ناتۆ و شەڕی ئۆکرانیا… نووسینی: توانا محمد نوری

0

ناتۆ و شەڕی ئۆکرانیا

نووسینی: توانا محمد نوری

کاتێک شورەوی ساڵی ١٩٩١ هەڵوەشایەوە، هەندێ سیاسەتمەدار و ئەکادیمیستی ڕۆژئاوایی و شوێنی تریش دەیانگووت جیهانگیری و سەرکەوتنی سەرمایەداری ڕۆژئاوا و باڵادەستی و هەژموونی لە سەرانسەری جیهاندا سەردەمێکی نوێی هێناوەتە ئاراوە و شەڕی نێوان وڵاتە زلهێزەکان چیتر مومکین نییە. بۆ نموونە فرانسیس فۆکویاما و تۆماس فریدمان لە سەرەتای ئەم سەدەیەدا گووتیان ئێمە لە قۆناغێکی نوێی سەرمایەداریدا دەژین کە تیایدا ئەگەری قەیرانی سەرمایەداری جیهانیمان تێپەڕاندووە. پاشان قەیرانی گەورە و قوڵی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ ڕوویدا و هەمووان، جگە لە خەڵكی چەپ و كۆمۆنیستەكان كە ئەم حەقیقەتەیان ئەزانی، بۆیان دەرکەوت کە سەرمایەداری سەرەڕای پێشکەوتنی تەکنەلۆژی، هێشتا قەیرانی ئابووری و شەڕ بەشێکی دانەبڕاوی سیستمەکەیە.  شەڕی ئۆکرانیا و ململانێی نێوان ئەمریکا و ڕووسیا و گەڕانەوەی نەک تەنها بۆ جەنگی سارد, بەڵکو بۆ ئەگەری شەڕێکی گەرم و دووبارە دابەشکردنەوەی جیهان و ناوچەی نفوزیان.

هەر ئه‌مانیش بوو گووتیان بڵاوبوونه‌وه‌ی لیبرالیزمی ئابووری و بازاڕی ئازاد ده‌بێته‌ هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی دیموکراسی له‌ جیهاندا!

ئەگەر گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوا ئاماژە بەوە بکات کە بەردەوامبوونی سەرمایەداری دەبێتە هۆی خنکاندن و وێرانبوونی ناوچە جیاوازەکانی زەوی، ئەوا شەڕی ئۆکرانیا نەک هەر ئاماژە بەوە دەکات کە شەڕ دیاردەیەکی دانەبڕاوی سەرمایەداریە، بەڵکو مەترسییەکانی لەناوچوونی مرۆڤایەتی لە شەڕی ئەتۆمیدا ڕەنگە پرسی کەشوهەوا بکاتە پرسێکی ئەکادیمی.

زۆر کەس باس لە ناتۆ دەکەن وەک هاوپەیمانییەتێکی بەرگریکارانەی نێوان وڵاتانی ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا مێژووی ئەم هاوپەیمانییەتە ئەو ڕاستییە پشتڕاست دەکاتەوە کە ڕاستەوخۆ نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دەکات. ناتۆ بە دەستپێشخەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩ پێکهات و لە سەرەتای خۆیدا ١٢ وڵاتی گرتەوە، ئەوانیش ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، کەنەدا، بەلجیکا، هۆڵەندا، لۆکسمبۆرگ، ئیتاڵیا، پورتوگال، نەرویج، دانیمارک و ئایسلەندا. هەرچەندە ئامانجی ڕاگەیەندراوی هاوپەیمانییەکە بەرگرییەکی هاوبەش بوو لە بەرامبەر هەر هێرشێکی یەکێتی شورەوی و هاوپەیمانێتی وارشۆ، بەڵام هاوپەیمانییەکە دوای ڕووخانی یەکێتی شورەوی و نەمانی هاوپەیمانێتی وارشۆ فراوانتر بوو وە ٣٠ وڵاتی گرتەوە لەوانە هەنگاریا، چیک و پۆڵەندا (١٩٩٩)، ئینجا بولگاریا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا و سلۆڤینیا (2004)، بە شێوەیەکی پراتیکی ناتۆ ڕووسیای گەمارۆداوە.

هەرچەندە ناتۆ بە ناو هاوپەیمانییەکی یەکسانی وڵاتانی ئەندامە، بەڵام باڵادەستی سەربازی ڕەهای ئەمریکا بەو مانایەیە کە هاوپەیمانییەکە تەنیا درێژکراوەی دەسەڵاتی سەربازی ئەمریکایە. خەرجی سەربازی ئەمریکا ساڵانە نزیکەی ٧٣٨ ملیار دۆلارە (بە بەراورد بە ٢٩٣ ملیار لە چین و ٦٥ ملیار لە ڕووسیا) و سوپای ئەمریکا زیاتر لە ٧٥٠ بنکەی سەربازی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. لە کاتێکدا سکرتێری گشتی ناتۆ لە هەر خولێکدا لە وڵاتێکی جیاوازی ئەندامی ناتۆیە، فەرماندەیی باڵای سەربازیی ناتۆ لە ساڵی ١٩٤٩ تا ئەمڕۆ لە دەستی ژەنەراڵەکانی ئەمریکادا ماوەتەوە.

بەڵام سەرەڕای بەردەوامی باڵادەستی سەربازی ئەمریکا، ئامارەکان لەسەر ئاستی ئابووری جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە هەژموونی ئەمریکا لە جیهاندا بەرەو ئاوابوون دەچێ. کاتێک ناتۆ پێکهات، ئابووری ئەمریکا نزیکەی ٥٠٪ی کۆی بەرهەمی جیهانی پێکدەهێنا و ئەو ڕێژەیەش ئەمڕۆ بۆ نزیکەی ١٩٪ دابەزیوە، لە کاتێکدا ڕێژەی ئابووری چین لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیدا لە کەمتر لە ٢٪ لە ساڵی ١٩٩٠ بۆ نزیکەی ١٧٪ لە ئەمڕۆدا سەرکەوتوە.

ئەمە تەحەدایەکی جیددییە ڕووبەڕووی هەژموونی ئەمریکا بۆتەوە. هەر ئەم هۆیەشە وای لە ناتۆ کردووە لە دوای کۆتایی جەنگی ساردەوە لە ڕۆژهەڵات فراواتر ببێت. گەمارۆدانی بەم جۆرەی ڕووسیا وەک ئامادەکارییە بۆ تەحەدای چینیش.

سەرچاوەکان:

https://armedforces.eu

http://isj.org.uk/eurasian-faultline

How Hegemony Ends: The Unraveling of American Power

ئابی ٢٠٢٢

Leave A Reply

Your email address will not be published.