داڕوخانی دەستوری سیناریۆی ڕەش! نووسینی: رێبوار ئەحمەد
داڕوخانی دەستوری سیناریۆی ڕەش!
نووسینی: رێبوار ئەحمەد
١٢ ساڵ لەمەوبەر سەرانی ناسیۆنالیزمی کورد؛ بارزانی و تاڵەبانی و نەوشیروانی ئەندازیاری دەستوری سیناریۆی ڕەش، هاوکات لەگەڵ سەرانی ناسیۆنالیستە عەرەب و تائیفەچیەکان؛ عەلاوی و چەلەبی و حەکیم و سەدر و هەموو دەوروبەرەکەیان، فریوکاریەکی گەورەیان بەرپاکرد و خەڵکی عێراقیان بە چاوبەستراوی ڕاپێچی دەنگدان بە دەستورێک کرد کە دواتر بوو بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی ئەو دۆخە کارەساتبارەی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا هات، لەوانە شەڕی تائیفی و توندبونەوەی دووبەرەکی و کینەی قەومی. ئەوکات گفتی ئەوەیان بە خەڵک دەدا کە لەسایەی ئەو دەستورەدا ئاسۆیەکی روناک و پڕ لە خێر و خۆشی بۆ خەڵکی عێراق فەراهەم دەبێت. ئەمڕۆش دەیانەوێ خەڵک پەلکێشی ژێر دیوارە داڕوخاوەکانی ئەو دەستورە بکەن. بارزانی دەستور دەکات بە بنەمایەکی شەرعی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، حکومەتە قەومی و ئیسلامیەکەی عەبادیش هەمان دەستور دەکات بە بنەمایەکی شەرعی بۆ هەڕەشەی سەرکوتکردنی خەڵکی کوردستان. بۆ بەرگرتن بەوەی ئەم دیوارە بەسەر خەڵکی ستەمدیدە و ئازادیخوازی عێراقدا نەڕوخێت، دەبێ بە لێدانی گورزی کۆتایی لەم ڕەوتی داروخانە تەحقیق بکرێت و ڕیگانەدرێت بەچکوپینە تەمەنی درێژبکرێتەوە.
١٢ ساڵ بەرلەئیستا کاتێک ئەم سەرۆک قەوم و تائیفانە شایولۆغانیان بۆ ئەم دەستورە دەگێڕا، من لە وتاری “دەستوری سیناریۆی ڕەش”دا وتم کۆڵهكهیهكی دیكه‌ی ئه‌م ڕه‌شنوسه تاسه‌رمۆخ كۆنه‌په‌رستانه‌یه، شۆفینیزم و قه‌ومپه‌رستی و ده‌مارگیری قه‌ومیه. له پێشدا ده‌یه‌وێ هاوڵاتیان به‌پێی پیناسه‌ی قه‌ومی ده‌سته‌به‌ندی بكات، به‌م پێه‌ش خه‌تی سورو دیواری ئه‌ستور له نێوانیان دابنێ، وه‌كو كۆمه‌ڵێك بونه‌وه‌ری جیاواز له‌یه‌ك، كه هه‌ركامیان به‌پێی زمانی قسه‌كردن ده‌یانكات به بونه‌وه‌رێكی تایبه‌ت و ماف و به‌رژه‌وه‌ندی جیاواز و ناكۆك به یه‌كیان بۆ داده‌تاشێت، له‌به‌رامبه‌ر یه‌كتر ڕایانده‌گرێت. پاشان له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه له ناو قه‌واره‌یه‌كی یه‌كپارچه‌دا، ماف و زه‌وی و ئاو و ئوكسجینی وڵات به‌سه‌ریاندا دابه‌ش بكات. هاوڵاتی به پێناسه‌ی مۆدێڕنی هاوچه‌رخ، له كۆمه‌ڵگەی عێراقدا به‌بێ پاشگرێك كه هه‌ویه‌ی قه‌ومی به‌به‌ردا دەكات، هیچ مانایه‌كی نه‌ماوه‌ته‌وه. “كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئاشوری و كلدان..”.ته‌نانه‌ت زۆرێك له‌و ده‌سته‌واژه كۆن و به‌سه‌رچوانه‌ی كه له بیری هاوڵاتیان چونەتهوه، هه‌موو له‌م ڕه‌شنوسه‌دا ده‌مه‌زرد كراونه‌ته‌وه به وێنه‌ی پێناسه‌ی میللی هاوڵاتیان تۆماركراون.”
وتمان ئەم دەستورە مافی هاوڵاتی بوون لە هاوڵاتیان زەوت دەکات، لە جیاتی ئەمە خەڵک دەستەبەندی دەکات بەسەر قەوم و تائیفەکاندا و لەسەر ئەم بناغەیەش داهات و دەسەڵات لە نێوان سەرەک قەوم و تائیفەکان دابەش دەکات. هەر لەو وتارەدا هاتووە؛ “له سایه‌ی ده‌ستورێكی به‌م جۆره‌دا هیچ هاوڵاتیه‌ك تا ناسنامه میللیهكهی ده‌رنه‌هێنێت، نازانێ چ مافێكی هه‌یه‌و چی پێده‌بڕێت.”
