ئەبو کاروان مام فارس“ ئەبو کاروان“: ئەم دوولایەنەی حوكمڕانی لە ھەرێمی كوردستان لە جەوھەردا بڕوایان بە ھەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات نییە و ناچاربوونە بەپێی ئەم واقعەی كە لە دونیادا پەیرەو دەكرێت ھەڵبژاردنی ڕووكەشانە ئەنجام بدەن، بۆیە ئەوان حیزبەكانیان لە سەرووی دەسەڵاتەوە دەببین… دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان ئەبو کاروان مام فارس“ ئەبو کاروان“ سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی کوردستان و لێکەوتەکانی…

0

بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان کۆتایی هات… چۆن دەروانە بەڕیوەچوونی پرۆسەکە؟ بەشیکی زۆری لایەنەکان کە پیشتر پێداگریان لەسەر بە پاکی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکرد، دوای هەڵبژاردنەکە ئاماژە بە دیزاینی پیش وەختە دەکەن و دەڵێن ساختە کاری کراوە، لەو بارەیەوە دەڵێن چی؟

ئەبو کاروان: ئەم هەڵبژاردنەش بە پێشلکاری و سەرپێچی دەستی پێکرد، هەر لەبەکارهێنانی سامانی گشتیی و پارە دابەشکردن و و کڕینی دەنگەوە بۆ چاوسورکردنەوە و هەڕەشەکردنی لەکارمەندان حکومەت و هێزەکان دەستی پێکرد، ڕادەی توندوتیژیی ڕۆژانی بانگەشەو ڕۆژی هەڵبژاردن کەمتر بوو بەبەراورد لەگەل ھەڵبژاردنەكانی پێشوو، كێشەو گرفتی گەورە ڕووی نەدا وەكو ئەوەی ھەندێ كەس پێشبینی دەكرد. دوو لایەنی كوردستانی دەسەڵاتدار ھەر لەیەكەم ھەڵبژاردنەوە لە ساڵی ١٩٩٢ وە بەردەوام بیریان لەتەزویرو ساختەكاری كردوەتەوەو بە كردەوەییش ئەنجامیان داوە بۆیە ئەوان لە لایەنەكانی تر زیاتر باسی دیزاینكردنیان دەكرد بە ھاوكاری وڵاتێكی ئەقلیمی و بەڕوونی ئێران، لەبەرئەوە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامەكان و دەرنەچونی پەنجەمۆری زیاتر لە ١٣٠ ھەزار دەنگدەرو سووتاندن و پوچڵكردنەوەی زیاتر لە دوو سەد ھەزار دەنگدەر جگە لە دەیان پێشیلكاری ترو بەكارھێنانی دەسەڵات و پارەو پۆست بوارییان خۆشكرد كە ھەندی لە لایەن و لیستەكان ئەنجامەكان ڕەتبكەنەوەو باسی دیزاینكردن بكەن.

بۆپێشەوە: زوربەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆن و بەشی زۆری نووسەر و رۆژنامەنووسان، بەر لە هەڵبژاردن باسیان لەوە دەکرد، کە ئەم هەڵبژاردنە دیزاینی سیاسی هەرێم دەگۆڕێت و خەڵک تۆڵەی نەبوونی موچەو خزمەتگوزاری و بێدادی و ستەم و بیمافی لە هیزەکانی دەسەڵات دەکاتەوە، کەچی ئەم رووینەدا، هۆکاری ئەمە چییە؟

 ئەبو کاروان: ڕاستە ئەو پێشبینی یە دەكرا و بەشێكی دەچێتە چوارچێوەی بیركردنەوە لەسەر بنەمای ئەوەی ئەو دوو حیزبەی دەسەڵات ساڵانێكە ھەرێم بەڕێوە دەبن و نەیانتوانییە حوكمڕانییەكی باش بەڕێوەببن و بەپێچەوانەوە ژیان و گوزرانی خەڵكیان وێرانكردوەو گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی و موڵكی و فەرھودكردن بەردەوامی ھەبوەو ئەو نیمچە ئازادییەی كە لە كوردستان ھەبووە پاشەکشێی کردوەو ئازادییەكان بەر تەسككراوەتەوە بێ ئەوە مەودای بیركردنەوەیان لە ئاستێكدابێت ئەمانە خاوەنی سوپایەكی خەڵكی خۆیان دامەزراندوەو پارەی میللەتی بۆ خەرج دەكەن، ئەمە لەلایەك و، لەلایەكی ترەوە نەبوونی ڕێككەوتن و بەرنامەیەكی ھاوبەشی حیزبەكانی دەرەوەی پارتی و یەكێتی و كەواتە چۆن دەتوانرێ بەم شێوە كاركردنەی حیزبەكان دەتوانرێ گۆڕانكاری بكرێت لە دەسەڵات، ھەروەھا ھەندێ باسی ئەو گوڕانكارایانەیان دەكرد لە چوارچێوەی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و كە ئەو جۆرە ڕیكلامكردنە كاریگەری دەبێت لە سەر دەنگدەرانی حیزبەكانی دەسەڵات و دەنگیان كەم دەبێتەوە..

