پێناسەیەکی کتێبی “دۆستەکانی گەل کێن و چۆن شەڕی سۆشیال دیموکراتەکان دەکەن”، لینین ١٨٩٤… نووسینی: توانا حەمەنوری

0

ئەم کتێبە خۆی ئەنجامی هەندێ وتاری لینینە کە لە حەلقەی مارکسیستی سەمارادا پێشکەشی کردوە و تیایدا ڕەخنە لە ناردۆنیکە لیبراڵە دژە مارکسیستەکان دەگرێ. لینین لە ساڵانی ١٨٩٢-١٨٩٣ لە سەمارا دەستی بە کارکردن لەسەر ئەم کتێبە کردووە. بەشی یەکەمی کتێبەکە لە مانگی حوزەیرانی ١٨٩٤ لە سانت پترسبۆرگ چاپ کرا و بە شێوەیەکی نایاسایی لەوێ و لە شارەکانی دیکەدا بڵاوکرایەوە. چاپی دووەمی بەشی یەکەم بە بێدەستکاری لە تەمموزی ساڵی ١٨٩٤ دەرچووە.

لە ساڵی ١٨٩٣ لینین پەیوەندی بە یەکێک لە حەلقە مارکسیستەکانی شاری پترسبۆرگ کرد. لینین هەوڵی ئەدا بۆ یەکخستنی گروپە مارکسییەکان و کۆتاییهێنان بە دۆخی پەرشوبڵاویان لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و ڕێکخستن لە نێوان کرێکاراندا بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕانە بۆ سەرکردایەتیکردنی خەباتی سیاسی کرێکاران. ململانێی ئایدیۆلۆژی لەو سەردەمەدا لە نێوان پۆپۆلیستە لیبراڵەکان و سۆسیال دیموکراتەکاندا زۆر چڕ بوو بوو. بیرمەندی مارکسیستی ڕووسی پلێخانۆڤ (١٨٥٦-١٩١٨) ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی بیروباوەڕی لیبراڵ و بڵاوکردنەوەی مارکسیزم.

لینین لەم کتێبەدا مامەڵە لەگەڵ لایەنی فیکری پەرەسەندنی بزووتنەوەی سۆسیال-دیموکراسی لە ڕووسیا دەکات. لەو قۆناغەدا کە شۆڕشە بۆرژوازیەکان لە ئەوروپا سەرکەوتوو بوون و پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی فیۆداڵی بەرەو کۆتایی دەچوون و سیستەمی سەرمایەداری دەستی بە پێکهاتن کردبوو. لە کاتێکدا سیستەمی فیۆداڵی لە ڕووسیا بە پشتیوانی دەوڵەتی تزاری و زاڵبوونی سیستەمی کۆیلایەتی لە لادێکانی ڕووسیا ڕێگەی پێدەدرا، دواتر بەهۆی فشاری جەماوەرییەوە، بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی فیوداڵەکان، بە شێوەیەکی یاسایی هەڵوەشایەوە و لەگەڵیدا سەرەتاکانی هاتنە ناوەوەی سەرمایەداری لە ڕووسیا و سەرهەڵدانی کارگە و هێڵی ئاسن بوو.

لە لادێکانی ڕووسیا دوو چین دروست بوو بوون: بۆرژوازی گوندنشین و کرێکارانی لادێ، لە شاریش بۆرژوازی و چینی کرێکار دەرکەوتبوون، کە لە ناویاندا بیرۆکەی شۆڕشگێڕانەی سۆشیال دیموکراسی شۆڕشگێڕانە بڵاو بوو بۆوە. لە هەمان کاتدا ڕەوتێکی سیاسیی کۆنەپەرست سەری هەڵدابوو، ئەویش “بزووتنەوەی گەل” بوو، کە داوای سوشیالیزمی یوتۆپی لە نێو جوتیاران دەکرد بۆ بەدیهێنانی چاکسازی، بەڵام بەبێ ئەوەی ڕووبەڕووی ڕژێم یان ئامێرە سەرکوتکەرەکانی ببنەوە.

لەو هەلومەرجە سیاسی و فیکریەدا بوو لینین ئەم کتێبەی نوسیوە. کتێبەکە سێ بەشە بەڵام بەشی دووەمیان لەدەستچووە. لینین له‌ به‌شی یه‌كه‌مدا‌ وه‌ڵامی تێزەکانی پۆپۆلیسته‌كان کە‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بیری فه‌لسه‌فی ئایدیالیستی بۆرژوازی دامەزراوە،‌ دەداتەوە. ‌پۆپۆلیستەکان گه‌شه‌ی مێژوویی به‌ ئاكامی چالاکی تاکەکەسیان دەزانی، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەرئەنجامی چالاکی و ئیرادە و ئارەزووی مرۆڤن و دیاریکەری گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و مێژوویین. نەیاری سەرەکییان میتۆدی مارکسیست بوو و تۆمەتباریان دەکرد بە شێواندنی ئایدیالی بیری هیگڵی. بۆیە ئەم کتێبە ڕوانگەی مارکسیزمی خستەڕوو، ماتریالیزمی مێژوویی و لێکدانەوەی ئەو بۆ جووڵە و گەشەسەندنی کۆمەڵگەکان و مێژووی مرۆڤایەتی ڕوون کردەوە و دەریخست دیالێکتیکی مارکسیستی لە پرەنسیپدا جیاوازە لەوەی کە فەیلەسوفی ئەڵمانی هیگڵ (١٧٧٠-١٨٣١) پێشنیاری کردبوو.

لینین به‌ به‌کارهێنانی میتۆدی دیالێکتیکی بۆ جووڵه‌ی سروشت و کۆمه‌ڵگە و ئایدیاکان، رێبازی مارکسیستی شیکردبۆوە‌. ئەمەش لەو قۆناغە گرنگەی گەشەسەندنی بیری سۆشیالیستی لە ڕووسیادا، چەکێکی فیکری کاریگەر بوو بۆ خەبات دژی ئایدیالیستی بۆرژوازی و نوخبەگەراییدا.  گۆڕانکاری شۆڕشگێڕانەی كۆمەڵگە لە ڕێگەی تێڕامان و لێكۆڵینەوەی ئەكادیمی نایەتەدی.

ئەم کتێبە لە کۆتایی ساڵەکانی سەدەی نۆزدەم نووسراوە، بەڵام چالاکی و مشتومڕە فیکری و کاری ڕێکخراوەیی و پرۆپاگەندەکانی پێشەکین بۆ ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٠٥ دژی دەسەڵاتی تزاری، کە وای لێکرد ئیمتیازات بە بەشێکی بدات و ئەمەش خۆی پرۆڤەیەک بوو بۆ شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧.

Leave A Reply

Your email address will not be published.