باسێک لەسەر بزوتنەوەی نەوەی نوێ… نووسینی: توانا حەمەنوری
باسێک لەسەر بزوتنەوەی نەوەی نوێ
نووسینی: توانا حەمەنوری
پۆپۆلیزم ڕێباز و تێگەشتنێکە لە سیاسەت کە جەخت لە بیرۆکەی خەڵک دەکاتەوە، ئەم ڕەوتە سیاسی و کۆمەڵایەتییە وا پیشاندەدات کە لە بەرەی خەڵکن. پۆپۆلیزم نەک تەنها لە ئەمەریکا و ئەوروپا، بەڵکو زۆر وڵاتی تریشی گرتۆتەوە و هەر یەکەش لە فۆرم و شێوازی تایبەت بەو وڵاتە دەرکەوتوە. لە ئەوروپا و ئەمەریکا دژی خەڵکی بیانی و پەناهەندە خۆی نیشان ئەیات. پۆپۆلیزم وەهم بۆ خەڵک دروست ئەکات. بۆ نمونە، چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا گوایە کۆنترۆڵی پەناهەندە و خەڵکی بیانی دەکەن و ناهێڵن خەڵک بێتە ناو بەریتانیا و بەمەش ژیان و گوزەرانی خەڵک باشتر ئەکات. بەڵام ئەمە جگە لە خەیاڵ دروستکردن هیچی تر نەبوو. چونکە بەریتانیا پێویستی بە کرێکارە و وەرگرتنی پەناهەندەش ڕێگایەکە بۆ پڕکردنەوەی ئەو پێداویستییە. تا ناوەڕاستی ئەمساڵ زیاد لە ١٠ هەزار پەنابەر بە ‘نایاسایی’ بە بەلەمی بچووک کەناڵی ئینگلیزییان بڕیوە و گەیشتونەتە بەریتانیا. کەواتە چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا هیچ کاریگەریەکی نەبوو.
سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم کە زۆربەی مەیلی ڕاستڕەویانەی هەیە، یەکێکە لە گرنگترین ڕووداوی سیاسی ئەوروپا لە سەدەی بیست و یەکەمدا. پاڵپشتی لە پارتە تەقلیدییە چەپەکان خواردوە. دەرئەنجامەکەی لاوازبوون و تا ڕادەیەکیش کۆتایی هاتنی ئەحزابی چەپ و ناوەڕاست کە لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە زاڵ بووە بەسەر سیاسەتی ئەوروپادا. سیستەمی حیزبایەتی لە سەرانسەری ئەوروپادا پارچە پارچە بووە و زۆربەیان بەرەو ڕاست گۆڕاون.
نەوەی نوێ بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستی و بۆرجوازییە، لەسەر ناڕەزایەتی و داخوازییەکانی خەڵک هەڵوێستی سیاسی خۆی بینا دەکات و بەشێوەیەکی سۆزدارانە و ساکار، نەک واقیعی وبابەتیانە باس لەداخوازی و توڕەیی وناڕازیبوونی خەڵک لە دەسەڵات و پرۆسەی سیاسی دەکەن. مەبەستی سەرەکیشیان گەیشتنە بە دەسەڵات، بۆ ئەنجامدانی ئەمەش ئەیانەوێ لە ڕێگای هەڵویست و دروشمی ڵێڵ و ناڕۆشن و بێ بەرنامەوە هەنگاوبنێن. لەڕووی فیکری و سیاسییەوە ساویلکە و بێ ستراتیژین. لە ڕووی بیروبۆچون و لێکدانەوەی سیاسی هەژارن. ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکار دەهێنن بۆ کۆکردنەوە و ڕاکیشانی خەڵک. نەوەی نوێ بۆ گەیشتن بە دەسەڵات هەموو بەڵێنیکیش دەدەن. بەڵێنی وەزعێکی باشتریش لە ڕێگای بنبڕکردنی گەندەڵیەوە بە خەڵک دەدەن، بەڵام هەتا ئێستا نەیان وتوە چۆن و بە چ ڕێگایەک ئەم کارە دەکەن.
