سۆشیالیزم یانی تەحەزوب و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی سیاسی!!
سۆشیالیزم یانی تەحەزوب و تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی سیاسی!!
چەند سەرنجێک لەسەرکورتەباسێکی بەختیار موستەفا عارف “لەسەر شێوی دروستبونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێڕاق، ساڵی ١٩٩٣ولەسەر پێکهێنانی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان.”
هاوڕی بەختیار لە تێبینیەکدا لەسەر تێبینیەکەی من دەڵێت “من یادەوەرییەکانی خۆم دەگێڕمەوە، لەپاڵیشیدا هەندێک سەرنجی گشتی خۆم لەسەر ئەو ڕابوردووە یاداشتکردووە” من ڕاستیەکەی کە نوسینەکم خوێندەوە یادەوەریم نەبینی بەڵکو باسێکە لەسەر پرۆسەی دروست بوونی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق (هەندێ مەوردی کەم نەبێت) کە من یەکێکم لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە بە مێژووی خۆمی دەزانم و بە تەواوی عەقڵی خۆمەوە دیفاعی لێدەکەم، خۆم بەبەرپرسیار دەزانم وەڵام بدەمەوە، ئەوەندەش پێم بکرێت وەڵامی هەندێ لە تێبینیە سیاسیانەش بدەمە کە لەسەر نوسینەکەوە نوسراون و لەوێوە سەرچاوەیان گرتوە.
مێژووی چەپ لەدەیەی هەشتاکان:
چەپەکان یان کۆمۆنستەکان لە دەیەی هەشتاکاندا مێژوویکی قورسیان بەسەر برد لە ژێر ئیستبدادی بەعسدا سەرەڕای سەرکوت و ئیعدام و زیندانیکردنی دەیان تێکۆشەری کۆمۆنست، بەڵام لە دەیان مەیدانی گرنگدا بەشداریان کرد، دروستکردنی دەیان گروپ و حەلەقە و شانەو مەحەفلی جۆراو جۆر. لە پلمیک لەسەر جەنگ و ڕوو بەڕوو بونەوەی جەنگ و ئاکامەکانی، لەسەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتیەکان دەیفاع لەمەسەلەی ژن، لەمەسەلەی خەباتی خوێندکاری ڕابەرایەتی بزووتنەوەی خوێندکاری، ڕابەرایەتی تێکۆشان لە ناڕەزایەتەکانی سەرشەقام لە دژی حکومەتی بەعس، ڕووبەروو بونەوەی ناسیونالیزمی کورد و ڕەخنەی هەمەلایەن لە سونەتەکانی ناسیونالیزم خۆجیاکردنەوە لەناسیونالیزم، دروستکردنی مەحفەلە کرێکاری و کۆمۆنستیەکان و هەوڵدان بۆ بەرەو پێش بردنی بزووتنەوەی کرێکاری، دەرکردنی نامیلکەو ڕۆژنامە و بەیاننامە و پەروەردەکردنی دەیان ئینسانی مارکسیست، کۆمەک کردن بەخەڵکی ئەنفال کراو زوڵم لێکراوی کوردستان، پەیوەندی دروست کردنی لەگەڵ بزووتنەوەی کۆمۆنستیەوە لە ئیران بەتایبەتی حزبی کۆمۆنستی ئێران و هەژمونی پەیداکردنی مەنسوری حکمەت و تا ڕادەیەک ( ت- یشار) حمید تەقوایی لە نێو بزووتنەوەی کۆمۆنستیدا. من ئەم پێشینەیەم بۆیە بۆ گرنگە چونکە بۆ باسکردن دروست بوونی حزبی کۆمۆنست ئەم پێشینەیە گرنگە کە دیارە هاوڕێ بەختیار زۆر کەم لەم مێژووە شەریک بوو ئاگای لێ نەبوو وەک خۆی ئیشارەتی پیداوە.
