ئارایش دانەوەی تیرۆر بەرهەمی دەسەڵاتە… نووسینی: عبدالرحمن رسول
ئارایش دانەوەی تیرۆر بەرهەمی دەسەڵاتە…
نووسینی: عبدالرحمن رسول
هەبوونی تیرۆر واتە نەبوونی ئارامی و لەناوبردنی جوانییەکانی ژیان کە ئازادی بیرکردنەوە و ڕەخنە و تێڕوانینی جیاوازە. لەهەر کۆمەڵگەیەک تیرۆر هەبوو هەبوونی مافی مرۆڤ و ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین و مەدەنی بوونی کۆمەڵگە دەکەوێتە مەترسییەوە، چونکە جوڵەکانی بیرکردنەوە و ڕەخنەگرتن و بۆچوونە جیاوازو بیروڕا جیاوازەکان تووشی شڵەژان دەبن بەهۆی گومان لەوەی کە ئەوانیش تووشی فشار و ئەگەری لەناوبردن دەبن بەهۆی بۆچوون و ڕەخنە جیاوازەکانیانەوە.
ئەوانەی پەنا بۆ ئەنجامدانی تیرۆر دەبن کە خاوەن هەر جۆرە بیروباوەڕو دین و نەتەوە و بۆچوونێک بن ئەوا لەئەنجامی ئیفلاسی فکری و بیرکردنەوەو ڕوکودی سیاسی و فکریان کە لەئاست بیرکردنەوە و هزرە پێشکەوتنخوازو مرۆڤدۆست و ئازادیخوازو یەکسانیخوازەکاندا بێ وەڵامن لەڕویی فکری ئیداری و سیاسی یەوە، لەبێ توانایی و هیچ لەباران نەبوویی و بێ وەڵامن بەرامبەر پرسیار و بۆچوونە نوێیەکان و جیهانی شارستانی و مرۆڤی سەردەمی شارستانی وئازادیخوازی دا. ئەوانەی تیرۆر ئەنجام دەدەن هەرگیز توانای گونجاندن و دیالۆگ و گوێ گرتنیان نییە بۆیە بۆ ڕوبەڕووبوونەوە تەنها بەتیرۆر وکوشتن وەڵامی ڕەخنە و چالاکییە ئازادیخواز ومرۆڤ دۆستەکان کە لەخۆیان جیاوازن دەدەنەوە.
لەهەر کۆمەڵکەیەکیش تیرۆر و کوشتن وکوشتنی ژنان وپیاوان چەند بارە بۆوە، ئەمەش بەواتایی ئەوەیە کە جۆرێک دەسەڵاتێک هەیە کە خۆی پێکهاتەکەی هاوکارو یارمەتیدەری گەشەدان و ئاراشتدانەوەی تیرۆرە. ئەگەر نەتوانێت لەماوەیەکی کەمدا ئەو جۆرە کوشتن و تیرۆرانە بوەستێنێت ئەوا سەرجەم پێکهاتەی ئیدارەداری و دەسەڵاتداری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەو دەبێتە بەشێکە لە هاوکارو یارمەتی دانی گەشەی تیرۆر.
لەم قۆناغەدا ڕۆڵی خەڵکی ئازایخوازو سیکۆلارو مرۆڤ دۆست و کۆمۆنیست دێتە گۆڕێ کەپێویست دەکات بەئەرکی دروستی خۆیان هەستن. ئەویش ڕوبەڕوبوونەوەیە لەدژی کۆی پێکهێنەرە فکری و بیرکردنەوە وبۆچوون و تێڕوانینەکانە کەهۆکاری ئەنجامدەری تیرۆر و کوشتنەکانی ژنان و پیاوانن و کە یارمەتی و پشتیوانن لەئاراشتدانەوەی ئەنجامدانی تیرۆر.
کە لەژێر ئەم تێڕوانینەی سەرەوە کەمێک بیر لە پێکهاتەی ئیدارەدان و دەسەڵاتدارێتی کوردستان بکەین، بەڵام بەبێ ئەوەی لایەنگری وکاریگەری هیچ جۆرە ئایدیا و بۆچوون وتێڕوانینێکی حیزبێکی سیاسی دیاریکراو لەزەهەنێت و بیرکردنەماندا داگیربکات لەسەر بابەتی بیرکردنەوە کە هەبوونی چەندبارەی تیرۆرە لەکوردستانە!
