عەلی محەمەد ئەمین: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمجارەش هەوڵدانێکی تری لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، بە کوردستانیشەوە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمڕانی لە عێراقدا،.. دیمانەی بۆپێشەوە لەگەل هاوڕێ عەلی محەمەد ئەمین سەبارەت بەچۆنیەتی بەڕێوەچوون و ئاکامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق…
بۆپێشەوە: چۆن دەڕواننە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئایا ئەم هەڵبژاردنە و ئاکامەکانی دەتوانێت باڵانسی نێوان هێزو لایەنە سیاسییەکانی عێراق بگۆڕێت ؟
عەلی محەمەد ئەمین: هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، ئەمجارەش هەوڵدانێکی تری لایەنە سیاسییەکانی عێراقە، بە کوردستانیشەوە بۆ دووبارە ڕێکخستنەوەی سیستمی حوکمڕانی لە عێراقدا، ئەم ڕێکخستنەوەیە ئەگەرچی دەشێ هەندێ هێزو لایەنی سیاسی تیادا سەرکەوێت و کورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت ، یاخود هەندێ لایەن کورسییەکانی لە چاو پێشووتردا کەم بکات، وەک ئەوەی ئێستا سەرۆک وەزیرانی حکومەتی عێراق (محەمەد شیاع) بۆ خۆی وەک لایەن و لیستێک بەشداری کردووە، بە دڵنیایی چەند کورسیەک دەهێنێت و دەشێ ئەم دەستکەوتە لەسەر حسابی لایەنی تربێ و دەسکەوتی ئەمان شتێ کەمتر بکا، یاخود (سەدر) و لایەنگرانی ئێستاکە بەشدار نابن و وەک بە زارەکی ڕایدەگەیەنن بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، دیارە ئەمە مەیدان خۆش دەکا بۆ هەندێ لایەنی تر کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان سود وەرگرن، ڕێی تێدەچێ لە بارودۆخێکی وادا هەندێ هێزو سەرو سیمای تازە لە پەرلەمانی بەناو نوێ و حکومەت وپلەو پایەو دام و دەزگا جۆراوجۆرەکان دا دەرکەون، بەڵام ئەمە هەرگیز ناکاتە ئەوەی باڵانسی هێز بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێ لەبەر ئەوەی هەوڵی بەڕێخستنی پرۆسەی هەڵبژاردن و چۆنێتی بەجێخستنی ئاکامەکانی گەرچی بەناوی عێراقی نوێ وخەڵکی عێراق و هاونیشتمانیانی عێراقییەوە دەکرێ، بەدەر نییە لە هەوڵی دەرەکی، بەتایبەت جێ و ڕێ و کاریگەری ئێران و ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا، بەبەهێزو بێ هێزیانەوە، بە واتایەکی تر ئەم هێزانە هەوڵ ئەدەن باڵانسی هێزەکان لە بەرژەوەندییە هەمەلایەنەکانی خۆیان دەرنەچێت، لە سایەی بارودۆخێکی لەم شێوەیەدا، وەک ئاماژەمان پێدا، جگە لە سەرکەوتن یا ژێرکەوتنی هەندێک و زیادکردنی کورسی یا کەمکردنی بە ڕێژەیەکی دیاریکراو گۆڕانێکی ئەوتۆو کاریگەر بەدی نایەت و لە هاتنەوە کایەی عێراقێکی تایەفی و بەش بەشێنە لە پۆست و پلەو پایەو و دەسەڵات تێناپەڕێت.
بۆپێشەوە: سەرجەم حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە جیاتی خستنەڕووی بەرنامەو پلاتفۆرمی خۆیان بۆ هەڵبژاردن، زۆرتر پشتیان بە دروشمی قەبە دەبەست، هۆکار چیە ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانە لە جێگای بەرنامەو پلاتفۆرم پەنایان بۆ دروشم بردووە، چۆن دەڕواننە دروشمی لایەنەکان؟!