نەوەی نوێ ئەو بۆشاییە سیاسییەی لە کوردستان لە ئەنجامی پاشەكشەی حیزبە کوردی و ئیسلامییەکان پەیا ببوو قۆزتۆتەوە و سوود لە سۆز و هەستی جەماوەر وەرئەگرن بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی خۆیان. شکستی حکومەتی کوردی لە دابینکردنکردنی خزمەتگوزارییە گشتیەکان بە شێوەیەکی هاوچەرخ و فراوانبوونی گەندەڵیش ڕێگەی بۆ نەوەی نوێ خۆشکردوە. ئەگەرچی لە ڕواڵەتدا خۆی وەکو دژی حکومەت نیشان ئەدات، بەڵام لە واقیعا و چونکە بەشێکن لە پرۆسەی سیاسی، دژی خواستی کرێکارو خەڵکی زەحمەتکێش کار دەکات لەبەرئەوەی بەم هەڵوێستانەی دەیەوێ دریژەبدات بە پرۆسەی سیاسی لە کوردستانا. بزوتنەوەی نەوەی نوێ، پێشتریش بزوتنەوەی گۆڕان و ئیسلامییەکان ناڕەزایەتی خەڵک بەکاردەهێنن بۆ بەرەوپێشبردنی سیاسەتی خۆیان.
لەبەر لاوازی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی لە کوردستان نەوەی نوێ و بەتایبەتیتریش سەرۆکەکەی، کە خاوەن میدیا و سەرمایەیەکی زەبەلاحە، توانیان ئەو بۆشاییە سیاسیە پڕبکەنەوە و جارێکی تر، کاتی خۆشی بزوتنەوەی گۆڕان ئەم کارەی کرد، ناڕەزایەتی خەڵک هەڵبمژن و بۆ سوودی خۆیان بەکاریبهێنن بۆ چوونە ناو پەرلەمان و فشار بخەنە سەر دەسەڵات. نەوەی نوێ خزمەت بە پرۆسەی سیاسی ئەکات و هەرلێرەشەوە دەبێ بخرێنە ژێر پرسیاری جیددییەوە، چونکە پرۆسەکە نەک لە کوردستان، بەڵکو لە هەموو عێراقیشدا ڕیسوا و شەرمەزار کراوە. بەشداریکردنیان لە پەرلەمان و پرۆسەی سیاسی هەرێم دژی خواست و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان و عێراقە.
نەوەی نوی لەدایکبووی پرۆسەی سیاسی عێراق و وەزعێکی جیهانیشە و دەشبیینرێ زۆر بە جۆش و خرۆشەوە لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە باسی هەڵبژاردن و دەنگدان و پەرلەمان و بەشداری پرۆسەکە دەکەن، چونکە نەک تەنیا لەبەر ئەوەی سوودمەندن لەم پرۆسەیە، بەڵکو ئەگەر ئەم پرۆسەیە بەشێوەیەک بگۆڕێ ڕەنگە وەکو هیزێکی سیاسی نەتوانن درێژە بە ژیانی سیاسی ئێستای خۆیان بدەن.
زۆرینەی پۆپۆلیزمی ئەوروپایی ڕاستڕەون، بەڵام نەوەی نوێ تێکەڵەیەکە لە ڕاستڕەوی و چەپڕەوی. کاتێک باسی مافی خەڵک و خانەنشین ئەکەن خزمەت بە چەپڕەوی ئەکەن، بەڵام کاتێک تێکەڵاوی مانگرتنی کرێکارانی ژینگەپارێز دەبن و لەم ڕێگایەوە مانگرتنەکە دەشکێنن، بەم هەڵوێستەیان خزمەت بە ڕاستڕەوی کۆمەڵگە دەکەن. کاتێک دەڵێن ئێمە لەبەرەی خەڵکداین بەمەیان خزمەت بە چەپڕەوی دەکەن، بەڵام کاتێک دەست بۆ چاککردنی ڕێگاوبان دەبەن و ناڕەزایەتی خەڵک هەڵدەمژن و دەیکەنە سەرمایە و بەکاریدەهێنن بۆ کۆکردنەوەی دەنگ و فشارخستنە سەر دەسەڵات، لەمەشیانا هەر خزمەت بە ڕاستڕەوی کۆمەڵگە دەکەن. نەوەی نوێ بەو هەڵوێستانەی هەمیشە نەیهێشتوە مانگرتوان یەکڕیز بمێنن وە یاخود ویستویانە ناڕەزایەتی یەکڕیزانەی خەڵک سەبارەت بە بەنزین و خراپی ڕێگەوبان کۆتایی پێبهێنن. نەوەی نوێ خاوەن تێڕوانینێکی جێگیر نییە لەبەرئەوە بەبەردەوام لەمبەری کۆمەڵگەوە بۆ ئەوبەری کۆمەڵگە هاتوچۆ ئەکات. بۆچونێکی چەسپاویان نییە و فیکریان تێکەڵەیەکە لە نەتەوایەتی، مەزهەبی و کۆنەپەرستی. هەر لەبەر ئەمەشە نەوەی نوێ مەترسی زۆرە بۆ خەبات و تێکۆشانی خەڵک، چونکە زۆر زوو ئەتوانن ڕەنگی خۆیان بگۆڕن و بازبدەنە نێو خەڵکەوە. سەرەتای دروستبوونی نەوەی نوێ، سەرۆکی نەوەی نوێ چەند جارێک هاتوچۆی ئەمریکا و ئەوروپای کرد. ئەو هاتوچۆیەش هەوڵێکی سەرۆکەکەی بوو بۆ ئەوەی لەلایەن ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە تێبینی بکرێت و گوێ بۆ قسەکانی بگرن، بەڵام ئەو هەوڵەشی بە هیچ ئاکامێک نەگەیشت.
