باسێک لەسەر قەیرانی تێچووی ژیان لە بەریتانیا نووسینی: توانا حەمە نوری

0

باسێک لەسەر قەیرانی تێچووی ژیان لە بەریتانیا

نووسینی: توانا حەمە نوری

لەگەڵ دابەزینی حاڵەتەکانی کۆڤید، خەڵک بە خۆشییەوە چاوەڕوانی کۆتاییهێنان بە کابوسی پەتای کۆرۆنا بوون، بەڵام لەبری ڕزگاربوون، هەڕەشەیەکی نوێ سەریهەڵدا کە هەڕەشە لە نزمکردنی ئاستی ژیانی ملیۆنان کەس دەکا –  ئەویش بەرزبوونەوەی خێرای نرخی کاڵا و وزە و سوتەمەنییە. خەڵکی بەریتانیا، دڵنیام شوێنی تریش، ڕووبەڕووی ‘قەیرانی تێچووی ژیان’ بوونەتەوە. لە کاتێکدا دەوڵەمەندەکان دەوڵەمەندتر دەبن وە ملیۆنان کەس هەژارتر دەبن. لە شانشینی یەكگرتوو (UK) لە ١،٢٥٠،٠٠٠ ملیۆنێرەوە لەساڵی ٢٠١٢ بەرزبۆتەوە بۆ ٢ ملیۆن و نیو ملیۆنێر لە ٢٠٢٠.  ئێستا ١٧٧ ملیاردێر لە شانشینی یەکگرتوو ھەیە. لە %1 دەوڵەمەندەكان خاوەنی %21 سامانی گشتی وڵاتن. لە ٢٠١٢ دەوڵەمەندترین كەس لە UK خاوەنی ٦٩ ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئێستا دەوڵەمەندترین كەس خاوەنی ٢٨ ملیار دۆلارە.

لە مانگی کانونی یەکەمەوە پارەی وزە و سوتەمەنی زۆر سەرکەوتوە، نرخی گاز و نەوت بە ڕێژەی 54% بەرز بۆتەوە. بە تێکڕا، پێشبینی دەکرێت نرخی وزە بۆ نزیکەی 2000 پاوەند لە کۆتایی ساڵدا سەرکەوێ.  لە ئەنجامدا، مەزەندە دەکرێ شەش ملیۆن خێزان تووشی ‘هەژاری سووتەمەنی’ ببن، یانی ناتوانن ماڵیان گەرم بکەنەوە.

لە مانگی حوزەیران، هەڵاوسان (Inflation) لە بەریتانیا بەرزترین ئاستی خۆێ لە ماوەی ٤٠ ساڵدا تۆمارکرد کە 9.4% بوو. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەر هەفتەیەکدا، دانانی خواردن لەسەر مێزی نانخواردن تادێت قورستر دەبێت. ڕێژەی هەڵاوسان فشارێکی زیاتر لەسەر ئاستی ژیان دروست دەکات. لەگەڵ ئەمەشدا کرێی خانووبەرە بەردەوام بەرز دەبێتەوە. ساڵی ڕابردوو کرێی خانووبەرە لە کەرتی تایبەت بە خێراترین ڕێژەی بۆ ماوەی ١٣ ساڵ زیادی کردووە.  دەردەکەوێ لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٢دا تێچووی ژیان زیاد بکات و مەترسییەکی ڕاستەقینە لەسەر زۆرێک لە خێزانەکان دروست دەکات، ئەمەش وا دەکات کە پارەی کرێی خانوو بۆ ماڵە کەم داهاتەکان قورستر بێت.

بەرانبەر بەوانە کرێی هەقدەستی کرێکاران و فەرمانبەران دابەزیوە. چونکە ئەوە ١٢ ساڵە، دوای هاتنە سەردەسەڵاتی حیزبی موحافزین، حه‌قده‌ستى کرێکاران زیادییەکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەڵکو هەوڵیشدراوە لە ئاستی ساڵی ٢٠١٠ بهێڵرێتەوە بە بیانوی کۆنترۆڵکردنی ‌خەرجیەکانی دەوڵەت، ئەمە وایکردوە لەو ماوەیەدا کرێکاران گه‌وره‌ترین دابه‌زینى ئاستى ژیان به‌خۆیانەوە‌ ببینن.

لە ڕاپرسییەکدا، ٧٧%ی ئەو کەسانەی تەمەنیان لە سەرووی ١٦ ساڵەوەیە ڕایانگەیاندووە کە هەست بە “زۆر یان تا ڕادەیەک نیگەرانی دەکەن لە بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان”. لەم بەشداربووانە، 50% وتوویانە “نزیکەی هەموو ڕۆژێک” نیگەرانن.

لە راپرسییەکی تری هەمان گروپدا دەرکەوتووە کە نزیکەی نۆ کەس لە هەر ١٠ کەس رایانگەیاندووە تێچووی ژیانیان زیادیکردووە، 52%ی ئەو گروپە رایانگەیاندووە کەمتر سووتەمەنی وەک غاز و کارەبا لە ماڵەوە بەکاردەهێنن، نزیکەی نیوەیان خەرجکردن بۆ خۆراک و گەشتە ناپێویستەکانیان کەمکردۆتەوە.

