هەواڵی نارەزایەتییە کرێکاریی و جەماوەرییەکان… ئامادەکردنی: شوان عەزیز و ئاراس رەشید

0

ناڕەزایەتی لە فەرەنسا لە هەڵکشاندایە لە دژی هەموارکردنی یاسای کار لە لایەن سەرۆکی فەرەنساوە.

شوفێرانی لۆری ڕێگاکان دەگرن. 

شوفێرانی لۆری لە فەرەنسا دەچنە پاڵ ناڕەزایەتیەکانی خەڵک لە دژی ئەو یاسایەی کە ماکرۆن، سەرۆکی تازە هەڵبژێرراوی فەرەنسا، ڕایگەیاندووە بە مەبەستی هەموارکردنی یاسای کار. وەک لە وێنەکەدا دیارە یەکێک لە شوفێرەکان کە ئاڵای (هاوپەیمانی دێموکراسی فەرەنسی بۆ سەندیکای کار) ی بەدەستەوەیە کە لە ناو شاری پاریس دایە لە کاتی ئەنجام دانی مانگرتنی نیشتیمانی دا.

کێشەی ماکرۆن لەگەڵ سەندیکاکاندا واوەتر ڕۆیی و خۆی گەیاندە شوفێرانی لۆریش. شوفێرەکان خۆیان گەیاندە سەرجاددەکان و هاتوچۆی ئۆتۆمۆبێلیان ڕاگرت وەک نیشاندانی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر هەمواری یاسای کار.

شایەنی باسە کە لەم ماوەیەدا یەکیەتی و سەندیکای زۆرتر پەیوەست دەبن بەو کامپینەی کە لە دژی ماکڕۆن بەڕێخراوەو دەیانەوێت فشاری بخەنەسەر تا لەو بڕیارەی پەشیمان بێتەوە. هەروەها وای لێ بکەن کە  واز لەو پلانانە بێت کە دەبنە هۆی زیتر پێدانی دەسەڵات بە کۆمپانیاکان و وەلانانی سەندیکاو یەکیەتیەکان.

ئەو گۆڕانکاریەی کە ماکڕۆن دەیەوێت بیکات دەسەڵاتی زیاتر دەداتە خاوەن کاروو کۆمپانیاکان کە بتوانن زۆر بەئاسانی کرێکاران دەربکەن و لەکاتی دەرکردنیشیاندا لەو پارەیەش کەم بکەنەوە کە دەبێت بیان درێتێ. بە پێی ئاژانسی ڕۆیتەرز ئێستا سەندیکاکان لە هەوڵی ئەوەدان کە ماکڕۆن لەم بریارەی خۆی پەشیمان بکەنەوە. شایەنی وتنە لێرەدا کە زوربەی ئەو سەندیکاو یەکیەتیانە ڕێپێوان و پرۆتستۆیان دەست پێکردووە کە لە لایەن کۆنفدراسیۆنی گشتی کارەوە ڕێکدەخران کە پێشتر کۆمۆنیستی بوو. باقی سەندیکاکانی ترلەو نێوەدا دوورەپەرێز وەستان. جادەی گشتی (ئەی وەن) لە بەشی سەرووی فەرەنسا لەنێوانی پاریس و لیلی دا بە تەوای هاتوچۆی تێدا ڕاگیرا.هەروەها  جادەی (ئەی فۆڕ) لە بەشی ڕۆژهەڵاتی فەرەنساو جادەی (ئەی سێڤن ) لە بەشی خوارووی فەرەنسادا تەئسیریان بەرکەوت.فەرمانبەرانی بەشی خزمەتگوزاری، خانە نشینان، هەروەها خوێندکاران پلانی ئەوە دادەنێن کە لە دوو هەفتەی داهاتوودا ڕێپێوان ئەنجام بدەن. هەروەها لە لایەکی ترەوە سەرۆکی پارتی باڵی هەرێ چەپ ( ژان لوک مەڵێنچۆن) لەم شەممەیەدا ڕێپێوان ئەنجام دەدا. پاتریک بلایس ،سەرۆکی یەکیەتی شوفێرانی لۆری ڕایگەیاند ئەوان بەردەوام دەبن لەو جۆرە ڕێپێوان و کارانە هەتا داخوازیەکانیان جێبەجێدەکەن. چونکە ئەو شوفێرانە هەقی ئەوەیانە کە بەخششی ساڵانە وەربگرن کە یەکسانە بە کرێی تەواوی مانگێکیان. شایەنی باسە بە پێی بڕیارەکەی ماکڕۆن هەر کۆمپانیایەک ئازاد دەبێت کە چەندە بەخششی ساڵانە دەدات بە کرێکارەکانی. ئەوەی کە چاوەڕێ دەکرێت لەوە ناچێت کە ماکڕۆن لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە، چونکە ئامانجی ئەو کەمکردنەوەی بێکاریە لە ( نۆ و نیو لە سەدا٥.٩%)  (بۆ حەوت لە سەدا٧%) لە ماوەی پێنج ساڵی فەرمانڕەوایی خۆیدا. زۆر لە ڕابەرانی سەندیکاکان هیوای ئەوە دەخوازن کە ماکڕۆن ئەو بڕیارەی جێبەجێ نەکات و لە لایەکەی تریشەوە  ئەوە نیشانی ماکڕۆن بدەن کە هێشتا سەندیکاکان بەیەکەوەن و بەهێزن.

