دیالەکتیکی ماتریالیزم یاخود مارکسیزم چییە؟… ئامادەکردنی: نیوار عمر

0

لە کۆنەوە فەیلەسووفان هەوڵیان داوە لێکدانەوە بۆ دنیا بکەن بە شێوازی جیاواز، بەڵام لێکدانەوەکانیان هەرگیز هێندەی زانست نزیک نەبوون لە ڕاستییەوە، هۆکارەکەشی ئەوەیە زانست لە جیاتی ئەوەی وەک فەلسەفە (بە تایبەتی فەلسەفەی ئایدیالیزم) کار بە چەمکەکان بکات و مێتافیزیکی بێت، یاساکانی خۆی لە ئەقڵ وەرناگرێت، بەڵکو لە سرووشتی وەردەگرێ، بە چەمکە فەلسەفییەکەی واتە ماتریالیستییە نەک ئایدیالیستی. هەر لە سەردەمی نیوتنەوە زانست بوو بە بەشێکی زۆر گرنگی جیهان و کاریگەری زۆر ئەرێنی لەسەر شۆڕشی پیشەسازی و تەندرووستی و کایەکانی کۆمەڵگە هەبوو. هەر لەم سەردەمەی گەشەسەندنی زانستەوە بوو کە لە ئەڵمانیای پایتەختی فەیلەسوفانەوە کەسێکی دانا و زانای وەک کاڕڵ مارکس لە دایک دەبێت دەست دەکات بە خوێندنی زانستەکان و فەلسەفە، ڕەخنەی لە هیگڵی فەیلەسووف گرتووە لەبەرئەوەی ماتریالیستیی نەبووە و لەوێشەوە تیۆرییەکی زانستی توندوتۆڵ پەرەپێدەدات بۆ لێکدانەوەی کۆمەڵگە، ئەویش دیالەکتیکی ماتریالیزمە (دیامات).

ئەنگڵس لە کتێبی ‘دەربارەی سرووشت (On Nature)’ بەم شێوەیە باس لە دیالەکتیک دەکات: “پێویستە گەشە بە سرووشتی گشتی دیالەکتیک بدرێ وەک زانستی پەیوەندییەکان، بە پێچەوانەی مێتافیزیکەوە”، پەیوەندییەکان مەبەست لەوەیە بۆ لێکدانەوەیەکی دیالەکتیکیی شتەکان پێویستە سەرەتا پەیوەندیی شتەکە بە شتی ترەوە بدۆزینەوە و نابێت بە سەربەخۆیی لێی بڕوانین، چونکە هیچ شتێک لە سرووشتا سەربەخۆ و جیا نییە، هەموو شتەکان پەیوەندیدارن. لێرەدا دەزانین کە دیامات پەیوەستە بە پەیوەندی شتەکان بە چوار دەورییەوە، بەڵام ئەم پەیوەندییە چۆنە؟ ئەنگڵس سێ یاسامان لە هەمان لاپەڕەدا بۆ دەنووسێت (کە دواتر بە شێوەکی دوور و درێژ بەسەر سرووشدا جێبەجێی دەکات)، یەکەم یاسا بریتییە لە:

 

١. کۆبوونەوەی دژەکان.

واتە چی؟ لینین لە دۆکیۆمێنتی ‘دەربارەی پرسی دیالەکتیک (On The Question Of Dialectics)’ دەڵێت: “جیابوونەوەی تاکێکی تەواو (single whole) و تێگەیشتن لە بەشە دژیەکەکانی، کرۆکی دیالەکتیکە”، واتە هەموو شتێک لە ناو خۆیدا دوو دژیەک هەڵدەگرێ، بۆ نموونەش پێمان دەڵێ:

لە بیرکاریدا: کۆ و کەم، داتاشراوە و تەواوکاری.

لە میکانیکدا: کار و کاردانەوە.

لە فیزیادا: کارەبای پۆزەتیف و نێگەتیڤ (یاخود بارگەی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ).

