چەند سەرنجێک لەسەر کۆمۆنیزمە نوێکەی هاوڕێ ئاسۆ کەمال…

0

ئاسۆ کەمال لە ساڵی 2020 دا کتێبێکی بڵاوکردۆتەوە بە ناوی “کۆمۆنیزمی نوێ” کە گوایە لێکۆڵێنەوەیەکە، سەبارەت بە حیزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم (1).

یەکەم:

ئەم کتێبە “کۆمۆنیزمی نوێ” ناکۆکی و ناڕۆشنی و نادرووستی زۆری تیادایە، کە پێویستی بە وەڵام هەیە. من نووسینی ئەم چەند سەرنجە لەسەر کتێبەکەی هاوڕی ئاسۆ کەمال، لە دوو لایەنەوە بە پێویست ئەزانم. یەکەم ئەوەی کە هاوڕی ئاسۆ هاوڕێیەکی خۆشەویست و دێرینمانە و ئێستا نائومید بووە و لەم ڕێگەیەوە هەوڵی داوە وەڵام بە نائومێدی خۆی بداتەوە و لەم پێناوەدا زەحمەتی کێشاوە و دڵی بەم کارەشی زۆرخۆشە. خودی ئەوەی کە ئاسۆ لە ساڵیادی مەنسور حیکمەتدا چەند لاپەڕەی ڕەشکردەوە و ئەوی وەک سەردەمی دوای لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر بە ڕابەرێکی بێ هاوتا ناساند، بەڵام ساڵانێکی نەبرد لە بۆچوونەکانی هەڵگەڕایەوە، بەڵگەی ئەم بێ هیواییەیەتی. وە دووەم هۆکار بۆ نووسینی ئەم چەند سەرنجە لەوێوە بە پێویست ئەزانم کە پێم وایە ناحەقییەکی زۆری بە نووسین و  لێکدانەوە دروستەکانی هاوڕێ مەنسور حیکمەت کردووە و بۆ بێ هیواییەک کە تیایدا لە کێشمەکێشدایە، نادروست بەکاریهێناوە.

باوەڕم وایە کە ئەگەر مەنسور حیمکەت (4/6/1951 بۆ 4/7/2002)، ئەو ڕابەرە کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕە، ئەو بیرمەندە پراگماتیکە، ئەگەر ئێستا بمایە و لەلامان بوایە لەم هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیەی ئێراندا. ئەوا نە ئاسۆ ئاوا بێ ئومێد ئەبوو، وە نە وەزعی بزووتنەوە و حیزبەکانی لە ئێران و کوردستان و عێراقدا وەک ئێستا ئەبوو.

دووەم:

ئەگەر وشەی سێکت (مەحفەل) لە کتێبەکەی ئاسۆ دەربکەی، بەتایبەت لە بەشی نۆزدەوە کە لەسەر کۆمۆنیزمی کرێکارییە. ئەوا هەر پەڕەیەکی کتێبەکەی ئاسۆ وەک بێژنگی لێ دێت، چونکە ئەوەندە بەکاری هێناوە. من لە هۆی بەکارهێنانی ئەم هەموو سیکتاریزمەی ئاسۆ تێ ناگەم. تاکە هۆکاریک کە بیرم بۆی بچێ ئەوەیە کە ڕەنگە تۆڵە کردنەوەیەک بێ لە هاوڕێ مەسنور حیکمەت، چونکە ئاسۆ یەکێک بوو لەوانەی کە لە سەرەتادا لە ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقدا بوو، وە پاش نزیک بە چەند ساڵێک لە دامەزراندنی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، داریان لەسەر بەرد دانەنابوو. مەنسور حیکمەت ڕەخنەی لێ گرتن و بەدرووستی پێی وتن، کە ئێوە هەر خەریکی کاری سێکتی بوونە و هەر گروپەتان ئیدارەی ئەو مەحفەل و ڕێکخراوەی خۆتان کردووە کە لە پێش پێکهێنانی حیزبدا هەتانبوو. پێی وتن  حیزب هەر بەناو هەبووە و ئێوە هەروەک پێشتر کارتان کردووە. کە بەداخەوە ئەو چەند ساڵە مەحفەلگەراییە، کە ئاسۆ یەکێک لە پەیڕەوکەرانی بوو، زەربەیەکی زۆر گەورەی دا لە حیزب و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی.

ئاسۆ بۆ هێندە تێرمی سیکتاریزمی لە دژی مەنسور حیکمەت بەکارهێناوە؟ ئایا مەنسور حیکمەت بەرژەوەندی حیزبەکەی خستبووە پێش بەرژەوەندی چینی کرێکارەوە؟ ئایا پێداگری لەسەر جیاوازی و ناکۆکی فکری و سیاسی واقعی حیزبەکەت لەگەڵ ئەحزابی تر سیکتاریزمە؟

سێیەم:

ئاسۆ کەمال کە تەنها خۆی نووسەری ئەم کتێبەیە، بەڵام بەناوی کەسی سێهەمی کۆوە (ئێمە)ەوە قسە ئەکات و باسی هەرشتێک ئەکات ئەڵێ ئێمە. بەکارهێنانی ئێمە لە جیاتی من لەلایەن نووسەری ئەم کتێبەوە، خاڵێکە کە پیویستی بە قسە لەسەرکردن هەیە. کتێبەکە خۆی نووسیوێتی، بۆ ناڵێ من!؟ ئاسۆ هیچ بۆ خوێنەری ڕوون ناکاتەوە کە مەبەستی لە ئێمە کێیە؟ ئەم خۆ قەبەکردنە و بەکارهێنانی (ئێمە ) لە جیاتی (من) سیفاتێکی ئەوانەیە کە بەدەست (نارسیسیزم)ەوە ئەناڵێنن. هاوڕێ ئاسۆ بە بەکارهێنانی ئێمە، خۆی قەبە ئەکات. بوغرایی و لوتبەرزییەکی بێ مانا و بێ بنەمای زۆری لەم کتێبەدا پیشان داوە و پێی وایە لە ئێستادا وەڵامی بە هەموو ئاستتەنگییەکانی بەردەم چینی کرێکاری لە ئاستی دنیادا داوەتەوە و وەڵامی هەر کێشەیەکی بەردەم حیزبییەتی چینی کرێکاری دۆزیوەتەوە و ئیتر چینی کرێکار و ڕابەرانی سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکان هەر کێشەیەکیان هاتە بەردەم ئەوا لە کۆمۆنیزمەکەی ئاسۆدا وەڵامیان دەستئەکەوێ! ئەوەتە هاوڕێ ئاسۆ لە پێشەکییەکەیدا ئەڵێ ” ئەم لێکۆڵینەوەیە ڕیشەی قەیرانی سیاسی و ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزمی سەردەمی دەستنیشانکردووە”ل4، وە لە ل6 دا پێی وایە لەسەر ئاستی دنیا وەڵامی داوەتەوە “بەو کێشانەی ڕووبەڕوی بزوتنەوەی کریکاری و کۆمۆنیستی بوونەتەوە لە سەدەی بیست و یەکدا”. بەرای من خودی ئەوەی کە ئەو پێی وایە وەڵامی هەموو قەیرانی سیاسی و ئایدۆلۆژی کۆمۆنیزمی سەردەمی داوەتەوە، نیشانە و بەڵگەی ئەوەیە کە ئەو نەک هەر ئەم وەڵامەی نەداوەتەوە بەڵکو لە بنەرەتدا خودی کێشە و ئاستتەنگیەکانی ئەم سەردەمەی کۆمۆنیزمی نەناسیوە و نازانێ چین. ئاسۆ ئەڵێ بۆ ئەم کتێبە لە میراتی فکری و مێژووی 200 ساڵی ڕابردووی چینی کرێکار و بزووتنەوەکەیمان کۆڵیوەتەوە. بۆ هەموو لێکۆڵینەوەی 200 ساڵەکەشی، ژمارەی ئەو کەسانەی لێکۆڵینەوەی لەسەر کردووە لە ژمارەی پەنجەکانی دەست تێناپەڕێ. خوێندنەوەی کەسانی وەک مارکس و ئەنگلس و لینین و مەنسور حیکمەت و ترۆتسکی و گرامشی و ڕۆزا لۆکسەمبۆرگ، ئەلف و بێیە بۆ هەر کۆمۆنیستێک و کرێکارێکی سۆشیالیست و پێویستە خۆی پێیان ئاشنا بکات.

هاوڕێ ئاسۆ لەجیاتی ئەوەی مەنتیقی بێ و بڵێ ئەم کتێبە هەوڵێکی منە بۆ وەڵامدانەوە بەو قەیرانە سیاسی و ئایدۆلۆژییەی کە پێم وایە کۆمۆنیزمی سەردەمی ئێمە، تووشی بووە. لە جیاتی ئەمە زۆر یەقینانە و سارکاستیکانە پێی وایە کە “ڕاستییەکی دۆزیوەتەوە کە ئەتوانێ بزووتنەوەی کۆمۆنیستی لە قەیران و بنبەستی ئێستا ڕزگار بکا” ل3. لەسەر ئەم گشتگیری و یەقینییە، ڕێچارد ۆڵف لە وتاری (مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا)دا(2) ئەڵێ ” بیروباوەر لەسەر مارکسیزم، لێکدانەوە و شیکردنەوەی مارکسیزم، تەنانەت پێناسەی سۆشیالیزم زۆر هەمەجۆرە. سۆشیالیزم توراسێکی گەورە و بەربڵاو و هەمەجۆرە کە ڕەخنەی لە سەرمایەداری هەیە. سۆشیالیزم مۆدیلێکی ترە، ئەڵێ ئەتوانین باشتر بکەین لە سەرمایەداری، بەڵام ئەوەی چۆن باشترئەکەین، تەرکیز لەسەر چی ئەکەین، بە چی ڕێگەیەک وە چۆن و بەچی ڕیزبەستنێک. خەڵک لەسەر ئەمانە جیاوازیان هەیە. بۆیە لەبیرت بێت، ئەگەر وتارێک یان کتێبێکت خوێندەوە لەسەری نووسرابوو (زە سۆشیالیست ڤیو) یان (زە مارکسیست ڤیو) ئەوە کتێبەکە دابنێ، چونکە گەمژەیەک کتێبەکەی نووسیوە. نابێت بنووسێ (زە). کەسێک ئاوا بڵێ یان زانیاری نییە، یان مەبەستێکی تری هەیە کەبەم شێوەیە ئەنووسێ. پێویستە باوەڕت وابێت کە شێوەی جیاواز و بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر سۆشیالیزم. تۆ ئازادی کامەیان هەڵئەبژێری و قسەی لەسەر ئەکەی، یان حەزت لە کامیانە یان ڕەخنە لە کامیان ئەگری. بەڵام نابێت وا دابنێی کە ئەوەی تۆ تەنها بۆچوونە. بۆ نموونە ئەمە وەک ئەوە وایە کە ئەگەر من کۆرسێک دابنێم لەسەر ئاین، وە لەو کۆرسەدا لە ڕۆژی یەکەمەوە تا کۆتایی دەربارەی ئاینی (بەهایی) بێت. ئەگەر تۆ وادابنێی کە ئەمە هەموو شتێکە دەربارەی ئاین. ئەگەر بەم جۆرە بکەی، ئەوا ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە تۆ یان ساویلکەی یان کەسێک پارەی داوەتێی بۆ مەبەستێکی تایبەت کە ئاوا بەو جۆرە قسە بکەی”. لە زمانی کوردیدا دەربڕینەکان جیاوازە وهەرچەندە ناوی کتێبەکەی هاوڕێ ئاسۆ ئەو (زە) یەی پێوە نییە، بەڵام لە ل 350 دا ئەڵێ (ئەم کۆمۆنیزمە نوێ یە) کە ئەمە (زە)ی ئینگلیزییە، وە ناوەڕۆکی کتێبەکەی و وەسفیك کە یەقینانە لەسەر کتێبەکەی کردوویەتی، ڕێک ئەو سەرنجەیە کە ڕێچارد ۆڵف بە درووستی باسیکردووە.

چوارەم:

وتەی کردنەوەی کۆنگرەی سێی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران(3) کە لە 13 و 14ی ئۆکتۆبەری 2000دا بەسترا و مەنسور حیکمەت پێشکەشی کرد. ئەو باسە یەکێکە لە باسە بەپێز و بەهێزەکانی مەنسور حیکمەت. لە سەر ئەوەی مەنسور حیکمەت لەو وتارەدا لە شوێنێکدا وتوویەتی “هاوڕێیان، ئێمە دەمانەوێ حیزبێکی سیاسی پێک بهێنین، باوەڕبکەن کە هێشتا پێکمان نەهێناوە، خەریکین پێکی ئەهێنین”. لەسەر ئەمە، ئاسۆ توانجی نامەنتقی زۆر لە مەنسورحیکمەت و حیزب و بزووتنەوەکەی ئەدات و ئیعلانی بێ توانایی ئەو دەکات و گاڵتە ئامێزانە چەندین جار ئەمە دووبارە ئەکاتەوە لە تەواوی کتێبەکەیدا و سارکاستیکانە دەیان جار توانج ئەدات و ئەپرسێ کە بۆچی 30 ساڵە هێشتا هەر خەریکی پێکهێنانی حیزبی سیاسین؟

ئاخر لەبەرئەوەی مەنسور حیکمەت تەوەقوعی بەرز بوو. وشەی “حیزبی سیاسی” تەوەرەیی بوو لەلای ئەو. مەنسور حیکمەت ئەیویست ئەو وەسیلەیەی کە پێکی هێناوە واتە (حیزب) ببێتە ئامرازی دەستی هەموو چینی کرێکار و لە گۆڕانکارییەکانی ئێراندا بتوانێ کۆمۆنیزم بکاتە یەکێک لە هەڵبژاردەکان بۆ چینی کرێکاری ئیران. مەنسور حیکمەت هەلومەرجی ئێرانی بەدرووستی هەڵسەنگاندبوو وە پێشبینی باروودۆخی شۆڕشگێڕانەی ئیرانی کردبوو. ئەی خۆ ئەو وەک تۆ سۆشیالیزمی بۆ نەوەکانی ئایندە دانەنابوو. ئەو وەک تۆ خەریکی خەیاڵ هۆنینەوە نەبوو کە دۆشدابمێنێ بەدیار دروستکردنی حیزبێکەوە کە تەواوی هەموو چینی کرێکار بکاتە ئەندامی ڕیزەکانی هەر وەک لە ل345 باسی ئەکەی. کێ دەستی تۆی گرتبوو کە لە سی بۆ چل ساڵی خەباتتدا، وە لە ئێستاشدا کێ دەستی تۆی گرتووە کە هەموو هێزی چینی کرێکار کۆبکەیتەوە و ڕابەرایەتی بکەی؟ ئەگەر لە عێراق و کوردستان نەتتوانی و ناتوانی بۆ لە بەریتانیا نایکەی؟ مەنسور حیکمەت واقیع بین بوو، کۆڵنەدەر و پشوو درێژ بوو، وەک تۆ خەرکی ڕۆمانسیەت و هۆنینەوەی خەیاڵ نەبوو.

پێنجەم:

لە شۆڕشی 1979ی ئێراندا، چینی کرێکار شکستی خوارد. ئاسۆ بە توانجی ناڕاستەوخۆ لە ل214 و ل216ی کتێبەکەیدا ئەو شکستەش ئەداتە پاڵ مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری. مەنسورحیکمەت کە وەک گەنجێکی بیست و چەند ساڵ بەشداری ئەو شۆڕشە بوو، لەوکاتەوە، بەو تەجرەبەیەی کە لەو شۆڕشەدا بینی و بەدەستی هێنا، بەردەوام تا ڕۆژی مردنی، هەموو هەنگاوێکی بۆ ئەوە بوو کە لە شۆڕشی داهاتووی ئیراندا کۆمۆنیزم بکاتە یەکێک لە ئەڵتەرناتیڤەکان بۆ چینی کرێکاری ئێران و کۆمەڵگا. مەنسور حیکمەتی شۆڕشگێڕ و خەباتکار حیزبێکی سیاسی بۆ گرنگ بوو، هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بوو تا بتوانێ کلیلی گۆڕینی جیهان پەیدا بکات و ئەو بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە شەپۆل دەدات لە دژی دەسەڵاتی سەرمایە و ڕژێمی ئیسلامی ئێران ڕابەرایەتی بکات، تا بەو وەسیلەیەی پێکی هێناوە، چینی کرێکار دەست بۆ کۆمەڵگا ببات و بیگۆڕێت.

ئاسۆ نائومێد بووە و هەر لەڕابردوودا ئەژی. هیچی بۆ ئایندە و شۆڕشی داهاتووی ئێران پێ نییە و ئیعلانی شکستی تیۆرییەکانی مەنسور حیکمەتی ڕاگەیاندووە و ئەڵی لەبەرئەوەی  شۆڕشی 1979ی ئیران شکستی خوارد کەواتە تیۆرییەکانی مەنسور حیکمەت “خاوەنی ڕاستییەکی ئۆبژەکتیڤ نەبوون”ل219!

