ئایا مارکس هەڵە بووە لە لێکدانەوە ئابووریەکانیدا یاخود ڕەینەر زیتڵمەن؟  مارکس یا زیتڵمەن؟

0

کۆمەڵناس و بیرمەندە بۆرژواییەکان هەرناوبەناوێک دەست دەدەنە بابەتێک و تیایدا هێرش دەکەنەسەر مارکس و مارکسیزم و دەیانەوێ پیشانی بدەن کە مارکس هەڵە بووە و ئەوەی وتویەتی سەبارەت بە سەرمایەداری و کۆتاییە حەتمیەکەی ڕاست نییە وهەرگیز نایەتە دی. ئەگەر سەرمایەداری هێندە پایەدار وپتەو و بێ کێشەیە ئەی ئەم قەیرانە بەردەوامە ئابووریەی سەرمایەداری چییە؟ بۆچی هەر چەند ساڵ جارێک دەکەوێتە ناو قەیرانێکی قووڵی ئابووریەوە؟ ئەگەر سیستەمەکە هاوئاهەنگ وبێگەرد و بێخەوشە، ئەی بۆچی مارکس بۆتە مۆتەکەیەک بەسەر دڵی بۆرژوازیەوە و تارماییەکەی بەسەریانەوەیە و ناهێڵێ بخەون؟ بۆنموونە کۆمەڵناس و مێژوونووسی ئەڵمانی ”ڕەینەر زیتڵمەن” لە کتێبێکیدا لەژێر ناوی ”لە داکۆکیکردن لە سەرمایەداری”دا بەرگری دەکات لە سیستەمی سەرمایەداری و هەڵدەکوتێتە سەر مارکس و مارکسیستە مۆدێرنەکان. بەوە دەستپێدەکات کە لەوەتەی ”ئەنتی کاپیتالیستەکان” هەن هەر پێشبینیدەکەن کە قەیرانە گەورەکان کۆتایی بەم سیستەمە دێنێ. ئەنتی کاپیتالیست مەبەستی هەموو ئەوانەیە کە دژ بە سەرمایەدارین، کۆمۆنیستەکان و سۆسیالیستەکان لە ریزی پێشەوەی ئەم دەستەبەندیەدان. کەواتە بۆچی تەنگەتاون ودەیانەوێ وەلام بە مارکس ومارکسیستەکان بدەنەوە و سەر لەنوێ کتێب بنووسنەوە لەسەر دیفاع وداکۆکی لە کاپیتالیزم ئەگەر کاپیتالیزم هەروەک خۆیان دەڵێن باشترین سیستەمی سەر زەویە، ئەی ئەم هەرایەتان لەچییە؟. زیتڵمەن بەگاڵتەجاڕیەوە باس لە ئەنتی کاپیتالیستەکان دەکات کە گوایە چاوی ئومێدیان بڕیوەتە قەیرانە ئابووریەکان و چاووگی ئومید وهیوایان ئەوەیە کە سەرمایەداری هەرخۆی لەخۆیدا کۆتایی پێدێت و دادەڕمێت. واتە دژە کاپیتالیستەکان پێیان وایە کە سەرمایەداری هەرخۆی دەڕووخیت و داڕمانی شتێکی حەتمیە. زیتلمەن دەڵێ بەداخەوە هیواکانیان تا ئێستا ناکام بۆتەوە. زیتڵمەن دەڵێ: ”مارکسیستە مودیرنەکان هەڵەن هەروەک چۆن مارکس هەڵە بوو”. وە دەڵێ مارکس پێی وابووە کە کۆمەڵێک یاسای ئابووری دۆزیوەتەوە کە حەتمەن بەرەو داڕمان و ڕووخانی سەرمایەداری دەچێت. وەک مەیلی یا ئاراستەی دابەزینی ڕێژەی قازانج هەروەها هەژاربونی پرۆلیتاریا. ئەی مارکس ڕاستی نەکرد کاتێ لە بەشی سێیەمی سەرمایەدا وتی: ”لانی کەمی سوود پێکەوە ناکرێ دیاری بکرێ. دەگونجی بێتە نزمترین ئاستەکانی، بەلام لەو حاڵەتەشدا هەمیشە دژە کاریگەر هەیە دووبارە بەرزکردنەوەی لەو ڕادە کەمە بەشێوەیەکی ڕێژەیی”. ئەی مارکس ڕاستی نەدەکرد کاتێ دەیگووت: ”رێژەی سوود دەگاتە ئەوپەڕی بەرزبوونەوەی لەکاتی قەیرانەکاندا کاتێ پارە بەهەر نرخێک بێت بە قەرز وەردەگیردرێ لەبەرامبەر دانەوەیان. هەروەها بەرزبوونەوەی رێژەی سوود یانی دابەزینی نرخی کاغەزی بەهادار (اوراق مالیة) ”. هەموو ئەم وتانە تا ئێستا هەر ڕاستن. هەروەها مارکس پێێ وایە کە ڕێژەی سوود (سعر الفائدة) مەیلی نزم بوونەوەی هەیە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە هەر بەرزبوونەوە نزمبوونەوەیەکی رێژەی قازانج”. ئەمانە