خەڵکی شاری مصراتە هیچی تر قبوڵی ناکەن ژیانیان هەروا خەراپ بێت..

لەبەرئەوەی ئاستی معیشەت و ژیان ڕووی لە خوارەوەیە، بە سەدان لە خەڵکی شاری مصراتە لە لیبیا  بۆ ناڕەزایی دەربڕین دێنە سەرشەقامەکان. بەسەدان لە خەڵکی شاری مصراتە  ڕۆژی ٢٥-٩-٢٠١٧ ڕژانە سەر شەقامەکان کە پێکهاتبوون لە ژنان، پیاوان، منداڵان  هەروەها بەساڵاچوانیش. ئەو خەڵکە بە تێکڕا داوایان دەکرد کە گوزەرانیان خۆشتر بکرێت وە ڕەخنەیان لە دەسەڵاتداران و حیزبە سیاسیەکان گرت کە لەبەر کورسی و دەسەڵات و کێشەی نێو خۆیان خەڵکیان لە بیر چۆتەوەو گرنگی بەژیانی خەڵک نادەن. شایەنی باسە ئەو خۆپیشاندانانە بە بزووتنەوەی ٢٥ ی  ئەیلوول ناو دەبرێن. لە هەردووک شاری تەرابلوس و مصراتە خۆپیشاندەران وهوتاف و لافیتەیان بەرزکردبۆوە و لەسەریان نوسرابوو ” ئێمە لە پێناو گۆڕانکاریدا هاتووینە دەرێ” یاخود ” نا بۆ دابەشکردنی لیبیا” یاخود ” نەخێر بۆ حوکمی عەسکەری لە لیبیا”  یان “هاووڵاتی بوونی نیە: وە چەندین شێعاراتی تر کە نیشانەی بێزاری خەڵکی لیبیایە لە دەسەڵاتی سیاسی ئەو وڵاتە.

هەروەها خەڵک داوای دەکرد لەدەسەڵات کە کۆتایی بێنێت بەو فەوزایەی کە هاتۆتە ئاراوە لە دوای ڕوخانی معەممەر قەزافیەوە. خەڵک دەیگوت کە دەسەڵات گەندەڵە، و تەنها ئاگایان لە ژیانی خۆیان هەیە. شایەنی باسە کە ئێستا لە لیبیا مووچەی خەڵک زۆر وەدوادەکەوێت، نرخی کەلوپەلەکان زۆر ڕووی لەبەرزی بوونەوەیە. خەڵک توانای کڕینی نیە، هەروەها فەسادی و گەندەڵی ئیداری لە ئەوپەڕی خراپیدایە. شایەنی باسە کە لەم ڕۆژانەدا نەتەوە یەکگرتوەکان هانی لایەنە سیاسیەکانی ناو لیبیایان داوە کە وڵات بەرەو جێگیری بەرن وە پەنا بۆ هەڵبژاردن و دابەشکرنی دەسەڵات بەرن و ئاوڕێکیش لە جەماوەر بدەنەوە.