مەنسور حیکمەت لە هەمان وتاری کردنەوەی کۆنگرەی سێدا ئەڵێ، ئەگەر لە ساڵی 1978 و 1979 دا شتێکی وەکو حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی  لەبەردەم  من و تۆ و کەسانی دیکەدا هەبوایە کە بکرایە بچیت ببیتە ئەندامی و دەست بە تێکۆشان بکەیت، ئەم بیست و چەند ساڵە ئەم بەدبەختیە نەدەبوو “بەڵام نەبوو، وە ئێمە ناچاربووین کە خۆمان یەکێک دروست بکەین و لە قۆناغی مانیفاکتۆرەوە دەست پێ بکەین، بەڵام دەبێ ئەمە بە ئەنجام بگەیەنین، ئەمە دەبێ ببێتە حیزبێکی سیاسی، دەبێ بڕوات لە کۆڵانەکانی خەڵکیدا، لە تاکتاکی شار و گەڕەک و دێهاتەکاندا، لە هەموو شوێنێک، لقی هەبێت، هەر ئینسانێک کە لە وەزعی ژیانی خۆی ناڕازی بێت، بتوانیت ببێتە ئەندامی، بتوانێ تیایدا ڕای خۆی بڵێت، تیایدا چەک بەدەستەوە بگرێت، بتوانێ بەیارمەتی ئەو مانگرتن بەرپا بکات، بتوانێ بەیارمەتی ئەو وەڵامی کەمینەیەکی بۆرژوازی  ملهوڕ بداتەوە کە ئێستا لەسەر کارە و ئەگەر ئەم حیزبە وجودی هەبێت، ئەوا لە شەو و ڕۆژێکدا شکستیان پێ ئەهێنێ”(3).

بە تایبەت بۆ خوێندنەوەی ئەو بەشانەی کە لەسەر مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکارییە، ئەبێت هاوڕێ ئاسۆ کەمال بەم بوغرایی و نائومێدبوونەی ئێستایەوە، بهێنیتە پێش چاوی خۆت، تا حەوسەڵە بەخۆت بدەیت و توانات هەبێت بەردەوام بی و ئەو بەناو ڕەخنە نادروست و لاوازانە کە لە مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری گرتووە بخوێنیتەوە.

شەشەم:

هاوڕێ ئاسۆ بە شێوەیەکی نادروست، بە پێویست و نا پێویست، لە هەموو کتێبەکەیدا بە زمانی گڕامشییەوە ڕەخنە لە لینین و شۆڕشی ئۆکتۆبەر و مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەگرێ. گرامشی لە 1921 دا لە حیزبی سۆشیالیستی ئیتالیا وازی هێنا و چوو حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیای دامەزراند و لەم کارەیدا بەهرەمەند بوو لە پشتیوانی (لینین)یش. ئاسۆ هیچ باسی ئەمە ناکات و ڕەخنەی لێ ناگرێت! بەڵام گاڵتە ئامێزانە توانج لە مەنسور حیکمەت ئەدات و ئەڵێ حیزب پێک دینێ و بەجێی دێڵێ. بەڕاستی ڕەخنەیەکی سەیرە کە ئێستا پاش دەرکەوتنی هەموو ئەو پێشبینییە دروستانەی کە مەنسور حیکمەت لەسەر حیزبی کۆمۆنیستی ئێران هەیبوو کە دوای بەجێهێشتنی هاتنەدی، کەچی هێشتا لەسەر ئەمە بیانووبگری!

حەوتەم:

مەنسور حیکمەت مارکسی سەردەمی ئێمە بوو. بەڵێ ئەو ئۆتۆریتەیەکی سیاسی و مەعنەوی جێکەوتووی هەبوو، وە بە داخەوە شوێنگرەوەی نەبوو. جێگەی نیگەرانییە کە ئەم هاوڕێ کۆمۆنیستەمان (ئاسۆ کەمال)، کە ئێستا نائومێد بووە و هاوڕێ زاهیر باهیر پێی وایە کە لە پلەی مۆلەقەدایە و خەریکە ئەبێت بە ئانارشیست(4)، لە ل234ی کتێبەکەیدا تەوهین بە مەنسور حیکمەت ئەکات و بە قەشەی کاسۆلیکەکان و مەرجەعی شیعە بەراوردی ئەکات و ئەیەوێ بچوکی بکاتەوە و بە نووێنەری تەنها گرووپێکی چەند سەد کەسی وەسفی ئەکات!

ئەگێڕنەوە کە مەنسور حیکمەت  پێش مەرگی ناوەختی ڕۆژێک چاوانی پڕ دەبێ لە فرمێسک، ئەسغەری کەریمی کە لەلای ئەبێت، لێی ئەپرسێ چی نیگەرانی کردووی؟ مەنسور حیکمەت ئەڵێ نیگەرانی ئەوانەم کە لە دوای خۆم بەجێیان ئەهێڵم.

مەنسور حیکمەت، کە بە هەڵسەنگاندنی ئەو واقعییەتەی لەبەردەستیدابوو، پێشبینی ئەکرد کە ڕێی تێ ئەچێت کە هاوڕێیانی دوای خۆی ناکۆکیان بکەوێتە نێوانەوە و ئەو ئامرازەی دەستی چینی کرێکار کە تا ئێرەی هێناوە و ئیحتیمالە هاوڕێیانی دوای خۆی زەربەی لێبدەن، بۆیە لە کاتێکدا کە ئەزانێ نەخۆشییەکەی تەنگی پێهەڵچنیوە و ئیحتیمالی نەمانی هەیە، بۆیە لە پلینیۆمی چوارەدەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێراندا کە لە سێپتەمبەری 2001 دا بەسترا، پێشنیاری ڕابەری دەستەجەمعی ئەکات. بەڵام ئاسۆ نارسیستیکانە توانجی سارکاستیکانە لە مەنسور حیکمەت ئەدات و ئەڵێ کە خۆی نامێنێ کەس بە شیاوی لیدەر نازانێ و پێشنیاری ڕابەری دەستەجەمعی ئەکات.

مەنسور حیکمەت ئەڵێ “هەر تەرحێک تەنها بە ئەندازەی ئیرادە و توانایی جێبەجێکەرانی کاریگەر و بەکەڵک ئەبێ. پرانسیپێکی بناغەیی هەر تەرحێک بۆ سازماندەیی ڕابەری حیزب، لە ئارادابوونی کەسانێکە کە ئامادەبن، بە پلەی ڕابەرییەکی سیاسی و حیزبی بە مانای دروست و تەواوی وشەکە دەرکەوتبن. لێرەدا دیسانەوە ئامادەیی کۆمیتەی ناوەندی، مەکتەبی سیاسی و بەتایبەت هەیئەتی هەمیشەیی مەکتەبی سیاسی بۆ بە ئەنجامگەیاندنی کاروبارێک کە لە ئەستۆی ئەگرن، مەرجی سەرکەوتنی ئەم تەرحەیە” (5).

هەشتەم:

ئاسۆ لە خەیاڵی ناواقیعیدا شەپۆل ئەدا و لە ل 243ی کتێبەکەیدا پێشبینی ئەکات و ئەڵێ تێگەیشتنی کۆمۆنیزمی کرێکاری سەبارەت بە سۆشیالیزم هەمان مۆدیلی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە. ئاسۆ ئەم قسە نادروستە ئەکات و ئەم تۆمەتە هەڵئەبەستێ، بەبێ ئەوەی یەک دێڕ و یەک پەرەگراف و مەقالەیەکی مەنسور حیکمەت و حیزبەکەی بهێنێتەوە و بڵێ بەم دەلیلە و لە فلان شوێندا وای وتووە و بەرگری لە سەرمایەداری دەوڵەتی ئەکات یان وەک خۆی ئەڵێ، گوایە بەرگری لە سۆشیالیزمی دەوڵەتی ئەکات!

نۆیەم:

ئاسۆ لە ل 245ی کتێبەکەیدا ئەڵێ کۆمۆنیزمی کرێکاری توشی ئەزمەی دەوری دەبن و ناتوانن تاسەر پێکەوە کاربکەن. نەک کۆمۆنیستێکی هوشیار، بەڵکو مێژوونووسێکی عاقلێش ناچێت هەرچی لە سەردەمی ستالین و خرۆشۆف و بریژنێڤ و گۆرباتشۆڤدا کراوە، بداتە پاڵ لینین و ئەوی پێ تاوانبار بکات، وەک ئاسۆ کردوویەتی. بە هەمان جۆر لەو کاتەی مەنسور حیکمەت مردووە ناکرێ هەرچی لە دوای ئەو ڕویداوە و کراوە بدرێتە پاڵ مەنسور حیکمەت.

مەنسور حیکمەت لە شۆڕشی ئێرانەوە (1979) تا ئەو کاتەی مرد، یەک جار وازی لە حیزبێک (حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) هێناوە و چوو حیزێکی باشتر و گەورەتر و ڕۆشنتری (حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئێران)ی دروست کرد، دواتریش رەوتی روداوەکان بە کردەوە راست و دروستی تەواوی لێکدانەوەکانی ئەوی لە بارەی حزبی کۆمۆنیستی ئیران و مەیلە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی ناو ئەو حزبەوە سەلماند. تا لە ژیانیشدا بوو یەک جار جیابوونەوەیەکی بچوک لە حیزبەکەیدا ڕوویدا (کە ئەویش ڕۆیشتنی ئیرەجی ئازەرین و ڕەزای موقەدەم بوو).

دەیەم:

ئاسۆ کەمال کە لە بێ هیواییدا ئەسوڕێتەوە و ئومێدی نەماوە و کتێبەکەشی کە نووسێوێتی وەک پاساوێکە بۆ خۆکشانەوە لەو بزووتنەوەیەی مەنسور حیکمەت بیرمەندی بوو. ئەم کتێبەی کە بە شتێکی گرنگ دایئەنێ و نارسیسیستیکانە وەسفی ئەکات، بۆ خۆ تووندکردنەوە و قۆڵهەڵماڵین بۆ کاری ئایندە و خەبات لە پێناوی سۆشیالیزمدا نییە. ئاسۆ کە لەزەت ئەبینێ لە باسکردنی گروپی ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیست و شەیدای ئەم تێرمەیە و خۆی بە یەکێک لەو ڕۆشنبیرانە ئەزانێ و ئەیەوێ لە ئەوروپاوە مامۆستایی کرێکارانی کوردستان بکا و جار جار مەقالەیەک بنووسێ، یان ڕەنگە بۆ ئاسوودەیی ویژدانی خۆی بشببێتە ئەندامی یەکێک لەو گروپە چەپ و کۆمۆنیستانەی ئەو وڵاتەی لێی نیشتەجێیە و وەک موحەلیلی سیاسی جار جاریش دەرکەوێ. هاوڕێ ئاسۆ بە نا ڕاستەوخۆیی لەم کتێبەیدا پێمان ئەڵێ کە لەمەودوا لەمە زیاتر، لە پاسیفیزم زیاتر، هیچی تری لێ هەڵناوەرێ.

یازدەیەم:

ئاسۆ زوو زوو توانجی سارکاستیکانە لە پلاتفۆرم و بەرنامەی دنیایەکی باشتر کە لە نووسینی مەنسور حیکمەتە ئەدات و بە بێ بەڵگە بە سەرچاوەی سکتاریستی و دابڕانی چینی کرێکار لە یەکتری و ڕێگر لەبەردەم یەکگرتووی چینی کرێکاردا وەسفی ئەکا و هیچ بەڵگەیەکیش بۆ ئەم ئیدعا نادروستەی ناهێنێتەوە. ئاسۆ لە ل247ی کتێبەکەیدا جارێک ئەیەوێ بەرنامەی (دنیایەکی باشتر) کە مەنسور حیکمەت نووسیوێتی بچوک بکاتەوە و بە بنەما گشتییەکانی کۆمۆنیزم وەسفی ئەکات و بە دووبارەکراوەی مانیڤێستەکەی مارکس نووسیوێتی ئەیناسێنێ وە لە ل 246ی کتێبەکەیدا، نادرووستانە قسەی مارکس ئەهێنێتەوە و وەسفی مەنسور حیکمەتی کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ بە چاکخوازی جیهان ئەکات! ئاسۆ بۆچی  بیانوو بە بەرنامەی دنیایەکی باشتر و پلاتفۆرمی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەگرێ و بەسەرچاوەی شەقبوونی چینی کرێکاری ئەزانێ؟

ئایا گرامشی بەرنامە و پلاتفۆرمی بۆ حیزبەکەی نەبوو؟  ئایا ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم ئەساسنامە و پلاتفۆرمی نەبوو؟ ئایا دنیایەکی باشتر کە تۆ بە درێژکراوەی مانیڤێستی ئەزانی، مارکس نەبوو کە مانیڤێستی نووسی؟ ئایا ئەگەر سبەی تۆ خەیاڵەکانت پراکتیزە کرد و حیزبێکت پێکهێنا و هەموو چینی کرێکارت کردە ئەندامی، پێویستی بە بەرنامە و پلاتفۆرم نییە؟ کەسێک کە ڕەخنەگرێکی جدی بێت، خەونە ناواقیعییەکانی نانووسێ و بێ بەڵگە دنیایەکی باشتر بە سەرچاوەی شەقبوونی ڕیزی چینی کرێکار ناناسێنێ.

دوازدەیەم:

ئاسۆ لە ل 249 ی کتێبەکەیدا قسەیەکی دروستی مەنسور حیکمەتی لەسەر نەقابە کرێکارییەکان هێناوەتەوە و ئەڵێ ” مەنسور حیکمەت لە هەڵوێست بەرانبەر سەندیکا کرێکارییەکاندا ئەڵێ بزووتنەوەی سەندیکالیستی و سەندیکاکان بنەماکانی لە ڕێفۆرمی بۆرژوازییەوە دانراوە و دەستمایەی حیزبە بۆرژوازیە سۆشیال دیموکراتەکانن” ئاسۆ قەڵسە لەوەی منسور حیکمەت وتویەتی “دەستمایەی بۆرژوازین” و لەسەر ئەمە ئارگیومێنتێکی پوچ ئەکا و ناتوانێ پێچەوانەکەی بسەلمێنێ و ئەڵێ “ئاخر هێشتا سەندیکاکان بەشێکن لە بزووتنەوەی کرێکاری”، ئاخر هاوڕێ ئاسۆ کە ئەم بیانووە لەسەر ئەو دەربڕینە درووستەی مەنسور حیکمەت ئەگری، دە پێمان بڵێ مەنسور حیکمەت لە کوێ وتوویەتی و کەی پێی وابووە کە سەندیکاکان بەشێک نیین لە بزووتنەوەی کرێکاری. مەنسور حیکمەت لە جیاوازییەکانی ئێمەدا ئەڵێ “بۆ ئێمە خەباتی ئیقتیسادی کارگەر و کۆششی بەردەوام بۆ باشتربوونی وەزعی چینی کارگەر لە ڕێگای سەپاندنی ڕیفۆرمی سیاسی و ئیقتیسادی بەسەر بۆرژرازیدا، بەشێکی جیانەکراوەی خەباتی کارگەری و گۆشەیەکی لەپێشدا دراوی ئەوە” (6).

سیازدەیەم:

لە 16/5/1925 دا ئەنتۆنیۆ گرامشی وەک ئەندامی پەرلەمانی ئیتالیا کە نووێنەری حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا بوو لە پەرلەماندا، وتارێک پێشکەش ئەکات لە دژی یاسایەکی پێشنیارکراو لە لایەن حیزبی فاشیستی ئیتالیاوە. لە کاتی وتارەکەی گرامشیدا چەندین جار وتارەکەی پێدەبڕن، تەنها بنیتۆ موسۆلینی (سەرۆکی حیزبی فاشیستی ئیتالیا) 16 جار وتارەکە بە گرامشی دەبڕێت و جارێکیان موسۆلینی هاوار ئەکات و توانج لە گرامشی ئەگرێ و ئەڵێ “حیزبی کۆمۆنیست ئەندامی کەمترە لە حیزبی فاشیستی ئیتالیا”. گرامشیش وەڵامی ئەداتەوە و ئەڵێ “بەڵام حیزبی کۆمۆنیست نووێنەری هەموو چینی کرێکارە”(7).

