وڵاتی کوێران… نووسینی: شەماڵ بارەوانی

0

وڵاتی کوێران

نووسینی: شەماڵ بارەوانی

ڕۆمانێکی قەبارە بچووکی(٣٠) لاپەڕەیی و ناوازەو جیاوازی (هێربرت جۆن ویڵز-٢٢ی سێپتەمبەر ١٨٦٦ – ١٣ ئۆگۆستۆسی ١٩٤٦) .)نووسەرو ڕۆمان نووسی بە ڕەگەز بەریتانییە.

وڵاتی کوێران..

ڕۆمانێکی ڕەمزییە و هێمایه بۆ ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان، ئاماژەیە بۆ کوێربوونی ئەقڵ و کۆربوونەوەی ویژدان و داتەپینی مرۆڤ بوونی مرۆڤ و بۆگەنبوونی دەروونی تاکەکان لە ئاست نەبینینی ڕاستیەکان و حەقیقەت و ماهیەتی دیاردە و شتەکان وەک خۆیان.

نووسەر لەو شاکارە به قەبارە بچووک، وەلێ بە پەیام و ناوەڕۆک مەزنەدا، باس لە جەهالەت و نەزانی دەکات، لە جەهلی فیکری و لە بڵاوبوونەوەی پەتای ئەو جەهلە دەدوێت کە لەنێو کۆمەڵدا تەشەنە دەسەنێت.

ئەو جەهلەی دەروونەکان دادەڕزێنێت و ئاوەزەکان دەشێوێنێت و مرۆڤەکان دەگۆڕێت بۆ بوونەوەرێکی دەستەمۆکرا و ترسێندراو قێزراو.

وڵاتی کوێران..

لە جۆرێک لە کوێری و کوێرەوەیەک دەدوێت، کوێرەوەری و کوێرییەک وەک نەخۆشیەکی کوشندە و ڤایرۆسێکی ترسناک بڵاوبووەتەوە لە ناو کۆمەڵداو  بۆ ماوەی پانزە سەدە و بە درێژایی ژیانی پانزه نەوە بێ بڕانەوە، نەوە بۆ نەوە، وەک میرات لە باوانیانەوە بۆ دوای خۆیان دەیگوازنەوە، کوێریەک گڵۆپی ئەقڵ و هۆش دەکوژێنێتەوە و  ویژدان دەکوژێت و چاوی دەروون و هێزی درککردن خەفە و کپ دەکات.

ئەوە چ کوێریەکی ترسناک و تراژیدیکە هێربرت لێی دەدوێت..!؟

کوێرییەک هەموان بێ جیاوازی وەک وە پەتایەکی ترسناک تووشی دەبن و دەبن بە هەڵگری ئەو جۆرە ڤایرۆس و نەخۆشیە، نەخۆشی نەبینینی حەقیقەتەکان و شتەکان وەکو خۆی. نەخۆشی نەخوێندنەوەی بەرامبەر و ئەویتر، نەخۆشی شوێنکەوتەی کوێرانەی بیروباوەڕ و ئەقیدەو ئایدیۆلۆژیاکان. نەخۆشی  ئەو پەندەی دەڵێت” کە چوویە وڵاتی کوێران دەست بنێ بان چاوەکانتەوە”.

وڵاتێک هێشتا لە دایک نەبوویتی، ئایین، ئایدیۆلۆژیا و مەزهەب و هەموو شتێکیان بۆ ئامادەکردوویت، وڵاتێک بۆ ئەوەی سەلامەت بژیت، دەبێت دەست بەرداری هەموو خەون و خولیا و خۆزگەو ئاواتەکانت ببیت و دەست بنێیتە بان سەرتەوە، تاوەکو کڵاوەکەت با نەیبات، وڵاتێک بۆ ئەوەی بژیت، نابێت جیاواز بیربکەیتەوە و جیاواز بپۆشیت و جیاواز بخۆیت و جیاواز ڕێ بکەیت و جیاواز ببینیت.

وڵاتێک نابێت تۆ تێیدا دژە باو پێچەوانەی بیرکردنەوەی باو بیت، نابێت پێشێلی بنەماکانی کۆمەڵی کوێرایی بکەیت و لە یاساکانی مێگەڵ لابدەیت، دەبێت کورد و تەنی:( تەبای عامێ، بچیتە شامێ).

