سەرگەردانی سیاسی یان تێکۆشانی چینایەتی  نووسینی: عەبدالرحمن رەسوڵ

0

سەرگەردانی سیاسی یان تێکۆشانی چینایەتی

نووسینی: عەبدالرحمن رەسوڵ

ئەم جارەیان لەهەبوونی چەند  هەواڵێکەوە دەچینە ناو باسکردنی بابەتەکەمان, کرێکارێکی پاککەرەوەی لەبەردەم کامیرەی تەلەفیزیۆنەکاندا فرمێسک بەچاویدا دێتەخوارێ و دەڵێت پارەی کڕینی ژەمێک گۆشتم نییە, دواتر لەکەناڵێکی تر کرێکارێکی تر دەڵێت بەهۆی پێ نەدانی هەقدەستی مانگانەوە،  سێ مانگە پارەی کرێ خانووم نەداوە و خاوەن خانووێکە پێی گوتم پارەی کرێی خانووم پێبدە یان بڕۆ دەرەوە لەخانووەکەم، دواتر لەکەناڵێکی تر دەبیندرێت زڕدایکێک مناڵێکی سەربڕیووە دواتر باسی هەواڵی دواتر دەکات کە ژنێک کوژراوە، لەکەناڵێکی تر باسی مردنی دیسان خانەنیشن دەکات لەکاتی وەرگرتنی موچەکەی دا بەهۆی زۆری خەڵکو خراپی لەکارگێڕی دابەشکاری دا.

لەکاناڵێکی تر  ژنێکی تەمەن ٩٤ ساڵی ئۆکراینی لە دراوسێکەی دەپرسێت: جەنگ کۆتایی هاتووە کاتێک پێی دەڵێن کۆتایی نەهاتووە، دەست بە گریان دەکات لەبەرئەوەی ئەو پێی وایە جەنگ کۆتایی هاتووە، چیتر خەڵک ئاوارە و ناکوژرێت.

ئەو ژنە دوای ماوەیەک لە دیارنەمانی لەو شوێنەی خۆی حەشاردابوو چووەتە دەرەوە و دراوسێکەشی ئەو خواردنەی پێدەدات کە پێی دراوە، هەرچەندە ژنە تەمەن ٩٤ساڵەکە خواردنەکە رەتدەکاتەوە، بەڵام دراوسێکەی سوورە لەسەر پێدانی خواردنەکە خواردنەکەی پێدەدات ئەم هەواڵە زۆریک لەتەلەفیزیۆن و ڕادیۆ وڕۆژنامەکاندا بڵاوکرایەوە. لەوڵاتی ئۆکرانیا لەدوایی دامەزراندنی دەوڵەت و سەربەخۆی بەدەستهێنانی خەڵکی ئۆکرانیا گوێ بیستی ئەم جۆرە هەواڵانە و چەندین هەواڵی ناخوش وناخ هەژێنی وەک بەکۆمەڵ کوشتن و وێرانکردنی باخچە و قوتابخانە و خانوو پرد و ڕێگاکان و شوێنە گشتییەکان لەجیاتی بەردەوامی دانی خوێندن، بەڵام مامۆستایان وقوتابیان ئاوارەدەبن و نەخوشی بەساڵاچوو و نەخۆشی نەخۆشخانەکان بەناچاری ئاوارەدەبن.

لەکوردستانیش گوێ بیستی هەواڵی زۆر ناخ هەژێنی وەک گیان لەدەستدانی خانەنشینان لەکاتی وەرگرتنی موچەی خانەنیشیان دەبین کە پاش لێبڕین و دواکەوتن ئەو مرۆڤە بەساڵاچاوانە لە کاتی وەرگرتنی موچەکانیان بەهۆی زۆری خەڵک و دواکەوتنی موچە و خراپی دەستەی گارگێڕی دابەشکاری موچەوە گیان لەدەست دەدەن، لەوەش پڕتراژیدی تر ئەوەیە دەسەڵاتی ملهوڕی چەوسێنەر زۆر بێبکانە لەجیاتی چارەسەر بۆئەوەی لەکاتی خۆیدا و باشتر موچەکانیان پێبدات، دەچێتە ئوتۆمبیلی فیریاکەوتن و ئیسعاف ڕەوانەی شوێنی دابەشکردنی موچەی خانەنشینی دەکات، لەمەش وێرانتر ئەوەیە خەڵک بەگشتی و ڕاگەیاندنەکانی کوردستان بەتایبەتی تەنها وەک گوێ بیستی هەواڵێکی ڕۆژانە سەیری ئەم ڕووداوە مەرگە ساته دەکەن، لەوەش کارەسات تر ئەوەیە شەقامەکان بێ دەنگن لەئاست ئەم هەواڵە پڕ مەرگەساتانە و خەم هێنەرەدا.