ئاسۆ کەمال لەسەر ئەم خۆ بە نووێنەر زانیینەی گرامشی و حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیا هیچ ڕەخنەیەک لە گرامشی ناگرێ و باسی ناکات. بەڵام لە کتێبەکەیدا دەیان جار سارکاستیکانە گاڵتە بە مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەکات و ئەڵێ خۆیان بە نووێنەری چینی کرێکار ئەزانن!؟  بۆ؟ ئەی خۆ نووێنەری بۆرژوازی نیین؟ بۆ لات تاوانە کە خۆی بە نووێنەری چینی کرێکار و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەم چینە بزانێ؟ ئەی تۆ ئەگەر لێت بپرسن، خۆت بە نووێنەری کێ ئەزانی! ئەڵێی چی؟ خاوەنکار و سەرمایەداران و بۆرژوازی؟ یان وردە بۆرژوازی؟

چواردەیەم:

ئاسۆ لە کتێبەکەیدا لە ل 256 بۆ ل 259 دا گاڵتەیەکی گەورە ئەکات و  ڕەخنەی نا کۆمۆنیستیانە و نا سیاسیانە ئەگرێ و ئەڵێ بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری و مەنسور حیکمەت چینی کرێکار هیچ بابەتی کار نییە! وە گاڵتە بە مەنسور حیکمەت ئەکات لەسەر ئەوەی کە لە ساڵی 2000دا وتوویەتی لەوانەیە کۆنگرەی داهاتوو دوای یەکلاکردنەوەی جمهوری ئیسلامی بێ! باسی سیناریۆی ڕەش و سیناریۆی سپی (کە یەکێكە لە باسە گرنگەکانی مەنسور حیکمەت(8). ئاسۆ بە دروستکردنی پرۆژە و  ئایندە گرتنەوەی ناواقعی ناوی ئەبات کە گوایە مەنسور حیکمەت بۆ فێڵکردن لە چینی کرێکاری ئێران بەکاری هێناوە! ئەم هاوڕێیە چونکە لە پلەی مۆلەقەدایە، وەسفکردنی واقعیانەی مەنسور حیکمەت بۆ حیزب و بزووتنەوەکەی بە ئیلیوژن ناو ئەبات! هاوڕێ ئاسۆ لە پلەی مۆلەقەدا ناجێگیرە و جارێک گاڵتە بە مەنسور حیکمەت ئەکات لەسەر ئەوەی وتوویەتی هێشتا حیزبی سیاسیمان پێک نە‌هێناوە، وە جارێکی تر نیگەرانە لەوەی کە مەنسور حیکمەت خۆی و حیزبەکەی بە ئامادە بۆ گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێران وەسف ئەکات.

مەنسور حیکمەت بۆچوونی دروستی لەسەر شۆڕش هەیە و باسی تیروتەسەلی لەو بارەوە کردووە. لای مەنسور حیکمەت کۆمۆنیزم بزووتنەوەیەکی بەکردەوەی پرۆلیتاریایە لە باروودۆخێکی مێژوویی تایبەتدا. وە ئەو لە ئێراندا خۆی و کرێکارانی سۆشیالیستی ئەم سەردەمەی خۆی بە بەختدار زانییوە لەوەی کە لە ئێراندا ئەم هەلە هەڵکەوتووە بۆ چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکەی تا لە ڕێگەی بەکارهێنان و بەدەستەوەگرتنی ئەو ئامرازەی دەستی چینی کرێکار کە مەنسور حیکمەت هەموو ژیانی بۆ تەرخان کرد، بتوانێ شۆڕشەکەی بەسەرئەنجام بگەیەنێ و جارێکی تر وەک شۆڕشی 1979 چینی کرێکار نەبێتەوە قوربانی و باڵێکی تری بۆرژوازی خۆی نەسەپێنێ بەسەر کۆمەڵگادا. ئاسۆ چونکە لە ئیلیوژندایە. چونکە نائومێد بووە، لە ل 258دا بەچەند پاساوێکی ناڕاست تۆمەت بۆ مەسور حیکمەت دروست ئەکات و ئەڵێ مەنسور ئەیەوێ پێش چینەکە شۆڕش بکات و دەسەڵات بگرێ. ئەم مەسەلەیە نەک بۆ ڕابەرێکی کۆمۆننیستی ڕۆشن و شۆڕشگێڕی وەک مەنسور حیمکەت بەڵکو بۆ هەر کرێکارێکی سۆشیالیست زۆر سادە و ڕوونە کە شۆڕشکردن ڕووداوێک نییە کە هەر کاتێک کۆمۆنیستەکان و سۆشیالیستەکان ویستیان بەرپای بکەن وەک ئاسۆ ئیدیعا ئەکات کە گوایە مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەیەوێ پێش چینەکە شۆڕش بکات.  بەڵام، بەڵێ، مەنسور حیکمەتی شۆڕشگێڕ بە پشتبەستن بە توانای خۆی و هاوڕێیانی و کرێکارانی سۆشیالیست باوەڕی وابوو کە حیزبەکەی لەمەیدانی سیاسیدا پێشەنگە و حیزبەکەی بە شیاوی ئەوە ئەزانی کە چینی کرێکار بیکاتە پێشەنگی خۆی و خەباتەکەی بەسەرئەنجام بگەیەنێ و سەرمایەداری لەناوبدات و دنیایەکی باشتر دابمەزڕێنن. ئەی تۆ هاوڕێ ئاسۆ کە حیزبە خەیاڵییەکەی خۆت پێک هێنا، ئەتەوێ پاشکۆ و لە دواوەی چینی کرێکار بیت و بڕۆیتە سەر حازری؟

پازدەیەم:

هاوڕێ ئاسۆ لە ل259ی کتێبەکەیدا نەک ڕەخنەی مەنتقی بەڵکو کینە دەردەبڕێ بەرانبەر بە مەنسور حیکمەت و گاڵتە بە هەر دوو وتاری “حیزب و دەسەڵاتی سیاسی”(9) و “حیزب و کۆمەڵگە”(10) کە دووان لە نوسراوە بەهێزەکانی مەنسور حیکمەتە و خوێندنەوەی لە لایەن هەر کرێکارێکی سۆشیالیست و هەر کۆمۆنیستێکەوە بەرچاوڕۆشنی و سودی زۆر ئەگەیەنێ بە خەباتی کۆمۆنیستی هەر کرێکارێکی سۆشیالیست، بەڵام ئاسۆ بە ناڕاستەوخۆیی بە هۆکاری یەکنەگرتنی چینی کرێکار ئەیبینێ و   بڕیاری داوە کە بێ بەڵگە و لەپێناوی بەرهەمهێنانی کتێبەکەیدا،  هەرچی مەنسور حیکمەت کردوویەتی و نووسیوێتی زەڕبی سفر بکات!

شازدەیەم:

لەسەر شکستی شۆڕشی ئۆکتۆبەری 1917ی ڕوسیا بە ڕابەرایەتی لینین و حیزبی بەلشەفی، مەنسوری حیکمەت لە ساڵی 1986دا، واتە پێنج ساڵ پێش ئەوەی یەکییەتی سۆڤیەت بڕووخێ، باسێکی گرنگی کردووە لەسەر ئەو شکستە و تەجرەبەکانی بۆ چینی کرێکار لە ئێستادا. باسەکەی مەنسور حیکمەت بە ناونیشانی “هێڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەی سۆشیالیستی لە ئەزموونی شۆڕشی کرێکاری لە سۆڤێت”(11). مەنسور حیکمەت ڕەخنەیەکی سۆشیالیستانە ئەگرێ لە ئەزموونی سۆڤێت، بەڵام ئاسۆ وەک چەپێکی ناڕادیکاڵ ڕەخنەی دیموکراتیکانە ئەگرێ کە بە ڕێگای جیاجیا لە قاڵبێکی ڕادیکاڵدا پیشانی ئەدات. مەنسور حیکمەت لەم باسەدا دەستی خستۆتە سەر هۆکاری سەرەکی ئەو شکستە و بە تەفسلی باسی ئەکات و هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکەی دەستنیشانکردووە، بەڵام ئاسۆ هاتووە باسی هێمایەکی (سمتم)ێکی لاوەکی ئەو نەخۆشییەی کردووە و بەمە ڕەخنەی نادروست نەک هەر لە لینین و ئەو شۆڕشە بەڵکو لە مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاریش ئەگرێت و لە ل 260ی کتێبەکەیدا ئەڵێ “کۆمۆنیزمی کریکاری درێژەی سۆشیالیزمی دەوڵەتییە” و لەسەر ئەمە بە درێژی قسەی کردووە.

بە بڕوای من ئەبوایە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان، بۆ وەڵامی (کۆمۆنیزمی نوێ)کەی ئاسۆ کەمال، ئەم وتارەی مەنسور حیکمەت “هێڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەی سۆشیالیستی لە ئەزموونی شۆڕشی کرێکاری لە سۆڤێت”، لەگەڵ “یاداشتێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق” کە لە 7ی سێپتەمبەری 2000 مەنسور حیکمەت نووسیبووی(12). ئەبوایە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان هەر تەنها ئەم دوو وتارە گرنگەی هاوڕێ مەنسور حیکمەتی بکردایەتە نامیلکەیەک و بە پێشەکییەکی زۆر کورتەوە بە ناونیشانی “وەڵامێک بە بۆچوونە نادروستەکانی هاوڕێ ئاسۆ کەمال و کۆمۆنیزمە نوێکەی” بڵاویبکردایەتەوە.

مەنسور حیکمەت لە هەمان باسی سەرەوەدا لەسەر ئەزموونی سۆڤێت ئەڵێ “ئەوەی ئەیبینین ئەنجامی ئەم ڕاستییەیە کە پرۆلیتاریای سەرکەوتوو لە ڕوسیا، نەیتوانی ئالوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی زەرووری لە پایە ئابوورییەکانی کۆمەڵدا ئەنجام بدات. نەیتوانی شۆڕشی ئابووری خۆی بە ئەنجام بگەیەنێ. داڕوخانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئیداری شۆڕشی ڕوسیا، ئاکامی بێتوانایی ئەو شۆڕشە بوو لە بەدیهێنانی گۆڕانی شۆڕشگێڕانە لە ئابووری کۆمەڵدا. ئەمە حوکمێکی بنەڕەتییە لە ڕوانگەی ئێمەدا، ئەمە دەرسی بنەڕەتی شۆڕشی ئۆکتۆبەرە بۆ ئێمە. ئەمە خاڵی حەرەکەتی ڕەخنەی سۆشیالیستییە لە ئەزموونی سۆڤێتدا”(11) وە مەنسور حیکمەت درێژەی پێئەدات و ئەڵێ “بە لەبەرچاوگرتنی ئەم خاڵە، ئێمە لەگەڵ ئەو ڕوانگانەدا، کە لێکدانەوەی ئەزموونی سۆڤیت لە سەرهەڵدانی بیرۆکراتیزم و داڕوخانی سیاسی و تیۆری حیزب و دیاردەکانی تری پەیوەست بە مەیدانەکانی سەرخانی کۆمەڵ و شۆڕشەوە حەرەکەت دەکەن، جیاوازی میتۆدۆلۆژی جیددیمان هەیە. بە بڕاوی ئێمە ئەو کێشەو دیاردانە ئەنجامی پرۆسەی ڕاوەستان و داڕوخانی شۆڕشی ڕوسیان، نەک هۆیەکانی”(11). بۆیە کۆمۆنیستیک کە رەخنە سۆشیالیستییەکەی مەنسور حیکمەت لە شۆرشی ئۆتۆبەر دەخوێنێتەوە بۆی ڕون دەبێتەوە کە چۆن دەکرێت لە تەجروبەیەکی تردا ئەمە دوبارە نەبێتەوە، واتە شۆرش تا گۆرینی ژێرخانی ئابوری کۆمەڵگە لەسەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم بەردەوامی پەیدا بکات، بەڵام لە ڕەخنەکەی ئاسۆ و هەموو ئەوانەی کە ڕەخنەی دیموکراسی لەو ئەزمونە ئەگرن، سەرئەنجام ڕون نابێتەوە کە دەبێ چی بکرێت بۆ ئەوەی دیسان بەلاڕێداچون ڕونەدات و بیرۆکراتیزم سەرهەڵنەداتەوە!

سی ساڵ دوای مەنسور حیکمەت لە 2016دا، لە سمینارێکدا لە نیویۆرک، ڕێچارد ۆڵف، کە ئیکۆنۆمیستێکی مارکسیستە، کە یەکێکە لە بەتواناترین و بە ئیمکانترین کۆمۆنیستەکانی ئەمڕۆی ئەمریکا، هەمان بۆچوونی مەنسور حیکمەتی هەیە، هەمان هۆکار بە هۆی شکستی ئەو ئەزموونەی سۆڤێت ئەزانێ و ئەڵێ نەیانتوانی پەیوەندییەکانی شوێنی کار بگۆڕن. ڕیچارد ۆڵف لە هەمان وتاری (مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا) دا ئەم بۆچوونەی خۆی بۆ جارێکی تر دووبارە ئەکاتەوە و ئەڵێ “کەواتە با پوختی بکەینەوە و بپرسین کە ئایا ئێستا چی ڕەخنەیەک لە نێوان سۆشیالیست و مارکسیست و کۆمۆنیستەکانەوە گەڵاڵە کراوە دەربارەی ئەوەی لە یەکێتی سۆڤێت و چیندا ڕویدا. چی ئەکەن و چی دەرس و ئەنجامگیرییەکیان هەڵهێنجاوە لێی. دووبارە هیوادارم کە لە کۆتایدا لە پرسیار و وەڵامەکاندا بچیینەوە سەر ئەمە. بەڵام ئێستا ڕێگەم بدەن کورتە ڕاپۆرتێکتان بدەمێ لەسەر ئەمە. ڕەخنەکە ئەمەیە؛ کە ئەوان لە یەکێتی سۆڤێتدا ڕەخنەی مارکس لە ئیقتیسادی سەرمایەداریان تەنها لەوەدا کورتکردبۆوە و بەوە تەرجەمەیانکردووە کە تەرکیزی لەسەر ئەوەیە کە دەوڵەت بێ و خاوەندارێتی پرۆسەی بەرهەمهێنان بەدەست بهێنێ، وە لە جیاتی بازاڕ، پلاندانان جێیبگرێتەوە. ئەم شتانە زۆر (ڕێگەم بدەن لێرەدا زاراوەیەکی ئیقتیسادی بەکاربهێنم، تکایە تووڕە مەبن) ئەم شێوازە زۆر (ماکرۆ-ئیکۆنۆمیک)ە، کە تەرکیز ئەکاتە سەر شتە گەورەکان، کێ خاوەنی شتەکانە، کێ دابەشکردن دیاری ئەکات. بەڵام هیچ گرنگی نادات بە مایکرۆ-ئیکۆنۆمیک (لە ئاستی مایکرۆدا)، هیچ گرنگی نەداوە بەتایبەت بەوەی کە لە شوێنی کاردا چی ئەگوزەرێ. بە شێوەیەک کاریان کردووە وەک ئەوەی کە ئەمە هەر مەسەلە نەبێت”(2).

مەنسور حیکمەت پێی وایە کە “شۆڕش، تەنانەت شۆڕشێک بە مەزنی شۆڕشی ئۆکتۆبەریش ڕوداوێکە لە کۆمەڵدا (کۆمەڵگادا). کۆمەڵ ئەو دیاردە مەزن و هەمەلایەنەیە، کە شۆڕش دروست و پێویست دەکات و میکانیزمی زاڵ بەسەریدا پێک دێنێت. لە ڕاستیدا بە لێکدانەوەی کۆمەڵ دەکرێ شۆڕش بناسرێت و دەرک بکرێت، ئەم حوکمە زۆر سادە و بەڵگەنەویست دێتە بەرچاو، بەڵام گەڕانەوە بۆ کۆمەڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بە مەبەستی لێکدانەوەی حەرەکەتی مرۆڤەکان، بەردێکی بناغەیی مارکسیزمە. ئەم حوکمە سادە مارکسیستییە لە تەفسیرەکانی چەپە ڕادیکاڵەکان لە مەسەلەی سۆڤێتدا زۆر فەرامۆش کراوە”(11) بەپێچەوانەوە ئاسۆ کەمال کە یەکێکە لەو چەپانەی کە لە سەرخانەوە، کە لە تاک و دیکتاتۆرییەتی تاکەوە کێشەکە ئەبینێ و ئەو درکە دروستە ماتریالیستییەی مەنسور حیکمەت بە باسکردنی کۆمەڵگای ڕووسی لە 20 بۆ 30 ساڵ پێش شۆڕش و دوای شۆڕش کە تەحلیلی کردوە و باسی دوو ئەڵتەرناتیڤە جیاوازەکەی پرۆلیتاریا و بۆرژوازی  ئەکات کە لەبەردەم شۆڕشی ئۆکتۆبەردا دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی کراوەیە. لە لای ئاسۆ، هیچ محەلێکی نییە لە ئیعرابدا. ئاسۆ بە چەند هۆنیینەوەیەکی نادروست، تۆمەت بۆ مەنسور حیکمەت دائەتاشێ و ئەڵێ لە دیدگای مەنسور حیکمەتدا سۆشیالیزم پراتیکی سیاسی چیننێک نییە.