ڕوداوەکانی خەلیج و ڕوداوەکانی” ڕاپەڕین” کوردستان:
ڕاستیەکەی بۆ ئەوەی مێژوو لێکبدەیتەوە ئەبێ لە مێژووی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییە مادیەکانەوە دەست پێ بکەیت. یەکێک لە ڕوداوە گرنگەکانی کوردستان “ڕاپەڕین و خەباتی خەڵک و تێکۆشانی گروپ و کەسە سۆسیالیستەکانەوە، ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران دروست بوو، هەر لە دامێنی ئەو دەستپێشکەرییانەی ئەو کەسانەوە ژنانی سۆسیالیست وئازادی خواز دەرکەوت – لە نوسینەکەی بەختیار وەرم گرتوە”، “ڕاپەڕین” بوو، من پێم وایە ئەم دەستە واژەیە خۆی یەکێکە لەو دەستەواژانەی کە هاوڕی بەختیار لێوە هەڵدەسێ لە کاتێکدا ئەمە بە هەموو مقیاسێک ڕوداویکی جەنگی بوو نەک ڕاپەرین بە مانا شۆڕشگێریەکەی بەشی دوەمی قسەکانی بەختیار ڕاستە کە “تێکۆشانی گروپ و کەسە سۆشیالستەکان” بوون لەم ڕوو داوانە ، کەسانی تر پێشتر ویستیان دیفاع لە ناسیونالیزم بکەن ئیشارەتیان بە بزووتنەوەی شورایی کرد بۆ ئەوەی دیفاعیان لە یەکێتی نیشتمانی پاساو بدەن (من مەبەستنم ئەوە نییە بڵێم بەختیارهەمان ئامانجی هەیە) لەم تێهەڵکێشە، بۆ ئەوەی بڵێین ڕێرەوی ڕووداوەکان شۆڕشگێرانە بوون. بە پێچەوانەوە بەڵکو ئەبی ئەوە بڵێین لە روداوایکی جیهانی بۆ دەست باڵا پەیدا کردنی ئەمەریکا بەسەر جیهاندا ئەم ڕوداوانە ڕوویان دا هیچ دەرکەوتەیەکی شۆڕشگێرانەی نەبوو. نوسینەکەی مەنسوری حکمەت ” سەرهەڵدانی خوێناوی نەزمی نویین” لە ڕوداوەکانی خەلیج ئەم مەسەلەی زۆر بەجوانی پێشان دەدات و یەكێکە لەدەسکەوتە تیوریەکانی مەنسوری حکمەت. ئەگەر ئاڵوگۆڕە جیهانیەکانی ئەو سەردەمە نەخەیتە بەرچاوی خۆت، ناتوانی جگاو مەکانەی ئەو حزبە تێبگەیت.
لەم ڕوداوانەدا دوو بزووتنەوە بە دوو سونەت و ئامانج و چارسەر و ڕێگا چارەوە هاتنە ناو هاوکێشەکانەوە، ناسیونالیزم و دەستەجاتە ئیسلامیەکان باندە چەکدارەکانیان و بەرەی کوردستانی هاتنە ناو شارەکانەوە، بەڵام سەریان بە بزووتنەوەیەکدا تەقیەوە کە تێدەکۆشا کۆمەڵگە بە شێوەیەکی نوێ و شۆڕشگێرانەو مەدەنیانە و سۆشیالسیانە بە ئاڵای سورەوە ڕێک بخات، کە هەموو ڕاگەیاندنە بەکرێگیراوەکانی بۆرژوازی لەو سەردەمەدا ئاڵای مەرگی کۆمۆنیزم و کۆتایی مێژویانیان بەرزکردبوەوە.
بزووتنەوەی چەپ و کۆمۆنستی کە تازە کولەکەکانیان شکانبوو(ئەمە لێچواندنە بە سەرەتای ئیسلام) بە ئاشکرا جاڕی بەرنامە و ئامانجەکانیان دا و بە بزووتنەوەی شوراییەوە هاتنە ناو کۆمەڵگەوە، بزووتنەوەیەک بۆ ناسیونالیزم قابلی قبوڵ نەبوو بۆ کۆمۆنستەکانیش تەجروبەیەکی تازە و بە ئاسۆیەکی لێڵەوە، بەڵام بە پانتایەکی فراوانی کۆمەڵایەتیەوە تێکەڵی کۆمەڵگە بوون، ئەگەرچی تەمەنی ئەم بزوتەنەوەیە کورت بوو، بەڵام کۆمەڵگەی خستە بەردەم هەڵبژاردەیەکی تر و سیستەمێکی ئیداری تازەو شۆڕشگێرانەوە. ئەم بزوتنەوەیە مشکیلەیەکی جەوهەری بنچینەی هەبوو یەکێکیان نەبوونی حزب بوو، ئەوی تریان نەبوونی ئامانجی گرتنی دەسەڵات بوو .