بۆ زیاتر لە سێ لەسەر چواری خەڵکی بەریتانیا نرخی خۆراک نیگەرانییەکی بەرچاوە لە سێ ساڵی داهاتوودا. ژمارەی بەکارهێنانی بانکی خۆراک لە نزیکەی یەک لە هەر 10 لە مانگی ئازاری 2021 بەرزبووەتەوە، بۆ نزیکەی یەک لە هەر شەش بەکارهێنەر. لە ئێستادا 2,572  بانکی خۆراک لە بەریتانیادا هەیە.  زیاتر لە یەک لە هەر پێنج کەس (22%) لەوانەی لە مانگی ئازاردا بەشدارییان لە ڕاپرسییەکەدا کردووە، ڕایانگەیاندووە کە ژەمێک کەمتر دەخۆن یاخود قەبارەی ژەمەکانیان کەمکردووەتەوە، چونکە توانای کڕینی خۆراکیان نییە.

لە وەڵامی بەرزبوونەوەی هەڵاوساندا، بانکی ئینگلتەرا ڕێژەی سوودی بەرزکردەوە و پێشبینیش دەکرێت لە چەند مانگی داهاتوودا ڕێژەی سوود زیاتر بکات. لەگەڵ بەرزبوونەوەی هەڵاوساندا، پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ داهاتی خێزانەکان بە ڕێژەی 2% کەمبکاتەوە – ئەمەش گەورەترین کەمبوونەوەیە لەوەتەی تۆمارکردن لە ساڵی ١٩٩٠ دەستیپێکردووە.

هەروەها وەزیری دارایی حکومەتی موحافزین بەڵێنی دا ٢٠٠ پاوەند لە پارەی وزە کەم بکاتەوە لەگەڵ داشکاندنی باجی شارەوانی بە ١٥٠ پاوەندی دیکەی پێشکەش بەو کەسانە کرد کە کەم دەرامەتن. بەڵام ئەمە زۆر کەم یارمەتی ملیۆنەها خەڵک دەدات کە بە زەحمەت ژیان دەکەن. بە هیچ شێوەیەک نزیک نابێتەوە لەو زیانانەی لە ٢٠١٠ بە کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتیان گەیاندووە.

دەرئەنجام

ژمارەیەک لە سەندیکا و گرووپی چالاکوانانی مەدەنی لە مانچستەر و لەندەن و شارە گەورەکانی دیکەش بانگەوازی خۆپیشاندان و مانگرتن دەکەن وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر قەیرانی تێچووی ژیان. ڕێکخەران داخوازی جۆراوجۆریان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیرانەکە، لەوانە دابەزینی نرخی وزە و سووتەمەنی، کۆنترۆڵکردنی کرێی خانوو و زیادکردنی مووچە و هەقدەستی کرێکاران. چەندین سەندیکا مانیان گرتووە و هەندێکی دیکەش مشتومڕ لەسەر مانگرتن دەکەن وەک کرێکارانی هێڵی ئاسن، گواستنەوە، پارێزەران، پزیشک، مامۆستایان، پەرستاران، فەرمانبەرانی حکومی، ئەگەر تا ئیستا دەنگیان بە مانگرتن نەدابێ، ئەگەری زۆرە بەم زوانە دەنگ بدەن. تاکە کەموکوڕی، نەبوونی حیزبێکی کۆمۆنیستی کرێکارییە کە بتوانێت ناڕەزایەتی کرێکاران یەکبخات و بزووتنەوەیەکی بەهێز پەرەپێبدات و هەنگاو بەرەو ڕووخاندنی سەرمایەداری بنێن.

لەبەر ئەوەی توانای سەرمایەداری بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکان بۆ خەڵکی ئاسایی کەمبۆتەوە و توانای ژیانکردنی خەڵکیش لەگەڵ سەرمایەداریدا کزبووە. بارودۆخەکان خەریکە دەگاتە قۆناغێکی هەستیار و گرنگ. بە گوتەی میدیاکان ‘هاوینی ناڕەزایەتی’ بەڕێوەیە. بژاردەی پشێوی، مانگرتن و خۆپیشاندان جارێکی تر بۆتەوە بژاردەی کرێکاران و خەڵکی کەمدەرامەتی بەریتانیا.

پێویستە ئەوە ڕوون بێت کە قەیرانی تێچووی ژیان بەرهەمی سەرمایەدارییە – سیستمێک کە تەنیا لەسەر بنەمای کەڵەکەبوونی سەرمایە و زیادکردنی قازانج دامەزراوە. تا ئەو کاتەی ئابووری بازاڕمان هەبێت، قەیران و هەڵاوسان، دووانەی دانەبڕاوی سیستمی سەرمایەداری، بەردەوام دەبێت لە کەمکردنەوەی زیاتری ئاستی ژیان.

وەک پەندە کۆنەکە دەڵێت: ناتوانیت پلانی ئەو شتە دابڕێژیت کە کۆنتڕۆڵی ناکەیت؛ کۆنتڕۆڵی ئەو شتانەش ناکەیت کە خاوەندارێتی ناکەیت.

بە دەرهێنانی دەسەڵات لە ژێردەستی خاوەن کار و ئەرز، بانکدار و سەرمایەداران وە بە گشتی کردنی خاوەندارێتی کەرتە سەرەکییەکانی ئابووری لە ژێر حوکمی کرێکاران، دەتوانین بە شێوەیەکی دیموکراسی پلانی بەرهەمهێنان دابڕێژین بۆ دابینکردنی هەموو پێداویستییەکانمان.

سەرچاوەکان:

www.theguardian.com/business/2022/jun/10/rising-cost-of-living-a-worry-for-adults-in-great-britain-says-ons

https://www.statista.com/statistics/434012/population-of-dollar-millionaires-in-the-united-kingdom-uk/

Leave A Reply

Your email address will not be published.