هەروەک مەنسور حیکمەت ئەڵێ “لە لێکدانەوەی مارکسیستیدا شۆڕش ئاستێکە لە دژایەتی و ململانێی چینە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵام لە لێکدانەوەی ناکۆمەڵایەتی و ناماتریالیستی چەپی ڕادیکاڵدا، چینە کۆمەڵایەتییەکان زادەی شۆڕشن”(11).

حەڤدەیەم:

ئاسۆ لەو بەشەی کتێبەکەیدا کە لەسەر کۆمۆنیزمی کرێکارییە،  لە ل 280ی کتێبەکەیدا بەناوی (گرامشی)یەوە مەنسور حیکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری بەوە تاوانبار ئەکات کە سەنترالیزمی بیرۆکراتیک لە جیاتی سەنترالیزمی دیموکراتیک پەیڕەو ئەکەن! وە پێی وایە کە لە حیزبەکەی مەنسورحیکمەتدا دابەشکردنی پۆستەکان بە مانای ملکەچی خوارەوە بۆ سەرەوەیە و حیزبەکەی مەنسور حیکمەت بە کۆمپانیای سەرمایەداری ئەشوبهێنێ و گوایە پێویستی بە ملکەچی زۆرە ملێ و سەربازی ئەندامەکانێتی بۆ ئەنجامدانی کارەکانی (ل279). ئاسۆ کە ئەم تۆمەتە بێبنەمایانە ڕیز ئەکات، زەحمەت ناکێشی یەک بەڵگە بهێنێتەوە و بڵێ مەنسور حیکمەت و حیزبەکەی لە فڵان کات و شوێندا وای کرد!

کۆمۆنیزمی کرێکاری و ئەو حیزبەی مەنسور حیکمەت ئەندامی بوو، لە بنەما ڕێکخراوەییەکانی خۆیدا ڕایگەیاندووە کە ” ئەندامەتی لە حیزب لە هیچ هەلومەرجێکدا نابێتە مایەی هیچ جۆرە ئیمتیازێک و باڵاتر بوونی ئەو لە چاو باقی خەڵکدا” (14). ئایا حیزبێک کە ئەم هەڵاواردنە قبووڵ نەکات، ئیتر چۆن هەڵاواردنی ئەندامانی ناو حیزبەکەی خۆی قبوڵ ئەکات. لە نەرێتی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هیچ جۆرە ملکەچیەک بونی نیە، هیچ کەس بە هیچ پاساوێک ناچار بە ئەنجامدانی کارێک ناکرێت کە خۆی باوەڕی پێی نەبیت و خۆی نەیەوێ.

با لێرەدا پرسیار بکەین ، ئایا لە حیزبەکەی گرامشیدا دابەشکردنی پۆست نەبوو؟ ئایا بۆ گرامشی ئەوە گرنگ نەبوو کە بڕیارەکانی لەسەرەوە دەریئەکەن ئەندامانایان لەخوارەوە جێبەجێی بکەن؟ ئایا گرامشی کە سەرۆکی حیزبەکە بوو، لەگەڵ ئەندامێکی خواەرەوە هەمان مەسئولییەتی لەسەر شان بوو؟ هاوڕێ ئاسۆ کەمال سەری لەخۆی شێواندووە. جارێک حیزب و نەقابە تێکەڵ ئەکات و جارێکی تر حیزبی لێ ئەبێت بە شورا.

نەک هەر ئەمە، هاوڕێ ئاسۆ ئەنتەرناسۆنالی یەکەمیشی لێ بووە بە حیزبێکی سیاسی لە وڵاتێکی دیاری کراودا، هیچ جیاوازی لەبەینی ئەم دوانەدا نابینێ و لەبری یەکتر بەکاریان دێنێ! بۆ نمونە ئاسۆ لە ل 26ی کتێبەکەیدا ئەڵێ  “هەربۆیە لە ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم و حیزبی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیادا بۆچوون و ڕێبازی سیاسی جیاجیا دەبینین و سەرەڕای ململانێی سیاسی و فکری نێوانیان، بەڵام وەک حزبێکی کۆمەڵایەتی و هێزێکی سیاسی ئەم مەیلانە پێکەوە کاردەکەن. مانیفێستی کۆمۆنیستی مارکس و ئەنگڵس تەعبیر لەم قۆناغە دەکا کە دەڵێ کۆمۆنیستەکان حیزبێکی جیا لە حیزبەکانی چینی کرێکار نین و ئامانجیان کۆکردنەوەی هەموو چینەکە و خستنەڕووی ئامانجی کۆتایی چینەکەیە لە هەموو قۆناغەکانی خەباتدا، ئەو پێناسەیەیە بۆ حزب کە بنەمای تێگەیشتن لە چەمکی حیزبی کرێکاریی و کۆمۆنیستیی نیشان دەدا”. تێکەڵاوکردنی ئەنتەرناسیۆنالیزم وەکو بلۆکێکی کرێکاری جیهانی کە دەکرێت هەموو (ئەحزاب و رێکخراوە و یەکێتی و سەندیکا) کرێکاریەکانی سەر بە مەیلە جیاوازەکانی ناو بزوتنەوەی کرێکاری تیایدا بەشدار بێت، لەگەل حزبی سیاسی کۆمۆنیستی لە هەر ولاتێک کە بە مەبەستی رێکخستن و ڕابەری کردنی شۆڕشی سۆشیالیستی بۆ ڕوخاندنی دەسەڵاتی بورژوازی و دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، هاورێ ئاسۆی دوچاری سەرلێشواویەکی گەورە کردوە.

هەژدەیەم:

هاوڕێ ئاسۆ تێزی سەرەکی کتێبەکەی بیناکردووە لەسەر تێگەیشتنێکی ‌هەڵە لە مانیڤێست، وە هەموو تێزەکانی تری کتێبەکەی لەسەر ئەم هەڵە تێگەیشتنە هەڵچنیوە. ئەوەی کە مارکس لە مانیڤێستدا وتوویەتی کۆمۆنیستەکان حیزبێکی جیاواز لە دژی حیزبەکانی تری کرێکاران دروستناکەن، ئاسۆ کردوویەتی بە کۆمۆنیستەکان حیزبێکی جیاواز لە حیزبەکانی چینی کرێکار دروست ناکەن.

ئەوە دروستە کە کۆمۆنیستەکان بەرژەوەندییەکی جیا لە بەرژەوەندی چینی کرێکاریان نییە هەروەک مانیفێست ئەڵێ، هەروەها ئەوەش دروستە کە حیزبی کۆمۆنیست لە دژ و لە بەرامبەر حزبە کرێکاریەکانی تردا نیە، بەڵام ئەوە زۆر ناڕاستە کە پێت وایە حیزبی کۆمۆنیستەکان هیچ جیاوازی نییە لە گەڵ حیزبەکانی تری کرێکاران. بە پێچەوانەوە، مانیفێست لەوێدا ڕێک باسی جیاوازی کۆمۆنیستەکان ئەکات لەگەڵ باقی کرێکاران و دوو خاڵی جیاوازی کۆمۆنیستەکانی بەڕوونی باسکردووە. بەم پێیە، ئەگەر قسەکەی ئاسۆ ڕاستبوایە، ئەوا پێویست نەبوو بڵێین حیزبی کۆمۆنیست، هەر دەبوو بوترێت حیزبی کرێکاران، بەڵام حیزبی کۆمۆنیست لە ڕوی نەریت و خەت و ئاسۆ و ستراتیژەوە، حیزبی مەیل و نەریتێکی دیاریکراوی ناو بزووتنەوەی کرێکارییە، نەک حیزبی هەموو مەیلەکان. بێگومان حیزبی کۆمۆنیست دەرگای بەڕوی هەموو کرێکارێکدا کراوەیە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی حیزب، ئێمە مەرجی فکری و ئایدۆلۆژیمان نیە بۆ بونە ئەندام، هەر کرێکارێک خۆی لە ئامانجەکانی حزب بە شەریک بزانی دەتوانێ ببیتە ئەندام، بەڵام ئەمە هیچ لەو ڕاستیە ناگۆڕێ کە تەحەزوبی کۆمۆنیستی و حیزبی کۆمۆنیست ئەلتەرناتیڤی مەیلی کۆمۆنیستی ناو بزوتنەوەی کرێکاریە بۆ تەحەزوب نەک ئەلتەرناتیڤی هەموو مەیلەکان. هاوڕێ ئاسۆ ڕێک لگەوقوچ ئەم مەسەلەیە تێگەیشتوە و ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەشی کردوە بە بنەما و تێزی بنەرەتی کۆمۆنیزمە نوێکەی.

چینی کرێکار بەبێ هەبوونی حیزبی سیاسی ناتوانێ دەسەڵاتی سیاسی بەدەست بهێنێ. ئەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە هەر حیزبێک ناوی کۆمۆنیست بوو، حیزبی چینی کرێکار نییە.

لێکدانەوەی نادروستی ئەو چەمکەی کە لە مانیفێستدا هاتووە “چینی کرێکار خۆی خۆی ڕزگار ئەکات” ئەم چەمکە جۆرەها کۆمۆنیزم و ستراتیژی کۆمۆنیستی بۆ گەیشتن بە کۆمۆنیزم هێناوەتە کایەوە. ئاسۆ حیزبێکی لە خەیاڵدایە کە لە ترسی سیکتاریزم هیچ ستراتیژی نەبێ و هەموو مەیلەکانی نێو بزوتنەوەی کرێکاری تیادا کۆبکاتەوە.

ئاسۆ لە لاپەڕە 359ی کتێبەکەیدا ئەڵێ” هیچ قۆناغ بەندیەک لە نێوان سۆشیالیزم و کۆمۆنیزمدا نیە و گواستنەوە لە سەرمایەداریەوە بۆ سۆشیالیزم و کۆمۆنیزم تەنیا بریتیە لە شۆڕش کردنی چینی کرێکار”  ئاسۆ لەمەدا لە ئانارشیزم نزیک ئەبێتەوە و یەکسەر کرێکاران بۆ کۆمەڵگای سۆشیالیستی و کۆمۆنیستی، بێ دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دەبات. ئاسۆ لەو ناکۆکیەدایە کە دەوڵەتی سۆشیالیستی ڕەتدەکاتەوە چونکە حیزبی کۆمۆنیست دەسەڵاتی گرتووە، بەڵام ئەگەر کرێکاران خۆیان ئەم کارە بکەن، ئایا ئەوانیش دەوڵەت بەمانای دیکتاتۆرییەتی پرۆلیتاریا دانامەزرێنن؟ ئەمەش بۆ سۆشیالیزم نییە؟ ئاسۆ کە ڕەفزی دیکتاتۆری پرۆلیتاریا ئەکات، ئایا بەرنامەی ئەم دەسەڵاتە ڕاگوزەرە چیە و ئەرکەکانی چیە؟

نۆزدەهەم:

بەدەر لە ئیرادەی مارکس و بەبێ ئاگاداری مارکس، نوێنەرانی کرێکارانی بەریتانیا و فەرەنسا ڕێکەوتن لەسەر کۆبوونەوەیان لە لەندەن لە 28/9/1864 دا بە بەشداری نووێنەرانی ئەو کرێکارە کۆچکردوانەی لە فەرەنسا و ئەڵمانیا و سویسرا و بەلجیکاوە هاتبوون بۆ کارکردن لە بەریتانیادا. مارکس لەلایەن ئەو کرێکارە کۆچکردوانەی فەرەنسا کە لە بەریتانیادا کاریان دەکرد، دەعوەتکرابوو بۆ ئەم کۆبوونەوەیە و هەر لەو کۆبونەوەیەشدا وەک یەکێک لەو شورا 32 کەسییەی بۆ بەڕێوەبردنی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردرا و دواتریش لەبەر لێهاتووی، وەک کەسی یەکەمی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم دەرکەوت.

پایەیەکی سەرەکی دامەزراندنی ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم ئەوە بوو لەوکاتەدا کە بەریتانیا مەڵبەندی سەرەکی گەشەی سەرمایەداری و دروستکردنی کاڵابوو لە جیهاندا، کرێکاران داخوازی زیاتریان ئەسەپان بەسەر خاوەنکارەکاندا و حەقدەستی زیاتریان ئەویست، سەرمایەدارانی بەریتانیا بۆ بەرپەرچدانەوەی داوای حەقدەستی زیاتری کرێکارانی بەریتانیا، ئەچوون لە فەرەنسا و بەلجیکا و ئەڵمانیا و سویسراو ئیتالیاوە هیزی کاریان ئەهێنا و بە کرێیەکی کەمتر کاریان پێ ئەکردن.  نەقابە و یەکێتییە کرێکارییەکانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم هێڕشەی خاوەنکارەکان کۆبوونەوە و ئەنتەرناسیۆنالی یەکەمیان پێک هێنا. خەسڵەتی چینی کرێکار و مەیلەکانی ناوی لە بەریتانیا و فەرەنسا بەتەواوی جیاواز و زۆرجار ناکۆک بەیەکیش بوون. مەیلەکانی ناو ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم بریتی بوون لە (ترەید یونیانیست، ئۆونیست، چارتیست، مارکسیست پرۆدۆنیست، بلانکیست، ناسیۆنالە شۆڕسگێڕەکانی ئیتالیا و پۆڵەندا و ئانارشیست). ئەنتەرناسیۆنالی یەک کۆنفدراسیۆنێکی نێوان نەقابە و ڕێکخراوە کرێکارییەکانی وڵاتانی ئەوروپا بوو لەسەرەتایدا تا هەمەئاهەنگی خەباتی کرێکاران لە ئاستی سەراسەریدا بکات. بەڵام حیزبێکی سیاسی کرێکاری و کۆمۆنیستی وڵاتێک، سەرەڕای ئەنتەرناسۆنالبوونی، خەبات ئەکات بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا نەک هەموو دنیا. بۆ نمونە ئایا لە کۆمۆنەی پاریسدا، کێ دەسەڵاتی سیاسی گرتە دەست، ئەنتەرناسیۆنالی یەکەم بوو، یان کرێکارانی پاریس و ڕێکخراوەکانیان لەوێ؟

بیستەم:

هاوڕێ ئاسۆ لە ل 300 ی کتێبەکەیدا لە ژێر تایتڵی (شکستی 2000) دا ئەو هێڕشە ملهوڕانەیەی یەکێتی بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری بە شەڕ ناو ئەبات. لە ڕاستیدا شەڕێک لە ئارادا نەبوو، بەڵکو ئەو تاوانە بیانووگرتن و هێڕشێکی لە پێشدا داڕێژراوی دڕندانە و تاکلایەنەی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بوو بۆ سەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، کە پێنج ئەندامی بەرجەستەی حیزبیان بە ڕۆژی ڕووناک کوشت. لەسەر ئەو یاداشتەی کە مەنسور حیکمەت لە 7/9/2000دا ناردویەتی بۆ حیزب، لەو کاتی دوای هێڕشەدا کە هێشتا خوێنی هاوڕێیان وشک نەبۆتەوە و لاشەی کوژراوەکانیشیان نەداوینەتەوە، هاوڕێ ئاسۆ ڕەخنەی نادروست لە مەنسور حیکمەت ئەگرێ و ئەڵی بۆ دەستنابەی بۆ هۆکاری ئەسڵی ئەو هێڕشە، ئەڵێ بۆ ناڵێی خەتای من بوو کە گاردی ئازادیتان ناردەوە بۆ کوردستانی ئیران و حیزبی عێراقیش هاوکارتان بوو، ئەمەش یەکێتی تووڕە کرد و ئەو کارەیان کرد! ئاسۆ هێندەی مەنسور حیکمەت بە بەرپرس ئەزانێ لەسەر کوشتنی ئەو هاوڕێانە و پاشەکشە بە حیزب و بزووتنەوەکەمان، هێندە یەکێتیی نیشیمانی و نەوشیروان مستەفا بە تاوانبار نازانێ و هێندە لە دژی یەکێتی قسەی نەکردووە! نە یەکێتیی نیشتیمانی و نە نەوشیروان مستەفا، نە جمهوری ئیسلامی ئێران، کە بە خەتی ڕەش لەسەر کاغەزی سپی هۆکارەکانی ئەو هێڕشەیان داڕشتەوە، باسی گەشتی سەربازی گروپێکی چەکدار (گاردی ئازاد) یان نەکردووە، بەڵام ئاسۆ بۆ لە ئێستادا و لە پاش بیست ساڵ ئەمە باس ئەکات! لە سبەی ڕۆژی هەڵدانەوەی دادگایی ئەو تاوانەی یەکێتیدا، یەکێتیی نیشیمانی ئەتوانێ بۆ بەرگری لەخۆی، ئەم پاساوە پووچەی ئاسۆ بهێنێ و بڵێ ئەوەتە خۆشتان خۆتان تاوانبار ئەکەن و ئێمە ناچارکرابووین. سەیرە لە ڕۆژی 14/7/2000 ەوە تا ئەو ڕۆژەی هاوڕێ ئاسۆ ئەم کۆمۆنیزمە نوێییەی نوسیوە، دەیان کۆبونەوە و کۆنفرانس و کۆنگرە و پلینۆم گیراوە، ئەو بۆ لە هیچ یەک لەو دەرفەتانەدا نەیکرد بە شێوەیەکی ئوسوڵی و مەنتقی و بەرپرسانە ئەم لێکدانەوە “قوڵە” لەسەر ئەو ڕوداوە باس بکات و ئەنجامگیریەکی لێ بکات؟! ئایا هەڵسەنگاندنی ئەو ڕوداوە پێویستی بەوە هەبوو کە گشت کۆمۆنیزمی کریکاری ڕەت بکەیتەوە ئینجا بەم ئەنجامە بگەی؟! ئایا تۆ ئەو مافە بە یەکێتیی نیشتیمانی دەدەی کە ئەگەر حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ئیران دەست لە ناردنەوەی هێزی چەکدار هەڵنەگرێت بۆ ئێران، ئەو پەلاماری حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق بدات؟!

