکردنەوەی بەشە نوێ و ئەپدەیتەکانی هاوکێشە جیهانیەکان کێبڕکێ ئیقلیمیەکان.
ئەو سەرکردە جیهانی و ئیقلیمیانەی ڕۆڵ دەبینن لە ناوچەکە بۆ وەڵامدانەوەی قەیرانەکانیان ئامادەن ئەو ناوچەیە بکەنە یەك پارچە خوێن، لیستێك سەرکردەی جیهانی وئیقلیمی ملهوڕو تیرۆریست و بازرگان یاری بە چارەنوسی ناوچەکە دەکەن.
وشە کلیلی “شەڕ” وەڵامێکە بۆ ئەو پرسیارە، ئایا ناوچەکە لە چاوەڕوانی شەڕی تازە هەیە! لە ئێستادا “شەڕ” یان “جەنگ” ئەو چەترەیە کە بەزمانی رەق و خوێناوی خۆی دەدوێ بە پێش هەموو شیکردنەوەو لیکدانەوەیەك دەکەوێت، ئەگەر تۆ وەك هاوڵاتیەك، وەکو چەپێك پێشبینی جەنگ و شەڕ دەکەیت کەواتە دەبێ پێشبینی ئاوارە بوون و کۆمەڵکوژی و تاوانکاریش بکەیت.
بۆپێشەوە: هەندێک کەس هۆکاری ئاوارەیی خەڵکی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ هەڵکردنی گڵۆپی سەوز لەلایەن ئەمریکاو غەربەوە بۆ رژێمی بەعس، ئەمە چەندە هۆکاری هێرشی ڕژێمی بەعس بوو، بۆ سەر کوردستان؟
رزگار عومەر: دوا هەڵکردنی گلۆپ لەلایەن ئەمریکاو روسیاو ڕۆژئاوا بریتی بوو لە گلۆپی سەوز بۆ داگیرکردنی عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاو داگیرکردنی کەرکوك لەلایەن حەشدی شەعبی. ئەم جۆرە لە پرسیار دەشێ وردتر بکرێت، رەنگە سیاقی پرسیارەکە بۆ ئەوەبێت گفتوگۆکە ئازادتر بکات و دەوڵەمەندتر بکات، بەڵام لە دەرەوەی ئەم سیاقەو لە زیهنی گشتیدا ئەم جۆرە لە پرسیار دوودڵی و نادڵنیایی پێوە دیارە! هەموو شارێك و شارۆچکەیەك لە کوردستان بە پێی زەرورەتی پڕۆژەی زلهێزەکان و رێکەوتن و ئاڵوگۆڕەکان لە بەردەم گلۆپی سەوزدایە، بینیمان لە سوریا ڕادەست کردنی شار یان ناوچە بە سوپایەکی ئیقلیمی و گواستنەوەی تیرۆریستان بۆ شوێنێکی سەلامەتر بەشێك بوون لە ڕووداوەکانی ڕۆژ لە سوریا.
بەڵام، یەك ناوازە هەیە لەم دۆخە گشتیە؛ ئەویش لەم ناوچەیە شارێك یان چەند شارێک یان لایەك لە شارێك کراوان بە “زۆنی ئارام” بۆ هێزە بیانییەکان بۆ ئەوەی لەوێوە وەکو ژووری عەمەلیاتی مەیدانی قیادەی شەرە لۆکەڵ و ئقلیمیەکان وموخابەرایەتیەکان بکرێن، ڕەنگە ناوەڕاستی دیمەشق وهەولێرو زۆنی سەوز لە بەغدا نموونە بن، کە زۆرجار ڕەنگە لە دووری ١٠ بۆ ٣٠ کیلۆمەترێك جەنگ بێت کەچی لە ناو شار هەستی پێ نەکرێ کە جەنگ هەیە، ئەم زۆنە ئارامانە پەیوەندی بەو لۆژیکە سەربازیە هەیە کە دەبێ قیادەی سەربازی و سیاسی و مەیدانیی لە حەسانە دابێت. بەڵام بۆ نموونە لە ئەگەری شەڕێکی موحتەمەلی نیوان ئەمریکاو ئێران ئەوەی کێسینجر ئاماژەی بۆدەکا سنووری کوردستان و شارێکی گەورەی وەکو سلێمانی کە تا ئەمڕۆ هیچ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکی لێ نییە دەتوانێ لە لیستی زۆنە ئارامەکانی دابنێین بەو چەمکە سەربازیەی باسم کرد؟ ئایا لەبەردەم ئەگەری سەودا پێکردن نابێ؟
ئاوارەبوون، بۆ بەشێکی گەورە لە نەوەی نوێ وهاوڵاتیانی کوردستان بریتیە لە چەند وێنەیەکی بەر پەیدابوونی HD وگۆرانیەکەی عەدنان کەریم “کۆچی کوردان”، نە ئەو نەوەیەی ئەو سەردەمەی بینی کۆکن لەسەر نوسینەوەی مێژووی ئەوکاتە، نە ئەو نەوەیەی نەیبینیوە پەی بە ئەزمونە سیاسیەکەو وانە مێژوویەکانی بردووە.
ناسیۆنالیزمی کورد تا چەند ساڵێکیش لەمەوبەر ئاوارەبوونی وەکو داستانێکی ناسیۆنالسیتی لە خشت دەداو گووتاری ناسیۆنالیستی پێ ڕەنگ دەکرد، ئێستا ئەم ناسیۆنالیزمە بەشێکە لە هەندەسەی ئیمپریالی لە ناوچەکەو زۆر پێویستی بە داستان نەماوەو زیاتر بە کۆدی “هێز و کۆنتڕۆڵ کردنی ئابوری” دەدوێت و شان بادەدا.
ئەمە دەرفەت دەدا هێزەکانی ئەنتی ناسیۆنالیزم ریوایەتی ئەسڵی و ڕاستگۆی ئەم مێژووە جێگیر بکەن، کە بریتیە لەوەی سەرکوتکردنی ڕاپەڕینی خەڵکی لە کوردستان لە ساڵی ١٩٩١ ئاوارەبوون بەشێك بوو لە هاوئاهەنگ بوونی زلهێزەکان بە تایبەتی ئەمریکا لەوەی ڕێگا بدرێ بە ڕژێمی بەعس خۆی کۆکاتەوە، تا دواتر لە شەڕێکیتردا خۆی بیڕوخێنێ، نەبادا هیچ ڕژێمێك لە ناوچەکە بە دەستی جەماوەر بڕۆخێ!