بزووتنەوەی شورایی و سونەت و پایەی کۆمەڵایەتی کۆمۆنیستی:
بزووتنەوەی شورایی لە دەیان گەرەک و ناوەندی کرێکاری و دەیان شارو شارۆچکە لەسەراسەری کوردستاندا شکڵی گرت (سلێمانی و هەولێرو کەرکوک بەشێک لە دهۆک) ئەم بزووتنەوەیە لەخۆێەوە نەهاتبووە کایەوە، بەڵکو ئاکام و پراکتیکی کۆمۆنستەکانی ئەم ڕۆژانە بوو، شورا لە خۆیەوە شکڵی ناگرێت نە ئەو کات و نەئێستاش ئەمە پراکتیکی بزووتەوەیەکی کۆمەڵایەتیە. بەختیار کاتی باسی بزووتنەوەی شورایی دەکات ئەوەی لە یاد نییە ئەوە باسەکانی مەنسوری حکمەت و کۆمۆنیزمی کرێکاری بوون و بزوتنەوەی شوراییان بەڕێخست کە مەنسوری حکمت و کۆمۆنیزمی کرێکاری ئێران جێگایەکی تایبەتیان هەبوو لەو ڕاستایەدا.
ئەم بزووتنەویە ژنانی چەکداری هێنایە ناو گۆڕەپانی سیاسیەوە، ئەم بزوتنەوەیە جێگا و ڕیگایەکی تری دا بە ڕابەرانی کرێکاری، ئەم بزوتنەوەیە چەند لایەحەی داواکاری بەرزکردوە نەک بەهەشت سەعات، بەڵکو بە داواکاری ٣٥ سەعات کارو دوو رۆژ پشوی لەسەریەکەوە، بە بەرپاکردنی ڕۆژی هەڵەبجە لەسلێمانی و بە خۆپێشاندانی نەورۆزی هەولێرەوە کە تابعێکی شۆڕشگێرانە دا بە نەورۆز. شوراکان هەوڵێکی جدی بوون بۆ مەداخەلەی کرێکاران و زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگە لە چارەنوسی سیاسی و ئابوری خۆیدا، بەپێچەوانەوە ناسیونالیزم دەیویست خەڵک بێ ئیرادە بکەن پشت بە “حاجی بۆش” ببەستن. ئەم بزوتنەوەیە بەرەی کوردستانی بەچەک ڕوو بەڕوی بوەوە. لە کارگەی جگەرە و لە باریکەو نەسرو لە دەواجنی هەولێر ئەم ڕووبە ڕوبونەوانە دەستیان پێکردبوو.
ڕوو بەڕوو بونەوەی بەعس:
بەڵی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی توانای ڕوو بەڕوو بونەوەی بەعسی هەبوو، من نازانم ئەو کەسەی لە سوید قسەی کردبوو بەڵام ئێمە بووین لە هەولێربە خۆپێشادانمان ڕوو بەڕوی بەعس بوینەوە و قوربایمان دا (ئارسمان) لێ ڕۆشت بە دوای ئەوەدا لە سلێمانی خەڵکمان ڕێکخست بەعس بۆ هەتا هەتا ملی شکان لە کورداستان، ئەوان ناسیونالستەکانی سەربازەکانیان بە بلۆک دەکوشت ئێمە ئەوانمان دەپاراست دەمان وت ئەمانە کوڕی کرێکار و هەژارن. شعاری سوپای بەعس بۆ دەرەوە هی ئێمە بوو، مفاوەزات سونەتی ئەوان بوو، کە هەڵمان کوتایە سەر پارێزگای هەولێر نوێنەری بەرەی کوردستانی لەناو پارێزگادا بوو. من پێم سەیرە بەکەم گرتنی بزووتنەوەیک بە هەموو ئەم مێژوەوە. لە ڕاستیدا هەندێ کەس نوسیویانە ” دەستبردن بۆ بەردی گەورە مانای نەهاوێشتنێتی” لە ڕاستی دا ئێمە دەستمان نەبرد بۆ بەردە گەورەکە، بەختیار ڕەخنەکەی بە شێوەکی توێکلدار لەوەیە مەنسوری حکمەت ئەوەی خستوەتە بەردەمان کە دەبێ دەسەڵاتی سیاسی بکەینە ئامانجامان، من پێم وایە ئەمە خاڵی بەهێزی نەخشە ڕیگای مەنسوری حکمەت بوو، بە ئیستاشەوە.