لینین ئەڵێت؛ “لە پایزی ساڵی 1870دا، چەند مانگێک پێش کۆمۆنی پاریس، مارکس کرێکارانی پاریسی لەوە ئاگادار کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ ڕووخاندنی حکوومەت گەمژەیییەکی بێئومێدانەیە” (14). بەڵام کاتێک کرێکاران ڕاپەڕین و شۆڕشیان کرد و بۆرژوازی فەرەنسا و پروسیا یەکیان گرت و دەیان هەزار لە کۆمۆنارەکانیان ئیعدام کرد، مارکس بەرگری لێ کردن و سەرزەنشتی نەکردن و بڵێ خۆ من پار ئاگادارم کردنەوە . لینین ئەڵێ “کاتێک کە ڕاپەڕین ببوو بە حەقیقەت، مارکس بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە پێشوازی لە شۆڕشی پرۆلیتاریا کرد سەرەڕای ئەوەی ئاکامێکی ئەرێنی بۆ ئەم شۆڕشە بەدی نەئەکرا، مارکس ڕەفتارێکی ئینکارانەی نەنواند، لە سەرزەنشتکردنی ئەم بزووتنەوە پێشوەختەیەدا” (14). هاوڕێ ئاسۆ ئەبوایە لەم هەڵوێستەی مارکسەوە دەرسێکی وەرگرتایە.

هیچ لاری لەوە نییە کە لە کۆبوونەوە حیزبییەکاندا، لە مەکتەبی سیاسی و پلینیۆمدا، لە کۆنگرەی حیزبدا، بە تەفسیلی هەموو لایەنەکانی ئەو تاوانەی یەکێتیی نیشتیمانی هەڵسەنگێندرێ و دەرسی لێ وەربگیرێ، بەڵام ئەم بیانوو گرتنەی ئاسۆ بە مەنسور حیکمەت، کە هەندێ جار هاوڕێی پاسیفیستی تریش لێرە و لەوێ دووبارەی ئەکەنەوە، شتێکی پوچ و بیانوویەکی سەیرە!

بیست و یەک:

هاوڕێ ئاسۆ لە ل 353 ی کتێبەکەیدا، گێچی گراندیۆسیتی (خۆ بە گەورەزانی) زۆر بەرز ئەبێتەوە و سارکاستیکانە پێی وایە زانستی داهێناوە و شتی نوێی دۆزیوەتەوە و ئەڵێ “ئێمە بۆ ڕزگارکردنی ئەم لێکۆڵێنەوەیەمان لەو لێکدانەوە بەرتەسکەی پێشوو، کە لە لایەن ترۆتسکی و تۆنی کلیف و مەنسور حیکمەتەوە کراون، پێویستمان بە زانستێک بوو بۆ لێکدانەوەی بەردی بناغەی ئەم مۆدێلەی سۆڤێت، کە ئەویش لێکدانەوەی دیاردەی (حزب)ە”! ئاخر هاوڕێ ئاسۆ کە تۆ هەر ئەوەندە لە دژە هەژموونی گرامشی گەیشتبێتی کە حیزبی کۆمۆنیست بە حیزبی هەموو چینی کرێکار بە هەموو مەیلە جیاوازەکانێوە ئەزانی! کە تۆ جیاوازی نابینی لە نێوان ئەنتەرناسیۆنالی یەک و حیزبێکی دیاریکراوی وڵاتێکی دیاریکراو! ئیتر زانستی چی؟ زانست ئەم ناڕۆشنییە نییە کە تۆ تیایدا مەلە ئەکەی!

لە ڕاسیتدا نەک زانست، بەڵکو تەنانەت هیچ شتێکی تازەشت نەوتووە. باسەکانت کۆنن و تێکەڵەیەکە کە لە چەپی ئەوروپادا هەیە و هەمان ئەو بۆچوونانە دوبارە ئەکەیتەوە کە لە کۆمۆنیزمی جیهانیدا هەبوون و ترێندەکانی ناو بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و قسەی کەسایەتییەکان لەسەر یەکتر هەبووە و دووبارەت کردۆتەوە.

بیست ودوو:

لیۆن ترۆتسکی یەکێک لە ڕابەرانی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو کە توانی ڕابەرایەتی تێکشکاندنی سوپای  پێنچ دەوڵەتی ئیمپریالیستی گەورەی ئەوکاتەی دنیا بکات کە سوپایان ناردە سەر خاکی ڕوسیا و تا ساڵی 1924 مانەوە بۆ تێکشکاندنی ئەو شۆڕشە.  ترۆتسکی کە چەندین جار لەبەینی مەنشەفی و بەلشەفییەکاندا لە هاتووچۆدا بوو، بەڵام پێش شۆڕشی ئۆکتۆبەر چووە پاڵ لینین و بەڵشەفیەکان و تا لینینیش مرد سەرۆکی سوپای سور بوو کە دەورێکی ڕابەری گرنگی گێڕا لە سەرکەوتنی ئەو شۆڕشەدا. ئاسۆ ئەچێت قسەیەک کە ترۆتسکی لە 1904 دا کردوویەتی، ئەیکاتە ڕەخنە و هێڕش بەناوی ترۆتسکێوە و ئەیدا بە لینیندا ل343.

بیست و سێ:

هاوڕێ ئاسۆ کەمال بەشێوەیەکی نادروست و ناتەواو، بە نیوە و ناچڵی گرامشی خوێندۆتەوە. ئاسۆ لە چاویلکەی کەسێکی ستالینیستەوە (ئێریک هۆبسبام)کە تا مرد ئەندامی حیزبێکی ستالینیست بوو (حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیا) گرامشی ئەبینێ. بۆیە هاوڕێ ئاسۆ، سەقەت لە میتۆدی (هەژموۆنی و کاونتە هەژموۆنی) و  هەموو شتەکانی تری گرامشی  گەیشتووە و ئەمەش بە زۆر ئەنجامگیری نادروسستی گەیاندووە. من لە خوارەوە ئەچمەوە سەر ئەم باسە.

جیهان چۆن ئەگۆڕێ، ناوی ئەو کتێبەی ئیریک هۆبسبام (9/6/1917-1/10/2012)ە کە ئاسۆ وەک گەنجینەیەک سەیری ئەکات و بۆ کۆمۆنیزمە نوێکەی و هێڕشکردنە سەر لینین و مەنسور حیکمەت بەکاری هێناوە. ناونیشانی ئەم کتێبەی هۆبسبام، سەرلێشێوێنەرە، چونکە بە وێنەیەکی (گیڤارا)وە نەک مارکس لەسەر بەرگەکەیەوە، هەرگیز ناوەڕۆکەکەی پێمان ناڵێ کە چۆن جیهان بگۆڕین. ئەم کتێبەی هۆبسبام کۆکردنەوەی 16 مەقالەی خۆیەتی کە لە ساڵی  1956 ەوە تا 2009 نووسیوێتی و ساڵێک پێش مردنی لە 2011دا بە کتێبێک بڵاوکرایەوە. ئەم کتێبە بە پی دی ئێف بە خۆڕایی لەسەر ئۆنلاین دەست ئەکەوێ (15)، وە لە نۆڤەمبەری 2022 شەوە کراوە بە ئۆدیۆ (دەنگ) و بە دوو بەش، لە 18 سەعاتدا بە خۆڕایی لەسەر یوتیوب ئەتواندرێ ببیسترێ (16). هەر وەک چۆن وشەی (سێکت) لە کتێبەکەی ئاسۆدا کڵاشە ئەکات، ئاواش وشەی (ئینتلێکچوەڵ-ڕۆشنبیر) لە کتێبەکەی (هۆبسبام) دا کڵاشە ئەکات. هەر لە ژێر تەئسیری نادرووستی هۆبسبامدا هاوڕێ ئاسۆ، ئەم کرێکارە سۆشیالیستە، خۆی لێ بووە بە ڕۆشنبیری چینی کرێکار و پێناسەی کۆمۆنیستەکانیش بە ڕۆشنبیر ئەکات.

لە ساڵی 2002 دا، تەلەڤزیۆنی بی بی سی، چاوپێکەوتنێکی 11 خولەکی لەگەڵ (هۆبسبام)دا ئەنجام داوە(17). ئاسۆ چەندە بێ هیوایی لێ ئەبارێ لەم کتێبەیدا، (هۆبسبام)یش هێندە لەو چاوپێکەوتنەدا. هۆبسبام لەبەرانبەر چەندین پرسیاری سادەدا لەسەر ئایندەی کۆمەڵگا و کۆمۆنیزم، دۆش دائەمێنێ و هەر خەریکی ئاخ و ئۆف کێشانە. هۆبسبام لەو چاوپێکەوتنەدا ئەڵێ من هیچی تر خۆم بە کۆمۆنیست نازانم، هۆبسبام ئاخ هەڵئەکێشی بۆ داڕمانی ئەو کۆمۆنیزمەی کە پێی وابوووە بۆ هەمشیە ئەمێنێ و هیچ ئاسۆیەکی تر بۆ ئایندەی کۆمەڵگای بەشەری نابینێ، چونکە لەلای هۆبسبام ئەوەی ڕوخاوە بە واقیع  کۆمۆنیزم بووە.

هۆبسبام ئەڵێ من زۆر بەکەمی بەشداری سیاسەتم کردووە و هەرگیز کەسێکی سیاسی نەبووم و من لە مامۆستایی و دەرس وتنەوە و کتێب نووسیندا باش بوومە و لەزەتم بینییوە.

لە دەیەی حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی بیستدا، مەیلێکی نوێ لە نێو هەندێ لە حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئەوروپا سەری هەڵدا کە خۆی بە یورۆ کۆمۆنیزم (کۆمۆنیزمی ئەوروپایی) یان دیموکراتیک کۆمۆنیزم ناساند، وە لە وڵاتانی ئەوروپای ڕۆژهەڵاتدا بە کۆمۆنیزمی نوێ ناسێندرا. لە سەرەتادا لە حیزبە کۆمۆنیستەکانی ئیتالیا و فەرەنسا و ئیسپانیاوە دەستی پێکرد و پاشان حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانیاش پێوەی پەیوەست بوو. لە بەریتانیادا ئێریک هۆبسبام چرای ئەم کۆمۆنیزمە بوو. ئەمانە تیۆرییەکیان داهێنابوو کە پێیان وابوو شیاوەترە بۆ وڵاتانی ئەوروپا کە کۆمەڵگا بگۆڕن لە باری کۆمەڵایەتی و کەڵتوورییەوە بەبێ ئەوەی گۆڕانکاری ئابووری پێویست بێ. ئەمانە لە سەردەمی شەڕی ساردا ویستیان لە ژێر هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت و حیزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤێت دەربچن. ئەمانە شۆڕشگێڕێتیان لە گرامشی داماڵی و بۆچوونی درووستی ئەنتۆنیۆ گرامشیان تەحریف کرد و وتیان گرامشی لەسەر تیۆری مارکسیستی نووسیوێتی و ڕەخنەی لە سکتاریزمی ناو چەپ گرتووە و وە هانی حیزبە کۆمۆنیستەکانی داوە کە هاوپەیمانێتی کۆمەڵایەتی پێکبهێنن بۆ بەدەستهێنانی هەژموونی و پشتیوانی بۆ ڕیفۆرمی کۆمەڵایەتی. وە یەکێکی تر لەوانەی کە ئەمانە بۆ کۆمۆنیزمی ئەوروپایی سودیان لێ بینی مارکسیزمی نەمسایی (ئۆسترۆ مارکسیزم) بوو، کە لە حیزبی سۆشیال دیموکراتی نەمسادا بوون، کە لە سەرەتای سەدەی ڕابردوودا هەبوون و لە ساڵی 1921 دا (ئەنتەرناسیۆنالی دوو و نیو) یان (ئەنتەرناسیۆنالی ڤییەنا)یان دامەزراند بە هیوای ئەوەی کە ئەنتەرناسیۆنالی دوو و سێ پێکەوە ببەستنەوە و تێکەڵیان بکەنەوە.

بیست و چوار:

هاوڕی ئاسۆ لە ل 333 کتێبەکەیدا نیگەرانە لەوەی کە مەنسور حیکمەت لە دنیایەکی باشتردا وەسفی (مارکسیزمی ڕۆژئاوایی، ئۆرۆکۆمۆنیزم، چەپی نوێ) بە ڕەوتی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری ناوبردووە. هاوڕێ ئاسۆ ئەڵێ ئەمە بەرنامە بەرتەسک ئەکاتەوە و ئەیکات بەسێکتی فکری و حیزبی داخراو و من کە هاوڕای نەبم کەواتە ناتوانم ئەندامی حیزب بم!؟ ئەمە لە کاتێکدا کە قبوڵ کردنی بەرنامەی حیزب مەرجی ئەندامەتی نییە لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا. لە ڕاستیدا هەر کرێکارێک ڕیفۆرمیست، سەندیکالیست، یان ئانارشیست بێ، ئەتوانێ ببێ بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی و ئێمە مەرجی ئایدۆلۆژی و فکریمان نییە بۆ بوون بە ئەندامی حیزب. هەر کەس خۆی بە شەریک لە ئامانج و سیاسەتە ڕاگەیاندراوەکانی حیزب بزانێ و بە گوێرەی توانای خۆی لە چالاکییەکانی حیزبدا بەشدار بێت، ئەتوانێ ببێتە ئەندام، بەڵام ئەمە ئەوە ڕەتناکاتەوە کە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە ڕوی بەرنامە و ئاسۆی سیاسی و خەتی فکری و ستراتیژەوە، حیزبی خەتێکی دیاریکراوی ناو بزوتنەوەی کرێکارییە و هەوڵدەدات هەژموونی ئەم خەت و ئاسۆیە لە بزوتنەوەی کرێکاریدا زامن بکات.

بیست و پێنج:

ئاسۆ گوایە لێکۆڵینەوەی کردووە، بەڵام لە گێژاوێکدا لە هات و چۆدایە. لە کاتێکدا هەر لەم کتێبەیدا هەرچی مەنسور حیکمەت و لینین کردووێتی زەربی سفر ئەکات، بەڵام لە چەندین شوێنی تردا ستایشی لینین و مەنسورحیکمەت ئەکات، بۆ نمونە لە ل 282 دا ئەڵێ “بۆ پێکهێنانی حیزبی سیاسی و کرێکاری سەرەڕای گرامشی و مارکس پێویستمان بە تەجرووبەی کۆمۆنیستەکانی تریشە وەک لینین و ترۆتسکی و مەنسور حیکمەت”!؟

کرێکارێکی سۆشیالیستی تورکیا، کۆمۆنیستێک لە تورکیا، لە ئێستادا چۆن وەسفی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئەکات، ئەنارشیست (نۆم چۆمسکی)ش هەمان وەسفی بۆ لینین کردووە. هاوڕێ ئاسۆ کەمال لە پێشەکی کتێبەکەیدا یەکێک لەو کەسانەی کە سوپاسی ئەکات، هاوڕێ (ئەنوەر نەجمەدین)ە. ئەنوەر نەجمەدین هەمان بۆچوونی ئەنارشیست نۆم چۆمسکی هەیە لەسەر شۆڕشی ئۆکتۆبەر و ئەو شۆڕشە بە کودەتا ئەزانێ. هاوڕێ ئەنوەر میکانیکیانە و نا ماتریالیستیانە لەو شۆڕشە ئەڕوانێ و خۆی یەکلایی کردۆتەوە و بۆچوونی چۆمسکی دووبارە ئەکاتەوە، بەڵام هاوڕێ ئاسۆ چونکە لە پلەی مۆلەقەدایە و هێشتا وەک ئەنوەر خۆی یەکلایی نەکردۆتەوە. بۆیە لە هەندێ شوێنی کتێبەکەیدا کە بە پێویستی ئەزانێ بۆ کۆمۆنیزمە نوێکەی، ستایشی لینین و مەنسور حیکمەت ئەکات.

