ئاوڕدانەوەیەک لە مانگرتنی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکانی ساڵانی ١٩٨٤ – ١٩٨٥ لە بەریتانیا…  نووسینی: توانا حەمەنوری

0

ئاوڕدانەوەیەک لە مانگرتنی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکانی ساڵانی ١٩٨٤ – ١٩٨٥ لە بەریتانیا…

 نووسینی: توانا حەمەنوری

مانگرتنی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزییەکان لە ساڵانی ١٩٨٤-١٩٨٥ ململانێ و کێشمەکێشێکی مەزنی نێوان کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکانی بەریتانیا دژی دەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتی کێڵگە خەڵوزێکان بوو. لەلایەن نیقابە و کرێکارانەوە هەوڵێک بوو بۆ ڕێگریکردن لە داخستنی کێڵگە خەڵوزێکان و بێکارکردنی هەزارەها کرێکار. بەڕێز ئارثەر سکارگیل سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکان (NUM) سەرکردایەتی مانگرتنەکەی دەکرد دژی دەستەی نیشتمانی خەڵوز (NCB) کە دەزگایەکی حکومی بوو.  مانگرتنەکە خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە مێژووی بەریتانیا و هەژمونی دەسەڵات بەسەر نیقابە کرێکاریەکاندا.
دژایەتیکردنی مانگرتنەکە لەلایەن حکومەتی موحافزینی سەرۆکوەزیران مارگریت تاتشەرەوە سەرکردایەتی دەکرا کە دەیویست دەسەڵاتی سەندیکاکان تێکبشکێنێ و ڕێگاش ئاوەڵاتر بکات بۆ بەتایبەتیکردنی سێکتەرە جیاوازەکانی ئابووری بەریتانیا و هەندێ لەو پیشەسازییانەی حکومەت خاوەندارێتی دەکرد. ئەرکی دەورەی یەکەمی حکومەتی تاتشەر بریتی بوو لە تێکشکاندنی یەکڕیزی نیقابە کرێکارییەکان و بەتایبەتیکردنی پیشەسازییە گرنگەکانی بەریتانیا بوو. تاتشەر نوێنەرێکی سەرسەختی نیولیبرالیزم بوو، چونکە هەوڵیئەدا کۆنترۆڵی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و سێکتەرە ئابوورییەکان لە کەرتی گشتیەوە بگوازێتەوە بۆ کەرتی تایبەت و برەوی بە سەرمایەداری بازاڕی ئازاد دەدا و بەرزی دەکردەوە. هەروەها ئەیویست سنوورێک بۆ خەرجییەکانی حکومەت و ڕێکخستنی حکومەت و خاوەندارێتی گشتی دابنێت و هێرش بکاتە سەر مافی کرێکاران و سەندیکاکانی. تاتشەر باوەڕی بە بوونی کۆمەڵگە نەبوو. ئەیوت شتی وا نییە! ژن و پیاوی تاک و خێزان هەیە. تاتشەر نەک هێرشی دەکردە سەر یەکڕیزی کرێکاران بەڵکو بە بەرنامە هێرشیشی دەکردە سەر تێگەیشتنی خەڵک سەبارەت بە چینی کرێکار.

لە کاتێکدا زیاتر لە ١٠٠٠ کێڵگەی خەڵوز لە بەریتانیا لە ماوەی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کاریان دەکرد، تا ساڵی ١٩٨٤ ئەم ژمارەیە بۆ ١٧٣ کێڵگەی خەڵوز دابەزیبوو. لە یەک ملیۆن کرێکار لە ساڵی ١٩٢٢ دابەزیبوو بۆ ٢٣١,٠٠٠ لە ساڵی ١٩٨٢. ئەم دابەزینە لە کارکردن لە کێڵگە خەڵوزێکاندا لە سەرانسەری ڕۆژئاوا ڕەنگی دابۆوە.

کێڵگەکانی خەڵوز لە ساڵی ١٩٤٧ لەلایەن حکومەتی پارتی کرێکاران نیشتمانی کرا، لەلایەن دەستەی نیشتمانی خەڵوزەوە (NCB) لە ژێر دەستی ئیان ماکگریگۆر لە ساڵی ١٩٨٤ بەڕێوەدەبرا. وەک لە زۆربەی ئەوروپادا، پیشەسازییەکە بە شێوەیەکی زۆر سپانسۆر دەکرا. لە ساڵانی ١٩٨٢-١٩٨٣، زیانەکانی کارکردن بۆ هەر تۆنێک  ٣،٠٥ پاوەند بوو، و نرخی بازاڕی نێودەوڵەتی بۆ خەڵوز نزیکەی ٢٥% هەرزانتر بوو.