ئەم جۆرە ڕووداوانە تەنها دەبنە گەرمە هەواڵی ڕاگەیاندنەکان بۆ ڕاکێشانی بینەری زیاتریان، نەک هاندانی خەڵک بۆ بەگژداچوونەوەی تاوان و هۆکاری خوڵقێنەری ئەم جۆرە تاوانانە.
لەڕاگەیاندنەکانی کوردستانەوە ئەم هەواڵە و ڕووداوانە زۆر ئاسایی تێدەپەڕێت بەبێ جوڵەی شۆڕشگێڕی سەرشەقامەکان.

هەروەک درێژەدانی بەهەواڵەکانی ژن کوشتن و خۆکوشتن و سووتاندن و سەربڕینەکانی تر لەگەڵ هەبوونی بەناو حیزبی ئۆپۆزیسیۆنی لیبراڵ و ئیسلامی و هەبوونی بەناو چەندین ڕێکخراو و حیزبی شیوعی و کۆمۆنیستی بەناوی جیاوازەوە ئەمە نیشانەی هەبوونی سەرگەردانی سیاسییە، چونکە سەرجەم جوڵەشۆڕگێڕە چینایەتی یە جەماوەرییەکان خامۆشن لەناو بەرژەوەندی زاڵبوونی خۆپەرستی و حیزبایەتی ئیرادەیان تێکشکاوە و زیاتریش بە بەرنامەی دەسەڵاتی چەوسێنەر ئیرادەی مرۆڤە هەژارو کرێکارەکان تێکدەشکێندرێت و هاندەدرێن کە لەسەر کەناڵە تەلەفیزیۆنەکان بگیرێن و بپاڕێنەوە دواتر بەناوی گرووپ و ڕێکخراوی خێرخوازییەوە خێریان پێبکەن لەکاتێکدا سەرجەم پارەی ڕێکخراو و گرووپە خێرخوازەکان پارەی دزراوی خەڵکە دواتر وەک خێرو سەدەقە بەخەڵک دەدرێت ئەمە دەرئەنجامی هەبوونی دەسەڵاتێکی کۆنەخوازی چەوسێنەرە کە  جۆرە ئۆپۆزیسیۆنێکی تێکشکاو و بێ هەرجوڵەیەکی شۆڕشگێڕی و بەدەر لەبەرژەوەندی چینایەتی چینی کرێکارو چەوساوەکان بەرهەم هاتووە، لەبەرئەوەی لەپاشخان و هێلکەدانی هەمان سیستەمی کۆنەخوازو چەوسێنەرەوە دەیەوێت نەشونمایی بانگەشەی ئۆپۆزیسیۆن بوونی خۆیان بکەن.

ئەوەی لەکوردستان ڕوودەدات جیاکراوە نییە لە سیستەمی زاڵمانی سەرمایەداری جیهانی، کە چۆن خەڵکی ئۆکرانی و ڕووسیا باجی هەبوونی دەسەڵاتێکی چەوسێنەرو زاڵم دەدەن لەدوایی هەبوونی چەند هەڵبژاردنی پەرلەمانی تووشی ئاوارەیی وکۆمەڵکوژی و شەڕ بوون، وێڕای هەبوونی بێکاری و هەژاری و بێخانەلانەیی ئەوا لەکوردستان و عێراق و ئێران و تورکیاش گیرۆدەی قەیران و کێشەی هەبوونی بێکاری و هەژاری برسێتی بەشی دەردیتر بوونەتەوە.

