دەسەڵات سەرچاوەی تاوانە دڵتەزێنەکانە …. نووسینی: بنار مستەفا
دەسەڵات سەرچاوەی تاوانە دڵتەزێنەکانە
نووسینی: بنار مستەفا
کەم رۆژ هەیە، هەواڵی تەکاندەر و دڵهەژێن، نەبنە سەردێری میدیا و ماس میدیا و تۆرەکۆمەڵایەتیەکان. کوشتن و سوتاندن و خنکاندنی ژن، دۆزینەوەی تەرمێکی نەناسراو، مناڵێکی سەربڕدراو، ڕفاندنی هاوڵاتیەک، تەقەکردن لە هاوڵاتیان، شەڕی نیوان دوو بنەماڵە، پێکدادانی هێزە ئەمنیەکان لەگەڵ یەکتری، هێرشی پاسەوانەکانی فڵانە بەرپرس بۆسەر هیزە ئەمنیەکان لەسەر کچە نازدارە سەرپێچیکەرەکەی، کوشتنی هاوڵاتیەک لەلایەن کوڕە مەسئولێک، نارجۆک خستنە ناو ماڵی ماڵیک، بێ سەرو شوێنکردنی نووسەر و رۆژنامەنووسێک و چالاکوانێک… سەرخەتی هەواڵی ڕۆژانەیی ژێر سایەی دەسەڵاتی هەرێمن.
بەم دوایانەش کوشتاری چەند کەس لە خێزانێک بە منداڵەوە لە چەمچەماڵ لەپاڵ زنجیرەیەک تاوانی لێکدانەبڕاو، جارێکی تر ناخی خەڵکی هەژاند و نیگەرانی قووڵی خستە نێو کۆڕ و کۆمەڵەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تەنیەوە. نەفرەت و بێزاری زۆر لە ڕووداوەکان و بێ دەربەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لایەک و هاوسۆزی بۆ قوربانیان و کەسوکاریان لە لایەکی تر، دیاردەیەکی لێکچووی ئەمڕۆی بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بوو. ئەمانە بە دروست چەندین پرسیاری جۆراوجۆر دێنە ئاراوە، لە پەیوەند بە نادڵنیایی لە سەلامەتی و ئارامی دانیشتوان و ئایندەی کۆمەڵگە. لە پەیوەند بە تاوان و زیادبوونی لە کوردستان پێویستە ئاماژە بە چەند خاڵێک بدەین.
پێش هەر شتێک کۆمەڵگەی سەرمایەداری بەهۆی هەڵاواردن و جیاکاری و هەژاری و بوونی چینی جیاواز، لە خۆیدا تاوانیش بەرهەم دێنێت. کوردستانیش وەک هەر کۆمەڵگەیەکی تری چینایەتی بێ بەش نەبووە لە بوونی ئەم دیاردەیە. بەڵام لە کوردستان ڕێژەی تاوان هەڵدەکشێت و هەوڵێک یان ئاماژەیک بەدی ناکرێت، کە ئومێدی پێ ببەسترێت تا بەر بە زیادبوونی ڕێژەی تاوان بگرێت.
بزووتنەوەی کوردایەتی بە دەسەڵات و حزبەکانیەوە بێ ئەندازە کۆنەپەرست و دواکەوتوون. ئەم خەسڵەتە هەر لە سەرەتای مێژوویانەوە دەبینرێت و کارەساتی گەورەیان خوڵقاندووە. لە جیهانبینی ئەم بزووتنەوەیەدا نەک تەنها زۆر بابەت پێش بەها مرۆییەکان دەکەون، بەڵکو ئامادەن مرۆڤی لە پێناودا بکەنە قوربانی، وەک خاک، نیشتیمان و نەتەوە، سەرکردە و رەمزە دینیەکان… دەیان هەندێ چەمکی تر. هەروەها دەستبردن بۆ تاوان تا ئاستی لێسەندنەوەی ژیان، لای ئەم بزووتنەوەیە ئاسایی بووە و ئامادەبوون دەستی بۆ بەرن. بەشێک لە دروشمەکانی ئەم بزووتنەوەیە هەر لەم چوارچیوەیەدا خۆی دەبینێتەوە، کە بۆنمونە داوا دەکات مرۆڤ خۆی بکاتە قوربانی یان ژیانی بە لاوە بایەخدار نەبێت. ئەم فەرهەنگەی دەسەڵات کاریگەری بەسەر کۆمەڵگەوە هەبووە و بە داخەوە لە ئاستێکی فراواندا تاوانی کوشتار زیاتر وەک هەواڵێکی سامناک چاوی لێ دەکرێت تا تاوانێک.
ئەم دەسەڵاتە خۆشی لە ماوەی سی ساڵی ڕابردووی تەمەنیدا بەردەوام تاوانی لە بەرانبەر خەڵکیدا ئەنجامداوە. کوشتاری نەیارانی سیاسی، ڕۆژنامەنووسان و بەندکردنی چالاکوانان، خوڵقاندنی نائارامی لە شوێنی ژیانی دانیشتوان، کپکردنی دەنگی ناڕازی و سەرکوتکردنیان، بە تاڵان بردنی سەروەت و سامانی کۆمەڵگە، بە هەژارکردنی خەڵکی، بێ مافکردنی مندالان، داڕمانی خزمەتگوزارییەکان و لیستێکی تری درێژ لە تاوانی جۆراوجۆر، کە ڕاستەوخۆ لە لایەن ئەم دەسەڵاتەوە بەرانبەر بە خەڵکی ئەنجام دەدرێت.