عەلی محەمەد ئەمین: هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانیش لە کاتێک دا بەڕێوە دەچێت، خەڵکی عێراق لە زۆر پێداویستی سەرەتایی بێبەشە، هێشتا کێشەی ئاوو کارەباو سوتەمەنی و تەندروستی و ڕێگاوبان و پەروەردەو خوێندن و نیشتەجێبوون هەیە، هێشتا لە هەندێ ناوچەو شوێنی عێراق دا، شوێنەواری شەڕو شۆڕو نا ئەمنی و جیاکاری تایەفی و مەزهەبی و ڕەگەزپەرستی پێوە دیارە، ئەمە بەجیا لەوەی لە کاروانی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیادا لە ئاستێکی نزم و دوواکەوتودایە، ناڕەزایەتی خەڵکی عێراق لەم بارودۆخە زۆر بەرین و ئاشکرایە، بەڵام بەهۆی کاریگەری ئەو هێزو لایەنانەی تەراتێنی تێدا دەکەن، کەرت و پەرت و نایەکگرتووە، ئەوەی ناوی ئۆپۆزسیۆن و بەرهەڵستکارو دژە گەندەڵ و پێشکەوتووش لە خۆی ئەنێ، لە پێکهاتەو ناوەرۆکدا جیاوازیەکی ئەوتۆی نییەو جگە لە هەوڵدان بۆ پچڕینی پلەو پایەو پۆست و بەرژەوەندی خۆیان، بەتەنگ داواکارییە گشتییەکانی خەڵکەوە نین، تەنانەت لە حاڵی حازریش دا وەک پێشووتر ڕیزبەندی داواکارییەکانی خەڵکی ناڕازی لەپلاتفۆرمی تایبەتی خۆیان دا ناکەن، بەتایبەت کە گفت و بەڵێنەکان زۆر ڕیسواو پوچ بوونەتەوەو خەڵک بە بیستن و بینینی گفت و بەڵێنە ناڕاستەکانییان هێندەی تر بێزارو نیگەران دەبن، لە کوردستانیش دا وەک بینیمان زۆرێکی بانگەشەکان بە تۆمەتبارکردن و ناشیرین پیشاندانی ئەم و ئەوەوە بەڕێوەبرا، خۆ ئەگەر هەندێک لەناو بانگەشەو پڕوپاگەندەی دا باس لە هەلی کارو دامەزراندن و دابینکردنی خزمەتگوزاری کردبێ، ئەوە لای زۆرێک قسەیەکی پوچ و بێ بناغەیە، بەتایبەت کە بۆ ماوەی ساڵانێکی زۆر بەرنامەو کارنامەی ئەم لایەنانەی لا ڕۆشنە، بە دەسەڵاتدارو ئۆپۆزسیۆنەوە، ئەگەر لێرەو لەوێش پردو جادەو بانێکیان کردبێ، یا خزمەتگوزارییەکیان پێشکەشکردبێ، جێگای نیگەرانییە گشتگیر نییەو هەموو شارو شارۆچکەو ناوچەکانی نەگرتووەتەوە، لە بەرامبەر ئەو سەروەت و سامانای لەبەردەستیان دا بووە شتێکی ئەوتۆی دڵخۆشکەر نییە..
بۆپێشەوە: هەڵبژاردنی خولی شەشەم چ ئاڵوگۆڕێک بەسەر هاوسەنگی هێزی بەغداو هەرێم دا دەهێنێت، وە چ کاریگەریەکی لەسەر دۆخی سیاسی کوردستان دەبێت؟!