هەموو ئەمانەش کە بەرهەمی سیستەمی سەرمایەدارییە کە بەناوی  هەڵبژاردنی پەرلەمانی و دیموکراسییەوە خەڵکی گیرۆدەی ئەم شەڕوئاوارەیی و بێکاری و هەژاری وبرسێتی و ناخۆشییە کردووە لەپێناوی بەدەست هێنانی قازانجی ماددی و زالبوونی دەسەڵاتی سیاسی دا. لەلایەک دەوڵەتی ڕووسیا فاشیزمانە هێرش دەکاتەسەر ئۆکرانیا بەرەدەوامە لەم قەسابخانە جەنگی یە، لەلایەکی تریشەوە دەوڵەتانی بانگەشەکەری دیموکراسی وەک نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بێ هەڵویستن لەئاست گەشەدان بەئاشتیدا بەردەوام بەشێکبوون لەگەشەدانی شەڕ لەپێناوی بەرژەوەندی سەرمایەداریی خۆیان.

بابەتی ئێمە قسەکردن لەجەنگ وهۆکاری جەنگ نییە، بەڵکو قسەکردنە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یە کە بەهیچ جۆرێک ناتوانێت ببێتە ئەلگویەک و سەکۆیەک بۆ هێنانەدی مافەکانی چینی کرێکارو چەوساوەکانی کۆمەڵگە. کە هەرگیز ناتوانێت چارەسەری قەیران و کێشەکانی کۆمەڵگە بکات خەباتی پەرلەمانی، لەبەرئەوەی ئەو جۆرە هەڵبژاردنە لەواقیعدا بەئامانجی چارەسەرکردنی کێشەوقەیرانەکانی خەڵکی بەگشتی و… خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وهەژار نییە، بەڵکو زیاتر بە ئامانجی بۆیاخکردن و ڕوپۆشکردنی هەمان سیستەم و دەسەڵاتی خوڵقێنەری کێشە وقەیرانەکانی خەڵکە، کە گەشەدانە بە جیاوازی یە چینایەتییەکان.

بۆ زیاتر تێگەیشتن باشترە  باسی وڵاتی فەرەنسا بکەین.
ڕۆژی یەکشەممەی ٢٤-٤-٢٠٢٣  لە هەڵبژاردنی دەوری دووهەم لە فەرانسە ”ماکرۆن” بە %٥٨ دەنگەکان بە سەر  ”مارین لۆپێن” کە %٤٢ ی دەنگەکان هێنا سەرکەوت و بۆجاری دووهەم وبۆ پێنج ساڵی دیکەش بۆوە بە سەرۆک کۆماری فەرانسە.
خەڵک یان دەبوا دەنگ بدەن بە ماکرۆن، یان دەنگ بدەن بە لۆپێن و یان هەر دەنگیان نەدابا.

لە هەموو خەڵکیش ڕوون بوو کە ماکڕون کێیە چۆن پشتیوانی سەرمایەدارو بازرگان و پارەدارەکانی وڵاتی فەرەنسا دەکات کە چۆن لەساڵانی سەرۆکایەتی دا هەوڵی دەدا چەند یاسایەک لەدژی خانەنشینان و کرێکاران و خەڵکی لەئاست مام ناوەند دەربکات. بەئاشکرا هەوڵی دەدا کە تەمەنی خانەنشینکردن گۆڕانکاری تێدا بکات بۆئەوەی کرێکارو فەرمانبەران زیاتر کاربکەن دواتر خانەنشین بکرێن ئەمەش ڕاستەوخۆ لێدانە لەبەرژەوەندی کرێکاران و پشتیوانی یە لەخاوەن کۆمپانیاکان بۆئەوەی زیاتر پارە بەدەستبهێنن.

  هەروەها سەبارەت بە مارین  لۆپێن یش!  هەموو خەڵک دەزانێت
لۆپێن ڕاستوخۆ بەرگری لەگەشەدانی  رەگەزپەرستی و ناسیۆنالیستی دەکات  زۆر ڕاشکاوانە دژایەتی هەبوونی پەنابەران دەکات لەفەرەنسا، تەنیا بیر لە رەگەزی فەرەنسایی  دەکاتەوە و دژایەتی  ناتۆیە و باوەڕیشی بە ئۆرووپای یەکگرتوو نییە. پارەشی بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردنی حیزبەکەی لە بانکەکانی ڕووسیای وەرگرتووە. بەگشتی خەڵک ماکرۆنیش دەناسن کە خاوەنی کەسایەتێکی لیبراڵ – دیموکراتە،  هەر وەک دیارە پشتیوانی زیاتر لەسەرمایەدارە ملیۆنەرەکان دەکات  بەناوی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی ”فەرەنسە” وە، باوەڕی بە فەرەنسایەکی بە هێزی ئابووری هەیە لەهەمانکاتیشدا  پێشیوایە ئەوە لە ڕێگەی ئۆرووپایەکی بەهێز و یەکگرتوو و هەروەها; ناتۆیەکی بەهێز بەدی دەێت. ئەگەرچی لەژێریشەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕووسیادا درێژە پێدەدات بە ناڕاستەوخۆ.

