نەخێر بۆ ریفراندۆم هەمان رەوایی بەڵێی هەبوو بۆ ریفراندۆم…
نەخێر بۆ ریفراندۆم هەمان رەوایی بەڵێی هەبوو بۆ ریفراندۆم…
شوان عەزیز
ئەم شێوە حوکمدانە ڕەنگە مایەی شۆک بێت بۆ هەندێک لە خەڵکی کوردوستان، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە بەدوای ئەو لایەنە سیاسیانەوەن کە بە گەرمی بەڵێ یان بڕیاریاندا، و بەتایبەتی تر بە لای ئەوانەوە زیاتر مایەی شۆکە کە لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردوستانن.
ئینکاری ئەوە ناکرێت کە هەر تاکێکی کورد زۆر دەمێکە عەوداڵی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆیە. ئەم تامەزرۆییەی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی ئەنجامی خراپی مامەڵەی سیستەمی سیاسی گەلی سەردەست بووە لە بەرامبەر خەڵکی کوردستاندا. بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە دژی خەڵی کوردوستان، پرۆسەی بە ئەنفال کردنی خەڵکی کورد، ڕاماڵینی شارو گوندی کورد و بە تەعریب و تەبعیس کردن؛ وسەپاندنی بارودۆخێکی نا دیموکڕاتی و نائینسانی و رەگەزپەرستانە بە سەر خەڵکی کوردوستان دا. مامەڵە لەگەڵ خەڵکی کوردوستان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە لە بەر کوردبوونیان و چەندین هۆی دیکتاتۆریانەی تریش بەشێکی زۆری خەڵکی کوردوستانی گەیاندە ئەو بڕوایەی کە ئیتر حوکمی خۆیی کوردی پێویستیەکی حەتمی و کوردانەیە ودەبێت بێتە دی. تەنانەت هەندێک لە خەڵكی کوردوستان هەمیشە وتەکەی نوسەری تورک ئیسماعیل بێشکچیان دووبارە دەکردەوە کە خەراپترین حوکمڕانی خۆیی کوردی باشترە لەوەی کە بێگانە حوکمت بکات. ئەم عەقڵیەتە وای لە حوکمڕانی و دەسەڵاتی کوردی کردووە کە بە ئارەزووی خۆیان حوکم بکەن، وە گوێ نەدەن بە ئەوپەڕی گەندەڵی سیاسی و ئیداری. چونکە حوکم ڕانی خۆمانەو بێگانە حوکممان ناکات.هەر چۆنێکی بێت باشترە لە بەعس، بەکورتیەکەی ئیستغلالکردنی ئەو تەوەهمە ناسیۆنالستیەی خەڵک، دەسەڵاتدارانی کورد لەسەری بەدەسەڵات وهێزی خۆیان گەیشتوون.
بەڵام لە لایەکی ترەوە خەڵکی کوردوستان هەلی ئەوەی بۆ هاتە کایەوە کە لە دوای پرۆسەی ڕزگارکردنی عێڕاقەوە حوکمی خۆیی کوردی ببینێ و مومارەسەی بکات. گومانی تێدا نیە کە لە دوای ڕاپەڕینەوە کوردستان دەسەڵاتی کوردی خۆیی هەیە، و بە تایبەتیش لە دوای نەمانی سەدام وە. ئیتر لە کوردوستان دا حکومەتێک هەیە بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم حکومەتە بە ناوی حکومەتی کوردی و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، و بە ناوی خەڵکی کوردوستانەوە لە سەرەتای نەوەتەکانەوە حوکمڕانی کوردستان دەکات. ئەم حکومەتی کوردستانە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پارتی و یەکێەتی، و بە بەشداری زوربەی لایەن و حیزبە سیاسیەکانی کوردستانەوە بۆ چەندین دەیە دەبێت حوکمی کوردستان دەکات. خەڵکی کوردستان لە ژێر دەسەڵاتی ئەو حکومەتە کوردیەی خۆیاندا خاوەنی پەڕلەمانی خۆیان بوون و چەندین جاریش بەشداری دەنگدانیان کردووە بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرانی خۆیان بۆ ناو پەڕلەمان.