چاودێری مافی مرۆڤ، داوا لە قەتەر دەکات بۆ پاراستنی کرێکارانی بیناسازی و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی کرێکاران…!

نیۆرک/ بی بی سی.. ڕێکخراوی مافی مرۆڤ ڕۆژی ٢٧/٩/٢٠١٧ جەختیکردەوە کە دەبێ دەسەڵاتدارانی قەتەر ڕێنمایی لەسەر هەلومەرجی کارکردن لە دەرەوە دابنرێت بۆ پاراستنی گیانی نزیکەی ٨٠٠ هەزار کرێکاری بیانی کە لەژێر هەڕەشەی مردندان، بەهۆی کارکردن لەدەرەوە لەکەش وهەوای گەرم و شێداری توندی ئەو وڵاتە.ڕێکخراوەکە، کە بنکەکەی لە نیۆرکە، داوای لە قەتەر کردوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی کرێکاران، و ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکە، بۆئەوەی ئەو زانیاریانە ببنە هۆی دانانی ڕێوشوێنی تەندروستی گونجاو. نیکۆلاس ماک جیهان کە ئەم ڕاپۆرتەی بۆ ڕێکخراوەکە ئامادەکردوە، گوتی” شکستی دەسەڵاتدارانی قەتەری لە فەراهەمکردنی هەلومەرجی سەرەکی بۆ پاراستن لە گەرما، و بڕیاردان لە پشتگوێخستنی ڕێنوێنیە پێویستەکان لە لێکۆڵینەوە لە هۆکاری مردنی کرێکاران و ڕەتکردنەوەی ڕاگەیاندنی داتاکانی مردنەکان، واتە خۆلادانە لە بەرپرسیارێتی بە ئەنقەست”.

ماک جیهان داوای لە یەکێتی تۆپی پێی جیهانی(فیفا) و یەکێتیە نیشتمانیەکان و کۆمپانیاکانی سەرپەرشتیاری جامی جیهانی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ لە قەتەر کردوە بە فەراهەمکردنی پاراستنی زۆرتری کرێکاران لە گەرمای زۆر و شێدار لەو وڵاتەی کەنداو. ماک جیهان ئاماژەی بە وەڵامدانەوەی دەسەڵاتدارانی قەتەری دا کە وەڵامی ٢ پرسیاری سادە بدەنەوە ( ژمارەی ئەو کرێکارانە چەندە کە لە ساڵی ٢٠١٢ەوە گیانیان لەدەستداوە، وە هەلومەرج و هۆکاری گیانلەدەستدانیان چی بووە؟).

قەتەر یاسایەکی کاری داناوە کە لە کاتژمێر ١١:٣٠-٣:٠٠ی دوای نیوەڕۆ ساڵانە لە ١٥ی جونەوە تاوەکو ٣١ی ئۆگەست کار بوەستێت. چونکە پلەی گەرما دەگاتە سەرووی ٥٠پلەی سەدی، بەڵام ڕێکخراوی مافی مرۆڤ دەڵێت، ئەو کارانە کافی نین و چونکە داتای کەش و هەوا دەریخستوە کە هەلومەرجی کەش و هەوا لە قەتەر زۆر جاران لەو کاتژمێر و بەروارانە بەدەرن. وە دەگاتە ئاستێک کە دەبێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی کوشندە کە پەیوەستە بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، لە کاتێکدا کاتی نەبوونی حەسانەوەی کافی نیە. سارە لیا ویتسن، بەڕێوەبەری بەشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ گوتی” پێویستە قەید و بەندی گونجاو بسەپێنرێت بۆ کارکردن لەدەرەوە، هەروەها لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی زانیاریەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک لەسەر گیان لەدەستدانی کرێکاران بۆ پاراستنی تەندروستی و گیانی کرێکارانی بیناسازی لە قەتەر”.وە گوتیشی” حکومەتی قەتەری لە توانایدایە کە سەعاتی کار دیاری بکات بۆئەوەی لەژێر کاریگەری پلەی گەرمای ئامن بێت، نەوەک پشت ببەستێت بە سەعات و بەروار. ئەمەش یارمەتی پاراستنی سەدان هەزار کرێکار دەدات”. ویتسن وتیشی” ئەگەر ڕێکخەرانی جامی جیهانی لە قەتەر بتوانن مەرجی کارکردن بەپشتبەستن بە کەش وهەوا بسەپێنن، حکومەتی قەتەری دەتوانێت هەنگاوێک بچێتە پێش لە فەراهەمکردنی پاراستنێکی زیاتری کرێکاران لە گەرما”. ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ ڕوونیکردەوە کە قەتەر تاوەکو ئێستا ئامارەکانی کە پەیوەستە بە مردنی کرێکاران لە ساڵی ٢٠١٢ ەوە ئاشکرا نەکردوە!    دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە ساڵی ٢٠١٢ دا ڕایانگەیاند کە ٥٢٠ ڕووداوی گیان لەدەستدانی کرێکارانی بەنگلادیشی و هیندی و نیپالی ڕوویداوە، لە ناویاندا ٣٨٥ کرێکار یان ٧٤% هۆکاری گیان لەدەستدانەکەیان ڕوون نەکراوەتەوە یان لێکۆڵینەوەی بۆ نەکراوە. جێی ئاماژەیە کە قەتەر سەدان کرێکاری بیانی کار لە دروستکردنی بیناسازی بۆ ئامادەکاری جامی جیهانی تۆپی پێ لە ساڵی ٢٠٢٢ دا دەکەن.

کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن کە زوربەی ئەو کرێکارانەی گیانیان لەدەستداوە، هۆکارەکەی هەلومەرجی نالەبار و سەختی کار و شوێنی کاربووە.

سیستەمی سەرمایەداری بە خراپترین شێوە مامەڵە و ڕەفتار دەکات لەگەل کرێکاراندا ئەویش بە پشت بەستن بە تەکنۆلۆژیای مۆدێرن. مامەڵەکردن لەگەڵ کرێکاراندا لەگەڵ پێشکەوتنەکانی تەکنۆلۆژیا ئاڵوگۆڕی گەورەیان بەسەردا هاتووە.

ئەمڕۆ کرێکاران وەک هەر شمەکێکی (یەک جار بەکارهێنراو واتە دیسپۆزەبڵ) مامەڵە و سەودایان لەگەڵدا دەکرێ. ئەو ماوە دیاریکراوەی کە سەرمایەدار پێویستیەتی بەکاریدێنێ و دواتر پاش تێپەڕبوونی ئەو کاتە دەست بەرداری دەبێت و وەک پەرداخێکی پلاستیکی کە بۆ ئاو خواردنەوە و چاخواردنەوە بەکاردێت و دواتر فڕێ دەدرێ، هەر ئاواش مامەڵە دەکرێ لەگەڵ کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت سەعات کار واتە تەنانەت یەک سەعات کۆنتراکتیان نیە لەگەڵ خاوەن کارەکەدا. بۆ ماوەی یەک سەعات یا چەند سەعاتێک دەخرێتە بەرکار و دوای ئەوە کۆتایی بە هەموو شتێکی دێت. هیچ مافێکیان نیە، مافەکانیشیان وەک خۆیان قابیلی فڕێدانە هەروەک چۆن خۆیان فڕێ دەدرێن پاش بەکارهێنان هەرواش مافەکانیان دیسپۆزەبڵە. ئەم کرێکارانە بەردەوام لەچاوەڕوانی تەلەفۆنێکدان بۆیان بکرێ یا نەکرێ. ئەگەر تەلەفۆنیان بۆکرا دەبێ بەومەرج و بارو ڕەوشەی کە خاوەن کار بۆی دادەنێ دەبێ سەربدات وە ئەگەر نا کارەکەی پێ نادرێ. کات دیاریدەکرێت، کەی دەست پێدەکات و کەی تەواودەبێت. پارەی پشووی نیوەڕۆی پێنادرێ، پارەی هاتووچۆی پێنادرێ، وە بەپێی خواستی خاوەن کارەکەش هەقدەستەکەی دەگۆڕێ بۆ هەمان جۆری کار، بەڵام لە شوێنی جیاواز و بارو ڕەوشی جیاوازدا. دەگونجێ بارو رەوشی کارەکەی ترس و تووڕەیی تیدابێت، بەڵام پارەی ئەوەی پێ نابەخشرێ.