وڵاتێک دەبێت تۆ وەکو کوێرێک سوێندی یاسایی و کوێرانە بخۆیت و کوێرانەو بێ سێ و دوو لام و جیم و هیچ موناقەشە و قسە لەسەرکردنێک، شوێن بتەکانی کۆمەڵی کوێران بکەویت، ئەو بتە دەستکردانەی لە ژێر ناوی جیاو بە بە پاساوی کوێرانە و نامرۆڤانە و نالۆژیکانەی جیاجیا، لە دژی ئازادیەکانی تاک و لە بەردەم خواستەکانی مرۆڤه چاوساغەکان لە کۆمەڵدا ڕۆنراون و قوتکراونەتەوە و پیرۆزیان پێ بەخشراوە و هەموو مرۆڤێکی چاو ساغ ناچار دەکرێت، سوێندیان پێ بخوات و بەڵێنی دڵسۆزییان بۆ دووپاتبکاتەوە و کڕنۆشی سەرشۆڕی و زەلیلیان بۆ بەرێت.

وڵاتـی کـوێـران..

وڵاتێک بۆ ئەوەی جێگات تێیدا ببێتەوە نابێت ڕەخنەبگریت و قسە بکەیت و نققەت لێووەبێت. وڵاتێک بە کورتیەکەی بۆ ئەوەی ڕێگەی مانەوەت پێ بدرێت، دەبێت چاوەکانت کوێرکەیت و بە کوێری بژیت، وڵاتێک سەراپای کوێر و نابینا، مەرجی مانەوە لەو کوێرستانە، لەو هەسارە سەیرو سەمەرەیە، لەو دوورگە دابڕاو داخراوەیە، لەو نەفەق و سەردابەتاریکەیه، ئەوەیە تۆ وەک مرۆڤێک چیتر نابێت خاوەنی بینایی بیت!

لە وڵاتی کوێراندا:

تۆ هەرگیز، نابیت بە کەسێکی ژیر وناگەیت بە پلەی کەمال تاکوێر نەبیت. چاوساغەکان لە ڕوانینی دانیشتوانی ئەو وڵاتە کوێرە و نیشتمانی کوێرستانە، ناتەوا و پێنەگەیشتوون، هەڵگری نەخۆشی بینینن، ئەوان جۆرە ئەندامێکی زیاد و بێ ماناو ترسناک لەسەریاندایە (چاوەکانیان)، بۆیە دەبێت ئەو ئەعزایە (چاوەکانیان)، کە لەدیدەنیگای ئەو شاره هۆکارە بۆ تێکدانی مێشک و تێنەگەیشتن و دواکەوتن، دەربهێندرێت.

وڵاتی کوێـران..

ڕۆمانێک جیاواز و چیرۆکی ڕۆمانەکە باس لەو کۆچبەرانە دەکات کە لە پیرۆ لە ترسی ستەم و چەوسانەوەی ئیسپانیەکان کاتی خۆی ڕایانکردووە و لەو شوێنە (زنجیرە چیاکانی ئەندیز- لە ئیکوادۆر) نیشتەجێ بوونە، وەلێ دواتر بەهۆی بوومەلەرزەو لافاو ڕووداوە سروشتیەکان و داڕمان و کەوتنەخوارەوەی بەردی گەورە لە دەورو بەری ئەو شوێنەدا،

ئەوان ئیدی بە تەواوی لە نێوان چیاکاندا گیردەخۆن و لە جیهان و دەوروبەر دادەبڕێن و لە گۆشەگیری و لەو شوێنەداخراوەدا دەژین و چیتر هیچ کۆنتاک و ڕایەڵەکیان لە گەڵ دەرەوەی سنووری وڵاتەکەی خۆیاندا نامێنت.

ئەوان دواتر جۆرێک لە نەخۆشی کوێری لە ناویاندا بڵاودەبێتەوە و موددەتێکی زۆر (پانزە سەدە) بەو شێوەیه بە کوێری دەمێننەوەو کوێری دەبێت بە مۆد و مەرج و سیمای ئەو شاره نامۆو سەیرە، ئیدی خو بە کوێرییەوە دەگرن و کوێری دەبێت بە نەریت و کلتوور و یاسا و ئەوان بەوچەشنە لێڕادێن بە کوێری بژین و تەنها دەتوانن لە ڕێگەی هەستەکانی بۆنکردن و دەست لێدان و بیستن و تام کردنەوە، شتەکان لە یەکتری جیابکەنەوە و بناسنەوە.

بەوچەشنە ئیدی  بە تەواوی ئەو شتە لە بیردەکەن کە پێی دەڵێن چاو!