لە کیمیادا: یەکگرتن و هەڵوەشانی توخمەکان.

لە زانستی کۆمەڵایەتیدا: ململانێی چینایەتی (نێوان کرێکار و سەرمایەدار.”

 

لێڕەدا تێدەگەین کە دیامات دنیامان بۆ لێکدەداتەوە سەرەتا بە زانینی ئەوەی کە هەموو شتەکانی ناوی پەیوەندارن (ماتریالیزم)، پاشان بە یاسای (کۆبوونەوەی دژەکان) لەناو ئەم شتانەدا.

ئێستاکە دوو یاسای تری دیامات ماوە باسی کەین، لە دەمی ئەنگڵسەوە، ئەوانیش یاسای:

٢. گۆڕانی چەندایەتی (Quantity) بۆ چۆنێتی (Quality) بە پێچەوانەشەوە.

٣. لەناوچوونی لەناوچوون (Negaton Of The Negation) یاخود کاتێک تازە شوێنی کۆنە دەگرێتەوە.

دەربارەی یاسای دووەم یەک نموونەی سادە ڕوونی دەکاتەوە، ئەویش کوڵان و بەستنی ئاوە: ئەگەر لە ژێر پەستانی کەشدا ئاوێک لە پلەی -٢٠°Cدابنێین ئەوا دەیبەستێ و دەبێتە سەهۆڵ، بەڵام گەر پلەی گەرمییەکەی بەرز بکەینەوە بۆ ٠°C (گۆڕانێکی چەندایەتی) ئەوا سەهۆڵەکە دەتوێتەوە بۆ ئاوی شڵ (گۆڕانێکی چۆنێتی), بەهەمان شێوەش بە بەرزکردنەوەی پلەی گەرمی بۆ ١٠٠°C ئاوەکە دەبێتە هەڵم. لەم نموونەوەیە تێدەگەین کە تەنها پاش گۆڕانی چەندایەتی پێویست (لێرەدا پلەی گەرمی) ئەکرێ گۆڕانی چۆنێتی (لێرەدا شلبوونەوە و بەهەڵمبوون) ڕووبدات، هەرگیز ئاو لە ژێر پەستانی کەشدا لە ژێر ٩٩°C ناکوڵێ، چونکە گۆڕانە چەندایەتییەکە بە پێی پێویست ڕووی نەداوە.

دەربارەی یاسای سێیەم، خۆی لە خۆیدا تەواوکەری یاسای دووەمە، چونکە هەمیشە دوای گۆڕانە چۆنێتییەکان، باری پێشووی شتەکە لەناو دەچێت و بارێکی نوێ درووست دەبێت، بۆ نموونە پەپوولە سەرەتا کرمە، بەڵام پاش گۆڕانە چەندایەتی و چۆنێتییەکان کرم لەناودەچێت و دەبێتە پەپوولە، ئەویش بەهەمان شێوە لەناو دەچێت، هەر بەم شێوەیەش لەناوچوونی لەناوچوون.

کەواتە بە سادەیی، دیامات زانستێکی ماتریالیستییە و لە شتەکانی دەکۆڵێتەوە لە ڕێی پەیوەندی نێوانیان، یاساکانی ئەم لێکدانەوەیەک بریتین لە:

١. کۆبوونەوەی دژەکان.

٢. گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنێتی بە پێچەوانەشەوە.

٣. لەناوچوونی لەناوچوون یاخود کاتێک تازە شوێنی کۆنە دەگرێتەوە.

هەر لە ڕێی ئەمەشەوەیە کە مارکسیستەکان لێکدانەوە بۆ بارودۆخە سرووشتییەکان دەکەن، کەواتە مارکسیزم ئایدۆلۆژیایەکی جێگیری پیرۆز نییە، بەڵکو زانستێکە وەک هەر زانستێکی تر، قابیلی گۆڕان و ڕەخنە و پێداچوونەوەیە بە شێوەیەکی زانستی.

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.