ئەوا ئەم جارەش ماکرۆن توانی سەرکەوتوو بوو بەپشتیوانی ڕاستەوخۆی حیزبە چەپ و کۆمۆنیست و کرێکاری یەکانی فەرەنسا.
دەرئەنجام داهاتوویی فەرەنسا تووشی چەند قەیرانی نوێ تر دەبێتەوە کە بۆ ماکرۆن زۆر قورس و پڕ سەر ئێشە دەبێت. لەلایەک سەرمایەدارو ملیۆنەرەکان فشاربۆ سەر ماکرۆن دەهێنن کە ئەو بڕیارو بەڵێن وهەنگاوانەی ڕابردوو کاری لەسەرکردووە کە ئەوانیش زیادکردنی باج لەسەر چینی ناوەندو دەستکاریکردنی تەمەنی خانەنشینکردن و چەندین هەنگاوی تر،  لەلایەکی تریشەوە فشاری هێزەچەپ و حیزبە کۆمۆنیست و کرێکاری یەکان کە لەکاتی هەڵبژاردن بەڵێنیان بەخەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەدا بۆ باشترکردنی ژیانیان دواتریش بانگەوازیان کرد کە خەڵک دەنگ بدەن بە ماکرۆن،  ئەمەش بۆ فشارێکی زۆر جدی دەبێت بۆسەر حکومەتی نوێ فەرەنسا.

لەبەرئەوەی بەهەموو پێوەرەکان وتوێژینەوەکان ڕەوتی بزوتنەوەی گەشەی چینایەتی لەڕووی جەماوەری یەوە بەرەو هەڵکشان چووە، ئەگەر بێ عاقڵی و سەرگەردنی حیزبە چەپ وکۆمۆنست و کرێکارییەکانی فەرەنسا نەبایە ئەوان بەیەکەوە یەک کاندیدیان هەبایە بەیەکەوە دەنگیان بۆ میلانشۆ دابایە، بەدڵنییایی سەرکەوتوو دەبوون لەم هەڵبژاردنەدا چەپەکان دەیانتوانی حکومەتێکی بەهێز دروست بکەن و ئاراستەی داهاتوو فەرەنسا بەرەو نوێتر وباشتر لەهێنانەدی ماف وئازادییەکان وەربچەرخێنن، بەڵام بەم کەلەڕەقی و خۆپەرستییەی حیزبایەتیان ئەنجامەکان بەجۆرێکی تر دەرچوون.

هەر بۆیە داهاتووی فەرەنسا ڕوبەڕوویی  گەشەی ناڕەزایەتی جۆراو جۆرو  بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دەبێتەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی گەورەو بەهێز ئەگەری هەیە لەشارەکاندا.

