ئیبراهیم حسێن: ناسیوناڵیزمی کورد سەودای ئەوەی لەسەردایە کە لەو جوڵانەوە گەورە دژی دین و حیجاب و دژی کۆماری ئیسلامیە باج وەربگرێ و لەکەداری بکا و دایبەزێنێتە ئاستی چاوەڕوانی و داواکارییە بۆرژوایی و کۆنەپەرستانەکانی خۆی دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم حسێن  سەبارەت بە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و کوردستان …

0

ئیبراهیم حسێن: ناسیوناڵیزمی کورد سەودای ئەوەی لەسەردایە کە لەو جوڵانەوە گەورە دژی دین و حیجاب و دژی کۆماری ئیسلامیە باج وەربگرێ و لەکەداری بکا و دایبەزێنێتە ئاستی چاوەڕوانی و داواکارییە بۆرژوایی و کۆنەپەرستانەکانی خۆی

دیمانەی بۆپێشەوە لەگەڵ هاوڕێ ئیبراهیم حسێن  سەبارەت بە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و کوردستان …

بۆپێشەوە: ئاینندەی ئەم راپەرینەی ئێستا چۆن دەبینن؟ لاتان وایە رژێمی ئێران دەتوانێت پاشەکشەی پێ بکات، یان بەرەو ڕووخاندنی رژێم دەڕوات و کۆتایی بە دەسەڵاتی دەهێنێت؟