ئیدی لە فەرهەنگی ئەماندا شتێک نامێنێت بە ناوی بینین و ئەوان چدیکە پێویستیان بەو ئەندامە(چاو) بێ ماناو گاڵتەجاڕ و زیادە نابێت، بەڵکوو ئەوان چاوەکان و بینین بە هۆکاری دەردیسەری و نەهامەتی و نەخۆشیەکی کوشندە دەزانن.

نۆنیز. پاڵەوانی چیرۆکەکە شاخەوانێکە و لە گەشت و گەڕانێکی زانستی و شاخەوانیدا لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی گەشتی کێوێکی نزیک ئەو مەملەکەتەغەریب و عەجیبە دەکەن و دواتر ئەو لە هاوڕێکانی دادەبڕێت و وندەبێت و ڕێی دەکەوێتە ئەو شوێنە و کاتێک دەبینێت دانیشوانەکەی هەمووی کوێرن شۆک دەبێت.

ئەو تێکەڵیان دەبێت و دەیەوێت باسی گرنگی بینن و نیعمەتەکانی چاو سودەکانی ڕۆشناییان بۆ بکات و بڕواو قەناعەتیان لا درووست بکات کە ئەوان کوێرن و هیچ نابینن، وەلێ ئەوان هیچ گوێ بۆ قسەکانی ناگرن و بگرە بەشێت و کەم ئەقڵیشی دەزانن.

نۆنیز دوای ئەوە هەوڵدەدات ڕابکات و مەملەکەت و وڵاتی کوێران جێ بهێڵێت، وەلێ هەوڵەکەی شکست دێنێت و سەرکەوتوو نابێت و لە ژێر دەستیان قوتاری نابێت.

ئەوان دوای ئەوە دارکاری دەکەن و سزای دەدەن بە ئەنجامدانی هەندێک کارو پاشان وەک تاکێک لە خۆیان قبوڵی دەکەن و ڕێزی دەگرن و لە گەڵیدا ڕفتار باش دەبن.

نۆنیز دواتر ئاشقی کچێک (میدینا-ساروتا) ی ئەو وڵاتەی کوێران دەبێت. بەڵام ئەوان مەرجی بۆ دادەنێن بۆ ڕازیبوون و ڕەزامەندی پیشاندان بۆ پێکهێنانی پرۆسەی هاوسەرگیری لەگەڵ ئەو کچەی دڵی بۆی لێدەدات،

مەرجەکەشیان ئەوەیە کە نۆنیز چاوەکانی هەڵقەنێت، تاوەکو وەک دانیشتوانی ئەو شوێنە کەسێکی ئاسایی و شێوە سروشتی بێت، لەو کۆمەڵەیەی کە کوێری بنەمای ژیان و مەرجی هاوڵاتییەکی تەواو کەسێکی پێگەیشت و کامل و مایەی قبوڵکردنە.

نۆنیز سەرەتا ڕەتی دەکاتەوە و  بەو مەرجە ڕازی نابێت، وەلێ دواتر دەچێتە ژێرباری مەرجەکە و لەسەر داوای کچەکە مادام خۆشی دەوێت، دەبێت قوربانیش لە پێناو خۆشەویستیەکەی و خۆشەویستەکەی بدات، ڕۆژێک پێش پرۆسەی چاودەرهێنانەکە، نۆنیز دەڕواتە دەرەوە تاوەکو بۆ کۆتا جار تێر تێر سەیری دیمەنی سروشت بکات و لە جیهانی دەوروبەر ڕابمێنێت، لەو کاتەدا هەست بەوەدەکات کە ئەو بەو بڕیاری چاوکوێرکردنەی تاوان دەکات لە بارەی خۆی و چۆن دەتوانێت کارێکی وا سەرشێتانە و بڕیارێکی لەو شێوەیه گەمژانە بدات و نەشتەرگەری چاودەرهێنان و کوێری ئەنجام بدات و قوربانی بە چاوەکانی خۆی بدات و بینایی لە دەست بدات و  ببێت بە کەسێکی نابیناو بە دەستەکانی خۆی قوڕ بۆخۆی بگرێتەوە و چاڵی کوێری بۆخۆی هەڵقەنێت!؟

بەو شێوەیە دواجار لە بڕیارەکەی پەشیمان دەبێتەوە و بڕیاری ڕاکردن دەدات و بەسەر کێوەکە دا هەڵدەگەڕێت و  لەو ناوە دوور دەکەوێتەوە.