دەرئەنجامی ئەم باسە:
ڕێگای ڕزگاری کۆمەڵگە هیچ پەیوەندی نییە بە تێکۆشانی پەرلەمانی، ئەبینین لەکوردستان و عێراق و ئێران وتورکیا و فەرەنسا و ئۆکرانیا و وڵاتانی تر دوایی چەندین هەڵبژاردنی پەرلەمانی، بەڵام کۆمەڵگە بەردەوام دەرگیرە بە گەشەدانی قەیران و کێشەکانی بێکاری و ئاوارەیی و شەڕو هەژاری وبرسێتی زیاتر و زۆرتری بەردەوام. کاتێکیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دەدرێت زیاتر بۆ ڕوپۆشکردنی هەمان سیستەم ودەسەڵاتی کۆنەخوازو چەوسێنەرە کە زیاتر جیاوازی چینایەتی و هەژاری وبێکاری و دزی و گەندەڵی بەرهەم دەهێنێتەوە. کەوایە ڕێگای دروستی ئینسانی ئەوەیە دوور بکەوینەوە لەخەبات و تێکوشانی کلاسیکی و محافیزکاری و حیزب پەرستی، چونکە دیسان کۆمەڵگە ڕاپیچی ململانێی گۆشەگیری و جوڵە تێکشکێنەری ئیرادەی ئینسانی دەکات. دەرئەنجامی ئەم جۆرە تێکۆشانەیە نووسینگە و بارەگا حیزبی یە بەناو کۆمۆنیستی و شیوعی و کرێکارییەکان تەنها بوونە شوێنێک بۆ قاوە خواردنەوەو گێڕانەوەی چیرۆکی پاڵەوانێتی  ڕابردوویی سەرکردەکانی حیزب کەدواتر لەلایەک  دەبێتە کاریگەری داهێنانی ئەندێشەوخەیاڵات وبیرکردنەوەی ئەفسانەیی بۆ گوێگران وخوێنەرانی چیرۆکەکانی حیزبەکانیان و لایەکی تریشەوە زیاتر ئەو دیمەن وێنانە هیچ ڕاچڵەکێین و جوڵەیەکی شۆڕشگێڕی ناخوڵقێنێت کە لەشاشەی تەلەفیزیۆنەکانەوە گوێ بیستی دەبێت وسەیری دەکات کەدەبینێت چەند کرێکار بەهۆی نەدانی هەقدەستەکانیانەوە فرمێسک بەچاوەکانیانەوە دێتەخوارێ و باسی نەدانی کرێ خانووو نەبوونی جل بەرگ و نەخواردنی گۆشت و جیابوونەوە لەژنەکەی دەکات، دواتر  گوێ بیستی هەواڵی خۆکوشتن و ژن کوشتن و  سووتان و خانەنیشن مردن لەکاتی وەرگرتنی موچەکان دەبنەوە.  بۆ بەیانی  کادرو ئەندامانی هەمان حیزب و ڕێکخراوی چەپ و کۆمۆنیست وشیوعییەکان دیسان دەچنەوە نووسینگە و بارەگاکانیان بۆ چا و قاوە خواردنەوە و گێڕانەوە و خوێندنەوەی چیرۆکەکانی ئەفسانەی حیزبەکەیان کە ئێوارەش دەگەڕێنەوە دیسان هەمان هەواڵی دوێنی و پێری ومانگی و ساڵی ڕابردوو ناخ هەژێن دەبیستنەوە وسەیر دەکەن ئەمەیە سەرگەردانی سیاسی حیزب و ڕێکخراوە کۆمۆنیست و شیوعی و چەپەکانە کە بۆیە ناتوانن خۆیان نوێ بکەنەوە و هەنگاو بەرەو نوێ بوونەوە بنێن.

لەکاتێکدا هەریەکەیان دەنووسن کرێکارانی جیهان یەکگرن لەهەمان کاتدا خۆیان لەدۆڵ وشیوێکدان و خەڵکی کرێکار وزەحمەتکێشیش لە دۆڵ وشیوێکی  تردایە لەلایەک و لەلایەکی تریش هەریەکە لەم گرووپ و ڕێکخراو کۆمۆنیست وشیوعی یانە بەجۆرێک پەرتەوازەن کە خۆشیان تووشی شۆکێکی بێ ئاگایی کپکراوبوون.
٭ دوا بزماری چارەسەر:
ئەگەر خەڵکی ناڕازی ڕاستگۆیانە پشتیوانی بکەن لە هێنانەدی ماف و خواست و داواکارییە ڕەواکانی کرێکاران و بێکاران و برسی وهەژارانی کۆمەڵگە ئەوا دەتوانن کۆمەڵگەیەکی  نوێ ترو باشتر بەدی بهێنن. هیچ خۆپیشاندان وناڕەزایەتێکی خەڵک بەبێ ڕێکخراو بوون لەناو بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا سەرکەوتوونابێت، حیزبەکان هێزی بێ ئومێدکردن و چەمانەوەی زیاتری خەڵکی کۆمەڵگەن لەبەردەم یاسا و سیستەمی چەوسانەوەو دزی و گەندەڵیدا. پێویستە ئەمە بگۆڕدرێت بەهێزی گەڕانەوەی ئیرادەی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی لەناو بزوتنەوەی جەماوەری چینایەتی دا بەئاراستەی ڕێکخراوکردنی ناڕەزایەتییەکان بۆ گەشەدانی بزوتنەوەی جەماوەری شورایی بەیەکەوە هەموومان  بەیەک دەست  ڕابەربین بۆ هێنانەدی ئیدارەدانی شورایی …

Leave A Reply

Your email address will not be published.