یەکێتی بێکاران و ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان:
ئێمە هەموو ڕێکخراوە چەپەکان لە دروستکردنی ئەم دوو ڕێکخراوەدا شەریک بووین و ئەمە خاڵێکی هاوبەش و پراکتیکی هاوبەشی ئێمە بوو بە بەختیاریشەوە. ئەم دوو ڕێکخراوەیە پێش دروست بوونی حزب دروست بوون دوو رێکخراوی بەهێز و فراوان بوون، دوو خاوەن مەسەلەی زۆر کۆمەڵایەتی بوون زۆربەی ئاکتڤیستەکانی بزووتنەوەی شورایی لە م دوو ڕێکخراوەیە وچەند ڕێکخراوێکی تردا گیرسابونەوە بە هەمان سونەتی سۆشیالستیەوە. ئەم ڕێکخراوانە بەرهەمی “خرۆشانە جەماوەریەکە!!” نەبوون، بەڵکو بەرهەمی کار وپراکتیکی کۆمۆنستی بوون، “خرۆشانە جەماوەریەکە” یەکیتی و پارتی و ئیسلامیەکانی لە گۆڕ زندوو کردەوە تا ئێستا کۆمەڵگە گیرودەی دەستی ئەمانەیە. ئەم ڕێکخراوانە لە ناو کۆمەڵگەدا چالاکیان دەکرد و ئەوە ڕێکخراوی سەربەخۆی ژنان بوو کە لە دژی ژن کوشتن ڕاوەستایەوە، لە دژی یاساکانی باری کەسێتی وەستایەوە، لەسەر دیوارەکانی شارەکان نوسیان عیشق و عیلاقە ئازادە (ئێستاش هەندێ کەس بە ناو چەپ جورئەت ناکەن ئەو قسەیە بکەن)، ئەوە یەکێتی بێکاران بوو شیعاری “کار یان بیمەی بێکاری” کردبووە سەر لەوحەی داواکاریەکانی، ئەوە کۆمەڵەی ئاوارەکان بوو کە خواردنی بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکرد، ئەوە ڕێکخراوی کرێکاران و کارمەندانی خەستەخانە بوو سەرۆکی خەستەخانەی هێنابووە ناڵە ناڵ. دەست بردن بۆ دەسەڵاتی سیاسی و هەوڵدان بۆ گرتنی دەسەڵاتی سیاسی مەسەلەیەکی جەوهەریە هەر کۆمۆنستێک باسی سیاسەت بکات باسی دەسەڵاتی سیاسی نەکات و نەیکاتە ئامانجی هەموو ڕۆژەی خۆی بەخۆی نەڵێ سۆشیالست و کۆمۆنست، ئێمە وەزیفەمان بوو ئیستاش هەر وایە دەبی هەموو حەقیقەتەکە بە کۆمەڵگە بڵێین. بەلام لە هەموو مەیدانەکانیشدا خەریکی کاری ڕۆژانە بووین.
لە ناو حزبی کۆمۆنستی کرێکاریدا تێڕوانینی جیا جیا هەبوو، بەڵام حزبی کۆمۆنستی ئەم شیعارەی نەکردبوە شیعاری ئەم ڕێکخراوانە، ئەم مێژووە ئەوەندە دور نیە ئەم قسانەی بەسەردا داسەپێنرێ. بەڵام ئەگەر دژی گرتنی دەسەڵاتی سیاسیت لەلایەن کۆمۆنیستەکانەوە کە زۆرێک لەوانە دەست خۆشی لە بەختیار دەکەن لەم کەسانەن نزیکیەکی زۆریان لەگەڵ مارکسیزم و کۆمۆنزمدا نییە، ئەمەیە خاڵە بەهێزەکان بە لاوازی پێشان بدەی.