ئیبراهیم حسێن: ئەم پرسیارە جوڵانەوەی ئەمڕۆ و هەلومەرجی ئێستای ئێران و چارەنوسی داهاتوی ئەم جوڵانەوەی نەخێرە بە کۆماری ئیسلامی زۆر سادە کردۆتەوە. سەرنگونی کۆماری ئیسلامی یان سەرکوت و شکستی ئەم جوڵانەوەی نەخێرە بە کۆماری ئیسلامی. هیچ حاڵەت و ئەگەرێکی تری نەهێشتۆتەوە. ئەم جوڵانەوە و خرۆشانەی ئەمڕۆی ئێران، حاڵەت و مۆمێتێکی دیاریکراوی کۆمەڵگە و جوڵانەوەیەکی خوازیاری سەرنگونییە کە ساڵانێکە  دەیەوێ لە شەڕی کۆماری ئیسلامی ڕزگارێ بێت و ئەمڕۆ ئەم مەسەلە و ئەم خواستەی گەیاندۆتە شەڕی مەیدان و کوچە و کۆڵان. تەنانەت ئەگەر ئەم جوڵانەوەیە لەم فۆرمەی ئێستایدا پاشەکێی پێ بکرێ، بەڵام کۆتایی ئەم ڕەوەندە کەوتنی کۆماری ئیسلامیە. کۆماری هیچ ڕێکایاکی نییە بۆ سازش وسازان و گەرانەوە. تەواوی پردەکانی پشتی سەری ڕوخاون. سەرجەم ئەو پڕۆژانەی کە پێشتر‌ هێنایان بۆ ئەوەی ئەم کۆماری ئیسلامیە لە کابوسی مانەوە ڕزگار بکەن، لە پڕۆژەی ڕەفسنجانی بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئیسلامی بە شتێکی وەکو ئەوەی چین و دواتر دیالۆگی تمدنەکانی خاتەمی و (کۆمارێکی ئیسلامی جۆری دوەم )کە تیایدا ژن حیجابەکەی ڕوی ئەوەی هەبێ لەجلوبەرگ نزیک بێتەوە، یان ئەوەی کەمێک دەستپارێزی لە ئەحکامی وەحشیانەی ئیسلامی دەستپارێزی بکرێ، بوونە بڵقی سەرئاو. دەرکەوت کە ئەم پڕۆژە و هەوڵانەی باڵەکانی ڕژێم بۆ نەجاتدانی ئەم ڕژێمە لەم بنبەستە قوڵە لەوە لەرزوکترن بتوانێ ئەم ڕژێمە بسازێنێ لەگەڵ کۆمەڵگە و بەشەریەتێک کە لەگەڵ ئەو ڕژێمەدا گەیشتۆتە دوا ڕێگەکانی خۆی و دەیەوێ ئەم کابوسە لە کۆڵ بکاتەوە. ئەمە بڕاوەیە. سەرەنجام هەر کرانەوەیەک، هەڵپێچرانی هەر دەزگایەک و هەر ئۆرگانێکی سەرکوت و داپڵۆسین و پێچرانەوەی هەر یاسایەکی کۆنەپەرەستانە کە ئەم ڕژێمە سەپاندویەتی، هەستی باوەڕ بەخۆکردنی کرێکاران و ژنان و لاوان دەباتە ئاستێکی باڵاتر. پەلاماری ئەوان ڕادیکاڵتر دێنێتە مەیدانەوە و مەوجودییەتی عەمەلی کۆماری ئیسلامی زیاتر دەباتە ژێر پرسیارەوە. بەڵام ئایا کۆماری ئیسلامی ئەوە جوڵانەوەیە سەرکوت دەکا و ئایا بە کردەوە دەتوانێ سەرکوتی بکا، بەهەرحاڵ یەکێک لەسیناریۆکانە، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی هاوسەنگی هێزی ئێستا و دروست بوونی ڕوحیە و ئەو باوەڕەی کە کەوتنی کۆماری ئیسلامی دەکەوێ، ئیتر سەرکوت بەو شێوەیەی تا ئێستای دادی نادات. بەو پێیە ئەم جەنگە گەیشتۆتە قۆناغێکی تازە و ناگەڕێتەوە بۆ هاوسەنگی پێشوو. هێشتا چینی کرێکار بەقامەتی خۆیەوە نەهاتۆتە مەیدان و هەر ئەوەندەی هاوسەنگی هێز بگاتە جێگایەک کە چینی کرێکار بێتە ناو مەشهەدەکە ئیتر کاری کۆماری ئیسلامی تەواو دەبێ. ئەم جوڵانەوەیەی ئەمڕۆ حاڵەت و مۆمێنتێکی جوڵانەوەیەکی گەورەی خوازیاری سەرنگونی کۆماری ئیسلامیە و تەنانەت ئەگەر لەم فۆرمەی ئێستاشی نەتوانێ کۆماری ئیسلامی بخا، کۆتایی ئەم ڕەوەندە ڕۆیشتتنی کۆماری ئیسلامیە. بەو پێیە مەسەلەکە ئەوەنییە کە ئەم جوڵانەوەیە لەوفۆرمەی ئێستایدا سەردەکەوێ و کۆماری ئیسلامی دەخا یان سەرکوت دەکرێ. بەڵکو مەسەلەکە ئەوەیە ئەم نەخێرە گەورەیە بە کۆماری ئیسلامی بە ناوی کێوە، لە ژێر ئاڵای کام جوڵانەوەی چینایەتی، بە ناوی کۆمۆنیزم و چەپی کۆمەڵگەوە یان لەژێر پەرچەم و بەناوی ڕاستی کۆمەڵگەوە مۆر دەکرێ و تەواو دەبێ. ئایندەیەک کە لە دەریچەی ئەم ڕوداوانەوە لە ئێران مۆردەکرێ، بە تەواوی گرێی خواردوە بەمە. هەرچی ڕەوتی گۆڕانکاری و ڕوداوەکان قوڵتر و ڕادیکاڵتر بڕۆنە پێشەوە، هەرچی ڕیزی سەربەخۆی چینایەتی چینی کرێکار و کۆمۆنیزم لەجەنگی دەسەڵاتدا، ئامادەتر و چاوکراوەتر بێت، ئیمکانی سەرکەوتنێکی سیاسی چەپ و کۆمۆنیستی لەبارتر و عەمەلی تر دەبێ و لەوێشەوە ئیمکانی یەک ئاڵوگۆڕی گەورەتری سۆشیالیستی لە ئاسۆتردا دەبێ.