دەستەی نیشتمانی خەڵوز (NCB) لە ٦ی ئازاری ١٩٨٤ ڕایگەیاند بەنیازن توانای نیشتمانی بە بڕی ٤ ملیۆن تۆن کەم بکەنەوە و ٢٠ کێڵگە دابخەن و ٢٠ هەزار کرێکاریش بێکاربکەن. بڕیاریشیان دابوو لە نزیکترین کاتدا کێڵگەی دوو ناوچەی تری گرنگ دابخرێت. لە ١٢ی ئازاری ١٩٨٤، بەڕێز ئارثەر سکارگیل، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکان (NUM) مانگرتنێکی نیشتمانی لە دژی داخستنی کێڵگە خەلوزێکانی ڕاگەیاند. کاتی ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە یەکێتی نیشتمانی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکان ١٧٠ هەزار کرێکار ئەندامی هەبوو. بڕیاری مانگرتن لە ڕووی تەکنیکییەوە نایاسایی بوو، چونکە هیچ دەنگدانێکی نیشتمانی ئەندامانی سەندیکاکەی لەسەر نەبووە، هەرچەندە بۆ نموونە کێڵگە خەڵوزێکانی نۆتینگامشایر و میدلەندز داوای دەنگدانی نیشتمانیان کردبوو. کرێکارانی کێڵگەکانی یۆرکشایر و کێنت یەکەم بەش بوون مانیان گرت و دواتر کرێکارانی کێڵگەی خەڵوزی سکۆتلەندا و باشووری وێڵز و دورهام مانیان گرت. بەریتانیا داخڵی شەڕێکی گەورە و سەختی چینایەتی بوو، لەلایەک حکومەت و پۆلیس و میدیا و لەلاکەی تریش کرێکارانی یەکێتی نیشتمانی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزیەکان بەشداربوون.

لەگەڵ پەرەسەندنی مانگرتن و فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان و پشتگیریان لەلایەن خەڵکەوە چەندین ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژ لە نێوان کرێکارانی مانگرتوو دژی پۆلیس ڕوویدا. لە میانەی مانگرتنەکەدا کۆبوونەوەی جەماوەری و ڕێپێوانی گەورە بەڕێوە دەچوو وەک بۆ نموونە لە مانسفیڵد لە مانگی ئایاری ١٩٨٤دا، کاتێک کرێکارانی هێڵی ئاسن و دەریا (RMT) بە کرێکارانی مانگرتوو لەگەڵ خێزانەکانیان پەیوەست بوون. ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەرەکی لە کێڵگە خەڵوزێکانی ئۆرگریف لە ناوچەی یۆرکشایەر ڕوویدا. شەڕی ئۆرگریڤ پێکدادانێکی توندوتیژ بوو لە ١٨ی حوزەیرانی ١٩٨٤ لە نێوان ١٠ هەزار کرێکاری مانگرتوو دژی پۆلیسی باشووری یۆرکشایەر (SYP) و هێزی دیکەی پۆلیس، لەنێویاندا پۆلیسی پایتەخت، کۆمپانیای سیکیوریتی پۆڵا بەریتانی (BSC) لە ئۆرگریڤ، لە ڕۆتەرهام، باشووری یۆرکشایر هێنرابوون.

ژنان سەرچاوەیەکی گرنگی پشتگیری بوون بۆ کرێکارانی مانگرتوو. ژنان گروپیان دامەزراند و چێشتخانەیان ڕێکخست بۆ دروستکردنی خواردنی گەرم. هەروەها ژنان چالاکانە پەیوەست دەبوون بە هێڵەکانی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوە و شەڕکردن، بەشدارییان لە ڕووبەڕووبوونەوەکان لەگەڵ پۆلیسدا دەکرد و لە کۆبوونەوە سیاسییەکاندا قسەیان دەکرد و بە وڵاتدا دەگەڕان. لەسەر ئاستی نیشتمانی، ژنان کۆنفرانسی ‘ژنان دژی داخستنی کێڵگە خەلوزێکان’یان ڕێکخست و لە ١١ی ئابی ١٩٨٤، داواکارییەکیان ڕادەستی شاژنی بەریتانیا کرد. هەروەها مانگرتنەکە پشتگیری نێودەوڵەتیشی بەدەستهێنابوو. بارهەڵگرەکان دیاری کریسمسیان بۆ منداڵانی مانگرتوو لە ئەڵمانیا و بەلجیکا و فەرەنساوە ئەهێنا و هەندێک لە منداڵانیش داوەتی دەرەوەی وڵات کرابوون بۆ بەسەربردنی پشووەکانی جەژنی کریسمس لە ئەوروپا.