دەرئەنجام دەگەینە ئەو ئەنجامەی لە باشووری کوردستان بەدیاریکراوی کۆی سیستەم و دەسەڵاتدارانی بەشێکی بەهێزی ئەنجامدەرو هێزی ئاراشتدانەوەی پێکهاتەکانی گەشەی تیرۆرن لەکوردستاندا، لەوەش کوشندەتر ئەوەیە زۆرینەی پێکهاتەی میدیایی و سیاسی و ڕوناکبیری و سیکۆلارو ئازادیخوازو چەپ و کۆمۆنیست و شیوعی لەو چوارچێوەدا بێ هەڵوێست و بێ جوڵەی بەرەنگاری ئاراشتدانەوەکانی تیرۆرن لەکوردستان ئەمەش وایی کردووە لەجیاتی کەم کردنەوەو نەمانی تیرۆر، خودی تیرۆر ببێتە هەڕەشەیەکی جدی لەسەر ئارامی و ژیانی کەسانی ئازادیخوازو یەکسانیخواز لەژنان وپیاوان لەباشووری کوردستان. ڕۆژ دوایی ڕۆژ ئازادییەکان زیاتر بەرتەسک دەکرێنەوە لەژێر ناو و بیانوی جیاوازی کوشندەدا.
ئەزیزانی خوێنەر: تکایە! با چیتر ڕوداوە تیرۆریستییەکان لەچوارچێوەی حیزبێک یان فکرو بیرکردنەوەیەکی بەرژەوەندی تایبەتی هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەکان ئەنجام نەدرێت، کە ئەمەش تەنها بۆ هاوسۆزی نیشاندان نەبێت، ئەگەر ئەم شێوازە هەڵەیە بەردەوامی پێبدرێت هەروەک ڕوداوێکی دیاریکراوی ناخۆشی حیزبێک یان خانەوادەو گروپێک لێکدانەوەی بۆ بکرێت دواجار لەکۆی گشتی دا زیاتر کۆمەڵگە دادەڕوخێت وبەرەو وێرانترو بێ ئومێدی زیاتر ڕاپێچ دەکرێت، ئەمەش چەند لەبەرژەوەندی تایبەتی دەسەڵات و تیرۆر و توندڕەوەییە هێندەش زیان بە کۆمەڵگەی کوردستان دەگەیەنێت.
زۆرینەمان لەمێژوویی ژێر دەسەڵاتی سیاسی چەوسێنەرو دزو گەندەڵی کوردستان گوێ بیستی هەواڵی تیرۆرکردنی چەندەها هەڵسوراوی سیاسی ژن وپیاو و ڕۆژنامەنووس بوون لەمانگی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ یش گوێ بیستی ژنێکی چالاکوانێکی سیاسی و میدیایی بووین لەشاری سلێمانی و لەشاری هەولێریش ئەفسەرێکی دەزگایی زانیاری تیرۆر کرا، لەوەش خراپتر هەموو لایەک نەیان توانی جیاوازتر لە ڕابردوو تیشک بخەنە سەر بابەتی تیرۆر. بەهەمان جۆری ڕووداوە تیرۆر و کۆمەڵکوژییەکانی ڕابردوو تەنها لەچوارچێوەی کڕوزانەوە و هاوسۆزی و مەحکوم کردن و سەرەخۆشی ئاسایی دا تێپەڕی نەکرد.
بەم جۆرە ڕۆژی ٤ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢زۆر بەداخەوە یەکێک لەژنە چالاکەکان لەبواری میدیایی و سیاسی لە گەڕەکی بەختیاری شاری سلێمانی تیرۆرکرا، بەپێی ئەو زانیارییەکان ئەو ژنە ناوی (ناگەھان ئاکارسەر) ە ناسراو بووە بە ( ھەڤاڵ زیلان ) و تەمەنی ٤٥ ساڵە، خەڵکی شاری کۆنیای باکووری کوردستانە”.
هەروەها لەبواری ڕاگەیاندن وسیاسی دا چالاکی ئەنجامداوە ئەو چالاکوانە بەپێی زانیارییەکان ئەو ژنەی سەر لەبەیانی لەناو گەرەگدا بەر دەستڕێژی گوللە دراوە و گیانی لەدەستداوە. ئاگەهان ئاکار سەرنووسەری گۆڤاری ژنۆلۆجی بووە. ڕوناکبیران و ڕۆژنامەنووس وچالاکوانی سیاسی و مەدەنی تەنها بەیاننامەو مەحکوم کردن و سەرەخۆشیان دەربڕی، هەروەها لایەنگرو بەرپرسانی پارتی کرێکارانی کوردستانیش لەو چوارچێوە دەرنەچوون. لایەنی دەسەڵات وحکومەتی باشوری کوردستانیش مەحکومی کرد و سەرەخۆشی کرد و هێزەکانی ئەمنی کردە پاڵەوانی ڕووداوەکە کە سەبارەت بەم کردەوە تیرۆرستی یە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەڕوونکردنەوەیەکدا ئەوەی بڵاوکردۆتەوە کە توانرا تۆمەتبارانی ئەم کردەوەيه دەستگیر بکەین و لەئێستادا لەسەر فەرمانی بەڕێز دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
بەشێک بۆچوونەکانی خرانە ڕوو کوردستانیان بە هەبوونی مۆڵگە و بارەگای میتی دەوڵەتی تورکیا بەهۆکاری ئەم ڕووداوەی زانی. بەشێکی تر باسی هەبوونی مۆڵگە وبارەگای ئیتڵاعات ومیتی دەوڵەتی تورکیا وئێرانی بەهۆکار زانی .