بۆپێشەوە: گوشارەکانی دەسەڵاتی ناوەندی بۆ بچوککردنەوەی دەسەڵات و قەوارەی هەرێم لەدوای ١٧ ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە، ئایا ئەم هەڵبژاردنە، دەتوانێت بەر بگرێت بەو گوشارانە و ئاییندەیەکی باشتر بخاتە بەردەم خەڵکی کوردستان؟

ئەبو کاروان:  سەرەتا دەبێ ئەوە بزانین ئەم دەسەڵاتەی لە بەغدا حوكمڕانی دەكات لە ساڵی ٢٠٠٣ وە دەسەڵاتێكی تایفی مەزھەبی یە، نە بڕوای بە مافی میللەتی كوردستانەو نە بەدیموكراسیەت، ھەرێمی كوردستان لە دوای ڕاپەڕینی ئازاری ١٩٩١ وە خاوەنی كیانێكی تایبەتی خۆی بوەو، دەوڵەتە زلھێزەكانی جیھان مامەڵەیان لەگەڵ كردوەو دانیان پیاناوەو بریاری نەتەوە یەكگرتوەكانی بۆ دەرچوە، ئەوان ھاتوون بە ناچاری مامەڵەیان لەگەڵ كردوە بۆیە ھەركاتێ بۆیان كرابێت و بكری ھەوڵی بچوككردنەوەو لە قاڵبدانی دەدەن، بەڵام كێشەكە لە خۆماندایە و لە حوكمڕانی دوو حیزبی دەسەڵاتداری ھەرێم دایە و نەیانتوانی حوكمڕانی باش بكەن و ساڵ لەدوای ساڵ لە پاشەكشەدان و كارگەیشتە ئەوەی نەتوانن مووچەی مووچە خۆرانی بدەن، لەپاڵ ئەمەیشدا ناڕەزایەتییەكان لەناو خۆو دەرەوەو بە یوئێن وە گەیشتە لوتكەو یاداشتی ناڕەزایەتییان ئاراستەی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی كرد، بەغدا لەم بارودۆخە باش تێگەیشتووەو دەزانی بەتەواوەتی پێگەی ھەرێم لاوازەو فشارەكانی بەردەوام دەبێت بڕوا ناكەم ئەم ھەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان بتوانی بەرگەی فشارەكان بگرێت، چونكە ئەنجامەكان و ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و پەیوەندی لایەنەكان ترازانی زیاتری لێكەوتوەتەوە، عەقڵیەتی سەركردەكانی ھەردوو حیزب و پشكپشكێنە ڕێگرن لەسەر پێكھێنانی كابینەوەو چارەسەرکردنی قەیرانەکان، كاتێك دەتوانرێ ڕوو بەڕووی فشارەكان ببنەوە ڕێككەوتنێكی فراوان سەرجەم حزبەكان و چین و تۆیژەكان ئەنجام بدریت و بەبەرنامەیەكی فراوان و سیاسەتێكی سەربەخۆیان ڕوو بە ڕووی بەغدا ببنەوەو مامەڵە لەگەل دەوڵەتانی ئەقلیمی و دونیا بكەن…

 بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی ئەمجارە بە بانگەشەیەکی زبر لەنیوان هێزەکانی دەسەڵات” پارتی و یەکێتی” بەڕیوەچوو، ئایا کابینەی دەهەم بەو نەفەسەوە دەتوانرێت زوو پێک بێت و پەیوەندی یەکێتی و پارتی تا ڕادەیەک ئاسایی بێتەوە؟

ئەبو کاروان: لە كاتی ھەڵبژاردنەكان بەردەوام پارتی و یەكێتی بەو شێوەیە ڕووبەڕووی یەك بونەتەوەو خۆیان چەند جارێك ڕایانگەیاندوە كە ئەو جۆرە خیتابانە تەنھا بۆ ھەڵبژاردنەو بۆ ڕازیكردنی دەنگدەرانی خۆیانە كە بۆ دژایەتی یەكتر پەروەردەكراون و دواتر پێك دێنەوە ئەگەرچی ئەم بانگەشەكردنەی ئەم خولە جیاوازترو تووندتر بوو، پۆپۆلیستیانە بوو، شێوازەكەی جۆرێك لە ئسلوبی فاشیەتی نوێ تێدا دەركەوت، ناكۆكی نێوان ئەم دوو لایەنە پەیوەست نییە بەبەرنامەو خزمەتكردنەوە، داوا ناكەن سیاسەتی ئابوری حكومەت بگوڕن، ئازادییەكان فراونتر بكەن، ببنە خاوەن سیاسەتێكی سەربەخۆی كوردستانییانەی یەكگرتوو لەگەل بەغداو دەوڵەتان، بەڵكو پەیوەستە بە پلەو پۆستەوە، ھەركاتێ توانیان یەكتر ڕازی بكەن و ھەر لایەنێك پشكی خۆی پێبدریت ئەوا پێكھێنانی كابینە ئاسایی دەبێت و گەر پێچەوانەكەیشی وابوو یەكتر ڕازی نەكەن ئەوە پێكھێنانی كابینە قورستر دەبێت