بۆپێشەوە: بەشێک لە ناسیونالیستەکان دەڵێن مەهسا ئەمینی (ژینا) لەسەر کورد بوونی کوژراوە، ئێوەلاتان وایە هۆکاری کوشتنی مەهسا ئەمینی (ژینا) کورد بوونی بووە، یان هۆکارەکەی ژن بوون و کاردانەوەی دڕندانەی پۆلیسی مۆراڵ بووە بە ریعایەت نەکردنی حجابی ئیسلامی؟

ئیبراهیم حسێن: ئەمە ئیددیعایەکی پوچە و واقیعیەتی تێدا نییە. لە ژێر سایەی کۆماری ئیسلامی هەزاران هەزار مەهسا ئەمینی لە سنەوە تا تاران و هەرگۆشەیەکی ئێرانی ژێر سایەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی کوژراون. چەند میلیۆن ژنی ئەومەملەکەتە لە بێحورمەتیەکی گەورەی کۆمەڵایەتیدا ژیاون. ناسیوناڵیزمی کورد سەودای ئەوەی لەسەردایە کە لەو جوڵانەوە گەورە دژی دین و حیجاب و دژی کۆماری ئیسلامیە باج وەربگرێ و لەکەداری بکا و دایبەزێنێتە ئاستی چاوەڕوانی و داواکارییە بۆرژوایی و کۆنەپەرستانەکانی خۆی. نەخێر، ئەم ژنانە، چینی کرێکار و ئەم مرۆڤایەتیە بێبەشە ئازادی دەوێ، بەختەوەری و خۆشبەختی دەوێ و دەیەوێ لەو ڕێڕەوەدا لە شەڕی کۆماری ئیسلامی، لەشەڕی حکومەتی حیجاب و سەنگەسار و لەو بەدبەختی ونەنگە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ڕزگاری بێت. ئەم جەماوەرە میلیۆنیە کە ئەمڕۆ داوای ژیانێکی ئازاد وخۆشبەخت دەکا و لە پێناویدا دەجەنگێ و لە پێناویدا بڕیایداوە کۆنەپەرستیەکی بۆرژوایی بڕوخێنێ ناچار نییە باج بە کۆنەپەرستی بورژوایی کوردایەتی بدا. کۆنەپەرستی بۆرژوایی دەسەڵاتدار لە کوردستانی عێراق نمونەی کۆمەڵگە و دەسەڵاتێکی  ئەوەندە قێزەون و دواکەوتوی لێکەوتۆتەوە کە مایەی بێزاری و شەرمە کەسێک بتوانێ شانازی پێوە بکا. چەپی کۆمۆنیستی و کرێکاری کۆمەڵگە ئەرکیەتی ڕێگا نەدا کۆنەپەرستی بۆرژوایی لەهەر بەرگ و ڕەنگێکدا باجگیری بکا. باشترە بێدەنگ بن.

بۆپێشەوە: ئەم راپەڕین و خرۆشانە جەماوەرییەی ئێران، چ کاریگەرییەکی لەسەر وڵاتانی دەوروبەر و بزووتنەوە سیاسیەکان، و سیاسەتی پانی ئیسلامیستی دنیا دەبێت؟