کەوایە سەرجەم تێڕوانین و بۆچوونەکان بەبێ ئەوەی هیچ بەگژداچوونەوەیەک لە تێڕوانین و بۆچوونەکانیان بەرامبەر ئاراشتدانەوە وگەشەی تیرۆر کەبە بەرنامە وپلان ونەخشەڕێگا جێبەجێ دەکرێت بخەن ڕوو و بڵاوی بکەنەوە. ئەمەش بۆئەوەیە هەریەکەیان لەچوارچێوەی زاڵبوون و کاریگەربوونی بەرژەوەندی فکرو بۆچونی تایبەتی و حیزبی یە کە نەتواندراوە بچێتە بازنەی گشتی جەماوەری بەگژداچونەوەی ئایدیا وفکرو بۆچوون وکردەوەی تیرۆریستی، کەئەمەش زۆر بەداخەوە ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت کە دەبێت چاوەڕوانی ڕووداوی تیرۆرکردنی ئازیزانی سیاسی ئازادیخوازو یەکسانیخوازبین. هاوڕێیانی خوێنەر لەساڵی ١٩٩١ وە بۆ ساڵی ٢٠٠٠ چەندین کەس تیرۆر کران هەر لەساڵی ١٩٩١ چەندین هەڵسوڕاوی سیاسی بزوتنەوەی شورایی تیرۆر کران، دواتر یەکێک لەگەنجە شاعیر و دڵسۆزەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش بەناوی بەکر علی لەناوەڕاستی شاری سلێمانی تیرۆر کرا، لەناوچەی ئاکرێ ئارام و ڕێناس و لەشاری هەولێریش چەندین هەڵسوڕاویی سیاسی لەوانە شاپور عبدالقادر و قابیل عادل بەفتوایی مەلاکان تیرۆر کران، دواتریش هەمان ئەو مەلایانەی کە فتواکانیاندا لەجیاتی دادگایی کردنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە خەڵات کران و بوونە ئەندام پەڕلەمانی کوردستان وعێراق هەروەها لەساڵی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٢ چەندەها کاری تیرۆڕیستی ئەنجامدراوە لەوانە تیرۆرکردنی پێنچ کادیری کۆمۆنیستی کرێکاری لەناوشاری سلێمانی لەلایەن چەکدارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە کە دەسەڵاتداری کوردستان بوو، تیرۆرکردنی زیاتر لە ٣٠٠ هەڵسوڕاوی سیاسی حیزبەکانی ئێرانی و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان لە ژێر سایەی دەسەڵاتی کوردایەتی بنەماڵەکانی تاڵەبانی و بازرانی دا تیرۆر کران . ئەگەر لەهەر کۆمەڵگەیەکی تری جیهاندا کە کەمێک وشیاری هەستکردن بەرپرسیارێتی ئەمە ڕوویی بدابایە بەدڵنییایی دەبووە خەمی گشتی کۆمەڵگە لەڕوویی تێکۆشانی یەکگرتووانەی جەماوەی ئازادیخوازی لەدژی ئاکارو کردەوە و فکری تیرۆریستیدا، بەڵام لە باشووری کوردستان زۆر بەئاسانی و سادەیی، کردەوەی تیرۆریستی بۆتە نۆرماڵ و ئاسایی کۆی کۆمەڵگە، هەر بۆیەشە ساڵ لەدوای ساڵ زیاتر کاری تیرۆریستی لەباشووری کوردستان درێژەی هەیە، بەڵام پەیام و سەرنج و بۆچوونەکانیش بەهەمان جۆرو شێواز درێژەی هەیە کە شێوازو جۆری کڕوزانەوە و هاوسۆزی و مەحکوم کردنە. هیچ کۆمەڵگەیەکیش بەتەنها مەحکوم کردن و سەرەخۆشی نیشاندان ناگۆڕێت بەرەو باشترو نوێتر.