ماوەتەبڵێم

لە وڵاتی کوێران..

کوێری لێرە کوێریەکی مەجازیە، ئەو پەردە تاریکەیە کە بەسەر  باڵی ڕوانین و چاوی ئەقڵ و پەنجەرەی ویژدان دادراوە و لێناگەڕێت مرۆڤ، ڕاستیەکان و ماهیەتی شتەکان وەک خۆیان ببینیت. کوێری لێرە، کوێری ئەشکەوتی دۆگما و تێشگەتیشتنە ڕوکەشگەراو سنووردارو ماوە بەسەرچووەکانە… کوێری باوەڕنەبوون بە ڕێژەیی بوون و لاف لێدانی مۆنۆپۆڵکردنی هەمووحەقیقەتەکان و موتڵەقگەراییە. کوێری دەقگرتنە بە کۆمەڵێ دەقی سەدەکانی ناوەڕاست و نەخوێندنەوەی ئەویتر و حیساب نەکردنە بۆ ئێستا.

کوێری بە بەستەڵەکبوونی ئەقڵە و کوێر هەموو ئەوانەن کە دوژمنی گومانن و لە پرسیار دەترسن و بە ڕەخنە سەر و دڵیان دەگیرێت و و بەرگەی  دیدی جیاواز و جیاوازیەکان ناگرن و ناتوانن بە دیالۆک و لە ڕێگای لۆژیک خۆیان بسەلمێنن و قبوڵناکەن بیروباوەڕو دۆگماکەیان بە فلتەری ئەقڵ و بێژینگی زانست و بۆتەی ڕەخنەدا ببرێت، کەچی بانگەشەی ڕەهایی بوون و ڕاستی بوون و پیرۆزی بوونیش دەکەن!

کوێر ئەو کەسەیە لەناو تونێلی داب و نەریتێکی کۆنی بەر لە سەدان ساڵ و هەزاران ساڵە گیری خواردووە و نەتوانێت لە داوی کوێرایی نەریتگەرایی ڕزگاری بێت و بێتە دەر.

کوێرەکان هەموو ئەو کەسانەن کە لە ڕوانگەیەکی تەسک و لە چاڵێکی داخراوی بینین و دیدەنیگایەکی تاک ڕەهەندانە و تاک لایەنانە ژیان و شتەکان دەبینن و بڕیاریان لە سەر دەدەن.

کوێر ئەوانەن کە لە زۆنگاوی نەزانی و جۆگەڵەی جەهلدا چەقیون و ناتوانن چاوەکانیان بکەنەوەو دوو بست ئەولاتری لوت بەرزی خۆیان و تێڕوانینە جیاوازەکان ببین و قبوڵی جیاوازیەکان بکەن و ڕێز لەپڕەنسیپەکانی دیموکراسیەت و چەمکی تۆلەرانس و پلۆرالیەت و فرەیی بگرن.

کوێر ئەوانەن بە سەرخۆیان داخراون و ناتوانن و بە ڕووی سەردەمی جیهانگیری و دنیای مۆدێڕنێتە و دەرەوەدا بکرێنەوە و لە ناو چوار دیواری ئەو زیندانیە فیکری و دەروونیەی ڕابردوودا بێنەدەر و ئەوانیتر ببینن.

کوێر ئەوانەن کە مۆرانەی ڕەگەزپەرستی و راسیزم بوون و دەمارگیری و ڕق داویەتی لە مێشک و هزر و هۆش و سایکۆلۆجیەتیان و تێک و پێکی شکاندوون و نەخۆشی خستوون و ناتوانن بە چاوێکی مرۆڤانە و لە ڕوانگەیەکی هیۆمانیستانەوە لەمرۆڤەکان بڕوانن.

کوێر هەموو ئەوانەن کەناتوانن دوو بست ئەولاتری لوتی تێڕوانینی خۆیان ببینن. کوێر هەموو ئەوانەن کە خۆیان بە کۆتا حەقیقەت و دوایین تەفسیر و یەقینێکی سەرو گومان و ڕاستیەکی ڕەهاو گەلی هەلبژێردراو فیرقەی ناجیە و دۆستی خواوەندو بە هەشتی دادەنێن و هەموو ئەوانەیش کە سەر بە گرووپە دۆگمایی و ئایدیۆلۆجیەکەو تائیفەکەی ئەوان نین بە دۆزەخی و دووژمنی خواو سەر لێ شێواو!

Leave A Reply

Your email address will not be published.