ئێمە لە یەکێتی بێکاراندا ڕوو بەڕووی جەلال تاڵەبانی ناسیونالیزم بوینەوە، لە جیاتی ڕەخنە لە جەلال تاڵەبانی ڕەخنە لە ئێمە دەگرن، ڕابەرانی یەکێتی بیکاران دەسگیر کران، ئەوە بورژوازیە هەمووناڕەزایەتیەکی کرێکاری پاڵ پێوە دەنێت بۆ بزوتنەوەیکەی سیاسی، تا ئێستاش هەر وایە، ئەوە ئەوانن بەشەق لە ماموستا دەدەن کە دێتە سەر شەقام بۆ موچە. ئەوە جەلال تاڵەبانی بوو دەست و پێکانی خۆی جوڵان بۆ دروست کردنی ئینشقاق لە ناو یەکێتی بێکاراندا، بۆ یەکێتی بێکاران کردبوەیە شەرت بەیاننامە دەربکەن کە سەر بەحزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق نین. کەسێک لە کۆمێنتدا باسی ئەکرەم میهرداد دەکات ئەو بەڕیزە لە یادی نییە ئەکرەم بە ناوی بزووتنەوەی شورایەوە چوە ناو یەکێتەوە بوە ئەندام سەرکردایەتی یەکێتی ئێستاش تەقاوتی ئەم خزمەتگوزاریانەی وەردەگرێت، یەکێک بوو لە ڕیکخەرانی ڕێکخراوی بیكاران، دەیەوێ ئێمە چەپڵەی بۆ لێدەین، بەختیاریش مامەڵەی دارودەستەی یەکێتی و یەکێتی بێکاران وەک یەک دەکات، کۆمەکەکان وەک یەک دابەش دەکات. ئیمە لەسەر خواردن دەمان ویست خۆپێشاندان بکەین دەست بەسەر ستۆرێجەکان خواردن بگرین، جەلال تاڵەبانی یەکێتی بێکارانی خستبوە ژێر فشارەوە بۆ ئەوەی ڕایبگەیەنن سەر بەحزبی کۆمۆنستی کڕیکاری عێراق نین، کێ دەبێ ڕەخنەی لێ بگیرێت. لە ئاستی مەسەلەی بێکاری کێشمەکێشە کەوتبوە نیوان دوو بزووتنەوەوە، نیوان ناسیونالیزم و کۆمۆنیزمی کرێکاریەوە. لە هەموو جیهاندا ڕێکخراوی ڕادیکاڵ وسازشکار هەیە و لەهەندێ جێگاش ڕێکخراوی زەردی سەربەدەوڵەت هەیە، من پێم وایە بەختیار لەمە حاڵی نییە بە ئێستاشیەوە.
دروست بوونی حککع و کۆنیزمی پراتیکی مەنسوری حکمەت!!
مەنسوری حکمەت تەنها کەسێکی تیوریسین نەبوو، بەڵکو ئەو هەمیشە کەسێکی پراکتیکی بوو ئەو نەک تەفسیری جیهان، بەڵکو گۆڕینی جیهانی بۆ مەبەست بوو. ئەو بە سەهەند وبەیەکێتی تیکۆشانی کۆمۆنست دەستی پێکرد. دواتر حزبی کۆمۆنستی ئێران و دوتریش حزبی کۆمۆنستی کڕێکاری ئێرانی دروست کرد، دروست کردنی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق بەشێکی نەپچراوەیە لەم کۆمۆنیزمە سیاسی و پراکتیکیەی مەنسوری حکمەت. کەم نین ئەوانەی بە دروست بوونی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عێراق دەڵین پرۆسەیەکی میکانیکی بوو، هەر ئەو کەسانە بەم تێڕوانینەوە چەند ساڵە دەژین ئەوەندەی تریشیان بۆ زیادکرێ بۆ تەمەنیان هەر ناتوانن حزب دروست بکەن، بەشێکیان هەیە هەر قەناعەتیان بە تەحزوب و حزبی سیاسی چینی کرێکار نییە، ئەم قسانەی بەختیار با ئاوردەیەکە بە دژی تەحەزوب تا قسەکانیان بکەن.