ئیبراهیم حسێن: ئەم جوڵانەوەیە کە جمهوری ئیسلامی بێچارە کردوە و  خەریکە دەسەڵاتی کابوسی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی لە یەکێک لە گرنگترین وڵاتەکانی ناوچەکە دا یەکلا دەکاتەوە، موژدەی ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵ لەناوچەکە دا دەدا. ناکرێ ئیسلامی سیاسی لەئێران بکەوێ و ئیسلامی سیاسی لە بەغداو ئەنقەرە و ناوچەکە هیچ بەڵایەکی بەسەرنەیەت. ڕێنساسی ئێران تەنیا ڕێنساسێکی ئێرانی و تەنیا کەوتنی ڕژێمێکی سیاسی و حکومەتێک و گۆڕانی بە حکومەتێکی تر نییە. کەوتن و لاوازبوون و کەوتنە کەناری بزوتنەوەیەکی فاشیستی بۆرژوایی تاوانکارە کە گرنگترین وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی دنیای لە دەستدایە و بەزۆری سەرکوت، بازاڕی کاری هەرزانی چەرخاندوە. هەر بەو دەلیلە نەفەسی لە سینەی جەماوەری چینی کرێکار و ژنان و لاوان و مەحرومانی ئەم ناوچەیەدا بەند کردوە و ڕۆژەکان دەژمێرن بە ئومێدی ئەوەی هەرچی زووتر ئەم کابوسە بکەوێ و تەواو ببێ. جوڵانەوەیەک کە بە دەنگی بەرز دەیەوێ لەحکومەتی حیجاب و سەنگەسار و لە حکومەتی دین و کۆنەپەرستی ئیسلامی رزگاری بێ. بەدەنگی بەرز داوای ژیانێکی ئازاد و خۆشبەخت دەکەن و ئامادەن  لە پێناویدا بجەنگن، نەک هەر لە ناوچەکەدا، بەڵکو بۆتە مایەی دڵگەرمی وئومێد لە سەراسەری ئەم کورەی زەویدا،  شار و پایتەختەکانی دنیا بوونە مەیدان و شانۆی ئەم خۆشحاڵی و ئومێدە. دەکرێ بڵێین ئێران دەریچەیەکی ڕادیکاڵی کراوەیە بۆ ئاڵوگۆڕی ڕادیکاڵ لە دنیای ئەمڕۆدا نەک تەنیا ئێران. بۆیە کەوتنی کۆماری ئیسلامی نەک هەر پەروەندەی ئیسلامی سیاسی لە ئێران دەپێچێتەوە و ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە دەخاتە پێگەی بەرگریکردن لە خۆی، بەڵکو مەیدان بۆ جوڵانەوە سکولار و ڕادیکاڵەکان و بۆ کۆمۆنیزم و چەپ ئاواڵاتر دەکا. بە مانایەک پیچانەوەی فایلی ئیسلامی سیاسی لە ناوچەکە و دنیاشدا دەخاتە دەستورەوە. خۆ ئەگەر کۆمۆنیزم وچەپی کۆمەڵگە کە ئەمڕۆ لە کۆمۆنیزمی کرێکاریدا نوێنەرایەتی دەکرێ، بە هێزەوە لە مەیدانی ئەو جەدەلەسیاسیە بۆ خستنی ئیسلامی سیاسی وکۆماری ئیسلامی دا ئامادەبێ و لە جەنگی دەسەڵاتدا بگۆڕێ بە یەکێک لە بژاردەکانی چینی کرێکار و جەماوەری بێبەش، ئەوا ئاسۆی سەرکەوتنێکی سیاسی سۆسیالیستی و چەپیش دەکرێ  یەکێک بێ لە ئەگەر و سیناریۆکانی داهاتوی ئێران. بێگومان تائەو شوێنەی کە بەبۆرژوازی و ڕاستی کۆمەڵگە دەگەڕێتەوە سیناریۆی خوازراوی ئەوان ئەوەیە کە دەسەڵات و دەوڵەت لەودەستەوە بگوازنەوە بۆ ئەو دەستەی تر  بەبێ ئەوەی ئەم ڕەوەندە ئێستا سەربکێشێتە شۆڕش و دەستبردن بو هیچ ئاڵۆگۆڕێکی ڕیشەیی. ڕاستی لایەنگری ڕۆژئاوا، کۆماریخواز و لایەنگرانی شا و ئەوانەی بانقی جیهانی و بیبیسی و بۆرژوازی ڕۆئاواویان لە پشتە، دەکۆشن کە سەرمایەداریەکی تێکەڵتر بە ڕۆژئاوا و بازاڕی جیهانی ڕێکبخەنەوە. سەرمایەداریەک کە کێشەی تەحەمولکردن و نەکردنی دەرکەوتنی قژی ژن و خواردنەوەی ئاشکرای مشروبات و دانس و مۆسیقا و ستایلی ژیانی ڕۆژئاوایی نەبێ.  جەدەلی داهاتو جەدەل و کێشمەکێشی کۆمۆنیزم و چەپی کۆمەڵگە و ڕاستی کۆمەڵگەیە لەسەر ئێرانی ئایندە. یان ئێرانێکی ئازادی سۆسیالیستی کە تیایدا بانگی هەڵوەشانەوەی کۆیلایەتی کاری بەکرێ و سەرمایەداری و چەوسانەوەی تیادا ڕاگەیەنراوە و تیایدا فراوانترین ئازادییە سیاسی و مەدەنیەکانی تێدا گۆڕاوە بە یاسای ژیان،  یانیش مۆدێلێکی تری سەرمایەداری تێکەڵتر بە دنیا و ئابوری و کلتورو تەکنۆلۆژیای ڕۆژئاوا، هەردووکی ئەم ئاسۆ چینایەتی و کۆمەڵایەتیە ئیمکانی ئەوەیان هەیە بگۆڕێن بە واقیع.

