بۆچی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتیەکان بە ئەنجامێکی دڵخواز ناگەن؟ نووسینی: عوسمان محەمەد
بۆچی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەتیەکان بە ئەنجامێکی دڵخواز ناگەن؟
نووسینی: عوسمان محەمەد
بەدەگمەن ئەبینی کە چەند کەسێک لایەنگری لە دەسەڵاتی کوردی بکەن، مەگەر کەسانێک کە لە باری مادی و مەعنەوییەوە سودێکی زۆری لە دەسەڵاتداران کردبێ، ئەگینا زۆربەی هەرەزۆری خەڵکی کوردستان نەک بە تەنها بێزارن، بەڵکو نەفرەت لەو ڕۆژەش ئەکەن کە ڕۆژێ لە ڕۆژان لایەنگری ئەم دەسەڵاتە بونە.
توڕەی خەڵک گەیشتۆتە ئەوەی کە لە شەقام و لەبازاڕو لە شوێنە گشتیەکان و لە ڕۆژنامەو تیڤیەکانەوە بەئاشکرا جنێوی زۆر بازاڕی بەسەرانی ئەم دەسەڵاتە بدەن، ئاخر دەسەڵاتی کە لەسەدا نەوەد و هەشتی خەڵکی کوردستان بەدز و جەردەو گەندەڵ و تیرۆرستی بزانن، چۆن پێی شەرم نییە و درێژە بەدەسەڵات ئەدات، لە کاتێکدا لە هەرچی بوارەکانی ژیاندا هەیە تووشی ئەزمەی خنکێنەر هاتبێ، هیچ چارەسەرێکی ئیداری و سیاسی بۆ یەکێ لەو مەیدانانە نابێ.
دەسەڵاتی بۆرژوازی کورد گێژاوێکی وای بۆ خەڵک دروست کردووە لەباری ئابووری سیاسی کۆمەڵایەتییەوە مرۆڤەکانی نیو ئیفلیج کردووە، کار گەیشتۆتە ئەوەی یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی دان بەوەدا بنێ کە لە سەرتاسەری کوردستان (١٠) کەس شک نابەن کە یەکێتی و پارتی خۆشبوێ، چونکە لەماوەی (٣١)ساڵی ڕابردوودا ئەوەی نەشێ بە خەڵکیان کرد.
کردەوە دژە ئینسانیەکانیان لە ژماردن نایەت، زۆرێک لەخەڵکی کوردستان بەداخەوە ئاوات بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی صدام ئەخوازێ.
کاتێ کە ئەم دەسەڵاتە ئەم هەموو کارەساتەی بەسەر خەڵکی کوردستاندا هێناوە ئەی چۆن خەڵک دەست ناداتە ڕاپەڕینێکی سەرتاسەری و بۆ یەکجاری ڕایانبماڵێ و دەسەڵاتێکی جەماوەری دروست بکات.
بۆ ڕۆشنکردنەوەی ئەم مەسەلەیە ئەگەڕێمەوە بۆ بیست ساڵ پێش ئێستا…
پرۆژەیەکی سیاسی نەخشە بۆ داڕێژراو لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانەکانەوە بۆ لە گۆڕنانی دەسەڵاتی بەعس و صدام داڕێژرابوو، ئەم نەخشەیە بۆ ئەمریکا ئاسان نەبوو، چونکە ئەگەرێکی گەورە ئەوەبوو جڵەوی سیاسی لەدەستی ئەمریکا دەربچێ و خەڵکی عێراق خۆیان دەسەڵات بگرنە دەست.
بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکا دەستیبرد بۆ زیندوکردنەوەی هەرچی ئەحزابی دواکەوتوو ئیسلامی ناسیۆنالستی، هەرچی ئیمکاناتی ماددی مەعنەوی پێویستی کرد بۆیانی دابینکرد، هەرچی ڕاگەیاندنی ئەمریکاو هاوپەیمانان هەبوو کەوتنە چەلەحانێ بۆ ناساندنیان لەئاستی ناوچەو جیهانیدا، بەناوی هێزی ئۆپۆسزیۆنی عێراقەوە، تاکو بیانکاتە ئەو هێزە سیاسیەی کە لە کاتی ڕوخانی صدامدا بتوانن جڵەوی دەسەڵات لەعێراق بگرنە دەست، ئەمە هەنگاوی یەکەمی ئەمریکا بوو پێش ڕوخانی صدام.