هەموو شایەدی ئەوەن چەند سەدان کادری بەرجەستەی کۆمۆنست لەسەراسەری کوردستان و عێراق ئیمزایان دا لە پرۆژەکەی مەنسوری حکمەت، حزبیان دروست کرد. ئەمە بۆ میکانیکیە؟ یان ئەم دۆستانە پێیان وایە دروست کردنی حزب وەک کوڵانی ئاو وایە تا نەگاتە ١٠٠ پلەی سەدی نایەتە کوڵ، ئەمە میکانیکیە یان هیزێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە چەندان مەیداندا خەرێکی تێکۆشان بوو لەژێر هەژەمونی ڕابەرە جیهانیەکەیدا حزبی خۆی دروست کرد؟ بە رەئی من مەنسوری حکمەت ڕابەرێکی سیاسی و پراکتیکی بوو ئەگەر ئەو ڕۆژە حزبی دروست نەکردایە حزب دروست نەدەبوو، هێز کەش لەبەریەک لێکدەترازا، من دەزانم ئێستا پێم دەڵێن ئێستا چیە، وەڵامی ئەو پرسیارە شتێکی ترە، ناتوانی پرۆسیسەکە بخاتە ژێر پرسیارەوە. یان ئەبوایە چەند دەورەی تر ڕێکخراوە جیاجیا کان رەخنە وناکۆکیەکانی خۆیان گەورە بکردایەتەوە دەنکە نۆکیکیان لەیەکتر بکردایەتە گردێک بە ناوی پرۆسەی پێش دروستکردنی حزبەوە، لە کاتێکدا ئێمە زیاتر لە ١٣ ساڵمان خستبوە پشتی سەرمان پێشتر چەندان ڕێکخراومان دروست کردبوو و هەڵوەشاندبوەوە ولەشوێنی خۆمان ڕاوەحمان دەکرد. بە هیچ شوێنێکیش نەگەیشبوین. من پێم وایە ئەم بابەتە پەیوەندی بە تیروانینیکەوە هەیە کە بۆ پرۆسەی دروست بوونی حزب دەخرێتە ڕوو، لەڕاستیشدا پرۆسەیەکە بۆ دروست نەکردنی حزب، هەموو ئەوانەی ئەم ڕەخنانە دەگرن خۆیان گیریان خواردوە نازانن حزبی کۆمۆنستی جێ مەبەستیان چۆن دروست بکەن، بە بەختیاریشەوە .
تەحەزوب و دەسەڵاتی سیاسی لە گروپی فشارەوە بۆ حزبی سیاسی!!
یەکێک لەڕوکنەکانی قسەکانی بەختیارڕەخنەیە لە تێکۆشان بۆ دەسەڵاتی سیاسی. پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی حزب دروست دەکەیت، ئەگەر بۆ دەسەڵاتی سیاسی نیە حزبت بۆچیە؟ مەنسوری حکمەت یەکێک لە موهیمترین باسەکانی ئەم باسەیە ” حزب و کۆمەڵگە” و” حزب دەسەڵاتی سیاسی” کە ڕەخنەی قوڵ و هەمەلایەنەیە دەگرێت لە چەپی حاشیەی و تەقلیدی کە دەسەڵاتی سیاسی قەت بۆ ئەو مەسەلە نەبووە. بۆ کۆمۆنیزمی کرێکاری لە کوردستان هەمان مشکیلە بوو ئێمە شورامان دروست کردبوو، بەڵام ئەچوین خزمەتگوزاریمان دەکردە ئەولەویەت، کە من پێم وایە ئەبوایە ئەمەمان ئەنجام بدایە بەڵام دەبوایە شوراکانمان وەک دەسەڵات بخستایەتە ڕوو. بەرەی کوردستانی هێشتا لە شاخەکان بوون بەرپرسی شاریان دیاری کردبوو هەر هاتنە ناوشارەکانەوە بانقەکانیان گرت، شوێنێکیان راگەیاند بە خەڵک موراجەعەی ئەوان بکات بۆ مشکیلەکانیان هاوڕێکانی ئێمەش ئەم ئیعترافەیان پێیان کردبوو، ئەی بۆ شوراکان خۆیان پرکتیکی دەسەڵاتیان نەدەکرد یان بۆ نیواو نیو ئەم کارەیان نەدەکرد بە پێی هێز. من پێم وایە خاڵی لاوازی ئێمە ئەوە بوو دەسەڵاتمان نەکردبوە ئامانجی سەرەکی خۆمان. کاتێکیش وەک بابەتێک ئەم مەسەلەیە خرایە ڕوو لە رووی پرکتیکیەوە ئەم کارەمان ئەنجام نەدا ئەگینا کەسێک پێی وایە دەتوانی دەسەڵات بگرێ چۆن ڕەو دەکات بۆ دەرەوە و ئەوروپا.