ڕەخسانی ئەم هەلە بۆ خەڵکی کوردستان کە مومارەسەی حوکمی کوردی خۆیی بکات، زۆر شتی لە سەر ئەرزی واقیع بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا کرد. لەماوەی دووروودرێژی حوکمڕانی دەسەڵاتی خۆیی کوردیدا ئەم دەسەڵاتە خۆییە کوردیە نموونەیەکی حوکمڕانی وای نیشانی خەڵکی کوردستان دا کە ئیتر زۆرێک لە خەڵکی کوردستانی بە سەدوهەشتا پلە پێچەوانە کردەوە، و پەشیمان بوونەوە لەوەی کردیان لە پێناوی پێکهێنانی ئەو حکومەتە خۆییە کوردیەدا. دەمو چاوی ئەو حکومەتە، و کاربەدەستانی سەرەوەی ئەم دەسەڵاتە کوردیە بەجۆرێک ناشیرین بوون لای خەڵک کە بە ئاشکرا لە خۆپیشاندانەکاندا(١٧ی شوبات و ساڵی پاری مامۆستا و فەرمانبەران) هاواریان دەکردو هیوایان دەخواست بۆ گەڕانەوەی دەسەڵاتی سەرکوتگەری پێشووتر. ئەمە بە ڕاستی شۆک بوو.
ئا لێرەوەیە کە من پێم وایە :
ئەوانەی کە بە بەڵێ دەنگیان داوە بەو ڕیفراندۆمە، دیارە بۆ سەربەخۆیی کوردستان، چەندە ئەوانە دڵسۆزن بۆ کوردستان و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەوانەی تریش کە بە نەخێر دەنگیان داوە حەتمەن ئەوەندە دڵسۆزن بۆ مەسەلە نیشتیمانی و نەتەوەییەکەی. بە واتایەکی تر چەندە ئەوانەی کە بەڵێیان نیشان داوە خائینن بە کوردو مەسەلەکەی ئەوانەی تریش کە بە نەخێر هەڵوێستیان هەبووە هەر ئەوەندە خائینن. واتە لەو نێوەداو لە نێو ئەو پرۆسەیە میژووییەدا هەردووکیان هاوتاو یەکسانن وە یەک ئامانجیان هەبووە.
بەرەی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، بەڵێی لێ نەداوە بۆ هیچ حیزب و سەرکردە و بەرپرسێکی حیزبی یا بنەماڵەیی. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا ئەو بەڵێیە، بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بووە. بەڵێ بووە بۆ ڕزگاربوون لە دەستی حوکمڕانی دژەئینسانی ڕەگەزپەرستی چەندین سەدەیی بێگانە. بەڵێ بووە بۆ دووبارە نەبوونەوەی کارەساتە دڵتەزێنە نا ئیسانیە مێژووییەکان کە لە دژی خەڵکی کوردوستان ئەنجام دراوە. هیچ کەسێک بەڵێی بۆ هیچ بەرپرس و سەرکردەیەک لێ نەداوە. بەڵێ بووە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی کوردستان یەکجارەکی کە ئیعتیڕافی نێو دەوڵەتی لەسەر بێت.
نەخێری بەرەی نەخێریش لە دژی دەوڵەتی سەربەخۆیی نەبووە، بەڵکو نەخێر بووە بۆ دەسەڵاتێکی کوردی خۆیی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای نەوەتەکان و بەردەوام بوونی تاکو ئێستای. مێژووی ئەو دەسەڵاتە کوردیە و کارنامەی چەندین دەیەی حوکمڕانی بەسەر خەڵکی کوردستانەوە، و هیچ لەباراندا نەبوونی وای لە خەڵکی کرد کە ڕەتی بکاتەوە ئەم حکومەتەی نەوێت.