سەرەڕای پشتگیری نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، مانگرتنەکە لە کۆتایی ١٩٨٥ بەرەو لاوازبوون و هەڵوەشاندنەوە دەچوو، چونکە کرێکاران ڕووبەڕووی ژیانێکی سەختی دارایی بووبونەوە، ژمارەیەکیان گەڕانەوە سەر کارەکانیان. کرێکاران دوو کەرت بوون و NUM نەیتوانیبوو پشتگیری لە سەندیکا پیشەسازییە سەرەکییەکانی دیکە بەدەستبهێنێت و لقی نۆتینگهامشایر هەڕەشەی پێکهێنانی سەندیکایەکی جیاکەرەوەی جیاوازی دەکرد (کە دواتر کردیان، یەکێتی کرێکارانی دیموکراتیکی کێڵگە خەڵوزێکانیان پێکهێنا). لە ئەنجامدا لە ٣ی ئازاری ١٩٨٥، ساڵێک دوای ڕاگەیاندنی مانگرتنەکە،  NUM بە ٩٨-٩١ دەنگی بە گەڕانەوەی ڕێکخراو بۆسەر کاردا. کرێکاران گەڕانەوە سەر کارەکانیان. تاتشر سەرکەوتنێکی گەورەی مێژوویی بەدەستهێنا.

دەرئەنجام

مانگرتنی ١٩٨٤-٨٥ یەکێک بوو لە سەخترین و پڕ ئازارترین ململانێی نێوان چینی کرێکارانی بەریتانیا بەرانبەر بە دەسەڵات و خاوەن کێڵگە خەڵوزیەکان. تا ئێستاش وڵاتی بەریتانیا مانگرتن و کێشمەکێشی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەبینیوە. مانگرتنەکە ساڵێکی خایاند، زۆر سەخت و توندوتیژ بوو.

دیارە حکومەتی تاتشەر خۆی بۆ ئەم شەڕە ئامادەکردبوو وە چەندین دەزگای زەبەلاحی وەکو پۆلیس و میدیا و حکومەتی بەدەستەوە بوو. کاتێک ڕایانگەیاند هەندێ کێڵگەی خەڵوز دادەخەن شەڕی دژی سەندیکای کرێکارانی کێڵگە خەڵوزێکان ڕاگەیاند. سەندیکای کێڵگە خەڵوزێکان لەوەو پێش (١٩٧٤) حکومەتی موحافزینی ئێدوارد هیثی ڕوخاندبوو بەڵام ئەمجارە تاتشەر نیازی نەبوو نە پاشەكشە بکات و نە دەستیش لەکاربکشێنێتەوە. تاتشەر پێش ئەوەی ڕووبەڕووی کرێکارانی کێڵگە خەڵوزەکان ببێتەوە ویستی یەکڕیزی چینی کرێکاری بەریتانیای بشکێنێ.  پێش ئەوەی مانگرتن ڕابگەێنرێت، حکومەتی موحافزین دوو یاسای تێپەڕاند یەکێکیان مانگرتن ئەبوایە بە زۆرینەی دەنگی سەندیکا ئەنجام بدرێ نەک بە بڕیاری سەرۆکی نیقابە و دووەمیش کاتێک سەندیکایەیەک مانگرتن ڕائەگەێنی، سەندیکای تر نەتوانێ مانگرتن بۆ پشتیوانی سەندیکای مانگرتوو ڕابگەێنن.

 ئەو شکستە مێژووییە، پەیوەندی کرێکار و دەسەڵاتیشی گۆڕی. لە ساڵی ١٩٨٤ بەریتانیا ٢٧ ملیۆن ڕۆژ کارکردنی بەهۆی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاران و فەرمانبەرانەوە، لەدەستئەدا. بەرزترین ڕێژە بووە لە ئەوروپا. تا ساڵی ٢٠١٧ ئەم ژمارەیە بۆ ٢٧٦ هەزار ڕۆژ دابەزی، کە دەکاتە نزیکەی ١%ی ژمارەی ڕۆژی کارکردن، ئەمەش بەریتانیای خستە ڕیزی نزمترین وڵاتەکانەوە. زیانێکی زۆری بە شکۆ و مۆڕاڵی سەندیکاکان گەیاند. حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی بەریتانیا لەسەر هەڵوێستی تاتشەر بەرانبەر کرێکارانی سەندیکا جۆراجۆرەکان ڕۆشتن. دەسەڵات بەشێوەیەکی بەرنامە بۆداڕێژراو سەندیکا و نیقابە کرێکارییەکانیان لاوازتر کران. لە ئەنجامدا ژمارەی ئەندامانی یەکێتی کۆنگرەی کرێکارانی بەریتانیا ((TUC لە کۆتایی ساڵەکانی ١٩٧٠ گەیشتبوە ١٢ ملیۆن، بەڵام ئێستا ٥ ملیۆن و نیو ئەندامی هەیە.

سەرچاوەکان:

 

Office for National Statistics

The share of union members (usafacts.org)

UK_miners84_strike

www.unionhistory.info/timeline/1960_2000.php

Leave A Reply

Your email address will not be published.