٭ نەخشە ڕێگای تێکشکاندنی تیرۆر:
ئەگەر بمانەوێت تیرۆر کۆتایی پێ بێت پێویسته دژایەتی تیڕۆر و فکرو بیرکردنەوەی تیرۆر و توندڕەوەی ببێتە خەمی کرداری کۆی گشتی کۆمەڵگەی باشووری کوردستان، ئەمەش یەکەمین هەنگاو لە تێکۆشانی ڕادیکاڵانەی کەسانی کۆمۆنیست و شیوعی و سیکۆلارو ئازادیخوازو یەکسانیخوازەوە دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ بندرێت کە خۆیان دابماڵن لەتەنها دەرکردنی بەیاننامە و سەرەخۆشی و مەحکوم کردنی ڕووداو و کردەوە تیرۆریستیەکان، واتە بە دەسته دەسته و کۆمەڵ کۆمەڵ خۆیان لەناو بزووتنەوەیەکی بەهێزی جەماوەری دا ڕێکخراو بکەن بە هەبوونی پڕۆژەی ئینسانی بەگژداچوونەوەی کردەوە و فکری تیرۆیستی و توندڕەوی کە دوور بێت لە زاڵبوونی ئایدیا و فکری حیزبێکی دیاریکراو و چەقبەستوو کە جەماوەری ناڕازی پەرت بکات بەڵکو زیاتر ئاراستەکان و هەنگاوەکان بۆ بەگژداچوونەوەی تیرۆرو توندەڕەوی بێت.
کۆمۆنیست و شیوعی و سیکۆلارو ئازادیخواران ئەگەر ئەم هەنگاوە کردارییە نەهاون و جێبەجێ نەکەن، ئەوا ئەوانیش بەناڕاستەوخۆ دەبنە بەشێک لە وێرانکردنی کۆمەڵگە بەدەستی فکرو بیروباوەڕی تیرۆریستی و توندڕەوەی. لێرەوە دەمەوێت ئەوە بڵێم زۆر بەڕاشکاوی حیزبە شیوعی و کۆمۆنیستەکان لەتێکۆشانی شۆڕشگێڕانەی بزووتنەوەی چینایەتی کرێکاری و بزووتنەوەی جەماوەری دا زۆر داوەشاون بەجۆرێک گیریان خواردووە لەناو گۆشەگیری مەکتەبی، کەتەنها گرینگی بە بەیاننامە و نووسینی حیزبی و گرووپی دەدەن هەر بۆیە دەتوانم بڵێم هەر وەک بتێک حیزب و ڕێکخراوەکەیان دەپەرست کە به جۆرێک چەماونەتەوە کە هەریەکەیان توانایی خەیاڵات و بیرکردنەوەی نوێگەری و تازەگەرییان نییە بۆ هێنانەکایەوە هەنگاوی بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی هەرئەمەش وایی کردووە کەنەتوانن هەنگاوی جەماوەری بنێن بەیەکەوە بۆ بەگژداچوونەوەی بیروباوەڕی تیرۆریستی و توندڕەوی و هەروەها نەتوانن هەنگاوی ڕادیکاڵانە بنێن بۆ ڕێکخراوکردنی بزوتنەوەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش لەباشووری کوردستان کە هەریەکەیان بەجۆرێک داوەشاوە لە کاری شۆڕشگێڕی جەماوەری وایی لێهاتووە هەروەک خەڵکی ئاسایی چاوەڕوانی قەدەرو یانسیبی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و کۆمەڵگە دەکات. ئەمەش دەرئەنجامی نەبوونی ڕابەرانێکی دڵسۆزو خاوەن ئیرادەی کاری شۆڕشگێڕی بۆ تێکۆشانی مەیدانی جەماوەری لەناو سەکردایەتی و کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسی هەریەکەیان کە ناوی خۆیان ناوە حیزب و ڕێکخراوی کۆمۆنیستی و شیوعی لەباشووری کوردستان وعێراق.
ڕێگاچارەی کۆتایی ئەوەیە جەماوەری خەڵک وشیارانە بێتە مەیدان بۆ بەگژداچوونەوەی کرداری لەدژی کردەوەی تیرۆریستی و بیروباوەڕو فکری توندڕەوەی و چەوسانەوەی کۆمەڵگە ئەمەش بە هەنگاونان بە ڕێکخراوبوون لەناو بزووتنەوەی جەماوەری یەکگرتوانەی چینایەتی خۆیاندا…