مەبەستی نەوەی نوێ لە دابەشکردنی بەنزین بە نرخێکی هەرزانتر لەوەی حکومەت، لە ڕواڵەتدا خزمەت بە خەڵک ئەکات، بەڵام لە ناوەرۆکدا بۆ هەڵمژینی ناڕەزایەتی خەڵکە و ئەمەش بەکارئەهێنرێ بۆ پڕۆپاگەندەکردن بۆ نەوەی نوێ. شاسوار عەبدولواحیدیش وەکو ڕزگارکەر و کاریزمایەک پێشان ئەدری و ئەشیانەوێ ئەو پەیامە بخەنە مێشکی هاوڵاتیانی کوردستانەوە کە ئەکرێ متمانە بە شاسوار بکرێ بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک. نمونەی ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە زۆرە وەکو چاککردنی پردی سماقوڵی، دابەشکردنی ئاو لە هەولێر، نۆژەنکردنەوەی یاریگای گشتی سلێمانی، . . هتد، نەوەی نوێ بەڕواڵەت وا دەرئەخات لە بەرەی خەڵکدا بێت، بەڵام بەپێچەوانەوە هیچ خزمەتێک بە بەرەوپێشبردنی خەباتی خەڵک ناکات، بەڵکو خەڵک لە ناڕەزایەتی دەربڕین سارد ئەکاتەوە. ھەروەھا خەڵکیش پەشیمان ئەکاتەوە لەوەی ڕێگای باشتر بدۆزنەوە بۆ فشار خستنە سەر دەسەڵات. بەتایبەتیش خۆڕێکخستن و فشاری بەردەوام بەرەو پاشەکشەپێکردنی جیدی بە دەسەڵات. دیارە هەڵمژینی ناڕەزایەتی خەڵکیش تەنها خزمەت بە دەسەڵاتی کوردی دەکات. شاسوار عەبدولواحید بزوتنەوەی نەوەی نوێی بۆ پارێزگاری لە موڵك و سەرمایەکەی دروستكرد. لەم ڕێگایەوە سەرمایەكەی ئەپارێزێ و گەشەشی پێدەدا. ئەو دوو مەبەستی ھەیە دەوڵەمەندتر ببێت و سەرمایەکەشی، لەو فەوزا و ئاژاوەیەی نێو ھەرێم، بپارێزێ. شاسوار ھیچ ڕەخنەیەكی لەو بازاڕە بەرەڵایەی نێو ھەرێم نییە چونكە كەڵكی لێوەرگرتوە و سوودمەندە لێی.
كاتێكیش شاسوار عەبدولواحید خۆپیشاندان ڕائەگەێنێ بۆ ئەوەیە خۆپیشاندانی تر نەكرێ و ئەگەریش كرا ئەم ببێتە خاوەنی. كاتێكیش گردبوونەوە وە یا ناڕەزایەتییەك ڕووئەدات، بە خێرایی بەرق، ئەندامێكی پەرلەمانی نەوەی نوێ ئەنێرێ بۆ ئەوەی خاوەندارێتی گردبوونەوەكە بكات و نەوەی نوێشی تیا دەربكەوێ. نمونە زۆرە لەسەر ئەوەی شاسوار عەبدولواحید ناڕەزایەتی ڕاستەقینە و واقیعی خەڵكی بەلاڕێدا بردوە و كپیكردوە، بەمەش خزمەتێكی مەزنی بەدەسەڵاتی كوردی كردوە! وەكو لەسەرەوە باسم کردن گرانبوونی بەنزین لە سلێمانی یاخود كەمی ئاو لە هەولێر وەیا مانگرتنی ژینگەپارێزانی سلێمانی، بەو شێوەیەی كە كردی تەنھا بۆ ھەڵمژینی ناڕەزایەتی خەڵك و بەكارھێنانی ناڕەزایەتییەكان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی بوو.