هەنگاوی دووەمی ئەمریکا ئەوە بوو کە دیراسەیەکی قووڵی کۆمەڵگەی عێراق بکات لە ئەنجامدا گەیشتە ئەوەی کە جمووجوڵی شۆڕشگێڕانە لە کوردستاندا لەگەشەکردندایە ئەبێ کارێ بکرێ کە ئەم جموجوڵانە خەفە بکرێ بۆئەوەی نەکا ڕێگری بۆ جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی ئەمریکا دروست بکات، یەکەم هەنگاو ئەوەبوو کە پارەیەکی زۆری لە کوردستان هەڵڕشت توانی بۆ ماوەیەکی کورت و خێرا دەمی خەڵک بەباشی تێر بکات، زۆربەی خەڵک بوونە خاوەنی خانوو سەیارە و ناو ماڵ، وە ئیمکاناتی ماددی خەڵک بە ڕێژەیەکی بەرچاو چووە سەر.
لە (جنوب) باشوری عێراق، ئەو هەلومەرجە شۆڕشگێڕانەیە لاوازبوو، بەڵام ئەوەی بەزەقی بەدی ئەکرا دەمارگیری ئاینی شیعە بوو کە زۆربەی زۆری خەڵک گیرۆدەی ببوون، بۆ ئەم مەبەستە ئەمریکا هەستا بە دەستگرتنی هەرچی (اقطابی) شیعە هەیە، لە باری ڕاکەیاندن و مادی و مەعنەویەوە چووە پشتیان بۆ ئەوەی دەمارگیریەکە لەلای خەڵک بەهێز بکات تا مامۆستا ئاینیەکان وەک ڕابەری خەڵک نیشان بدات.
کار گەیشتە ئەوەی کە کەسێکی وەکو سیستانی قسەو بڕیارەکانی لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران!! زیاتر بڕوات، تەنانەت سەرۆک وەزیرەکان بەبێ بڕیاری سیستانی نەیان ئەتوانی کە بڕیاری چارەنووس ساز دەربکەن، چونکە ئەکەر ئەو هەرچی بڕیارێکی بەدڵ نەبووایە ئەیتوانی بە هێزی جەماوەری پاشەکشەی پێ بکات ئەمە بوو بە سوونەتێک لەباشوری عێراق کە توانی بەتەواوی جێگەی خۆی بکاتەوە، ئەوەندەی شیعە گەرایی بەهێز کرد کە بە ملیۆنان کەس لە (بەسرەو سەماوە و ناسریەو عەمارەو هتد… ڕوو بکەنە ئیمامی کازمیە لە پایتەختی بەغداد، بۆ مەراسیمی محەڕەم کە (١٤٠٠) ساڵ پێش ئێستا بە دەستی شیعەکان خۆیان کوژراوە، ئەو نەریتە کۆنەیان بەجۆرێ زیندوو کردەوە کە زۆربەی خەڵکی شیعە ئالوودەی بوون و بوو بە سیاسەتی گشتی ڕۆژ کە زۆربەی خەڵکی شیعە مەزهەبی پەیڕەوی تەواویان لێ ئەکرد.
ئەم دوو فاکتەرە توانی بۆ ماوەیەکی زۆر ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم ئەوەی کە خەڵک بەئاسانی بەرژەوەندی گشتی خۆی نەبینێ.
فاکتەری مەزهەبگەرایی شیعە لەگەڵ بەرزبوونەوەی هۆشیاری سیاسی خەڵک ڕۆژ بەڕۆژ تارمایی قورسایەکەی لای خەڵک ئەڕوێتەوە زۆر کاریگەری بەسەر خەڵکی هۆشیارەوە نامێنێ، ئەمە وایکرد کە موهیمەی کۆمۆنیستەکانی (وسط و جنوب) ی، ئاسانکردبێ لەچاو ڕابەرانی کۆمۆنیستەکانی کوردستان.