بۆپێشەوە: بەرەی کۆنەپەرستی و بەتایبەتی ئیسلامی سیاسی هەراسانی راپەڕین و شۆرشی جەماوەری ئێرانن، ئەمە بۆچی دەگەڕیتەوە؟

ئیبراهیم حسێن: هەراسانی جوڵانەوە و حیزب و هێزەکانی ئیسلامی سیاسی لە دنیا وناوچەکە لەم جوڵانەوەیە ئەمڕۆ کە خوازیاری سەرنگونکردنی کۆماری ئیسلامیە سروشتی و، چاوەڕوانکراوە. چونکە هەروەک باسمان کرد کەوتنی  کۆماری ئیسلامی لە ڕاسانێکی سکولار و ئازادیخوازدا، تەنیا کەوتن و ڕۆیشتنی ڕژێمێک و حکومەتێک و هاتنەسەرکاری حکومەتێکی تر نییە، بەڵکو کەوتنی بڕبڕەپشتی جوڵانەوەیەکی هەمەجی سیاسی بورژواییە کە نزیکەی تەواوی ناوچەکەی لەدەستدایە. تورکیای لەدەستە کە پردی ئاسیاو ئەوروپایە. عێراق و ئەفغانستان و ناوچەکەی لە دەستدایە و ژیانی چەند ملیار مرۆڤی لەم ناوچەیەی دنیادا بە کۆنەپەرەستانەترین شێوە دیاریکردوە. سروشتیە سەرکەوتنی هەستانێکی سکولار لەدژی ئەو کابوسە، ڕێگە دەکاتەوە کە ئەم جوڵانەوەیە، باوەڕەکانی، ڕەمز و پیرۆزیەکانی، حیزب و کارەکتەرەکانی بکەونە بەر ڕەخنەو پەلامارێکی ڕادیکاڵتر لەو ناوچەیەدا و دەست و باڵی مرۆڤایەتی کرێکار و بێبەش بکاتەوە بۆ ئەوەی لە دەسەڵات وبیروباوەڕ و کاریگەری وێرانکەری ئەم جوڵانەوەیە ڕزگاری بێت. هەربۆیە ئەم جەدەلە ناوچەیی و جیهانیە و ئەم جوڵانەوەیە نەک هەر هەراسانە لەوەی کە لە ئێران ڕوودەدا، بەڵکو تا کۆتایی بەرگری لە خۆی دەکا. ئەوەی کە گرنگە هەستیاری و ئامادەیی چەپ وکۆمۆنیزمی کرێکاریە لە ناوچەکەدا بۆ تێگەیشتن لەو ئیمکاناتە گەورەیە کە گۆڕانێکی بەوجۆرە دەتوانێ بەقازانجی دەرکەوتنێکی جیددیتر وسیاسیتری کۆمۆنیزم و چەپی کرێکای لەشەڕی دەسەڵاتدا دەیخوڵقێنێ….

Leave A Reply

Your email address will not be published.