لەپێناو مرۆڤایەتیدا، با لێبووردەبین.. نووسینی: شەماڵ بارەوانی … بەشی دووەم و کۆتایی
لەپێناو مرۆڤایەتیدا، با لێبووردەبین..
نووسینی: شەماڵ بارەوانی
بەشی دووەم و کۆتایی
فێندەمێنتالیستەکان، جا چ فێندەمێنتالیستی ئیسلامی یا مەسیحی، جو یان بودی و هەرئایینێکی تر بێت، هەرگیز مرۆڤی فۆندەمێنتالیست ناتوانێت لێبوردەو ئاشتیخواز و مرۆڤ گەراو ئینسان دۆست بێت. مرۆڤێک ڕقی کردبێت بە ئەقیدە و نالێبووردەیی بە بیروباوەڕ، مرۆڤێکی وا چۆن دەتوانێت لێبوردەبێت!؟
مرۆڤی مەزهەبی، مرۆڤێکە پڕ لەڕق و دەمارگیری، مرۆڤێکە بە مەزهەبی ڕق و بە کەم سەیرکردنی ئەویتر گۆشکراوە، بە نالێبووردەیی بەنجکراوە و بە بیرێکی ڕاسیزمانە تەڵقین دراوە.
بێگوومان لەسایەی هەژموونی فێندەمێنتالیزمی ئایینی و دەسەڵاتی مەزهەب و دەوڵەتی سیوکراتی و حوکمی ئیدۆلۆژیاو بیری نالێبوردەییدا، هیچ کاتێک ئاشتی بەقەرار نابێت و چەمکی خۆشەویستی پێناگرێت و درەختی لێبوردەیی گەشە ناکات و چڵەگیای پێکەوەژیان سەوز نابێت و کۆنسێپتی مرۆڤ بوون جێگیرنابیت و ئازادی ئایینی و ئازادی ویژدان بوونیان نابێت.
نەخێر هەرگیز، و هیچ کاتێک لە کەشێکی نالێبوردەدا، برایەتی لە نێوان مرۆڤەکان و فرەیی لە کۆمەڵدا بوونی نابێت.
لە کەشێکدا، بیری مەزهەبگەرێتی و هێزی فێندەمێنتالیزمەکان و تەمی نالێبوردەیی باڵی بەسەردا کێشابێت، جگە لەڕق، دەمارگیری، جەنگ، یەکترسڕینەوە و یەکتری کوشتن، ماڵوێرانی، دڵ ڕەقی، بێ ویژدانی ..تاد. هیچیتری لێ شین نابێت. لە غیابی لێبوردەییدا، تۆتالیتاریەت و فاشیەت لەدایک دەبێت. ستەم و ڕەگەزپەرستی و ڕاسیزم و چەوسانەوە بڵاودەبێتەوە.
مانایەک بۆ ئەوی تر و ئاشتی کۆمەڵایەتی و ڕێز و تەبایی و پلورالیەت و برایەتی و خۆشەویستی و تولەرەنس نامێنێتەوە و جیاوازیەکان دەمرن و ژیان دەچێتەوە ئەوپەڕی بێمانایی خۆی.
ئەفسووس، جیهان تووشی پەتای فێندەمێنتالیزمی ئایینی و مرۆڤایەتی گیرۆدەی فیکری نالێبوردەیی بووە و ژیان بووە بە سوتماکی ئەو بیرە ناتولێرانس و شۆڤینی و نامرۆڤانە و هۆڤەیە.
دەبێت مرۆڤەکان، لە پێناو یەکڕیزی مرۆڤایەتی و خۆشەویستی نێوان مرۆڤەکان، لە پێناو پلورالیەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی، لە پێناو ئاشتی کومەڵایەتی و چەمکی پێکەوە هەڵکردن و پێکەوەژیان،
لە پێناو یەکتر قبوڵکردن و لێبووردەیی نێوان مرۆڤەکان، لە پێناو مانەوەی بەهابەرز و نۆرمە باڵاکان، لە پێناو سەلامەتی ئینسانیەت و بنەماکانی ژیان، دەببێت هەموان دەست لەناو دەست و بە هەموو شێوەیەک، بیری نالێبورەیی و فێندەمێنتالیزمگەرایی ئایینی ڕەتکەینەوە و خۆشەویستی و یەکترقبوڵکردن و لێبووردەیی پێڕەوی لێکەین.
چی دەبوو کەسێک هەڵەیەکی کرد و زلەیەکی لێدایت، جوێنێکی پێدایت، یان قسەیەکی ناخۆشی لە بەرامبەر کردیت و تۆ لە پێناو چەمکی لێبووردەیی و مرۆڤ بوونت، بیبۆری؟
چی دەبوو کەسێک دڵی شکاندی، ناپاکی لێ کردی، درۆی لەگەڵ کردی، تۆ لە پێناو چەمکی لێبووردەیی بیبووریت؟
چی دەبوو گەر لە پێناو لێبووردەیی و مرۆڤ بووندا، لێبووردەییمان بکردبوا بە کولتوور و ئایین؟
بیرت لەوە کردووەتەوە چەندە خاڵی بێت لە لێبووردەیی، هێندە پڕدەبێت لە ڕق و تۆڵە و تاوان؟
بیرت لەوە نەکردووەتەوە، ژیانێک خاڵی بێت لە لبووردەیی، دەیان قات، خاڵی دەبێت لە خۆشەویستی و تەبایی و بەزەیی و سۆز و لەمیهرەبانی؟
بیرت لەوە نەکردووەتەوە، هەموان، حاخام و قەشە و مەڵا و ئاسرەوان و کاهین و پیاوە ئایینیەکان، سیاسەتڤان و بازرگان و کرێکار و هەموو چین و توێژەکان، چەندە پێویستمان بە لێبووردەییە؟
کەواتە لە پێناو چەمکی لێبووردەیی و، مرۆڤ بوون، هەمیشە لێبووردەبە، و پێڕەوی لە فەلسەفەی لێبووردەیی بکە، چونکوو لێبوردەیی: ناسنامەی مرۆڤ بوون و کرۆکی بوون و پێشمەرجی ژیانە، لێبووردەیی نەبێت، خۆشەویستی و پێکەوە ژیان نابێت. بیری نالێبوردەیی و فیکری تەکفیر و جەنگ و توندوتیژی و سەپاندن و تۆڵەو شمشێر و سەرپەڕاندن و خوێن ڕشتن و دەزگای پشکنینی ئیمان و ئنتیما و عەقیدە و ویژدانی خەڵک لەدایک دەبێت.
خەڵک بکەن بە کۆیلەو کەنیزەک و لەسەر جیاوازی ئایین و دیدەنیگای جیاواز، مرۆڤ بە گڵاو پیس و کەم سەیردەکرێت، پێڕەوی لەدەمارگیری ئایینی و ڕقی مەزهەبی دەکرێت مرۆڤ دەکوژرێت و مرۆڤایەتی تیرۆر دەکرێت.
ئەویتر بەهەرتەقەو کافر دەکرێت و و پسوولەی چونە دۆزەخ، بۆ خەڵک دەبڕدرێتەوە و سۆزو بەزەیی و غەزەبی خوداوەند بەسەر مرۆڤەکاندا دابەش دەکرێت.