دیارە ئەم دەستکەوتە مادیەی خەڵکی کوردستان وایکردووە کە دەست بەو ئیمکاناتە مادیەوە بگرن کەبەدەستیان هێناوە، ئەمەش هەلومەرجێکی سیاسی دروستکردووە، کە زۆربەی خەڵک خۆیان لەکاری سیاسی و چالاکی بە دوور بگرن، لەهەمانکاتدا لە سەدا نەوەت و هەشتی خەڵکی کوردستان دادو بێ دادیانە بە دەست دەسەڵاتدارانەوە، دەمی هەرکەسێ ئەکەیتەوە ئاواتەخوازە کە ڕۆژێ زووتر ئەم مافیاو دەسەڵاتەی لەکۆڵ بێتەوە، بەڵام ئامادەی ئەوەی نییە دەست بۆ کارێکی سیاسی ببات بەهەرجۆرێ بێت ڕێگە خۆشبکات بۆ ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە،
خەڵک تا سەر مۆخ بێزارە و سەدان ڕەخنەی ڕیشەیی لە دەسەڵات هەیە، بەڵام بەداخەوە دوورە پەرێزە لەکاری سیاسی و ڕێکخراوەیی ئامانجدارانە و تەنانەت کۆمەکی مادیش بەو خەڵکانە ناکات کە شەو ڕۆژ یان خستۆتە سەریەک بۆ ڕابەری کردنی ناڕەزاییەتیەکان و بەسەرکەوتن گەیاندیان، لەوە ئەترسێ کە ئەو دەستکەوتە مادیانەی بەدەستی هێناوە لەدەستی بچێ.
ئەم بۆچوونە ئابووری و سیاسیە شیکردنەوەیەکی زۆری هەیە، چونکە دەسەڵاتداران نەک لە کوردستان و عێراق بگرە لەهەموو جیهان هێرشی دڕندانە بۆ سەر خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش، دەکەن و ڕۆژ بە ڕۆژ خەریکی لێسەندنەوەی دەستکەوتەکانن و هێرشی بێ ڕەحمانە ئەکەن، ئەمەش درێژەی ئەبێ تاکو بەهێزی ڕێکخراوی خەڵک بەری پێ ئەگیرێ. واتا تەنها ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بەم هەلومەرجە سیاسی و ئابوری کۆمەڵایەتیە ئامادەبوون و ڕێکخراوبوونی خەڵکە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی هێرشی دڕندانەی دەسەڵاتداران هەتا ڕاماڵین و ژێرەو ژوورکردنی کورسی دەسەڵاتیان. دانانی دەسەڵاتی خەڵک، ئەگەر ئەم ڕێگەچارەیە لە پرۆسەیەکدا بەرێ نەکەوێ ئەوە هیچ دەستکەوتێکی مادی مەعنەوی و سیاسی لە جێگەی خۆیدا بەدەست ناهێنێ و ئەو دەستکەوتە کەمەی کە خەڵک لە هەلومەرجێکی تایبەتدا بە دەستی هێناوە ڕۆژبەڕۆژ لێی وەرئەگرێتەوە، ئەمە جگە لە دڵەڕاوکێی ڕۆژانە کەخەڵکی هەراسان کردووە.
هیچ دەسکەوتێکی ئابوری و شەخسی و خێزانی ناتوانی دەستی پێوە بگیری لە هەلومەرجی ئەزمەگرتووی سەرمایەدا، چونکە جەندرمەکانی سەرمایە لە هێرشدان بۆ سەر خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش، بەبیانوی جۆراو جۆر دەست ئەبەن بۆ بێکارکردن و برسیکردنی خەڵک، و بەبێ بەرەنگار بوونەوەی شۆڕشگێڕانەی بەکۆمەڵ و ڕێکخراو لە دژی دەسەڵاتدارانی سەرمایە زەمانەتێکی تری لە ئارادا نییە بۆ ئەوەی گیان و ماڵی خەڵک پارێزراو بێ…
***