پەیوەندی ڕێکخراوە کرێکاری و جەماوەریەکان بە مەسەلەی دەسەڵاتەوە یان بە بزوتنەوە کۆمەڵایەتیە مەتڵەبیەکانەوە چیە، ئایا هەڵەیە ڕابەری کرێکاری بڕوای بەدەسەڵاتی سیاسی و تێکۆشان بێت بۆ دەسەڵات؟ ئایا ناکرێ خەباتی بۆ ئیسلاحات و خەبات بۆ دەسەڵاتی سیاسی لێکهەڵکێشرێ؟ یان پرسیارەکە بەجۆرێکی تر دروست بکەین جیاوازی بزوتنەوەیەکی شۆڕشگێرانە لەگەڵ بزوتنەوەیەکی ڕفۆرمیستی چیە؟ ئایا مەسەلەی دەسەڵاتی سیاسی نیە؟ بەتایبەت کە مەسەلەی دەسەڵات یەکلا نەبوبیتەوە هەموو بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان خەریکی ئاریشدانەوەی سیستەمی سیاسی وڵات بن. من پێم وایە بەدی هاتنی “ککار یان بیمەی بێکاری” بە قەد هەوڵدان بۆ گرتنی دەسەڵاتی سیاسی وەک یەک چانسی تەحقیق بونیان هەبوو لەو سەردەمەدا. بهینەرە بەرچاو خۆت لەو وێرانەیدا کە کوردستان لەژێر دوو و سێ ئابلۆقەی ئابوریدا بوو پەیدا کردنی کار یان بیمەی بێکاری هەر وا کارێکی ئاسان بوو.
ڕاستیەکەی ئەوە بوو ڕێکخراوەکانی ئەو سەردەمە داواکاری مەتلەبیاکانیان زۆر ڕۆشن بوون و دەسەڵاتی ناسیونالیزمیان وەگیر هێنا بوو ، ئەم بابەتە بۆیە کاڵ دەکرێتە تا پێمان بڵێن جارێ کاتی باسکردنی دەسەڵاتی سیاسی نەبوو و نیە، هەندێکیش هەر لە بنەڕەتەوە پێیان وایە دەبێ کرێکار دەسەلات نەگرێتە دەست کرێکار هەر لە بنەچەوە دژی دەسەلاتی سیاسیە و سوێندیش بەسەر مارکس دەخۆن، وەک ئەوەی مارکس تیوری خەباتی چینایەتی هەر نەنوسیبێتەوە.
ئەوەی ئەو حزبە چێ بەسەر هات و بۆ بە ئێرە گەیشت و بەتەواوەتی باسێکی ترە، من ناچمە ئەو باسەوە لێرەدا. بەلام بە هەمان قەناعەتمەوە کە ئیمزام دا لە دروست کردنی حزبی کۆمۆنستی کرێکاری عیراق لەسەر هەمان قەناعەتمم بگرە زۆر سورترم ئێستاش بگەڕیمەوە ئەو سەردەمە هەمان حزب دروست دەکەمەوە، حزبێک بۆ دەسەڵاتی سیاسی. حزبی کۆمۆنست وەزیفەیەتی بزوتنەوە مەتڵەبیکان ڕابەریاتی بکات و ئاگای ڕابەرانیان بباتە سەرەوە و سۆشیالیزم لە هەموو هەنگاوێکی خەباتکارانەدا وێنا بکات وەک مەسەلەیەکی دەسبەجێ بیخاتە ڕوو.
تێبینی: ١- مەبەستم بوو ئەو تێزانەی لە چوار چیوەی بیرەوەریەکانی بەختیاردا هاتون شەن کەو بکەم . ٢- هەوڵم داوە وەڵامی هەندێ تێبینیەکان لەسەر نوسینەکەی بەختیار وەڵام بدەمەوە لە گۆشە نیگای خۆمەوە. ٣- هەوڵدەدەم هەمو ئەوانە تاگ بکەم کە قسەیان کردوە لەسەر نوسینەکەی بەختیار، ئەگەر پێتان خۆش نیە تاگەکە لابەرن.
سمیر نوری
١٢ تەموزی ٢٠٢٢