ئەم جۆرە کارە و ئەم کرێکارانە هەروەک کرێکاری لەنگەرگاکانن کە لەچاوەڕوانی کەشتی یەکدان بۆ بارهەڵگرتن یا داگرتن وەیا ئەو کرێکارانەی کە لەدەوروبەری بازار وفرۆشگاکانی مەوادی خانووبەرە ڕادەوەستن تا خاوەن کارێک کارێکیان بداتێ و دەشگونجێ چەندەها رۆژ بەبێ کار بچنەوە ماڵەکانیان.

کرێکاران هەر زۆر بەئاسانی لەکارەکانیان دەردەکرێن لەڕێگەی (ئەپێکەوە) واتە ئەپلیکەیشنێکەوە کە لەسەر تەلەفۆنەکەیەتی هەر بەبێ ئەوەی خاوەن کارەکەی خۆی یا کەسێک لە ئۆفیسی کارەکەیەوە بەتەلەفۆن یا بەنامە ئاگاداری بکاتەوە هەر لەڕێگەی ئەپەکەیەوە ئاگادار دەبێتەوە ئەویش بەوەی کە ناتوانێ بچێتە سەر ئەپەکە و دەستی پێی بگات. ژیان و گوزەرانی کرێکارەکە لەژێر ڕەحمی خاوەن کارێکدایە کە هەرگیز نەبینیویەتی و نە هەرگیز قسەشی لەگەڵ کردوە.

بەوپێیە کرێکاران وەک کرێکاری تووڕدراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ و مافەکانیشیان لەگەڵ خۆیاندا تووڕدەدرێن، هیچ یاسایەکیش پارێزگاریان لێ ناکات. بۆ نموونە کۆمپانیای جیهانی (ئووبەر) کە کۆمپانیایەکی گەورەی شۆفیرییە، زۆر بەئاسانی ئەکاونتی شۆفێرەکان لەکاردەخەن و ناهێڵن دەستیان بگاتە ئەکاونتەکەیانەوە لەڕێگەی ئەپێکەوە لەکاریدەخەن وبێکاری دەکەن.

کۆمپانیای جیهانی (ئەمەزۆن) ش بەهەمان شێوە تەکنۆلۆژیا بەکاردێنێ تا بزانێ ئایا کرێکارەکانی ئەو ئامانجەی(تارگێتەی) کۆمپانیاکە هەیەتی دەیپێکێ یان نا. وە ئەگەر کرێکارەکە ئامانجەکە نەپێکێ ئەو کاتە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە و سزادان و تەنانەت دەرکردنیش دەبێتەوە.

یەکێکی تر لەنەهامەتیەکانی کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت ئەوەیە کە دەمودەست هەقدەستەکەیان پێ نادرێ و دووچاری کێشەی زۆردەبنەوە تا هەقدەستەکانیان پێ دەگات. جارێ بەلانی کەمەوە مانگێک بۆ دوو مانگ دەبێ چاوەڕێ بکەن تا هەقدەستی ئەو ڕۆژە یا ئەو چەند سەعاتە وەربگرن لە خاوەن کار. وە هەندێ کات چەندەها مانگ ئەخایەنێ و یا ئەو پارەیەی پێ نادرێ کە ڕێکەوتوون لەسەری بەبیانووی جۆراوجۆرەوە. هەندێ کات هەرگیز هەقدەستی ئەو چەند سەعات کارە وەرناگرن وپێیان نادرێ. وە هیچ پەنایەکیشیان نیە کە پەنای بۆ بەرن لەبەرئەوەی نەقابە وسەندیکای تایبەت بەخۆیان نیە.

ژمارەی ئەم کرێکارانە کە بە کرێکارانی زیرۆ کۆنتراکت دەناسرێن نزیکەی یەک ملیۆنە. کاتێ کە ئامارەکان لەبەریتانیا باس لەهاتنە خوارەوەی ڕێژەی بێکاری دەکەن ئەم یەک ملیۆنە بە بێکار لەقەڵەم نادەن و بەکرێکار هەژمار دەکەن. کەلەڕاستیدا ناکرێ بە کرێکاری هەمیشەیی لەقەڵەم بدرێن لەبەرئەوەی ئەمانە کرێکاری ناوبەناون و هەمیشە لەسەر کار نین.

٢١ی سبتمبەری ٢٠١٧

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.