لە ئۆگەستی 2022 دا ئەم پرسیارەم لە هاوڕێ ئەنوەر نەجمەدین کرد “ئایا لە بۆچوونی تۆدا هیچ خاڵێکی پۆزەتیڤ لە شۆڕشی ئۆکتۆبەر و لینین وەک ڕابەرێکی ئەو شۆڕشە ئەبینی؟ ئایا لینین و بەڵشەفیەکان کارێکی خراپ و دژ بە بەرژەوەندی چینی کرێکاریان کرد، بەوەی ڕابەرایەتی چینی کرێکاری ڕوسیایان کرد و شۆڕشی ئۆکتۆبەر بەرپا کرا؟” وەڵامی هاوڕێ ئەنوەر نێگەتیڤ بوو بەم پرسیارە، سێ جار هەمان پرسیارم لێ دووبارە کردەوە، نەیتوانی یەک خاڵێکی پۆزەتیف بڵێ دەربارەی ئەو شۆڕشە و لینین، هەمووی زەڕبی سفرە لەلای ئەم چەپە ڕادیکاڵە. مەنسور حیکمەت بە قوڵی و بە میتۆدی ماتریالیستی مێژووی ئەو ئەزموونە هەڵئەسەنگێنێ و دەرسەکانی  بۆ چینی کرێکار لە ئێستادا باس ئەکات، بەڵام ئەنوەر سەتحیانە لەو ئەزموونە گەورەیەی چینەکەمان ئەڕوانێ و ئەڵێ گوایە لەبەرئەوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر نەیتوانی سۆشیالیزم دامەزرێنێ، ئیتر هەموو شۆڕشەکە زەڕبی سفرە لەلای ئەم هاوڕێیە، بەڵام سەیرە کە ئەنوەر بەشان و باڵی کۆمۆنەی پاریسدا هەڵئەدات. لە کاتێکدا کۆمۆنەی پاریسیش کە تەمەنی تەنها 72 ڕۆژ بوو نەیتوانی سۆشیالیزم دامەزرێنێ!

بیست و شەش:

تا لینین لە ژیاندا بوو، گرامشی هەرگیز ڕەخنەی لێ نەگرتووە، چونکە هیچ ڕەخنەیەکی لێی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە گرامشی سەرسام بوە بە لینین و بە مامۆستای خۆی زانییوە. تەنانەت لە دوای مردنی (لینین)یش گرامشی لینینی بە ڕابەری خۆی زانیوە، کە لێرەدا چەند نمونە لە وتارەکانی گرامشی ئەهێنینەوە کە لە ساڵی 1925دا  نووسیوێتی  و ستایشی لینینی کردووە. بەردەوام گرامشی لە وتارەکانیدا ئەڵێ “هەر وەک هاوڕێ لینین ڕێنوێنیمان ئەکات”، وە خۆی بە لینینیست وەسف ئەکات و لە وتارەکانیدا ئەڵێ “هاوڕێ لینین ئێمەی فێر کرد کە …..”(18). نەک هەر ئەمە، تەنانەت گرامشی لە ئۆکتۆبەری 1926دا، پێش ئەوەی موسۆلینی فاشیست گرامشی زیندانی بکات،  بە ناوی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیاوە نامەیەکی درێژ ئاڕاستەی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا ئەکات (19)، لەسەر ئەو ناکۆکیانەی کەوتبووە سەرکردایەتی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیاوە و لەوێدا بە ڕوونی پشتیوانی بەشی زۆرینەی کۆمیتەی ناوەندی بە سەرۆکایەتی ستالین ئەکات و ڕەخنە لە باڵی ئۆپۆزسیۆن ئەگرێت کە زینۆڤیڤ و کامینۆڤ و ترۆتسکی نوێنەرایەتیان ئەکرد و گرامشی خوازیاری مانەوەی یەکپارچەیی حیزبی کۆمۆنیستی ڕوسیا بووە و لە دژی جیابوونەوە و دابەشبوون بوو. هەر لەو نامەیەدا گرامشی باوەڕی وابوو کە لە ئایدیۆلۆژی و پراکتسی بلۆکی ئۆپۆزسیۆندا، هەموو تەقلیدەکانی سۆشیال دیموکراسی و ترەید یونیانیزم سەریهەڵداوەتەوە. وە گرامشی پێی وابووە کە ئەم تەقلیدانەی (سۆشیال دیموکراسی و نەقابە کرێکارییەکان)  تا ئەو کاتە نەیهێشتووە پرۆلیتاریای وڵاتانی غەرب لە ڕێگەی ڕێکخراوبوونی خۆیەوە دەسەڵاتی سیاسی لەدەستبگرێ(19). ئەوەی جێگەی سەرنجە لێرەدا ئەوەیە کە  هەر وەک لە سەرەوە باس کرا، ئاسۆ کەمال ڕەخنە لە مەنسور حیکمەت ئەگرێ لەسەر ئەوەی بۆچوونی دروستی لەسەر نەقابە و ترەید یونیان دەربڕیوە. بەڵام لەسەر هەمان بۆچوونی گرامشی لەسەر ترەید یونیان بێدەنگە و هیچ ناڵێ. ئەمە بەڵگەیەکی تری ئەوەیە کە هاوڕێ ئاسۆ نادروست لە هەژموونی و  کاونتە هەژموونی گرامشی گەیشتووە. لە ڕاستیدا وەک دوو ڕابەر، هەریەک لە گرامشی مارکسیست و لینینیست لە گەڵ مەنسور حیکمەتدا لەسەر هەمان خەتی هاوتەریب هەر یەکەیان وەڵامی بە کێشەکانی بەردەم خەباتی کۆمۆنیستی و بزووتنەوەی کرێکاری دەورانی خۆیان داوەتەوە. ئەوەی لەم نێوەدا ڕەنج بە خەسارانە ئەیەوێ گرامشی بکات بە گژی لینین و حیکمەتدا، ئاسۆ کەمالە کە بۆ بەرهەمهێنانی کۆمۆنیزمە نوێیەکەی ئەم کارەی کردووە.

بیست و حەوت:

ئامانجی پێکهێنانی هەر حیزبێکی سیاسی چینی کرێکار، ئامانجی هەر حیزبێکی کۆمۆنیستی و تەیار بە تیۆرییەکانی مارکس، ئەبێت ئەوە بێ کە ئەم چینە مۆبیڵایز بکا و ڕابەرایەتی بکا و دەسەڵاتی سیاسی لەدەستگرێ و سەرمایەداری و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی هەڵوەشێنێتەوە و سۆشیالیزم دامەزرێنێ. ئەمە ستراتیژی حیزبەکەی گرامشی بوو، ئەمە ستراتیژی حیزبەکەی مەنسور حیکمەت بوو، ئەمە ستراتیژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان و ئەمە ستراتیژی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقە. ئاسۆ بۆ نیگەرانە لەوەی کە مەنسور حیکمەت ئەم باسی ستراتیژە بە شێوەیەکی ماتریالیستانە هەڵبسەنگێنی بۆ بارودۆخی کوردستان و لێدانەوەی لەسەر بکا بۆ کۆمۆنیستەکان و چینی کرێکار لە کوردستان؟ ئاسۆ بۆ نیگەرانە لەوەی کە مەنسور حیکمەت لەو یاداشتەدا کە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق ناردوویەتی (12)، وە لەوێدا وەزعی کوردستان لە 1991دا ئەشوبهێنێ بە شوبات بۆ ئۆکتۆبەری 1917ی ڕوسیا، ئەڵێ لەوەدا هاوشێوە بوون کە دەسەڵاتی سیاسی لەهەردوولا یەکلایی نەبووبۆوە.

بیست و هەشت:

ئاسۆ بەردەوامە لە هەڵڕشتنی کینە و ڕەخنەی نادروست بەرانبەر بە کۆمۆنیزمی کرێکاری. ئەوەتە لە لاپەڕەی 296ی کتێبەکەیدا هۆکاری شکستی شوراکان و درووستنەبوونەوەی شوراکان لەدوای ئاوارەییەکەی 1991 ئەخاتە ئەستۆی ئیرەجی ئازەرین. ئاسۆ زۆر تاوانی تری بێ بنەما و ناڕاست ئەداتە پاڵ ئیرەجی ئازەرین تەنها لەسەر ئەوەی مەقالەیەکی نووسیوە لەوکاتەدا بە ناونیشانی “دەور و نەخشی ناسیۆنالیزم لە تراژیدیای کورد”(20). وتارەکەی ئیرەج بە زمانی کوردی 9 لاپەڕەیە، هەر وەک لە ناونیشانەکەیدا دیارە، ناوەڕۆکی وتارەکەی هەشت لاپەڕەی لە دژی ناسیۆنالیزمە و باسی کارکردە دژی کرێکاری و دژی ئینسانییەکانی ناسیۆنالیزمی کورد بۆ خەڵکی کوردستان ئەکات، تەنها دوا لاپەڕەی ڕێنوێنییە بۆ کرێکارانی کوردستان. ئەگەر ئەم وتارەی ئیرەجی ئازەرین (یان ڕاسترە بڵێین ئەم تاقە لاپەڕەیەی ئیرەج) بووبێتە هۆی ئەوەی کە لەوکاتەدا ئاسۆ دەستهەڵگرێ لە سیاسیبوون و جەماوەریبوون و دورکەوتنەوەی لە کرێکار (ل297) کەواتە لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئاسۆ هەر لە سەرەتاوە کۆمۆنیست بوونەکەی خەلەلی تیادا هەبووە کە ئاوا بە تەنها لاپەڕەیەک ڕەخنە، ئەوەی باسی کردووە لەوکاتەدا بەسەر خۆی و هاوڕێیانی دەورووبەری هاتووە، یان نائومێدبوونەکەی ئێستایەتی کە ئاوا بە پلەی 180 گۆڕانی بەسەردا هاتووە.

ئیرەجی ئازەرین کە لە 1991دا کۆمۆنیزمی کرێکاری بوو لەگەڵ مەنسور حیکمەتدا، وە وەک ئێستا گۆشەگیر و بێ تەئسیر نەبوو، لە 4ی جونی 1991دا وتارێکی زۆر بەهێز و بەپێز ئەنووسێ بەناونیشانی “دەور و نەخشی ناسیۆنالیزم لە تراژیدیای کورد”(20)، کە وتارەکەی ڕەخنەیە لە بزووتنەوەی ناسیۆنالیزمی کورد و حیزب و ڕابەرانی. وە لە کۆتایی وتارەکەشیدا ڕێنوێنی کرێکارانی کوردستان ئەکات و ئەڵێ “گرنگترین تەجرەبەی ڕووداوەکانی ئەم دواییانە بۆ کرێکاران و زەحمەتکێشانی کورد هەر ئەوەیە کە ، بە بێ دەربازبوون و پچڕان لە ناسیۆنالیزم، بەبێ هێنانە ئارای سیاسەتە سەربەخۆکان لەبەرانبەرکێ لەگەڵ ناسیۆنالیزم، دەسکەوتەکانی زۆرترین قارەمانێتی و فیداکاریی ئەوان لە خەبات، یان بەیەک شەو دەبێتە دوکەڵ و بە بادەڕوات، یان لە سبەینێی سەرکەوتنی ناسیۆنالیستەکان، دەستی بەسەردا ئەگیرێ و لە دژی خۆیان بەکار دێت” (20).

هەر لەو وتارەدا ئیرەجی ئازەرین بەردەوام ئەبێت لە ڕێنووێنییەکانی بۆ کرێکارانی کوردستان و ئەڵێ “سۆشیالیزم لە کوردستان ناتوانێ بە ڕەخنە لە کەم و کوڕییەکانی ناسیۆنالیزمی کورد بەرتەسک بمێنێتەوە، ناتوانێ تەنها لە هەڵە تاکتیکییەکانی ناسیۆنالیزم گلەیی بکات، یان تا ئەو کاتەی کە ئاوا بجوڵێتەوە، بەڕاستی سۆشیالیزم نییە، بەڵکو هەر بەمجۆرەی کە لە دونیادا باو بووە، ناسیۆنالیزمێکی چەپە لە لیباسی سۆشیالیزمدا. سۆشیالیزم تەنیا دەتوانێ بەتەواوی و لە بنەڕەتەوە، خۆی لە بەرانبەر ناسیۆنالیزمی کورد دابنێ و دژایەتی ئەو لەگەڵ بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان لە قاو بدات. لە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی کوردستانی عێراق سیاسەتی سۆشیالیستی غائیب بوو”(20).

ئەم قسانەی ئیرەجی ئازەرین وەک نەخشی سەر بەرد وایە. ڕێک لەو کاتەدا پێشبینی ئەو ماڵوێرانی و کوێرەوەرییەی کردبوو کە ناسیۆنالیزم لە هەگبەکەیدا بوو بۆ خەڵکی کوردستان. دڕندەیی و گەندەڵی و خۆشخزمەتی بۆ ئەمریکا و وڵاتانی کۆنەپەرستی ناوچەکە و سەرکوت و تاڵانی 32 ساڵی ڕابردووی بزووتنەوەی کوردایەتی و هێڕشی چەندین جاریان بۆ سەر بزووتنەوەی کۆمۆنیستی و هەر نارەزایەتییەکی خەڵک ، دروستی ئەم قسانەی ئیرەجی چەندین بار سەلماندووە.

ئەزموونی شوراکان خاڵێکی پرشنگداری مێژووی خەباتی خەڵکی کوردستانە، بەرگری و گیان فیدایی هێزی چەکداری شوراکان لە بەرانبەر گەڕانەوەی بەعسدا، لەکاتێکدا پارتی و یەکێتیی و هەموو کوردایەتی خەریکی ڕاکردن بوون، جێێ شانازی و دەرس وەرگرتنە بۆ هەر کرێکارێکی سۆشیالیست و خەڵکی هوشیاری کوردستان. شوراکان ئەڵتەرناتیڤی چینی کرێکار بوو بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. ئیرەج بە هیچ جۆرێک وشەی شورای لەو مەقالەیەدا بەکار نەهێناوە، بۆیە جێگەی سەرنجە کە ئاسۆ لەوکاتەدا پشتکردنی خۆی و هەندێ لە هاوڕێایانی لە تەجروبەی شوراکان و پەراوێزبون و گیرۆدەبوونی بە سکتاریزمەوە (ل314) ئەداتە پاڵ ئیرەجی ئازەرین.

لە ڕاستیدا هۆکاری واقیعی شکستی شوراکان، یان پێکنەهێنانەوەی شوراکان لە دوای گەڕانەوەی خەڵکی ئاوارەی کوردستان بۆ شارەکان لە 1991دا خەتای ئیرەج نەبوو. بەڵکو خەتاباری یەکەم ناسیۆنالیزمی کورد و یەکێتیی نیشتیمانی و بەرەی کوردستانی بوو کە هێڕشی سەربازیان کردە سەر شوراکان و ئەیانویست دای بخەن و ئامادە بوون خەڵتانی خوێنی بکەن، لەمەش گرنگتر خەتای ئەو دیدگایە بوو کە ئیرەج ڕەخنەی لێ گرتووە، واتە غائیب بوونی سیاسەتی سۆشیالیستی کە لە شوراکانی کوردستاندا پیادەکرا. لە شوراکانی سلێمانیدا و لەگەورەترین و جەماوەرینترین شورای شاردا کە شورای سەرشەقام بوو، کاتێک خەڵک تاوانبارێکیان دەستگیر ئەکرد و ئەیانهێنا بۆ بنکەکانی شورا، یان کاتێک خەڵک موشکیلەکانی شار و گەڕەکیان ئەهێنا بۆ لای شوراکان، لەباتی لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن و سزادانی تاوانباران لە لایەن دادگای شوراکانەوە و زیندانیکردنی تاوانباران لە لای شوراکان خۆیان، بە پێچەوانەوە کەسی تاوانبار و کەیسەکانیان ئەنارد بۆ لای یەکێتی و بەرەی کوردستانی. ئەمە غیابی سیاسەتی سۆشیالیستی بوو، کە شوراکان لە باتی جێگیرکردن و ڕەسمییەت دان بە دەسەڵاتی خۆیان، هێشتا لەو سەرەتایەدا کوردایەتی بە دەسەڵاتی یەکەم ئەزانی و خۆی بە پاشکۆ و پلە دوو.