کەمێک لەو یاسا ئابووریانەن کە مارکس لە بەشی سێیەمی سەرمایەدا باسی لێوەکردوون و لەجیهانی ئەمرۆماندا دەتوانرێ بەشێوەیەکی ئۆبژێکتڤ دەست نیشانبکری. لە قەیرانی ٢٠٠٨ دا ئەنتی کاپیتالیستەکان پێیان وابوو کە ئەمجارە ئەوەی کەلەمێژە چاوەروانی دەکەن واپێی گەیشتن و ئەمە کۆتایی کاپیتالیزمە. بەلام کاتێ نائومێد بوون بەم قەیرانەش ناچاربوون چاوەڕێ بکەن تا ٢٠٢٠/٢٠٢١ سەردەمی پەتای کۆرۆنا، گوایە چەپ وکۆمۆنیستەکان دوبارە هیوا وئومێدیان بەستۆتەوە بە قەیرانی کۆڤیدی ١٩ وە خەوی ئەوەیان دەبینی کە ئەمجارە ئەم پەتایە هەڵدەستێ بەوەی کە ئەوان ئومێدی بۆدەخوازن وە ئەمە شکستی سەرمایەداریە. لەم ڕووەوە ”ویلیەم دەیڤس” وتارێکی لە رۆژنامەی گاردیان دا بلاوکردەوە لەژێر ناونیشانی ”قەیرانی پێشوو جیهانی نەگۆڕی، بەلام ئەمەیان دەکرێ بیگۆڕێ”. ”ژۆزێف شۆمپیتەر” ئابووریناسی سیاسی نەمسایی پێی وایە قەیرانەکان بەشێکن لە سەرمایەداری ئەگەرچی کاریگەری کورت ماوەی کێشەی گەورە دروست دەکات بۆ کۆمپانیاکان وکریکاران، بەلام کاریگەری پۆزەتیڤی دەبێت لە درێژ ماوەدا ئەمەش ئەو تێرمە یا زاراوەیەیە کە ”شۆمپیتەر” دایهێناوە کە ناوی ناوە ”داڕمانی خوڵقێنەرانە”.ئەم عیبارەتە یا تێرمە لە دوو وشەی دژ بەیەک پێکهاتووە، داڕمان و خوڵقێنەر کە ناکرێ دوو شتی دژ بەیەک پێکەو کۆبکرێنەوە. هەروەها زیتڵمەن پێی وایە کە کاتێ سیاسەتمەدارەکان دەست لە ئابووری و قەیرانەکانی سەرمایەداری وەردەدەن، قەیرانەکان هەمیشە خراپتردەبن و درێژتر دەخایەنن لەوەی کە پێویستە. ئابووریناسی ئەمریکی ”تۆماس دیلۆرینزۆ” ئەو تێروانین ومامەڵەکردنەی حکومەتی ئەمریکی ژێر دەسەلاتی سەردەمی سەرۆک ”مارتن ڤان بیورن” لەگەل دیپرێشنی (کەساد)ی سالێ ١٨٣٧ دا بەراورد دەکات بە مامەلەکردن و وەلامدانەوەی سەرۆک ”فرەنکلین رۆزفیلت” بە دیپرێشنی سالی ١٩٢٩ . سەرۆک ڤان بیورن سیاسەتی دەست تێوەرنەدانی گرتەبەر و وەستایەوە بەرامبەر بەهەر هەوڵێک یا پیشنیارێک بۆ کارکرد و کاردانەوەی راستەوخۆ و دەستتێوەردانی حکومەت کە بوە هۆی کۆتایی پێهاتنی لەنەکاوی قەیرانەکە. بەپێچەوانەشەوە رۆزفڵت کە دەستی دایە ”ڕێکەوتنی نوێ” کە پشتی بەستبوو بە کۆمەڵێ لە بەرنامە وپرۆگرامی حکومەت و پەیرەوکردن لە سیاسەتی ئەنتی کاپیتالیزم وە بەپێی ئەو کەسانەی باوەریان بەم رێکەوتنە نوێیە هەبوو دەیانگوت کە بە پیجەوانەی ئەنتی کاپیتالیستەکان کە ریکەوتنی نوێ کۆتاییهیناوە بە قەیرانەکە لەراستیدا سیاسەتی رۆزفلت دریژەی پپدا. ئەڵبەتە ئەمە بۆچوونی بیرمەندانی بۆرژوازییە. بەلام مێژوو سەلماندویەتی کە رۆزفلت رۆڵێکی پۆزەتیڤی بینیوە کاتێ دەستی وەرداوەتە ئابووری کاپیتالیزم لەسەردەمی خۆیدا لەژێر کاریگەری یەکیەتیە کرێکارییەکانی ئەو کاتی ئەمریکا وملی ناوە بە داواکاری کرێکاران و یەکیەتییە کرێکارییەکان بەوەش کەمێک لەباری سەنگینی کرێکاران سووک بووە. سەرمایەداری لە داڕمان دایە بەلام ئەمە مانای ئەوە نییە کە کاپیتالیزم کۆتایی پێ هاتووە یا کۆتاییەکەی زۆر نزیکە بەلکو ڕەوتی داڕمانەکەی دەستیپێکردوە.

سالار حەمەسەعید

 ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.