عەلی محەمەد ئەمین: وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا لەبەر ماهیەتی ئەو لایەنانەی بەشدارن لە پرۆسەکەداو چەکداربوونی هەندێکیشیان و ئەو فشارو کاریگەرییەی لە دەوڵەتانی دوورو نزیکەوە دەکەوێتە سەریان و لەبەر سەرهەڵنەدانی هێزێکی بەرهەڵستکاری گۆڕانخوازی ڕاستەقینەو بەهێز لە مەیدانەکەدا، گۆڕانکاری بەرچاو لە هاوسەنگی هێزی بەغداو هەرێم دا بەدی نایەت، بەتایبەتیش کە هەردوو هێزە سەرەکییە چەکدارەکەی کورد، یەکێتی و پارتی وەک پێشووتر ناکۆکن و ئەوەی پێی دەڵێن یەکڕیزی نەتەوەیی و نیشتمانی، هەر قسەو گفتی بێ سەروبەرەو لە ئارادا نییە، پێدەچێت لە ئاکامی هەڵبژاردنیشدا شتێکی ئەوتۆ نەگۆڕێت و کاریگەری بەرچاو بەدیار نەکەوێت لەو هاوسەنگییەدا…
بۆپێشەوە: ئەم هەڵبژاردنە دەتوانێت باڵانسی هێزی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بگۆڕێت؟
عەلی محەمەد ئەمین: پێناچێت کاریگەرییەکی ئەوتۆ دەرکەوێت لە باڵانسی هێزی نێوان لایەنە سیاسیەکانی کوردستان دا، چونکە پێشتر ئاکامەکان داڕێژراون و کاریگەرییە دەرەکیەکان ڕۆڵیان دیارەو هاوکات هەردوو لەم هێزانە هەوڵی جۆراوجۆر ئەدەن بۆ زیادکردنی بەشداری و دەنگ بە قازانجی خۆیان، بەپارەو پول و دیاری بەخشینەوەو گفت و بەڵێنی دامەزراندن لەسەرکارو دابەشکردنی پلەو پایەو پۆست، خۆ ئەگەر پێویستیش بکا ئەوازمانی هەڕەشەو گوڕەشە بەکار دەهێنن و ئاماژە بەدەرکردن لەسەر کارو نانبڕین و پەراوێزخستن ئەدەن، بەهۆی توانای پارەوپول وسەروەت و سامان و هێزی چەکداری چۆراوجۆرەوە، هەریەک لەمانە ئەگەر کورتیش بهێنن لە دەنگدان دا ئەوا لە ئاکامی هەڵبژاردن و کۆبوونەوەی پەرلەمان و حکومەت و دابەشکردنەوەی پلەو پایەو پۆست دا، هەربەشی خۆیان مسۆگەر دەکەن …
بۆپێشەوە: حیزب و لایەنە سیاسیە بەشدارەکان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەم دا، تاچەندە پابەندی بەڵێنەکانیان دەبن؟
عەلی محەمەد ئەمین: ئەگەر نوێنەران و کاندیدانی ئەم حیزب و لایەنە سیاسیانە پابەندیەکیان بێت، ئەوا پابەندن بەپاراستنی بەرژەوەندی حیزب و لایەنەکانیان، بەپاراستنی بەرژەوەندی دەوڵەتانی زلهێزو دەرو دراوسێ و مووچەو داهاتی زۆرو زەبەندی خۆیان، جێگای نیگەرانیە زیاتر درێژەپێدەری سیاسەتی پێشووی خۆیان دەبن، ئەگەرچی ئەم حیزب و لایەنانە، ئێستاکە، بەتایبەت لە کوردستان دا بەناوی هێزی خەڵک و کوردو کوردستانەوە بەڵێنی قەبەو زل ئەدەن، لەوانە پیاچوونەوەی دەستورو چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و دۆزینەوەی هەلی کار و دەستخستنی بۆدجەی پێویست و چارەسەرکردنی کێشەی مووچە، جێگای نیگەرانیە چۆن لە دەیان ساڵی پێشوو دا لە ڕاستای ئەم بەڵێنانەدا شتێکی ئەوتۆیان نەکردووە و گەندەڵی و بەهەدەردانی سەروەت و سامانیان پەرەپێداوە و ئێستاکەش چاوەڕوانیەکی ئەوتۆیان لێ ناکرێ و قەیرانە سیاسی و ئەمنی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان هەر بەردەوام دەبێ و فشارەکانی دەورو پشتیش بۆ هێشتنەوەی بارودۆخەکە بەم جۆرە هەر لە گۆڕێ دا دەبێ…