ئەگەر سیاسەتی سۆشیالیستی غائیب نەبوایە، وەک ئیرەجی ئازەرین بەدروستی دەستی خستۆتە سەر، ئەوا لە جیاتی ئەوەی قوتابخانەی مناڵان بکەینە بنکەی شورا، ئەچووینە بینای پارێزگارەوە و ئەمانکردە بنکەی سەرەکی شوراکان و شوێنی بەڕێوەبردنی شار. ئەگەر لەوکاتەدا شوراکان خۆیان بە لێپرسراوی یەکەم بزانیایە لە بەرانبەر بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا، ئەوا بینا ستراتییژیەکانی شاریان بەجێنەدەهێشت بۆ ناسیۆنالیزم و بزووتنەوەی کوردایەتی. ئەمانە ئەو دەرسانەن کە ئەبێت سودی لێ ببینیین لە دامەزراندنەوەی شوراکاندا لە ئێستا و داهاتووی کوردستاندا. ئەمە گۆشەیەکی ڕەخنە دروستەکەی ئیرەج بوو لە کرێکارانی سۆسیالیست و کۆمۆنیستەکان کە ئاسۆ کەمال ئێستاشی لەگەڵدابی لێی تێ ناگا و پێی قەڵسە، وەیان لە ئێستادا بۆ بەرهەمهێنانی کۆمۆنیزمە نوێکەی پێویستی بەم ئەنجامگیرییە نادروستە هەیە کە لە باسەکانی مەنسور حیکمەت و ئەم وتارەی ئیرەجی ئازەرین هەڵیهێنجێ.

لێرەدا ئەوەی سەرنج ڕاکێشە ئەوەیە کە لە ئایاری 1992دا هەر یەک لە خەسرەو سایە وهه. ئاسۆ (ئاسۆ کەمال)، لەبەرگری وتارەکەی ئیرەجی ئازەرین و لە دژی مەلا بەختیار، نامیلکەیەکیان بڵاوکردەوە لە ژێر ناونیشانی “ئاڵای شۆڕش و قسەکەرێکی بۆرژوا ناسیۆنالیست: وەڵامێک بە دیفاعی حیکمەت لە کۆنتراکانی کورد، لە بەرانبەر ئیرەجی ئازەرین”. لەم ناونیشانەدا مەبەست لە حیکمەت واتە (حیکمەت محەمەد کەریم =مەلا بەختیار). ئاسۆ لە کۆمۆنیزمە نوێیەکەیدا هیچ بە خوێنەر ناڵێ و باسی ئەوە ناکات کە پێشتر بۆچوونەکانی ئیرەجی ئازەرینی بە دروست زانیوە و نامیلکەی بۆ بەرگریکردن لەسەر نووسیوە و لە 1993شدا چاپی دووەمی نامیلکەکەیان بڵاوکردۆتەوە!  ئێستا ئاسۆ کە نائومێد بووە و بیروڕای گۆڕاوە، ئەبوایە ئەم گۆڕانەی خۆی بە خوێنەران بگوتایە؟

هەروەها هاوڕێ ئاسۆ ڕۆژگارێک لە بارەی مەنسور حیکمەت و حیکمەتیزمەوە، لە وتاری “تایبەتمەندییەکانی دەورانی حیکمەتیزم، بۆچی حیکمەتیزم، حیکمەتیزم چییە؟” (21)، کە لە 2017شدا بۆ جارێکی تر بڵاویکردۆتەوە ئەم قسانەی خوارەوەی کردوە و ئەڵێ “ئەمە بەراوردێکە لە نێوان کۆمۆنیزمی مارکس و لینین لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاری مەنسور حیکمەتدا و سەلماندنی هاوشێوەبوونی حیکمەتیزمە لەگەڵ مارکسیزمی ئەواندا، مەنسور حیکمەت نوێنەرایەتی مارکسیزمی ئەم سەردەمە ئەکات، حیکمەتیزم خەتی ناسینەوە و جیاکەرەوەی ئەم دەورانەی مارکسیزمە لە باقی ڕەوتە چەپ و سۆسیالیستە ناکرێکارییەکانی تر، یەک دنیای باشتر مانیفێستی سەردەمە، مەنسور حیکمەت گەورەترین مارکسیستی ئەم سەردەمەیە، حیکمەتیزم ڕەمزی پاراستنی مارکسیزمە” (21). ئاسۆ پێویست بوو کە باسی ئەم قسانەی پێشوی خۆی بکردایە بۆ خوێنەران کە چەند ساڵ لەمەوپێش چی وتووە. ئێستاش کە شتێکی لە سەداسەد پێچەوانەی ئەم قسانەی ئەڵێ، چۆن بزانین دوای چەند ساڵی تریش قسەیەکی تر ناکات کە لەسەداسەد پێچەوانەی ئەم کۆمۆنیزمە نوێیەی بێت؟

بیست و نۆ:

گرامشی کارێکی نادروستی کردووە بەوەی نزیک بە 420 ساڵ دواتر، ناونیشانی یەکێک لە کتێبەکانی لە (ماکیاڤیلی)یەوە، (میری نوێ)ی لە (میر)ەوە وەرگرتووە. نیکۆڵۆ ماکیاڤیلی نە سەر بە چینی ئیمە بووە، نە هیچ کارێکی لەبەرژەوەندی چینی ئێمەدا کردووە، تا کرێکارانی سۆشیالیست و ڕابەرانی کۆمۆنیست پێی سەرسام بن و لاسایی بکەنەوە. ماکیاڤیلی هەلپەرستێک بووە کە ڕێنوێنی شا و دەسەڵاتدارانی کردووە کە چۆن دەسەڵاتی خۆیان گەورە بکەن و درێژەی پێ بدەن و خەڵکی مەجبور و ملکەچی هەیمەنەی خۆیان بکەن.

هەندێ لەوڕێنوێنیانەی کە گرامشی لە (میری نوێ)دا ئەڵێ کە پێویستە بکرێ، ئەمانەیە “هەر بەوەی باشی، هەر بەوەی لەسەر حەقی و ماف بەتۆیە، مەرج نییە سەربکەوی، سیاسەت بەم جۆرە ئیش ناکات، مێژوو شتێکی ترمان پێ ئەڵێ. ئەبێ ستراتیژی باشت هەبێت جا ئەیبەیتەوە. ئەوە گرنگە کە بزانی قسەکردن بە چ زمانێک (شێوەیەک) باشترینە تا زۆرترین جەماوەر تێبگات و لەگەڵتبن. ئەبێ لەوشوێنەوە هێڕش بکەی کە دوژمن لاوازە و تۆ بەهێزی. ئەگەر ئەتەوێ بزووتنەوەکەت سەربکەوێ، ئەبێ پشتیوانی بزووتنەوەی تر بەدەست بهێنی و هاوپشتی کۆبکەیتەوە. ئەبێت سەکرەفایس (قوربانی) بدەی و کۆمپرۆمایز (گفتووگۆ و تەنازول) بکەی. کۆمپرۆمایز بە مانای ئەوە نییە کە لە شتە مەبدەئییەکانی خۆت بێیتە خوارەوە و وازبهێنی لێیان. لە شەڕی گەورەدا هاوەڵ و دۆست و پشتیوانی بۆ خۆت دروستبکە، تا دوژمنت دائەبڕی و ئەیبەیتەوە”(22).

سی:

هاوڕێ ئاسۆ کەمال لە ل 4ی کتێبەکەیدا ئەڵێ بڕیارم دا دەرچم لە تاک سەرچاوە کە مەنسور حیکمەت  بوو. لێرەدا پرسیار ئەوەیە کە ئایا هاوڕێ ئاسۆ پێش ئەمە لێی قەدەغە کرابوو کە دەست بەری بۆ سەرچاوەی تر و خۆی پێ ئاشنا بکات؟ ئایا لە حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا قەدەغەیە کە ئەندامان و کادران سەرچاوەی تر بخوێننەوە؟ ئایا  ئەرکی هەر کرێکارێکی  سۆشیالیست و کۆمۆنیستێکی چالاک نییە کە بە پێی توانا، خۆی ئاشنا بکات بە ئەزمونی چینەکەی لە وڵاتانی تر و بخوێنێتەوە و خۆی ئاشنا بکات بە بەرهەمی تازە و کۆنی ڕابەران و موفەکیرانی چینەکەی لە وڵاتانی تر؟ تاک سەچاوە یانی چی کە ئەم هاوڕێیە بەکاری هێناوە؟

سی و یەک:

هاوڕێ ئاسۆ بۆ ئەم شتەی ناوی ناوە دۆزینەوەی چارەسەر لە لاپەڕەی 345ی کتێبەکەیدا ئەڵێ “لەم تێگەیشتنە نوێ یەدا بۆ کۆمۆنیزم، حزبێکی کرێکاری کۆمۆنیستی دەتوانێ جێگای هەموو کرێکارانی تیادا ببێتەوە بە سەندیکالیست و ڕیفۆرمیست و ئانارشیست و سۆشیالیستێکی تێداببێتەوە و حیزبی چینی کرێکار بێت بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی.” با لەوە بگەڕیین کە نە مارکس لە ئەنتەرناسیۆنالی یەکەمدا ئەمەی بۆ کرا، بەڵکو بەهۆی ناکۆکی لەگەڵ بۆچوونی نادرووستی ئانارشیستەکاندا ئەنتەرناسیۆنالی یەکەمی نارد بۆ مەنفا لە ئەمریکا و بە هەڵوەشانەوەی سپارد. وە نە گرامشی لە حیزبەکەیدا ئەمەی بۆ کرا، بەڵکو گرامشی ڕیفۆرمیستەکانی بە بەربەست لەبەردەم بەرپاکردنی شۆڕشدا وەسفکردووە. لێرەدا پرسیار لە هاوڕێ ئاسۆ ئەوەیە کە ئایا لە بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریدا هاتووە کە بڵێ ئەگەر کرێکارێک سەنیکالیست یان ڕیفۆرمیست یان ئانارشیست بێت ناتوانێ ببێت بە ئەندامی حیزب؟ تەنانەت ئایا لە بەرنامەی کۆمۆنیزمی کرێکاریدا هاتووە کە بڵێ ئەگەر کرێکارێک نوێژ بکات، یان کرێکارێکی پیاو ئەگەر دوو ژنی هەبێت ناتوانێ ببێت بە ئەندامی حیزب؟

سی و دوو:

حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری لە چەندین ساڵی ڕابردوودا وەک بەشێک لە کاری ئەنتەرناسیۆنالیستی لە گەڵ نەقابە کرێکارییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی حیزبە چەپەکان و ئەو ڕێکخراو و حیزبە مارکسی و ترۆتسکی و چەپانەی لە ئەوروپا و ئوسترالیا و کەنەدا هەن کاریکردووە. بۆ ئەم مەبەستە سەرنجی ڕاکێشاون بۆ وەزعی کرێکاران و ژنانی کوردستان و عێراق و بێمافی پەنابەران لە وڵاتانی دەرەوە و وەڵامیان بە کەمپییەکانی حیزب داوەتەوە و نامەی پشتیوانیان ناردووە و  چەندین جاریش بەشداری ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی یەکترمان کردووە و هەندێ جار لە کۆنفرانسی لۆکاڵی ئێمەدا بەشداربوونە و ئێمەش بە هەمان جۆر لە کۆنفرانسی سەراسەری ئەواندا بەشدار بووینە و باری سەرنجی خۆمان باسکردووە لەسەریان. لەسەر ئەم ڕاکێشانی هاوپشتییە، لەسەر ئەم هاوکارییە هیچ ئەندامێکی حیزب پێی نەوتراوە کە بۆچی هاوکاری لەگەڵ ئەم لایەنانە و لە نێویاندا ترۆتسکییەکان ئەکەی، بەڵام هاوڕێ ئاسۆ لە لاپەڕە 333  کتێبەکەیدا ئەبێت بە پۆپۆلیست و ئەڵێ نابێت لە بەرنامەی دنیایەکی باشتردا (کە بەرنامە دۆکیومێنتێکی گرنگی هەر حیزبێکی کرێکاری و کۆمۆنیستییە) ئەڵێ بۆچی مەنسور حیکمەت وتوویەتی ” مارکسیزمی ڕۆژئاوایی، ئۆرۆکۆمۆنیزم، چەپی نوێ و لقە جیاجیاکانی ترۆتسکیزم لە ڕەوتە بەرجەستەکانی کۆمۆنیزمی غەیرە کرێکاری بوون لە ئەوروپای ڕۆژئاوادا”، ئاسۆ نیگەرانە لە زارەوەی چەپێ ناکرێکاری و بیانوو ئەگرێ و ئەڵی کەواتە من ناتوانم ئەندامی حیزب بم ئەگەر داوای پێکەوە کارکردنی ئەم گروپە ڕۆشنبیرانە بکەم!

سی و سێ:

شانی خۆ خاڵی کردن و تاوانبارکردنی کەسانی تر پیشەی کەسی پاسیفیستە. هاوڕێ ئاسۆ لە ل 331 ی کتێبەکەیدا ئەڵێ لە 17ی شوباتدا حیزب بەهۆی دابڕاوی و پراتیکی بەرتەسک و سێکتاریستێوە، نەیتوانی ڕێگە بگرێ لەوەی ئەو ناڕەزایەتییە خۆشباوەڕبێ بە گۆڕان و ئیسلامییەکان. ئەم هاوڕێیە هەندێ جار هیپۆکراتی لێ ئەبارێ. جارێک تۆمەت بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری هەڵئەبەستێ و ئەڵێ چینی کرێکار بابەتی کاری نییە و لە جیاتی چینەکە بڕیار ئەدا و ئەیەوێ پێش چینەکە شۆڕش بکات. لە سەر 17ی شوباتیش ئەڵێ بۆ ئەوانەت نەکرد!

17ی شوباتی 2011، خاڵێکی گرنگی وەرچەرخانی زۆرانبازی خەڵک و دەسەڵاتدارانی کوردستان بوو، بەڵام خەڵک هێشتا لە ژێر هەژموونی ئۆپۆزیسیۆنی بۆرژوازی بەتەواوی دەرنەچوو بوو. بۆیە گۆڕان کە دوو دیوی یەک دراون لەگەڵ دەسەڵاتدا توانی لە 17ی شوباتدا سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بێت و بیکاتە دەستمایەی خۆی بۆ پچڕینی بەشی خۆی لە تاڵانچێتی و دەسەڵات.

سی و چوار:

مارکس هەرگیز نەی وتووە کە شتی موتڵەقمان هەیە، بە هەمان جۆر مەنسور حیکمەتیش. لە ڕاستیدا کۆمۆنیستەکان باوەڕیان بە تازەبوونەوە هەیە و هیچ شتێک نەگۆڕ و ئەبستراکت نییە لەلایان. حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان تا ئێستا پێنج کۆنگرەی بەستووە. قسەوباس لە سەر بەرنامەی حیزب بەردەوام بڕگەیەکی کاری کۆنگرە بووە و شتی لێ گۆڕاوە و بۆی زیاد کراوە. لە هیچ کۆنگرەیەکدا ئاسۆ باسێکی جدی نەبووە لەسەر گۆڕینی هیچ بڕگەیەکی بەرنامەی حیزب. هەرگیز لە هیچ کۆبوونەوەیەکی حیزبدا نیگەرانی خۆی لەسەر بەرنامە دەرنەبڕیوە و داوای نەکردووە کە کۆبوونەوە و سمینار ببەستێت لەسەر ئەم مەسەلەیە و باری سەرنجی خۆی بە ئەندامانی حیزب بڵی. هەرگیز هیچ وتارێکی لەم بارەوە بەرچاوی نووسەری ئەم دێڕانە نەکەوتووە، بەڵام ئێستا لە کۆمۆنیزمە نوێکەیدا، لە ل333 دا ئەڵێ من ناتوانم ئەندامی حیزب بم چونکە خیلافم لەگەڵ ئەو دەربڕینەدا هەیە کە مەنسوری حیکمەت وەسفی تەجرەبەی سۆڤێتی بە چاوگی کۆمۆنیزمی بۆرژوازی کردووە. هاوڕێ ئاسۆ کە ئامۆژگاریمان ئەکات بەوەی سەنترالیزمی دیموکراتیک پەیڕەو بکەین، کەچی خۆی ڕیعایەتی ناکات.