بۆپێشەوە: لەدۆخی سیاسی کوردستاندا، نە هەڵبژاردن بە بێ بەشداری پارتی و یەکێتی و نە پیکهێنانی حکومەت بە بێ بەشداری ئەم دوانە ناتوانرێت پێک بێت، ئەمە دۆخە تا کەی درێژەی دەبێت؟

ئەبو کاروان:  لە دوای شەڕی ناوخۆی پارتی و یەكێتی واقیعی دوو ئیدارەی و دوو زۆنی دروستبوو، ھەردوولایان ڕێككەوتن لەسەری و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران كەپارتی یە دەسەڵاتی گواستنەوەی پۆلیسی نییە لە زوونی سەوز و و جێگرەكەیشی بە ھەمان شێووە لە زوونی زەرد، ئەم دوو لایەنە دابەشبوونە بەسەر وڵاتانی ئەقلیمی و دەولییەوە و دابەشبوونەتە سەر دوو میحوەر، دەتوانم بڵێم ئەم دەوڵەتانەو یوئێن تاڕادەیەك پشتگیری لەم دابەشبوونە دەكەن، لە بەرامبەریشدا حیزبەكانی تر بەئۆپۆزسیون و ئەوانەی لە حكومەتدان و جەماوەریش بە شێوەیەكی گشتی ھیچ فشاریكیان نییە بۆ سەر ئەم دوولایەنە كە ناچار بكرێن دەستبەرداری ئەم شێوە حوكمڕانییە ببن و ھەركاتێ بیانەوێ ڕێگری بكەن لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بە پێی خواستی خۆیان…

بۆپێشەوە: سەرباری ئەوەی لە هەرێم حکومەت و پەرلەمان هەبووە، بەڵام هەمیشە دەسەڵات لە جێگای ئەوەی لەدەستی حکومەت و پەرلەماندا بێت، لە دەستی حزبە دەسەڵات بەدەستەکاندا بووە، ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت ئەو واقعیەتە تاڵە بگۆرێت؟

ئەبو کاروان:  ئەم دوولایەنەی حوكمڕانی لە ھەرێمی كوردستان لە جەوھەردا بڕوایان بە ھەڵبژاردن و دەستاو دەستكردنی دەسەڵات نییە و ناچاربوونە بەپێی ئەم واقعەی كە لە دونیاد پەیرەو دەكرێت ھەڵبژاردنی ڕووكەشانە ئەنجام بدەن، بۆیە ئەوان حیزبەكانیان لە سەرووی دەسەڵاتەوە دەببینن و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تەداخولی دەسەڵات و بەڕێوەبردن دەكەن بەردەوامن لەو شێوازە كاركردنە، بۆیە لەم واقعە زەحمەتە گوڕانكاری بەدی بێت…

 بۆپێشەوە: کۆمەڵگەی کوردستان بەدەست هیزەکانی دەسەڵات بەدەستی بۆرژوازییەوە، گیری خواردووە، چ ژیان و گوزەرانی چینی کریکار و جەماوەری بێبەش بەهۆی بێ موچەیی و کرێی کەم و نەبوونی خزمەتگوزارییەکان و بیمەکان… بەرەو خراپی چووە، هەم ئاینندەی سیاسی کوردستان نادیارە، چۆن دەکرێت ئەم دۆخە باش بکرێت؟ ئەرکی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان لەو راستایەدا چییە؟

ئەبو کاروان:  ڕاستە لایەنەكانی حوكمڕانی ناتوانن چارەسەری ئەم دۆخە خراپەی حوكمڕانی بكەن، ناتوانن چاكسازی و گوڕانكاری بكەن قەیرانەكان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایەو ھەرێم بەرەو چارەنووسی خراپتر دەبات، ئەمەیش وادەخوازێ حیزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات حیوار و گفتوگۆ بكەن و ببنە خاوەن پرۆژەیەكی گشتگیر و بەرنامەیەكی ھاوبەش بۆ ڕووبە ڕووبونەوەی ئەم شێوازە فاشیلەی حوكمڕانی ھەرێم و ئەو پرۆژەو بەرنامەیە ببیتە بنەمای گفتوگۆی لایەنەكان و سەرجەم چین و توێژەكان و لە دەوری كۆببنەنەوەو پێكەوە فشار بخەنە سەر دەسەڵات كە مەیدانەكە چوڵ بكەن و دەستبەرداری دەسەڵاتداری لەم شێوەیە بن، بەمەبەستی فشاركردنە سەر ھەردو لایەنی (پارتی و یەكێتی) پێویستە لە سەر ھێزە چەپ و كۆمەنیستەكان ڕابەرایەتی و پێشرەوایەتی ئەو بزوتنەوەی ناڕەزایەتیە بكەن دوور لە چەمكی ئایدیولۆژی، خاڵی ھاوبەش و دروشمی ھاوبەش و داخوازییەكانی خەڵك بكرێتە سەنتەری ئەو بزوتنەوە ناڕازی یە…

Leave A Reply

Your email address will not be published.