حکومەتی کوردستان لە ماوەی زیاتر لە بیست و شەش ساڵی حوکمڕانی بە داهاتێکی یەکجار زۆرەوە نەیتوانیبێت سادەترین خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی ئامادە بکات هەقی ئەوەیە باروبنگنەی بپێجێتەوە. حکومەتێک ئەم هەموو گەندەڵیە ئیداریەی تێدابووەو ئێستاش بەردەوامە ( دیارە بە قسەی خۆیان و ئەو بەڵگانەی خۆیان لە دژی یەکتر نیشانی دەدەن) و نەوت دەفرۆشێت و پارەی موچەخۆرانیشی نیەو باس لە ئازادی دەکاو هەر ڕۆژەش ڕۆژنامەنوسێک تیرۆردەکرێت و تاوانبارانیش ئاشکراو بە نوێژی نیوەڕۆ دێن و دەچن. ئەم حکومەتە ئیتر خەڵک نایەوێت. بۆیە نەخێر بۆ دەوڵەتی سەربەخۆیی نەبووە، بەڵکو نەخێر بووە بەو سیستەمە زاڵمە و مشەخۆرە .
ڕیفراندۆم بە واتای دەنگدانی خەڵک لەسەر مەسەلەیەک کە خۆی دەیەوێت. هەموو هەڵبژاردنەکان لە سەرەتای نەوەتەکانەوە تاکو ئەوەی دوایی، خەڵک چووە سەر سندووقی دەنگدان و خۆیان نوێنەرو کەسی خۆیان دیاری کرد، بەڵام لەم هەموو هەڵبژاردنانەدا بۆ یەک جاریش گوێ لە دەنگی خەڵک نەگیراو لە پشتی خەڵکەوە لە ژووری مەکتەب سیاسیەکاندا کورسیەکان دابەش دەکران. کەواتە ئەمەش خاڵێکی ترە کە خەڵک گەییشتۆتە ئەو بڕوایەیەی کە بڵێ نەخێر بۆ دەنگدان لەسەر هەر مەسەلەیەک، چونکە گوێیان لێ ناگیرێت. بۆنموونە لە ساڵی ٢٠٠٥ دا ڕیفراندۆمیکی نا فەرمی کراو نزیکەی ٩٨٪ ی خەڵک دەنگی بە جیابوونەوە دا بەڵام دەنگەکانیان لە بەغدا ساتو سەودایان پێوە کراو، پۆستیان پێ وەرگیران. بۆیە خەڵک هەقی خۆیەتی بڵێ نەخێر بۆ پرۆسەی دەنگدانی ئێوەو نەخێر بۆ دەسەڵاتی ئێوە.
کەواتە : نەخێری خەڵک بۆ ئێوەی دەسەڵاتدار بووە نەک نەخێر بووبێت بۆ جیابوونە، و دەوڵەتی سەربەخۆ. بەڵێیە کەی بەرەی بەڵێش حەتمەن بەڵێ نەبووە بۆ دەسەڵاتی ئێوە و مانەوەی ئێوە بەم شێوەیە، بەڵکوو بەڵێ بووە بۆ دەرباز بوون لەو کێشە گەورەیەی کە ناوی کێشەی نەتەوایەتی کوردیە لە گەڵ دەسەڵاتدارانی حکومەتی ناوەندا، کە چەندین سەدەیە وجودی هەیە. بە ڵێ بووە بۆ جیابوونە و سەربەخۆیی تاکو ئەو مەسەلەیە هیچیتر لەلایەن دەسەڵاتەوە مامەڵەو سازشی پێوە نەکرێت بۆ بەرژەوەندی تایبەت و حیزبی و کەسی، خێزانی، قەبیلەیی و حیزبایەتی…