سی و پێنج:

هیچ گومانی تیادا نییە کە حیزب و بزووتنەوەکەمان هەڵەی بووە و لە ئێستاشدا کەم و کوڕیمان زۆرە. گومانی تیادا نییە کە هۆکاری وەزعی ئێستامان هەر هۆکاری ئۆبجێکتیڤ نییە و هۆکاری سەبجێکتیڤیش بەشێکی ئەم وەزعەیە کە تیایداین. لە ڕابردوودا زۆر کارمان کردووە کە ئەتواندرا باشتر بکرێ. زۆر بڕیار دراوە کە دیقەتی زۆری پێوە نەبووە و تەنانەت هەندێ جار بەتەواوی هەڵە بووە. زۆر کار هەبووە کە ئەبوایە بکرێ و نەکراوە و کەمتەرخەمی زۆر لە زۆر بواردا ئەنجامدراوە. گومانی تیا نییە  کە سەبارەت بە یەکێتی بێکارن لە سەرەتای نەوەتەکاندا ڕابەرایەتی ئەو کاتی حیزب تاکتیکی نادرووستی پەیڕەو کرد. ئەوەی کە بە فیتی پارتی و فەتوای مەلا بەشیر هاوڕێیانمان شاپۆر و قابیل تیرۆرکران و حیزب و بزووتنەوەکەمان هیچ کاردانەوەیەکی عەمەلی نەبوو وە بەشیری ڕوو بە سزا نەکردەوە، هەڵەیەکی ستراتیژی گەورە بوو، ئەگەر لەوەدا بیدەنگ نەبووینایە، ئەوا لە 2000دا یەکێتیی نیشتیمانی و نەوشیروان مستەفا بیرێکی زیاتریان ئەکردەوە لەوەی کە بەڕۆژی ڕووناک پێنجمان لێ بکوژن.  گومانی تیادا نییە کە لە هەر دەورانەدا ڕابەرانی حیزب بەرپرسیاری یەکەمی ئەو ناتەواوی و کەم کاریانە بووە کە ڕوویداوە، بەهەمان جۆر، پێشرەوییەکانی هەر دەورەیەکیش.

هەڵسوڕانی سیاسی و خەباتی کۆمۆنیستی لە کۆمەڵگای کوردستان و عێراقدا بۆ کرێکارانی سوشیالیست و کۆمۆنیستەکان سەخت و دژوارە. لە سی بۆ چل ساڵی ڕابردوودا  کۆمەڵگا لە سایەی بۆرژوازی لۆکاڵی و ناوچەیی و جیهانیدا وێران و هەلا هەلا کراوە. کارکردەکانی ناسیۆنالیزمی کورد و عەرەب، داگیرکاری و دوو هێڕشی سەربازی و وێرانکارانەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، گەمارۆی ئابووری چەندین ساڵە و هەڵتۆقینی ئیسلامییەکان بە پارەی خەلیج و تورکیا و ئیران، هەرچی زیاتر کۆمەڵگایان بەرەودواوە گێڕاوەتەوە و تەوەقوعی خەڵک تا هاتووە هێنراوەتە خوارەوە و کاری کرێکارانی سۆشیالیستی هەرچی زۆرتر سەختتر کردووە. ئەوەی کە دەستمان پێکرد و گەشەمانکرد، ئێستاش بچوک و بێ تەئسیرین و نەمانتوانی کۆمەڵگا بگۆڕین، نابێ تووشی نائومێدیمان بکات، پاسیفیزم و خۆ کوتانەوە ڕێگە چارە نییە، بە هەمان جۆر لوتبەرزی و سەرزەنشتکردنی هاوڕێیانی تر ڕێگە چارە نییە. وایە بچووکین بەڵام پشکۆیەکەی گەشی نێو کۆمەڵگاین کە لە هەلومەرجی شۆڕشگێڕانەدا ئەوەی لێ چاوەڕوان ئەکرێ بەزوویی بگەشێتەوە وکڵپە بکا، گەشانەوەی ئەم پشکۆیە پێویستی بە هیمەتی هەر کرێکارێکی سۆشیالیستە.

ئایا ڕێگاچارە پاسیفیزم و وازهێنانە؟ ئایا ڕێگا چارە درووستکردنەوەی ئەو ڕێکخراوەیە کە پێش پێکهێنانی حیزب هەبووە؟ ئایا ڕێگا چارە دانیشتن لەماڵ و خوێندنەوە و وتنی ئەوەیە کە بڵێی بیری گەورە و تازەم هەیە. ئایا بۆ ناکرێ ئەندامی حیزب بی و هەموو ئەوشتانەش بکرێ؟ ئایا بۆ ناکرێ بە خیلاف لەگەڵ فڵان تاکتیکی حیزبدا، هێشتا ئەندامی حیزب بیت؟ ئایا بۆ ناکرێ بە بۆچوونی جیاوازەوە لەسەر دیاردە و بابەتاکان هێشتا ئەندامی حیزبێک بین و لە کاونتە هەژموونی (گرامشی)ێوە فێربین و بەرژەوەندی چینی کرێکار و بزووتنەوەکەی مەبەستمان بێت و لەسەر و بەرژەوەندی خۆ و تاکەوە بیبینیین؟

هاوڕێ مەنسوری حیکمەت لە دنیایەکی باشتردا لە بەشی 1، گۆشەی شۆڕش و ڕیفۆرم دا ئەڵێ “ئەو شۆڕشە مەزنە کرێکارییەی کە دەبێ کۆمەڵگایەکی کۆمۆنیستی، کۆمەڵگایەکی بێبەری لە دابەشبوونی چینایەتی، بێبەری لە خاوەندارێتی تایبەتی بەسەر هۆیەکانی بەرهەمهێناندا، بێ بەری لە کاری کرێگرتەیی و بێ بەری لەدەوڵەت، ئەم کۆمەڵگایە تەنها بە ویستی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ڕوونادات. ئەمە جوڵانەوەیەکی بەرینی کۆمەڵایەتی و چینایەتییە کە دەبێ لە ئەبعاد و شکڵوشێوەی جۆراوجۆردا ڕێکبخرێت. کۆسپێ جۆراوجۆر دەبێ لەسەر ڕێگای لابدرێت. ئەم هەوڵ و خەباتە فەسلەفەی وجودی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و ناوکۆکەی هەڵسوڕانی هەموو ڕۆژەی پێکدەهێنێ….”(23).

کۆمۆنیزم لە کوردستان لەم خەباتەدا پێویستی بە گەڕانەوەی هاوڕێ ئاسۆ کەمال بۆ ناو ڕیزەکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری و گەڕانەوەی هەموو ئەو هاوڕێیانەی تریشە کە لە وڵاتانی تردا بێهیوایی و پاسیفیزم هێزی لێ بڕیون. من پێم وایە بەم بۆچوونە جیاوازانەشەوە لەسەر مێژووی ڕابردووی بزووتنەوەکەمان لە وڵاتانی تردا، بەم جیاوازیانەشەوە لەسەر دیاردە و کێشە و مەسەلەکانی ڕۆژ لە کوردستان و شوێنەکانی تر، هێشتا ئەتوانیین ئەندامی یەک حیزب بین و خەباتی کرێکاری و کۆمۆنیستیمانی تیادا ببینە پێشەوە و وەک حیزبێکی زیندووش گوێ لە بۆچوونی جیاوازی یەکتر بگرین و نەهێڵین جیاوازییەکانمان ڕیزەکانمان شەق بکات و نائومیدی زیاتر لەم دەورانە مێژووییەدا پەرە پێبدەین. باوەڕم وایە کە ئەگەر وا لێکیبدەینەوە کە ئەو جیاوازیانەی لە کۆمۆنیزمی نوێدا باست کردووە، جیاوازی جەوهەرین و بیکەیتە هۆکاری دابڕینمان لەیەکتر، کەواتە ئیتر ئەمە بەواقع بیرکردنەوەیەکی سکتاریستانەیە و دوورە لەبەرژەوەندی هاوبەشی چینی کرێکار و بزووتنەوە کۆمۆنیستییەکەی کە هەموو لایەکمان گەشانەوە و سەکەوتنی بەکاری خۆمان ئەزانین.

سی و شەش:

من لێرەدا کۆتایی ئەهێنم بەم چەند سەرنجە لە سەر کتێبەکەی هاوڕێ ئاسۆ کەمال. زۆر لایەن و بابەتی تر لە کتێبەکەی هاوڕێ ئاسۆدا هەیە کە بە بڕوای من نادروستە و پێویستی بە وەڵام و قسە لەسەرکردن هەیە. ئەگەر پێویستی کرد و  توانا و کات یاوەر بوو ئەتوواندرێ وەک بەشی دووەم درێژەی هەبێ.

عامر سابیر

10/04/2023

سەرچاوەکان

1

کۆمۆنیزمی نوێ؛ لێکۆڵێنەوەیەک سەبارەت بە حیزب و دەوڵەت و کێشەکانی کۆمۆنیزمی سەردەم. ئاسۆ کەمال، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، (2020).

2

مێژووی سۆشیالیزم لە ئەمریکا، وتاری پرۆفیسۆر ڕیچارد ۆڵف (2016)، وەرگێڕانی بۆ کوردی عامر سابیر لە 2020دا، لینکی وتارەکە لە ماڵپەڕی ئەمڕۆ:

https://www.emrro.com/mejuysoshyalimleemerika.htm

ئەمەی خوارەوەش لینکی ڤیدیۆی وتارەکەیەتی لە یوتیوب.

https://www.youtube.com/watch?v=a1WUKahMm1s

3

هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسوور حیکمەت، بەرگی دووەم، لە ئامادەکردن و پیاچوونەوەی سالار ڕەشید، وتاری دەستپێکی کۆنگرەی سێیەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران، ل509 بۆ ل523. چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم، سلێمانی، (2008).

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/2000_wtari_iftitahiyey_kongrey_3_hkki.pdf

4

بەشی یەکەمی گفتووگۆی شەماڵ عەلی و ئاسۆ کەمال لە کەنالی هیوا لەسەر کۆمۆنیزمی نوێ.

https://www.youtube.com/watch?v=MFjVf3VePrU

5

هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسوور حیکمەت، بەرگی دووەم، لە ئامادەکردن و پیاچوونەوەی سالار ڕەشید، تەرحی سازماندەیی ڕابەری حیزب، پەسەندکراوی پلینیۆمی چواردە، ل553 ، چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم، سلێمانی، (2008).

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/2001_terhi_sazmandeyi_raberi_hizb.pdf

6

بنەماکانی کۆمۆنیزمی کارگەری؛ پێنج بەرهەم، مەنسور حیکمەت، وەرگێڕانی حەمە غەفور، چاپخانەی بینایی، هەرێمی کوردستان، (2019). جیاوازییەکانی ئێمە، ل191.

http://media4.hkkurdistan.org/2022/11/OurDefrences-1.pdf

7

لینکی وتارەکەی گرامشی لە 16/5/1925دا لە پەرلەمانی ئیتالیادا کە لە ساڵی 2006دا کراوە بە ئینگلیزی:  لە دژی یاسایەکی پێشنیارکراو لە لایەل حیزبی فاشیستی ئیتالیاوە.

https://www.marxists.org/archive/gramsci/1925/05/speech.htm

8

سیناریۆی ڕەش، سیناریۆی سپی:

باسێک دەربارەی ڕەوەندی هەلومەرجی سیاسی لە ئێراندا. بۆیەکەم جار لە تەموزی 1995 لە ژمارە 18ی “انترناسیانال”ی دەورەی یەکەم بڵاوکراوەتەوە. وەرگێڕانی بەکر ئەحمەد.

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1995_sinaryoy_resh,_sinaryoy_spi.pdf

9

حیزب و دەسەڵاتی سیاسی. وتارێک لە کۆنگرەی دووەمی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران. 15ی نیسانی 1998، وەرگێڕانی سالار ڕەشید.

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1998_Hizb_u_deselati_syasi.pdf

10

حیزب و کۆمەڵگا: لە گروپی فشارەوە بۆ حیزبێکی سیاسی، وەرگێڕانی سەعید ئەحمەد. ئەم بابەتە بۆ یەکەمجار لە (انترناسونال)ی ژمارە 29ی ئایاری 1999دا بڵاوکراوەتەوە.

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1998_hizb_u_komelga.pdf

11

هەڵبژاردەیەک لە نووسرواوەکانی مەنسوور حیکمەت بەرگی یەکەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، (2008)، ئامادەکردن و پاچوونەوەی سالار ڕيشید. هێڵە سەرەکییەکانی ڕەخنەی سۆشیالیستی لە ئەزموونی شۆڕشی کرێکاری لە سۆڤییەت، لە ل 405 بۆ ل 458.

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1986_hele_serekiyekan.pdf

12

هەڵبژاردەیەک لە نووسرواوەکانی مەنسوور حیکمەت بەرگی دووەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، (2008)، ئامادەکردن و پاچوونەوەی سالار ڕيشید. یاداشتێک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ڕابەرایەتی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق، ل 483 بۆ ل 490، وەرگێڕانی شەماڵ عەلی.

13

هەڵبژاردەیەک لە نووسراوەکانی مەنسوور حیکمەت، بەرگی دووەم، لە ئامادەکردن و پیاچوونەوەی سالار ڕەشید. چاپخانەی ڕەنج، چاپی یەکەم، سلێمانی، (2008). بنەمای ڕێکخراوەیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری، ل 298.

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1995_bnemay_rekxraweyi_hizbi_komonisti_krekari.pdf

14

هەڵبژاردەیەک لە کۆبەرهەمی ڤلادیمیر لینین، بەرگی حەوتەم (1917-1918)، وەرگێڕانی بۆ کوردی د.ژیار فەلاح. دەزگای ئایدیا بۆ فکر و لێکۆڵێنەوە، چاپی یەکەم (2022). سلێمانی:

بەندی سێهەم: ئەزموونی کۆمۆنی پاریس 1871، شیکارییەکەی مارکس، ل 53.

15

لینکی کتێبەکەی ئێریک هۆبسبام بە پی دی ئێف، چۆن جیهان ئەگۆڕێ، کە لە 2011دا بڵاوکراوەتەوە.

file:///C:/Users/asabi/Downloads/How%20to%20change%20the%20world%20_%20reflections%20on%20Marx%20and%20Marxism%20(%20PDFDrive%20).pdf

16

بەشی یەکەمی کتێبەکەی ئێریک هۆبسبام، چۆن جیهان ئەگۆڕێ، بە دەنگ لەسەر یو تیوب

https://www.youtube.com/watch?v=kXwv9PVR9Og

بەشی دووەمی کتێبەکەی ئێریک هۆبسبام، چۆن جیهان ئەگۆڕێ، بە دەنگ لەسەر یو تیوب

https://www.youtube.com/watch?v=3X07j5I6qaI

17

چاوپێکەوتنی ئیریک هۆبسبام لەگەڵ تەلەفزیونی بی بی سی لە ساڵی 2002 دا

https://www.youtube.com/results?search_query=Eric+Hobs+on+BBC+ibawmn+2002

18

وتارێکی گرامشی کە لە 2/7/1925 نووسیوێتی بە ناونیشانی

Maximalism and Extremism

https://www.marxists.org/archive/gramsci/1925/07/maximalism.htm

وتارێکی گرامشی

For an ideological preparation of the masses

کە ناساندنێک بوو بۆ یەکەم کۆرسی مەدرەسەی حیزب کە لە ئەیپرڵ و مەی 1925دا نووسیوێتی.

https://www.marxists.org/archive/gramsci/index.htm

ئەرشیڤی هەموو نووسینەکانی گرامشی لە سایتی مارکسیست.ئۆرگ

https://www.marxists.org/archive/gramsci/index.htm

سایتی ئینتەرناشناڵ گرامشی سۆسایەتی

http://www.internationalgramscisociety.org/

19

نامەی ئەنتۆنیۆ گڕامشی بەناوی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی ئیتالیاوە بۆ کۆمیتەی ناوەندی حیبی کۆمۆنیستی ڕوسیا لە ئۆکتۆبەری 1926دا.

https://www.revolutionarydemocracy.org/rdv20n2/Gramsci2.htm

20

دەور و نەخشی ناسیۆنالیزم لە تراژێدی کورد. ئیرەجی ئازەرین. (4/6/1991). وەرگێڕانی لە فارسییەوە بۆ کوردی عەلی ئەحمەد پور. بڵاوبوونەوەی لە بڵاوکراوەی (کارگەری ئیمروز)، ژمارە 14، جۆزەردانی 1370ی هەتاوی.

21

تایبەتمەندییەکانی دەورانی حیکمەتیزم، بۆچی حیکمەتیزم، حیکمەتیزم چییە؟ ئاسۆ کەمال، حوزەیرانی 2005. دووبارە بڵاوکردنەوەی لە 29ی جەنیوەری 2017دا.

https://asokamal.com/index/?p=361

22

The Modern Prince and Other Writings, Antonio Gramsci, Printed (2006) by Synergy International of The Americans. ISBN 1934-5682-9-5

23

دنیایەکی باشتر، بەرنامەی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی، نووسینی مەنسور حیکمەت، بۆیەکەم جار ساڵی 1994 بە زمانی فارسی بڵاوکرایەوە. لە سایتی (مارکسیست.ئۆرگ)ەوە وەرگیراوە.

https://www.marxists.org/kurdi/hikmet/babetekan/1995_dnyayeki_bashtr.pdf

Leave A Reply

Your email address will not be published.