بۆپێشەوە: ئایا دوای ئاکامی هەڵبژاردنەکان، بەشێوەیەکی ئاسایی دەتوانرێت حکومەت پێکبێت، یان وەکو هەڵبژاردنی کوردستان پێکهێنانی حکومەت قورس و پڕ گرێ و کێشە دەبێت؟
عەلی محەمەد ئەمین: بە دڵنیایی گێرمەو کێشەی زۆر ڕووبەڕوی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق دا دەبێتەوە، چونکە دووبارەو دەبارە حکومەتێکی تایەفی و بەش بەشێنە درووست دەبێتەوە، تەنانەت لە ئاکامی دەنگدانەکانیش دەترازێ، بەتایبەتیش کە هێزە شیعییەکان بۆ خۆیان یەکگرتوونین و تەنانەت لە لایەنگیریشیان دا بۆ ئێرانی مەرجەعی بڕیارو چالاکیان دا چوونیەک نین و دیارە هەر لایەن و تاقمە هەڵپەی پلەو پایەو پۆست بۆ خۆیان هەیەو ناکۆکیەکی قوڵیش لە نێوان هێزە شیعی و سونیەکانیش دا هەیەو ئەگەرچی ئەگەڕی گەڕاندنەوەی هێزە سونیەکان بۆ ناوەندی بڕیار لاوازە، بەڵام خۆ دەبێ بە جۆرێک لە جۆرەکان، بەم شێواز یا بەو شێواز لە بەشداری حکومەت دا جێیان بکرێتەوە، خەڵکی بەرفراوانی ناڕازیش با لەولاوە بوەستێ، ئەگەرچی نەتوانێ لە باری ئێستادا حکومەتی داهاتوو بخاتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام بە دڵنیایی فشاری لەسەری هەیەو بە ئاسانی ناتوانێ خۆ لە بەرپرسیاری وەڵامدانەوەیان بدزێتەوە، ئەگەر بەشێوەیەکی نیوەو ناوەچڵیش بێت، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو گرێ و گۆڵانەش دا لایەنە سیاسیەکانی بەشداربوو لە هەڵبژاردن دا لە بارودۆخێکدان، دەبێ هەرچی زووترە حکومەت پێکبێت و ئارایشتێک بە خۆیان بدەنەوە، ئەگەرچی لە ناوەرۆک دا هەر درێژە پێدەری هەمان سیستەمی حوکمڕانین…
بۆپێشەوە: ئاکامی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت چ ئاڵوگۆڕێک لە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو خەڵکی بێبەش دا پێکبهێنێت؟
عەلی محەمەد ئەمین: پێشبینی ناکرێت ئاڵوگۆڕێکی وەها بەدیبێت لە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێشدا، چونکە خودی پرۆسەی هەڵبژاردنەکەو پێکهێنانی حکومەت بۆ خۆی، بۆ باشکردنی هەلومەرجی ژیان و گوزەرانی کرێکاران و خەڵکی هەژارو کەمدەرەتانەوە نەهاتووەتە گۆڕێ و بەشداربووانی هەر هەموویان ئەزمونکراون لە دەسەڵات و لە ئۆپۆزسیۆن داو تەواوی پرۆسەکە لە ژێر کاریگەری دەوڵەتانی زلهێزو دەوڵەتانی وەک ئێران و تورکیاو هەندێ دەوڵەتی تری نزیک و دووردایە، هێندە پاراستنی بەرژەوەندی ئەوانیان مەبەستە، هێندە وەڵام بەداواکارییە ڕەواکانی خەڵکی ستەملێکراویان لا مەبەست نییە، هاوکات ئاستی هوشیاری دەنگدەرانیش هێندە بەرز نیە تا تەرازووی هێز بەلای بەرژەوەندیەکانی خۆی دا ڕاکێشێ و سەرجەم بزووتنەوە بەرهەڵستکارو ناڕازییەکان بەدەست کۆمەڵێک گرفتی وەک نایەکگرتوویی و بێ بەرنامەیی و ناڕێکخراوبوونەوە دەناڵێنن، ئەمە جگە لەوەی کە لە نێو ناوان دا، کۆمەڵێک ڕەوت و بزووتنەوەو پارت و لایەن هەن، زۆر جار سواری شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دەبن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بە لاڕێیان دا دەبەن …
**************