کاتێک دەسەڵات بەچەندین شێوە تاوان ئەنجام دەدات، خۆبەخۆ دەبێتە بەشێک لە فەرهەنگی کۆمەڵگە. دەسەلاتێک بێ سڵەمینەوە دەست بەرێت بۆ کوشت و کوشتار و تەنانەت ناکۆکی نێوان خۆشیان بە دەستبردن بۆ چەک یەکلایی بکەنەوە، مەحاڵ نابێت گەر ئەم دیاردەیە بگوازرێتەوە بۆ نێو بەشێکی کۆمەڵگە. بە تایبەتش کاتێک دەردەکەوێت، کە بەشێک لە ئەنجامدەرانی تاوانەکان لینکێکیان بە بەرپرسێکی دەستڕۆشتووی حزبی دەسەڵاتدار هەیە.
لە لایەکی ترەوە ئێستا حکومەت لە کوردستان لە قەیرانێکی هێندە قووڵ و فراواندایە، کە تەواو کارامەیی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای لە دەستداوە. حکومەت لە گێژاوێکدا چەقی بەستووە، کە دەزگا و دامەزراوەکان هیچ جێگەوڕێگەیەکیان نەماوە و تەنانەت کەلێن کەوتۆتە نێو ڕیزەکانی دەسەڵات خۆشییەوە. هەر لە ئەنجامی ئەم دۆخە سیاسیەدا هەژاری و نەداری و بێکاری زیادی کردووە و ئەم دەسەڵاتە هیچ نیازێکی نییە وەڵام بە خواستی خەڵکی بداتەوە و ڕاستەوخۆ لە بەرانبەریان ڕاوەستاوە. خەڵکیش هیچ متمانەیەکی بە حکومەت و دامودەزگاکانی نەماوە، بۆیە ڕاوەستان لە بەرانبەر یەکتر لە نێو خەڵکیدا زیاتر دەبینین. تەواوی ئەم دۆخە سیاسی و کۆمەڵایەتیە ڕێخۆشکەرە بۆ زیادبوونی ڕێژەی تاوان.
هەر لە سایەی دەسەڵاتی کوردایەتیدا چەندین کردە و دیاردە، کە تەنانەت لە زۆرێک لە ولاتانی تری سەرمایەداریشدا بە تاوان هەژمار دەکرێن، لە کوردستاندا بوونەتە دیاردەی ئاسایی، وەک: هەڵاواردن و جیاکاری ڕەگەزی و نەتەوەیی، بێ ڕێزیکردن بە بەها مرۆیەکان، دەستدرێژی بۆ سەر مافە فەردی و مەدەنییەکان، دەستێوەردان لە ژیان و گوزەران و کاروباری خەڵکی، کارکردن بە منداڵان، پیادەکردنی یاسا کۆنەپەرستەکان لە چەشنی فرەژنی، دانانی مەرجی توند و بێ بنەما لە گرێبەستی کاردا، دامەزراندن بە تەزکیەی حزبی، بەکارهێنانی منداڵان لە جیهانی دەرەوەی منداڵان و هتد. کاتێک کۆمەڵگە نوقمی ئەم جۆرە دیاردانە دەبێت و دەسەڵات بە یاساش تاوانی جۆراوجۆر تۆمار دەکات، دەرگا لەسەر ئەنجامدانی تاوان لە کۆمەڵگەدا ناگرێت. بەجیا لەوانە بە پێی لێدوانی خودی دەسەڵات لە کوردستاندا، لە نزیک بە هەشت هەزار داواکراوی تۆمەتبار، تەنها ٤٠٠ کەسیان، دەستی لێپرسینەوەی پێ گەیشتووە، دیارە ئەمەش ئەوانەن کە پشت و پەنایان نەبووە. ئەمە نیشان دەدات کە دادگا و لیپرسینەوەی ئاسایی لە ئاستی نەبووندیدایە… هەروەها لە ٣٠ ساڵەی تەمەنی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردا، بکوژی یەک رۆژنامەنووس و دۆسیەی سیاسی دەستگیر نەکراوە، بکوژی دەیان هەزار ژن، کە گۆرسانی بێناونیشانیان بۆ دروستکراوە، ئازادن.
لە هەر گۆشەیەکەوە تەماشای هۆکارەکانی خوڵقاندنی تاوان و بەرزبوونەوەی ڕێژەکانیان بکەین، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتێک، کە نوێنەرایەتی بزووتنەوەی کوردایەتی دەکات. بزوتنەوەیەک کە پشتی بە یاساکانی بەعس و سەرچاوەگرتوو لە شەرع و دین بەستووە. بزوتنەوەیەک کە بەئاشکرا باوەشینی کۆنەپەرستی دینی دەکات و فەرشی سور بۆ گروپە ئیسلامیەکان دادەخات. ئەم دەسەڵاتە بەهەموو پێوانەیەک و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا نیشانی داوە، کە لەوە باشتر و زیاتری لێ هەڵناکڕێت و گرفتێکی لەگەڵ دۆخی ئێستادا نییە. لە باشترین حاڵەتدا لە ڕێگەی سیناریۆیەکەوە دەیانەوێت بڵێن، کە ئەنجامدەری تاوانێک بە سزا دەگەیەنین. ئەم نمایشەش لە کوردستان بینەری نەماوە. بۆیە کۆتاییهێنان بە تاوان بەندە بە کۆتایی ئەم دەسەڵاتە.
٨ ی ئایاری ٢٠٢٢