وتمان ئەم دەستورە کۆنەپەرستانە و بنەمایەکە بۆ ئەبەدیەتدان بە ناکۆکی و شەڕ و کێشەی قەومی و تائیفی لە کێشمەکێشی بەردەوام بۆ کەم و زیادکردنی بەشی ئەم سەرەک قەوم و تائیفانە. هەر لەوێدا هاتووە؛ “ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه ئه‌م قه‌وم و عه‌شیره و مه‌زهه‌بانه ره‌قیبی یه‌ك و خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندی ناكۆك به‌یه‌كن. بۆیه شه‌ڕی ده‌رهێنانی به‌شی زیاتر له سكی ئه‌وی تر، هه‌میشه‌و هه‌موو رۆژه له ئارادا ده‌بێت. له هه‌موو فرسه‌ت و ئاڵوگۆڕ و لێكترازانێكی هاوكێشه‌ی سیاسی‌دا، جارێكی دیكه دابه‌شكردنه‌وه‌ی به‌شه‌كان دێته‌وه گوڕێ و له‌م پێناوه‌شدا ده‌وره‌ی تازه‌ی كێشمه‌كێش ده‌ست پێده‌كاته‌وه. ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌ی كه به زۆر مۆری قه‌ومی له نێوچه‌وانیان دراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كی ناكۆك به یه‌كیان هه‌بێت، ده‌كرێنه خۆراكی شه‌ڕ و كێشه‌ی دابه‌شكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له نێوان حه‌كیم و جه‌عفه‌ری و عه‌لاوی و تاڵه‌بانی و بارزانیدا.“
ئەوەی ئەمرۆ دەگوزەرێ دروست ئەو سیناریۆیەیە کە بە تەواوی پێشبینی کراوبوو. ئۆباڵی هەر دڵۆپێک خوێن کە لە شەڕی قەومی و تائیفیدا ڕژاوە یان دەڕژێت، دەکەوێتە ئەستۆی ئەوانەی خەڵکیان راپێچی دەنگدان بەو دەستورە کرد.
ئەمڕۆ ناسیۆنالیستە کوردەکان بەوپەڕی حەماسی نەتەوەپەرستیەوە، لۆمە و سەرزەنشتی فراکسیۆنە “عەرەب”یەکانی پەرلەمانی عێراق دەکەن لەسەرئەوەی بە شیعە و سونەیانەوە یەکیانگرتووە دژی “کورد- ڕفراندۆم”! دەڵێن ئەمە دووەم جاریانە و چونکە پێشوتریش بە هەمان شێوە دژی “هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک” هەمان کاریانکرد! بەڵام ئەم جەنابانە لە بیریان کردوە کە ئەمە یاسای یاریە قەومپەرستانەکەیانە کە لە دەستوردا داڕێژاوە. ئێمە وتمان ئەم دەستورە “بۆمبیكی گه‌وره و كۆكوژه كه له نێو ئه‌م ڕه‌شنوسی سیناریۆی ڕه‌شه‌دا چێنراوه.” بۆچی ماف بە خۆیان دەدەن “فراکسیۆنە کوردیەکان” سەرباری ئەوەی لە نێوخۆیاندا خەریکە یەکتر دەخۆن، بەڵام هەمیشە لە بەرامبەر “عەرەبەکاندا” یەکدەست دەبنەوە، بەڵام هەمان ماف بۆ بەرامبەرەکەیان بە ڕەوانابینن؟!
ئەزمونێک کە دەبێ لە گشت پرۆسەی ١٤ ساڵی رابردوو وە بە تایبەت لە دەستوری قەومی ئیسلامی وتائیفی وەرگیرابێت، ئەوەیە کە جارێکی تر ڕێگا نەدرێت لە هیچ گۆشە و بستە خاکێکدا دەسەڵات و دەستور لەسەر بناغەی قەومی و دینی بێتە دامەزراندن و ئەوەشی هەیە دەبێ خاپور و وێران بکرێت. ئەوەی ئەمڕۆ سەرانی کوردایەتی بانگیشەی بۆ دەکەن و وەکو زیادەڕۆیی لە لوتکەی پروپاگەندەی ریفراندۆمدا ناویان ناوە یەکسانی، دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی “پێکهاتەکانە نەک دەوڵەتی قەومی کوردی”. ئەمەش مانایەکی نیە جگە لە دووپاتکردنەوەی ئەزمونی کۆنەپەرستانەی ١٤ ساڵی ڕابردووی عێراق. دیسانەوە دەیانەوێ بەپێی دەستور ئەمجارە هاوڵاتیانی کوردستان بەپێی قەوم و دین دەستەبەندی و مافەکانیان پلەبەندی بکەن. خەڵکی کوردستان نابێ جارێکی تر رێگا بە دووپات بوونەوە ئەو ئەزمونە پڕکارەساتە بدەن کە دوای ١٢ ساڵ بەرەو داڕوخان دەچێت. رێگای ئەمەش پێداگری و سەپاندنی دەوڵەت و دەستورێکی غەیرە قەومی و غەیرە نیە کە قەومیەت و دیانەتی هاوڵاتیان لەبەرچاو نەگرێت و هەموو دانیشتوان لەسەر بناغەی هاوڵاتی لە هەموو ئاستێک‌دا مافی یەکسانیان هەبێت.
١٤-٩-٢٠١٧