گوایە نەوەی نوێ بنکە و ڕێكخراوی لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان نییە، بەڵام دەستگایەكی میدیایی زەبەلاح و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بەدەستەوەیە و بە بەردەوام بۆ ڕێكخراوكردن، ئاڕاستەکردنی خەڵك و بانگەشە بۆ ئەفكاری پۆپۆلیستی و ڕاستڕەوی خۆی بەكاریاندەهێنێ. بەكارھێنانی ئایین و كردنەوەی كەناڵێكی تایبەت بە ئایین ئەوە دەسەلمێنێ كە شاسوار عەبدولواحید كەسێكی ڕاستڕەو و مەترسیدارە! ئەوە دەسەلمێنێ شاسوار دەست بۆ ھەموو شتێك ئەبات بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندی خۆی و سەرمایەكەی. ھەروەك چۆن دەسەڵاتی كوردی گوێ بۆ ناڕەزایەتی خەڵك ناگرێ، بەڵكو سەركوت و خەڵكیش دەكوژێ لە پێناوی كپكردنیا، شاسواریش گوێ بۆ ناڕەزایەتی خەڵك ناگرێ وەكو پشتگوێخستنی ناڕەزایەتی پشك ھەڵگرانی چاڤی لاند.
بە حوکمی پێشکەوتنی کۆمەڵگەو بنبەستی پرۆسەی سیاسی لە ناوەند و کوردستان، بەحوکمی بنبەستی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و وەزعی چەقبەستوی سیاسی عێراق، بە حوکمی ئەوەی خەڵک ڕەخنەی لە پرۆسەی سیاسی هەیە و چیتر نایەوێ بەشداری تێدا بکات وە فراوانبوونی ناڕازیەتی خەڵک لە دەسەڵاتداران و حیزبە میلیشیاکانی بەغدا و کوردستان، هەروەها بە حوکمی ئەوەی ململانێکانی نێو کۆمەڵگە چۆتە ئاستێکی ترەوە و خەڵکیش ئارەزووی ژیانێکی باشتر ئەکەن و ئەوەش مەعلومە کە ئەم هێزو لایەنانە ناتوانن ئەو ژیانە باشە دابین بکەن. لە پێش هەموو ئەمانەشەوە بەحوکمی ئەوەی خەڵکی عێراق لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩ ڕاپەڕین و هاتنە سەر شەقامەکان و داوای وەزعێکی باشتریان دەکرد. بە حوکمی ئەوەی پۆپۆلیزم لە جیهانیش بەرەو ئاوابوون دەچێ، نەوەی نوێش پاشەکشەی کردووە و لاواز بووە. وتارەکانی شاسوار عەبدولواحید ئەو ڕەونەق و وروژاندنەی جارانی پێوە نەماوە و خەڵکیش کەمتر لە جاران گوێ بۆ شاسوار شل دەکەن، بەتایبەتیش پاش ئەوەی وا بڵاوبۆوە لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ پارتی بۆ سەرخستنی حەلبوسی ژێر بەژێر ڕێککەوتون.
لە ڕوانگەی کۆمۆنیزمەوە نەوەی نوێ مەترسی بۆسەر خەباتی کرێکاران و زەحمەتکیشان دروستدەکات. نەک لەبەر ئەوەی ئیمکانات و توانایان هەیە خەڵک فریو بدەن، بەڵکو لەبەر ئەوەی یەکڕیزی کرێکاران تێکدەدەن. بە ئەزموونیش دەرکەوتوە نەوەی نوێ هەوڵەکانی کڕیکاران بۆ خۆڕێکخستن تێکدەدا. ئەزمون دەریخستوە کە نەوەی نوێ بە مانگرتنی کرێکاران قارس ئەبێت، هەربۆیەشە هەنگاو هەڵدەگرن بۆ بەلاڕێدابردنی مانگرتنەکە. نەوەی نوێ ڕەخنەی لە سەرمایەداری نییە، بەڵکو دەیەوێ درێژە بە سەرمایەداری و نابەرابەری بدات. نەوەی نوێ ڕەخنەی لە هەندێ ڕەوشتی حکومەتی هەرێم هەیە نەک لەتەواوی حکومەت و سیستمەکە.
١٠ی تەمموزی ٢٠٢٢